- چڕیی فه‌نتازیا و خۆڕسكیی ده‌ق و بوێری له ده‌ربڕین و بیرنه‌كردنه‌وه له تابۆكانی كولتووره‌كان، نێوانی نووسه‌ر و خوێنه‌ر نزیك ده‌كاته‌وه.
- له‌وه‌تی مرۆڤ هه‌یه، داهێنانیش هه‌یه، چونكه مرۆڤ له سرووشتی خۆیدا بوونه‌وه‌رێكی ئافرێنه‌ره.
- به‌كارهێنانێكی داهێنه‌رانه‌ی زمان ڕێگه‌ی گه‌ییشتنی په‌یامی نووسه‌ر به خوێنه‌ر نزیك ده‌كاته‌وه. چڕیی فه‌نتازیا و خۆڕسكیی ده‌ق و بوێریی له ده‌ربڕین و بیرنه‌كردنه‌وه له تابۆكانی كولتووره‌كان، نێوانی نووسه‌ر و خوێنه‌ر نزیك ده‌كاته‌وه.
- من پێم وا نییه گرووپ له كوردستاندا له‌سه‌ر بنچینه‌ی زانستی و پسۆرێتیی دروست ببێت، گرووپگه‌رایی نێو ڕۆشنبیرانیش له ته‌كه‌توولی نێو حیزبه‌كان ده‌چێ.
سازدانی: ڕابه‌ر فاریق
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی شاعیرێكی جه‌ربه‌زه‌یه، ئه‌و له كۆمه‌ڵێك لایه‌ندا ئیشی كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئه‌زموونی ئه‌م ئافره‌ته‌دا زۆر قسه‌ی له سه‌ر نه‌كراوه، د
هقه شیعرییه‌كانیه‌تی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یش بۆ ئاشنانه‌بوونی خوێنه‌رانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌م لایه‌نه‌ی ئه‌زموونی نووسینی. له‌م دیمانه‌یه‌دا، مه‌هاباد قه‌ره‌داغی وه‌رامه‌كانی زۆر به كورتیی داونه‌ته‌وه، لێ هه‌میشه ئه‌وانه‌ی گوتوون كه پێویسته بگوترێن، هه‌میشه په‌نجه‌ی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه شاراوه‌ن. لێره‌دا له باره‌ی كۆمه‌ڵیك پرسی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی ڕوانینه‌كانی خۆی خستوونه‌ته ڕوو. با سه‌رنج له وه‌رامه‌كانی بده‌ین و بزانین چیی گوتووه:
ڕابه‌ر فاریق: كه‌سانێك هه‌ن زۆر به داخراوه‌یی و سانایی پێكهاته و لایه‌نه‌كانی مه‌جازیی ده‌ق هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، به واته‌یه‌كی تر: ته‌نها ده‌ڵین (ئه‌م ده‌قه جوانه)، (ئه‌م ده‌قه ناشیرینه)، به بێ ئه‌وه‌ی جارێك بپرسن: بۆچی جوانه؟ بۆچی ناشیرینه؟ هۆكاری ئه‌م جۆره هه‌ڵسه‌نگانانه بۆ چیی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌خنه‌گرێك بۆ ده‌ق له خوێنه‌ریك جیاوازه. خوێنه‌رێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌خوازێ و ده‌روونی پێویستی پێیه‌تی، چێژ له ده‌قێك وه‌ربگرێت و گوزار‌شت له‌و چیژه به یه‌ك وشه بكات و بڵێت ده‌قێكی چه‌ند جوانه! به‌ڵام ڕه‌خنه‌گر پێویستی به‌وه‌یه پێوه‌ری هه‌بێت بۆ هه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێك و له خۆڕا نه‌ڵێت جوانه یان نا، به‌ڵكوو ڕوونی بكاته‌وه كه به پێی چ پێوه‌ریك جوانه و پله‌ی داهێنان له‌و ده‌قه‌دا له چ ئاستێكدایه و چی وای كردووه نووسه‌ره‌كه‌ی به‌م چه‌شنه دایڕێژێت نه‌ك به شێوه‌یه‌كی تر.
ڕابه‌ر فاریق: كه‌نگێ ده‌توانین بڵێین ئه‌م ئه‌ده‌به (زاره‌كییه) و ئه‌ویدیكه به (نووسراوكراو) ه؟ هاوكات ئه‌و ڕه‌خنه‌یه (بنیاتنه‌ر) ه و ئه‌ویدیكه (ڕوخێنه‌ر) ه؟ ئه‌م دابه‌شكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنانه له چییه‌وه سه‌رچاوه‌یان كرتووه و كه‌نگێ و بۆچی ده‌توانیین ئه‌م پرسیار و پێودانگانه ده‌رببڕین؟ ئه‌گه‌ر پێویستیش نییه باسیان لێوه بكه‌ین هۆكاره‌كان كامانه‌ن؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: ئه‌وه بۆ هه‌موومان ڕوونه كه له‌وه‌تی مرۆڤ هه‌یه، داهێنانیش هه‌یه، چونكه مرۆڤ له سرووشتی خۆیدا بوونه‌وه‌رێكی ئافرێنه‌ره. پێش داهێنانی سیمبوله‌كانی نووسین و پیت و هێماكانیش ئه‌ده‌ب هه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام ده‌ماوده‌م گوازراوه‌ته‌وه و نه‌وه به نه‌وه ئه‌و میراته‌یان وه‌رگرتووه و پاراستووه. كه زمانی نووسین داهات، ئه‌ده‌بی سه‌رزاره‌كیش تۆماركران و بوون به ئه‌ده‌بی نووسراو. سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر و ڕه‌خنه‌ی ڕوخێنه‌ر، به بڕوای من ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی هه‌ستبكرێت ڕووخێنه‌ره، مانای ئه‌وه‌یه پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی تێدا به‌كار نه‌هێنراوه و غه‌ریزه و غوباری ده‌روونی نووسه‌ره‌كه‌ی پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بوونه تیایدا. مه‌به‌ست له ڕه‌خنه تیشك خستنه سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ده‌قێكه، به بێ لایه‌نی. كه‌واته ڕه‌خنه‌گر له نێو ئه‌م ژانره ئه‌ده‌بییه‌دا نه ئه‌ركی ئه‌وه‌یه په‌سن بكات، نه شاڵاو به‌رێ، به‌ڵكوو به پێی میتۆد و پێوه‌ره ئه‌ده‌بییه‌كان، كێشانه و پێوانه‌یه‌كی له هۆشیاری خۆیدا دانابێت و كه ئه‌نالیزی ئه‌و ده‌قه‌ش ده‌كات، نه زیاد بڵێت و نه كه‌م.
ڕابه‌ر فاریق: ڕه‌خنه‌گرانمان به ده‌ر له كاری خۆیان (ڕه‌خنه‌گر) یی، هاوكات (به‌دیل دۆزه‌ره‌وه) یشن، پێت وایه ئه‌م دووانه گه‌ره‌كیان به كه‌سی تایبه‌تمه‌ند و ئه‌كادیمیستی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت؟ كه‌نگێ ده‌قی ئه‌ده‌بیی (ئه‌ڵته‌رناتیڤ) ده‌خوازی؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: ڕه‌خنه‌گر پێویسته پسپۆڕ بێت، پسپۆڕێتیش یان له ڕێگه‌ی خوێندنی ئه‌كادیمییه‌وه به ده‌ست دێت یان به ئه‌زموونی درێژ و به‌دواداچوون و به‌كارهێنانی میتۆده‌كانی بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی. ڕه‌خنه خۆیشی ده‌قێكی داهێنراوه، به‌ڵام له ناو ژینگه‌ی ده‌قیكی دیكه‌دا. ڕه‌خنه‌گری پسپۆڕ، چاوساخێكی هه‌ستیاره و خوێنه‌ر ده‌باته سه‌ر چه‌می مه‌به‌ست.
ڕابه‌ر فاریق: ئه‌و ڕێگه‌یانه كامانه‌ن كه ده‌بن به پردی پێوه‌ندیی قووڵی نێوان (نووسه‌ر - وه‌رگر) ؟ بۆ ئه‌وه‌ی سیحرێكی ئاگاییانه بچه‌سپێنین له فیكری خوێنه‌ردا تا تێكه‌ڵبوون و هاومه‌ستییه‌كی ڕه‌گئاژۆیی بخوڵقێ، ئه‌و خاڵه سه‌ره‌كییانه چین كه له‌وه‌ها كاتێكدا كۆمه‌كمان ده‌كه‌ن؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: به‌كارهێنانێكی داهێنه‌رانه‌ی زمان ڕێگه‌ی گه‌ییشتنی په‌یامی نووسه‌ر به خوێنه‌ر نزیك ده‌كاته‌وه. چڕیی فه‌نتازیا و خۆڕسكیی ده‌ق و بوێریی له ده‌ربڕین و بیرنه‌كردنه‌وه له تابۆكانی كولتووره‌كان، نێوانی نووسه‌ر و خوێنه‌ر نزیك ده‌كاته‌وه.
ڕابه‌ر فاریق: له ئه‌مڕۆدا شیعر و قسه‌ی ئاسایی تێكچڕژانێكی ڕیشه‌یییان به خۆوه گرتووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مجۆره‌ی ده‌قنووسین له ئه‌وروپادا ئه‌زموونكراوه، به‌ڵام شاعیرانی ئیمه‌یش سوودیان لێی وه‌رگرتووه، ئه‌م تیكه‌ڵاوبوون و سوود وه‌رگرتنه تا چ ئاستێك له خزمه‌تی ئه‌ده‌بی كورددا بووه؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: تا ژیان ئاڵۆزتر بێت، مرۆڤ زیاتر به دوای ساده‌ییدا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌ده‌ب، به‌هایه‌كی زه‌ینییه و مه‌به‌ستێتی باری مرۆڤ سووكتر بكات و ده‌روونی ئاسووده‌تر و ڕۆحی ئازادتر بكات، بۆیه هه‌تا ژیار زیاتر ڕێ له مرۆڤ وێڵ بكات، داهێنان ڕێپێشانده‌رێكی ساكارتره به كه‌ره‌سته‌ی خاوی هه‌ست و نه‌سته‌كانی.
ڕابه‌ر فاریق: شیعری ئێسته، به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ڕووی له خه‌مه بچووكه خودییه‌كان، یاخود شاعیر كردووه، به پێچه‌وانه‌ی شیعری پێشوو كه گرنگیی ده‌دا به خه‌مه كۆ-كان، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ی كه ئێسته له بوونیادی ده‌قه (هاوچه‌رخ) ه‌كانه‌وه هه‌ستی پێ ده‌كرێ، تا چه‌ند خزمه‌ت به ده‌قی ئیبداعیی ده‌كا؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: خۆی ده‌بێ شیعر وا بێت و پشكنه‌ری ناخ و ده‌روون و زاتی شاعیر بێت، به‌ڵام ئه‌م زاته دابڕاونییه له كۆلێكتیڤ، چونكه یه‌كێتییه‌ك له نێوان هاومرۆڤه‌كانی گه‌ردووندا هه‌یه و شاعیریش به‌شێكه له‌و پێكهاته‌یه، بۆیه خه‌می ئه‌ویش هی هه‌مووانه و هی هه‌مووانیش ئه‌و ده‌هه‌ژێنێ. جاران له نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا به تایبه‌ت پسپۆرێتی نه‌بوو، بۆیه سیاسه‌ت و ده‌رده كۆمه‌ڵایه‌تی و گشتییه‌كان و ئازاره كولتوورییه‌كان و ته‌نانه‌ت قه‌یرانه ئابوورییه‌كانیش به شیعر ده‌رده‌بڕدران، شاعیریش وه‌ك ڕه‌هبه‌رێك ده‌بینرا. ئێسته هه‌ر ژانره و ڕێچكه‌ی خۆی گرتووه و نووسه‌ری خۆی هه‌یه و خوێنه‌ری خۆی هه‌یه و واش باشتره. ده‌گوترێ جاران شیعری كوردی خوێنه‌ری زیاتر بوو، ئێسته كه‌متره، ئه‌مه ڕاسته چونكه جاران جوتیار و پاڵه و ڕه‌نجبه‌ریش گوێی ده‌دایه شیعر، چونكه ده‌یبیست بۆ نموونه ده‌گوترێ: (با هه‌موو جوتیار و پاڵه و ڕه‌نجبه‌ران یه‌كگرن تا ده‌بنه هێز و پشتیوان. ) یان (كرێكارێكی هه‌ژاری كوردم هیچ په‌شیمان نیم له‌و كاره‌ی كردم. ) بۆیه كرێكارێكیش خۆی له ناو ئاوێنه‌ی شیعره‌دا ده‌بینییه‌وه و به‌دوایدا ده‌چوو. جاران كۆڵی سیاسه‌ت له ئه‌ستۆی شاعیر بوو، سه‌ركرده‌كان ئه‌م باره‌یان دابوو به سه‌ر شاعیردا و خۆیان پاڵیان لێ دابووه‌وه. ئێسته وتار و ئه‌نالیزی سیاسی ده‌نووسرێ و وتار و ئه‌نالیزی ئابووری ده‌نووسرێ. جاران مه‌سه‌له‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان و نایه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی به شیعر ده‌رده‌بڕان، (نه‌سرین ده‌مێكه داخت له دڵمه، گیرۆده‌ی به‌ندی ژیانت زوڵمه و هتد) ئێسته نووسه‌رانی فێمینیست وتار و لێكۆڵینه‌وه ده‌نووسن و ئه‌و زوڵم و زۆره و هۆكار و ده‌رهاوێشته‌كانی به‌یان ده‌كه‌ن و ئه‌نالیزه‌ی ده‌كه‌ن، بۆیه پێویست به‌وه نه‌ماوه به شیعر ئه‌و ئه‌ركانه ڕایی بكرێن. شیعر پێویسته باسی به‌هاكانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ بكات، گرێكانی ناوه‌وه بدۆزێته‌وه و بیانكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌شیان نه‌ك وه‌ك ده‌روونناسێك ئه‌نجامی بدات، به‌ڵكوو ته‌واو خۆڕسك ئه‌م كاره ئه‌نجام بدات.
ڕابه‌ر فاریق: ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر هاوشانی ده‌قنووس بێ له خوڵقاندنی مانادا، ئه‌دی ده‌قنووس چۆن هاوشانی له‌گه‌ڵ (پێكهاته‌ی ده‌ق) دا فه‌راهه‌م ده‌كا، به ده‌ر له سه‌روه‌ختی له دایكبوونی ده‌قێكی شیعریی؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: مانا له نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا وه‌ك بازنه‌یه‌كی سوڕاوه وایه و هه‌ر یه‌ك له گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه شێوه‌ی كۆده‌كانی زمانی ده‌ق ده‌بینێ و ده‌خوێنێته‌وه. ته‌نانه‌ت نووسه‌ر خۆیشی، كه دوای ماوه‌یه‌ك ده‌قێكی خۆی ده‌خوێنێته‌وه، ڕوانینێكی تری له لا دروست ده‌بێت، كه جیایه له هی سه‌روه‌ختی نووسینه‌كه. ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ به‌رده‌وام له پرۆسه‌ی داهێنانی زه‌ینییدایه، خوێنه‌ر داهێنه‌ره بۆیه تێگه‌ییشتنێكی جیاواز له هی نووسه‌ره‌كه‌ی لا دروست ده‌بێت، نووسه‌ریش داهێنه‌ره، بۆیه له خوێندنه‌وه‌كانی دیكه‌ی هه‌مان ده‌قی خۆیدا تێگه‌یشتنی نوێی له لا ده‌خوڵقێ و ده‌شێ دووباره له سووڕێكی دیكه‌ی ژیاندا بیانكات به داهێنانێكی تر، له ده‌قێكی تازه‌تردا.
ڕابه‌ر فاریق: پێت وایه هۆی داته‌پینی بناغه‌ی هه‌ر ده‌قێك، به‌شێكی بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه بوونیادی ده‌ق له مانا داخراوه‌كانه‌وه سه‌رچاوه بگرێ؟ به واته‌یه‌كی تر: بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ی ده‌ق بپارێزین له كاڵگه‌رایی و بوونی كاتیی، چی بكه‌ین باشه؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: دووربینی و ڕوانگه‌ڕوونی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی زمانێك له ده‌قدا كارا بكه‌یت، كه جگه له ئێسته، توانای تێپه‌ڕاندنی زه‌مه‌نێكی دوورتریان هه‌بێت. وشه وزه‌ی تیدایه و زیندووه، به‌ڵام هه‌ر یه‌ك له‌وانیش ته‌مه‌نی خۆیان هه‌یه. به هه‌ڵبژاردنی سیمبوله ته‌مه‌ندرێژه‌كانی زمان، چاره‌نووسی ده‌قیش له زوو كاڵبوونه‌وه و هه‌ڵپڕوكان، ده‌پارێزێت.
ڕابه‌ر فاریق: بۆچی ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه به شێوه‌یه‌ك كه سه‌رچاوه‌مان له‌مباره‌یه‌وه هه‌بی، له كاتێكدا ده‌بوو ئێسته زیاتر له جاران بایه‌خی پێ درابا، چونكه نا ئاماده‌ییی له ڕۆژگارێكی وه‌كوو ئه‌مڕۆدا هه‌م (بۆشایی) و هه‌م (قه‌یران) و هه‌م ده‌رگه‌ی (داخستنی سه‌رده‌میك) یشمان به ڕوودا ده‌كاته‌وه؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: ئه‌وه كاری ده‌زگه ئه‌كادیمییه‌كانه و ده‌بوایه به‌شی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆكانی كوردستان به‌و ئه‌ركه هه‌ڵسابان. ده‌بوایه به پێی ژماره‌ی قوتابیی ده‌رچووی ئه‌و به‌شانه لیكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیش به‌رهه‌م هاتبا و له نێو ئه‌وانه‌شدا بایه‌خ به ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریی درابا. بێگومان نه‌بوونی ئه‌و جۆره هه‌ڵسه‌نگاندنه به‌راوردكارییه، بۆشاییه‌كی به‌رینه له ئه‌ده‌بی كوردیدا و ده‌بوایه یان زانكۆ پڕی كردباوه، یان ده‌زگه‌ی پرۆڤیشیناڵ و ئه‌كادیمیی له ده‌ره‌وه‌ی زانكۆكان دروست بووبا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
ڕابه‌ر فاریق: له ئێسته‌دا، داهێنان و ڕێكلام هاوئاستن له خستنه‌ڕووی ئاستی ده‌ق له كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌و ڕێكلامه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه دابه‌شبووه به سه‌ر خوێنه‌ر و ڕاگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی حیزبه‌كان. نووسه‌ری ئیبداعكار بۆ ئه‌وه‌ی پردێك دروست بكا بۆ به یه‌كتر گه‌یشتنی داهێنان - ڕێكلام، چیی ده‌بێ به كۆمه‌ككارێكی ته‌ندروست؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: ده‌قی باش و داهێنانی سه‌ركه‌وتوو خۆی ده‌بێته ڕێكلامی خۆی و پێویستی به ڕێكلامی حیزب و كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندن و ده‌زگه‌كانی دیكه نییه. ڕاسته هه‌ندێجار حیزبه‌كان ده‌زگه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه‌كار بۆ ڕه‌واجدان به كه‌سێك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه خۆی به كردار داهێنه‌ر نه‌بێت، ئه‌و ڕێكلامانه‌ش زۆر كاتی كاریگه‌ر ده‌بن و ناتوانن تا سه‌ر له سه‌ر با كۆشكی داهێنان بۆ كه‌سێك دروست بكه‌ن. ده‌قی زیندوو، ده‌قی ئینسانی كه ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان بدوێنێ و بایه‌خ به به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه‌كان بدات، خۆی له مێشك و له دڵی خه‌ڵكدا جێگه‌ی تایبه‌تی بۆ خۆی ده‌كاته‌وه.
ڕابه‌ر فاریق: كه‌نگێ زمان- گوتن ڕووبه‌ڕووی به‌ریه‌ككه‌وتنێكی قووڵ و ئێستێتیك و بابه‌تییانه ده‌بنه‌وه؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: زمانی ساده‌ی ڕۆژانه‌ش، ئه‌گه‌ر به هه‌ستیاری و هۆشیارییه‌وه به‌كار ببرێت، هارمۆنیایه‌كی جوانی لێ پێك دێت. پیته‌كان وه‌ك چۆن ده‌نگیان هه‌یه ئاواش ڕه‌نگیان هه‌یه، پێویسته ئه‌م ده‌نگ و ڕه‌نگانه پێكه‌وه بگونجێن و ڕیتمیان هه‌بێت و هارمۆنیی بن، تا بتوانن جوان و میهره‌بانانه و كاریگه‌ر بن.
ڕابه‌ر فاریق: ئه‌گه‌ر خودی نووسه‌ر به‌رده‌ستترین و سه‌ره‌كیترین كه‌ره‌سته‌ی خاو بێ بۆ بونیادنانی ته‌لارێكی به‌رز به وشه، خه‌یاڵی نووسه‌ر له كوێوه‌ی ته‌لاره به‌رزه‌كه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێ؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: فه‌نتازیا هه‌موو دنیای داهێنانی بۆ خۆی بردووه. فه‌نتازیا له ئه‌ده‌بدا هه‌موو شتێكه، تا بره‌ودارتر و فراوانتر و قوڵتر بێت، داهێنه‌رانه‌تر بیركردنه‌وه و زمان گیرۆده‌ی خۆی ده‌كات و ئه‌فسووناویتر كار له خوێنه‌ر ده‌كات.
ڕابه‌ر فاریق: دیكارت ڕوانینێكی وه‌هایه: "من بیر ده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته هه‌م"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاراوه ماوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یه: كام (بیر كردنه‌وه) ده‌توانێ (بوون) ێكی پڕ جووڵه و ئیبداعكاریی به‌رده‌وام به‌رهه‌م بهێنێ، هاوكات بیركردنه‌وه له كن تاكی هۆشیار تا چه‌ند پێوه‌سته به (ئاگایی) و (ئه‌وانیدیكه) وه؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: گومانی تێدا نییه كه بیركردنه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤ، داهێنانی جوان و ئینسانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. به پێی كۆجیتۆكه‌ی دیكارت بیركردنه‌وه بوون ده‌سه‌لمێنێ، ئه‌مه ڕاسته و منیش پێم وایه. به‌ڵام ئه‌وه‌ش گرنگه كه چۆنیتیی بیركردنه‌وه‌ش، چۆنێتیی بوون ده‌سه‌لمێنێت. بیركردنه‌وه وزه‌یه، واته هێزی هه‌یه، به‌ڵام هێزیش ده‌توانێ بنیاتنه‌ر یان وێرانكا‌ر بێت. ئێمه ده‌توانین له بری كۆجیتۆكه‌ی دیكارت، په‌یامه جوانه‌كه‌ی زه‌رده‌شت له نومایشی بوونێكی پڕ له خۆشه‌ویستی و جوانی و میهره‌بانیی نومایش بكه‌ین. بنچینه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شت (بیری باش، وته‌ی باش، كرداری باش) بوو، ئا ئه‌م بوونه‌یه كه گه‌ردوون له وێرانكردن ده‌پارێزرێت.
ڕابه‌ر فاریق: چی له‌و واقیعه تاڵه بكه‌ین كه خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆڕن؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: مرۆڤ ئه‌گه‌ر نه‌شتوانێ واقیعی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بگۆڕێت، خۆ ده‌توانێت كار له خۆی بكات و خۆی بگۆڕێت. مرۆڤ هه‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر خۆیدا هه‌یه، به‌ڵام زۆربه‌ی جار و زۆربه‌ی مرۆڤ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌كارناهێنن بۆ خۆگۆڕین. مرۆڤ فێره لۆمه‌ی یه‌كتری بكات له سه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه خۆیشی ده‌یانكات. ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن بكه‌ین به بنه‌ما و خۆمان بگۆڕین، ئه‌مه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ گۆڕانی ده‌وروبه‌ریش.
ڕابه‌ر فاریق: (لێسینگ) ڕوانینی وه‌هایه: (هه‌ندێك كه‌س بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ڕه‌خنه ڕه‌سه‌نایه‌تیی له مرۆڤدا كاڵده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر من ڕه‌سه‌نایه‌تی و داهێنانم هه‌بن، ئه‌وا له ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌وه به ده‌ستم هێناون) . ئه‌م ڕسته‌یه‌ی لێسینگ له كویوه ناكۆك و ته‌با ده‌كه‌وێته‌وه له‌گه‌ڵ (داهێنه‌ر) و (داهێنان) ی ئه‌ده‌بیی؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ڕه‌سه‌نایه‌تیی، گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بێت بۆ سرووشتی بێ گرێی خۆی، ئه‌وه هه‌رده‌م له نێَو داهێناندا پۆزه‌تیڤ ده‌كه‌وێته‌وه و ده‌بێته هێزی ڕاكێشه‌ری خوێنه‌ر بۆ داهێنه‌ری ده‌قی ئه‌ده‌بیی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له ڕه‌سه‌نایه‌تیی گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بێت بۆ ئه‌و پێوه‌ره ده‌ستكردانه‌ی كه كولتووره‌كان مرۆڤیان له سه‌ر ڕاهێناوه و بوونه‌ته باو و به‌ڵگه‌نه‌وسیت، ئه‌وه ڕۆحی داهێنان كاڵده‌كاته‌وه و سه‌رنجی مرۆڤ ڕاناكێشێت. ڕه‌خنه ده‌توانێ ئه‌م دوو حاڵه‌ته له نێو ده‌قدا بدۆزێته‌وه و بزانێت ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه سرووشتییه یان ده‌ستكرد.
ڕابه‌ر فاریق: یه‌كێك له ڕوانینه‌كانی (دێرك واڵكۆت) وه‌هایه: (ئه‌ده‌ب ده‌می زامێك هه‌ڵده‌داته‌وه، قووڵتر له‌و زامه‌ی میژوو هه‌ڵیده‌داته‌وه) . ئێمه ده‌توانین به‌م شێوه‌یه‌یش بڵێین: لێكۆڵه‌ر و ڕه‌خنه‌گری كوردیی قووڵتر ده‌چنه نێو پێكهاته‌ی ده‌قه‌كانه‌وه؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: گه‌شتی میژوونووس به نێو ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه ده‌یاننوسێته‌وه، زۆر جیاوازه له گه‌شتی نووسه‌ر به نێو هه‌مان ئه‌و ڕووداوانه، كه له ڕۆمانێكدا دایانده‌ڕێژێت. هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و وته‌یه، میژوونووس پێت ده‌ڵی بۆ ئه‌و زامه دروست بوو، به‌ڵام نووسه‌ر ده‌چێته نێو زامه‌كه‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ردیله ئازار پێگه‌ییشتووه‌كاندا ده‌دوێ و ئازاری ئه‌وان ده‌كاته په‌یام و ده‌یگه‌یه‌نێت. به گوزاره‌یه‌كی تر، مێژوونووس تیژ به نێو ڕووداوه‌كاندا تێده‌په‌ڕێ، نووسه‌ر له لای هه‌ر دیارده‌یه‌كی نێو ئه‌و ڕووداوه ئیستیك ده‌وه‌ستی و بیرده‌كاته‌وه و گومان ده‌كات و پرسیار ده‌وروژێنێ. بۆیه ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌یكات، مێژوو په‌ی پێ نه‌بردووه و نایبات.
ڕابه‌ر فاریق: ڕۆشنبیرانی كورد توانیویانه به كه‌ره‌سته مۆدێرن و چه‌مكه جیهانییه‌كان دۆخی گشتیی ئێسته‌ی كوردستان بخوێننه‌وه و قه‌یرانه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر په‌لكێش بكه‌ن؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: ڕۆشنبیری كورد توانیویانه كێشه‌كان بخوێننه‌وه، به‌ڵام چاره‌سه‌رییه‌كان به ده‌ستی كه‌سانی دیكه‌وه‌ن. قه‌یرانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریی له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه و ڕووناكبیران توانیویانه نه‌ك هه‌ر بیانخوێننه‌وه، به‌ڵكوو پڕۆژه و پێشنیاری چاره‌سه‌رییش بخه‌نه ڕوو، به‌ڵام ئه‌وه كاری سیاسه‌تمه‌دار و بڕیاربه‌ده‌سته‌كانه كه ئه‌و پڕۆژانه بپه‌رژێنن و جێبه‌جێی بكه‌ن. به‌م ڕۆژگاره پێشنیار و پڕۆژه ده‌خرێنه ڕوو، به‌ڵام ناخرێنه بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه.
ڕابه‌ر فاریق: ڕۆشنبیرانی كورد ده‌زانن بیر له چیی ده‌كه‌نه‌وه و له پشت بیركردنه‌وه‌كانیاندا چ مه‌به‌ستێك خۆی نواندووه؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: به بڕوای من قۆناغی ئاڵۆز، بیركردنه‌وه‌ی ئاڵۆزیش له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێ. له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كۆمه‌ڵیك قه‌یران هه‌بێت، مانای ئه‌وه‌یه قۆناغیكی ئاڵۆز ده‌گوزه‌رێ و پێویست به ڕوونبینی و تیگه‌ییشتن له‌و قۆناغه هه‌یه. هه‌ندێك له ڕۆشنبیران هه‌وڵی جیددی ده‌ده‌ن بۆ تیگه‌یشتن له‌و واقیعه و خستنه‌رووی پرۆژه و پیشنیاری گونجاو، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانانه‌ش پێویستیان به پسپۆڕێتیی هه‌یه و ده‌بێ هه‌ر قه‌یرانه و پسپۆری بواری خۆی چاره‌ی بۆ دابنێت.
ڕابه‌ر فاریق: له نێو (ڕۆشنبیر) انی ئێسته‌ی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك گرووپ ئاماده‌ییان هه‌یه، ئیمه ده‌توانین بڵیین ئه‌مانه بنه‌مایه‌كی ته‌ندروستیان هه‌یه بۆ دریژه‌دان به كاره‌كانیان؟ بۆچی ئه‌م گرووپانه هه‌ر ده‌مێك و كه‌سێك وه‌كوو (ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی كورد) ده‌ناسێنن؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: نا، من پێم وا نییه گرووپ له كوردستاندا له‌سه‌ر بنچینه‌ی زانستی و پسۆریتیی دروست ببێت، گرووپگه‌رایی نێو ڕۆشنبیرانیش له ته‌كه‌توولی نێو حیزبه‌كان ده‌چێ. خۆزگه له سه‌ر بنه‌مای زانستی و پسۆرانه گرووپ و ده‌سته داده‌مه‌زران، ئه‌وسا ده‌یانتوانی له به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ڕه‌وتی ڕۆشنبیریی كوردیدا زۆر كاراتر له ئێسته، ڕۆڵیان هه‌بێ.
ڕابه‌ر فاریق: نووسه‌ران هه‌میشه له سه‌فه‌رێكدان له‌گه‌ڵ خۆیان و له‌گه‌ڵ دنیادا، ئاخۆ تۆ له‌و سه‌فه‌ره‌تدا به كوێ گه‌ییشتووی؟
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی: جاران پێم وابوو گه‌شتی ژیانی من له ڕۆژی له‌دایكبوونمه‌وه ده‌ستی پێ كردووه و له ڕۆژی مردنم ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام له‌وه‌تی زانیاریم له باره‌ی ئینیرژییه‌وه په‌یدا كرد و له نێو دنیای وزه‌ناسیدا وردكۆڵانه و به هۆشیارییه‌كی نوێوه به دوای زانین و ناسینی ئه‌و دیاردانه‌وه بووم كه له ده‌ره‌وه‌ی پێنج هه‌سته‌كه‌ی ئێمه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌ستم به یۆگا و میدیته‌یشن كرد به مه‌به‌ستی خودناسی و گه‌ییشتن به كرۆكی خود، ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه ئه‌و گه‌شته‌ی من زۆر له‌مێژه ده‌ستی پێ كردووه و به مردنیشم كۆتایی نایه‌ت. مرۆڤ زۆر سه‌تحی له خۆی ده‌ڕوانێ، بۆیه ناگات به ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروستی نابێ بۆ ده‌روونی خۆی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆی فێری ڕوانینی قووڵ له ناخی خۆی بكا، ئه‌وده‌م جگه له خۆی گه‌ردوونیش ده‌ناسێ و پێگه‌ی خۆی له‌م گه‌ردوونه‌دا دیاری ده‌كا.
من جگه له‌وه‌ی وه‌ك مرۆڤێك له‌گه‌شتدام، وه‌ك شاعیر و نووسه‌رێكیش ساڵانیكی زۆره گه‌شتێكی ڕۆحیی تایبه‌تم ده‌ست پێ كردووه و دنیایه‌كی تایبه‌تم هه‌یه كه تیایدا هه‌ست به بوون و به‌خته‌وه‌ریی ده‌كه‌م، چونكه هه‌موو دیارده‌كانی نێو ئه‌و دنیایه‌م به شیوه‌یه‌ك داڕشتووه كه نموونه‌ییه، پڕه له یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری. دنیابینییه‌كم بۆ خۆم پێكهیناوه كه گه‌ردوون وه‌ك ماڵێكی مه‌زنی خۆم ده‌زانم و خۆم به به‌شێكی ئه‌كتیڤی ئه‌و ماڵه ده‌زانم. هه‌ست به عه‌شقیكی گه‌وره ده‌كه‌م و خۆشه‌ویستییه‌كی گه‌ردوونی ته‌واوی هۆشیاریمی داپۆشیووه. ئه‌م دنیابینییه‌م له گه‌شته ڕۆحییه‌كانم و له خوێندنه‌وه‌كانمه‌وه به ده‌ست هێناوه. جگه له‌وانه‌ش گه‌شته جوگرافییه‌كانم بۆ من سوودمه‌ند بوون و گه‌شته زانستییه‌كانم به‌خشنده بوونه له‌گه‌ڵمدا.
به باوه‌ڕی من، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌شتی مرۆڤ پیش له‌دایكبوون ده‌ستی پێ كردووه و دوای مردنیش هه‌ر به‌رده‌وامه، بۆیه ناتوانین بزانین گه‌یشتووینه‌ته كوێ، ئه‌وه‌نده به‌سه كه بزانین ئیمه نه‌وه‌ستاوین و به‌ڕێوه‌ین. خۆم به گه‌ڕیده‌یه‌ك ده‌زانم، كه عه‌وداڵی دۆزینه‌وه و داهێنانم و له‌م گه‌شته‌دا به‌رده‌وام ڕێكه‌وتیان ده‌كه‌م و به‌خته‌وه‌رم ده‌كه‌ن. هه‌ر ڕۆژێ شتێكی نوێ فێر بم، هه‌ست به خۆشییه‌ك ده‌كه‌م له شێوه‌ی فڕین، هه‌ر ڕۆژی داهێنانێك بكه‌م، یان بیرێكی نوێم بۆ بێت، یان شتێك كه‌شف بكه‌م، به‌خته‌وه‌ری تا گازه‌را ده‌روازه‌ی خۆییم لێ ده‌كاته‌وه. من به‌ڕێوه‌م و بڕواناكه‌م بوه‌ستم.
تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه له ژماره (66) ی كۆواری (نه‌وشه‌فه‌ق) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌رواری (1ی 4ی 2009)، ل45 تا ل54.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
