هیشام ئاكرەیی لە كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسانی كوردستان: رێگەمان نەداوە دەزگای پاراستن و زانیاری دەست لە كارەكانمان وەربدەن ... رزگار رەزا چوچانی – سوید - ماڵمێ

هیشام ئاكرەیی، لە دایكبووی شاری ئاكرێ ساڵی1957، بەشی جیۆلۆجی لە زانكۆی موسڵ تەواو كردووە ساڵی 1982، لەلایەن رژێمی سەددامەوە بە هۆكاری سیاسی زیندانی كراوە، لە ساڵی 1992 هاتۆتە سوید و وەك خۆی وتی" لە رووی حیزبیەوە بی لایەن و سەربەخۆیە، لە ساڵی 1995 بەرپرسیاری رادیۆی ئاوات و پاشان هێڤی بووە لە شاری مالمۆ، ساڵی 2006 بڕوانامەی ئامادەیی بەشی بیركاری لە سوید تەواو كردووە، لە ساڵەكانی 2001 تا 2005 بەشی راگەیاندنی خوێندووە، لە ساڵی 2005 وە بەرپرسیاری دوو مالپەڕی دەنگی سەربەخۆ بە كوردی و (ێوت الكردستان) بە عەربی، جگە لە كۆمیتەی بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسان، بەرپرسیاری ئەنجوومەنی ناوەندی چاكە.

كۆمیتە‌ی بە‌رگری لە ‌رۆژنامەنووسانی كوردستان كەی و چۆن و بۆچی دامەزرا؟

هیشام ئاكرەیی: كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانانی كوردستان، لە ساڵی 2007 دامەزرا لە لایەن چەند رۆژنامەنووس و نووسەرێكی كوردەوە، كە زیاتر لە دەرەوەی وڵات دەژین. هۆكاری دروستبوونی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو ئۆرگانانەی رۆژنامەنووسان كە لە باشووری كوردستاندا، هەن وەك سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان نەیانتوانی ئەركی پاراستن و دابینكردنی ئازادی بۆ كاری رۆژنامەوانی و رۆژنامەنووسان دابین بكەن، بۆیە ئێمە ناچاربووین ئەو هەنگاوە بنێین.

بەڵام ئێستا سەندیكا هاوكار بووە بۆ دروستبونی یاسایەك بۆ پاراستنی مافی رۆژنامەنوسان، تۆ لەسەر ئەو یاساو روونتر لەسەر ئەدائی سەندیكا رات چییە و چۆن لە ستافی سەندیكا و ئەو كۆنگرانە دەڕوانی كە بەستوویانە؟

هیشام ئاكرەیی:كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانانی كوردستان، بە درێژی لەسەر ئەو یاسایە وەستاوە، یاسای رۆژنامەگەریەكە دوورە لە هەموو پێوەرەكانی ئازادی رۆژنامەوانی، چونكە سزای زۆر گەورەی تێدایە و بە گوێرەی ئەو یاسایە بێت، رۆژانە دەتوانن رۆژنامەوانان سزای ماڵی بدرێن و بكەونە ژێر قەرزی یاسایی. لە لایەكی ترەوە باسی دابونەریت و بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەكان و پیرۆزییەكان كراوە، بە بی ئەوەی ئەو دەستەواژانە تەعریفێكیان بۆ دابنرێت. بە گوێرەی ئەو یاسایە، زۆر شت دەتوانرێت وەك دابونەریت و شتی پیرۆزی ناو كۆمەڵگا دابنرێت.

لەو یاسایەدا بە هیچ شێوەیەك باسی مافەكانی رۆژنامەوانان نەكراوە لە پەیوەندیدا لە گەڵ دەزگای راگەیاندن و خاوەن كار بەڵكوو خۆیان وەك نوێنەی تاقانەی رۆژنامەوانان لە قەڵەم داوە.

پێمان وایە خودی سەندیكا لەسەر بنەمایەكی دیموكراسی دانەنراوە بەڵكو بەرپرسیارانیان بە تەوافوقی حزبی دانراون و زیاتر نوێنەرایەتی پارتە سیاسیەكان دەكەن نەك سەندیكایەكی میهەنی بۆ رۆژنامەونووسان. سەندیكایەكی ئاوایی بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت پارێزەری ئازادی رۆژنامەوانی و چاپ و بڵاوكردنەوە بێت.

ئایا كۆمیتەی بەرگریش وەك سەندیكا، بڕوای بە وەرگرتنی ئەندام هەیە، كە ناسنامەی ئەندامی پێبدەن، ئەگەر بڕواتان پێی هەیە چەند ئەندامتان هەیە ئەگەر بڕوای پێی نییە بۆ؟

هیشام ئاكرەیی:هەڵبەتە باوەڕمان بە وەرگرتنی ئەندام هەیە و مافی هەر رۆژنامەنووسێكە لە كۆمیتەی بەرگریدا كار بكات، نەك تەنیا ئەوە بەڵكو مافی هەر نووسەر و رۆشنبیرێكە بە رێگای كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانانی كوردستان بەشداری بكات، لە ئازادی رۆژنامەوانی ومافەكانی رۆژنامەنووسان. سەبارەت بە دانی ناسنامە لە بەرنامەماندایە لە داهاتوویەكی نزیكدا، زۆر كاری رێكخراوەیی بكەین و هەموو ئەو كەموكوڕیانەی هەن پڕیان بكەینەوە و جگە لە ئەندامانی چالاك، ئەندامی ئاساییش وەربگرین و بە گوێرەی ویستی ئەندامان و بەتایبەت رۆژنامەنووسان، پەرە بە كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەونووسان بدەین.

ئەم كۆمیتەیە كۆپییەكی كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان نییە كە بارەگاكەی لە ئەمریكایە؟

هیشام ئاكرەیی: لە هەموو دونیادا رێكخراو هەن كە هەڵگری هەمان ناون و بە ئەركی نزیك لە یەكتری هەڵدەسن. راستە ناوی كۆمیتەی بەرگری لە زۆر جێگا هەیە و بە كارهێنراوە، بەڵام ئەم بەرگریەی ئێمە تایبەتە بە كوردستان و رۆژنامەنووسانی كوردستان. لەلایەكی ترەوە دەمەوێت ئەوە ئاشكرا بكەم، كە هەتا كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانان كە بارەگاكەی لە ئەمریكایە، ئەوانیش سیاسەتێكی تایبەتیان هەیە و چاو لە چەندین لادانی رۆژنامەوانی دەپۆشن و چەندین ماف بۆ رۆژنامەنووسانی تر داوا دەكەن، لە كاتێكدا رۆژنامەنووسانی ئەمریكاش لەو مافانە بێبەشن. بۆ نموونە لە كاتی سەردانەكەی ئەواندا بۆ باشووری كوردستان، داوای ئەوەیان كرد خەرجی رۆژنامەوانان لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە دابین بكرێت و ئەوە یەكێك بوو لە رەخنەكانیان دژ بە حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەو داواكارییە باشە و ئێمە پشتگیری لێدەكەین، بەڵام بەداخەوە كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانان كە لە ئەمریكایە، هەمان داواكاری لە حكومەتی ئەمریكی ناكەن. ئەمە پێیدەڵێن بانێكە و دوو هەوا.

پێمانوایە چونكە هەندێك كەسانی توندڕەوی عەرەب لەو رێكخراوەدا هەن، كە بەرپرسیاری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەو رێكخراوەن، ئەوان لە روانگەی توندڕەویی عەرەبییەوە، ئەو جۆرە راپۆرتەیان لەسەر باشووری كوردستان نووسی.

واتە ئێوە وادەبینن هەندێ لەو راپۆرتانەی كۆمیتەی بەرگری كە لە ئەمریكایە، لەسەر رەوشی رۆژنامەوانی كوردستان دەینوسن، ناڕاستە و پەیوەندی بەدژایەتی ئەو عەرەبە توندرەوانە هەیە، بۆ حكومەتی كوردستان كە لەوێ كار دەكەن، ئایا لەو بارەیەوە دیكۆمێنتێكتان هەیە یان قسەیەكتان لایە ئەوە بسەلمێنێت؟

هیشام ئاكرەیی: بەڵی دیكۆمێنتمان بەدەستە. پێش ئێستا بە ساڵ و نیوێك لە بەشی عەرەبی كۆمیتەی بەرگری كە لە ئەمریكایە، پەیوەندیمان پێوە كرا و بڕیار وابوو خولێكی رۆژنامەوانی لە باشووری كوردستان بكەنەوە. ئەوان داوای هاوكاریان كرد و داوای لیستێكیان بە ناوی رۆژنامەوانانی باشووری كوردستان لە ئێمە كرد. لە نامە فەرمیەكاندا ئەوان ناوی (شیمال عیراق) یان بە كارهێنابوو. ئێمە بەر لەوەی پەرە بە پەیوەندییەكان بدەین، پێمان راگەیاندن كە ئەو هەرێمە ناوی لە دەستووری عێراقیشدا (هەرێمی كوردستانە) ئەگەر بتانەوێت بە ناوە فەرمییەكان قسە بكەین و نەتانەوێت ناوی (باشووری كوردستان) بە كار بهێنن. ئەوان ئەو داوایەی ئێمەیان رەت كردەوە و سوور بوون لەسەر بەكارهێنانی ناوی (شیمال عێراق) . هەڵبەتە چەند نامەیەكی تریشمان ئاڵوگۆڕ كرد و لە نامەكاندا هەمان وتاری عەرەبە نەتەوەپەرستە توندڕوەكانیان هەبوو و زۆر دژی كوردستان بوون. ئێمە باسی ئەوەمان بۆ كردن كە ئایا ئێوە دەتانەوێت بەرگری لە رۆژنامەوانان بكەن لە كوردستان، یان دەتانەوێت بیرێكی داگیركاری بەسەر رۆژنامەوانانی كوردستاندا بسەپێنن و زمانی عەرەبی بەسەریاندا فەرز بكەن؟ ئەوە بوو پەیوەندیان پچڕاند و بە شێوەیەكی تر خۆیان گەیاندە باشووری كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنوسان دەرگای باشووری كوردستانیان بۆ كردنەوە و ئەوانیش لە كاتی گەڕانەوەیاندا راپۆرتێكی زۆر لایەندارانەیان لەسەر باشووری كوردستان نووسی، لە كاتێكدا عێراقییان كرد بووە شامی شەریف لە بواری رۆژنامەوانیدا. بەو شێوەیە بۆمان ئاشكرا بوو كە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەو كۆمیتەیە، لە لایەن عەرەبە توندڕەوەكان كۆنترۆڵ كراوە. نەك تەنیا ئەوان بەڵكو چەندین رێكخراوەی تری جیهانی لە لایەن عەرەبی توندڕەو كونترۆڵ كراون و هێشتا كورد لەو بوارەدا زۆر لاوازە و پارتەكان هەر خەریكی خواردنن.

ئێوە كارو بەرنامەتان چییە و بە چ رێگەیەك داكۆكی لە رۆژنامەنوسان دەكەن؟

هیشام ئاكرەیی: كارەكەمان بریتییە لە بەرگریكردن لە رۆژنامەوانانی كوردستان و هەوڵدان بۆ دابین كردنی مافەكانیان و رێگاگرتن لە سانسۆر و تەگەرەدانان لە ئازادی رۆژنامەوانییدا، دابین كردنی مافی یەكسانی بۆ هەموو رۆژنامەوانان لە باشووری كوردستاندا ئەركێكی ترە، چونكە نابێت دەزگایەكی رۆژنامەوانی سەر بە حیزبێكی دەسەڵاتدار چەندین مافی هەبێت، لە كاتێكدا رۆژنامەنووسێكی رۆژنامەیەكی سەربەخۆ بێ بەش بێت لەو مافانە. ئازادی پاپەندبوون بە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان خاڵێكی هەرە سەرەكییە لە كارەكەمان. ئێمە كردنی سەندیكای رۆژنامەوانان بە كوڕی تاقانەی دەسەڵات و رۆژنامەنوسان و كردنی بە مەرجێك بۆ ئیعتراف كردن بە رۆژنامەوان وەك رۆژنامەوان، بە لادانێكی گەورە دادەنرێت لە ئازادی كاری رۆژنامەوانی و بە توندی دژی وەستاوین.

ئێمە بە چەندین شێوە و بە گوێرەی توانا بەرگری لە رۆژنامەوانان دەكەین، بە دیكومێنتكردنی تاوانەكان، دەركردنی بەیاننامە، پەیوەندی كردن بە دەزگاكانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەوانانی نێونەتەوەیی، بەشێكن لەو شێوازانەی كۆمیتەی بەرگری پەنایان بۆ دەبات لە بەرگریكردندا. هەڵبەتە زۆر شێوازی تریش هەن كە تایبەتن بە رێكخراوەكەمان و پێویست ناكات ئاماژەیان پێ بكرێت.

پەیوەندییەكانتان لە‌گە‌ڵ كام ‌دە‌زگای نێودەوڵەتی هە‌یە‌ و لە‌سە‌ر چ بنە‌مایە‌كە‌؟

هیشام ئاكرەیی: كۆمیتەی بەرگری پەیوەندی راستەوخۆی هەیە، لە گەڵ چەندین رێكخراوی نێونەتەوەیی و لە كەناڵەكانی تایبەتی خۆیدا، كارەكانی بە بەرزترین دەزگای بڕیاری جیهانی دەگەیەنێت. لە چەندین راپۆرتدا زانیاریەكانمان وەك بنەمای هەڵسەنگاندنی ئازادی رۆژنامەوانی لە باشووری كوردستاندا وەرگیراون.

دوای گەیاندنی كارەكانتان بە بەرزترین ئەو دەزگایانەی كە باستكرد تاچەند وەڵامدانەوەی ئەرێنی هەبووە، واتە لە گەیاندنی كارەكانتان تاچەند لای ئەوانەوە كاردانەوە هەبووە؟

هیشام ئاكرەیی: شێوازی وەڵامدانەوە لەسەر جۆری ئەو زانیاریانە دەوەستێت كە پێیان دەدرێت. ئەگەر بینیان زانیارییەكان تەواون خۆیان دەست بە پەیوەندی دەكەن بە باشووری كوردستان. یان داوای كۆبۆنەوەی هاوبەش دەكەن. چەند جارێك لەگەڵ نوێنەرانمان لە باشووری كوردستان دانیشتنیان كردوە. لە كاتی سەردانی رۆژنامەوانانی بێ سنوور بۆ كوردستان، پەیوەندی راستەوخۆمان لە گەڵیان هەبوو و لێرەوە زانیاریمان بۆ دەنارد و ئەوان لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكرد و لە راپۆتەكەیاندا ئەو زانیاریانە بەكارهێنرابوون.

ئەو گرفتانە‌ی دێتە‌ رێی ئێوە چییە‌ و تاچە‌ند ئاستە‌نگن لە‌بە‌ردە‌م كارە‌كانتان؟

هیشام ئاكرەیی: گرفتەكان زۆرن و ناتوانرێت باسی هەمووان بكرێت، هەر لە لاوازی باری ئابووری تا ترسانی رۆژنامەوانان لە دانی راپۆرت و ناوی خۆیان لە كاتی هەرەشەدا، تا ئامادەنەبوونی دەسەڵاتی باشووری كوردستان، بۆ هاوكاریكردنمان و دانیشتن لە گەڵمان و پشتگوێ خستنی داواكاریەكانمان لە بواری دابینكردنی ئازادی و ماف بۆ رۆژنامەوانان.

لەگەڵ حكومەتی كوردستان پەیوەندییەكانتان چۆنە‌ ئێوە كاتێك كە‌ رۆژنامە‌نوسێك لە كوردستان توشی كێشە‌ دەبێت تاچە‌ند كۆنتاكتان لەگەڵ حكومەت هەیە بۆ چارەسە‌ركرنی گرفتەكە‌ی ئایا كاری ئێوە تەنها دە‌ركردنی بە‌یاننامە‌یە‌ لە‌و بارە‌یەوە، یان رێگای تریش هەیە بیگرنە‌بە‌ر؟

هیشام ئاكرەیی: ئێمە هیچ پەیوەندیەكی فەرمی یان نافەرمیمان لە گەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان یان پارتێكی فەرمانڕەوای باشووری كوردستان نییە. نەك لەبەر ئەوەی ئێمە دژایەتی ئەوان دەكەین، بەڵكو ئەوان ئامادەنین لە گەڵ لایەنێكی سەربەخۆ دابیشن و هاوكاری بكەن. ئەوان دەیانەوێت دەستیان لەناو رێكخراودا هەبێت ئەو كاتە هاوكاری دەكەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت بەڕێز وەزیری رۆشنبیری، تا ئەمڕۆش ئامادە نین مۆڵەتی فەرمی بە كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان بدەن. هەر بۆیەش ئێمە ناچاربووین لە دەرەوەی وڵات مۆڵەت دەربهێنین. ئێمە 3 جار سەردانی وەزیری رۆشنبیریمان كرد بۆ ئەوەی مۆڵەتمان لە هۆبەی (قانونی) دەركەوێت بەڵام تا ئەمرۆش ئەو مۆڵەت دەرنەكەوتووە، كە دەزگای پاراستن رێگەمان پێنادات لە كوردستان كار بكەین، دیارە كارەكە لە دەستی فەلەكەدین كاكەیشدا نییە، چونكە وا پێدەچێت هۆبەیەك هەیە كە لە وەزیر گەورەتر بێت.

لەبەر ئەم شێوەیەی مامەڵەكردنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر پەنا بۆ لایەنەكانی دەرەوە دەبەین، بۆ ئەوەی ئەوان فشار لە سەر پارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێم دابنێن. ئەوان واتە حكومەتی هەرێم و پارتی و یەكێتی زیاتر گوێ لە رێكخراوەكانی ئەمریكایی و ئەورپایی دەگرن. بۆیە ئێمەش دەزانین لە كوێوە فشاریان بۆ دەبەین. ئێمە ناچاركراوین ئەو شێوازە بگرینە بەر ئەگینا پێمان خۆشتر دەبوو چاودێری باری رۆژنامەوانیمان كردبا لە كوردستان، بەهەمان شێوەی رێكخراوەكانی ئەورپی.

هۆی پێنەدانی مۆڵەت بە ئێوە لەكوردستان، ناگەڕێتەوە بۆ بوونی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان؟

هیشام ئاكرەیی: پێمان وایە سەندیكای رۆژنامەنووسان رۆڵی گێڕاوە بۆ رەشكردنی دەموچاوی ئێمە لای دەسەڵاتی باشوور، چونكە ئێمەیان بە بە بەدیلی خۆیان دادەنا. بەتایبەت لەدوای ئەوەی بەندە بە رێگای یەكێتی میدیای ئەلكترۆنی پێداچونەوەیەكم بە پێشنیار و بڕیاری یاسی رۆژنامەوانیدا كرد، تیایدا چەندین كەموكوریمان دەستنیشان كردبوو و داوای گۆڕانكاریمان كردبوو. بەڵام هۆكاری سەرەكی بۆ سەربەخۆیی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رێگامان نەداوە پاراستن و زانیاری دەست وەردەن لە ئیش و كارەكانمان، هەروەها رێگامان نەدا چەند سیخوڕێكی خۆیان لە كۆمیتەی بەرگریدا بچێنن.

واتە ئەگەر حكومەتی كورستان ئامادەیی مامەڵەی یاسایی هەبێت لەگەڵتان، ئێوە ئەو ئامادەییەتان هەیە لە جێی گەیاندنی راپۆرتەكانتان بە دەزگا نێونەتەوەییەكان، مامەڵە لەگەڵ حكومەت بكەن؟

هیشام ئاكرەیی: هەڵبەتە دەمانەوێت پەیوەندیەكی فەرمیمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا هەبێت، بە مەرجێك ئەو پەیوەندییە مەرجدار نەبێت وەك یاسا و ماف سەیر بكرێت. لەو حاڵەتەدا دەتوانین بەر لەوەی راپۆرتەكان بە لایەنە دەركییەكان بدرێن، ئاراستەی لایەنە پەیوەندارەكان بكرێن. هەڵبەتە مەسەلەكە تەنیا وەرگرتنی راپۆرت نیە، بەڵكو دەبێت پێداچوونەوە بە راپۆرتدا بكرێت و خاوەن ماف قەربوو بكرێتەو. لەو حاڵەتەدا راپۆرتەكانمان بۆ لایەنە دەرەكییەكان شێوازێكی تری دەبێت، نەك وەك ئێستا كە حكومەتی هەرێم خۆی كەڕ و لاڵ كردووە.

 ئێوە لە ‌سوید بارە‌گاتان هەیە، ئایا كێ خە‌رجیتان بۆ دابین دە‌كات، دە‌كرێ بڵێین لە‌سە‌ر خۆتانە‌ هە‌موو خە‌رجییە‌كان؟

هیشام ئاكرەیی: لە سوید مۆڵەتی فەرمیمان وەرگرتووە و ژمارەی تایبەتی خۆمان هەیە و دەتوانین بە زۆر كاری رۆژنامەوانی هەڵسین. تاكو ئێستا ئێمە بە تواناكانی خۆمان كار دەكەین و هیچ یارمەتی لە هیچ لایەنێك وەرناگرین.

ئەی ناتوانن داوای هاوكاری لە دەزگاو دامەزراوە بیانییەكان بكەن بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانتان، ، یان ئەگەر حكومەتی كوردستان بەبێ مەرجی دەستخستنە كارەكانتان هاوكارتان بێت، تاچەند ئێوە ئامادەی وەرگرتنی ئەو هاوكارییەن؟

هیشام ئاكرەیی: بەڕاستی وەرگرتنی یارمەتی لە لایەنە بیانیەكان ئاسان نییە و پێویستی بە كات و كادرە. سەبارەت وەرگرتنی هاوكاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێم كە وەرگرتنی هاوكاری لە حكومەتی هەرێم مافە و پێویستە حكومەتی هەرێم بۆ هەموو رێكخراوەكانی دابین بكات. وەك لەسەرەتادا باسم كرد ئەگەر هاوكاری بێ مەرج بێت و لە سنووری یاسای كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیدا بێت، ئەو كاتە وەریدەگرین. بەداخەوە تا ئێستا حكومەتی هەرێم نازانێت هەبوونی كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانانی كوردستان، تاچەند هاوكاری دەكات لە كەمكردنەوەی كێشەكان و كۆمەڵگای كوردی لە مودێرنیتەوە نزیك دەكاتەوە و دەمی دەیان دوژمنی كورد دەبەسترێت، چونكە ئێمە بەشێكین لە هەبوونی كۆمەڵگای دیموكراتی و پەیوەندی راستەوخۆمان هەیە، لەگەڵ رێكخستنی كاری رۆژنامەوانی.

سە‌رپە‌رشتی كردنی كۆمیتە‌ی بە‌رگری چۆنە، ئایا ستافتان چە‌ندە‌و چۆن دیاری دە‌كرێن، بە ‌رێگای كۆنگرە‌و كۆنفرانس یان شێوە‌یە‌كی ترە‌؟

هیشام ئاكرەیی: كۆمتیەی بەرگری زیاتر وەك ستاف كار دەكات و هەر ئەندامێك بە گوێرەی توانا و هەبوونی كات بەشداری لە چالاكیەكاندا دەكات. تا ئێستا كۆمیتەیەكی كاتیمان هەیە. چەندین هەنگاوی كرداریمان هێشتا ماون. لەبەر باری ژیانی رۆژانە و سەرقاڵبوونم بە كاری رۆژنامەوانی و ناوەندی چاك نەمانتوانیووە كۆمیتەی بەرگری وەك پێویست چالاك بكەین. بەڵام لە پلانەكاندا هەیە چالاكییەكانم لە رێكخراوەكانی تردا كەم بكەمەوە، بۆ ئەوەی كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانانی كوردستان چالاكتر بكەین و كۆنگرەیەك ببەسترێت.

 بە بە‌راورد لەگەڵ سوید رە‌وشی رۆژنامە‌وانی لە‌كوردستان چۆن باس چۆن هە‌ڵدە‌سە‌نگێنیت؟

هیشام ئاكرەیی: سەبارەت بەم پرسیارە دەبێ مرۆڤ بابەتیانە وەڵام بداتەوە بۆیە دەڵێم: جیاوازی هەرە گەورە لە نێوان رەوشی رۆژنامەوانانی سوید و كوردستاندا ئەوەیە: رۆژنامەوانی سوید خۆی كۆنترۆڵی خۆی و نووسینەكانی خۆی دەكات، بەڵام بەداخەوە زۆربەی رۆژنامەوانانی ئێمە دەبێ لە لایەن دەزگای راگەیاندنەوە كونترۆڵ بكرێن. رۆژنامەوانانی سوید ئاشنای یاساكانی بڵاوكردنەوەن، كەچی رۆژنامەوانانی ئێمە ئاشنایی باشیان لەسەر یاساكانی رۆژنامەوانی نییە. لە لایەكی ترەوە لە جیاتی ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەنا بۆ یاساكانی نێونەتەوەیی و رۆشنبیركردنی رۆژنامەوانان
ببات، دەبینین پەنایان بۆ سزادانی رۆژنامەنووسان بردووە، كە چی لە سویددا هەر كەسێك تا ببێتە رۆژنامەونوس دەزانێت چۆن بابەت و راپۆرتەكانی دادەڕێژێت، چونكە هەر لە زانكۆدا دەیان راپۆرت و بابەت و بەرنامەی پی دروست دەكەن و فێری شێوەی ئازادی رۆژنامەوانی دەبێت.

بەڵام ئێستا لەزانكۆكانی كوردستانیش بۆ كاری رۆژنامەوانی دەخوێنرێت، لەو بارەیەوە چی دەڵێی؟

هیشام ئاكرەیی: راستە لە كوردستان راگەیاندن دەخوێنرێت، بەڵام زیاتر بە شێوەی تیۆریییە و زانستی لێكدانەوەی تێكست و بابەت كەم بەكار دەهێنرێت و یاسای كاری رۆژنامەوانی عێراق و كوردستان كراوەتە بنەما، كە خودی رۆژنامەنوس باوەڕی پێی نییە. ئەوانەی وانەكان دەڵێنەوە سەر بە دەسەڵاتن، ئەمەش وا دەكات كە قوتابی باوەڕی تەواوی بەو یاسایە نەبێت كە مامۆستا باسی لێوە دەكات. بۆیە دەبێ مامۆستای زانكۆ بێ لایەن و سەربەخۆ بێت و ئەزموونێكی باشی لە یاساكانی بیانی هەبێت.

 لە ‌سوید كاریگە‌ری راگەیاندن لە‌سە‌ر ناوە‌نده‌كانی دە‌سە‌ڵات و بڕیار تاچەند حساب و مامە‌ڵە‌ی لەگەڵ دە‌كرێت و لە ‌چ ئاستێكدایە‌ و لە ‌كوردستانیش لە چ ئاستێكدا دە‌یبینی؟

هیشام ئاكرەیی: كاتێك رۆژنامەنوس بە دیكومێنت كار دەكات، كاتێك جەماوەر متمانە بە رۆژنامەنوس دەدات، دادگاش ناچارە گوێ لە دەزگاكانی راگەیاندن بگرێت. لە سوید حكومەت و گەلی سویدی متمانەیان بە كاری رۆژنامەنوسان هەیە و دەزانن تا بابەتێك بڵاوبكرێتەوە، دەزگای رۆژنامەوانی دەیان لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەسەر دەكەن، هەر بۆیەش دەبینین ناوەندەكانی جێبەجێكار و حكومی لە كاتی بڵاوبۆنەوەی هەر هەواڵێكدا لەسەر گەندەڵی یان كارێكی چەوت، راستەوخۆ هەنگاو دەنێن. بۆ نموونە پێش ماوەیەك رادیۆی سوید چاوپێكەوتنێكیان لەگەڵ بەرپرسیارێكی پارتی دیموكراتی نوێ سویدی كرد، كە پارتێكی نیمچە راسیستە، لەوێدا پرسیاریان لەو سیاسەتمەدارە كرد كە چەند ئەندامێكیان بە شێوەیەكی راسیتسی قسەیان كردووە، سیاسەتمەدارەكە گومانی دانا لە سەر ئەو پرسیارە، ئەو كاتە راپۆرتێكی دەنگی ئەو كەسانە بۆ سیاسەتمەدارەكە لێدرا، سیاسەتمەدارەكە وتی: ئەمە تەنیا یەك دوو كەسانێكن ئەو قسانە دەكەن، ئەو كاتە رۆژنامەوانەكە پێی وت، راپۆرتەكەت بە درێژی بۆ لێدەدەین. كەواتە رۆژنامەوان لێكۆڵینەویەكی تەواوی كردبوو و دیكومێنتی لەدەستدا بو پاشان دەزگای راگەیاندن بڵاوی كردەوە. بە داخەوە لە كوردستان هەر بەدواداچوون ناكرێت، چونكە كەسانی گەندەڵ كونترۆڵی هەموو دەزگاكانی حكومیان كردوە و كەسانی دەست پاك لە پۆستە بەرزەكاندا زۆر كەمن.

پێت وایە هۆی هەبونی ئەو كەسانەیە كە بەگەندەڵ باستكردن، وەك پێویست حكومەت گوێی بە ئەو كێشانە نادات كە رۆژنامەكان دەیوروژێنن؟

هیشام ئاكرەیی: هەڵبەتە بوونی ئەو جۆرە كەسانە وا دەكات كە سزادان و پێداچوونەوە نەبێت لەو هەواڵانەی رۆژنامەكان بڵاوی دەكەنەوە. وەك سروشتێكی بەریوەبردن كەسانی گەندەڵ بەرگری لە هاوڕێكانی خۆیان دەكەن. ئەو بەرپرسەی 5 ملیۆن دۆلار دەدزێت، لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسێكی تر ناكات كە 1 ملیۆنی دزی بێت و لەوانەیە ئەو كەسە بە دەست پاك لە قەڵەم بدات، چونكە تەنیا 1 ملیۆن دۆلاری دزیووە، لە كاتێكدا خۆی 5 ملیۆنی دزیووە.

راگە‌یاندنە‌كانی وڵاتی سوید ئەوە‌ندە‌ی ئێوە ئاگاداربن چۆن لە ئاستی راگەیاندنی كوردی و زە‌مینە ‌سازییە‌كانی كوردستان دە‌ڕوانن، لە بواری ئازادی كاری رۆژنامە‌وانی؟

هیشام ئاكرەیی: بەڕاستی دەزگاكانی راگەیاندنی سویدی، باوەڕییان بە راگەیاندنی كوردی لە باشووری كوردستان نییە، چونكە دەیان راپۆرتی بە دیكۆمێنت لە لایەن رۆژنامەوانانی كوردەوە بۆ ئەو دەزگایانە رەوانە كراون. هەروەها چەندین رۆژنامەوانی كورد، لە دەزگاكانی رۆژنامەوانی سویدیدا كار دەكەن، ئەوانیش وێنەیەكی نەرێنی و سلبیان هەیە لەسەر راگەیاندنی كوردی. ئەوان باش دەزانن كە حكومەتی هەرێم تەنیا هاوكاری راگەیاندنی خۆیان دەكەن و كاتێك رۆژنامەنوسێك لە باشوری كوردستان زیندانی دەكرێت رۆژنامەكانی سویدی بڵاوی دەكەنەوە.

رەنگە پارتی و یەكێتی باش بزانن كە ئەو وێنەیەی رۆژنامەكان بە هاوڵاتیانی دەدەن لە ئەورپا، هەمان وێنە لای سیاسەتمەدارانیش هەیە، چونكە لە سوید رۆژنامەوانان سیاسەتمەدار بەرێوە دەبەن نەك سیاسەتمەدار رۆژنامە و رۆژنامەوان بەڕێوەببەن. بە پێچەوانەوە لە كوردستان، سیاسەتمەدارە رۆژنامە و كەناڵی راگەیاندن دروست دەكات و خۆی بە یاساكانی تایبەتی خۆی بەڕێوەی دەبات. لەسوید سیاسەتمەدار ناتوانێت فشار لەسەر شێوەی كاری رۆژنامەوان دابنێت. كەچی لە كوردستان نەك هەر سیاسەتمەدار بەڵكو رۆژنامەوان بە ئارەزووی سەرنووسەر دەنووسێت و سنووری دیموكراسی زۆر بەرتەسكە.

گوتت هەندێ رۆژنامەوانی كورد لە دەزگا راگەیاندنەكانی سوید كار دەكەن وێنەیەكی زۆر نەرێنی و سلبیان هەیە، مەبەستت لەو وێنە نەرێنیە چییە؟

هیشام ئاكرەیی: چەندین رۆژنامەوانی كورد ساڵانە سەردانی باشووری كوردستان دەكەن، یان بە رێگای راگەیاندن و خزم و كەسوكاریانەوە ئاگایان لە باری رۆژنامەوانییە لە باشووری كوردستان، ئەوانە ئەو زانیاریانە لە راگەیاندنی سویددا بڵاودەكەنەوە، یانیش لە جێگای كاری خۆیاندا بە هاوكارەكانیان دەڵێن و باس دەكەن و بەو شێوەیە وێنەیەكی نەرێنی دروست بووە.

له‌ رۆژنامه‌ی بارزان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

میوانانی سەر خەت

We have 28 guests and no members online