قەزای ڕواندز وێستگەی سەفەری ئەمجارەی دیمانە ڕۆژنامەوانیەکەمان بوو، ئەو قەزایەی دوای تێپەڕ بوونی 29 ساڵ بەسەریدا یەکەم پۆستی قایمقامیەتی بەخۆیەوە بینی.. سیروان سیرینی، ئەو ناوەی سەردەمانێکی زوو دونیای هونەری لە کوردستان پڕ کردبوو بە میوزیکە ناوازو سەمفۆنیا ئەفسوناویەکەی. ئێستا وەک قایمقام لەقەزای ڕواندز بە هەمان نەغمە ناوازو ڕۆحیەتە ناسکەکەی جاران دەست بەکارە. لەکاتی چوونە ژوورەوەمان؛ ژووری قایمقام چاومان بەخانەوادەی سەید تەها ئەفەندی نەهری کەوت کە خۆیان بەخۆشحاڵ دەزانی، سەرۆکی حکومەت کەسایەتیەکی شایستەی دەست نیشان کردووە بۆ ئەم پۆستەیە *
ــ سەرەتا کورتەیەک لەمێژووی ڕواندزو هەڵکەوتەو پێکهاتەی خەڵکی ئەو شارە باس بکە..
سیروان سیرینی: قەزای ڕواندز یەکێکە لەشوێنە دێرینەکانی کوردستان کە مەڵبەندی بەرخۆدان و ڕۆشنبیری و خەبات و پێگەیاندن بووە. ناوی حوسێن حوزنی موکریانی ئێستاش لە ئاسمانی دڵەکانمان درەوشاوەیە، تاکە کەس بووە یەکەم چاپخانەی کوردی لەم شارە دابمەزرێنێت، وەک بنکەیەکی مەعریفی و ڕۆشنبیریەتی بۆ خۆپێگەیاندن. زاری کرمانجی و گۆڤاری ڕوناکی، بەرو ڕەنجی ئەو چاپخانەیە بوون کاتی خۆی. هەروەها قوتابخانەکان و خانەوادەی سەید تەها ئەفەندی لەوان سەردەمان ڕۆلێکی بەرچاویان هەبووە لە تەسقیف بوون و بەرەو پێشبردنی ئاستی هۆشیاری تاکەکان. ئەوەتا ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئەم دەڤەرە لە ڕۆژنامەی (زەوڕا) تەواجودیان هەبووەو هەماهەنگیان کردوەو رۆلێکی کاریگەریان بەسەر سەحافە و سەقافەی ئەوکاتدا دروست کردووە. ئەو ڕۆژنامەیە کە لەساڵی (1877) لە بەغدا بەزمانی عەرەبی و تورکی دەردەچوو. گەواهیدانێکی حاشا هەڵنەگرە بۆ تێکڕای دانیشتووانی شاری ڕواندز کە پشک و بەشی شێریان هەبووە لە خۆپێگەیاندن و تەسقیف کردنی زاتیان بە مەعریفەی ئەوکات. شاری ڕواندز لەکاتێکدا پایتەختی میرنشینی سۆران بووە لە سەردەمی عوسمانیەکان فشارێکی یەکجار زۆری لە سەر بووە لەچەند ڕووێکەوە کە دەرفەتی باسکردنیم نیە لەوەها دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەگینا بە تێرو تەسەل خاڵم دەخستنە سەر پیتەکان. خەڵکی ڕواندز رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە پاراستنی شارەکەیان و دەوری سەرەکیان هەبووە لەبەرپابوونی شۆڕشەکانی کوردستان. بێگومان ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هەوڵی زۆریاندا بۆ گۆڕینی سیمای ئیستاتیکی ئەم شارەو شێواندنی شوناس و پێگە جوگرافیەکەی و بچووکردنەوەی لەگوندێکدا تا ئەوەبوو بەیەکجاری پشتگوێخرا. تەنانەت ڕژێمی بەعس ویستی بە شۆفڵ ئەم شارە کاول بکاو نەیهێڵێت تا لە ساڵی 1987 ڕاپەڕینێکی یەکلاکەرەوە لەلایەن کوڕە نەبەردەکانی ئەم شارە سەریهەڵداو نەیانهێشت ئەم شارە وێران بکرێت. بەشانازییەوە دەیڵێم: یەکێک بووم لەو گەنجە خوێن گەرم و ئەوین بە نەتەوانە کە ڕاپەڕینمان دژی زوڵم و ستەمی بەعس کرد لەوکاتدا. لە ئاکامدا توانیمان بەیەک دەست و هەست و نەست ئەم شارە کۆنترۆل بکەین. سەروەریە بۆ ڕواندز کاتی خۆی چوار دەڤەری گەورە لەژێر ڕکێفی قایمقام نشینی ئەوکاتدا بووە، لەوانە دەڤەری باڵەکایەتی و برادۆست و شێروان و تەنانەت هەریریش، لە ساڵانی چلەکانیش دادگاکانی بەستۆڕەو مەسیفیش لەڕواندز بەڕێوە دەچوون. ئەگەر بگەڕێینەوە ساڵی 1813 دەبینین (میر محەمەد پاشا) فەرمانڕەوای ئەو شارەی کردووە تا ساڵی 1836 ــ پاشان (ڕەسول پاشا) کرایە فەرمانڕەوای ڕواندز. ئەوکات دەسەڵاتدارانی عوسمانی (رەسول پاشایان) لادا تورکێکیان لە جێ دانا. ئەوە بوو لە ساڵی 1879 موسڵ بووە ویلایەت و ڕواندزیش کەوتە ژێر ڕکێفیەوە. (ڕۆلین سۆن) دەڵێ: ئەوکاتەی ڕواندز بووە قائیمقام هۆزی (رەوادی) گەورەترین هۆز بووە لە دەڤەرەکە کە ئەوانیش بەسەر چەند هۆزێکدا دابەش ببوون لەوانە (کەلو، مام ساڵ، مام خاڵ، پیرباڵ، مام کاڵ و.. . تد) . مایەی دڵخۆشی و خۆشنودییە دوای 29 ساڵ جارێکی تر وەکو دەست کەوتێکی مێژوویی بە بڕیارێکی دروست لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتی کوردستان ڕواندز کرایەوە بە قەزا. منیش خۆشحاڵم بەوەی وەک خزمەتکارێکی ئەو شارە بۆ یەکەمجار شەڕەفی ئەوەم پێبەخشرا پۆستی قائیمقامیەتی ئەو شارە لە ئەستۆ بگرم و بەشانازیەوە خزمەت بەم شارە جوانە بکەین. بەش بەحاڵی خۆم لەیەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونمەوە سوپاسی بێپایانی خۆم ئاراستەی تێکڕای دانیشتووانی خۆشەویستی ئەم شارە دەکەم. هەروەها سوپاسی زۆری خەڵکی بەڕێزی سۆران و باڵەکایەتی و بارزان دەکەم. بەڕاستی قەدرو ڕێزێکی گەورەیان نواند لە پێشوازی کردنمان هەر لەیەکەم ڕۆژەوە تا ئامادەکردنی ئەم دیمانەیەتان بەردەوامن لە هەموو چین و توێژەکان، زانایانی ئایینی، لایەنە سیاسیەکان، ڕیش سپی و پیاو ماقوڵان، گەنج و لاوەکان، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بەبۆنەی دەست بەکار بوونمان. لێرەوە جارێکیتر ڕێزو پێزانین و حورمەتی بێ سنورم بۆ گشت لایەک دووپات دەکەمەوە.
ــ لەدووای گەڕانەوەتان لە ئەمریکا لە هەندێ شوێن باس لەوە دەکرا کە پۆستی ئیداری لەلایەن هونەریەکانەوە وەک پێویست بەڕێوە نابردرێ؟ بەواتای کەسە (فەننیەکان) ناتوانن کارو باری ئیدارە لە ئەستۆ بگرن. کەسانێک هەبوون ئەم ئەرکەیان بە ئێوە ڕەوا نەدەدیت و زۆر بەتوندی بەرپەرچ بوون. ڕای بەڕێزتان لەمبارەیەوە؟
سیروان سیرینی: من لەگەڵ ئەو ڕایە نیم کە خەڵکی هونەرمەند ناتوانێت ئیدارە بەڕێوە ببات. ئیدارەکردن خۆی لەخۆیدا هونەرە. هونەرمەند دەتوانێ جوانترین شاکاری ئیدارەکردن پێشکەش بەخەڵکی خۆی و دەوروبەر بکات. بەبڕوای من عەقڵیەتی مرۆڤی هونەرمەند خەدەمی ئامێزە دەتوانێ، لە بوارە ئیداریەکاندا ئەسپی خۆی چالاکتر تاوبدات. ئەوە هونەرمەندانن تای تەرازووی دەزگا حکومیەکان لەئەمەریکاو ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان لەمەحەکی سەرکەوتن دەدەن وەک سیاسەتوانان، یاسا ناسان، ئەوانن لە دەرەوە ئەرکە ئیداریەکان بەڕێوەدەبەن و کارو باری خەڵکان هەڵدەسوڕێنن. تۆ کە ئاوازێک دەچڕی یان نیگایەک دەنەخشێنی و لەوحەی سروشتێک دەکێشیت یاخود سەمفۆنیایەک دەژەنی وەک فەننانێک ئەوە دیسپلین کردنی سوللەمی موفرەداتەکانی ژیانە، ڕێکخستنی سیستەمی داتا بەیس و خانە و شانەکانی عەقڵە، پرۆگرامکردنی سلوکیاتی ئینسانەکانە. کەواتە نەخشەسازی و نیگاسازی و ئاوازسازی هونەری ئیدارەکردنە پڕ بەواتا گەر بە ووردی مرۆڤ لەوان نۆت و نیگاو لەوحەکاندا قووڵبێتەوە. فەرموو سەیربکە چەند سەرۆکێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هونەرمەند بوونەو سەرکەوتووانە ئەرکە سیاسی و حکومی و ئیداریەکانیان بەڕێوەبردووە لەوانە (جیمی کارتر، ڕۆناڵد ڕەیگن، بیل کلینتۆن) . هەروەها ئەکتەری بەناوبانگی هۆلیۆدی ئەمریکایی (ئارنۆڵد) کە ئێستا عومدەو سەرۆکی یەکێکە لەویلایەتە هەرە گەورەو دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا کە کالیفۆرنیایە. بیل کلینتۆن، لەیەکێک لەدیمانەکان لەبەرنامەی (گود مۆرنینگ ئەمێریکان) باسی لەوە کرد ئەگەر ئەو قوتابخانە هونەریە مۆسیقاییە نەبووایە کە من وانەم تیایدا خوێندووەو لێی پەروەردە بووم، هەرگیز نەدەبوومە سەرۆکی ئەمریکاو ئەو کەسایەتیە ناودارە. ئەوە لەلایەک لەلایەکی ترەوە من پێموایە پێشتریش ئەزموونێکی باشم لەبواری ئیدارە هەبووە (5) ساڵ جێگری بەڕێوەبەری گومرگـی هەولێر بووم لەکاتێکدا چوار بەڕێوەبەرایەتیمان بەڕێوە دەبرد (دهۆک، سلێمانی، کەرکوک، ڕانیە) پێم وایە زۆریش تێیدا سەرکەوتووبووین، خەڵکی هەولێر ئەو شاهێدیەمان بۆ دەدات. ئنجا دوای ئەوە کە چووم بۆ ئەمریکا (8) ساڵ تەنها خەریکی خوێندن بووم کەبەشی زۆری خوێندنم لەمەجالی ئیدارەبوو. ئەسۆسیتم لەحیسابات وەرگرت. ئنجا بەکالۆریۆس لە بەڕێوەبردن و کارگێڕی. هەروەها ماستەرم لە پەروەردەو لیدەرشیپ وەرگرت. پێموایە ئەو کەسانە باشیان نەپێکاوە کە دەڵێن هونەرمەند ناتوانێ بە ئەرکی ئێدارە هەڵبستێت.. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە هیچ کات خەڵکی ڕواندز لەدژی ڕۆڵە بەهەڵوێست و دڵسۆزەکانی خۆیان ڕانەوەستاون. ڕەنگە کەسانێک هەبن کەوتبنە ژێر کاریگەری عاتیفی و هەڵچوونەوە یان بەهەڵە لێ حاڵیبوونێک هەبوو بێت، لەلایەن منەوە ســەد جار گەردنیان ئازاد. گەر ئەو شتانەش کرابن بۆم ڕوون بۆتەوە کە خەڵکی ڕواندز بەتێکڕایی لەو شتانە بێبەرین. بەڵام بەداخەوە ناوی ئەوان بەکار هاتووە ئەگینا ئەمە بەلای منەوە ئاساییەو دەبێ بەڕۆحیەتێکی برایانە ڕای جیاواز قەبوڵ بکەین.
ــ دەنگۆی ئەوە هەبوو وەک وەزیری ڕۆشنبیری دەست بەکاربیت لەکاتێکدا بینیمان بەم دواییە لەبێ سیستەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری چەند راپۆرتێک لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوبوویەوە لەسەر گەندەڵی ئەو وەزارەتە گوایە بێ سیستەمەو هەیکەلی ئیداریەکەی لاوازە.. بۆ وەک وەزیری ڕۆشنبیری دەست بەکار نەبوون یان ئەو پۆستەتان وەرنەگرت؟؟
سیروان سیرینی: نازانم! ئەگەر خەڵکەکە پێشبینی ئەوەیان بۆ من کردبێت لەباشی و چاکی خۆیان بووە ئەگینا حەز دەکەم ئەوە ڕابگەیەنم کاتێ گەڕامەوە بۆ کوردستان بۆ پۆست وەرگرتن نەگەڕامەوە. من چ لەهەرێمدا بووبم چ لەدەرەوەی هەرێمدا بووبم وەکو کوردێک وەکو هاوڵاتیەک ئینتیمایەکی بێ سنورم هەبووە بۆ خاک و ووڵاتی خۆم، جا لەهەر شوێنێکدا بووبم. کە وەزیفەو پۆستیشم نەبووە هەر هەستم بەبەرپرسیارێتی کردووە بەرامبەر بەنیشتیمان و گەل و نەتەوەکەم، کاری ناوازەو بێ وێنەم کردووە لەسەر ئاستی جیهان، پڕۆژەی (کوردستان سەمفۆنیک سوید) کە لەژێر چاودێری سەرۆکی حکومەت ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی دابوو لەسەر ئاستی ئەمریکاو هەموو جیهان. پێموایە ئەوە یەکێک بوو لەو کارانەی کەجێگای شانازیمان بوو، توانیمان گەورەترین خزمەت بەکێشەی ڕەوای گەلەکەمان بکەین. لەئاکامی ئەم پڕۆژە هونەریە توانیمان دەنگو خەباتی مێژووی میللەتەکەمان بەسەرۆکی ئەمریکاو کۆنگرێس و تێکڕای سیناتۆرەکانی ئەمریکاو ووڵاتانی جیهان ڕابگەیەنین کەتێیدا تراژیدیاو ئازارو کارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال و مەینەتیەکانی تێکرای گەلی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان بەوان ئاشنا بکەین و تێیان بگەیەنین کەمیللەتێکی مافخوراو، بێ کیان، زوڵم لێکراوین. لەلایەکیتر من کەهاتمەوە بۆ ئەوە هاتمەوە ئەو ئەزموونەی کە هەمە، ئەو پێشکەوتنەی بینیومە لەدەرەوە، لێرە لەنیشتیمانی زێدی باوو باپیرانی خۆم بەرجەستەی بکەم لەڕووە پراکتیکیەکەی. بۆیە ئەگەر لەپۆستی وەزارەتیش بوومایە لەوانەیە ئەوەندە خۆشنودو گوشاد نەبووبام بەبەراوورد لەگەڵ ئەوەی لەنزیکەوە لەناو خەڵکی خۆم بم لەڕواندز. هەرچەند بۆمن هیچ جیاوازیەک نیە چ لەشاری هەولێربم یان شارەکەی خۆم. جیاوازی لەنێوان هیچ شارێکی کوردستان ناکەم بۆمن هەمووی هەر یەکە. بۆیە پێم وایە لێرەدا دەتوانین جارێکی تر پەیوەندیەکی ڕۆحی لەگەڵ خەڵک ببەستینەوەو گۆڕانێکی بەرچاو بەرپا بکەین، چاکسازی لەم شارە دا بکەین بەپێودانگو پێوانە لەگەڵ ئەوەی وەزیرێک بین لەنێوان چوار دیوار دابنیشین و کۆمەڵێک خەڵک بەدەورو بەرمانەوە بێت؟؟ لەوانەیە نەمتوانیبایە بەشێوەیەکی فراوان و جوانتر خزمەت بکەم و کاریگەرییم ببێت بەسەر خەڵک. گرنگ نیە لەهەر پۆستێکدا بیت گرنگ ئەوەیە خزمەت بکەیت و فکرێکی خەدەمیانەت هەبێ، بە عەقڵیەتێکی پرۆژەییانە بێیتە مەیدانی ئیشکردن. لە ئاستی ئەو لێپرسراویەتە دابم کە پێم سپێردراوە وەک ئەرکێک پێیان بە ڕەوا بینیوم. لەئاستی ئەو هەموو ڕێزگرتنەی تێکڕای هاوڵاتیان و گشت چین و توێژەکاندابم لەسنوری قەزای ڕواندز. ئەو بەڵێنەم پێداون کە ڕاستگۆیانە مامەڵەیان لەگەڵ دابکەم و دەست پاک بم و بەدڵسۆزیەوە کارەکانم ڕاپەڕێنم بۆ بەدەست هێنانی متمانەی خەڵکی شکۆمەندو بەشەرەفی ناوچەکە. بتوانم پردێکی بەهێزو مەحکەم دروست بکەم لەنێوان (خەڵک و حکومەت) دا. چیتر خەڵک وەک بوونەوەرێکی نامۆو غەریب سەیر نەکرێت. پێویستە جەماوەر ئەوە بزانێت کە حکومەت هەڵقوڵاوی خەڵکەو ئاوێنەی میللەتە. من وەکو کوڕە هەژارێکی ئەو شارە لەناسۆرترین و زەحمەترین ڕۆژگاردا لەگەڵ خەڵکی خۆمدا ژیاوم. دەمەوێت لەگەڵ یەکتردا تەبابین و بەمیهرەبانی بژیێین، وەک مۆم بۆ یەکتر بتوێینەوەو لەهەمان کاتیشدا چرا. زۆر گەشبینم بەئایندە و ئیستیجابەی ئەو خەڵکەو تێکڕای چین و توێژەکان. بەهەموو لایەکمان دەتوانین شارو ووڵات ئاوەدان بکەینەوە بەشێوەیەکی سەردەمیانە. خۆشگوزەرانی و ڕەفاهیەت دەستەبەر بکەین، ئەمە خولیاو کەڵکەڵەی یەک بەیەکی تاکی ئەم ووڵاتەیە بەدەست لەناو دەست و خۆش ویستنی یەکترو خۆمان بەخاوەنی حکومەت و ئەم خاک و خەڵکە بزانین.
ــ دوای دەست بەکار بوونتان، ستراتیژیەتی پلانەکانتان چیە بۆ قەزای ڕواندز؟
سیروان سیرینی: بەڵگە نەویستە حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەت گوزاری گەورەی ئەنجام داون لەتێکڕای شارو شارۆچکەکانی کوردستان. هەڵبەتە قەزای ڕواندزیش بێبەش نەبووە لەو پڕۆژانە بەڵام بەپێوانە لەگەڵ ئەو زوڵم و ستەمە زۆرەی ڕژێمی پێشووی دیکتاتۆر دەرهەق بەو شارە کردوویەتی کە بووە هۆی تێکدان و وێرانکردنی و داڕوخانی ژێَرخان و سەرخانی تەواوی ئەو ووڵاتە. پێموایە لەماوەی دەستاو دەستکردنی چەند کابینەیەک قەرەبووی ئەو هەموو زەرەرو زیانە ماددی و مەعنەویانە وا بەسانایی ناکرێتەوە. بەرنامەی ئێمە ئەوەیە وێڕای سەردانی بەردەوامی خەڵک بۆ پیرۆزبایی جارێ بواری ئەوەمان نیە بپڕژێینە سەرکارو بەرنامەی پڕۆژەکان بەڵام لەهەمانکاتدا لەنزیکەوە داوامان کردووە لەسەرجەم ئەو گوندو ناحیانە، لەناو شار، هەرچی کەمو کورتی هەیە، پێشنیار هەیە، بیخەنە بەردەستمان، بەس ئەوە بەڵێنێک نەبێ کەئێمە هەموو شتێک بەخێرایی ئەنجام دەکەین. ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئیمکانیات و تاقات. جارێ دەمانەوێت لەهەموو کەمو کورتی و پڕۆژەکان ئاگاداربین چ ئەوانەی ئەنجام دراون یان ئەوانەی لەواری جێبەجێکردن دان و پێویستە تەواو بکرێن. وەک پلانیش پلانمان زۆرە بۆ ناوشارو دەورو بەری. هەتا ناحیەو گوندەکان. شت کراوە ئومێد دەکەین شتی زۆرترو باشتریش بکرێت. بەڵام ئەنجامدانی هەموو شتێکیش وەستاوە لەسەر باری دارایی و ئیمکانیەتی حکومەت. ئێمە نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە تائێستا بودجە نەهاتووەو ئاگاداریشین حکومەتی ناوەند چۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا دەکات. وێڕای ئەو هەموو پیلانانەی دژ بەئەزموونی هەرێمی کوردستان لەئارادان و بەڕێوەدەچن. پڕۆژە هەن بەشێکیش لەپرۆژەکان مەرج نیە بەکولفەی ماددی تەواو بێت. بۆ نمونە لەڕووی پەروەردەو سەردان کردنی قوتابخانەکان و فێرکردنی ڕۆڵەکانمان، کە چۆن پەروەردەیەکی باشیان بکەین و تێیان بگەیەنین ئێمە چۆن بەم دەروازانە تێپەڕیوین و گەیشتووینەتە ئەم قۆناغەیە. مێژووی میللەتەکەمان چۆن بخوێنینەوەو بەچ شێوەیەک کەڵک و سودی لێ وەربگرین. ئەو دەستکەوتە گەورانە لەدیرۆکی مێژووی گەلەکەمان چۆن وەدەست هاتوون. ئەو پڕۆژانە چین و بۆ چی و لەبەرچی و بۆ کێن؟؟ دەبێ وا بکەین ئەو خەڵکەی ئێمە ئینتیمای زیاتر بۆ خاک و خەڵک و نیشتیمانی خۆی هەبێت، ڕۆڵەکانمان هۆشیاربن و شارەزابن بەوەی کە چۆن ووڵات و نیشتیمانی خۆیان خۆش بوێت و ئەم حکومەتە بە هی خۆیان بزانن؟ پێویستە خەڵکەکە هۆشیار بکرێنەوە کە ڕووخساری ئەم شارە ڕووخساری ئەو خۆیەتی. مێروولە ئاسابین کە زیندەوەرێکی چەندە بچووکیشە بەڵام عیملاق و مەزن لەفیکرو کار! لە چیرۆکێک داهاتووە، مێروولە هەمیشە لەهەوڵ و تەقالا دایە بۆیە لەبرسێتی و قات و قڕی زستانان بێباکە. کار دەکات و هەوڵ دەدات. ڕەنجەکەشی بەفیرۆ ناڕوات. ئەمەش تەختیت و پلان دانانە بۆ داهاتوو گەر لە هەڵس و کەوتیان ووردبینەوە. من سەردانی قوتابخانەکان دەکەم و بوومەتە برادەر لەگەڵ قوتابیانی زانستخواز، تێیان دەگەیەنم کە چۆن کوڕە هەژارێک بوویمە بەخۆ ماندوکردن و بڕینی ڕۆژگارە سەختەکان گەیشتووینەتە ئەو پلەیە. ئێوەش پێویستە کار بکەن و نەڵێن ئێمە هەل و فرسەتمان لەبەردەم دانیە؟ تازە هیچمان لەدەست نایەت؟ کاتمان بەفیڕۆ داوەو دانامەزرێین؟ نەخێر ئەمە وانیە هەرگیز. ئینگلیزەکان قسەیەکی جوانیان هەیە دەڵێن (نێڤەر تو لێیت) واتە ئێستا دەست پێبکە و مەڵێ کات بەسەرچووە! دەبێ هەوڵبدەی و هەر هەوڵبدەی تا ئەم نێڤەر تو لێیتە دەبێتە دروشمی ڕێگەی زانست و کارکردن. ئینگلیزەکان بەم چەشنە حەزاڕەت و ژیاریان بەرپا کرد. ئێستاش دەیان بینین لەچ ئاستێکدان، کۆڵیان نەداوەو کۆششیان هەر بەردەوامە بۆیە لەپێشەنگی گەلانی جیهانن، ئەوە بۆ چەند سەدەیەکە. ئێمەش بەم رۆحیەتە بژیێین، هەوڵ و تەقالا بدەین، مرۆڤ ئیرادەی ئەوەندە بەهێزە، لەتوانای داهەیە ڕۆژگارێکی پاییزی زۆر زەرد وەرچەرخاو بگۆڕێ بۆ بەهارێکی سەوز وەک ئەو سەوزاییەی دەورو پشتمان کە بەسەریەوەین. دەبێ توێژی گەنجان و قوتابیان خۆیان پڕ چەککەن بەچەکی زانست و قەڵەم، بەشەونخونی و زۆر خوێندنەوەو خۆش ویستنی یەکتری، ووڵات بەهی خۆیان بزانن. ئەمانە زامنی سەرکەوتنن بۆ هەر کەسێک لەژیاندا بیەوێ سەرکەوێت. یابانیەکان لە سی و چلەکان لەسەر جوگرافیای زەوی مەحو بوونەوە؟! بەڵام لە شەستەکان بەدواوە، بوون بە پێشەنگی ئابوری گەلان لەسەرتا سەری جیهان! ئەمە مومتاز بوونە. ئەو قوتابیانە کۆڵەگەی قایم و پشتی پتەوی موستەقبەلی ئەم نیشتیمانەی دایکن. دەبێ ئاگاداریان بین. ئەوان دەتوانن خزمەت بەخاک و خەڵک و ووڵات بکەن. بۆیە من گەشبینم بەم خەڵکە بەڕێزەی ئەم دەڤەرە. ئەوەی داواکاری خەڵکی ئەم دەڤەرەشە بەئەمانەتەوە دەیگەیەنینە سەرووی خۆمان و هەوڵ دەدەین بۆیان جێبەجێ بکرێ لەگەڵ موڕاعات کردن.
ــ دەتوانن تیشک بخەنە سەر پرۆژەیەک کە لەواری جێبەجێکردن دابن حاڵی حازر..
سیروان سیرینی: پرۆژەی زۆر هەن، بەڵام حەزناکەم بەڵێن بدەم چونکە شت گۆتن لەگەڵ پلان دانان دوو شتی لەیەک جیان. نامەوێت ئەو شتانەی کە باسیان لێوە دەکەم ببنە قسەکردنی سەرزار. حاڵی حازر شتێکی ئەوتۆ لەبەر دەست دانیە. ئەو پڕۆژانەی دەشکرێن جیهاتی مەعنی هەن دەیانکەن. زۆربەی زۆریان لەلایەن پارێزگاری هەولێر جێبەجێ دەکرێن، بەرەو ئەنجامیش دەچن. جا بۆیە پێم باشە پێش هەموو شتێک لە ڕواندز وێڕای ئەوەی ئەو پەیوەندیەمان دروست کردوە لەگەڵ قوتابیان و چین و توێژەکانیتر واتە گشت سنورەکانی قەزای ڕواندز هەوڵدەدەین کۆمەڵگایەکی بەڕێوەبردن واتە (تجمع إداری) دروست بکەین چونکە شتێکی زۆر مۆدرێنەو پانتاییەکی باشیشمان هەیە بۆ دروستکردنی ئەو موجەمەعەیە. لە بری ئەوەی ئێمە 15 تا 20 فەرمانگەمان هەبێت و هەر یەکەیان داوای سێ هەزار مەتر زەوی بکات بۆ دروستکردنی باڵەخانە کە پارەیەکی زۆر زۆری دەوێت ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین بیکەین بە یەک تەجەموعی ئیداری وەکو (سیتی هۆڵ) هەر وەک لە ووڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەیە. گشت فەرمانگەکان کۆ بکەیتەوە لەیەک باڵەخانەدا بەشێوازێکی سەردەمیانە لەئەنجامدا دەتوانین کار ئاسانی بۆ هاوڵاتیان بکەین. زیاتر ئاگامان لە ڕێ و ڕەسم و کارو باریان دەبێت. هەوڵدەدەین رۆتینات نەهێڵین و کارەکان دیسپلین بکەین بەشێوەیەکی مەحکەم و ئیجابیانە کە لەبەرژەوەندی گشت لایەک بێت. بۆیە دروستکردنی ئەم مەجمەعەیە سەرەرای ئەوەی کە شتێکی زۆر گونجاو، و جوان و ناوازەیە بۆ ناو شاخ و ئەو چیایانە دەبێتە یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی سنوورەکەمان. دەتوانین لەسەر ڕووبەری سێ هەزار مەتر زەوی ئەو باڵەخانەیە دروست بکەین و جێگای بیست تا سی فەرمانگەی تێدا دەبێتەوە. ئەوە یەکێکە لە بەرنامەو پلانەکانمان. من دیراسەتی هەموو کەم و کوڕیەکانی ڕواندزو دەورو بەریم کردوە. خەریکین هەموویان لەیەک جیا دەکەینەوە وەک ڕێگاو بان و داخوازیەکانیتر.. . کاری لەسەر دەکەین بەڵکو بچێتە بواری عەمەلی و، بیگەیەنینە سەرووی خۆمان بەزووترین کات. ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئیمکانیەتی حکومەت ئایا چەندی جێبەجێ دەکرێت و چەندی دەمێنێ. شتێکیتر کە زۆر گرنگە، چەند شوێنەوارێکی کۆن هەن وەختی خۆی بەدەستی ئەنقەستی ڕژێم تێکدران پێویستە چاک بکرێنەوە وەک (قونگرەی شەمامێ و دەروازەی ڕواندز) و شوێنەوارە مێژوویەکانیتر.. دەروازەکە کاتی خۆی وەک دەرگایەک وابووە شەوان دادەخرا ئێستا دەمانەوێت لەسەر هەمان شێوە کۆنەکەی جاران دروست بکرێتەوە. نیازیشم وایە لەگەڵ شارەزایان و ڕۆشنبیران و بەتەمەنەکانی ڕواندز کۆ ببمەوە بۆ ئەوەی دیراسەتی ئەم پرۆژەیە بکەین و بەچ شێوەیەک بێت؟ پاشان بەرزی بکەینەوە بۆ جەنابی پارێزگاری هەولێر تا دیراسە بکرێن و پرۆژەکان ئەنجام بدرێن وەک ئەو پرۆژانەی لەپێش دەست بەکار بوونمان جێبەجێکراون کە بەڕاستی مایەی دەست خۆشیە. کاری جوانیان کردوەو جێی ئاماژە پێدانن. ئومێد دەکەین شتی هەرەباش و بەسوود پێشکەش بکەین.
ــ لە نیۆیۆرک بۆ ئیماڕات لەوێشەوە بۆ کوردستان، چاوتان بە چەندان پلان و، پرۆژەی گەورەو نایاب کەوت. سەبارەت بە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ئەو مۆدێل و ئەزموونەی بینیتان کە سەرنجی جیهانی ڕاکێشاوە دەتانەوێ چی بلێن و تێڕوانینتان لەمبارەیەوە؟
سیروان سیرینی: خۆی ئەم میرنشینە بەگشتی و شاری دوبەی بەتایبەتی خەلیتێکە لە حەزاڕات. پێشتریش ئاگادار بووم لەکەناڵە ئاسمانیەکانی ئەمریکی وەک (CNN) کە ڕۆژانە بەرنامەی تایبەتی هەبوو لەسەر ئیماڕات و ئەو پرۆژانەی لەوێ بەڕێوەدەچن. بەڕاستی ئەو خەڵکانە زۆر بەدڵسۆزی کاریان کردووە، توانیویانە بیابانێک بکەن بە ناوەندی بازرگانی عالەمی و بیکەنە سەنتەری پڕۆژە گەورەکانی جیهان. بیکەنە یەکێک لە ووڵاتە هەرە سەرنجڕاکێش و جوانەکانی دنیا کە زیاتر لەسەدا 15ی مەکائین و ئالیەتەکانی جیهان لەوێدا خڕبوونەتەوە بۆ بنیاتنان و دروستکردن. خۆش بەختانە لەکاتی گەڕانەوەم بۆ کوردستان ئەوەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام لەئاکامی پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی حکومەت بەسەرپەرشتی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ئەو پڕۆژە بەرزە خەدەمیانە بوون کە هیچی لە ئەزموونی ئیماڕات و دوبەی کەمتر نین لەسەر ئاستی هەرێمدا لەکاتێکا خۆتان چاک دەزانن چۆن ئەو هەرێم و دەستکەوتە گەمارۆ دراوە لەلایەن ئەو دوژمنانەی کە چاویان بەهەبوونی هەویەو ئینیتمای گەلی ئێمە هەڵنایەت. سەرەرای هەبوونی شەڕو ململانێ سیاسیەکانی ناوخۆ کەبووە مایەی خەفەتێکی گەورە بۆ هەموومان و، جۆرێکیش لە پەشێوی و نا ئیستیقراریەتی لە کوردستان بەرهەمهێنا. ئەم بارە نالەبارە پەشێویە پەلکێشی چەندان دەردو میحنەتی کردین کەبووە هۆی تەمەعو چاو تێ بڕینی دوژمنان و دروستکردنی کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم بوژانەوەی کوردستان. کەدەڵێم هیچی کەمتر نیە چونکە لەم کەش و هەوایە نالەبارە ئەم پڕۆژە خزمەتگوزاریانە فەراهەم هاتوون. خۆتان دەبینن ئێستاش ئێمە لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە بەتوندی کێشەمان بۆ دروست دەکرێ و قەیران دروست دەکەن بۆ حکومەتەکەمان لەسەر چەندان مەسەلەی حەسساس و گرنگ. بەڵام هەموو پڕۆژەکان و هەموو ئاراستەو ستراتیجیەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەم ڕووانگەیەدا دەچن کە کوردستان بەکردەیی بەرەو پێشکەوتنێکی ستراتیجی گەورە هەنگاو دەنێ و تموحی زیاتریش هەیە لە داهاتوودا بۆ کەوتنە سەر سیکەی مەدەنیەت بۆ بەدەستهێنانی ئینجازاتی زیاتر. هەرچەندە پێگەی جوگرافیای کوردستان زۆر جیاوازە لە هی ئەم ووڵاتانە وەک ئەوەی کە لەسەر دەریانین و سنورەکانمان داخراون و نیزام و هەیکەلی ئیداری سەقەت و سیستەمی سیاسی دیسپۆتیزمی دەوڵەتەکان لەلایەک و، گەر بهاتباو لەسەر دەریا باین پێموایە شتەکان زیاتر بەرچاوتر دەبوون و چیمان کەمتر نەدەبو لە شارەکانی خەلیج و دەورو بەر.. بەڵام بەداخەوە دەیڵێم پێویستە خەڵکەکە زیاتر خۆی بە خاوەنی ئەم دەستکەوتەو ووڵاتە بزانێ. هەممی هەبێ بۆ بووژانەوەی فیکرو نۆژەنکردنەوەی نیشتیمان. خەڵک و حکومەت پێکەوە دەست بار بۆ یەکتر بگرن. ئەم دەست بار بۆ یەکتر گرتنە سەنگی مەحەکی وەبەرهێنان و سەرکەوتنی ئیرادەیە، پێشوەبردنی ئەزموونی کوردستانە لە ئێستاو لە داهاتوو. لە ئەمریکا کاتێک پڕۆژەکان دەچنە واری جێبەجێکردنەوە، خەڵکیش لە ڕێگەی کڕینی پشکەوە بەشداری تێدا دەکەن و بە موڵکی خۆیانی دەزانن، ئەوانەی بەشداریشی تێدا ناکەن، کار دەکەن و لە ڕێگەی باجدان خزمەتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکەن. حکومەتیش بە دەستپاکییەوە باج دەپارێزێت و دەیخاتەوە خزمەتی خەڵکەکەوە. هیوام وایە لە کوردستانیش ئەمە جێگەی خۆی بگرێت. لەوێ خەڵک خۆی بەخاوەنی ووڵات دەزانێ. ئەوەی ئەوان بە ووڵاتەکەیانەوە دەبەستێتەوە جووتێک لە پێڵاوە ڕەشەکانیان نییە وەک لێرە باوەو بۆتە دروشم؟؟ هەر تاکێکی ئەمریکی خۆی بەخاوەنی تەواوی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان دەزانێت و هەموو شارەکانیان بەپاک و خاوێنی ڕادەگرن و دەیپارێزن. لەوێ خەڵک دار ناشکێنن و پارکەکان پاک ڕادەگرن و هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن. بۆیە پێویستە خەڵکی ئێمەش بەم شێوەیە هاوکاربن لەگەڵ حکومەت. من گەشبینم بەپڕۆژەکان و تەوەجوهەکانی سەرۆکی حکومەت بەتایبەتی سنوری پارێزگای هەولێر.. نامەوێت ناوچەگەریەتی بکەم بەڵام تموحی ئەوەم هەیە چۆن خەڵک لە دەرەوە دێنە کوردستان و دەڵێن پڕۆژەکان سەرنجراکێشن، بەنیازم ڕواندز وەکو شارێکی بێ هاوتا ببێتە مۆدێلێکی پێشکەوتوو بۆ تێکڕای شارو شارۆچکەکانی کوردستان. داوا لەخوای گەورە دەکەین گشت لایەکمان موەفەق بکات بۆ خزمەتکردنی ئینسانیەت و ببینە سەیوانەی هەتیوان و سێبەری هەژارانی ووڵاتەکەمان. بە یەکەوە هەوڵدەین ئاشتی و تەبایی و یەک ڕیزی گەلەکەمان بپارێزین و ڕەگی خۆشەویستی لە نێوانمان پتەوتر بکەین.. ئەو ئەمنیەت و ئەمانەی لەهەرێمەکەمان داهەیە بەهەموو لایەکمان بیپارێزین و چاومان لێیبێت. بەرەو گەشانەوەی دیموکراسیەت و خزمەتکردنی زیاتر هەنگاو بنێین، رۆتینات لاببرێت و نەمێنێت. دیاردە دزێوەکان نەمێنن و کۆنترۆل بکرێن لەناو دامو دەزگاکان. گەندەڵی بەمشاری جەسارەت و مەساری عەقلانییەت لە نێوەڕاستی ناوکیدا ببڕینەوە تا لە ڕەگ و ڕیشاڵەوە دەربهێندرێت. ئەوەش بەهاوکاری هەموو لایەک دەکرێت و دەبێ دەست بار بۆ یەکتر بگرین. هەماهەنگی لە نێوان حکومەت و خەڵک، دەسەڵات و جەماوەردا ببێت بەعورف و نەریتێکی دائیم. ئێمە لەسنوری خۆمان تا بۆمان بلوێ هەوڵی ئەوە دەدەین ڕۆڵێکی بەرچاومان هەبێ لەخزمەتکردنی شاری میر مەحەمەدی پاشا. بتوانین جێ پەنجەمان دیار بێت بۆ ئەوەی ئەگەر ڕۆژێکیش لەپۆستدا نەماین خەڵک بەڕەحمەت باسمان بکات وەک چۆن سەرکردە گەورەکانی کورد هەر لە شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ مەحمودی حەفید و قازی و بارزانی نەمر تا دەستکەوتەکەی ئێستامان کە سەردەمانێک ئەو ڕابەرە شۆڕشگێڕانە دەورێکی زۆر کاریگەریان هەبووە، خەباتیان کردووەو گۆڕانکاریان دروست کردووە لەناو گەلدا. ئێستاش شوێن پەنجەیان دیارەو ناویان تەڕو پاراوە لەسەر زمان. بەمەزنی ناویان دەهێنرێ وەک سیمبولە نەتەوەییەکان تەماشا دەکرێن و ناویان بەخەباتکارو شۆڕشگێڕِ لە مەحافیلەکان تۆمار کراوە. لێرە لەقەزای ڕواندز تائێستاش خەڵک باسی جوامێری سەید تەها ئەفەندی دەکەن کە یەکێک بووە لەو قائیمقامانەی زۆر سەرکەوتووانە کارەکانی بەڕێوەبردووە لەکاتێکدا ئیمکانیەتێکی وەهای لەبەر دەست دانەبووە شیاوی باسکردن بێت، بەڵام چونکە نزیکبووە لەخەڵک، ڕاستگۆ بووە، هەممی گەورەی هەبووە، لەگەڵ میحنەت و ناسۆرەکانی خەڵک ژیاوە. ئێستاش لەناو دڵ و فکرو هۆشی خەڵکی دەڤەرەکە هەر زیندووەو ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە. سەربەرزانە ناوی دەبەن و بەشانازییەوە باسی دەکەن. ئێمەش ئەو تموحەمان هەیەو دەمانەوێ بەهەمان ستایل و ڕەوشت کار بکەین و ڕۆڵی بەرچاومان هەبێ لەئێستاو لەداهاتوو تا خەڵکان لێمان ڕازی بن و بەشانازییەوە باس بکرێین لەسەر زاری ڕۆلە نەبەردەکانمان. ئەوە لوتکەی ئاواتمانە خزمەت کردن بەخەڵک. قسەیەکی دانسقە هەیە دەڵێ: (سید القوم خادمهم) جێگەی خۆیەتی بکرێ بەدروشمی کارکردنمان.
ــ خوێندنەوەو پێشبینیتان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان؟
سیروان سیرینی: بە هەقەت تا ئێستا لام ڕوون نیە ئاخۆ چۆن لیستەکان دادەبەزن و کێن بەشداری دەکەن بەڵام پێموایە ئەوەی خزمەتی کردبێت، ئەوەی ڕاستگۆ بوو بێت، ئەوەی زیاتر لەخەڵکەوە نزیک بوو بێت و، ڕێزی گرتبێت و، بەدەنگی داواکاریەکان و داخوازیەکانی خەڵکەوە هاتبێت، پێموایە ئەوە لە پێشەنگە. پێویستە خەڵک بە ویژدانەوە تەقیمی هەڵبژاردنەکان بکات، ڕێز لە ڕای یەکتر بگرن. حەیفە خەڵک لەڕۆژی دەنگدان بچێت ڕاو دەنگی خۆی بفرۆشێت! دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان ئەخلاقە، ویژدانە. لە ئەمریکا تا دوا ساتەکانی ڕێکلام کردن سەرۆکەکان دوو دڵن لەوەی ئاخۆ دەنگ دێنن یان نا؟ خەڵک داوای بەرنامەو کارنامەیان لێ دەکەن ئاخۆ چەند لە خزمەتی خەڵک دادەبن. هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی کە لە کوردستانن ڕۆڵیان هەیە لە پێکهاتەی ئەم ووڵاتەو هەڵقوڵاوی ناخی ئەم میللەتەن. با بێنە پێش و چانسی خۆیان تاقی بکەنەوە. ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکمانە بە گوێرەی ئاستی بەرپرسیاریەتی و ئەو ئەرکەی کە لەئەستۆیەتی رەفاهیەت و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دابین بکات. پێویستە خەڵکی ئێمە لەم قۆناغە هەستیارەدا بەئەمەک و هەڵوێست بێت کە دەبینین چەندان پیلان لە دژی ئەزموونەکەمان لە ئارادان. پێم خۆشە بەڕوحیەتێکی نیشتیمان پەروەرانە لەهەست کردن بەبەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەنەتەوەو دەستکەوتەکەمان، بەرامبەر ئەو ئەمن و ئەمانیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆی ئەفراندووین و دەستەبەری کردووە. هەموومان بەرژەوەندیە تاکە کەسیەکان وەلا نێین وەک یەک خێزان وەک کورد بچینە مەیدان بۆ ئەوەی بتوانین جارێکیتر ڕۆڵێکی بەرچاومان هەبێ تاکو لە هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بەو پەڕی هێزو متمانە بە خۆبوونەوە بچینە ناو ئەو پرۆسەیە ئەوکات بە یەک دەنگ و بە یەک ڕەنگ بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئێمەی کوردیش گەلێکی سەربەخۆین و هیچمان کەمتر نیە لە گەلانی دیکەی جیهان بۆ بوون بە دەوڵەت. بەڵام گەر بێت و هەر یەکەو لە سووچێک بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی تەسکی خۆی هەوڵبدا پێموایە ئەوە گەورەترین زەرەرە لە نیشتیمانی خۆمانی دەدەین و پەرتەوازەیی دەخەینە ناو ڕیزەکانی خەڵک و حکومەت. تکا دەکەم لە گشت لایەک بەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتی بپارێزین لەسەرووی هەموو شتێکەوە دایبنێین بەو پەڕی شەفافانە دەنگەکانمان بدەین و بچینە پێش بۆ بەرجەستەبوونی دوو شت: دروستکردنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و زیاتر چەسپاندنی پرینسیپەکانی ئاشتی و دیموکراسی. لەگەڵ قەبوڵکردنی یەکتر لە ژێر ئاڵای خزمەتکردنی نیشتیمان و پێشڤەچوونی ئاستی هۆشیاری لای تاکی کورد.
ــ دووا وتەتان:
سیروان سیرینی: زۆر سوپاستان دەکەم ئەرک و ماندو بوونتان کێشا لە هەولێرەوە هاتوون.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* دەقی گوشراوی ئەو دیمانەیە، بەشێکی لە ژمارە (521) ی ڕۆژنامەی (هەولێر) و، بەشەکەیتر لە ژمارە (74) ی هەفتەنامەی (ستاندەر) بڵاوکراوەتەوە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
