عارف كه‌ریم – نووسه‌ر وكه‌سایه‌تی سیاسیی: خه‌ڵكی تووشی هه‌ڵه ده‌بن ئه‌گه‌ر واتێبگه‌ن به‌نه‌مانی مام جه‌لال پارتی هێرشده‌كاته سه‌ر یه‌كێتی
ئاماده‌كاری ته‌وه‌ره:ستیڤان ئه‌حمه‌د "شه‌مزینانی"
دروست له‌دوای هه‌ڵوێست وه‌رگرتن وبڕیاری وازهێنانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی وچوار ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی كه‌سه‌ر به‌باڵی ریفۆرم بوون،
له‌وانه‌یه ئێستا كاتی ئه‌وه هاتبێته پێشه‌وه به‌جیددی قسه له‌سه‌ر قۆناغی پۆست مام جه‌لال بكرێت، چونكه ئیدی ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی تاڵه‌بانی له‌ئاسمانی سیاسه‌تدا به‌ره‌و كوژانه‌وه ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش یه‌كێتی ده‌باته قۆناغێكی نوێوه كه له‌وانه‌یه له‌وه‌تی یه‌كێتی هه‌یه رووبه‌ڕووی قۆناغی وا سه‌خت وپڕ ئاڵوگۆڕ نه‌بووبێته‌وه. له‌ناو خودی یه‌كێتی نیشتمانیشدا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ركابه‌ر هه‌ن به‌هه‌موو وزه‌و تواناوه كارده‌كه‌ن تاوه‌كو له‌سبه‌ی رۆژدا ببنه ئه‌ڵته‌رناتیڤی مام جه‌لال، به‌ڵام به‌هۆی ململانێی سه‌خت وهه‌بوونی چه‌ندین فراكسیۆنی جیا جیاوه له‌ناو په‌یكه‌ری ئه‌و حیزبه‌دا، ئاسان نییه پێشبینی بكرێت كێ ده‌توانێت دوای مام جه‌لال ببێته چه‌تری كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو باڵ وده‌سته‌كان؟ هه‌روه‌ك ئاسان نییه بڕیاری ئه‌وه بده‌ین یه‌كێتی وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه یان دابه‌ش ده‌بێت بۆ چه‌ند گروپ ورێكخراو وپارتێكی تر! به‌هه‌رحاڵ ئه‌و دوو ركابه‌ره‌ی هه‌تا ئێستا له‌هه‌وڵدان بۆ جێگرتنه‌وه‌ی مام جه‌لال "نه‌وشیروان مسته‌فاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ"ن، له‌باری واقیعیشه‌وه ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه خاوه‌نی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی ورابردوو وتوانای زیاترن له‌چاو به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی ئێستای یه‌كێتی بۆئه‌وه‌ی بتوانن ململانێ بكه‌ن بۆ قۆناغی پۆست تاڵه‌بانی. به‌ڵام هێشتا روون نییه ئه‌و دۆخه چۆن ده‌بێت وبارودۆخی ئه‌وكاتی كوردستان چ واقیعێك به‌سه‌ر یه‌كێتی ئه‌وێ رۆژێدا فه‌رز ده‌كات، به‌ڵام روون وئاشكرایه وه‌زعی ناوخۆیی یه‌كێتی گرژیی وئاڵۆزیی سه‌خت به‌خۆوه ده‌بینێ هه‌تا لێواری لێكترازانی ریزه‌كانی. كه‌وابوو مافێكی ره‌وای چاودێرانی سیاسیی وناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌یه هه‌ر له‌ئێستاوه شرۆڤه‌ی ئه‌و باره پێشبینیكراوه بكه‌ن وسه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ دایه‌لۆگ كردن له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه گه‌رم وبایه‌خداره بورووژێنن له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان. ئێمه لێره‌دا وله‌رێی ئه‌م ته‌وه‌ره‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی كه‌می ئه‌و پرۆسه‌یه‌و ده‌مانه‌وێ پرسیاری دۆخی دوای مام جه‌لال وچاره‌نووسی سیاسیی یه‌كێتی بكه‌ین، هه‌روه‌ك چۆن ده‌مانه‌وێ پرسیار ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌بكه‌ین ئاخۆ كام له‌سه‌ركرده ركابه‌ره‌كانی ئێستای یه‌كێتی شانسی زۆرتری هه‌یه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی جێگه‌كه‌ی تاڵه‌بانی؟ له‌پاشاندا خوازیارین له‌وه‌ش تێبگه‌ین ئاخۆ كام ئه‌گه‌ر زیاتر له‌واقیعه‌وه نزیكه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی یان مانه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ریزێكی یه‌كگرتوو؟، لێ ره‌نگه هه‌بن وا بیربكه‌نه‌وه هێشتاكه زووه بۆ ورووژاندنی ئه‌م پرسه به‌حكومی ئه‌وه‌ی هێشتا واقیعه‌كه رووینه‌داوه‌و نه‌هاتۆته پێشه‌وه، به‌ڵام رای دروست ئه‌وه‌یه هه‌ر له‌نهۆوه زۆر گرنگه شیكاریی وخوێندنه‌وه بۆ ئه‌و واره بكرێت وبكرێته رۆژه‌ڤ. ئێمه له‌رێی ئه‌م ته‌وه‌ره‌وه ده‌مانه‌وێت ئه‌و پرسه بورووژێنین وده‌رگایه‌كی گه‌وره‌تر بكه‌ینه‌وه له‌راستای تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه له‌هه‌موو ئاسته‌كانی سیاسیی ورووناكبیریی ورۆژنامه‌وانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ته‌وه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ش "عارف كه‌ریم" نووسه‌رو سیاسیی به‌مجۆره هاته دوان.
ستیڤان: پرسی پاشه‌ڕۆژی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان دوای مام جه‌لال، یه‌كێكه له‌و پرسه هه‌ره گه‌رمانه‌ی ناوه‌ندی سیاسیی ورۆژنامه‌وانی كوردیی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش به‌خۆیه‌وه خه‌ریك كردووه، بێگومان دره‌نگ بێت یان زوو واقیعی دوای مام جه‌لال بۆ پارتێكی وه‌ك یه‌كێتی هه‌ر دێته پێشه‌وه. هه‌ندێك له‌شرۆڤه‌كاران وه‌های بۆ ده‌چن دوای مام جه‌لال یه‌كێتی به‌ره‌و پارچه پارچه‌بوون ولێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی دوور نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شێمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین یه‌كێتی وه‌ك ریزێكی یه‌كگرتوو ته‌نانه‌ت پته‌وتر له‌وه‌ی كه‌ئێستا هه‌یه، ده‌مێنێته‌وه، ئایا به‌بێ بوونی مام جه‌لال ده‌توانێت هه‌مان ئه‌و یه‌كێتییه به‌هێزه‌ی ئێستا بێت؟ ئایا یه‌كێتی دوای مام جه‌لال "یه‌كێتی"یه‌كی لاواز نابێت به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا؟.
راستییه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویسته به‌شێك له‌سه‌ركرده به‌هێزه‌كانی ئه‌مێستای یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر له‌نهۆوه له‌هه‌وڵدان بۆئه‌وه‌ی بتوانن ببنه ئه‌ڵته‌رناتیڤی مام جه‌لال وبه‌ئاشكراش زه‌مینه‌سازیی بۆ ئه‌و مه‌به‌سه‌ته ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ره‌نگبێ نه‌وشیروان مسته‌فا وكۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌هێزترین دوو ركابه‌ر بن بۆ جێگرتنه‌وه‌ی مام جه‌لال، به‌بڕوای ئێوه دوای مام جه‌لال نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌توانێت ئه‌و پارته له‌ژێر كاریزمای خۆی كۆبكاته‌وه یان كۆسره‌ت ره‌سوڵ؟ ئایا چاره‌نووس پۆستی دووه‌م سكرتێری یه‌كێتی كه‌بێگومان دوای "مام جه‌لال"ه، به‌كام له‌م سه‌ركرده ركابه‌رانه ده‌به‌خشێت؟.
عارف كه‌ریم:له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا‌و مانه‌وه‌ی كێشه ئاڵۆزه‌كانی ناو یه‌كێتی وه‌كوو خۆی، پرسیارێك رووبه‌ڕووی ژماره‌یه‌ك له‌رۆشنبیر ونووسه‌ر وچاودێره سیاسییه‌كان ده‌بێته‌وه كه‌سه‌رنجی زۆری خه‌ڵكی راكێشاوه به‌لای خۆیداو لێكدانه‌وه‌ی جیاجیاشی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه! ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئاخۆ له‌دوای مامجه‌لال یه‌كێتی چی به‌سه‌ربێت؟! كێ ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرێت وجێی ئه‌و پڕده‌كاته‌وه؟! بۆ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی سه‌ره‌وه له‌پێشاندا ده‌بێ ئه‌و راستییه نه‌شارینه‌وه كه ی. ن. ك له‌سه‌ره‌تاوه وه‌كوو رێكخراوێكی نیمچه به‌ره‌یی به‌ده‌ستپێشخه‌ریی خودی مامجه‌لال درووست بوو. رێكخراوه‌كه رێگه‌ی به‌بیروباوه‌ڕی جیاجیا ده‌دا له‌ریزه‌كانیدا، بۆئه‌وه‌ی خه‌بات بكه‌ن له‌دژی رژێمی به‌عسی خوێن‌ڕێژ له‌به‌غدا. بانگه‌شه‌كه‌ی یه‌كێتی به‌هۆی باری سیاسیی ئه‌وسای كوردستان وهه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌كان وململانێكانی ئه‌وكاته‌وه زۆر بڕی نه‌كرد. ئه‌وه‌نده‌ی یه‌كێتی وحزبه كوردستانییه‌كانی تر خه‌ریكی یه‌كتر بوون، نیو ئه‌وه‌نده خه‌ریكی دوژمن نه‌بوون! ئه‌وه‌نده‌ی پارتی ویه‌كێتی شیوه‌نیان كردووه بۆ ئاشتی، ئازادیی، دیموكراتی، یه‌كسانی، مافی مرۆڤ و... تاد پێشئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست وحوكم بكه‌ن له‌كوردستاندا، هیچ حزبێكی تر ئه‌وه‌نده شیوه‌ن و گریانی بۆ ئه‌وانه نه‌كردووه، كه‌چی ئێستا پاش ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتن، به‌پێچه‌وانه‌ی به‌ڵێن ودروشمه‌كانی رابردوویانه‌وه، ده‌سه‌ڵاتیان قورخكردووه له‌كوردستاندا، ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان نرخی نه‌بێت ولای لێنه‌كه‌نه‌وه (ئازادیی ودیموكراتی) یه!! ئه‌گه‌ر هه‌شبێ، مه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بێت كه‌خۆیان ترش وخوێی ده‌كه‌ن!!. یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌یه‌كه‌م رۆژی درووستبوونییه‌وه هه‌تا ئێستا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی مام جه‌لالدا بووه‌و ئه‌و باڵی به‌هێزی ناو یه‌كێتی بووه، چونكه ئه‌و هه‌میشه له‌كارو چالاكییه سیاسییه‌كانیدا قورسایی خۆی فڕێداوه‌ته سه‌رئه‌وه‌ی كه‌سێ ده‌سه‌ڵاته گرنگه‌كه له‌ده‌ستی خۆیدا بمێنێته‌وه كه‌برێتییه له:
1-ده‌سه‌ڵاتی ئابووری (پاره‌وپوول) . 2-ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی (هێزی پێشمه‌رگه) . 3/-ده‌سه‌ڵاتی راگه‌یاندن (چاپخانه‌و رادیۆ وته‌له‌فزیۆن ورۆژنامه) . هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی ئه‌و كردوونی له‌گه‌ڵ لایه‌كانی تردا، ته‌نانه‌ت ناوخۆی یه‌كێتی، هه‌مووی له‌پێناوی ئه‌و سێ خاڵه‌دا بووه كه‌هه‌تا ئێستایش هه‌ر به‌رده‌وامه له‌سه‌ری. به‌لای مام جه‌لاله‌وه ئایدیۆلۆژیا‌و فیكر ورێبازی سیاسیی گرنگ نین، گرنگ ئه‌وه‌یه خه‌ڵك هه‌بێت له‌ده‌وری كۆببێته‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی پاره‌و چه‌ك وراگه‌یاندنه‌وه بتوانێ بیانجووڵێنێ و وه‌هایان لێبكات وه‌كوو لێیكردوون!. ئه‌وكاتانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا (له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت) كوردستانی جێهێشتووه‌و به‌ره‌و ئه‌وروپا كه‌وتۆته رێ، ئه‌و كاتانه ئه‌و بۆشاییه‌كی سیاسیی له‌دوای خۆی جێهێشتووه كه‌خه‌ڵكی تر پڕیكردۆته‌وه. دوایی كه‌ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان وده‌یه‌وێ ئه‌وه بكات كه‌خۆی مه‌به‌ستێتی، سه‌یرده‌كات زۆر شتی له‌ده‌ستداوه‌و دره‌نگه‌و پیاڕاناگات.
تادوێنێ وپێرێ نه‌وشیروان مسته‌فاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێكه‌وه له‌سه‌نگه‌رێكدا بوون دژی كاروكرداری ناڕه‌واو ده‌سه‌ڵاتی باوكسالارانه‌ی مام جه‌لال وكار گه‌یشته ئه‌وه‌ی پێكه‌وه نامه‌یه‌ك، بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ك، بنێرن بۆ مام جه‌لال و داوایان لێ‌كرد سنوورێك دابنێ بۆ ده‌سه‌ڵاته سیاسیی وئابوورییه‌كانی خۆی له‌ناو یه‌كێتیداو شه‌فافانه ره‌فتار بكات! كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی مام جه‌لال میزاجی تێكبچێ وله‌رێوه خۆی كۆكرده‌وه بۆ گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی نوێ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی ریزه‌كانی یه‌كێتی وئه‌وه‌نده‌ی توانی خه‌ڵكی كۆكرده‌وه له‌قه‌ڵاچوالان وكه‌وته قسه‌كردن بۆیان وله‌پاڵیشدا كه‌وته په‌یوه‌ندیكردن به‌و كه‌سانه‌ی گیرسابوونه‌وه له‌لیسته ئیمزاكراوه‌كه‌ی دژ به‌خۆی وتوانی ژماره‌یه‌كیان لێ رابكێشێ وبباته‌وه بۆ ناو كوتله‌كه‌ی خۆی وده‌ستبه‌رداری هه‌ندێكی تریشیان بوو وپشتی تێكردن. ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ئاشكرا ده‌بینرێ، كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌سه‌نگه‌ری مام جه‌لالدایه‌و له‌پارتیشه‌وه نزیكه، كه‌چی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروانیشدا تێكی نه‌داوه. بێگومان ئه‌و دووانه هه‌ردووكیان ئاوات ده‌خوازن چ ئێستا‌و چ له‌داهاتوودا جێی مام جه‌لال بگرنه‌وه‌و دوای ئه‌و، ده‌سه‌ڵات لای خۆیان كۆبكه‌نه‌وه چونكه هه‌ر یه‌كه‌یان شانازیی ده‌كات به‌رابوردوو وخه‌بات وتێكۆشانی خۆیه‌وه، به‌ڵام له‌دوایین جاردا گۆڕه‌پانی سیاسی بریار ده‌دات جه‌ماوه‌ر لای كێ كۆببێته‌وه. پێوانه‌ش بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك وده‌سه‌ڵات په‌یداكردن، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه تۆ چه‌ند ده‌توانی به‌ره‌وپیری خه‌ڵك بچیت وله‌خزمه‌تیاندا بیت، به‌نیوه‌ی ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به‌فیكر وئایدیۆلۆژیاو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه‌وه نییه له‌رۆژگاری ئه‌مڕۆدا، یه‌كێتی خۆیشی په‌یڕه‌وی ئه‌وه ناكات. ئێستا یه‌كێتی به‌هۆی ناوه‌ندی سیاسیی جۆراوجۆر‌و كوتله‌ی جیاجیاوه وه‌كوو گۆمێكی شڵه‌قاوی لێهاتووه‌و تارادده‌یه‌ك رێبازی سیاسیی خۆی ونكردووه‌و سه‌ر فیكر‌و فه‌لسه‌فه‌ی ناپه‌رژێ وئه‌مه‌یان لای ئه‌و باوی نه‌ماوه. خۆ سبه‌ی رۆژێ به‌نه‌مانی مام جه‌لال، به‌دڵنیاییه‌وه بارودۆخه‌كه له‌وه‌ی ئێستا باشتر نابێت وئه‌گه‌ری زۆری لێده‌كه‌وێته‌وه، چونكه هه‌تا ئێستا كه‌سێك په‌یدا نه‌بووه له‌ناو یه‌كێتیدا كه‌هێزوتوانای ئێستای مامجه‌لالی هه‌بێت وجڵه‌وی سه‌ركردایه‌تی بگرێته ده‌ست چونكه هه‌ریه‌كه خۆی به‌مام جه‌لالێك ده‌زانێت. به تێگه‌یشتن وبۆچوونی من ئه‌گه‌ره‌كانی دوای نه‌مانی مام جه‌لال به‌مشێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه ده‌بێت كه‌ره‌نگه له‌سه‌داسه‌دیش واده‌رنه‌چێت و ته‌واو شتێكی تر بێت:
یه‌كه‌م:مه‌كته‌بی سیاسی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كتوپڕی خۆی ده‌كات بۆ دیراسه‌كردن وتاووتوێكردنی بارودۆخه‌كه، ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا تا ئه‌وكاته رێكخراوێك یان حزبێكی نوێی دانه‌مه‌زراندبێ وبه‌لیستێكی تایبه‌ت دانه‌به‌زیبێ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ئه‌وا ئه‌ویش به‌شداریی ده‌كات له‌كۆبوونه‌وه‌كه به‌و سیفه‌ته‌ی ئیستیقاله‌ی نه‌داوه وده‌ریشنه‌كراوه له‌یه‌كێتی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتی ببه‌سترێت ومام جه‌لال له‌ژیاندا بێت و سه‌رپه‌رشتی كۆنگره‌كه بكات، ئه‌وه نازانرێ چی بڕیار ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی شه‌خسی نه‌وشیروان مسته‌فا، (ئه‌گه‌ر هاتوو به‌شداری نه‌كرد)، بێگومان مام جه‌لال وژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی حه‌زده‌كه‌ن نه‌وشیروان به‌شداریی كۆنگره‌كه بكات، (ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان تا ئه‌وكاته وه‌كوو خۆی بمێنێته‌وه)، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه ته‌نیا مام جه‌لال وئه‌ندامانی كۆنگره‌یه كه ئه‌و بڕیاره ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌و. هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، هه‌وادارانی باڵه‌كانی یه‌كێتی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بن كه‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ یان نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ڵبژێرن به‌سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان. بێگومان هه‌ركه‌سێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی په‌نابه‌رێته به‌ر هێز وبه‌كارهێنانی چه‌ك بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست له‌ناو یه‌كێتیداو له‌ڕێگه‌ی كۆده‌تاو خوێنڕشتنه‌وه ببێته سه‌ركرده، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانان ویه‌كێتی ئه‌وروپا له دژی راده‌وه‌ستنه‌وه‌و به‌زه‌ره‌ری ئه‌و كوتله و هێزه ته‌واو ده‌بێت كه‌بیر له‌كاری وه‌ها ده‌كاته‌وه.
دووه‌م:ئه‌گه‌ر تا ئه‌وكاته نه‌وشیروان مسته‌فا نوێنه‌ری رێكخراوێك یان حزبێكی نوێ بێت له‌كوردستانداو به‌لیستێك دابه‌زێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ئه‌گه‌ر ده‌نگی ئه‌و وه‌كوو پارتی ویه‌كێتیش نه‌بێ، به‌ڵام له‌دوای نه‌مانی مام جه‌لال پێشبینی ئه‌وه‌ده‌كرێ كه‌ببێته هێزێكی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره به‌مه‌رجێك ریزه‌كانی خۆی پاك رابگرێت و له‌خزمه‌تی خه‌ڵكی لێقه‌وماو وهه‌ژارو ده‌ستكوورته‌كانی كوردستاندا بێت وخه‌بات نه‌كات له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان وهه‌ڵه‌كانی رابوردوو دووپات نه‌كاته‌وه‌و ددانی پێدا بنێت وداوای لێبوردنیش له‌میلله‌ت بكات.
سێیه‌م:پارتی دیموكراتی كوردستان له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا كار له‌سه‌ر گۆڕانكاریی ورووداوه‌كانی ناو یه‌كێتی و گۆڕه‌پانه‌كه ده‌كات وده‌یه‌وێ بیڕژێنێته ناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیه‌وه.
خه‌ڵكی تووشی هه‌ڵه ده‌بن، ئه‌گه‌ر واتێبگه‌ن به‌نه‌مانی مام جه‌لال، پارتی هێرشده‌كاته سه‌ر یه‌كێتی وپه‌لاماری ده‌دات بۆئه‌وه‌ی ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر كوردستاندا.
عارف كه‌ریم
*ساڵی 1944 له‌سلێمانی له‌گه‌ڕه‌كی چوارباخ له‌دایكبووه.
*ساڵی 1958 ده‌چێته ریزی كوردایه‌تی (پارتی دیموكراتی كوردستان ویه‌كێتی قوتابیانی كوردستان) .
*1964 ده‌بێته خوێندكار له‌زانستگای موسڵ و به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی قوتابیان له‌زانستگا.
*هه‌ر1964 ده‌گیرێت وده‌درێت به‌دادگای (امن الدوله) له‌كه‌ركووك و دوایی به‌مه‌رسوومێكمی جمهوریی حوكمه‌كه‌ی له‌سه‌ر لاده‌به‌ن.
* 1964 پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌بێته دوو به‌ش، ئه‌م له‌گه‌ڵ باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی‌دا ده‌مێنێته‌وه.
*له 1964-1969 به‌شداریی ده‌كات له‌دوو كۆنگره‌ی یه‌كێتی قوتابیان وكۆنگره‌یه‌كی مامۆستایانی كوردستان وكۆنفرانسێكی ناوخۆی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی.
* 1970 له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسیی لێنینی كوردستاندا (كه‌دوایی ناوه‌كه‌ی گۆڕا بۆ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران)، یه‌كێك ده‌بێت له‌ئه‌ندامه سه‌ره‌تایی وچالاكه‌كان.
*1975 ئه‌مری گرتنی بۆ ده‌رده‌چێت له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌و واز له‌ماڵ وحاڵ و وه‌زیفه‌ی دێنێ وده‌چێته شام.
*1976 به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسی وبیروڕای ئازاده‌وه په‌لامار ده‌درێت وبه‌ناچاریی ده‌ست له‌كاری سیاسیی هه‌ڵده‌گرێت ورووده‌كاته خه‌لیج ودواتریش به‌یه‌كجاره‌كی ده‌چێته سوێدو له‌وێ نیشته‌جێده‌بێت.
*ئێستا ئه‌ندامی هیچ رێكخراو وحزبێكی سیاسیی نییه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
