كۆنگره‌ی سێ له‌نێوان هه‌نگاوی یه‌كگرتنه‌وه‌ی باڵه‌كان ودابه‌شبوونی یه‌كێتی دا – به‌شی شه‌شه‌م وكۆتایی
ئاماده‌كاری ته‌وه‌ره: ستیڤان شه‌مزینانی
زیاتر له‌ساڵ ونیوێكه یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ده‌یه‌وێت كۆنگره‌ی سێیه‌می ببه‌ستێت، هه‌روه‌ك ده‌وترێت ئه‌م كۆنگره‌یه بۆ یه‌كێتی پێویستییه‌كی گرنگ وژیانییه، له‌لایه‌ك هه‌م بارودۆخی ناوچه‌یی وناوخۆیی وجیهانی گۆڕاوه‌و پێویستیی به‌هه‌ڵوێستی نوێی حزبێكی سیاسیی وه
ك یه‌كێتی هه‌یه، هه‌م وه‌زعی ناوخۆیی یه‌كێتی كه‌ته‌كه‌توله‌كان زۆر به‌زه‌قی كه‌وتوونه‌ته دژایه‌تیكردنی یه‌كتری وبه‌رپاكردنی جه‌نگی راگه‌یاندن له‌نێوانیاندا، بووه‌ته هۆكارێكی تری هه‌ره هه‌ستیار له‌بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پارته له‌نزیكترین ده‌رفه‌تدا كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت وتیایدا ده‌ست بۆ زۆر بابه‌تی هه‌ستیار ببات وهه‌ندێك له‌كێشه نێوخۆییه‌كانی خۆی یه‌كلابكاته‌وه. به‌كورتییه‌كی زه‌روره‌تی كۆنگره بۆ حزبێكی گه‌وره‌ی وه‌ك یه‌كێتی كه‌هه‌شت ساڵه كۆنگره‌ی نه‌به‌ستووه له‌هه‌ر كارێكی تر پێویست وله‌پێشتره. به‌ڵام ئایا به‌راستیی یه‌كێتی له‌مانگی ئازاری دادێ كۆنگره‌ی خۆی ده‌به‌ستێت؟ جیا له‌وه‌ش ئایا كۆنگره‌ی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ده‌توانێ ببێته هیوایه‌كی نوێ وهه‌نگاوێكی دیكه له‌بۆ نزیكخستنه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی ته‌كه‌توله‌كان وهێنانه‌وه‌یان بۆ ژێر چه‌تری كاریزمای مام جه‌لال؟. ئایا كۆنگره ده‌توانێ به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو كۆسپ وته‌گه‌رانه‌دا زاڵ‌بێت كه‌له‌نێوان ماوه‌ی كۆنگره‌ی دوو وسێدا روویانداوه‌و زه‌ق بوونه‌ته‌وه؟ ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه ده‌توانێت ببێته كۆنگره‌ی به‌هێزكردنه‌وه‌و گوڕدانه‌وه به‌یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م كۆنگره‌یه ترازان له‌ریزه‌كانی ئه‌و پارته سه‌ره‌كییه‌ی كوردستاندا درووست ده‌كات؟ ئێمه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م كۆنگره پێشبینیكراوه، ئه‌م ته‌وه‌ره سازده‌كه‌ین.
ستیڤان:هه‌رچه‌نده مێژووه‌كه دیارنییه‌و به‌رده‌وام دوا ده‌خرێت، به‌ڵام وابڕیاره له‌ده‌رفه‌تێكی گونجاو ونێزیكدا یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان سێیه‌مین كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاركردنه ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه ده‌توانێت چی بۆ یه‌كێتی بكات؟. به‌مانایه‌كی تر ئایا ده‌بێته هۆكارێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ده‌روونی وناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی یاخود ده‌بێته هۆی زیاتر ئاڵۆز‌كان وپه‌رته‌وازه‌بوونی ریزه‌كانی یه‌كێتی؟ به‌كورتیی وكوردیی كۆنگره‌ی سێ بۆ یه‌كێتی چ بایه‌خ ورۆڵێكی هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌م ساته‌وه‌خته پڕ ئاڵۆزییه‌دا؟.
سیروان بابه‌عه‌لی:كاشكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروستی سه‌ر رێتكه‌ی دیمۆكراسیی ونێو كه‌ش وژینگه‌ی ژیاریی بوایه، كه‌ئه‌مڕۆ پاش ته‌مه‌نی به‌سه‌رچووی نه‌وه‌یه‌ك، سیستمه رامیارییه‌كه‌ی، میرییه‌كی نیشتمانیی سه‌ربه‌خۆی ته‌كنۆكرات وته‌بێژی بوایه. ئێمه‌ش تیری ره‌خنه‌و سكاڵاكانمان ته‌نیا رووبه‌ڕووی ئه‌و میرییه بكردایه‌ته‌وه‌و پێویستمان به‌وه نه‌بوایه، خۆمان له‌كێشه‌و ته‌نگژه ناوخۆییه‌كانی نێو پارتێكی دیاریكراو هه‌ڵبقورتێنین. به‌داخه‌وه ره‌وشه‌كه به‌و شێوه‌یه نییه. "ینك وپدك" دوو زلپارتن، له‌پاش راپه‌ڕینه‌وه، ده‌ستیان به‌سه‌ر شاده‌ماره‌كانی نێو جه‌سته‌ی كوردستاندا گرتووه‌و بوونه‌ته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییه پۆزه‌تیڤانه‌ی، ده‌كرا بۆ "كورد" له‌هه‌گبه‌ی گلۆبالیزم وگۆڕانكارییه دیموكراسییه‌كانی جیهاندا بن، ده‌بوا له‌خۆشبه‌ختی "كورد" بوایه، چه‌وسێنه‌ران وئه‌و وڵاتانه‌ی "كورد"یان په‌ستاندووه‌و له‌مه‌نگه‌نه‌یان داوه، كه‌م و زۆر سه‌ر به‌به‌ره‌ی نه‌یارانی ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌ردوونییانه‌ن. له‌پاش راپه‌ڕینه‌وه هیچ رسته‌یه‌كی رامیاریی نییه، كه‌ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد به‌ده‌ستی خۆیان نووسیبێتیانه‌وه‌و ناو وكرداری "هه‌ل وله‌ده‌ستچوون" پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌و رسته‌یه نه‌بووبن! به‌كورتیی ئه‌و دوو پارته، له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه، جگه له‌پشێویی وكینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، نووچدان ودۆڕانی رامیاریی، گه‌نده‌ڵكردن ودزینی سامان وداهاتی نیشتیمان، هیچ په‌یام و هه‌ڵوێستێكی كرده‌كییان بۆ گۆڕانی ئه‌رێنی پێنه‌بووه. "ینك" به‌شی گه‌وره‌ی ئۆباڵی ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ئه‌ستۆیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ر دوو فاكتدا ناپاك ده‌رچوو:
1- ینك رێكخراوترین وچالاكترین رێكخراوی رامیاریی به‌ر له‌راپه‌ڕین وسه‌ره‌تای راپه‌ڕین بوو، خاوه‌نی بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی زێده مه‌زنی هۆشیارو پێگه‌یشتوو بوو، تاكه‌كانی خه‌ونی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر مێژوو ژێرخانی رامیاریی ئه‌و پارته هه‌ڵده‌چنی.
2- مانیفێست وپرۆگرام وپه‌یامه نووسراوه‌كانی "ینك" هێنده نووسراوگه‌لی مودێرن وچه‌پئاژۆ وشارستانی و ئوتیلیتاریست بوون، كه‌به‌راوورد به‌دێفاكتۆ وهه‌ڵوێسته كرده‌كییه‌كانی ئه‌مڕۆی ئه‌و پارته، له‌سه‌ر هه‌ساره‌یه‌كی دین.
هه‌ر بۆ نموونه سه‌باره‌ت به‌یاسای فره‌ژنیی:پارله‌مانتارانی "پدك وئیسلامییه‌كان"پڕ به‌پێستی پارته‌كانی خۆیان ده‌نگیاندا. ئه‌وه‌ی ئه‌وان زۆر ئاسایی بوو. كاتێك سه‌رئاسایی ده‌بوو، گه‌ر ئه‌وان به‌دیوه‌كه‌ی تردا ده‌نگیان بدایه. به‌ڵام پارله‌مانتارانی پارتێكی به‌ناو چه‌پی وه‌ك "ینك" هه‌رچه‌نده هه‌ڵوێستیان له‌پارله‌مانتارانی "پدك" باشتربوو، لێ ناپاكییه‌كی گه‌وره‌یان به‌رانبه‌ر په‌یامی نووسراوی پارته‌كه‌یان كرد، ده‌بووایه پارته‌كه‌یان، كه‌ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر پارله‌مانتاران وسه‌رجه‌م رایه‌ڵه‌كانی په‌یوه‌ست به‌پارته‌وه هه‌یه، له‌رێگه‌ی فشاری سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كه، دژی یاسای فره‌ژنیی بوه‌ستایه‌ته‌وه. نه‌ك وه‌ك هه‌ر پرسێكی دی، له‌سیناریۆیه‌كی رامیارییدا پێشكه‌شی پریمیتیڤیسمی رامیاریی بكات. له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌ژی ئه‌وه‌یه، هه‌موومان بایه‌خ به‌ئارێشه‌و شێوانشێویی وگۆڕانكارییه‌كانی نێو "ینك" بده‌ین. ئه‌وه‌ی دیاره "ینك" ئێستا پارتێكی پڕ شێوانشێویی "فه‌وزا" وپه‌رتبوونه. هه‌رچه‌نده پانێڵه جه‌ماوه‌رییه‌كانی نێو ئه‌و په‌رتبوونه، هه‌ژموونی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كیان له‌سه‌ره، ئه‌و تاكه سه‌ركردانه‌ش هه‌ریه‌ك به‌رێژه‌ی جیاواز كاریگه‌رێتی "نفوز"یان به‌سه‌ر شێوازی بیركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یاندا به‌هه‌موو بارێكدا هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌توانرێت پۆلێنه كلاسیكییه‌كه‌ی "راست وچه‌پ" له‌و په‌رتبوونه‌دا ببینرێت. به‌بڕوام ئه‌و یه‌كێتییانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌توندیی وده‌نگی به‌رز ره‌خنه له‌هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتدارانی "ینك" ده‌گرن، به‌دابڕاو وده‌ركراو وئه‌وانه‌ی نێو پارته‌كه‌ش، مۆتیڤی چاكسازیی ده‌یانبزوێنێت. به‌واتای هه‌موویان ریفۆرمیستن. كه‌واته ده‌كرێت بووترێت: ئه‌وان به‌ره‌ی "چه‌پ"ی نێو "ینك"ن.
ئه‌و هۆكاره‌ی تائێستا رێگره له‌وه‌ی "ینك" به‌فه‌رمیی په‌رت ببێت، هه‌مان هۆكاره كه‌سه‌رچاوه‌ی نه‌گبه‌تییه‌كانی ناو یه‌كێتییه. ئه‌و هۆكاره‌ش، شێوازه ترادیسیۆناڵه رۆژهه‌ڵاتییه‌كه‌ی به‌ئیدۆلۆژیاكردنی ناو وپێناسه‌ی پارت و له‌نێو پارتدا به‌خوداكردنی كه‌سی سه‌ركرده‌یه. له‌كۆنتێكستێكی ئیدیۆلۆژییدا: كاتێك ئیدیایه‌ك، دیتانه‌و میتۆدی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه، زه‌مینیی بێت یان ئاسمانیی، له‌سه‌ره‌تادا هاوچه‌رخ ومرۆڤانه‌و پڕئومێدو شارستانییه‌و وه‌ك په‌رچه‌كردار بۆ گۆڕانێكی مه‌زنی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رهه‌ڵده‌دات. به‌ڵام سامناكیی له‌وێدایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ورده ورده له‌ده‌روونی تاكدا، زیاتر له‌پێویست پیرۆز ده‌كرێت وناتوانێت له‌دۆگم ده‌ربازبێت، ده‌گاته جێگایه‌ك، له‌كاروان جێده‌مێنێت وچاره‌نووسی وه‌ك چاره‌نووسی ئیدیۆلۆژییه‌كانی كۆمۆنیزم وئیدیۆلۆژییه ئاینییه‌كانی لێدێت. هه‌روه‌ها له‌وجۆره به‌ئیدیۆلۆژیابوونه‌ش سامناكتر ئه‌وه‌یه: خودی رێكخراوێكی رامیاریی به‌هۆی مێژوویه‌كی پڕ شانازییه‌وه، وه‌ك ناو وپێناسه‌و شه‌هیدو سه‌روه‌ریی وسه‌ركرده، ده‌بێته ئیدیۆلیۆژیا، ئیدی ده‌بێت ده‌ستی لێبشۆیت وله‌باشترین ره‌وشدا به‌ده‌ردی "حیزبی به‌عس" ده‌چێت وهه‌تا دوا هه‌ناسه دێماگۆگییانه داكۆكیی له‌مانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات. له‌كوردستان چوارچێوه‌ی رێكخراوه‌یی "ینك وپدك" دوو نموونه‌ی دزێوی ئه‌وجۆره ئیدیۆلۆژیایه‌ن. به‌بڕوام هه‌رئه‌وه‌یه "ینك" سه‌ره‌ڕای شێوانشێویی وپه‌رتبوون له‌دیدگه‌و هه‌ڵوێست، تائێستا به‌فه‌رمیی په‌رت نه‌بووه. هه‌رچه‌نده ئه‌و پارته، وه‌ك دیتانه "تیۆریی" پارتێكی ئیدیۆلیۆژیی نییه. له‌سه‌ر زار، پارتێكی چه‌پی سۆسیال دیموكراسیی پراگماتیسته، كه‌ده‌بێت به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌و نوێبوونه‌وه‌دا بێت، كه‌چی چوارچێوه‌ی ئیدۆیۆلۆژیی رێكخراوه‌یی "ینك" خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو یه‌كێتییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی ئه‌و پارته‌یه. ناڕازییه‌كان، له‌زۆر كه‌سێتی نێو یه‌كێتی بێزارن، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌كه‌سێتی مینۆكیی "مه‌عنه‌ویی" پارته‌كه وه‌ك "ینك" هاوڕان، چونكه ئه‌و كه‌سێتییه مینۆكییه بۆ ئه‌وان بووه‌ته ئیدیۆلۆژیا. كاره‌ساته‌كه‌ش له‌وێدایه، هه‌موویان شانازیی به‌و خاڵه‌وه ده‌كه‌ن!. پارتی ته‌ندرووست پێویسته له‌به‌رانبه‌ر ئه‌ندامه‌كانیدا به‌ئیدیۆلۆژیای هه‌مه‌گری رێكخراوه‌یی هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرێت وهه‌ندێك "دێریدا"ییانه بیر بكاته‌وه. له‌سه‌ر یه‌كه یه‌كه‌ی ئه‌ندامه‌كانی بوه‌ستێت وبوونی فیزیكیی هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك نه‌كاته بوونێكی میتافیزیكیی سه‌رووی به‌های سرووشتیی خۆی. هاوكێشه‌كه بۆ "ینك" به‌بڕوام ئاوایه: هه‌تا ئه‌ندامگه‌لێكی به‌شخوراوی چه‌وساوه له‌نێو "ینك"دا بمێنن، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتدارانی "ینك" هیچ نرخێكیان لای ئه‌و ئه‌ندامانه نییه، ئه‌و پارته بۆئه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازییه له‌نێو ئه‌ندامه‌كانیدا نه‌هێڵێت، ده‌بێت خۆی له‌هه‌موو جۆره‌كانی گه‌نده‌ڵیی رزگار بكات. گه‌ر ئه‌وه بكات، پاشان هه‌مان پێودانگ بۆ ده‌ره‌وه‌ی پارته‌كه‌ش به‌كارده‌بات وبه‌باشیی كۆمه‌ڵگه به‌ڕێوه ده‌بات. لێ پرسیاره‌كه ئیدی ئه‌وه‌یه: كاتێك گه‌نده‌ڵیی، چوارچێوه‌یه‌كی مافیایی وه‌رده‌گرێت وچه‌ندین لوتكه‌و جه‌مسه‌رو خێزان دروستده‌كات، توانای هه‌یه ئه‌و ته‌ڵزگه‌یه تێپه‌ڕێنێت؟. به‌بڕوام نه‌خێر! ئایا گه‌ر ریفۆرم زینده‌ڵێكی دوانه‌كه‌وتووی جه‌سته‌ی پارتێك نه‌بێت، كه‌رۆژانه خۆبزێو ئه‌و پارته نوێ بكاته‌وه. دره‌نگانێك بێت، وه‌ك ته‌نێكی نامۆ، بیه‌وێت باندۆڵی پارت رێكبكاته‌وه، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟ به‌بڕوام نه‌خێر. ئایا گه‌ر ئه‌و ریفۆرمه گۆڕانێكی كاتیی، هه‌تا ئاست وساتێكی دیاریكراویش بكات، ده‌توانێت ببێت به‌به‌شێك له‌جه‌سته‌ی پارت و به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر گۆڕان وگونجاندنه‌وه بكات؟ به‌بڕوام، كۆنگره‌ی سێی "ینك" ئه‌و پارته به‌ره‌و باشتر نابات، به‌ڵام له‌م په‌رتبوونه‌ی ئێستای یه‌كلایی ده‌كاته‌وه. ئه‌و جه‌مسه‌ره‌ی "ینك" كه‌توانای سازاندنی كۆنگره‌ی هه‌یه، ئه‌و جه‌مسه‌ره‌یه، كه‌ئێستا ئه‌و پارته به‌فه‌رمیی به‌ڕێوه ده‌بات، چوونكه ده‌سه‌ڵاتی دارایی "ینك"ی قۆرخكردووه، له‌نێو خودی ئه‌و جه‌مسه‌ره‌شدا بڕیاره‌كانی كۆنگره ئه‌و كه‌سانه یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، كه‌زۆرترین ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ئه‌و داراییه‌دا هه‌یه.
ستیڤان:ئایا كۆنگره‌ی سێی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، ده‌توانێت ببێته فاكتۆرێكی سه‌ره‌كیی گۆڕان و ئاڵوگۆڕ له‌په‌یكه‌ری سیاسیی ئه‌مڕۆی ئه‌و پارته‌دا، یاخود كۆنگره ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌بێت گۆڕانێكی ریشه‌یی و واقیعی به‌سه‌ر هێڵی ئه‌مێستای یه‌كێتیدا بهێنێت وریزه‌كانی ئه‌و پارته له‌گه‌نده‌ڵی وگه‌نده‌ڵكاران پاك بكاته‌وه؟ ئایا ئومێد هه‌یه كۆنگره‌ی یه‌كێتی له‌په‌نا یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوماڵی حیزبه‌كه، ده‌ستبه‌رێت بۆ هه‌ندێ گۆڕانی چاره‌نووسساز و هیوابه‌خش بۆ كرانه‌وه‌ی زیاتر یه‌كێتی وسیستمه سیاسیی وكارگێڕییه‌كه‌ی؟.
سیروان بابه‌عه‌لی:ئێمه هیوادارین هیچ ئارێشه‌یه‌كی نێو "ینك"، جا له‌سه‌ر خودی پارته‌كه بێت یان سامانه‌كه‌ی، كه‌سامانی زه‌وتكراوی میلله‌ته، به‌زه‌بروزه‌نگ یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه. هه‌ر كارێكی له‌و شێوه‌یه، ته‌ڕو وشك ده‌ستووێنێت ودواجار هه‌موو كوردستان زیانی پێده‌گات وزۆر لایه‌ن ده‌یقۆزنه‌وه. هه‌ربۆیه په‌یوه‌ست به‌ئاوا هیوایه‌ك وگریمانه‌ی پرۆسه‌یه‌كی سپی دوور له‌توندوتیژیی، وێنایه‌ك هه‌یه، ئه‌وانه‌ی ناوماننان باڵی چه‌پ، زۆربه‌یان له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتین یان ده‌ركراون، گه‌ر بانگیش بكرێنه‌وه نێو كۆنگره! ده‌بێت بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واو، یان ده‌رچوونی ته‌واو بده‌ن. گه‌ر بمێننه‌وه له‌نێو "ینك" بڕوام وا نییه، بتوانن ئه‌و سیستمه تۆكمه‌یه‌ی گنده‌ڵیی وقۆرخ وپاوانكردنی پارت هه‌ڵبوه‌شێنن، بۆیه ده‌ست به‌كڵاوی خۆیانه‌وه ده‌گرن، ده‌كه‌ونه‌وه به‌رده‌ستی جه‌مسه‌ری به‌هه‌ژموون وباڵی راستئاژۆ، واته هه‌مان "تاس وحه‌مام"ی جاران. دیاره گه‌ر بڕیاری ده‌رچوونیش بده‌ن، كاریان به‌سه‌ر یه‌كێتییه‌وه نامێنێت وده‌بێت جیاوازیی چۆنیی خۆیان له‌چوارچێوه‌یه‌كی تردا بخه‌نه‌گه‌ڕ. به‌وشێوه‌یه، "ینك" له‌پاش كۆنگره‌یه‌كی وه‌ها، ته‌نیا وه‌ك ناوپێو "حه‌جم"و توێكڵ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و ناوه‌ڕۆك ولووتكه‌و هه‌ڵوێسته‌كانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی پارت، وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه!. دیاره وه‌ك تیۆریی "كۆنگره" هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌یه، له‌كۆنگره‌دا، پرۆگرام بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت، ناو وپێناسه‌و هێڵی گشتیی وستراتیژو پێڕه‌و ومیتۆدی كاری دیارییده‌كرێن. سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵده‌بژێررێت. بڕیار زۆرینه ده‌یدات وكه‌س له‌كه‌س گه‌وره‌تر نییه. كۆنگره ده‌توانێت ورد‌و درشت یه‌كلایی بكاته‌وه‌و بڕیاری رادیكاڵانه بدات. به‌ڵام بۆ ئه‌و ده‌ره‌نجامانه، ده‌بێت هاوشانی ئه‌وه، ده‌ستگه‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌ربه‌خۆ ئه‌ركی به‌ستنی كۆنگره‌و به‌ڕێوه‌بردنی بگرێته ئه‌ستۆ، كه‌تاكه ئه‌ندامێكی كۆنگره‌ش له‌به‌رانبه‌ری بێمتمانه نه‌بێت. دارایی پارت ئاشكرا بێت، نه‌برێته نێو كۆنگره بۆ وازییكردنی كاریگه‌رێتی "نفوز". نابێت كۆنگره به‌چه‌پڵه‌رێزان ده‌مامك بدرێت ونهێنیی و ژێربه‌ژێری تێدا به‌كاربێت. به‌دڵنیاییه‌وه گۆڕانی گه‌وره له‌رووخسارو په‌یكه‌ری كارگێڕیی ئه‌و پارته‌دا رووده‌دات. ژن ده‌چنه سه‌ركردایه‌تی. پارته‌كه تۆكمه ده‌كرێت وبه‌رواڵه‌ت خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌و میكانیزم ودیسپلینی كاریگه‌ر دیاریده‌كرێن. به‌ڵام گه‌نده‌ڵ وقۆرخكاره‌كان كاریگه‌رێتی دارایی ده‌به‌نه نێو كۆنگره‌و به‌ئه‌نجامی ئاسووده‌تره‌وه لێی دێنه ده‌ره‌وه. بڕوام وایه ناوه‌ندێتی "مه‌ركه‌زییه‌ت"ی نێوخۆ به‌هێز ده‌كرێت ومه‌رج وسزای سه‌ختی رێكخستن وكارگێڕیی داده‌نرێن. به‌كورتیی "كۆنگره" له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و یه‌كێتییه‌ی ئێستا "نه‌ك هینی جاران" بڕیارگه‌لی خورت ده‌رده‌كات ویه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌و پته‌وی ده‌كات. قه‌واره‌ی "ینك" بچووك ده‌بێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر به‌هه‌مان ناوه‌ڕۆك وكاریگه‌ریی رامیاریی ئێستا ده‌مێنێته‌وه. جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر هاوپه‌یمانیی و هه‌ماهه‌نگیی وبرابه‌شیی له‌گه‌ڵ "پدك". به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی بۆ باشكردنی ره‌وشی دیموكراسی و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵیی وته‌سككردنه‌وه‌ی بیابانی نێوان میلله‌ت وده‌سه‌ڵات نابێت.
سیروان بابه‌عه‌لی
*سیروان بابه‌عه‌لی، له‌دایكبووی ساڵی "1971"، خێزانداره.
*خوێندنی سه‌ره‌تایی وناوه‌ندیی وئاماده‌یی له‌شاری سلێمانی ته‌واوكردووه.
*له‌رابردوودا پێشمه‌رگه‌و كادری حزبی سۆسیالیستی كوردستان بووه.
*له‌ساڵی 1995ه‌وه له‌كوردستان ده‌رچووه‌و له‌ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه.
*له‌ئه‌ڵمانیا، ئاكادێمیای زمانی بێگانه، به‌شی زمانی ئینگلیزیی خوێندووه.
*په‌یمانگای به‌ڕێوه‌بردن وكارگێڕیی پیشه‌یی هه‌ر له‌ئه‌ڵمانیا ته‌واوكردووه.
*ئێستا كارگوزاره له‌كۆمپانیای "ته‌كنۆپۆینت"ی ئه‌ڵمانیی به‌پیشه‌ی "رێپرۆگراف". له‌بواری رێكخستن و ئه‌رشیفی ئێلێكترۆنیی مایكرۆفیلم ونه‌خشه‌ی كۆمپانیاكان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
