حه‌مه‌غه‌فور- نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس: تێبینی ناكه‌م ململانێیه‌ك هه‌بێت بۆ جێگرتنه‌وه‌ی پۆستی مام جه‌لال
ئاماده‌كاری ته‌وه‌ره:ستیڤان ئه‌حمه‌د "شه‌مزینانی"
دروست له‌دوای هه‌ڵوێست وه‌رگرتن وبڕیاری وازهێنانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی وچوار ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی كه‌سه‌ر به‌باڵی ریفۆرم بوون، له‌وانه
یه ئێستا كاتی ئه‌وه هاتبێته پێشه‌وه به‌جیددی قسه له‌سه‌ر قۆناغی پۆست مام جه‌لال بكرێت، چونكه ئیدی ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی تاڵه‌بانی له‌ئاسمانی سیاسه‌تدا به‌ره‌و كوژانه‌وه ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش یه‌كێتی ده‌باته قۆناغێكی نوێوه كه له‌وانه‌یه له‌وه‌تی یه‌كێتی هه‌یه رووبه‌ڕووی قۆناغی وا سه‌خت وپڕ ئاڵوگۆڕ نه‌بووبێته‌وه. له‌ناو خودی یه‌كێتی نیشتمانیشدا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ركابه‌ر هه‌ن به‌هه‌موو وزه‌و تواناوه كارده‌كه‌ن تاوه‌كو له‌سبه‌ی رۆژدا ببنه ئه‌ڵته‌رناتیڤی مام جه‌لال، به‌ڵام به‌هۆی ململانێی سه‌خت وهه‌بوونی چه‌ندین فراكسیۆنی جیا جیاوه له‌ناو په‌یكه‌ری ئه‌و حیزبه‌دا، ئاسان نییه پێشبینی بكرێت كێ ده‌توانێت دوای مام جه‌لال ببێته چه‌تری كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو باڵ وده‌سته‌كان؟ هه‌روه‌ك ئاسان نییه بڕیاری ئه‌وه بده‌ین یه‌كێتی وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه یان دابه‌ش ده‌بێت بۆ چه‌ند گروپ ورێكخراو وپارتێكی تر! به‌هه‌رحاڵ ئه‌و دوو ركابه‌ره‌ی هه‌تا ئێستا له‌هه‌وڵدان بۆ جێگرتنه‌وه‌ی مام جه‌لال "نه‌وشیروان مسته‌فاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ"ن، له‌باری واقیعیشه‌وه ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه خاوه‌نی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی ورابردوو وتوانای زیاترن له‌چاو به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی ئێستای یه‌كێتی بۆئه‌وه‌ی بتوانن ململانێ بكه‌ن بۆ قۆناغی پۆست تاڵه‌بانی. به‌ڵام هێشتا روون نییه ئه‌و دۆخه چۆن ده‌بێت وبارودۆخی ئه‌وكاتی كوردستان چ واقیعێك به‌سه‌ر یه‌كێتی ئه‌وێ رۆژێدا فه‌رز ده‌كات، به‌ڵام روون وئاشكرایه وه‌زعی ناوخۆیی یه‌كێتی گرژیی وئاڵۆزیی سه‌خت به‌خۆوه ده‌بینێ هه‌تا لێواری لێكترازانی ریزه‌كانی. كه‌وابوو مافێكی ره‌وای چاودێرانی سیاسیی وناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌یه هه‌ر له‌ئێستاوه شرۆڤه‌ی ئه‌و باره پێشبینیكراوه بكه‌ن وسه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ دایه‌لۆگ كردن له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه گه‌رم وبایه‌خداره بورووژێنن له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان. ئێمه لێره‌دا وله‌رێی ئه‌م ته‌وه‌ره‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی كه‌می ئه‌و پرۆسه‌یه‌و ده‌مانه‌وێ پرسیاری دۆخی دوای مام جه‌لال وچاره‌نووسی سیاسیی یه‌كێتی بكه‌ین، هه‌روه‌ك چۆن ده‌مانه‌وێ پرسیار ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌بكه‌ین ئاخۆ كام له‌سه‌ركرده ركابه‌ره‌كانی ئێستای یه‌كێتی شانسی زۆرتری هه‌یه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی جێگه‌كه‌ی تاڵه‌بانی؟ له‌پاشاندا خوازیارین له‌وه‌ش تێبگه‌ین ئاخۆ كام ئه‌گه‌ر زیاتر له‌واقیعه‌وه نزیكه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی یان مانه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ریزێكی یه‌كگرتوو؟، لێ ره‌نگه هه‌بن وا بیربكه‌نه‌وه هێشتاكه زووه بۆ ورووژاندنی ئه‌م پرسه به‌حكومی ئه‌وه‌ی هێشتا واقیعه‌كه رووینه‌داوه‌و نه‌هاتۆته پێشه‌وه، به‌ڵام رای دروست ئه‌وه‌یه هه‌ر له‌نهۆوه زۆر گرنگه شیكاریی وخوێندنه‌وه بۆ ئه‌و واره بكرێت وبكرێته رۆژه‌ڤ. ئێمه له‌رێی ئه‌م ته‌وه‌ره‌وه ده‌مانه‌وێت ئه‌و پرسه بورووژێنین وده‌رگایه‌كی گه‌وره‌تر بكه‌ینه‌وه له‌راستای تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه له‌هه‌موو ئاسته‌كانی سیاسیی ورووناكبیریی ورۆژنامه‌وانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ته‌وه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ش "حه‌مه‌غه‌فوور" نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس به‌مجۆره هاته دوان.
ستیڤان:پرسی پاشه‌ڕۆژی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان دوای مام جه‌لال، یه‌كێكه له‌و پرسه هه‌ره گه‌رمانه‌ی ناوه‌ندی سیاسیی ورۆژنامه‌وانی كوردیی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش به‌خۆیه‌وه خه‌ریك كردووه، بێگومان دره‌نگ بێت یان زوو واقیعی دوای مام جه‌لال بۆ پارتێكی وه‌ك یه‌كێتی هه‌ر دێته پێشه‌وه. هه‌ندێك له‌شرۆڤه‌كاران وه‌های بۆ ده‌چن دوای مام جه‌لال یه‌كێتی به‌ره‌و پارچه پارچه‌بوون ولێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی دوور نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شێمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین یه‌كێتی وه‌ك ریزێكی یه‌كگرتوو ته‌نانه‌ت پته‌وتر له‌وه‌ی كه‌ئێستا هه‌یه، ده‌مێنێته‌وه، ئایا به‌بێ بوونی مام جه‌لال ده‌توانێت هه‌مان ئه‌و یه‌كێتییه به‌هێزه‌ی ئێستا بێت؟ ئایا یه‌كێتی دوای مام جه‌لال "یه‌كێتی"یه‌كی لاواز نابێت به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا؟.
حه‌مه غه‌فور:دیالۆگ، به‌تایبه‌ت دیالۆگی ڕۆژنامه‌وانی سه‌باره‌ت به‌هه‌ر دیارده‌و ئه‌رگومێنتێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌م ویقارێكی ئاسوده‌به‌خشی له‌خۆدا هه‌ڵگرتوه، هه‌م ئه‌ته‌كێتێكی ویژدانی له‌رداده به‌ده‌ر شیرین له‌رۆحیدا جێكراوه‌ته‌وه‌و جێشده‌كرێته‌وه! بابه‌تی ته‌وه‌ره‌كه‌ی ئێوه‌ش پرسێكه پرسیاری زۆری له‌باره‌وه هه‌یه‌و ده‌شێ چه‌ندین لایه‌نی تریش له‌و راستایه‌دا بوروژێنرێ وهه‌ڵبدرێنه‌وه. رێگام بده‌ن من بیروڕای تایبه‌تی خۆم له‌و باره‌وه، هێنده‌ی وتووێژێكی له‌مجۆره بوار ده‌دات، بڵێم. پرسی پاشه‌ڕۆژی یه‌كێتی نیشتمانی دوای مام جه‌لال، یاخود قه‌یران وكوتله‌به‌ندییه‌كانی ناو ئه‌م حیزبه باشتره وه‌كو پێودانگێك بۆ له‌مه‌حه‌كدان وهه‌ڵسه‌نگاندنی دیموكراسی، یه‌كتر قبوڵكردن، فره‌یی، پلورالیزم وململانێی دیموكراسیانه له‌م ناوچه‌یه ته‌ماشای بكه‌ین. من وای بۆده‌چم یه‌كێتی وپارتی هێنده‌ی هه‌ڵگری سیما‌و وێنا‌و ستراكتوری سووننه‌ت وفه‌رهه‌نگ وكولتووری رابردوون، له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا نایه‌نه‌وه. هێنده‌ی وه‌كو كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنان ونۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ره‌سم ویاسا‌و نه‌ریته عه‌شیره‌یی ودواكه‌وتووانه‌و ده‌ست وپاگیره‌كان ده‌نوێنن، كه‌متر له‌چوارچێوه‌ی حیزبی سیاسیی هاوچه‌رخدا حسابیان له‌سه‌ر ده‌كرێت وده‌ره‌قه‌تی نوێبونه‌وه‌و سكۆلاریزم نایه‌ن وئاره‌زووشی ناكه‌ن. شانازیی به‌كۆنه‌وه ده‌كه‌ن وشه‌رم له‌نوێبونه‌وه‌و شارستانییه‌ت ده‌كه‌ن. یه‌كێتی وپارتی له‌سیستمی ئه‌حزابی سیاسیی هاوچه‌رخ دابڕاون وگۆڕاون بۆ حیزبی بنه‌ماڵه یان ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراو كه‌به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێرێن.
ئه‌م حیزبانه بیانه‌وێ یان نه‌یانه‌وێ به‌جۆرێك میراتی حیزبی به‌عس له‌بونیانیاندا جێگیربووه كه نه‌شه‌هامه‌تی تێپه‌ڕاندنیان هه‌یه‌و نه‌ئینێرژی به‌لاداخه‌ریان به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ وه‌ستانه‌وه به‌دژی، بۆیه له‌ره‌وشتی سیاسیی رۆژانه‌یاندا به‌كرده‌وه ره‌نگده‌داته‌وه. ره‌هه‌ندی ئاسایی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی وپێداویستییه‌كانی كه‌ڵچه‌ری سیاسیی دیموكراسی وسه‌رده‌میانه تادێت ته‌كان به‌م دوو حیزبه ده‌دات بۆ كه‌ناری بێزران وبێمتمانه‌یی جه‌ماوه‌ریی. پرسی ته‌وه‌ره‌كه‌ی ئێوه‌ش به‌بڕوای من لێره‌وه سه‌ری ده‌رهێناوه‌و ئاسته‌نگ وته‌نگژه‌كانی ناو یه‌كێتیش خۆی ده‌رهاویشته‌ی هه‌مان قه‌یرانی متمانه‌و ئوتوریته‌ی گشتییه. ئه‌و نه‌ریته‌ی له‌ده‌نگانه‌كاندا هه‌میشه ئه‌م دوو حیزبه زۆرینه به‌ده‌ستدێنن، له‌وێوه نییه قاعیده‌ی جه‌ماوه‌رییان هه‌یه‌و وه‌ك مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ "په‌رێزیان پاكه" به‌ڵكو سایه‌ی بیرۆكراتییه‌تێكی میلیشیایی وبه‌عسیانه‌دا‌یه كه‌دوو جه‌مسه‌ری هه‌یه. هه‌م هاووڵاتیان ئه‌م حیزبانه به‌خه‌ته‌ر داده‌نێن ولێیان ده‌ترسن، هیچ كات هه‌ست به‌ئازادیی وسه‌ربه‌ستی وئاسایش ناكه‌ن له‌په‌نای ئه‌واندا، هه‌م نان ودابینی ژیانی رۆژانه‌یان ره‌هنه له‌ده‌ستی ئه‌و حیزبانه‌دا. بۆیه مه‌سه‌له‌ی پاشه‌ڕۆژی ینك دوای مام جه‌لال بازنه‌یه‌كی بچووكه‌و هه‌ژمونی نییه به‌سه‌ر ژیانی ئاسایی وكۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵی كوردستان وزه‌ینی گشتییه‌وه. خه‌ڵكی زیاتر وه‌كو مه‌سه‌له‌یه‌كی سرف حیزبی وناوخۆیی حیزبه‌كان خۆیان ته‌ماشای ئه‌و پرسه ده‌كه‌ن وبه‌لایدا تێده‌په‌ڕن. كۆمه‌ڵگاكانی رۆژهه‌ڵات بۆیه داخراون وزیاتر له‌زیندان ده‌چن بۆئه‌وه‌ی كێڵگه‌و كه‌ره‌سه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاریزمای چه‌شنی سه‌ددام حسێن وئیمام خومه‌ینی ویاسر عه‌ره‌فات وشیخ یاسین ومام جه‌لال ومه‌سعود به‌رزانی تیا سه‌وزببێت! كاریزمای ترس وتۆقاندن، كاریزمای میلیتاریزم، جه‌نگ، فاشیزم و قه‌ومپه‌رستی! من خۆم تێڕوانینی تایبه‌تم هه‌یه سه‌باره‌ت به‌ئه‌رگۆمێنتی كاریزما. من بڕوام به‌وه هه‌یه كه پره‌نسیپی سۆسیۆلۆژیی، سیستمی ژیان ومه‌ته‌ریالیزمی مێژوویی وبه‌ریه‌ككه‌وتن وكێبه‌ركێی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زه‌مینه‌و بواری سیاسیی وكۆمه‌ڵایه‌تی وته‌نانه‌ت حقوقی‌و ویژدانیش هه‌موار ده‌كه‌ن هه‌تا كاریزمای چه‌شنی بوزا، مه‌سیح، پێغه‌مبه‌ری ئیسلام وزۆری تریش سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. وه‌ك چۆن كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تایی وده‌ردناك وزه‌جراوی وقه‌بیله‌ییه‌كان هه‌وێنی شكڵدانیان به‌كاریزماكانی سه‌رده‌می خۆیان داوه، عه‌سری ته‌نویرو سه‌رده‌می رێنسانسیش پێویستی وزه‌روره‌تی سه‌رهه‌ڵدانی هیگڵ وفیورباخ وماركس ولینینی ئاماده‌كرد! وێڕای رێزی بێپایانم بۆیان، به‌داخه‌وه مام جه‌لال وبه‌رزانی به‌رله‌وه‌ی شه‌خسیه‌تی پڕ كاریگه‌ری سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی بن، رابه‌ری به‌ده‌سهێنانی مافێكی زه‌وتكراوی میلله‌تێك بن، یان پێشڕه‌وی شۆڕشگێڕ‌و لێهاتووی خه‌باتی دیاریكردنی مافی چاره‌نووس بن، كاریزمای ته‌به‌لوه‌ری داماوی وژێرده‌سته‌یی وپله‌دوویی خه‌ڵكی كوردستانن! رابه‌ری مامه‌ڵه‌و ساتوسه‌ودان به‌سه‌ر خواستی جیابوونه‌وه‌ی كوردستان وپێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، نه‌ك كه‌سایه‌تیبه‌كی سه‌رڕاست وبه‌وه‌فاو جێمتمانه‌ی میلله‌تی كوردزمان بن له‌پێناو سه‌روه‌ریی وسه‌فرازیی و سه‌ربه‌خۆییدا!. من پێموایه خه‌ڵكی كوردستان حه‌ساسیه‌تیان به‌م پرسه نییه‌و سه‌رنجیشی رانه‌كێشاون. ئه‌و مه‌سه‌له‌ی یه‌كێتی دوای مام جه‌لال زیاتر له‌چوار دیواری تۆڕی میدیادا هه‌ڵبه‌ز ودابه‌ز ده‌كات. به‌مپێیه‌ش نه كۆسره‌ت ره‌سوڵی پارتیزان له‌باسی كاریزمادا جێی ده‌بێته‌وه، نه نه‌وشیروان مسته‌فای تۆراو له‌یه‌كێتی! هه‌ردووكیان خۆیان به‌قه‌د لێوه‌شاوه‌یی تایبه‌تی وپێشمه‌رگانه‌یان ده‌وریان بووه له‌ته‌جسیدبوونی ئه‌وجۆره له‌و كاریزمایه‌ی باسمكرد له‌شه‌خسیه‌تی تاڵه‌بانیدا. له‌روانگه‌ی منه‌وه ئه‌و دوو زاته خۆشیان به‌جۆرێك حه‌په‌ساوی مه‌سه‌له‌ی یه‌كێتی دوای مام جه‌لالن، ئیتر له‌كوێ په‌سه‌نده كه‌سێك بێت وباسی پێشبڕكێی ئه‌وان بكات له‌م رووه‌وه.
به‌ڕای من یه‌كێتی به‌هه‌موو سه‌ركردایه‌تییه‌وه، به‌پارتیشه‌وه، هه‌قه تێفكرینێكی زیاتر بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌چاره‌نووسی كوردستان. ئه‌م دوو حیزبه به‌هه‌ر كاریزمایه‌كیانه‌وه تائێستاش جورئه‌تی ئه‌وه ناكه‌ن سه‌ربه‌رزانه بێنه‌پای خواستی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. مام جه‌لال له‌هه‌ر كه‌سێكیان زیاتر خۆی به‌دوور ده‌گرێت له‌مه‌سه‌له‌ی جیابوونه‌وه‌ی كوردستان وپرسی سه‌ربه‌خۆیی! ده‌ڵێی به‌ڵێنی به‌كه‌سێك داوه كه تامردن باس له‌جیابوونه‌وه نه‌كات، جا چ بگات به‌سه‌ربه‌خۆیی ودامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت! ئیتر كاریزمای چی! ئه‌وان كه‌سایه‌تی كاریگه‌ری ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایین. ئه‌گه‌ر یه‌ك رۆژ خه‌ڵكی كوردستان به‌راستی ئازاد بن وترسی ئه‌م حیزبانه‌یان له‌سه‌ر نه‌بێت، نه‌ك كاریزماكانیان، به‌ڵكو په‌روه‌نده‌ی سیاسیشیان بلۆك ده‌كه‌ن. نێلسۆن ماندیللا نزیك به‌نیو سه‌ده ته‌مه‌نی له‌زینداندا برده سه‌ر، به‌ڵام یه‌ك له‌حزه‌ش له‌خه‌باتی سه‌رفرازانه‌ی له‌دژی ئاپارتایدی ره‌گه‌زیی له‌ئه‌فریقیای خواورو په‌شیمانی نه‌نواند. به‌ڵام ئه‌م حیزبانه‌و ئه‌م كاریزمایه‌ی مام جه‌لال له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی حیزبه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی درواسێ وته‌نانه‌ت بێگومان له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسیش ده‌ستیان تێكه‌ڵ كردووه‌و كاره‌ساتیان بۆ خه‌ڵكی كوردستان پێشهێناوه. كه‌چی سه‌ره‌نجام جیهان ملیدا به‌ئامانجه‌كانی ماندێلا‌و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناو وه‌كو كاریزمایه‌ك كه‌ئینسان به‌ئینسافه‌وه هه‌قه سه‌ری رێزی بۆ دابنه‌وێنێت، له‌مێژوودا جێگای خۆی گرت. مام جه‌لال چی بۆ كورد كردووه؟ وه‌ڵامی كامه‌یه بۆ بێ وڵاتی خه‌ڵكی كوردستان؟ وه‌ڵامی بۆ بێ ده‌وڵه‌تی ئه‌م سه‌رزه‌مینه چییه؟ وه‌ڵامی بۆ هه‌ڵواسراوی چاره‌نووسی كوردستان كامه‌یه؟ فیدڕاڵییه‌ت؟! فیدراڵیه‌ت ته‌واو وه‌كو ماده‌ی 140 چووه خانه‌ی له‌بیرچوونه‌وه‌وه. ئه‌وه‌تا تازه مه‌لا به‌ختیار له‌وتارێكیدا له‌چاودێردا باسی خه‌ته‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كورد‌و عه‌ره‌ب ده‌كات‌و داوا ده‌كات پێشوه‌خت خۆیانی بۆ ئاماده بكه‌ن. سه‌ركرده كورده‌كان ئێستا به‌جلی پێشمه‌گانه‌وه ده‌رده‌كه‌ون، ئایا ئه‌وه هێما نیۆه بۆ مه‌ترسییه‌كی تر دوای زیاتر له‌پێنج ساڵ شێر ورێوی هێنانه‌وه سه‌باره‌ت به‌برایه‌تی كورد‌و عه‌ره‌ب و بنیاتنانی عێراق!؟ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی هه‌ر جاره ناجارێك دیموكراسی تیا تاقیده‌كه‌نه‌وه، سه‌باره‌ت به‌مه‌ی ئاخرینیان مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ: لیسته‌كه‌ی نوری مالكی له‌پێشی پێشه‌وه‌یه‌و ئه‌مه ده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیران واڵا ده‌كات كه‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ربڵاوبكاته‌وه‌و سنوور بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردیی دابنێت. ئه‌مه بوو ئه‌و دیموكراسییه‌ی باسیان ده‌كرد؟! ده‌ی باشه مه‌لا به‌ختیار وحیزبه‌كان بۆ قبوڵی ناكه‌ن وه‌كو نه‌ریتێكی دیموكراسی كه مالكی لیسته‌كه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌یه!؟ ئه‌ی بۆچی شانازییه بۆ لیستی كوردیی كه‌ده‌ڵێن له‌فڵان وفیسار جێگا زۆرینه‌ی ده‌نگیان هێناوه، به‌ڵام بۆ مالكی شوره‌ییه‌و مه‌ترسی به‌دواوه‌یه!؟ ده‌ی كه‌وابێت نوری مالكیش به‌ئێوه ده‌ڵێت كه به‌ناشه‌رعی ده‌نگتان به‌ده‌ستهێناوه‌و هه‌قیشی پێیه!؟.
ستیڤان:راستییه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویسته به‌شێك له‌سه‌ركرده به‌هێزه‌كانی ئه‌مێستای یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر له‌نهۆوه له‌هه‌وڵدان بۆئه‌وه‌ی بتوانن ببنه ئه‌ڵته‌رناتیڤی مام جه‌لال وبه‌ئاشكراش زه‌مینه‌سازیی بۆ ئه‌و مه‌به‌سه‌ته ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ره‌نگبێ نه‌وشیروان مسته‌فا وكۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌هێزترین دوو ركابه‌ر بن بۆ جێگرتنه‌وه‌ی مام جه‌لال، به‌بڕوای ئێوه دوای مام جه‌لال نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌توانێت ئه‌و پارته له‌ژێر كاریزمای خۆی كۆبكاته‌وه یان كۆسره‌ت ره‌سوڵ؟ ئایا چاره‌نووس پۆستی دووه‌م سكرتێری یه‌كێتی كه‌بێگومان دوای "مام جه‌لال"ه، به‌كام له‌م سه‌ركرده ركابه‌رانه ده‌به‌خشێت؟.
حه‌مه‌غه‌فور:من له‌وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا روونمكردۆته‌وه پرسی یه‌كێتی دوای مام جه‌لال چۆنه؟بۆیه بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش هه‌ر له‌وێوه ده‌رده‌كێشم. من خۆم تێبینی ناكه‌م ململانێیه‌ك هه‌بێت بۆ پۆستی جێگرتنه‌وه‌ی مام جه‌لال. نه‌وشیروان مسته‌فا به‌هیوایه حیزبێكی تر یان لیستێكی نوێ بۆ خۆی دروست بكات له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی عێراق. ئه‌و ئه‌گه‌ر پێشتر بڕێك بۆنی كوردستانێتی لێده‌هات وژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی خۆشباوه‌ڕ كردبوو، ئه‌مێستا خه‌ریكه به‌شداریی سیاسیی خۆی له‌ئاستی عێراقدا رابگه‌یه‌نێ. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌ولاشه‌وه مسته‌فا یه‌كێتی به‌جێهێشتووه به‌ڵام له‌به‌ر خاتری نفوزی تایبه‌تی خۆی وله‌به‌رامبه‌ر هه‌ژموونی پارتیدا ئستیقاله‌ی ته‌واوی نه‌داوه له‌یه‌كێتی. كۆسره‌ت ره‌سوڵیش زیاتر سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی خه‌باتی شاخ وپێشمه‌رگانه بووه‌و پلانی سیاسی تاڵه‌بانی جێبه‌جێكردوه‌و كه‌متر به‌رابه‌رێكی سیاسی ده‌چێت. له‌سه‌ر خشته‌ی سیاسیی هیچ میلێكی ئاماژه‌كار نایخوێنێته‌وه هه‌تا باس له‌كاریگه‌ریی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی بكه‌ین. پاشه‌ڕۆژی یه‌كێتیش به‌سراوه به‌ئاڵوگۆڕه‌كانی داهاتووی عێراقه‌وه‌و وه‌كو حیزبێك تا له‌ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه سه‌رمایه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ده‌سته‌وه ده‌بێت كه له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا وه‌كو جیناحێكی دیكه‌ی جوڵانه‌وه‌ی كوردایه‌تی خۆی ئابده‌یت بكاته‌وه سه‌ره‌ڕای جیاوازیی وته‌نانه‌ت رێككه‌وتنه ستراتیژییه‌كه‌ی نێوانیشیان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێ كام پۆست و مه‌قام وه‌رده‌گرێ یاخود ده‌یگێڕێت، وه‌ڵامی هیچ گرفت وپرسیارێكی خه‌ڵكی ناداته‌وه. ئه‌وه‌ش زیاتر به‌نده به‌ناوخۆی یه‌كێتی خۆیه‌وه. به‌ڵام من پێموایه مه‌لا به‌ختیارو به‌رهه‌م ساڵحیش هه‌ن وله‌م پرسه‌دا ده‌وریان هیچی له نه‌وشیروان وكۆسره‌ت كه‌متر نییه.
حه‌مه‌غه‌فور
*له‌دایكبووی ساڵی 1963شارۆچكه‌ی پێنجوێن.
*ده‌رچووی ئاماده‌یی پیشه‌سازیی سلێمانی – به‌شی كاره‌با.
*له‌ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكاندا په‌یوه‌ندیی كردووه به‌كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه.
*ساڵی 1978 چووه‌ته ریزی رێكخراوی كارگه‌رانه‌وه‌و به‌مجۆره په‌یوه‌ست بووه به‌رێكخراوه چه‌په‌كانه‌وه.
*له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق بووه‌ته ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه.
*ئێستا نوێنه‌ری حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستانه له‌هۆڵه‌ندا.
*به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ وه‌ك هه‌ڵسوڕاوێكی سیاسیی به‌شداریی چه‌ندین چالاكیی وخۆپیشاندانی كردووه.
*جگه له‌بواری سیاسه‌ت وه‌ك نووسه‌ر نووسینه‌كانی له‌زۆرێك له‌رۆژنامه‌و ماڵپه‌ڕه‌كاندا بڵاوده‌كاته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
