كۆنگره‌ی سێ له‌نێوان هه‌نگاوی یه‌كگرتنه‌وه‌ی باڵه‌كان ودابه‌شبوونی یه‌كێتی دا – به‌شی پێنجه‌م..
ئاماده‌كاری ته‌وه‌ره:ستیڤان ئه‌حمه‌د "شه‌مزینانی" ..
زیاتر له‌ساڵ ونیوێكه یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ده‌یه‌وێت كۆنگره‌ی سێیه‌می ببه‌ستێت، هه‌روه‌ك ده‌وترێت ئه‌م كۆنگره‌یه بۆ یه‌كێتی پێویستییه‌كی
گرنگ وژیانییه، له‌لایه‌ك هه‌م بارودۆخی ناوچه‌یی وناوخۆیی وجیهانی گۆڕاوه‌و پێویستیی به‌هه‌ڵوێستی نوێی حزبێكی سیاسیی وه‌ك یه‌كێتی هه‌یه، هه‌م وه‌زعی ناوخۆیی یه‌كێتی كه‌ته‌كه‌توله‌كان زۆر به‌زه‌قی كه‌وتوونه‌ته دژایه‌تیكردنی یه‌كتری وبه‌رپاكردنی جه‌نگی راگه‌یاندن له‌نێوانیاندا، بووه‌ته هۆكارێكی تری هه‌ره هه‌ستیار له‌بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پارته له‌نزیكترین ده‌رفه‌تدا كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت وتیایدا ده‌ست بۆ زۆر بابه‌تی هه‌ستیار ببات وهه‌ندێك له‌كێشه نێوخۆییه‌كانی خۆی یه‌كلابكاته‌وه. به‌كورتییه‌كی زه‌روره‌تی كۆنگره بۆ حزبێكی گه‌وره‌ی وه‌ك یه‌كێتی كه‌هه‌شت ساڵه كۆنگره‌ی نه‌به‌ستووه له‌هه‌ر كارێكی تر پێویست وله‌پێشتره. به‌ڵام ئایا به‌راستیی یه‌كێتی له‌مانگی ئازاری دادێ كۆنگره‌ی خۆی ده‌به‌ستێت؟ جیا له‌وه‌ش ئایا كۆنگره‌ی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ده‌توانێ ببێته هیوایه‌كی نوێ وهه‌نگاوێكی دیكه له‌بۆ نزیكخستنه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی ته‌كه‌توله‌كان وهێنانه‌وه‌یان بۆ ژێر چه‌تری كاریزمای مام جه‌لال؟. ئایا كۆنگره ده‌توانێ به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو كۆسپ وته‌گه‌رانه‌دا زاڵ‌بێت كه‌له‌نێوان ماوه‌ی كۆنگره‌ی دوو وسێدا روویانداوه‌و زه‌ق بوونه‌ته‌وه؟ ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه ده‌توانێت ببێته كۆنگره‌ی به‌هێزكردنه‌وه‌و گوڕدانه‌وه به‌یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م كۆنگره‌یه ترازان له‌ریزه‌كانی ئه‌و پارته سه‌ره‌كییه‌ی كوردستاندا درووست ده‌كات؟ ئێمه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م كۆنگره پێشبینیكراوه، ئه‌م ته‌وه‌ره سازده‌كه‌ین.
ستیڤان:هه‌رچه‌نده مێژووه‌كه دیارنییه‌و به‌رده‌وام دوا ده‌خرێت، به‌ڵام وابڕیاره له‌ده‌رفه‌تێكی گونجاو ونێزیكدا یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان سێیه‌مین كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاركردنه ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه ده‌توانێت چی بۆ یه‌كێتی بكات؟. به‌مانایه‌كی تر ئایا ده‌بێته هۆكارێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ده‌روونی وناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی یاخود ده‌بێته هۆی زیاتر ئاڵۆز‌كان وپه‌رته‌وازه‌بوونی ریزه‌كانی یه‌كێتی؟ به‌كورتیی وكوردیی كۆنگره‌ی سێ بۆ یه‌كێتی چ بایه‌خ ورۆڵێكی هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌م ساته‌وه‌خته پڕ ئاڵۆزییه‌دا؟.
رزگار ساڵح:ئه‌وه چه‌نده‌هه‌مین جاره له‌ماوه‌ی دووساڵی رابردوودا بڕیارسازانی ناو یه‌كێتی كاتی كۆنگره به‌شێوه‌یه‌كی "وه‌رزی" نه‌ك "رۆژێكی" دیاریكراو ناولێده‌نێن وبۆشیان ناكرێت، ئه‌م ره‌وشه‌ش رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی له‌نێوان شاگه‌شكه‌بوون وره‌شبینیدا كردووه به‌دوو قاشی نایه‌كسانه‌وه، به‌ره‌ی گه‌شبینی به‌زۆرینه قه‌بڵێنراو به‌ستنی كۆنگره یان نه‌به‌ستنی ده‌به‌ستنه‌وه به‌پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه نه‌ك گۆڕانی چاره‌نووسسازی یه‌كێتی، هه‌رچی كادر‌و ده‌نگه دڵسۆزه‌كانیشه سه‌ره‌ڕای جه‌ختكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر به‌ستنی كۆنگره به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه به‌و پرده تۆكمه‌یه نابینن تا یه‌كێتییه‌كی بێبه‌رنامه‌یی هه‌ناو گڕگرتوو بپه‌رێنێته‌وه به‌ره‌و ویستگه‌یه‌كی هێمنی پڕ له‌پڕۆژه‌ی ستراتیژی نوێبوونه‌وه‌و هێنانه ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ركێفی ده‌سته‌و گروپێك وكردنه‌وه‌ی به‌یه‌كێتییه‌كه‌ی هه‌مووان. سه‌ركه‌وتنی كۆنگره به‌نده به‌بوونی یان نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، حیزبی وسیاسه‌تی مام جه‌لال وسه‌ركردایه‌تی وكادرانه‌وه، چونكه هه‌ریه‌كه‌یان ده‌توانێت رۆڵی ئه‌رێنی ونه‌رێنی خۆی له‌سه‌ر چاره‌نووس وئاینده‌ی ئه‌و پارته مێژوو درێژه دابنێت، به‌نۆڕینی من كه‌ره‌سته‌ی جوڵه‌پێكردنی یه‌كه‌م هه‌نگاوی كۆنگره ره‌خساندنی زه‌مینه‌یه، زه‌مینه‌سازیش واتا ده‌ستنیشانكردنی تێكڕای كێشه‌كانی ناوخۆ له‌تاكڕه‌ویی مام جه‌لال وده‌سه‌ڵاته‌كانی سكرتێری گشتییه‌وه بیگرین تاده‌گاته كوتله‌گه‌رایی وگه‌نده‌ڵییه‌كی بێوێنه‌و پیربوونی ئه‌قڵی سه‌ركردایه‌تی له‌ئاڕاسته‌كردنی ستراتیژی پاشه‌كشه‌پێكراو وسیاسه‌تی ناشه‌فاف له‌كوردستان وبه‌حیزباندنی چین وتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵ، گشت ئه‌م دیاردانه له‌به‌رده‌م ناڕه‌زایبوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامان وهاووڵاتیانی هه‌رێمه‌كه‌دان ومه‌ترسیی ته‌قینه‌وه‌ی لێده‌كرێت. یه‌كێتی نیشتمانیی خاوه‌نی سوپایه‌ك ئه‌ندامه وه‌ك چه‌ندایه‌تی، لێ زۆرینه‌ی ئه‌م ئه‌ندامانه له‌رێگه‌ی خولی رۆشنبیرییه‌وه یان باوه‌ڕبوونیان به‌به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆوه نه‌خزاونه‌ته ریزه‌كانییه‌وه، پاڵنه‌ره‌كانی یه‌كێتی بوونیان زۆرن هه‌ر له‌خزم خزمێنه‌و پارووی چه‌وری حیزبی وخۆپێگه‌یاندن وكۆنه‌قینی به‌رامبه‌رو ده‌سكه‌وته ئاسان به‌ده‌سته‌كان. هتد.. كه‌واته كاركردن بۆ گواستنه‌وه‌یان له‌ئه‌ندامی لیسته‌كان به‌ره‌و رێكخستنێكی سوودمه‌ند كاری هه‌نووكه‌یی كۆنگره‌یه، چونكه بخوازین یان نا، گرژییه‌كانی ناو یه‌كێتی وهه‌ڵكشانی به‌رده‌وامی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ده‌سه‌ڵاتی حیزبی وحكومیدا باری سایكۆلۆژیی ئه‌م سوپایه سات به‌سات به‌ره‌و ته‌پان ده‌بات، گه‌ر رێگه‌چاره‌ی گونجاو نه‌دۆزرێته‌وه ئیتر ئه‌وكاته كۆنگره‌ش له‌گۆپاڵێكی سیحرییه‌وه ده‌بێته كانزایه‌كی ژه‌نگ لێدراو.
ستیڤان:ئایا كۆنگره‌ی سێی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، ده‌توانێت ببێته فاكتۆرێكی سه‌ره‌كیی گۆڕان و ئاڵوگۆڕ له‌په‌یكه‌ری سیاسیی ئه‌مڕۆی ئه‌و پارته‌دا، یاخود كۆنگره ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌بێت گۆڕانێكی ریشه‌یی و واقیعی به‌سه‌ر هێڵی ئه‌مێستای یه‌كێتیدا بهێنێت وریزه‌كانی ئه‌و پارته له‌گه‌نده‌ڵی وگه‌نده‌ڵكاران پاك بكاته‌وه؟ ئایا ئومێد هه‌یه كۆنگره‌ی یه‌كێتی له‌په‌نا یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوماڵی حیزبه‌كه، ده‌ستبه‌رێت بۆ هه‌ندێ گۆڕانی چاره‌نووسساز و هیوابه‌خش بۆ كرانه‌وه‌ی زیاتر یه‌كێتی وسیستمه سیاسیی وكارگێڕییه‌كه‌ی؟.
رزگار ساڵح: كۆنگره ئه‌وكاته ده‌بێته فاكته‌رێكی گۆڕان وئاڵوگۆڕ كه‌هه‌ردوو گوێچكه‌ی ئاماده‌بن گوێبیستی گشت ده‌نگه‌كان بێت، نه‌ك ته‌نیا باڵه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆیان، چونكه ئه‌مان ئه‌م ره‌وشه‌ی ئێستایان به‌دڵه‌و ناخوازن لێیان بشێوێت، كه‌واته به‌ر له‌كۆنگره پێویسته لایه‌نه ناكۆكه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ به‌كراوه‌یی باس له‌كۆی گرفته‌كان وخاڵه جیاوازه‌كانیان بكه‌ن، لێره‌دا ته‌نیا باڵی تاڵه‌بانی ده‌توانێت گه‌ره‌نتی لێك نزیكبوونه‌وه‌و چاره‌سه‌ری بڕێك له‌و كێشانه بدات، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌هه‌مان شێوه پێویستی به‌ئیراده‌ی تاڵه‌بانی هه‌یه به‌ر له‌ئاوابوونی، یه‌كێتی به‌بناغه‌یه‌كی ته‌ندرووستانه دابڕێژێته‌وه‌و راده‌ستی كه‌سانی پاك ودڵسۆزی بكات، دوور له‌به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌و ئیمتیازی ره‌مزیی، دوور له‌هه‌ڕه‌شه ده‌ركردن ونانبڕان هه‌وڵبدرێت میكانیزمی به‌رێوه‌بردنی قۆناغه‌كانی كۆنگره بدرێته لیژنه‌یه‌كی پاكژی باڵا بۆ چاودێریی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وكاته كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی دیموكراسی ومودێڕن به‌رێوه ده‌چێت نه‌ك ئه‌قڵییه‌تی ناوچه‌گه‌رایی وده‌سته‌گه‌رایی وكوتله‌گه‌رایی زاڵ‌بێت وده‌نگ وره‌نگه ریفۆرمخوازه‌كان به‌پلان وبڕیاری هه‌ڵه‌شه فڕێ بدرێنه ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی. وابه‌سته به‌مه‌شه‌وه هه‌ژانه‌كانی ناو یه‌كێتی نه‌بوونی دیموكراسی بووه له‌ده‌ربڕینی بۆچوون وره‌خنه‌ی ده‌نگه ناڕازییه‌كان، كۆبوونه‌وه حیزبییه‌كان له‌ناو ئۆرگانه‌كان وپاشانیش نووسینی راپۆرت له‌چوارچێوه‌ی پره‌نسیپی رێكخراوه‌یی وه‌ك خۆیان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن نه‌ك ده‌سته‌به‌ری ئازادیی ئه‌ندامێتیی نه‌كردووه به‌ڵكو به‌نووكه قه‌ڵه‌مێكیش وه‌ڵامی داواكاریی وپێشنیاره‌كان نه‌دراوه‌ته‌وه، له‌م روانگه‌یه‌وه ناتوانرێت مۆری دیموكراسیی بوونی بنرێت به‌ته‌وێڵی یه‌كێتییه‌وه، به‌ڵام له‌چاو حیزب ورێكخراوه‌كانی تری كوردستان، یه‌كێتی كراوه‌ترو بواری قسه‌كردنی تیا ماوه، مه‌ترسی پاشه‌كشێكردنی ئازادیی بیروڕا، نه‌خوێندنه‌وه‌ی بۆچوونی نوێبوونه‌وه، بوونه هه‌وێنی ده‌ستبه‌كاربوونی كۆمه‌ڵێك كادر‌و پێشمه‌رگه‌ی دێرین له‌بزووتنه‌وه‌ی رابوون وپاشانیش ره‌گ تا ئه‌و بۆشاییه پڕ بكه‌نه‌وه‌و به‌ره‌ی ریفۆرم وچاكسازیی له‌كاڵبوونه‌وه‌و په‌رته‌وازه‌یی بپارێزن، وه‌ڵامێكی باشیش بوو بۆ تێكشكانی ئه‌و تێز‌و بانگه‌شانه‌ی كاریان بۆ یه‌كڕه‌نگی ویه‌كده‌نگیی یه‌كێتی ده‌كرد تا له‌م بیرۆكه‌یه‌وه سه‌ركردایه‌تی خۆهه‌ڵبژێری یه‌كێتی پاڵی لێبده‌نه‌وه‌و چوارچێوه‌یه‌ی هێڵی گشتیی كۆنگره به‌مانه‌وه‌ی خۆیان دابڕێژن، یه‌كێتی به‌یه‌ك كۆنگره‌و چه‌ند پلینۆمێك ناتوانێت كۆی كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌گه‌ر واقیعبینانه له‌دۆخ وژیانی سیاسیی وكۆمه‌ڵایه‌تی وئابووری كوردستان بڕوانین كه‌حیزب تیایدا له‌هه‌موو شوێنێك ئاماده‌یه ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی هه‌موو گۆڕان ووه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره پێویستی به‌كات هه‌یه، پێش كاتیش به‌متمانه‌ی تاكه‌كانی حیزب له‌سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگره تاوه‌كو بچووكترین ئۆرگان هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌كۆنگره‌ی سێ‌دا 30% گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌كێتی به‌ره‌و چاره‌سه‌ر رۆیشتن، مانای یه‌كێتی ده‌بێته‌وه به‌و هێزه‌ی له‌زه‌مینه‌سازیی به‌رده‌وامدا هه‌نگاو به‌هه‌نگاو خۆی بۆ چاره‌سه‌ری 70% تری ئاماده ده‌كات، بۆ زامنكردنی هه‌نگاوه‌كانیش ئومێد‌و ته‌مه‌نا گه‌رووی وشكبووی یه‌كێتی پاراو ناكات، وه‌رزی نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیش وه‌ك خۆیان بانگی بۆ ده‌ده‌ن به‌دروشمی ته‌ڕی بێناوه‌ڕۆك وبچووككردنه‌وه‌ی كێشه‌كان وبادانی ده‌ستی یه‌كتر سه‌وز نابێت، كۆنگره ده‌بێت چه‌تری كۆبوونه‌وه‌ی دژبه‌ره‌كانیش بێت نه‌ك ته‌نیا كۆبوونه‌وه‌ی یه‌ك دوو خه‌ت، جا ئه‌گه‌ر شێمانه‌ی یه‌كه‌م زاڵبوو ره‌وشه‌كه وه‌ها ئاڵۆز ده‌كات گه‌ر یه‌كێتی وپه‌یكه‌ره‌كه‌ی له‌ت له‌ت نه‌كات ئه‌وا ئۆرگان وتاكه‌كان په‌رت په‌رت ده‌كات، به‌م ده‌ره‌نجامه‌ش سیستمی سیاسیی وكارگێڕیی كوردستان ناهاوسه‌نگ ده‌بێت وئازادیی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و زیندانه تاریكه‌كان راپێچ ده‌كرێت. له‌كۆتاییدا دوو هۆكاری سه‌ره‌كیی هانده‌رن بۆ گۆڕین و نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی:
یه‌كه‌میان:گوشاری باڵی ریفۆرم به‌كۆی هه‌وڵ وئاڕاسته‌كانه‌وه له‌ناوه‌وه‌ی حیزب به‌لاوازیی وبه‌هێز له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌ناكرێت رۆڵی ئه‌رێنیان له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، په‌ڕاوێزكردنیان شكاندنی ئێسكی بڕبڕه‌ی پشتی یه‌كێتییه‌و هێشتنه‌وه‌یه‌تی له‌خۆكوشتنێكی هێمنانه‌دا.
دووه‌میان:پڕه‌نسیپ وبنه‌مای سۆسیال – دیموكرات وئه‌ندامبوون له‌سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنال، هه‌روه‌ها دانانی مام جه‌لال وه‌ك جێگری ئه‌و رێكخراوه یه‌كێتی ده‌خاته به‌رده‌م ئه‌ركی گه‌وره گه‌وره‌وه، كه‌چیتر له‌تواناو ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركردایه‌تیدا نه‌ماوه خۆی له‌جێبه‌جێكردنیان بدزێته‌وه‌و دوایان بخات.
رزگار ساڵح
*رزگار ساڵح عه‌بدولڕه‌حمان، له‌دایكبووی ساڵی 1963، شاری سلێمانی.
*ده‌رچووی ئاماده‌یی كشتوكاڵیی به‌كره‌جۆ- سلێمانی.
*ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیی كردووه به‌رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه.
*ساڵی 1983 په‌یوه‌ندیی كردووه به‌ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه.
* ئێستا ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی رابوونی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانه.
*چه‌ند ساڵێكه له‌هه‌نده‌ران ده‌ژی و‌ئێستا له‌وڵاتی هۆڵه‌ندا نیشته‌جێیه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
