زانا خه‌لیل یه‌كێكه له‌و شاعیره گه‌نجانه‌ی كه باش قووڵبووه‌ته‌وه و به وردیی سه‌رنجی له پڕۆسه‌كانی نووسین و به‌رپرسیاریه‌تیی داوه. ئه‌م شاعیره، له پاڵ نووسینی ده‌قی شیعرییدا، هاوزه‌مان له بواری ڕۆماننووسین و وه‌رگێڕان و ڕه‌خنه‌یشدا شوێنپه‌نجه‌ی دیاره. ئێمه هه‌وڵمانداوه له‌م دیمانهیهد
ا كۆمه‌ڵێك پرسی گرنگ بوروژێنین، هاوكات باس له نووسینگه‌لێكی بكه‌ین، له پاڵ ئه‌مانه‌یشدا بۆچوونیمان وه‌رگرتووه له باره‌ی كۆمه‌ڵێك پرسی تایبه‌ت به ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی. با سه‌رنج له وه‌ڵامه‌كانی بده‌ین:
ڕابه‌ر فاریق: له كتێبی (كتێبی شێوازه‌كان) دا به‌ره‌وڕووی جۆرێك له ساده‌یی ده‌بینه‌وه كه ئه‌م شێوازه له نووسینی شیعری ئێمه‌دا ده‌گمه‌نه، هاوكات مۆسقای شیعره‌كانیشت پتر ناوه‌كیین نه‌ك ده‌ره‌كیی، واته: له‌نێو قووڵاییی ده‌قه‌كاندان، نه‌ك وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه كه‌سانی دی كاریان له‌سه‌ر مۆسیقای ده‌ق كردووه، بێجگه له‌مانه‌یش، هه‌موو ده‌قه‌كان ئیش له‌سه‌ر ته‌نها شێوازێك ده‌كه‌ن، كه‌چی ناوی كتێبه‌كه‌ت (كتێبی شێوازه‌كان) ه، ئه‌م ناو-ه‌یش ده‌لاله‌ت پتر له شێوازێك ده‌كا، هۆكاری ئه‌مه بۆچیی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
زانا خه‌لیل: نه‌ك به ته‌نیا شیعر، به‌ڵكو ده‌روون و ڕۆحی مرۆڤایه‌تیی تووشی قه‌یرانی ئاڵۆزی و نه‌خۆشیی به ڕۆبۆتبوون و هه‌نده‌سه‌به‌ندی ڕۆح و به ماتماتیكبوونی ڕۆح ببۆوه و تا ئێستایش هه‌ر به‌رده‌وامه.. ئه‌و ئاڵۆزیی و به ڕۆبۆتبوون و هه‌نده‌سه‌به‌ندیی و تێكچرژانه‌ی كه به‌رهه‌می عه‌قڵ و عه‌قڵانییه‌تێكی ڕووته. ئێستا ڕووگه‌ی شه‌پۆلێكی جیا له ڕووی ڕێكبه‌ندی كردنی ژیان به‌ڕێوه‌یه كه ئه‌ویش ئاسانكردنه‌وه‌ی شته‌كانی نێو ژیانه له هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه، بێگومان پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا به ده‌ستپێكی ئه‌و شه‌پۆلی ئاسانكردن و ساده‌ییكردنی ژیانه داده‌نری. رۆشنه كه ڕووگه‌ی فه‌لسه‌فیی مرۆڤی هاوچه‌رخ بریتییه له باش ژیان و خۆش ژیان دوور له ئالۆزییه‌كان، دوور له كلێشه‌به‌ندیی ڕۆح به قانونه‌كانی ماتماتیك، كه‌وابی هه‌وڵی گۆڕین ده‌دری، مرۆڤ ده‌یه‌وی ئه‌و ئیتاژه بگۆڕی و ڕوو له ئیتاژی سه‌رووتر بكا. ئیتاژی سه‌رووتر چییه؟ ئه‌گه‌ر مرۆڤایه‌تی تا ئێستا گه‌یشتبێته ئه‌وه‌ی كه له‌ناو ئیتاژێكدا ژیانێك بۆ خۆی درووستبكا ئه‌و ژیانه ته‌نیا و ته‌نیا عه‌قڵ و ئاڵۆسكاویه‌كانی عه‌قڵ به‌ڕێوه‌ی ببا، ئه‌گه‌ر مرۆڤایه‌تی تا ئێستا گه‌یشتبێته ئه‌وه‌ی كه له‌ناو ئیتاژێكدا ژیانێك بۆ خۆی درووستبكا ئه‌و ژیانه بریتیی بی له‌وه‌ی ئێسته‌تیك له ته‌عقیدات ببینێته‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌لاره‌كانی نێو ئه‌و ئیتاژه هه‌مووی به په‌یكه‌ر و نه‌ققاشیێكی ئاڵۆز ڕازابێته‌وه و... تاد، ئه‌وا ئێستا مرۆڤایه‌تی ده‌یه‌وی له ئیتاژێكدا ژیان ببا به‌ڕێوه كه ساده‌یی دوای بڕینی قۆناغی عه‌قڵ و عه‌قڵانییه‌ت ده‌یبا به‌ڕێوه.
به كورتی: ڕووگه‌ی فه‌لسه‌فیی وڵاتانی پێشكه‌وتوو ڕوو له ئاسانكردن و ساده‌ییه، ڕوو له ئاسانكردنی ئاڵۆزییه‌كان و كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێیانه‌یه كه ئێستا (مه‌به‌ست له چاخی نوێیه) به‌بی هۆكار هێشتا هه‌ر كۆد و گرێن. ئه‌و شه‌پۆلی به‌ره‌و ساده‌یی و ئاسانكردنه هه‌موو ڕووه‌كانی ژیانی گرتۆته‌وه، ژیانی ڕۆژانه، به نمونه: بۆچوونێك هه‌یه ده‌ڵی، دوای چه‌ندین ساڵی‌تر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دری ماركێت نه‌مێنی له دنیادا، تۆ له ماڵه‌وه به ئینته‌رنێت و ته‌له‌فۆن داوای هه‌موو پێداویستییه‌كانی ژیانی خۆت ده‌كه‌ی.. هه‌ر به ئینته‌رنێت ده‌توانی لێره‌وه له هه‌ولێر كار به پاره‌كانت بكه‌ی له هه‌موو وڵاتانی دنیادا، له بانكێكه‌وه بۆ بانكێك بیگوازیته‌وه، له بانكێكه‌وه بۆ حیسابی كه‌سێكیتر بیگوازیته‌وه، یاخود لایڤ به وێنه و ده‌نگ، دیالۆگ له‌گه‌ل كچێكی خه‌ڵكی سه‌مه‌رقه‌ند بكه‌ی كه ئێستا دانیشتووی سانفرانسیسكۆیه و به‌سه‌فه‌ر چۆته هۆنكۆنگ و له‌وێش به شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌چێته شارێكیدی، ته‌نیا له ڕێگای لاپتۆپێكه‌وه. ئه‌و ئاسانكاریی و ساده‌ییه هه‌موو ڕووه‌كانیتری ژیانی گرتۆته‌وه، به نمونه: ته‌لارسازی، ته‌شكیل، چۆنیه‌تی درووستكردن و دانانی مۆبیلی ناو ماڵ و... تاد. شیعر ژیانه، شیعریش كاریگه‌ریی ڕیتم و مۆسیقای چاخی به‌سه‌ره‌وه‌یه، بۆیه شیعریش به پێی قۆناغه لێكجیاكان كاریگه‌ر ده‌بی به‌و ڕیتم و مۆسیقا و ڕووگه فه‌لسه‌فیانه‌ی كه ژیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. گه‌یشتن به پرۆسه‌یه‌كی نوی و ده‌گمه‌ن وه‌كو خۆت له پرسیاره‌كه ئاماژه‌ت پێكردووه كارێكی سانا نییه، به‌ڵكو جێهێشتنی هه‌موو ئاڵۆزییه‌كانه و ده‌رچوونیشه له‌نێو بازنه‌كانی ئاڵۆزیی، ئه‌گه‌ر ئاڵۆزیی به تونێَلێك دابنێین بۆ گه‌یشتن به نوی و شه‌فافیه‌ت له ستایلدا ئه‌وا ڕه‌نگه من ئه‌و تونێله‌م بڕیبی، له چه‌ند دیوانێكی وه‌كو فیرده‌وسی به‌فره‌كان و سه‌فه‌ره‌كانی ئۆرشه‌لیم و سه‌فای ته‌م دا، له‌سه‌ر ئیقاعی ده‌ره‌وه و سنعه‌تسازی وشه و ڕه‌وانبیژی كۆن و لێكسیكۆن و فه‌رهه‌نگ و حاڵه‌ته ئاوتۆماتیكیه‌كان و گه‌مه‌كانی ڕسته‌سازی و گوێنه‌دان به سیمانتیك و ئیش كردن له‌نێو مۆرفۆلۆژی و فۆنۆلۆژی و... تاد، كارم كردووه، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌مێكی شیعریبوو، ئه‌وه‌ش به‌و واتایه نییه كه شیعر ته‌نیا بۆ سه‌رده‌مێك و چاخێك ده‌نووسری وه‌كو ئه‌وه‌ی مۆدێل بی. نوی درێژكراوه‌ی كۆنه، نوی داهێنراوی خۆڕسكیانه نییه، له شیعردا وه‌رچه‌رخان هه‌یه، ڕامبۆ زه‌وقی شیعری كۆن و باوی به ئاراسته‌یه‌كیتر برد، ئیلیۆت به هه‌مان شێوه، به‌ڵام دوای ئیلیۆتیش له ناوه‌ڕاست و كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و له كۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌سلێكی نوی ئه‌و زه‌وقه‌ی كه ئیلیۆت درووستی كردبوو به ئاراسته‌یه‌كیتر بردرا، داداییه‌كان و سوریالییه‌كان و دواتر گروپی 47ی ئه‌ڵمانی و... تاد، نموونه‌ی دیاری ئه‌و قسه‌یه‌ن. ئێستای شیعری نوی به‌و ڕێڕه‌وه‌دا ده‌ڕوا كه نه‌سلی شاعیرانی دوای جه‌نگ هێناویانه‌ته پێش له گۆڕینی ئه‌و زمانه‌ی كه ئیلۆت پێیده‌نووسی، له گرینگی نه‌دان به ئه‌فسانه و هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ی كه له چاخی ئه‌مڕۆدا خوێنه‌ر تووشی سه‌رئێشه ده‌كه‌ن. تێكستی ساده و تێكستی شه‌فافی ئێسته‌تیكئامێز و هه‌ڵگری ڕوئیا باشتر و ڕێكتر ده‌گاته زمانه‌كانیتر، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه له‌ناو لێكسیكۆن و فه‌رهه‌نگ و مۆرفۆلۆژیا و فۆنۆلۆژیا كارده‌كات... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێكستی ساده و تێكستی شه‌فافی ئێسته‌تیكئامێز و هه‌ڵگری ڕوئیا هه‌ڵگری هه‌مان چێژه له هه‌موو زمانه‌كانیتردا، به پێچه‌وانه‌ی شیعری ئاڵۆز كه ته‌نانه‌ت ناتوانری ته‌رجه‌مه‌ی نزیكترین زمان بكری خۆ ئه‌گه‌ر بشكری ئه‌وا زۆربه‌ی تایبه‌تمه‌ندی و خاسیه‌ت و جوانییه‌كانی خۆی (ئه‌گه‌ر هه‌یبی) له ده‌ستده‌دا. بۆ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه، هیوادارم وابی كه به یه‌ك ستایل بخوێندرێته‌وه، چونكه یه‌كی له كێشه‌كانی ئه‌و دیوانه ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر چه‌ند ستایلێك كاركراوه، ئه‌وه یه‌كی له‌و تێبینیانه‌یه كه د. سه‌روه‌ر عه‌بدوڵڵا له‌سه‌ر ئه‌و دیوانه‌ی هه‌یه، منیش تا حه‌ددێك باوه‌ڕم پێی هه‌یه. لێره‌دا پێویسته بپرسین، شێواز چییه: شێواز ئه‌و ڕێگایه‌یه كه سلوكی مرۆڤ ده‌رده‌خات له گوزارشت كردنی ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه له زه‌ینی مرۆڤدا هه‌یه.. پێناسه‌كردنی شێواز لای جان كوهن هێنده جیا نییه له پێناسه‌كه‌ی شارل برۆنو كه ده‌ڵی: هه‌موو شتێكی نائاسایی كه له‌گه‌ڵ پێوه‌ره گشتییه‌كان یه‌ك ناگرێته‌وه پێیی ده‌گوتری شێواز، لێره‌دا ده‌توانین بڵێین كه شێواز بریتییه له لادان، به‌و شێوه‌یه ئه‌و شته دیاریی ناكه‌ین كه تێیدایه، به‌ڵكو ئه‌و شته ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین كه تێیدا نییه. من له هه‌ر دوو دیوانی دیالۆگی لاڵێك و كتێبی شێوازه‌كان به ئاشكرا له‌سه‌ر لادان كارم كردووه، به‌ڵام لادانێك كه ئیمتیداد و درێژكراوه‌ی شته جوانه‌كانی ئه‌و تێكستانه‌ن كه من ناسیومن، به واتایێكیدی من ته‌نیا خۆمم نووسیوه‌ته‌وه، بێگومان خۆشم به‌شێكم له‌و كولتوره‌ی كه پێیگه‌یشتووم و سوودم لێیوه‌رگرتووه.
ڕابه‌ر فاریق: هه‌ر له كتێبی (كتێبی شێوازه‌كان) دا تا ئاستێك سوودت وه‌رگرتووه له شێوازی نووسینی شیعری (ئێریش فرید) كه خۆیشت چه‌ند ده‌قێكی ئه‌و شاعیره‌ت وه‌رگێڕاوه و له ژماره (126) ی گۆڤاری (ڕامان) دا بڵاوت كردووه‌ته‌وه، سووده‌كه‌یش له‌م ڕووه‌وه‌یه كه هه‌ردووكتان ئیش له‌سه‌ر (شته دژه‌كان) ده‌كه‌ن، كه‌چی ئاماژه‌ت نه‌كردووه به ئه‌م (سوود) وه‌رگرتنه، بۆچی؟ كه‌نگێ ده‌توانین سوود له شاعیرێك وه‌ربگرین، به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئێمه‌دا ده‌قه‌كه‌ی دیكه‌ی بیربكه‌وێته‌وه؟
زانا خه‌لیل: ئه‌گه‌ر نووسه‌ر خاڵیبكه‌ی له سوود وه‌رگرتن جا ئه‌و سوود وه‌رگرتنه له هه‌ر ڕوویێك بی ئه‌وا كه‌سێكی به‌تاڵ ده‌مێنێته‌وه، هه‌موو نووسه‌رێكی داهێنه‌ر درێژكراوه‌ی كولتوری به‌ر له خۆیی و سه‌رده‌می خۆیه‌تی، تۆ له‌نێو پرۆسه‌یه‌كی زانستیی ڕه‌هادا كارناكه‌ی، تۆ ئه‌دیسۆن نیت كاره‌با بدۆزیته‌وه یا ئاینشتاین كه‌شفی ئه‌تۆم بكه‌یت، نووسه‌ر له‌نێو زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كاندا كارده‌كات، كه ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كی گشتگیری كارلێكه‌ر و كارلێكراو و ئاوێته‌بوونی گه‌ره‌كه، نووسینی شیعر كارێكی سانا نییه، بۆ ئه‌وه‌ی شاعیربیت پێویستیت جگه له به‌هره و عیشق به زانینه، زانینێكی گشتگیر و تێر له هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر بیت پێویستیت به زانینی ڕووگه فیكری و فه‌لسه‌فییه‌كانی ژیان و ده‌یان و ده‌یان تێگه‌یشتنه له خۆت و ده‌وروبه‌ر و ژیانیش. بۆیه نه‌ك ئاساییه كه نووسه‌ر سوود وه‌رگری، به‌ڵكو نائاساییه كه نووسه‌ر نه‌توانی سوود وه‌رگری، چونكه نووسه‌ری بێ‌ئاگا و نووسه‌ری دابڕاو له كولتوری به‌ر له خۆیی و سه‌رده‌می خۆی كه‌سێكی خۆڕسكی خاڵی و به‌تاڵ ده‌مێنێته‌وه و به‌رهه‌میشی هه‌ر له‌و ئاسته‌دا ده‌بی.
ڕابه‌ر فاریق: كتێبی (زایزۆنی سێیه‌می زناك) قه‌سیده‌یه‌كی درێژه كه تۆ و (هاشم سه‌راج) به هاوبه‌شیی نووسیوتانه. ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری ئێوه بێ هه‌ست ده‌كا كه (شێواز و زمان) ی هاشم سه‌راج به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌دا زاڵه، ئه‌مه‌یش له هه‌موو ده‌قێكی هاوبه‌شییدا هه‌ر ده‌رده‌كه‌وێ، واته زاڵبوونی یه‌كێك به‌سه‌ر ئه‌ویدیكه‌دا. تۆ هه‌ستت به‌م خاڵه كردووه؟ هێی له‌مه‌یش ئه‌م زاڵبوونه زیانی هه‌یه؟
زانا خه‌لیل: هه‌رگیز ناتوانم له‌و گرنگی و كاریگه‌ریانه كه‌م بكه‌مه‌وه كه برای شاعیر هاشم سه‌ڕاج له قۆناغێكدا به‌سه‌ر فراوانكردنی زه‌ینیی شیعریی مندا هه‌یبووه، وه‌ك له پێشتریش باسم كرد ئێمه درێژكراوه‌ی كولتووری لێكجیاین، هاشم سه‌ڕاج له سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنم له نووسیندا، له ناسینیی شیعری جیهانیی، ئه‌و مه‌دخه‌له ڕاسته‌ی نیشانیی من دا كه پێویست بوو من له‌وێوه ده‌ست پێبكه‌م...
به‌ڵام سه‌باره‌ت به زایزۆن ده‌بی ئه‌وه بڵێم كه زایزۆنی سێیه‌می زناك قه‌سیده‌یه‌كی درێژ نییه، به‌ڵكو لێڕامان و تێڕوانینه بۆ دنیا و شته‌كانی ناوی، وردكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی تێمه‌ی هه‌ڵوارسراون و شیكردنه‌وه‌یانه (بێگومان له قۆناغێكی خوێندنه‌وه و ڕامانی ئێمه بۆ دنیا و بۆ ژیان و بۆ مه‌رگ) .
زمان له‌وی له‌ژێر كاریگه‌ری كاك هاشم دایه یان به‌یه‌كه‌وه زمانێكی نوێمان خولقاندووه ئه‌وه لایمن زۆر گرنگ نییه، چونكه له زایزۆن به ڕۆحییه‌ت و ڕوئیا و زه‌ینی ئاوێته كارمان كردووه، زمان هه‌مان زمانه یاخود زۆر زۆر لێكنزیكه، ئه‌وه‌ش به‌و واتایه دی كه له‌نێوانی زمانی تایبه‌تیی ئه‌و و زمانی من زمانی سێیه‌م هه‌یه كه نه به‌ته‌واوی زمانی ئه‌وه‌و نه به ته‌واوی زمانی منه، به‌ڵكو زمانێكی هاوبه‌شه له‌ده‌ره‌وه‌ی زمانی مجه‌ڕه‌دی من و زمانی تایبه‌تیی ئه‌و.
ڕابه‌ر فاریق: پێتوایه نووسینی (ده‌قی هاوبه‌شی) ی داهێنانی لێ بكه‌وێته‌وه؟ ئه‌م پرسیاره‌یشم بۆیه كرد، چونكه بێجگه له (زایزۆنی سێیه‌می زناك)، ئه‌وه‌ی من بزانم به‌شداریت كردووه له نووسینی ده‌قی (پیاڵه) یشدا كه له ژماره (121) ی گۆڤاری (ڕامان) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌و كه‌شه چۆن خه‌ڵق ده‌بێ كه كۆمه‌ڵێك شاعیر بڕیار ده‌ده‌ن له یه‌ككاتدا ده‌قێك بنووسن؟
زانا خه‌لیل: ئه‌زموونێك بوو، چركه‌ساتێكی خۆشیی و چركه‌ساتێكی چێژبه‌خش خولقاندی، ئه‌و جۆره شیعرانه كه له دوو كه‌س زیاتر به‌شداری ده‌كا له نووسینی، هه‌ر له نووسینی یادگارییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی ده‌چی، داهێنانی لێده‌كه‌وێته‌وه یا لێیناكه‌وێته‌وه ئه‌وا تێكست بڕیار ده‌دا، به‌ڵام من پێم وایه به شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌خێر، چونكه نووسینی تێكستی داهێنه‌رانه كاری ته‌نیا كه‌سێكه، كارێكی ته‌واو ئیندیڤدوێلانه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر بۆ كاتێكیش زه‌ین و بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینی دوو نووسه‌ر وه‌كو یه‌ك یا لێك نزیك بی ئه‌وا له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ئه‌وانیش ده‌گۆڕێن، بێگومان ژیانیش هه‌میشه له گۆڕاندایه بۆیه ئه‌و كاره ده‌سته‌جه‌معیانه له نووسینی تێكستدا سه‌ركه‌وتوو نابی.
ڕابه‌ر فاریق: تۆ یه‌كه‌م كه‌س بووی كه (مۆبایله شیعر) ت گواسته‌وه بۆ نێو شیعری كوردی، ئه‌م كتێبه‌ت پێشوازییه‌كی باشیشی لێكرا له لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه، كه‌چی بێده‌نگ بووی له دوای بڵاوبوونه‌وه‌یدا، واته: هیچی دی نه‌گه‌ڕایته‌وه كن ئه‌و ته‌رزه شیعره، هۆكار ئه‌وه‌یه كه ئه‌وی هه‌ستا ئه‌مه‌ی له تۆ و وه‌رگرت به شێوه‌یه‌كی خراپ به‌كاریان هێنا، یان ده‌رهاویشته‌ی ئه‌وه‌یه كه نه‌تویست پتر بگه‌ڕێیته‌وه كنی له به‌ر هه‌بوونی پرۆژه‌ی دیكه؟
زانا خه‌لیل: له شوێنی دی باسی چۆنییه‌تی درووستبوونی مۆبایله شیعرم به درێژی كردووه، به‌ڵی پێشوازیێكی زۆری لێكرا، ئه‌وه‌بوو دوای ئه‌و كتێبه‌ی من، به ده‌یان كتێبیدی به هه‌مان ناو ده‌رچوو، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دابوو به ئاراسته‌یه‌كیتر ڕوێندرا كه دوور له داهێنان و جوانیی بی، ئێستا مۆبایله شیعر وه‌كو چه‌مك لای به‌شێك له نووسه‌ران هه‌ڵگری چه‌مكێكی موراهیقانه و كارێكی منداڵكارانه‌یه، به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی من كردم بۆ ئه‌وه بوو زمانی نامه و ئێس ئێم ئێس بگۆڕم، له زمانێكی موجه‌ڕه‌دی جاده‌ییه‌وه به‌ره‌و زمانێكی شیعری نزیك له زمانی خه‌ڵك، به واتایێكیدی زمانی ئاسایی خه‌ڵك به ئاوێته‌كردنی شیعرییه‌ته‌وه، من له‌و كتێبه‌دا كارم بۆ گۆڕینی زمان كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێستا كار له‌ناو زمانی شیعریم ده‌كه‌م، له قورسیه‌وه به‌ره‌و ئاسانیی و ساده‌یی، ساده و ئاسان نووسین گرانتره له ئاڵۆز و شاراوه نووسین، كاری هه‌موو كه‌سێك نییه بتوانی ساده بنووسی، ساده‌نووسین دوای بڕینی نووسینی ئاڵۆز و گران دێت، دواتر ئه‌وه په‌یوه‌ندی به زانین و به‌هره‌و و عیشق و ڕۆحه‌وه هه‌یه، ڕۆح ده‌بی هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌ی بڕیبی، ده‌بی له گرانییه‌وه په‌ڕیبێته‌وه ناو ئاسانیی و له ئاسانیشه‌وه به‌ره‌و ساده‌یی، چونكه جیاوازی به‌رچاو هه‌یه له نێوانی ئاسانیی و ساده‌یی، ئاسانیی وێستگه‌یه‌كه به‌ر له ساده‌یی، ساده‌یی به‌رز ڕاگرتن و بێئه‌هه‌میه‌تكردنی شته‌كانه، ساده‌یی واتا به‌رز ڕاگرتن و بێئه‌هه‌میه‌تكردنی شته‌كان له‌نێوانی عه‌قڵ و دڵدا، له‌نێوانی عه‌قڵ و بێعه‌قڵیێكی دوای بڕینی عه‌قڵانییه‌ت. پێم باشه لێره‌وه سڵاو بۆ ئه‌و داهێنه‌ره ونه بنێرم كه له نووسینی مۆبایله شیعر له‌گه‌ڵمدا به‌شدار بوو، ئه‌و وه‌كو سیحر وابوو، هات و ونبوو، هه‌ندێجار داهێنه‌ری ئاواش هه‌یه كه هه‌رگیز و بۆ تاهه‌تایی ناوی ناكه‌وێته سه‌ر ئه‌و كاره‌ی كه كردوویه‌تی، ئه‌ویش یه‌كێكه له‌و ناوه ونانه‌ی كه ده‌بووایه لێره ناوی بهاتبووایه.
ڕابه‌ر فاریق: دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی (مۆبایله شیعر) حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن ستوونێكی ڕه‌خنه‌ییی له‌سه‌ر نووسی و تۆیش له هه‌مان ڕۆژنامه‌دا وه‌ڵامیت دایه‌وه، ئه‌و ڕه‌خنه‌گره نووسیبووی من یه‌كه‌م كه‌سم كه (مۆبایله شیعر) م نووسیوه، پێتوایه ئه‌مه جۆرێك له مۆنۆپۆلكردن نه‌بێ؟ به‌و واتایه‌ی كه هیچ ته‌رزه نووسینێك موڵكی كه‌س نییه، هێی له‌مه‌یش، له‌م دواییانه باسی (هایكۆ) هاتووه‌ته گۆڕێ، كه‌چی كه‌س نه‌یگوت موڵكی منه. سه‌رنجت له‌سه‌ر ئه‌م (موڵكایه‌تی) یه چۆن ده‌رده‌بڕی؟
زانا خه‌لیل: له شوێنی خۆی به ڕێزه‌وه وه‌ڵامی كاك (حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن) م دایه‌وه، پێم وانییه كاك حه‌مه سه‌عید كه‌سێكی مۆنۆپۆلكار بی، چونكه هیچ نووسینێكی ئه‌وم نه‌خوێندۆته‌وه كه بۆن و تامی مۆنۆپۆلكردنی لێَبی، بێگومان زۆر موتابعه‌ی نووسینه ئه‌ده‌بییه‌كانی ده‌كه‌م، كه‌سێكی سه‌ركه‌وتووه له‌و بواره‌دا، من ڕێزێكی زۆرم بۆی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌و تێبینیانه‌یش كه هه‌ندێجار سه‌باره‌ت به نووسینه ڕه‌خنییه‌كانی هه‌مه... بۆ ئه‌وانه‌ی كه ئاگاداری شیعرن هایكۆ هونه‌رێكی شیعری نوی نییه، جۆره شیعرێكی یابانییه له سه‌ده‌ی هه‌شته‌می زاینی سه‌ری هه‌ڵداوه، له حه‌ڤده بڕگه پێك دێت، 5-7-5 له سی دێردا، به زمانێكی ساده ده‌نووسری، به شێوه‌یه‌كی گشتی هایكۆ له سه‌ده‌ی 17 به فراوانی له‌سه‌ر ده‌ستی (باشۆ) بڵاوبۆوه، كه مامۆستای یه‌كه‌می ئه‌و هونه‌ره بوو به بی ڕكابه‌ر، بۆسۆن 1716-1783 ی زاینی و ماسا ئۆكاشیكی 1867-1902ی زاینی به ڕیبَبه‌رانی ئه‌و هونه‌ره داده‌نرێن.
ڕابه‌ر فاریق: له‌و دیمانه‌یه‌دا كه (د. سه‌روه‌ر عه‌بدوڵڵا) له‌گه‌ڵتدا كردوویه‌تی و له ژماره (106) ی گۆڤاری (ڕامان) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، له وه‌ڵامی پرسیارێكدا گوتووته: (له كاتێدا ده‌ستم به نووسینی شیعر كرد كه نه‌مده‌زانی شیعر چییه!، به‌ڵام له كاتێكدا ناتوانم ده‌ست له نووسینی شیعر هه‌ڵبگرم كه ده‌زانم شیعر چییه؟)، جوانه، به‌ڵام كه ئێسته له شیعر تێده‌گه‌ی، چۆن باس له جوداوازیی ئه‌م دوو سه‌روه‌ختانه و ماهیه‌تی شیعر ده‌كه‌ی؟
زانا خه‌لیل: به‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه كورد سه‌باره‌ت به شیعر هه‌یه‌تی، ئێمه هه‌رگیز ناتوانین نه‌ك داهێنان له ئاستی دنیادا به‌ڵكو له‌نێو چوارچێوه‌ی جوگرافیای خۆشمان‌دا بكه‌ین... شیعر نووسین كارێكی ئاسان نییه وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسك ده‌ست پێده‌كه‌ن و وشه‌ی پڕ له ئاخ و ئۆف ڕیز ده‌كه‌ن، سی ڕه‌كیزه یا ستوونی توند هه‌یه هه‌ر كه‌سی كه نه‌یبی ناتوانی شیعری جوان بنووسی و به‌رده‌وامبی، (به‌هره-عیشق-زانین) .. له‌شوێنیدی به درێژی له لێكدانه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكانه دواوم و حه‌ز ناكه‌م لێره دووباره‌ی بكه‌مه‌وه، به‌ڵام هه‌ر بۆ نمونه ئه‌گه‌ر زانین وه‌رگرین، زانینی شیعری بریتییه له:
1- ئاگاداربوون له مێژووی شیعری زمانی خۆت له ده‌ستپێكه‌وه تا ئێستا.
2- ئاگاداربوون له مێژووی شیعری جیهانی.
3- ئاگاداربوون له وه‌رچه‌رخانی شیعر له قۆناغێك بۆ قۆناغێكیدی و له زه‌مه‌نێكه‌وه بۆ زه‌مه‌نێكیدی... زانینی خاسییه‌ت و تایمه‌ندییه‌كانی شیعر له‌و زه‌مه‌ن و قۆناغانه‌دا.
4- ئاگاداربوون له مه‌زاهیبه ئه‌ده‌بییه‌كان.
5- ئاداگاداربوون له ڕووگه فیكری و فه‌لسه‌فییه‌كان.
6- ئاگاداربوون له میتۆده ڕه‌خنیی و زانسته‌كانی زمان.
7- ئاگاداربوون له زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی.
8- سه‌رباری هه‌موو ئه‌و شتانه لایه‌نێكیتری گرنگ هه‌یه كه هێنده‌ی هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی پێشتر گرنگی هه‌یه بۆ ئه‌و زانین و زانیارییه كه ئه‌ویش ڕۆشنبیری چاوه، یا ئه‌زموونی دیتنه، دیتن بۆ نووسینیی شیعر گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، نه‌ك هه‌ر بۆ شیعر به‌ڵكو بۆ ژیان.
ئه‌وه به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر زانینی شیعری، به‌هره‌و عه‌شیقیش قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرن، كه‌وابی زانینی ڕیزكردنی وشه به ته‌نیا به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی تێكستێكی داهێنه‌رانه بنووسیت... ئه‌و خاڵانه‌ی كه باسمكردن پرۆسه‌یه‌كی دوور و درێژی گه‌ره‌كه، ئه‌وانه به ته‌نیا كاری چه‌ند ڕۆژێك نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به پێی سه‌رده‌مه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئه‌و هونه‌ر و زانستانه‌یش دێت كه‌وابی ده‌بی به‌رده‌وام له‌نێو ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا خه‌ریكی خۆ نوێكردنه‌وه‌و موتابه‌عه‌ی به‌رده‌وام دابین، بۆیه بوونی عیشق بۆ شیعر تووشی ئیدمانت ده‌كا، ئیدمانێك كه نه‌توانی ته‌نانه‌ت بۆ چركه‌ساتێكیش چییه بی شیعر هه‌ڵبكه‌یت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌یش كه باسمانكرد نه‌مان، ئه‌وا باشتره ده‌ست له نووسینی شیعر هه‌ڵبگرین و ماڵئاوایی لێبكه‌ین.
ڕابه‌ر فاریق: ده‌مێكه ده‌بینین كه شیعر و قسه‌ی ئاسایی تێكچڕژانێكی ڕیشه‌یییان به‌خۆوه گرتووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م جۆره‌ی ده‌قنووسین له ئه‌وروپادا ئه‌زموونكراوه، به‌ڵام شاعیرانی ئێمه‌یش سوودیان لێی وه‌رگرتووه –ئه‌م حاڵه‌ته له كتێبی شیعریی "گومان مه‌كه خۆشمده‌وێی" تۆیشدا ده‌ركه‌وتووه-، ئه‌م جۆره‌ی تێكه‌ڵاوبوونی (شیعر و قسه) تا چ ئاستێك له خزمه‌تی ئێستێتیكای ده‌قدا بووه؟ له باره‌ی سوود وه‌رگرتنه‌كه‌یش هه‌مان پرسیارت ئاراسته ده‌كه‌م.
زانا خه‌لیل: گومان مه‌كه خۆشمده‌وێی لیركه، كۆمه‌ڵه شیعرێكن كه به كێش و قافیه بۆ گۆرانی نووسراون، شیعری گۆرانی وه‌ك هونه‌رێكی شیعری به‌رز جیاوازیی هه‌یه له‌گه‌ڵ شیعری نوی و خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌رچی شیعری گۆرانی ده‌شتوانری به‌بی كێش و قافیه بنووسری به‌ڵام به داخه‌وه موزیكی كوردی ئه‌وه‌نده هه‌ژاره كه ته‌نانه‌ت توانای هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێكیشی تێدانییه له چوارچێوه‌ی میلۆدیێكدا، سه‌باره‌ت به زمانی گومان مه‌كه خۆشمده‌وێی زمانێكی ئاسانه، دیاره یه‌كی له خاسییه‌ته‌كانی زمانی شیعری گۆرانیش ئه‌و ئاسانییه‌یه له هه‌ڵبژاردنی وشه و ڕسته و وێنه‌دا كه ده‌رئه‌نجام فه‌زایێكی ناسكی لێبكه‌وێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لیرك لایمن ئه‌زموونێكی خێرا و تێپه‌ڕه، به كاری خۆمی نازانم بێگومان كه‌سانی سه‌ركه‌وتوومان هه‌ن كه له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن.
ڕابه‌ر فاریق: ڕۆشنبیرانی كورد توانیویانه به كه‌ره‌سته مۆدێرن و چه‌مكه جیهانییه‌كان دۆخی گشتیی ئێسته‌ی كوردستان بخوێننه‌وه و قه‌یرانه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر په‌لكێش بكه‌ن؟
زانا خه‌لیل: چه‌مكی مۆدێردن له ده‌سپێكدا به مانای دابڕانی ئیندڤدوێلی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له ترادتسیۆن هاتووه، دواتر ده‌بێته پرۆسه‌یه‌كی گشتگیر و هه‌موو لایه‌نه‌كانیتری هونه‌ر و بیناسازی و پیشه‌سازی و... تاد ده‌گرێته‌وه. بێگومان ئه‌و ئه‌نجامه ده‌رهاوێشه‌ی كاركردنی بێوچانی فه‌یله‌سوفان و بیرمه‌ندان و ڕۆشه‌نبیرانه له قۆناغه لێكجیانی سی تا چوار سه‌ده‌ی به‌ر له ئێستا. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نه‌گه‌یشتۆته هیچ قۆناغێك یا هیچ قۆناغێكی مێژوویی سیسته‌مكراوی به خۆییه‌وه نه‌بینیوه، مۆدێرنه‌ته سیسته‌می ڕێكخستنی ژیانه له قۆناغێكی مێژووی كۆمه‌ڵگه‌دا... ئه‌گه‌ر كورد هێشتا له قۆناغێكی داداییدا (وه‌ك سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن) ژیان ببا به‌ڕێوه، ئه‌وه ڕۆشه‌نبیران له كوێوه ده‌توانن به كه‌رسته‌كانی مۆدێرنه قه‌یرانه‌كان بخوێننه‌وه؟ مه‌سه‌له‌كه ئاوا نییه، ئه‌وه كاری كاریگه‌رییه‌كانی فه‌یله‌سوفان و بیرمه‌ندانه له‌سه‌ر پۆله‌تیكاران و سیسته‌می سیاسی، فكر ده‌كری به ده‌ستوور و سیسته‌م و یاساش كڵێشه‌ی و سنووری بۆ داده‌نی. كاریگه‌ری ڕۆشنبیرانی ئێمه یه‌كجار كه‌مه له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییانه، بۆیه من هیچ گوتارێكی جددی نابینم به‌لایه‌نی كه‌م له قۆناغی ئێستای كوردستان.
ڕابه‌ر فاریق: له دنیای (ڕۆشنبیر) انی ئێسته‌ی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك گرووپ ئاماده‌یییان هه‌یه، ئێمه ده‌توانین بڵێین ئه‌مانه بنه‌مایه‌كی ته‌ندروستیان هه‌یه بۆ درێژه دان به كاره‌كانیان؟ بۆچی ئه‌م گرووپانه هه‌ر ده‌مێك و كه‌سێك وه‌كوو (ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی كورد) ده‌ناسێنن؟
زانا خه‌لیل: باوه‌ڕناكه‌م كورد ڕۆشنبیری (گه‌وره) ی هه‌بی، دواتر (گه‌وره و بچووك) له ڕۆشنبیریدا وجودی نییه، تێكست و ته‌رح و میتۆد و تیۆر و ڕوئیا و... تاد هه‌یه، كه ده‌كری هه‌ریه‌كه و به پێوه‌ری تایبه‌تی ئه‌كادیمی هه‌ڵبسه‌نگێنری. نووسه‌ری كوردی تا ئێستا له ئاستیی نووسینی كوردی كار ده‌كات، ئه‌و گروپانه‌ی كه كه‌سێك به ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی كورد به بۆنێردراوی به‌دبه‌ختیی كوردی ده‌فرۆشن وه‌كو ئه‌وه وایه هه‌موویان كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆك عه‌شیره‌تێك بۆ ڕۆشنبیری كوردی دانێن، ئه‌و جۆره گوتارانه به‌رهه‌می عه‌قڵیه‌تێكی ڕووكه‌شن. رۆشنبیریی سه‌رۆك و گه‌روره و ئاغای نییه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی گشتگیره و هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه تێیدا به‌شدارن، هه‌ر یه‌كه و خاوه‌نی دنیای خۆیه‌تی و ئیمتیدادی به‌ر له خۆیه‌تی و ده‌بێته به‌شداربوویێك له‌و پرۆسه‌ی كه هه‌موو نووسه‌رێك له هه‌ر شوێنێكی دنیادا بی تێیدا به‌شداره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا عومری هه‌موو ئه‌و گوتارانه زۆر كورته كه ده‌ڵی: (چا بوو نه‌مردم ئه‌و تێكسته‌م خوێندووه) یا به پێچه‌وانه‌وه كۆمه‌ڵێك به زۆر خۆیان كۆك ده‌كه‌ن تا له‌قه‌بی شاعیری گه‌وره‌و ڕۆمانووسی گه‌وره به كه‌سێك یان له‌ناو خۆیان به یه‌كتری بده‌ن. تێكستی ئیبداعی پێویستی به پیاداهه‌ڵدان و ستایش و گه‌وره‌كردن نییه، به‌ڵكو شوناس و ناسنامه‌كه‌ی له‌ناوه خۆیدایه، دان براون و پاولۆ كۆیلۆ و پاموك و فێرمین و گارده‌ر و ده‌یان و ده‌یانیتریش بێپرسی هیچ كه‌سێك سنووره‌كان ده‌بڕن و ده‌چنه ناو ماڵه‌كان، من پێم وایه تێكست خۆی قسه ده‌كا، خوێندنه‌وه‌ی تێكست گرنگه، ئیشكردن له‌سه‌ر تێكست گرنگه، به‌ڵام قسه‌ی گه‌وره‌ی بێبنه‌ما نه ده‌توانی تێكست گه‌وره و نه‌ده‌توانی تێكست بچو‌وكیش بكاته‌وه.
ڕابه‌ر فاریق: ده‌ق ده‌توانێَ ئه‌ڵته‌رناتیڤ بێ له به‌رانبه‌ر نامۆیی و بێزاری كه ده‌قنووس ده‌ستی بۆ ببا؟
زانا خه‌لیل: ڕه‌نگه بۆ ئه‌زموونی من شتێكی سه‌یر بی كه ده‌ڵێن: نووسینی ده‌ق له بێزاری و نامۆیی و غه‌بارییه‌وه دی، به پێچه‌وانه‌وه كه من بێهز و بێزار بم ته‌نانه‌ت ناتوانم یه‌ك وشه‌ش بنووسم. نووسین لای من به‌شێكی ژیانه، ئه‌تمۆسفێری پرۆسه‌ی نووسینیش به‌شێكه له ژیانی من، نووسین ده‌بی به‌شێكی ژیان له جوان و خۆشییه‌وه به‌ره‌و جوانتر و خوشتر ببا، ده‌بی له جوانتر و خۆشتریش به‌ره‌و جوانترین و خۆشترین ببا، من بۆ جوانتر و شیرینتركردنی به‌شێكی ژیانی خۆم ده‌نووسم، كه ده‌ڵێم به‌شێكی ژیان به‌و واتایه دی كه نووسین بۆ من هه‌موو ژیان نییه، به‌ڵكو به‌شێكه له ژیان. من ڕێك دژی ئه‌و بۆچوونه‌م كه نووسین له پێناوی مانه‌وه مومارسه ده‌كری، یا ململانێیه له‌گه‌ڵ مه‌رگ، ئه‌وه گوتارێكی بێ مه‌عنایه، چونكه به مردنی بایلۆجی نووسه‌ر هه‌موو شته‌كان كۆتاییان پێدی و گه‌ردوونیش له‌نێو ده‌چی. كه‌وابی نووسین و پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی نووسینی تێكست بۆ ژیانه نه‌ك دژایه‌تی كردنی مه‌رگ و ڕاگرتنی مه‌رگ به درۆ، ڕاگرتنی مه‌رگ كاری زاناكانه، ئه‌وه‌نده‌ی من بیستبم و خوێندبمه‌وه ئه‌وه به فیعلی خه‌ریكن، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه كارێكی زانستیی ڕه‌هایه، پێویست به وروژاندنی ناكا. به كورتی لایمن نووسین به‌دیلێك نییه بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی خه‌م و خه‌فه‌ت و شتی كاریكاتۆری و كۆمێدی له‌و بابه‌ته، من نانووسم ئه‌گه‌ر خۆشحاڵ و به‌خته‌وه‌ر نه‌بم... نانووسم ئه‌گه‌ر برسیم بی... نانووسم ئه‌گه‌ر تێنووی شه‌راب بم و نه‌مبی... بێگومان ڕه‌نگه ئه‌وه له كه‌سَێكه‌وه بۆ كه‌سێكیتر بگۆڕدری، به‌ڵام من وام.
ڕابه‌ر فاریق: چی له‌و واقیعه تاڵه بكه‌ین كه خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆڕن؟
زانا خه‌لیل: كاری تێكستی شیعری گۆڕینی واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری نییه، ڕه‌نگه گۆڕینی زمان و ستایل و... تاد له كۆتاییدا به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له‌و بوارانه ڕه‌نگبداته‌وه، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندیێكی دایركت له‌نێوانی تێكستی شیعر و گۆڕینی واقیع له ئارادانییه... وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد گۆڕینی واقیع په‌یوه‌ندی به بیر و هزری فه‌یله‌سوفان و بیرمه‌ندانه‌وه هه‌یه، به مه‌رجێك پۆله‌تیككاران و یاساناسان بكه‌ونه ژێر ئه‌و كاریگه‌رییانه، نه‌ك خه‌یاڵ و فه‌نتازیای شاعیران. شاعیران خه‌ریكی خۆیان و ناوه‌وه‌ی خۆیانن، ئه‌وه ده‌نووسن كه ده‌ركی پێده‌كه‌ن و ده‌یبستن و ده‌یبینن و له ڕوانگه‌یه‌كی ئیندیڤدوێلی مجه‌ره‌ده‌وه گوزاشتی لێده‌كه‌ن. هه‌موو ئه‌و تێكستانه‌یش كه بۆ موناسه‌بات و گۆڕینی واقیع نووسراون تێكستی ناداهێنه‌رانه‌ن و له‌گه‌ڵ گۆڕانی واقیع كۆتاییان پێهاتووه، له‌سه‌رووی هه‌موو شاعیرانیش هه‌ندی شیعری هه‌ردوو شاعیرانمان شێركۆ بێكه‌س و عه‌بدوڵڵا په‌شێون، جاروابووه به دوای ده‌رهێنان و لێكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره شیعرانه‌دا گه‌ڕاون له‌نێو دیوانه‌كانیان، به بۆچوونی من شاعیری داهێنه‌ر هه‌رگیز نابی تووشی ئه‌و هه‌ڵه گه‌ورانه بی.
ڕابه‌ر فاریق: یه‌كێك له تێڕوانینه‌كانی (دێرك واڵكۆت) وه‌هایه: (ئه‌ده‌ب ده‌می زامێك هه‌ڵده‌داته‌وه، قووڵتر له‌و زامه‌ی مێژوو هه‌ڵیده‌داته‌وه) . ئێمه‌یش ده‌توانین به‌م شێوه‌یه بڵێین: لێكۆڵه‌ر و ڕه‌خنه‌گری كوردیی قووڵتر ده‌چنه نێو پێكهاته‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان؟
زانا خه‌لیل: من به پرسیارێكی كورت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌ده‌مه‌وه، ئایا كورد چه‌ند ڕه‌خنه‌گری حه‌قیقی شیعری هه‌یه؟ تا قووڵتر بچنه نێو پێكهاته‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان؟ با هه‌ر یه‌ك له ئێمه بیر بكه‌ینه‌وه و ناوی چه‌ند ڕه‌خنه‌گرێك بینینه‌وه یادمان و ئینجا له كاره‌كانیان ڕابمینێین و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كاره‌كانیان بكه‌ین، ناوی زۆر هه‌ن له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شی زۆریان ئینتیباع ده‌نووسنه‌وه، ئه‌كادیمیه‌كانیش له‌گه‌ڵ ڕێزم به‌شێكی زۆریان خاوه‌نی زه‌ینی داخراون، موتابه‌عه‌ی به‌رده‌وامیان نییه، كه دكتۆراكه‌یان وه‌رگرت ئیدی كتێبێك ناخوێنێته‌وه، ئه‌و قسانه‌ی من به شێوه‌یه‌كی گشتییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكانێك به‌ڵام زۆر به كه‌می هه‌ن كه كاری باشیان ئه‌نجامداوه‌و چاوه‌ڕێی ئیشی باشتریشیان لێده‌كری...
ڕابه‌ر فاریق: له ئێسته‌دا هونه‌ر و ئه‌ده‌ب دابه‌شكراون به سه‌ر دوو جۆر: (هونه‌ری بازاڕی) و (هونه‌ری نوخبه)، ئه‌مه بۆ ئه‌ده‌ب-یش به هه‌مان شێوه‌یه، تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م پۆلێنكردنه هاوڕای، هاوكات بۆچی؟ له‌و میانه‌دا نووسه‌ری ڕاسته‌قینه چۆن ده‌توانێ پردێك دروست بكا بۆ به یه‌كتر گه‌یشتنی خۆی و خوێنه‌رانی، هاوكات ڕه‌خساندنی كه‌شێكی وتووێژیی نه‌ك (ده‌روێشایه‌تی) و (ڕق به‌خشینه‌وه) ؟
زانا خه‌لیل: كێشه‌یه‌كی دوو سه‌ره هه‌یه له نه‌توانینی درووستكردنی ئه‌و پرده‌ی كه ده‌بی له‌نێوانی وه‌رگر و نێره‌ر دا هه‌بی، گوناح نه به ته‌نیا له نووسه‌ره و نه به ته‌نیا له خوێنه‌ریش. ئه‌و ماوانه‌ی دوایی كه ته‌رجه‌مه‌ی هه‌ندی ڕۆمانی جیهانیی كراوه، كه‌سانێكی زۆر ڕوویان كردۆته خوێندنه‌وه، كه‌چی ڕۆمانی كوردی و ئه‌ده‌بیاتی كوردی نه‌یتوانیبوو ئه‌و كاره بكا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر تێكستی كوردی جوان هه‌ن كه خوێنه‌ری كوردی پشت گوێی خستوون. به شێوه‌یه‌كی گشتی زمانی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وڕۆی كوردی زمانێكی سه‌قه‌ته كه بڕیارێكی پێشینه‌ی بۆ خوێنه‌ری كوردی درووستكردووه له نه‌توانینی خوێندنه‌وه‌یدا. كێشه‌ی خوێنه‌ری كوردیش ئه‌وه‌یه كه به خوێندنه‌وه‌و لێكجیاكردنه‌وه ڕانه‌هاتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێنوێنیكاری نییه، ڕه‌خنه‌گری وامان نییه كه ڕووگه‌ی خوێنه‌ر بگۆڕی به ته‌نزیرات و كاریگه‌رییه فكرییه‌كانی. ئه‌وه‌ی كه هه‌یه ڕێكلامه، نووسه‌ری كوردی له قۆناغی ڕێكلامكردنێكی ڕووتدا ده‌ژی، گرووپێك دی ڕێكلام بۆ نووسه‌رێك ده‌كا، وه‌زاره‌تێك دی ڕێكلام بۆ نووسه‌رێك ده‌كا، له‌وێوه سه‌رنجی خوێنه‌ران بۆ لای ئه‌و نووسه‌ره ده‌چی، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و كارانه نه‌فه‌سی زۆر ناده‌ن، هه‌ر دوای ته‌واوبوونی كاره ڕێكلامییه‌كه ته‌مه‌نی تێكسته‌كه‌ش كۆتایی پێدی. تێكستی داهێنه‌رانه له‌نێو ڕۆشه‌نبیری كوردیدا دره‌نگ ده‌رده‌كه‌وی، ڕه‌نگه ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێكی زۆر ئاسایی بی له‌و قۆناغه‌ی ئێمه‌دا، چونكه تا ئێستا ئاستی به‌شێكی زۆری نووسه‌رانمان و خوێنه‌رانمان له ئاستی نووسینه‌كانی سایته‌كاندابن.
ڕابه‌ر فاریق: نووسه‌ران هه‌میشه له سه‌فه‌رێكدان له‌گه‌ڵ خۆیان و له‌گه‌ڵ دنیادا، ئاخۆ تۆ له‌و سه‌فه‌ره‌تاندا گه‌یشتوویته كوی؟
زانا خه‌لیل: هه‌وڵی خوێندنه‌وه و موتابه‌عه‌كردنی زیاتر ده‌ده‌م، ده‌ژیم، ڕۆمان نووسین چێژم پێ ده‌دا، ئه‌و كاتانه‌ی خه‌ریكی نووسین ده‌بم هه‌ست ده‌كه‌م له سه‌فه‌رێكدام له‌گه‌ڵ خۆم و له‌گه‌ڵ ناخی خۆم، شته‌كان به قورسی وه‌رناگرم، زۆر له خۆم ناكه‌م بنووسم، ئه‌گه‌ر تاقه‌تم نه‌بی یه‌ك وشه‌ش نانووسم، پێویستیش نییه به زۆر بنووسم، یان هه‌ر بشنووسم، كه (ده‌شنووسم بۆ خۆم و دنیای خۆم و له‌ززه‌تی خۆم ده‌نووسم به‌ڵام بێگومان بۆ خوێنه‌ری بڵاوده‌كه‌مه‌وه) . كه ده‌نووسم ده‌بی جیاواز بنووسم، جیاواز له نووسه‌رانیدی، جیاواز له نووسینه‌كانی پێشووتری خۆم، گه‌یشتووم به ساده‌ییی، ساده‌یێك تا ئاستی قسه‌كانی ڕۆژانه‌ی خۆم، به‌ڵام به ستراكتۆرێكی ئه‌ندازیارانه... بینایه‌ی تێكستی شیعری لایمن هه‌مان ئه‌و بینایه‌یه كه عه‌قڵییه‌تی ئه‌ندازیاری پۆست مۆدێرن له ئه‌وروپادا به‌رهه‌می ده‌هێنی، حه‌ز له ئاڵۆزیی و سه‌رلێشێواندنی خۆم ناكه‌م، ئه‌و شته یان شتانه له تێكستێكی كورتی شیعریدا (ده‌گه‌یه‌نم) كه ئه‌تمۆسفێر و له‌حزه‌یه‌كی شیعری داوای گه‌یاندنم لێده‌كات. نێره‌ر ئه‌گه‌ر نه‌توانی له ڕسته‌یه‌كی كورت و چڕ و شه‌فافدا فكر و وێنه و جوانیی و داهێنان بگه‌یه‌نی ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانی له سه‌دان ڕسته‌شدا ئه‌وه لۆ بۆنێردراو بنێری كه ده‌یه‌وی بینری، بنیادی شاراوه‌ی تێكست وه‌ك ئه‌وه‌ی كه به‌شێكی نووسران تێیگه‌یشتوون به ته‌نیا ڕاكردنه به‌ره‌و خۆ حه‌شاردان و له لایه‌كیتریش سه‌رلێشواندنی بۆنێردراوه له تواناكان و داهێنانی نووسه‌ر.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
