
- وه‌ك ده‌زانین شیعر پێناسه‌ی ناكرێ، ئه‌ی كه‌واته چۆن بیناسینه‌وه؟
- شاعیرانی گه‌نج مه‌گه‌ر تاك و ته‌را، ئه‌گینا جیددیی نین، پێت وایه هیچ كامێكیان ده‌نگی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێ؟
- چۆن هاوبه‌ندیی دروست بكه‌ین له نێوان ئێستێتیكا و نێوه‌ڕۆكی ده‌قدا، هیچ كام له‌م دووانه پێش ئه‌ویدی ده‌كه‌وێ؟
- له دوای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه كۆمه‌ڵێك گه‌نج خۆیان به نوێخواز ده‌زانن، پێت وایه بتوانن به شیعره‌كانیان كۆمه‌كی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی دوای 2000 بكه‌ن؟
ئێسته له بواری شیعر نووسیندا كۆمه‌ڵێك گه‌نج ده‌بینرێن كه به‌رده‌وام خه‌ریكی كۆپیكردنی ئه‌زموونگه‌لێكی ده‌ورووبه‌ریانن، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی كه شیعری گه‌لێك له گه‌نجه‌كان به جیددیی نه‌خوێندرێنه‌وه، هه‌ڵبه‌ت له پاڵ ئه‌م ته‌رزه (شاعیر) انه‌یشدا، ته‌رزێكی دیكه هه‌ن كه هه‌م لاته‌ریكن، هه‌م تا ئه‌ندازه‌یه‌ك جوداوازن. ئێمه ویستمان چه‌ند پرسیارێكی زۆر له‌م پرسیارانه‌ی خواره‌وه‌دا چڕ بكه‌ینه‌وه كه دیالۆگگه‌لی به‌رفراوانیان له باره‌وه كراوه له لایه‌ن (شاعیره ئه‌زموونداره‌كان)، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆكه‌یشی له‌گه‌ڵدا بێ كه‌س نه‌هات چه‌ند پرسیارێك قووت بكاته‌وه له به‌رده‌م چه‌ند گه‌نجێكدا تا ڕوانینه‌كانیان بووه‌شێنن و بزانین له ڕوانگه‌ی ئه‌وان چ وه‌ڵامێك ده‌بینین. ئه‌مه شتێكی نه‌كرده بوو، به‌ڵام دواجار له بری هه‌ر كه‌سێكی دیكه ئه‌م كاره‌مان كرد، نازانین ئه‌و شاعیرانه‌ی له خواره‌وه‌دا به‌رسڤیان داوینه‌ته‌وه، كه‌س قاییل ده‌كه‌ن یان نا، ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی ده‌ربڕین و ئاگایی و مه‌عریفه‌یان، گرنگ ئه‌مه‌یه: ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان هات و پێویست بوو بیكه‌ین، كردمان...
با بزانین، شاعیران (ڕابه‌ر فاریق- ئارێز سمكۆ حوسێن- ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر) چۆن دواون له هه‌مبه‌ر ئه‌م پرسیارانه‌دا:
كارزان ڕه‌حمان: وه‌ك ده‌زانین شیعر پێناسه‌ی ناكرێ، ئه‌ی كه‌واته چۆن بیناسینه‌وه؟
ڕابه‌ر فاریق: شیعر، وه‌كوو كرده‌یه‌كی ناوه‌كیی تاك، هاوكات ڕسكانی ئێستێتیكا و زمان وه‌هایه، له یه‌ككاتدا، واته: ئێمه كاتێك شیعر ده‌ناسین كه له
پشت خه‌مه خودی- جڤاتییه‌كانی شاعیردا هه‌ست به به‌ڕێوه‌بوونێكی (بوون) یی و ڕیشئاژۆییی به‌رده‌وام و نه‌وه‌ستاو و نیگه‌ران، هاوكات یارییه قووڵه‌كانی زمان و فۆڕم و جواننووسیی داهێنه‌رانه بكه‌ین و به كۆمه‌كی ئه‌م ڕه‌هه‌ندانه چێژ و ئه‌فسوونگه‌لێكی ناوه‌كیی ده‌ق به كێشمان بكه‌ن به‌ره‌و ڕه‌هه‌نده‌كانی بیركردنه‌وه و ڕامان له په‌یڤ و وێنه و ده‌رهاوێشته شیعرییه چڕ و ڕسكاوه‌كان. شیعر ناسینه‌وه وه‌كوو ناسینه‌وه‌ی خودگه‌لێكه له نێو تاكه‌كه‌سێكدا، چونكه شیعر كۆمه‌ڵێك ده‌رگه داده‌خا، هاوكات كۆمه‌ڵێكی دی ده‌كاته‌وه، ئه‌م ده‌رگایانه‌یش ته‌نها به كلیلی بیركردنه‌وه و ماندووبوون ده‌كرێنه‌وه، ده‌رگه كراوه‌كانیش چ كاتێك مایه‌ی ئێست بۆ كردن نیین، چونكه له كاڵبوونه‌وه‌دا درێژ ده‌بنه‌وه، به‌ڵام هه‌رچی داخراوه‌كانن، له داهێناندا شوێنپێكانیان به جێ ده‌هێڵن و تارمایییه‌كی جوان و واته‌به‌خش له سه‌ر خاكی زماندا ده‌هێڵنه‌وه، له دواجاریشدا، له میانه‌ی (مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی) و (سنووربه‌ند) ییدا كرمۆڵه نابن، به‌ڵكوو له شوێنه تاریكه‌كاندا بوونایه‌تیی خۆیان هه‌ست پێ ده‌كه‌ن، له بۆیه، شیعری داهێنراو به كه‌ره‌سته‌گه‌لی سرووشتیی و زمانه‌وانیی و فۆڕم و ته‌كنیكه‌وه... تاد ده‌خه‌مڵێ، پرسیاری فه‌لسه‌فیی و ئه‌ده‌بیی وه‌ها ده‌وروژێنێ كه ناچارمان ده‌كا له به‌رانبه‌ریدا گۆمی مه‌نگی وه‌ستانه‌كانمان بشڵه‌قێنین، چونكه ئه‌م جۆره ده‌قانه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجامه گشتگیر و سه‌ڵته‌كان و ده‌لاله‌ت و شیفره‌كانی ئێمه‌دا (بوون) ی خۆیان مانیفێست ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له پاژ و خه‌سڵه‌ته هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌ر ده‌قێكی مه‌زن، كه یاده‌وه‌ریی مرۆ هه‌ڵده‌كۆڵێ و له بایه‌خدان به بنچینه‌كانی لێوردبوونه‌وه و قووڵایی، ڕاست ده‌بێته‌وه.
شیعر، وه‌ك چۆن وه‌زیفه‌یه‌كی دیاریكراوی نه‌گۆڕی نییه، ئاواهییش له شتێك، ئامرازێك، جیهانبینییه‌كی (تاك) ی و (كۆ) ییدا نامێنێته‌وه. شیعر به گۆهێنانی زمانه، به گۆهێنانێك كه زات كۆمه‌كمان ده‌كا. ئێمه وه‌كوو مرۆڤ پێویسته خۆمان له ژێر هه‌ڵپه‌رستییه‌كانی منداڵه‌كانی ناخمان قورتار بكه‌ین، به‌ڵام وه‌كوو شاعیر (به كۆمه‌كی ئاگایی) ده‌بێ ته‌سلیمیان ببین. شیعر شه‌مه‌نده‌فه‌ر نییه تا به ده‌نگه گه‌وره‌كه‌ی بناسرێته‌وه. ته‌نها شتێك هانمان بدا له هه‌موو كاتێكدا ده‌قی ئافرێنراو بیناسینه‌وه، خوێندنه‌وه‌یه‌تی له ڕووی ناوه‌كییه‌وه.
شیعر، له میانه‌ی دوو دۆخی شڵه‌ژاو و لێكدژدا ده‌خوڵقێ: ئاگایی و نا ئاگایی، به‌ڵام سرووتی خوێندنه‌وه‌ی له یه‌كه‌میان- ئاگاییدا به‌رجه‌سته ده‌بێ، هه‌ر به‌و ده‌لاله‌ته‌یش، له‌وێدا به‌ره‌و ڕووی (چییه‌تیی ده‌ق) مان ده‌كاته‌وه، نه‌ك نووسه‌ر و (چۆنایه‌تیی) . من وه‌ها ده‌چمه نێو لایه‌نه په‌نهانه‌كانی ده‌ق، هه‌ر له‌وێوه‌یش هه‌ندێك شیفره ده‌دۆزمه‌وه بۆ پتر ئاشنابوون به لایه‌نی ئێستێتیكیی و مۆسیقا ناوه‌كیی و ئاسته‌نگ و بۆشاییه‌كانی. له دۆخی ئێسته‌ی ئه‌ده‌بی كوردییدا، داهێنان و ڕێكلام هاوئاستن له خستنه‌ڕووی هه‌ر شت- لایه‌نێك، له كوردستاندا، واته: كاتێك نووسینێك، نیگارێك، گۆرانییه‌ك، دروستكردنی بینایه‌كی تازه‌ی خانوویش، له جوداوازییدا بنچینه‌یان داناوه، مومكین نییه هێنده‌ی (ده‌ق) ێكی (عاشقانه) ی ساكارنووسی سواو (بوون) ی خۆیان مانیفێست بكه‌ن. له هه‌موو سه‌رده‌مێكیش وه‌ها بووه كه ده‌قی مردوو قبووڵ ده‌كرێ، تا داهێنان.
نووسه‌ر- خوێنه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قی شیعر بناسێته‌وه، بێجگه له ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی ئاگاییی خۆی، كۆمه‌كی چ شتێكی دیكه‌ی گه‌ره‌ك نییه، تۆ بڕوانه، چه‌ند جار له كاتی دیالۆگت له‌گه‌ڵ نووسه‌رێك، خوێنه‌رێك، هاوڕێیه‌كدا كه‌وتوونه‌ته نێو پارادۆكسێكی قووڵه‌وه، ئه‌مه‌یش به بێ ئه‌وه‌ی یه‌كێكتان زێتر له‌ویدی توانستی ئه‌وه‌ی هه‌بووبێ قایل‌بوون بخاته‌وه؟ به دڵنیاییه‌وه؛ گه‌لێك جار دیالۆگی وه‌ها ئاماده‌گیی ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ له سه‌ر ده‌قه فره‌ڕه‌هه‌نده‌كان ڕوانینه‌كانمان چڕ بكه‌ینه‌وه تا له ده‌لاله‌ت و واته و (ئه‌ودیو) یان تێبگه‌ین و به‌شدار بین له خستنه‌وه‌ی ده‌رخستنی ده‌قه فره‌خوێندنه‌وه‌كان، بۆیه‌یش وه‌ها ده‌ڵێم، چونكه ئه‌وه ده‌قی سه‌ڵته كه له خوێندنه‌وه‌یه‌كدا هه‌موو كۆده‌كانی هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه و جارێكی دی ده‌رفه‌ت بۆ ڕه‌خنه‌گر ناڕه‌خسێنێ تا بچێته‌وه كنی و له ڕوانگه‌ی تایبه‌تیی خۆی، یان میتۆده زانستییه‌كان، ڕاڤه و سه‌رنجه‌كانی بووه‌شێنێ.
دواجار، مادام نووسین درێژه‌كاری بێزاریی خود نییه، به‌ڵكوو له باره‌یه‌وه ده‌په‌یڤێ؛ به وشه، هاوكات مادام نووسه‌ری ڕاسته‌قینه هه‌رگیز ناتوانێ فریشته بێ، ئه‌گه‌ر توانستی جه‌للادیی تێدا نه بێ، ئیدی نووسینی جیددییش (با ئه‌و نووسینه شیعر بێ) ئه‌گه‌ر هاتوو توانیی له نێو هه‌موو پارادۆكسه‌كاندا ته‌باییه‌كی جوانیناسانه بخولقێنێ، ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م ڕستانه‌یش مه‌رج و قاڵب نیین، بۆیه ئێمه له‌م ئه‌نجامگیرییه‌دا گه‌ییشتین به‌وه‌ی كه شیعر ته‌نها له كاتێكدا ده‌ناسرێته‌وه كه بخوێنرێته‌وه. خوێندنه‌وه كلیلی ده‌رگه و ئاشنابوونه به كۆی ڕه‌هه‌نده‌كانی ده‌قه ئیبداعیی و سه‌ڵته‌كان.
ئارێز سمكۆ حوسێن: شیعر ناتوانێت خۆی له نێو هیچ پێناسه‌یه‌ك گیر بكات و به شێوه‌یه‌ك وابه‌سته‌ی هیچ چوارچێوه‌یه‌ك نابێت. كه‌واته؛ شتێكه نه‌ستییه
و ده‌كرێ ماناكه‌ی له نێو ئاڵۆزیی ژیاندا بیدۆزینه‌وه، ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌یش له ساتی نووسیندا هه‌ستی پێده‌كه‌ین، واتا ته‌نها له‌م كاته‌دا شیعر مانای خۆناسینی به ده‌سته‌وه ده‌دات. هه‌ڵبه‌ته هیچ كاتێك دۆزینه‌وه‌یه‌كی ڕه‌هایانه‌یش نییه بۆ شیعر. تۆ ته‌ماشا بكه؛ ئه‌گه‌ر له هۆمیرۆسه‌وه بگریت تا شاعیرانی ئێسته، تۆ بینیوته شیعریان دۆزیبێته‌وه یان ماناكه‌ی، ئاخر هه‌موو شتێك له نێو ماناكه‌ی خۆیدا، خۆی وه‌ك خود هه‌ڵگرتووه. ئێمه كه مرۆڤین، ئایا مانای ئێمه هه‌ر له‌نێو مرۆڤبوونماندا نییه؟ ده‌كری تۆ بڵێیت مرۆڤایه‌تی ڕاستگۆییه، لێخۆشبوونه، به‌زه‌یبوونه؟ موومكین نییه هیچ شتێك له ده‌روه‌ی خۆیدا مانای هه‌بێت. تۆ وه‌ك مرۆڤ ته‌نها مرۆڤیت، كه‌واته: ئه‌مه ته‌نها له نێو ئیشكردنه نه‌ك دڵنیابوون و گه‌ییشتن به هه‌قیقه‌ت تێیدا. له لایه‌كتره‌وه، به‌و مانایه‌ی كه شیعر وه‌ك كایه‌كی زانستی ڕووت نییه، تا ئێمه بتوانین وه‌ك مادده‌یه‌كی كیمیایی هێمایه‌كی بۆ دابنێین، یان وه‌ك هاوكێشه‌یه‌كی ماتماتیكیی ئه‌نجامێكی ئه‌رخه‌یانیانه‌ی باوه‌ڕپێكراوی هه‌بێت، یان وه‌ك ڕووداوێكی مێژووی بیگێڕینه‌وه، به‌و مانای له ساتێكی دیاریكراودا ڕوویداوه، هیچ كاتێكیش شیعر وه‌ك چیایه‌ك به‌رزیه‌كه‌ی و وه‌ك ڕووبارێك درێژی، ڕووبه‌ره‌كه‌ی دیار نییه، ئه‌مه‌ش لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ نمایش ده‌كات كه شیعر وه‌ك زانستێكی مرۆڤایه‌تیش نیییه، چونكه له زانسته مرۆیه‌كاندا پێوه‌ر هه‌یه، لی شیعر له گه‌لێك له‌م پێوه‌رانه به‌ده‌ره، له بۆیه شیعر دنیایه‌كی ئاڵۆز، هه‌مه‌چه‌شن، فره‌ڕه‌هه‌نده، بۆیه به ته‌نها نابێت باس له شیعر وه‌ك چه‌مك بكه‌ین، چونكه هه‌ر شیعر به‌س نییه بۆ هێنانه‌كایه‌ی خۆی، به‌ڵكو له پاڵ شیعردا كۆمه‌ڵێك چه‌مكی تر هه‌ن كه زمان، شاعیر، زه‌مه‌ن، خوێنه‌رن، ئه‌مانه‌یش هه‌ر یه‌كێكیان ده‌ورێكی كاریگه‌ر وازی ده‌كه‌ن له بوونیه‌تی، هاته‌نه‌كایه‌وه‌ی شیعردا، ئه‌مه‌ش دواجار به فه‌رامۆشكردنی هه‌ركامێكیان، شیعر ماناكه‌ی له ده‌ستده‌دا و بێبه‌ها ده‌بێت. ئێمه له‌باتی ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی شیعر بكه‌ین، ده‌بی شیعر ته‌ماشاكه‌ین، چونكه شیعر شتێكی هه‌ستپێكراو نییه، بۆیه شیكردنه‌وه و ته‌ماشاكردنی شتێكی زهنیه، ئه‌وه‌یش كه به ده‌ستی ده‌هێنین هه‌ر هزرییه. به بڕوای ئێمه، شیعر له دواجاردا پرۆسه‌یه‌كه تێیدا كه‌سی شاعیر به كۆمه‌كی بیرێك، بیرۆكه‌یه‌ك، زمانێكی باڵا، ده‌كه‌وێته كه‌شفكردن و نزیكبوونه‌وه له هه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵاندنی مانای ژیان، ئه‌مه‌ش هه‌ر یه‌كێك له شاعیران به جۆرێك (جیاواز له یه‌كتریی) له خه‌یاڵه‌وه بۆ ژیان ده‌ڕوانن، بۆیه ده‌بینین هه‌ر شاعیرێك دنیایه‌كی تایبه‌ت به خۆی ده‌بێت، كه له دنیا و ڕووانبینینیی هیچ كه‌سێكیتره‌وه، به خودی كۆی شاعیرانی تریشه‌وه ناچێت. ئه‌وه نییه كاتی ناوی نووسه‌رێك ده‌هێنین، یه‌كان دوو ئه‌و دنیایه دروستكراوه‌ی كه ئه‌و له به‌رهه‌مه‌كانیدا ئه‌فراندونی، دێته‌وه بیرمان. هاوكات لێره‌وه كه ده‌ڵێین نووسه‌ر، هه‌ر به ته‌نها له‌گه‌ڵ شاعیرمان نییه، به‌ڵكوو كۆی ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه كه ده‌ق ده‌ئافرێنن. هه‌ڵبه‌ته نه دنیابینینی ماركیز له ه‌ی بۆرخێس ده‌چێت (ئه‌گه‌رچی هه‌ردووكیان له سه‌ر یه‌ك ڕێبازی ئه‌ده‌بیی ده‌یاننووسی) نه سوهراب و فه‌رووخزاد، نه ماغووت و ئه‌دۆنیسیش له یه‌كتریی ده‌چن. ئه‌ز كه شیعره (هه‌ڵبه‌ته) وه‌رگێڕدراوه‌كانی (گوننار ئێكێلۆف) ی شاعیری سوێدیی ڕۆژهه‌ڵاتناس ده‌خوێنمه‌وه، ڕێك شوێن زه‌مه‌نی سه‌رابی ده‌كه‌وم و هیچ گرفتێكم نابێت، ئه‌وه نه‌بێت خه‌م بۆ ده‌وڵه‌ت نه‌بوونم ده‌خۆم، كافكا- ش ئه‌وه‌م پێ ده‌ڵێت به شێوه‌یه‌كی مه‌رگاوی، هه‌ڵبه‌ته (ئه‌لبێركامۆ) ش بێهووده‌یی، له ژیان بڕوانم.
له لایه‌كی تره‌وه؛ ئه‌گه‌ر له‌و پێناسه ته‌قلیدییانه خۆمان ڕزگار بكه‌ین، به‌وه‌ی كه شیعر هه‌ست و سۆز ده‌جوڵێینێت، من ئه‌وه‌م له كن ڕاستتره كه هه‌ستكردن به شیعر، شیعرییه‌ته، نه‌ك جوڵاندنی سۆز! ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له كه‌شفكردنی شیعردا شتێكمان بۆ به دیار ده‌كه‌وێت كه: شیعر به گه‌ڕِخستنی زمانه و له نێو هه‌ناوی وی‌دا زمان باڵا ده‌كات، به جۆرێك له ده‌روه‌ی شیعردا، زمان له‌و كه‌ره‌سته خاوه ده‌چێت كه هه‌رگیز كارگه نه‌بینێت و نابێته مادده‌یه‌كی سوودبه‌خش، هه‌روه‌ك عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا پێی وایه: "ئه‌وه شیعره كه ماهیه‌تی زمانی تێیدا جێبه‌جی ده‌كرێ". به‌و مانایه شیعر هه‌ر جووڵاندن نییه، به‌ڵكوو خۆ دۆزینه‌وه و درووستكردنه‌وه‌ی زمانه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كی هۆڕمۆنیانه‌ی توندی به بیركه‌ره‌وه هه‌یه كه كار له نێوان شیعر و زماندا بكات، ئه‌مه‌ش خودی كاره ڕه‌سه‌نایه‌تییه، گه‌ردونیانه‌ی ئه‌ركی شاعیره. له بۆیه، پێم سه‌یره كه زۆرێك له خوێنه‌ر، ڕه‌خنه‌گران پێیان وایه كه نووسینی شیعر كارێكی سانایه، له كاتێكدا له كن من سه‌ختترین جۆری نووسینه. ئاخر وتارێك ئه‌و كاته ده‌نووسرێت كه ئارایشیه‌ك نمایش بكات، ئه‌مه له كاتێكدایه كه شیعر ده‌ربازبوونه له‌و ته‌نیایی- نیگه‌رانییه گه‌ردوونیه‌ی كه شاعیر له جێی كۆی تاكه‌كان هه‌ستی پێده‌كات و ده‌ریده‌بڕێت، هاوكات دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خوده ڕاڕایه‌یه. له لایه‌كی تره‌وه، وتارنووس ڕووكه‌شیانه له كێشه‌كانی مرۆڤ ده‌دوێت، كاتێكیش باس له دیارده‌یه‌ك ده‌كات و به په‌له له سه‌رپێچییه‌ك ده‌دوێت، ته‌نها نمایشكردنی شتێكی دیاره، لی شیعر هاوده‌م چڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ون، مه‌یل، ئازاره‌یه كه ئه‌سته‌مه منی مرۆڤ، به واتای (منی بیركه‌روه) لێی ده‌ربازبێ. شیعر تا سه‌ر له یه‌ك ئیتار و گوفتاردا خۆی نابینێته‌وه، هه‌ر زه‌مه‌نێك شیعر یاخود تاكی خوێنه‌ر به دۆزینه‌وه‌ی به‌هاكان و خۆئاوێزان كردن له نێو شیعردا، ئه‌ركی قورستتر به شیعر ده‌سپێرن. ئه‌گه‌ر تاكێكی دوورگه‌ی عاره‌بی له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌چووه باژێڕی (عوكاز) تا ستایش، داشۆرینی كه‌سه‌كان ببیستێت، ئێسته خوێنه‌ر هۆڕمۆنیانه له‌گه‌ڵ شیعردا تێكه‌ڵ ده‌بێت، تا ئه‌و ڕاڕایی، ته‌نیاییه‌ی هه‌یه‌تی، له‌بیری بكات.
سه‌باره‌ت به به‌شی كۆتاییی پرسیاره‌كه‌ت؛ (ئه‌ی كه‌واته چۆن بیناسینه‌وه؟) ئه‌مه‌ش ڕێك له‌وه ده‌چێت كه ئایا باپیره گه‌وره‌مان له هه‌شت پشته‌وه، ئه‌گه‌ر هاته خه‌ونمان ده‌یناسینه‌وه؟ پێت وا نه‌بێت ئه‌مه شتێكی نا موومكین بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناسینه‌وه بۆ شیعر هه‌رگیز نابێت، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه هه‌ست به شیعربوونی ده‌قێك ده‌كه‌ین، به‌و مانای كه‌ڵه‌كه‌بوونی كۆمه‌ڵێك وشه‌ی ئاسۆیی و ستوونیی به‌س نیین تا ناوی لێبنێین شیعر، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه له كن زۆرێك كرده‌ی ناسینه‌وه بێت. تۆ ته‌ماشای ئه‌م گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌ی ئێسته مه‌كه، كه پێم وایه زیانێكی زۆر له ئه‌ده‌بی كوردی ده‌دا ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، به‌و مانایه‌ی كه ده‌بینین ئه‌و هه‌موو وڕێنه و قسه فڕێدراوه به شیعری باڵا، ته‌مومژاوی، به سه‌ر خوێنه‌ری ساویلكه، فه‌قیرۆكه‌ی كورددا ده‌فرۆشرێته‌وه، ئه‌مه‌ش دواجار یان خوێنه‌ر خۆی ده‌گاته ئاستێكی هۆشیاری واز ده‌هێنێت، هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستمان له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م قسه بێتامه فڕێدراوانه، یان بنووسی ئه‌و ڕسته بێناوه‌ڕۆكانه واز له‌م ته‌رزه نووسینانه ده‌هێنن، كه ئه‌مه‌ش هه‌ركه‌سێك له‌م ته‌رزه بنووسانه چه‌نده زوو واز بهێنێت، باشتره. ئه‌مه‌ش هاوجی دوای ئه‌م هه‌سته‌كییه‌ی كه له ده‌قێكدا ده‌یبینینه‌وه خۆی پێمان ده‌ڵێت ئه‌مه شیعره، واته شیعر له هه‌رجێگایه‌كدا هه‌بێت، خۆی نمایش ده‌كات، ئه‌مه‌یش په‌یوه‌سته به‌و هۆشیارییه‌ی كه خوێنه‌ر پێی ده‌ڵێ (جیدیی) ده‌یانبینێته‌وه. شیعر پڕۆسه‌یه‌كه بۆ گۆڕان، ئه‌وه نییه شاعیران له گۆڕینی زمانه‌وه، زیهنمان ده‌گۆڕن و ده‌مانجوڵێنن، دواجاریش ڕوانینبینیمان بۆ ده‌ورووبه‌ر ده‌گۆڕێت. ده‌زانی من شیعرییه‌ت هه‌ر له شیعردا نابینم، من كه چیڕۆك، ڕۆمانه‌كانی (شێرزاد حه‌سه‌ن) م خوێنده‌وه ته‌واو دیدگام به‌رانبه‌ر به شێت، منداڵ، هه‌رزه‌كار، ئاشق، نووسه‌ر، قه‌یره‌كچ، بێوه‌ژن، كه‌سی شه‌رمن گۆڕا، بۆیه‌یش تێگه‌یشتم كه ده‌بێت ناخی مرۆڤه‌كان بخوێندرێته‌وه و گوی له‌هه‌موو كه‌سه‌كان ڕابگرین، له‌گه‌ڵ برا بچووكه‌كانماندا بچینه شاری یاری و گوێ له مه‌یله ساده‌كانیان ڕابگرین، تا هه‌ست بكه‌ن كه منداڵیی خۆیان بینیوه، هاوكات سه‌رچیخ كه‌سه‌كان نمایش نه‌كه‌ین، كه‌سم له كن هه‌ڵه نه‌بێت و ڕێز له هه‌موو كارێك و ڕایه‌ك بگرم كه مرۆڤه‌كان ده‌یكه‌ن و ده‌ریده‌بڕن، ده‌زانی له‌و كاته‌وه دایك، خوشك، هاوڕی، براكانم خۆشتر ده‌وێت، لی ڕقم له واعیزه‌كان، بكوژه‌كان ببێته‌وه، واته له‌وێدا شیعریه‌تم دۆزییه‌وه، هیوادارم كه‌سیش وه‌ها لێم تێنه‌گا كه مه‌به‌ستم له‌وه‌بێت حه‌كایه‌ته‌كانی شێرزاد ڕسته‌ی شیعریی تێدایه. كه‌واته شیعر ده‌چێته نێو ژیان، هه‌روه‌ها مه‌رجیش نییه شیعر هه‌ر به ته‌نها به وشه بنووسرێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و شته‌ی ده‌جوڵی و به جۆرێك هونه‌ر، جوانناسیی ده‌وه‌شێنی. بۆ من هونه‌رمه‌ندی هێژا (مریه‌می ئیبراهیم پوور) خۆی له ده‌قێكی باڵای شیعریی ده‌چێت. تۆ بینیوته ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌و ده‌یانكاته گۆرانی، باڵایان پێده‌به‌خشێت و هه‌له‌كه‌سه‌مایان پێده‌كات، ئه‌مه‌ش دواجار له كن من ده‌بێته شیعر. به‌و مانایه‌ی خوێنه‌ر ته‌نها پێویستی به‌وه هه‌یه كه ئه‌و هه‌سته ئێرۆسییه‌ی ده‌قێك هه‌یه‌تی، وه‌ك چرایه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیدا بیگێڕێت و له هه‌ر جێگایه‌كدا نووسینێكی بینی، به‌و مانایه‌ی كه شیعره، ئایا شیعریه‌تی تێدایه؟ یان ئه‌و باره بدۆزێته‌وه كه بتوانێت ئازادییه‌كانی تێدا پڕاكتیزه بكات، جگه له‌وه‌ی كه ڕه‌گه‌زه‌كانی ئافراندن (ئیبداع) ی تێدا هه‌بێت. ده‌بوایه زیاتر له سه‌ر بابه‌تی ئافراندن قسه بكه‌ین، چونكه په‌یوه‌ندیی به كاكڵه‌ی نووسین هه‌یه، به شیعریشیه‌وه، لی زۆر درێژ ده‌بێته‌وه و ڕه‌نگه شێوازی دیمانه‌كه ڕێگه‌مان پێ نه‌دات، ئه‌مانه‌یش گشتیان په‌یوه‌ندییان به ئاگایی، هۆشیاریی خوێنه‌ره‌وه هه‌یه.
ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر: شیعر پێناسه ناكری. من حه‌ز ده‌كه‌م سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه قسه بكه‌م، چونكه زاده‌ی دروستكردنی پرسیاره‌كه‌یه و وێنه‌ی
ڕه‌گێكی پته‌ویش به‌ستراوه‌ته‌وه به ناسینه‌وه یان دۆزینه‌وه‌ی شیعر، وا ده‌زانم زیاد له هه‌ر شتێكی تریش ئه‌گه‌ر بۆ به‌شی دیاری شتێك بگه‌ڕێین یان بمانه‌وێت هه‌وڵی ئاشكراكردنی ڕووی شتێك بده‌ین پێویستمان به به‌شه نادیاره‌كه‌ی هه‌یه تا كاری له سه‌ر بكه‌ین. شیعر بۆچی بووه‌ته ئه‌و گۆزه‌یه‌ی ئاوی تی ده‌كه‌ین و لێشی ده‌خۆینه‌وه، ئینجا نایشیناسین، ئه‌مه بۆ؟ له ڕاستیدا من پێم وایه شیعر به‌ستراوه به بوونی مرۆڤه‌وه، په‌یوه‌ست ده‌بێت به مه‌سه‌له‌ی بوونه‌وه (بوون به هه‌موو كێشه‌و ئاراسته دژه‌كانیشی) ... چونكه ئه‌گه‌ر بڵێین شیعر خۆی به ته‌نها هه‌م گۆزه‌كه‌یه و هه‌م ئاوه‌كه‌یش، ڕاسته‌وخۆ ده‌بێت بپرسین: ئه‌ی ئێمه كێین؟ كه‌واته شیعر بۆ شاعیر ده‌بێت به‌و ئاوێنه نادیاره‌ی شته نادیاره‌كانی تێدا ده‌بینی و ڕووبه‌ڕووییان ده‌بێته‌وه. شاعیر له فه‌زایه‌كدا كار ده‌كات ناتوانێت هه‌میشه به‌و جۆره‌ی كه هه‌یه تیایدا بمێنێته‌وه، ئه‌و به‌رده‌وام ده‌زووییه‌ك یان به‌نێك له ڕۆحی‌دا درێژده‌بێته‌وه له ئاسمانی شیعردا... هه‌رگیز ناگاته ئه‌و كۆللاره‌ی خۆیشی نازانێت چۆن هه‌ڵدراوه. شیعر حاڵه‌تی په‌یوه‌ست بوونه به‌و شتانه‌ی نا‌توانیین تا هه‌تایه تیایاندا به بنبه‌ست بگه‌ین، ئه‌و شتانه‌ی نا‌توانیین به چه‌نده‌ها جار بیانبینین، ئه‌و شاعیره‌یش كه ده‌یه‌وێت شته بینراوه‌كان دووباره له شیعردا وه‌ك خۆی پیشان بداته‌وه، هه‌وڵی كوێركردنی خۆی ده‌دات، كوێربوون به مانای وێرانبوونی دیدگا شیعرییه‌كه‌ی. كه‌واته؛ ناسینه‌وه‌ی شیعر تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندبی به‌و شتانه‌وه هه‌یه كه شیعر پێیانه‌وه په‌یوه‌سته، درێژده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێڵه‌ی خودی شته ناكۆتاكان پێیدا تێپه‌ڕده‌بن، ئه‌گه‌ر بۆ ناسینه‌وه‌ی شیعریش له نێو ژانه‌ره‌كانی تردا بگه‌ڕِیێن ڕه‌نگه هه‌موو ژانه‌ره‌كان شیعرییه‌تییان تێدابێت، ئه‌مه تۆزێك ئاڵۆزی دروست ده‌كات به تایبه‌ت بۆ ئه‌ده‌بی ئێمه، چونكه ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی كوردیی به‌شی هه‌ره زۆری شیعره و دواتر تێكه‌ڵ به جۆره ده‌قگه‌لێكی تر ده‌بێت، ئه‌مه وه‌ها ده‌كات به هۆی ئه‌و پێشینه‌یه ئێمه هه‌میشه بۆ شیعر یان ڕۆڵی شیعر ئاگایانه و نا ئاگایانه بگه‌رێین، به‌ڵام شیعر خۆی (خۆی) ده‌ناسێنێت، به‌ڵام نابێت ئه‌وه له یاد بكه‌ین ئه‌وه كی یه ده‌یه‌وێت شیعر بناسێته‌وه؟ ئه‌مه زۆر گرنگه... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێوه‌ر و دیدگای هه‌ریه‌كێكمان بۆ شیعر جیایه، به‌ڵام ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین ئه‌و پێوه‌رانه چیتر له ده‌ستی ئێمه‌دا نه‌ماون، به‌ڵكوو شیعر هه‌مووی لی وه‌رگرتووینه‌ته‌وه.
كارزان ڕه‌حمان: شاعیرانی گه‌نج، مه‌گه‌ر تاك و ته‌را، ئه‌گینا جیددیی نین، پێت وایه هیچ كامێكیان ده‌نگی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێ؟
ڕابه‌ر فاریق: له‌م ڕۆژانه ده‌قێكی (ژوان پێنجوێنی) م خوێنده‌وه كه دوو ساڵ ده‌بێ، ئه‌گه‌ر پتریش نه‌ڵێم، ده‌قێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی (ئه‌م) م نه‌خوێندووه‌ته‌وه، واته ئه‌وه‌نده جوانبوو، ده‌مێك ڕایگرتم و وه‌های كرد چه‌ندین جار بیخوێنمه‌وه، ئێسته‌یش حه‌ز ده‌كه‌م چه‌ند جارێكی دیكه بگه‌ڕێمه‌وه كنی. جگه له (ماردین ئیبراهیم)، هیچ شاعیرێكی دیكه‌ی گه‌نج نییه ده‌نگی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێ، له‌وانه‌ی كه وه‌كوو گه‌نجه‌كان خوێندوومنه‌ته‌وه، ئه‌م ده‌ربڕینه‌یشم له ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه نییه، به‌ڵكوو ده‌رهاویشته‌ی ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌مه. گه‌نجه‌كان، جگه له خدووگرتن به چه‌ند ده‌نگێكی شیعریی ساخته، به دوای (هیچ) ییشه‌وه نیین، ئه‌مه‌یش له‌مه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌كان ناخوێننه‌وه و تۆوی (گومان) ناوه‌شێنن، مرۆیش كاتێك پشتی له گومان كرد، هاوكات ڕووی وه‌رچه‌رخاند به‌ره‌و لای ئه‌وانه‌ی كه پیرۆزییان خستووه‌ته پاڵ خۆیان و ده‌قه زه‌مه‌نییه‌كانیان، هه‌میشه‌یش له‌و كه‌سانه ده‌گه‌ڕێن كه شمه‌كی ده‌روێشیی ده‌پۆشن، ئیدی داهێنان ئاماده نابێ و بیری دۆگما و سه‌فسه‌ته شوێنگره‌وه‌ی گومان و ڕامان و هزر ده‌گرنه‌وه، هه‌ر وه‌ختێكیش خوێنه‌ر گه‌یشت به‌و ئاسته ترسناك و بنبه‌ست و كوشندانه، ئۆتۆماتیكییه‌ن له خوێنه‌رێكی خودئاگاوه خۆی ته‌رجه‌مه‌ی سه‌ر خودێكی كۆنتڕۆڵكراو ده‌كا.
نازانم مه‌به‌ستت له ده‌سته‌واژه‌ی (جیددیی) له‌م پرسیاره‌تدا چۆن ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام هێنده ده‌زانم كه جیددیی بوون په‌یوه‌سته به خوێندنه‌وه‌ی فره‌لایه‌نانه و په‌یڕوكردنی هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی په‌یوه‌ستن به به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه. مه‌سعود محه‌مه‌د له چه‌ند ڕسته‌یه‌كی دیمانه‌یه‌كیدا گوتوویه‌تی: (ئه‌گه‌ر نووسه‌ر بمرێ، ده‌مرێ، ئه‌گه‌ر له نووسین كه‌وت، ده‌مرێ، ئه‌گه‌ر خۆی سووك كرد ده‌مرێ، ئه‌گه‌ر ڕای خۆی بفرۆشێ، ده‌مرێ، ئه‌گه‌ر دووڕوویی كرد ده‌مرێ و ئه‌گه‌ر جنێو فرۆش بێ ده‌مرێ. خۆ ئه‌گه‌ر له یه‌كێك له‌مانه، جگه له‌وه‌ی یه‌كه‌م، نه‌مرد، ده‌بێ خوێنه‌ران بیمرێنن، ده‌نا بۆ خۆیان ده‌مرن. ) . به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌م ڕوانینه بهێنینه ته‌نیشت هه‌ر نووسین و نووسه‌ر و خوێنه‌رێكی كوردیی، تووشی سه‌دمه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بین، به‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵیان پارادۆكس ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌یش له‌مه‌وه دێ كه نه نووسینمان فه‌زا ده‌هێڵێته‌وه بۆ دیالۆگ و ڕه‌خنه، نه نووسه‌رانیش هێنده ڕوانینفراوانن كه بتوانن به‌شداریی بكه‌ن له به‌رهه‌مهێنانی گومان و خوێندنه‌وه‌ی جوداوازی یه‌كتریی، نه خوێنه‌رانیشمان هێنده قووڵ و بیركارن تا له بری ئه‌م دووانه‌ی سه‌ره‌وه خۆیان مانیفێست بكه‌ن، یاخود وه‌كوو به‌دیلگه‌لێكی ئاكتیڤ و ڕاستگۆ/ نووس، نووسینه‌كان و خۆیان پیشانی كۆمه‌ڵگه بده‌ن، ده‌بینین هه‌ر ئه‌مانه‌یشن كه ئه‌م دۆخه‌ی ڕۆشنبیریی كوردیان مردۆخ و داڕماو كردووه و هه‌رده‌میش له پێناوی جێگه‌خۆشكردنن بۆ به‌رده‌وامیدان به پیرۆزیی و له‌ل نه‌كردن.
مه‌سعود محه‌مه‌د گه‌لێك له‌مێژه ئه‌مه‌ی نووسیوه، به‌ڵام چونكه ئێمه له هه‌وڵی خوێندنه‌وه و به‌دواگه‌ڕاندا نیین، تا ئێسته نه‌مانتوانیوه ته‌ئویلگه‌لێكی فره‌ڕه‌هه‌ند بۆ كۆی نامه‌كانی ئه‌م پیاوه نا، به‌ڵكوو بۆ ئه‌م چه‌ند ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه بكه‌ین -كتێبه‌كانی هه‌ر هیچ، چونكه هێنده خراونه‌ته په‌راوێز، تۆ كه خوێنه‌رێكی گه‌نج و جیددیی بی، مومكین نییه بتوانی په‌یایان بكه‌ی تا بیانخوێنیته‌وه-، بۆیه ئه‌م دۆخه‌ی ئێسته‌ی ئێمه كه‌وتووه‌ته نێو خه‌ره‌ندی گه‌لێك وه‌هم و خه‌للاقییه‌تی بێ بنه‌مای وه‌هاوه كه ئه‌سته‌مه ئیشكالیه‌ته‌كان له ماوه‌یه‌كی زوودا به‌ره‌و چاره‌سه‌ر به كێش بكردرێن. من دڵنیام به ژماره 10 گه‌نج -ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌گوترێ گه‌نجی ئه‌دیب- تا ئێسته نه‌ك هه‌وڵیان نه‌داوه به هزری (شوكور مسته‌فا) و (مه‌سعود محه‌مه‌د) ئاشنابن، به‌ڵكوو ڕه‌نگه ئه‌م ناوانه‌یشیان له كن نامۆبێ، چونكه هه‌رده‌م خه‌ریكی كاره كۆپییه‌كانی (سوهراب سپێهری) و (فروغی فه‌رووخزاد) و (ئه‌حمه‌دی شاملوو) و (ئه‌دۆنیس) و كێ و كێی دیكه‌ن، به‌ڵام - به لایه‌نی كه‌مه‌وه- تا ئێسته نه‌هاتوون (نالی) و (كوردی) و (مه‌حوی) و (تی. ئێس. ئیلیه‌ت) و (ئۆكتاڤیۆ پاز) و (ئیلیتیس ئۆدیسیۆس) و (ئارترۆ ڕامبۆ) و (بۆدلێر) و گه‌لێك شاعیری دیكه‌یش بخوێننه‌وه، تا ئاشنا ببن به‌و هه‌موو قووڵاییانه، له كاتێكدا هه‌موویان ورگێڕدراون. من كتێبی (ئیلیش) ی ئۆدیسیوس-م به 500 دینار كڕوه له كن كتێبفرۆشه‌كانی بن قه‌ڵا.
بڕوانه؛ (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) و (هه‌ندرێن) و (ئازاد سوبحی) و (ڕه‌زا عه‌لی پوور) و (سورخی) و (نه‌زه‌ند به‌گیخانی) و (لازۆ) و (ماردین ئیبراهیم) و چه‌ند كه‌سێكی دی، هه‌ر ساڵێك و چه‌ند ده‌قێكی كه‌م بڵاوده‌كه‌نه‌وه و هه‌رگیز په‌له‌كردنیان پێوه دیار نییه، هه‌ڵبه‌ته ده‌قی جوانیش له‌به‌رده‌ستی ئه‌م شاعیرانه‌دا به سانایی قورتار نابێ و ناوه‌شێنرێ، به‌ڵام هه‌رچی (فه‌رهاد پیرباڵ) و (شێرزاد حه‌سه‌ن) و - كه باسی شێرزاد حه‌سه‌ن ده‌كه‌م مه‌به‌ستم شیعره‌كانیه‌تی، ئه‌گینا ڕۆمان و چیرۆكه‌كانی ناوازه‌ن - (نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت) و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌یشن، وه‌ك بڵێی كارگه‌ی له یه‌كتریی گرێدانی وشه‌یان هه‌بێ، وه‌ها سانا ده‌نووسن، هاوكات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌یش هه‌مان خاڵ پێڕه‌و ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ، ترسناكه. هێی له‌مه‌یش، به‌ره‌وڕووی پارادۆكسێكی سه‌یرمان ده‌كه‌نه‌وه، واته: ئه‌مان چوونه‌ته نێو (ترسی داهێنان) كه ئه‌م ترسه له‌كن من پتر ده‌لاله‌ت له جورئه‌ت ده‌كا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕاڤه‌ی سه‌ڵتی بۆ كراوه، ئه‌وانیش كه‌وتوونه‌ته نێو (وه‌همی گه‌وره‌بوون) ێكی وه‌هاوه كه بونیادی خۆیان ون كردووه، ده‌شێ ئه‌مه‌یش ده‌رهاویشته‌ی وابه‌سته‌ییی خوێنه‌ره ڕووكه‌شبینه‌كان بێ، ئه‌وانه‌ی ته‌نها به‌وشه‌گه‌لی سواوه‌وه فریوو ده‌درێن، به‌ڵام هه‌رچی خوێنه‌ری فره‌ڕوانینه، بایه‌خ به چێژه ناوه‌كیی و لایه‌نه نادیاره‌كانی ده‌ق ده‌دا، هاوكات به‌رده‌وام له گه‌ڕاندایه، گه‌ڕان به شوێن ڕوحی ده‌ق. دواجار، بۆ ئه‌وه‌ی له نێوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌ت دوورنه‌كه‌ومه‌وه، ئه‌مه‌ت پێ ده‌ڵێم كه گه‌نجانی جیددیی هه‌ن و له هه‌وڵدانیشدان بۆ ڕسكانی زێتر و قووڵتر ڕوانین، به‌ڵام پێویسته بگه‌ڕێین و بیانخوێنینه‌وه، چونكه ئه‌وانه ڕێكلامیی نیین.
ئارێز سمكۆ حوسێن: هه‌موومان ده‌بی بزانین؛ ئه‌گه‌ر شاعیرێك، نووسه‌رێك جیدیی نه‌بێت ناتوانێت ببێَت به خاوه‌نی ده‌نگێكی تایبه‌ت به خۆی. هه‌ڵبه‌ته ده‌مه‌وی به‌وه ده‌ست پێبكه‌م كه له باره‌ی ئه‌م پرسیاره‌ی تۆوه، ڕام وایه ته‌مه‌ن شتێكی ڕه‌ها نییه (بۆیه ئه‌مه ده‌ڵێم، چونكه تۆ ناوی شاعیری گه‌نجت هێناوه)، به‌ڵكوو ڕێژه‌یییه، له بۆیه هیچ كاتێك نابێت ته‌مه‌ن بكه‌ینه پێوه‌رێك بۆ شاعیری باش، جیدیی، هه‌ڵبه‌ته دواتر ئه‌مانه ناویان ده‌بێته داهێنان. ئایا تۆ پێت وایه هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ی به گه‌نجی ده‌نووسن، تێكستی داهێنه‌رانه‌یان نه ئافراندووه؟ ده‌بی ئه‌وه بزانین كه (ڕامبۆ) بوو له ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵیدا شیعری فه‌ره‌نسیی به ئاقارێكی تردا برد. هه‌روه‌ها هه‌ر هه‌وڵێك بۆ جیاكردنه‌وه‌ی كه‌سه ئافرێنه‌ره‌كان و وابه‌سته‌كردنی به ته‌مه‌نه‌وه، كارێكه نا دروسته و هه‌رگیز ئافراندن بۆ ئه‌م به‌ش به‌شییه پۆلێن ناكرێت، شتێك نییه له نێو داهێنانی نووسین و له‌مانه‌ش شیعر به‌وه‌ی دابه‌شی بكه‌یت، به‌ڵكوو ئه‌وه كاری ئه‌و خۆ به ڕامیاری زانانه‌یه كه ده‌كارن چینه‌كان، خێڵ، كادیر، پێشمه‌رگه‌ی دێرین، لاوی چاڵاك دابه‌ش بكه‌ن و دواتر له ڕێگه‌ی جیاوازه‌وه كۆیله‌یان بكه‌ن، له بۆیه ئه‌وه ده‌قه بڕیار له سه‌ر ئافراندن ده‌دات، نه‌ك ته‌مه‌نی نووسه‌ر- شاعیر. ده‌زانی خه‌ریكه له نێو ده‌مڕاست، به‌ڕێوه‌به‌رانی بڵاڤۆكه ئه‌ده‌بییه‌كانی كوردستان، كار له سه‌ر ته‌مه‌ن ده‌كرێت و هه‌موو ده‌نگێكی گه‌نج فه‌رامۆش، كپ ده‌كه‌ن؟ ئه‌مه‌یش دواجار هه‌موو ئه‌و نیگه‌رانبوونه‌مان له‌م بارودۆخه گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌دا به ڕاست ده‌خاته‌وه، ئه‌م ده‌مڕاسته خۆ به پێغه‌مبه‌رزانانه چونكه ده‌زانن گه‌نجان ده‌نگی نوێن و شتی نوێیان پێیه بۆ گوتن، بۆیه ده‌بنه به‌ربه‌ست، جگه له‌مه‌ش ده‌بی ئێمه وه‌ها بڕوانین كه دۆزینه‌وه‌ی ده‌نگی نوی، ته‌نها له‌م گۆڤار، ڕۆژنامه، ده‌زگا ئه‌ده‌بییه‌كانی نێو كوردستان نییه، ئێسته زۆرێك له‌م ده‌نگه نوێیانه به هۆی وێبسایته ئه‌لیكترۆنیه‌كان، به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌وه‌شێنن، هه‌ربۆیه ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌م وێبسایتانه‌ی كه هه‌ن تووشی هیستریا و فۆبیا بوونه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌و سایته وێژه‌ییه، گشتیانه‌ی كه هه‌ن، چونكه بوونه‌ته ده‌روازه‌یه‌كی باش بۆ نمایشكردنی ده‌قی زۆرێك له‌م شاعیره گه‌نجانه‌ی ئێسته كه ده‌یانه‌وێت له‌و ناوه‌نده ڕووناكبیرییه‌ی پڕ نیگه‌رانی، ئاسۆ لێڵیه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی نزیك ببنه‌وه، بۆیه ئه‌مه به مانای ئه‌وه نایێ كه گه‌نجێكمان دۆزیوه‌ته‌وه و شیعر ده‌نووسێت. زۆر جار شاعیرێك له ته‌مه‌نێكی گه‌وره‌دا ده‌ست پێده‌كات و ده‌بێته خاوه‌ن ده‌نگی خۆی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ی تۆ ده‌مانباته نێو قسه‌گه‌لێكی زۆرتره‌وه كه دواجار پێی ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی گه‌نجان، بۆیه‌یش كه تۆ باس له‌و ئه‌ده‌به ده‌كه‌یت ئه‌وه ده‌بی نمایشی ئه‌و بار، ئاست، ئاریشه، به‌ربه‌ستانه‌ش بكه‌یت كه له‌دۆخی ئه‌م ئه‌ده‌به‌وه نزیكه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش پێویستیمان به‌وه هه‌یه كه له هه‌ندی شت بگه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی نییه به ناوی ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیر، شاعیرێكی به ئه‌زموون، ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بییه، بێت به شێوه‌یه‌كی سه‌رپێیسانه و به قسه‌ی فڕێدراو باس له ئه‌ده‌بی لاوان بكات و هه‌ندی ناو ڕیز بكات، كه ئه‌مانه داهێنه‌رن و ئه‌وانه‌یش زبڵنووس. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م ناو ڕیزكردنه‌ی كه ئێسته له نێو ڕه‌خنه‌ی كوردییدا بووه‌ته‌ته مۆدێلێك بۆ ڕاكێشانی هاوڕێیه‌تی و خڕكردنه‌وه‌ی پێڕ، یان به جۆرێك ئه‌و ناوهاتووانه، چونكه هونه‌ری لگاوچیه‌تی ده‌زانن و خۆیان ڕه‌پێش ده‌كه‌ن، كه ئه‌ز له‌م باره‌ییه‌وه ده‌ست و پێ سپیم لێی، جا ئه‌وانه به‌م ته‌رزه نزمانه ناوی خۆیان ده‌خه‌نه نێو زمانی ئه‌و نووسه‌ر، شاعیرانه‌وه و ئه‌وانیش لێبڕاونه ناویان ده‌هێنن و ڕێكلامیان بۆ ده‌كه‌ن، ئاخر سه‌یره ئه‌ده‌ب ببێته كه‌ره‌سته‌یه‌كی ڕێكلامیی، بۆیه‌ش باوه‌ڕم به‌م ته‌رزه ڕایانه نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌یده‌زانی (خه‌یام) شیعر ده‌نووسێت، ئه‌ها دوای چوار سه‌د ساڵ له پاش مردنی، ئینجا چوارینه‌كانی بڵاوبوونه‌وه و ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدابێ ده‌یان هه‌زار خوێنه‌ری هه‌ن له جیهاندا. جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته و مه‌ترسییه كه ئه‌ده‌بی گه‌نجان وه‌ك بارێكی سایكۆلۆژیا، بایلۆژی، سێكسی ته‌ماشا بكرێت و دواجار گه‌نجان وه‌ك برسیبوونێك بۆ ڕووتی جه‌سته‌یی نمایش بكرێن، پێم وایه بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌یش ده‌سته‌ڵات به‌شداره له ئافراندنی ئه‌م ته‌رزه بۆچوونانه، كه ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی ڕۆشنبیره ڕامكراوه‌كانی خۆیه‌وه ئه‌م بۆچوونه بێمانایانه فڕێده‌ده‌ات كه دواجار سووك، چرووك، بێبایه‌خكردنی ئه‌ده‌بی گه‌نجانه. بۆیه ئه‌ركی ئه‌و ڕه‌خنه‌گر، لێكۆڵیارانه‌یه (به تایبه‌ت گه‌نجه‌كان) بێن ئه‌و ده‌نگه نوێیانه بدۆزنه‌وه، لێره‌وه‌یش كه ئێمه به نزیكایه‌تیبوون له‌و بڵاڤۆكه چاپه‌مه‌نی، ئه‌لیكتڕۆنیانه‌وه كه به هۆیانه‌وه چاودێریی گشت ده‌نگێكی نوی ده‌كه‌ین، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و شاعیرانه‌ی كه له ده‌روه‌ی كوردستانش نیشته‌جێن، گه‌لی ده‌نگی نوی هه‌ن كه له‌دواڕۆژدا ده‌كری ئومێدی ئه‌وه‌مان پێیان هه‌بێت، كه ئه‌ده‌بی كوردی به‌ره‌و وێستگه‌یه‌كی تر ببه‌ن. بۆیه‌ش من ناوی ئه‌و نه‌وه‌یه ده‌هێنم كه تۆ له پرسیارێكی تردا به ده‌نگی دوای ساڵی 2000یان داده‌نێیت، به‌و مانایه‌ی كه دوای ئه‌و زه‌مه‌نه دیاریكراوه‌ی تۆ نمایشت كردووه، ده‌نووسن، هه‌رچه‌نده من باوه‌ڕم به ناو ڕیزكردن نییه، لی ده‌بی ئه‌وانه‌ی كه له بیره‌وه‌ریی نه‌مری خه‌یاڵی مندا ده‌ژین (هه‌ڵبه‌ته به هۆی ده‌قه‌كانیان، نه‌ك هاوڕێیه‌تیان بگره زۆرێكیشیان هه‌ر ناشناسم و ته‌نیا چه‌ند ده‌قێكی كه‌میشیانم خوێندۆته‌وه) پێویسته ناویان بهێنم. له بۆیه (ڕامیار مه‌حمود) و (ماردین ئیبراهیم) و (ڕابه‌ر فاریق) و (ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر) و (زولێخا) و (لازۆ) و زۆرێكی تر.
ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر: شاعیر وه‌ك ئه‌و عاشقه‌ی لی دێت كه به كۆمه‌ڵێك برینه‌وه ده‌خولێته‌وه و هه‌رگیز ناگاته یاره‌كه‌ی، شیعر به ته‌واوی نامانگه‌یه‌نێته هیچ شوێنێك. موعجیزه‌ی شیعر له‌وه‌دایه تینوومان ده‌كات بۆ بینین، كه‌واته ئه‌وه‌ی به ئازاره‌وه له‌و مه‌ودایه سه‌رگه‌ردان نه‌بووبێت ناتوانێت گۆرانییه‌ك بڵی كه پێشتر نه‌گوترابێ، ئه‌وه‌ش له هه‌موو شوێنێك و سه‌رده‌مێكدا بوونی هه‌بووه، شاعیره داهێنه‌ره‌كان، ئه‌وانه‌ی ڕێگه‌یه‌كی تریان له نێو ڕێگه له یه‌كترچووه‌كان بۆ وێڵگه‌ردبوونی جوانی دۆزیوه‌ته‌وه هه‌میشه تاك و ته‌را بوون. سه‌باره‌ت به شاعیره گه‌نجه‌كانی ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بی ئێمه‌یش هه‌روایه، به‌ڵام به بڕوای من، شیعر لای ئێمه - ئه‌مڕۆ - له قه‌یرانێكی گه‌وره‌دا ده‌ژی، ڕه‌نگه زۆر كه‌س وای نه‌بینن. شیعر له یه‌كه‌م دێریدا هه‌موو شتێكی خۆیت بۆ ده‌ڵی... ئه‌مه‌ش هۆكاری زۆری هه‌یه، شیعره‌كان ته‌واو ته‌واو له یه‌كتر ده‌چن، بگره هه‌مان زمانی نووسین له نێو زۆر له شاعیرانی ئه‌مڕۆ دووباره ده‌بێته‌وه. من بڕوام وایه هه‌ر كات شێواز و زمانی شاعیرێك خواسترا به دڵنیاییه‌وه ڕوانین و هه‌ست و ژیانبینیش ده‌گوازرێته‌وه، ئێمه باس له زۆرینه ده‌كه‌ین، ئه‌گینا وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت ده‌نگی تاك و ته‌را هه‌رده‌بن، به‌ڵام له یه‌كترچوونی ده‌نگه‌كان زیانێَكی گه‌وره له ئه‌ده‌ب ده‌دا. ئه‌مڕۆ شیعر چووه‌ته قۆناغێكی تره‌وه، من پێم وایه له ڕووی فیكر و فراوانبینی به‌ره‌وپێش چووه، شیعری ئه‌مرۆ به جیاوازی له‌گه‌ڵ شیعری ده‌یه‌ی حه‌فتا و هه‌شته‌كان زیاتر پرس هه‌ڵگره و دووركه‌وتووه‌ته‌وه له سێبه‌ر و تارماییه‌كانی ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانییه، ئه‌مه‌یه: ده‌نگ و زمانی جوداواز ئێجگار ئێجگار كه‌من. شیعر وه‌ك قاڵبێكی ئاماده‌كراوی لێهاتووه، هۆكاره‌كان گه‌لێك زۆرن. شیعری ئه‌مڕۆ كێشه‌ی زۆری له‌گه‌ڵ وێنه و مۆسیقای شیعریدا هه‌یه. من نازانم بۆچی زۆرجار ناو له درێژدادڕی ده‌نێین قه‌سیده، ئه‌گه‌ر قه‌سیده درێژكردنه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان وشه‌كان بێت به ئه‌نقه‌ست، به بی ئه‌وه‌ی شتێكی نوێمان گوتبێت به هه‌ڵه له قه‌سیده گه‌یشتووین. جگه له‌وه تابلۆی نێو شیعر هیچ كات له‌و تابلۆیه ناچێت كه تابلۆكارێك دروستی ده‌كات، شیعر ئه‌و وێنانه‌یش ده‌گرێت كه كامێرا ده‌ره‌قه‌تیان نایێ، بۆ مۆسیقای شیعرییش هه‌ر وایه، ئه‌و شاعیره‌ی هه‌وڵده‌دات مۆسیقای شیعره‌كه‌ی ڕێك بكات به ده‌نگی كه‌مانچه‌یه‌ك... شیعری ئازارداوه، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا (به دڵنیاییه‌وه) شاعیر هه‌یه خاوه‌نی ده‌نگی خۆی بێت بۆ هه‌میشه‌یش ئه‌مه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌ده‌بی ئێمه به ده‌گمه‌ن پێشوازی له ده‌نگی نوی ده‌كات، ئێمه به‌ر له‌وه‌ی به جوانی سه‌رسام بین، پێی توڕه ده‌بین، ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه لێره ڕووبه‌ڕووی داهێنه‌ر یان ئه‌و شاعیره ده‌بێته‌وه كه خاوه‌نی ده‌نگی خۆیه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داهێنه‌ر پێویستی به پێشوازیكردن نییه، ئه‌و خۆی رێگه‌ی خۆی ده‌گرێته به‌ر.
كارزان ڕه‌حمان: چۆن هاوبه‌ندیی دروست بكه‌ین له نێوان ئێستێتیكا و نێوه‌ڕۆكی ده‌قدا، هیچ كام له‌م دووانه پێش ئه‌ویدی ده‌كه‌وێ؟
ڕابه‌ر فاریق: خه‌مڵاندنی هاوبه‌ندیی شتێك نییه ته‌نها له (ئێستێتیكا) و (نێوه‌ڕۆك) دا قه‌تیسی بكه‌ین، چونكه پێكهاته‌ی ده‌قی ئیبداعیی پێویستی به‌م (هاوبه‌ندی) یه هه‌یه كه له بوونیادی ده‌قه‌وه ده‌ست پێده‌كا تا كۆتایییه‌ك كه نازانین له كوێدا ده‌دۆزرێته‌وه. ده‌ق به بێ ئێستێتیكا وه‌كی خانووی بێ دیوار وه‌هایه، ئه‌م ڕسته‌یه به (په‌خشان) وه‌رمه‌گره، چونكه ئه‌وه به‌سه‌رچووه به زمانی شیعر باس له خودی شیعر بكه‌ین.
ده‌قی ئیبداعیی له وه‌ختێكدا خه‌ڵق ده‌بێ كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له ئاگایی و نا ئاگاییی شاعیر، تێكه‌ڵه‌یه‌كه له به‌هره‌و مه‌عریفه، ئیدی ئه‌م (تێكه‌ڵ) ییانه له سه‌روه‌ختی داڕشتنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌دا، یان پاكنووسكردنی، نامێنن و ته‌نها شتێك ده‌مێنێته‌وه كه پێی ده‌گوترێ (ده‌ق) ێكی داماڵدراو له هه‌ر شتێك كه ئێمه بیری لێ ده‌كه‌ینه‌وه، چونكه ده‌ق شتگه‌لێكی نه‌گوتراو له نێو خۆیدا هه‌ڵده‌گرێ و ناهێڵێ ئه‌و شته سواو و سه‌ڵتانه ببینین كه هه‌وڵده‌ده‌ن (كات) مان لێ بكوژن، ڕۆحی ده‌ق نه‌بزوێنن، ئاخر كارێكی سه‌ره‌كیی ده‌ق جوڵاندنه.
لێره‌وه، هاوبه‌ندییه‌ك كه پیلانی بۆ داده‌ندرێ، به‌ها نابه‌خشێ به ده‌ق، ئه‌گه‌ر لێی نه‌كوژێ و وێرانی نه‌كا، قووڵتری ناكاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئایدیۆلۆژیا و شته پووچه‌كانی نه‌داته پاڵ، بۆیه ئه‌وانه شتگه‌لێكی لۆكاڵیین و له كن شاعیری ئافرێنه‌ردا به‌هایه‌كی ئه‌وتۆیان بۆ داناندرێ. هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بیی ئه‌گه‌ر به ده‌ر بوو له ئێستێتیكا، به‌ده‌ریش ده‌بێ له (ده‌ق) ێتیی خۆی، بۆیه به بێ بوونی هاوبه‌ندییه‌كی سرووشتیی و (بیرلێكردنه‌وه‌ی له دوای ڕه‌شنووسی یه‌كه‌م) هاوبه‌ندیی دیكه‌ی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی دیكه‌ق، مومكین نییه ماهیه‌ت به ڕۆشنیی وه‌دربكه‌وێ.
ئارێز سمكۆ حوسێن: تۆ كه له ده‌ق دوایت، یان نێوی ده‌قت هێنا ئه‌وه یه‌كڕاست ئه‌مانه‌ی باسیان ده‌كه‌یت واته: ئێستاتیكا و نێوڕۆك، خۆی نمایش ده‌كه‌ن و دێنه كایه‌وه. هه‌ڵبه‌ته گه‌لی ڕه‌گه‌زی تریش هه‌ن كه له ده‌قدا ده‌وری خۆیان وازی ده‌كه‌ن، لی ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین به گوێره‌ی ئه‌م پرسه‌ی تۆ به‌رسڤ بده‌ینه‌وه. هه‌رچه‌نده مه‌سه‌له‌ی هاوبه‌ندیی، دروستكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئێستاتیكا و نێوه‌ڕۆكی ده‌ق، په‌یوه‌ندیی به هۆڕمۆنیه‌تی بوونی ده‌قه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌ق بێبه‌ش بێت له‌مانه، ناكامڵ و نیوه‌چڵه. لێره‌وه (چۆن هاوبه‌ندیی دروست بكه‌ین له نێوان ئێستێتیكا و نێوه‌ڕۆكی ده‌قدا؟) ئه‌وه ده‌مانباته ئه‌و ڕایه‌ی كه له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌كێك له شاعیرانه‌وه، به جیاوازی له نێوانیان ئه‌م كاره ده‌كرێت. هه‌موو ده‌قێك له كن من به ده‌ر له‌وه‌ی ئیشكردن بێت له‌گه‌ڵ وشه، ئیشكردنه له‌گه‌ڵ زمان و ئیشكردنه له فه‌زایه‌ك كه پڕیه‌تی له به‌ها، جوانی، خولقاندنی ئه‌و باره ئازاده‌ی كه ده‌ق به‌رهه‌می ده‌هێنێت، ئه‌مانه دواجار ده‌چنه نێو ماناكانی ئێستاتیكا، بۆیه زۆر گرنگه ئێمه مامه‌ڵه‌یه‌كی ئافرێنه‌رانه و گه‌مه‌یه‌كی ته‌كنینكیانه‌ی نوی له‌گه‌ڵ ئێستاتیكا بكه‌ین و به وردی له تێكسته‌كاندا بینه‌خشێنین. لێره‌وه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێستاتیكا له نێو ده‌قدا، یه‌كڕاست په‌یوه‌ندیی به داهێنان و ده‌قی داهێنانه‌وه هه‌یه، چونكه ده‌زانین كه ئافراندن له بواری نووسیندا و به تایبه‌تیش له شیعردا، په‌یوه‌سته به‌و ته‌كنیكه نوێیه‌ی كه شاعیر ده‌یدۆزێته‌وه و ئه‌مه‌ش هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندیی به نێوه‌ڕكی ده‌قیش هه‌بێت، لی ئه‌وه به ئیشكردن له سه‌ر ئیستاتیكای ده‌زانم. سه‌باره‌ت به نێوه‌ڕۆكی ده‌قیش كه ده‌بی بزانین له‌وێدا مانای ده‌ق ده‌دۆزینه‌وه، به‌وه‌ی نێوه‌ڕۆكی كاره‌كه‌یه، نمایشكردنی نێوه‌ڕۆكی ده‌ق به‌وه‌ی كه هاوبه‌ندییه‌ك دروستبكه‌ین له‌گه‌ڵ ئێستاتیكای ده‌قدا، په‌یوه‌ندیی به‌و خه‌ون، مه‌یل، په‌یام، بیرۆكه، دنیابنینه‌ی بنووسی ده‌ق هه‌یه كه شاعیره، به‌و مانایه‌ی ئێمه ڕه‌نگه له هه‌موو ده‌قێكدا نه‌توانیین ئه‌م هاوبه‌ندیه دروستبكه‌ین، لی پێویسته ئیشی له سه‌ر بكه‌ین. كه‌واته؛ ئه‌م هاوبه‌ندییه‌ی كه باسی ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر له نێو ئیشكردن له ده‌قدا دروستكرا، ئه‌وه ئه‌م ده‌قه هه‌م ئافرێنه‌رانه ده‌بێت و هه‌میش نه‌مر. شاعیر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێستاتیكادا ده‌كات، گه‌ڕیده‌یه‌كه به دوای جوانی و هه‌قیقه‌تدا، ده‌شێت هه‌رگیز پێیان نه‌گات. لی شاعیری هوتافكێش بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه هه‌قیقه‌ت له كنه‌وییه. كه‌واته؛ شته‌كان جۆرێك له ئاڵوزییان تێدایه، شیكردنه‌وه‌یشیان پێویستیی به باسی قووڵ و سه‌ربه‌خۆ هه‌یه، ده‌با ئه‌وه‌ش بۆ شاعیره‌كان جێبهێڵین و خۆیان و تێگه‌یشتنیان كار له شیعردا بكه‌ن، تا دواجار هیچ نه‌بێت، جوایه‌ز بن، به‌و مانایه‌ی خۆیان بن.
ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر: ئیستاتیكا وه‌ك لایه‌نێكی سه‌ره‌كیی هه‌ر ده‌قێك ته‌ماشا ده‌كرێت و ناوه‌رۆكیش به كۆمه‌كی خه‌یاڵ به هه‌مان شێوه، هه‌ڵبه‌ته له نێو ده‌قدا ئاوێته‌ی یه‌كتریی ده‌بن و زۆرجار ئیستاتیكا ده‌بێته خودی ناوه‌ڕۆك خۆی. ئه‌گه‌ر بڵێم ئیستاتیكا وه‌ك جه‌سته‌ی ده‌ق ناوه‌رۆكی داپۆشیوه كه ڕۆحی ده‌قه باشم نه‌گوتووه، چونكه ئیستاتیكایش ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق یان ناتوانین ئه‌و مه‌ودایه دیاری بكه‌ین كه له ناوه‌رۆك دوور كه‌وتووه‌ته‌وه، چونكه ده‌ق به‌رهه‌می خه‌یاڵه، واته: كاتی له خه‌یاڵدا كرۆك یان وه‌ك تۆ ده‌یڵێیت "ناوه‌ڕۆكی ده‌ق" له دایك ده‌بێت، ئیستاتیكا ئاماده‌یی هه‌یه. پێم وانییه هیچ شتێك له خه‌یاڵ و هه‌سته‌وه بێت و له سه‌ره‌تادا به جوانییه‌وه په‌یوه‌ست نه‌بووبێت، ئه‌مه‌ش هاوكێشه‌یه‌كی سه‌مه‌ره دروست ده‌كات كه زۆرجار ئێمه واهه‌ست ده‌كه‌ین ئیستاتیكا دوای نێوه‌ڕۆك كه‌وتووه، ئه‌گه‌ر وابێت چۆن ده‌سته‌واژه و ڕسته‌ی دوو شاعیری جیاواز له یه‌كتریی جیا ده‌كه‌ینه‌وه، له كاتێكدا هه‌ردووكیان له شتێكی هاوبه‌ش دواون. واهه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و هاوبه‌ندییه تا قوڵایی ڕۆیشتووه، هه‌ركاتێكیش له ده‌قێكدا له یه‌ك نه‌بانی ئه‌و دووانه ببینین هه‌ست ده‌كه‌ین ده‌قه‌كه لاسه‌نگ بووه. چی گوتن په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه به چۆن گوتنه‌وه، یان هه‌ر له نێو یه‌كتریدا له دایكبوون، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌م تێكه‌ڵبوونه‌یش بۆ ئه‌و ده‌قه ده‌گه‌رێته‌وه كه له به‌رده‌ممان دایه... شێواز كارێكی گه‌وره ده‌كاته سه‌ر ئیستاتیكا و ده‌یجوڵێنی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به ئیستاتیكا هه‌ر شێواز نییه، به‌ڵكوو زۆر له‌مه قووڵتره. ئه‌گه‌ر كه‌مێك له ئیستاتیكای ده‌ق دوور بكه‌وینه‌وه و سه‌رنجی ئه‌و لایانانه بده‌ین كه خه‌یاڵی شاعیر درێژده‌كه‌نه‌وه ده‌بینین هه‌مدیس ڕووبه‌ڕووی نه‌خش و سه‌ما و كاریگه‌ریی جوانی ده‌بینه‌وه، واته شاعیر به‌ر له‌وه‌ی ئیستاتیكا بخاته خزمه‌تی ده‌قه‌كه‌یه‌وه سه‌رمه‌ست بووه به لایه‌نه ئیستاتیكییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌قیش، به‌ڵام لێره‌دا ئالۆزییه‌كه ئه‌وه‌یه كه چۆن ده‌توانین تێكه‌ڵ به یه‌كترییان بكه‌ین، یان وه‌ك تۆ ده‌ڵێیت هاوبه‌ندییان له نێواندا دروست بكه‌ین. بێگومان دروستكردنی هاوبه‌ندییه‌كی وه‌ها كه ده‌قه‌كه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها بینینی ئه‌و بۆ مه‌سه‌له‌ی ئیستاتیكا، من پێموایه ئه‌وانه دروستكه‌ری ده‌قن و هه‌ردووكییان بی ئه‌ندازه گرنگن، به‌ڵام وا هه‌ست ده‌كه‌م كێشه‌ی زۆری شیعری ئه‌مرۆ په‌یوه‌سته به لایه‌نه ئیستاتیكییه‌كانی ده‌ق، بۆیه ئێمه هه‌ست ده‌كه‌ین ده‌قی دووباره و زمانی دووباره بوونیان هه‌یه و... زۆریشن. دیاره ئیستاتیكا به‌و په‌یوه‌ندییه زۆره‌ی له‌گه‌ڵ نێوه‌ڕۆكدا هه‌یه‌تی، وای كردووه چۆنییه‌تیی كاركردنی شاعیرێك له وێنه و ستایل دووباره بكاته‌وه، كه‌واته چه‌نده نێوه‌ڕۆك یان ده‌رهاویشته‌ی خه‌یاڵی شاعیر بۆ چه‌كه‌ره‌كردنی ده‌ق گرنگه، ئه‌وه‌نده‌یش ئیستاتیكا و په‌یوه‌ستبوون پێیه‌وه گرنگیی هه‌یه له سه‌ر ده‌نگی ده‌ق و خۆناساندنی ده‌ق به خوێنه‌ر.
كارزان ڕه‌حمان: له دوای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه كۆمه‌ڵێك گه‌نج خۆیان به نوێخواز ده‌زانن، پێت وایه بتوانن به شیعره‌كانیان كۆمه‌كی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی دوای 2000 بكه‌ن؟
ڕابه‌ر فاریق: هێی له‌وه‌ی كه له نێو پرسیاره‌كه‌تدا وه‌كوو نه‌وه‌ی 90ه‌كان ده‌یانناسێنی، ه‌ی پێش ئه‌وانیش نه‌یانتوانیوه كۆمه‌كمان بكه‌ن (كۆمه‌كێكی وه‌ها كه بتوانیین به‌ره‌و داهێنان، یاخود باشتر ناسینی ده‌ق هه‌ڵبكشێین)، به‌ڵام ئه‌و (كۆمه‌ك) ه‌ی كه ئێوه‌و ئێمه مه‌به‌ستمانه، كامانه‌ن؟ ه‌ی ئێوه نادیاره، ه‌ی ئێمه‌یش كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ند ده‌گرێته خۆی، یه‌كێكیان مه‌عریفه‌ی شیعرییه. كاتێك ئێست ده‌كه‌ین و ده‌پرسین: ئه‌م مه‌عریفه‌یه چییه؟ ده‌بێ بڵێین: قووڵبوونه‌وه‌یه له پێكهاته‌كانی شیعر و له سه‌ر نووسینیان و كردنه‌وه‌ی دیالۆگگه‌لێك له باره‌یان. با له سه‌ره‌تادا چه‌ند نموونه‌یه‌كت بۆ بهێنمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو بچمه نێو نێوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌ت. عه‌بدوڵڵا په‌شێو له شه‌سته‌كانه‌وه تا ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدابێ نه‌یتوانیوه چه‌ند ڕسته‌یه‌كمان بۆ بنووسێ له باره‌ی ئه‌زموونی شیعریی خۆی، نه‌ك ڕه‌هه‌نده‌كانی شیعر، هه‌روه‌ها (جه‌مال غه‌مبار) و گه‌لێك شاعیری دیكه‌یش. هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه باسیان ده‌كه‌م هه‌ندێك جار باسیان له ئه‌زموونی خود، شیعر، كردووه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی ئه‌قڵانیی نا، به‌ڵكوو سۆزداریی، سۆزدارییه‌ك كه سۆزێكی مه‌عریفیی بینای نه‌كردووه، به‌ڵكوو ڕووته. ڕه‌نگه ئه‌مه ده‌رهاویشته‌ی ئه‌وه‌بێ كه له باره‌ی شیعر نه‌خوێننه‌وه، به‌ڵكوو ته‌نها شیعر خۆی. كاتێك ته‌ماشای ئه‌زموونی هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌ی، جگه له چه‌ند گۆڕانێك كه ڕه‌نگه ئه‌م گۆڕانانه‌یش هه‌ندێكیان وه‌كوو ئیلهام سه‌رهه‌ڵبده‌ن، ئه‌گینا ناگۆڕێن، هۆكاری ئه‌مه‌یش ده‌رهاویشته‌ی نه‌بوونی مه‌عریفه‌ی شیعرییه.
من كاتێك له به‌رانبه‌ر ئه‌زموونی كه‌سێكی وه‌ك (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی) دا ده‌وه‌ستم شاگه‌شكه ده‌بم، یان (هه‌ندرێن)، هه‌روه‌ها (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) یاخود (به‌ڕۆژ ئاكره‌یی) كه ده‌شگه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕابردووی ئه‌م شاعیرانه، ده‌بینین له كۆمه‌ڵێك لایه‌نه‌وه قووڵ چوونه‌ته نێو پێكهاته‌كانی ئه‌زموونی شیعریی خود و ده‌لاله‌تكردن له زاتێك كه هه‌میشه چڕبوونه‌وه خه‌ڵق ده‌كا، هاوكات شیعر. به‌یانی یه‌كه‌م و دووه‌می فۆڕمی گران- ی (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی) له بێخه‌وه هه‌ڵیانوه‌شاندمه‌وه و فێریان كردم ئه‌م بنه‌مایه‌ی له نێوه‌وه‌ی مندا ئاماده‌گیی هه‌بوو، بنه‌مایه‌كی دیكه‌ی له پشت نه‌بوو... وه‌ختێك كه (ستایش) ی (نه‌زه‌ند به‌گیخانی) م خوێنده‌وه، زانیم كه‌سێك هه‌یه قووڵ چووه‌ته نێو پێكهاته‌كانی شیعر و جوداوازتر له‌م پرۆسه‌یه ده‌ڕوانێ و له‌گه‌ڵ ڕه‌وتێك ڕێ ده‌كا كه ته‌نهایه، نه‌ك خۆی به (شاعیر) و (نووسه‌ر) ی دیكه‌وه سه‌رقاڵ بكا، له پاڵ ئه‌م ئه‌زموونه چڕه‌ی نه‌زه‌نددا، ئه‌مه‌یشم بینی كه ئافره‌تێك ده‌نووسێ ته‌واو بوێره، بوێرییه‌كه‌یشی په‌یوه‌سته به داهێنان و قووڵتر له (كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) یش له شیعر ده‌نۆڕێ. لێره‌وه ئه‌م ئه‌زموونه ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی پیشاندام، ڕه‌هه‌ندێك كه پێی گوتین تا ئاستێكی زۆرباش ده‌توانین سوود له ئه‌زموونی (ئه‌وانیدی) وه‌ربگرین و خوێنه‌ریش له سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئێمه‌دا (ئه‌وان) ی بیرنه‌كه‌وێته‌وه.
به ده‌ر له‌وانه‌ی كه تیشكم خسته سه‌ریان، كۆشیعرێك كه په‌رته‌وازه‌ییی خودێك كۆ بكاته‌وه نه‌كه‌وتووه‌ته پێش چاوم و ده‌نگێكی وه‌ها نه‌بووه كه بتوانێ سه‌رنجكێشمان بكا و بمانگوازێته‌وه بۆ دنیایه‌كی دی، ڕه‌وتی دی، ئاسۆی دی، مه‌گه‌ر (ماسییه‌كان پێ ده‌كه‌نن) ی سورخی، ئه‌مه‌یش په‌یوه‌سته به سستیی خوێندنه‌وه و نه‌بوونی بنه‌مایه‌ك بۆ خۆڕۆشنبیركردنی شاعیرانمان.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌كوو (شاعیری گه‌وره) دێنه ئه‌ژمار، لاربوونه‌ته‌وه، لاربوونه‌وه‌یه‌ك كه ناتوانن هه‌ڵبستنه‌وه، چونكه پێشتر ته‌نها حیسابی (سه‌ركه‌وتن) یان كردووه. تۆ باشترین ده‌قی (هه‌ر شاعیرێك كه له‌م میلله‌ته‌ی ئێمه‌دا زۆر ڕه‌واجی هه‌یه) ببه بۆ باشترین گۆڤار و بڵێ من ناوم (كارزان ڕه‌حمان) ه، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م ده‌قه‌م بۆ بڵاوبكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر به كه‌ڵكتان هات، دڵنیابه بڵاوناكرێته‌وه، هاوكات خراپترین ده‌قی خۆیشت له پاڵ (ناو) ی (هه‌ر شاعیرێك كه له‌م میلله‌ته‌ی ئێمه‌دا زۆر ڕه‌واجی هه‌یه) دابنێ، نه‌ك هه‌ر به زووترین كات بڵاوده‌كرێته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌گه‌ر هه‌فته‌نامه بێ ئه‌وا ڕێكلامگه‌لیشی بۆ ده‌كه‌ن.
پتر حه‌زم ده‌كرد لێره‌دا له‌باتی ئه‌وه‌ی باس له‌م شتانه بكه‌م، له‌سه‌ر (ئه‌وانه) بوه‌ستم گوایه (نوێخواز) ن، به‌ڵام وه‌كوو له شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه‌یشدا ئاماژه‌م بۆ كردووه، جگه له ئه‌زموونی (ماردین ئیبراهیم) ئه‌زموونێكی دیكه‌ی چڕ نییه بتوانین وه‌كوو (ئه‌زموون) ی گه‌نج ته‌ماشای بكه‌ین. له بیرمان نه‌چێ (باخچه‌كانی باوكم) ی ئازاد سوبعی، له 90ه‌وه تا ئه‌مڕۆكه‌یشی له‌گه‌ڵدابێ، هیچ شاعیرێك نه‌یتوانیوه هێنده شت بڵێ و ئه‌و بڕه ئێستێتیكا زۆره له هه‌ناوی 5 تا 6 ده‌قدا كۆبكاته‌وه و شاگه‌شكه‌مان بكا. (عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا) یش هه‌ندێك ده‌قی هه‌ن پێویسته به‌رده‌وام بگه‌ڕێینه‌وه كنیان و قووڵ لێیان ڕابمێنیین، موته‌لیب شاعیرێكی باشه، كه‌م ده‌نووسێ، به‌ڵام چڕ، ده‌مانجوڵێنێ، ده‌مانگوازێته‌وه، خه‌یاڵمان قووڵتر ده‌كاته‌وه.
ئارێز سمكۆ حوسێن: ڕاسته ئه‌و ناوه دیارانه‌ی كه له نێو ئه‌م نه‌وه‌یه‌دا فراژاون و له كن خوێنه‌ران، به تایبه‌ت گه‌نجه‌كانه‌وه، گه‌یشتوونه‌ته چڵه‌پۆپه، لی گه‌لێكیشیان فه‌رامۆشكراون، به‌لاته‌وه سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر شاعیران هه‌بن له‌م نه‌وه‌یه‌دا، ئێمه هه‌ر ناومان نه‌بیستبێتن، ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌بێت كه ده‌رفه‌تی بڵاوكردنه‌وه و وه‌شاندنیان بۆ نه‌ڕه‌خسابێ، ئه‌مه‌ش دواجار ده‌بی به لێتوێژینه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه و قووڵ باسیان بكرێت و به جۆرێك نابی تۆ كه‌س فه‌رامۆش بكه‌یت، دیاره ئه‌مه‌یش كاری ڕه‌خنه‌گره‌كانه، به‌ڵام نابێت هیچ سۆزێك، شارچییه‌تیی، پێڕگه‌رایی تێدا ببێته پێوه‌ر، ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكی مۆڕاڵییه كه ده‌بی ڕه‌خنه‌گر بێلایه‌ن بێت، لی وێده‌چی تا ئێسته له نێو ڕه‌خنه‌ی كوردیدا، ئه‌م بێلایه‌نبوونه، بوونی نه‌بێت. هه‌ڵبه‌ته ئێمه ته‌نها باس له شاعیرانی ئه‌و زه‌مه‌نه ده‌كه‌ین كه تۆ دیارتكردوون، ده‌نا نووسه‌ری زۆریش هه‌ن له بواره جۆراوجۆره‌كانی نووسیندا. له ڕاستیدا ئه‌م نه‌وه شیعرییه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، به‌وه‌ی بوونه‌ته ته‌ماسێك و له قۆناغێكی جیا له قۆناغه‌كانی مێژووی كورددا تا ئه‌و كاته هه‌موو شاعیران هه‌رله ژێر سۆزی ئایدیۆلۆژیا و وابه‌سته‌بوون به حیزبێكه‌وه، ده‌یاننوسی، كه‌چی ئه‌م نه‌وه‌یه ویستی خۆی له‌م وابه‌سته‌بوونه ڕزگار بكات، بۆیه ئه‌مه زۆر دڵم خۆش ناكات، چونكه هه‌موو ئه‌و ده‌نگه نوێیانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین به كاریگه‌ربوون، لاسایكردنه‌وه‌ی شاعیرانی فارس، ئه‌وروپیی ده‌ستیان پێكرد، ئه‌مه‌ش واته ئافرێنه‌رێكی خۆڕسكیانه، به‌وه‌ی كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له نێو وڵات‌دا بێت، نه‌بوو.
لێره‌وه زۆرینه‌ی شاعیرانی پێشتر خاوه‌ن ده‌نگێكی سرووشتی كورده‌واییانه بوون، به‌و مانایه نا كه قه‌تیسی باویه‌تی و نه‌ریتی كورده‌واری بوون، لی شاعیرانی دوای نه‌وه‌ده‌كان ئه‌م هه‌نگاوانه‌یان به په‌له هاوێشت، هێشتا ژێرخانی ڕۆشنبیریی- كوولتووری كوردستان نه‌ك هه‌ر نه‌فراژابوو، بگره هه‌ر نه‌بوو، كه‌چی ئه‌مان به باسكردنی مودێرنه و پۆست مودێرنه گوێچكه‌یان پڕكردین، هه‌ر له بۆیه ئه‌وان زۆر دوور له واقیعی كوردستان له شته‌كانیان ده‌ڕوانی، پێم وابی ئه‌وان هێنده زه‌ق و زوو باسیان له جیهانگیریی، میدیای ئازاد، سیسته‌می دیموكراسی، مافه‌كانی مرۆڤ كرد، هێشتا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی باڵێكی هه‌زاران كیلۆمه‌تری مابوو ئه‌م شتانه‌ی به گوێدا بچرپێنی و له‌سه‌ریان تاقیبكه‌یته‌وه. ده‌توانم بڵێم ئه‌مانه وایان كرد كه زیان له‌و هه‌موو چه‌مكانه بده‌ن كه ده‌توانرا به هۆیانه‌وه جڤاكی كوردی به‌روه پێش ببه‌ن، له بۆیه‌ش ئه‌م بانگه‌شانه‌ی ئه‌وان به‌وه‌ی كه خۆیان به نوێخواز ده‌زانن، ته‌نها زارقه‌ره‌باڵغی و پێڕدروستكردن بوو، دواتر بینیت كه له ده‌وری گرووپه‌كان كۆبوونه‌وه و ده‌ستیان كرد به كۆپیكردن، به‌خشینه‌وه‌ی ئاخاوتن، هزری هزرمه‌نده گه‌وره‌كانی جیهان، ئه‌مه‌ش به هۆی زانینی ئه‌و زمانه زیندووانه‌ی جیهان. باشه مادام هه‌ریه‌ك له‌وان خۆیان به چۆمسكی، ئه‌دۆنیس، دریدا، فۆكۆ، سارتر، هایدگرێك ده‌زانی به‌وه‌ی كه دیارده‌یه‌كی ڕۆشه‌نبیریینه، چ پێوستیان به‌م ده‌سته‌جه‌معیه و به سه‌ریه‌كداهه‌ڵگوتنه هه‌بوو؟ پێم وایه ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین هوتاف و بانگه‌شه‌كانیان ته‌نها وه‌همێك بوو، ئه‌ویش بۆ خۆناساندن و ده‌ستكه‌وت. دیاره ئێمه گه‌ره‌كمان نییه دژی ئه‌م نه‌وه‌یه بووه‌ستینه‌وه، به‌ڵكوو ده‌بی هه‌مه‌هه‌نگیشمان له نێواندا هه‌بێت. ده‌بی باره‌كان دیاریبكه‌ین، نابی مێگه‌لانه له ڕۆشنبیریی میلله‌تێك بڕوانین. ئه‌م نه‌وه‌ی كه تۆ ده‌پرسیت (پێت وایه بتوانن به شیعره‌كانیان كۆمه‌كی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی دوای 2000 بكه‌ن)، نه‌خێر، چونكه ئه‌م نه‌وه‌یه، نه‌وه‌ی دوای 2000ی به‌وه ڕاهێنا كه شته‌كان هه‌مووی ڕه‌ت بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش له سه‌ر هیچ بنه‌مایه‌ك نه‌بوو، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت ببن به ده‌روێشی ئه‌وان، هه‌وره‌ها كارێكی تر كه زۆر ترسناكه، ئه‌وه بوو كه ئه‌م نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین هه‌ڵسان به لاسایكردنه‌وه‌ی شاعیرانی فارس، ئه‌وروپیی، دیاره ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌مه‌بوو كه به‌شێك له‌م نه‌وه‌یه له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌ژیان و بێبه‌رنامه تێكه‌ڵ به دنیا ڕۆشه‌نبیرییه‌كانی ئه‌وی ببوون، ئه‌مه‌یش له دواجاردا گورزێكی كوشنده بوو بۆ ئه‌ده‌بی كوردی. ئێمه لێره‌دا ناوی كه‌س ناهێنین، لی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بی هه‌ندی ناو جیا بكه‌ینه‌وه كه هه‌رچه‌نده له نێو ئه‌م باره تێكه‌ڵبوونه‌دا ژیان، لی ده‌نگی كوردانه‌ی خۆیان له یادنه‌كردووه، ئه‌مانیش (هه‌ندرێن) و (ئه‌حه‌مه‌دی مه‌لا) ن، هه‌ڵبه‌ته له بواری چیڕۆكنووسیشدا (كاروان كاكه‌سوور) و (یوسف عیزه‌دین) و هه‌روه‌ها له ناوه‌ی كوردستانیش (عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا) و (مه‌حه‌مه‌د كوردۆ) و هه‌ندێ كه‌سی تر كه لێره‌دا ده‌رفه‌تمان نییه ئاماژه به هه‌موو ناوه‌كان بده‌ین، له به‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كه‌وینه نێو ستایش و پێڕگه‌رایی، وه‌ك ئه‌مروِ له نێو ڕه‌خنه بازاڕییه‌كه‌ی ئه‌ده‌بی كوردییدا ڕه‌واجی هه‌یه. به هه‌مه‌حاڵ. سه‌باره‌ت به‌و كۆمه‌كه‌ی تۆ نمایشت كردووه؛ هیچ شاعیرێك به‌كۆمه‌ك نابێت به ئافرێنكار، ئه‌گه‌ر خۆی توانا، سه‌لیقه، مجگێز، خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی نه‌بێت. ئایا ده‌كرێت پێم بێژیت ئه‌وه‌ش له لای تۆ كۆمه‌كه كه شاعیرێك له‌و نه‌وه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت به پیشاندانی خوێندنه‌وه‌ی كتیبێك و ده‌ستخۆشی لێكردنێك بێت! ئه‌مانه ته‌نها له نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا ڕه‌واج، بوونیان هه‌یه. زۆر پێم سه‌یره كاتی هه‌ندی شت ده‌بیستم له لایه‌ن نه‌وه‌ی ئێمه به‌وه‌ی: فڵان شاعیر زۆر یارمه‌تی داوم، فیسكه شاعیر به مامۆستای خۆم ده‌زانم، فیسار نووسه‌ر ده‌ستی گرتم. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئێمه به دیدێكی ته‌واو خێڵه‌كی، خاكییانه له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان نووسه‌ران ده‌ڕاونین، ده‌نا دنیای نووسین هیچ شتێكی له‌مانه‌ی تێدا نییه. كرده‌ی نووسین پڕۆسه‌یه‌كی خودییه، تۆ ئه‌گه‌ر بۆ خۆت شاعیرێكی داهێنه‌ر نه‌بیت، با هه‌زاران شاعیرۆكه، ڕه‌خنه‌گری بی میتۆدی زانستیی، ده‌زگای به ناو ڕووناكبیریی حیزبه‌كان ستایشت بكه‌ن، نابیته ئافرێنه‌ری ده‌قێكی جاویدان. من به‌م شێوه‌یه ته‌قلیدییه له‌و په‌یوه‌ندییانه ناڕوانم، به‌ڵكوو له ڕوانگه‌یه‌كی به‌هادارانه‌وه له مرۆڤبوونیان ده‌ڕوانم، جا ئه‌و نووسه‌ره هاوڕێیانه‌ی خۆم چۆن ئه‌م په‌یوه‌ندییه هاوڕیێیه‌تییه لێكده‌ده‌نه‌وه ئاره‌زووی خۆیانه.
كۆمه‌ك كردن له لای من جیاوازه، من له‌م ڕوانگه‌وه ته‌ماشای كۆمه‌كی ئه‌و نه‌وه‌ی شیعرییه‌ی پێش خۆمان ده‌كه‌م كه ئایا تا چه‌ند له ڕووی زمانی شیعرییه‌وه، دنیابینیی، خوڵقاندی هزر هاوكاری ئێمه ده‌كه‌ن؟ ئه‌وان نه‌یانتوانیوه به ته‌واوه‌تیی زمانێكی ئافرێنه‌ر به‌رهه‌مبهێنن، جگه له به‌شێكی كه‌میان نه‌بێت، هه‌ڵبه‌ته به ژنه‌كانیشه‌وه كه ئێمه به شێوه‌یه‌كی گشتی باسمان كردووه، به بی ڕیزپه‌ڕكردن له نێوان نووسه‌رانی ژن و پیاودا.
ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر: هه‌ر چه‌نده ناچارین، ئه‌گینا من حه‌ز ناكه‌م شیعر به‌م جۆره پۆڵێن بكرێت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له (كۆمه‌ك) كاریگه‌ری بێت، من پێم وایه به جۆرێك هه‌ر ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نی. بێگومان شاعیرانی هه‌ر سه‌رده‌مێك كاریگه‌ریی به جی ده‌هێڵن له سه‌ر نه‌وه‌ی دوای خۆیان، ئه‌وه شتێكی ئاسایییه، به‌ڵام نوێخواز و داهێنه‌ران له نێو شكاندنی ئه‌و كاریگه‌رییه‌دا له دایك ده‌بن. سه‌باره‌ت به پرسیاره‌كه‌ت... نوێخوازی به‌ر له‌وه‌ی بانگه‌شه بۆ خۆی بكا، ت خوێنه‌ری به‌ئاگا ده‌توانێت بزانێت له كوێدا نوێیه، هیچ كه‌سێك به بانگه‌شه‌كردن نابێته نوێخواز، به‌ڵام به دڵنییاییه‌وه له دوای نه‌وه‌ده‌كانیشه‌وه شاعیری نوێخواز هه‌ن و خاوه‌نی داهێنانی تایبه‌ت به خۆیانن، وه‌لی من وا هه‌ست ناكه‌م كۆمه‌ڵێك شاعیری وا هه‌بن، به‌ڵكوو زۆر كه‌من، هه‌ر وه‌ك چۆن له‌وه‌ڵامی پرسیاری دووه‌مدا باسمانكرد. هیچ له‌وه نا ئه‌ده‌بی تر نییه شاعیر خۆی به شاعیری تایبه‌ت به ده‌یه‌یه‌ك بزانێت. شیعر بڕینی مه‌ودای سه‌رده‌م و كاته، ئه‌و شاعیره‌ی شیعره‌كانی نزیك ده‌بنه‌وه له جاویدانی (به‌و واتایه‌ی هه‌میشه شتێكییان تێدا ده‌مێنێته‌وه كه مایه‌ی سه‌رسامی بێت)، شاعیرێكه په‌یوه‌ست نییه به خۆخه‌ریكردنی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی زوو تێپه‌ڕده‌بن و له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌یاندا گوزه‌ر ده‌كه‌ن.
داهێنه‌ر یان نوێخواز ئه‌و سیێبه‌ره‌ی كه له سه‌رسامی له خه‌یاڵی ئێمه‌دا دروستی ده‌كات، كاریگه‌رییش به هه‌مان شێوه ده‌سازێنێت، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌میشه ئه‌م كاریگه‌رییه بگوازرێته‌وه بۆ نێو ده‌ق... ڕه‌نگه كاریگه‌ریی نه‌وه‌یه‌ك یان داهێنه‌رێك له سه‌ر شاعیری دوای خۆی به جۆرێكی تربێ، جۆرێك كه مه‌وداكانی خه‌یاڵی فراوانتر بكات و ده‌ریبهێنی له كۆتی شێوازێكی كۆن و بیبات به‌ره‌و زمان و شیعرییه‌تی خۆی، به بی ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نی كاریگه‌ری تێدا ڕه‌نگ بداته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌مه ناو بنرێت (كۆمه‌ك) هه‌ر وه‌ك تۆ ناوت ناوه. گومانی تێدا نییه كۆمه‌كی وه‌ها له هه‌موو ئه‌ده‌بیاتێكدا بوونی هه‌یه و ئاساییه، هه‌روه‌ها په‌ره به گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌ده‌ب ده‌دا ئه‌گه‌ر وریایانه كاری له سه‌ر بكرێت. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه، هه‌میشه گه‌ڕانه‌وه و په‌یوه‌ستی به نه‌وه‌ی پێشووتر یان گه‌وره‌كردنی بی پایانی ده‌نگێك به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س ناتوانێت له داهێنانه‌كه‌ی بچێته سه‌رووتر، زیان به ئه‌ده‌بی نوی ده‌گه‌یه‌نێت، جۆرێك له دووباره‌یی و خۆخواردنه‌وه دروست ده‌بێت. پێم وایه ده‌بێت شاعیری نوی بی ئه‌وه‌ی زۆر بیر له نه‌وه‌ی پیشووتری خۆی بكاته‌وه هه‌نگاو بنی، به‌و مانایه نا نه‌یخوێنێته‌وه، چونكه ئێمه ناتوانین ده‌سبه‌رداری شیعره جاویدانه‌كان بین و له جوانییان نه‌خۆینه‌وه، به‌ڵام شاعیر پێویستی به‌و پرده‌یه كه خۆی و شیعر و داهێنانی خۆی ده‌به‌ستێته‌وه به جوانی و ڕامان و بینینی شته‌كان یان ئه‌و وێنانه‌ی پێویسته به چاوی شیعری خۆی بیانبینێت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
