ئاماده‌كاری ته‌وه‌ره:ستیڤان ئه‌حمه‌د "شه‌مزینانی"..
كۆنگره‌ی سێ له‌نێوان هه‌نگاوی یه‌كگرتنه‌وه‌ی باڵه‌كان ودابه‌شبوونی یه‌كێتی دا – به‌شی یه‌كه‌م..
زیاتر له‌ساڵ ونیوێكه یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ده‌یه‌وێت كۆنگره‌ی سێیه‌می ببه‌ستێت، هه‌روه‌ك ده‌وترێت ئه‌م كۆنگره‌یه بۆ یه‌كێتی پێویستییه‌كی گ
رنگ وژیانییه، له‌لایه‌ك هه‌م بارودۆخی ناوچه‌یی وناوخۆیی وجیهانی گۆڕاوه‌و پێویستیی به‌هه‌ڵوێستی نوێی حزبێكی سیاسیی وه‌ك یه‌كێتی هه‌یه، هه‌م وه‌زعی ناوخۆیی یه‌كێتی كه‌ته‌كه‌توله‌كان زۆر به‌زه‌قی كه‌وتوونه‌ته دژایه‌تیكردنی یه‌كتری وبه‌رپاكردنی جه‌نگی راگه‌یاندن له‌نێوانیاندا، بووه‌ته هۆكارێكی تری هه‌ره هه‌ستیار له‌بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پارته له‌نزیكترین ده‌رفه‌تدا كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت وتیایدا ده‌ست بۆ زۆر بابه‌تی هه‌ستیار ببات وهه‌ندێك له‌كێشه نێوخۆییه‌كانی خۆی یه‌كلابكاته‌وه. به‌كورتییه‌كی زه‌روره‌تی كۆنگره بۆ حزبێكی گه‌وره‌ی وه‌ك یه‌كێتی كه‌هه‌شت ساڵه كۆنگره‌ی نه‌به‌ستووه له‌هه‌ر كارێكی تر پێویست وله‌پێشتره. به‌ڵام ئایا به‌راستیی یه‌كێتی له‌مانگی ئازاری دادێ كۆنگره‌ی خۆی ده‌به‌ستێت؟ جیا له‌وه‌ش ئایا كۆنگره‌ی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ده‌توانێ ببێته هیوایه‌كی نوێ وهه‌نگاوێكی دیكه له‌بۆ نزیكخستنه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی ته‌كه‌توله‌كان وهێنانه‌وه‌یان بۆ ژێر چه‌تری كاریزمای مام جه‌لال؟. ئایا كۆنگره ده‌توانێ به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو كۆسپ وته‌گه‌رانه‌دا زاڵ‌بێت كه‌له‌نێوان ماوه‌ی كۆنگره‌ی دوو وسێدا روویانداوه‌و زه‌ق بوونه‌ته‌وه؟ ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه ده‌توانێت ببێته كۆنگره‌ی به‌هێزكردنه‌وه‌و گوڕدانه‌وه به‌یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م كۆنگره‌یه ترازان له‌ریزه‌كانی ئه‌و پارته سه‌ره‌كییه‌ی كوردستاندا درووست ده‌كات؟ ئێمه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م كۆنگره پێشبینیكراوه، ئه‌م ته‌وه‌ره سازده‌كه‌ین.
ستیڤان:هه‌رچه‌نده مێژووه‌كه دیارنییه‌و به‌رده‌وام دوا ده‌خرێت، به‌ڵام وابڕیاره له‌ده‌رفه‌تێكی گونجاو ونێزیكدا یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان سێیه‌مین كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاركردنه ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه ده‌توانێت چی بۆ یه‌كێتی بكات؟. به‌مانایه‌كی تر ئایا ده‌بێته هۆكارێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ده‌روونی وناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی یاخود ده‌بێته هۆی زیاتر ئاڵۆز‌كان وپه‌رته‌وازه‌بوونی ریزه‌كانی یه‌كێتی؟ به‌كورتیی وكوردیی كۆنگره‌ی سێ بۆ یه‌كێتی چ بایه‌خ ورۆڵێكی هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌م ساته‌وه‌خته پڕ ئاڵۆزییه‌دا؟.
سدیق ره‌نجبه‌ر:به‌گوێره‌ی میدیاكان كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌به‌هاری ساڵی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێ، ئه‌گه‌ر هیچ ئاسته‌نگێك نه‌یه‌ته پێشه‌وه. دیاره له‌دوای كۆنگره‌ی دووه‌مه‌وه، گۆڕانكارییه‌كی زۆر گه‌وره له‌سه‌ر ئاستی عێراق وكوردستان ودونیا روویداوه، به‌تایبه‌تی رووخانی رژێمی سه‌ددام له‌ساڵی 2003دا، ئه‌مه‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی ئێراق وكوردستان له‌ساڵی ئاینده له‌ئارادایه، هه‌روه‌ها له‌دوای سێ یان چوار ساڵی تر بڕیاره ئه‌مه‌ریكا به‌ته‌واویی هێزه‌كانی له‌ئێراق بكشێنێته‌وه، ئه‌مانه هه‌مووی پێكه‌وه پێشهاتی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێ كه‌به‌راستیی ناتوانرێ پێشبینی بكرێ، داهاتوویه‌كی ئاڵۆز‌و نادیاریش چاوه‌ڕێی كوردستان ده‌كا، ئه‌مه جگه له‌كێشه نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتیش پێویستیی وبایه‌خی به‌سترانی كۆنگره زیاد ده‌كه‌ن، بۆیه له‌راستیدا ده‌بووایه كۆنگره زووتر ئه‌نجام بدرێ. یه‌كێتی كه‌خه‌مساردیی كردووه له‌به‌سترانی كۆنگره، بۆته هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كان له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستاندا، كه‌پێویستیی به‌جیددییه‌ت ودڵفراوانیی وژیریی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری به‌ئاقاری تێگه‌یشتن وپێكه‌وه كاركردن. بێگومان كۆنگره‌ی حیزبێكی وه‌كو یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، كه‌قورساییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان وله‌ناو حكومه‌ت وپه‌رله‌مانی ئێراقیش هه‌روه‌تر، به‌تایبه‌تی له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ناسكه‌دا، كۆنگره‌یه‌كی بایه‌خدارو جێگای ئومێد ده‌بێ بۆ سه‌رانسه‌ری كادێرو ئه‌ندامان ودۆستانی یه‌كێتیی و جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان. به‌ڵام ئاخۆ كۆنگره ده‌بێته هۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی ناو یه‌كێتی یان نا؟ ئه‌وه‌یان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی ده‌وێ، چونكه ده‌بێ باسی دوو كه‌سایه‌تی دیاری یه‌كێتی بكه‌ین كه‌مام جه‌لال له‌وه‌ته‌ی یه‌كێتی دامه‌زراوه سكرتێری گشتیی بووه، هێڵی گشتیی یه‌كێتی ده‌نوێنێ، رۆڵێكی بزوێنه‌ری كاریزمایی هه‌بووه‌و هه‌یه به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان ورووداوه‌كانی ناو یه‌كێتیدا. هه‌روه‌ها مام جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌رو راگیری هاوسه‌نگیی ناكۆكیی نێوان كوتله‌و مینبه‌ره‌كانی یه‌كێتی بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆكه مام جه‌لال بۆته فاكته‌ری هاوسه‌نگی ململانێی نێوان پارتی ویه‌كێتی وململانێی نێوان هێزه ئێراقییه‌كانیش، بۆیه جۆری بیركردنه‌وه‌ی مام جه‌لال ده‌وری پڕ بایه‌خی هه‌یه له‌ره‌وتی گۆڕینی رووداوه‌كاندا. هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تی نه‌وشیروانیش كه‌بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بووه، كه‌هێزی بزوێنه‌ری یه‌كێتی بووه، وه‌ك جێگری سكرتێری گشتیی كه‌سایه‌تی دووه‌میش بووه، ئه‌مڕۆكه‌ش له‌ناو یه‌كێتی هێڵی ریفۆرم ده‌نوێنێ، ئه‌ویش كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه له‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌كانی ناو یه‌كێتی. ئینجا بۆئه‌وه‌ی بزانین ئه‌م كۆنگره‌یه به‌چ ئاقارێكدا ده‌شكێته‌وه، ده‌بێ ئه‌و پرسیاره بكه‌ین ئاخۆ ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه مه‌به‌ستی جیددی‌یان هه‌یه، ئاماده‌كاریی پێویست بۆ ئه‌وه بكرێ تاململانێكان له‌ناو یه‌كێتیدا خاو بكه‌نه‌وه، یان كۆنگره ده‌بێته شوێنی یه‌كتری تۆمه‌تباركردن وته‌قینه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان؟. راسته له‌یه‌كگه‌یشتن وگه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه له‌نێوان ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه بۆ یه‌كڕزیی ویه‌كێتی ناو یه‌كێتی له‌هه‌مووی گرنگتره، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ هه‌ر سه‌ركرده‌و هه‌ر كادێره‌و هه‌ر ئه‌ندامه‌و به‌گوێره‌ی سه‌نگایی وبه‌رپرسیارێتی خۆی ده‌وری نییه له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. بۆ نموونه ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌مام جه‌لال نزیكن وبه‌رده‌وام گوێیان لێده‌گیرێ، پێویسته به‌جورئه‌ت و گیانێكی مه‌سئولانه ره‌فتار بكه‌ن، هه‌قوایه به‌راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ به‌ئاقاری لێكگه‌یشتن وچاره‌سه‌ری كێشه‌كان قسه له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌ده‌وری نه‌وشیروانیشن پێویسته به‌هه‌مان شێوه، مه‌سئولانه بجووڵێنه‌وه. هه‌قه هه‌مووان ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێت به‌ته‌قینه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان ولێكترازان هه‌مووان دۆِراو ده‌بن ویه‌كێتی به‌ره‌و لاوازیی ده‌با.
خۆم زۆرتر قه‌ناعه‌تم وه‌هایه مام جه‌لال ونه‌وشیروان له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا، ده‌بێ حیكمه‌تی ئه‌وه‌یان تیا هه‌بێ كه‌هه‌یانه، به‌لای كه‌می بڕیاری چاره‌سه‌رییه‌كی كاتی بۆ كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان بده‌ن، تا قۆناغێكی تر دێته پێشه‌وه. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای رابردووی كۆنگره‌كان وئه‌و كۆنفرانس وپلینۆم وكۆبوونه‌وانه‌ی كه‌باڵه‌كانی یه‌كێتی كردوویانه بكه‌ین به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵه، ئه‌وه یه‌كێتی هه‌رجاره‌ی توانیوویه‌تی ئه‌و ململانێ وناكۆكییانه‌ی ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی تارادده‌یه‌ك وبه‌شێوه‌یه‌كی كاتی خاو بكاته‌وه‌و چاره‌سه‌ری هه‌ندێ له‌كێشه‌كانی بكات، به‌ڵام له‌دوای ماوه‌یه‌كی تر دیسان هه‌ندێ له‌كێشه كۆنه‌كان سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ته‌وه، كێشه‌ی تازه‌شی هاتۆته سه‌ر. بۆیه وای بۆ ده‌چم ئه‌گه‌ر ئه‌وان نیازیان هه‌بێت، ئاماده‌گی باشیش بۆ كۆنگره بكرێت، كه‌حه‌تمه‌ن ده‌بێ مه‌به‌ستیان بێت، كۆنگره ده‌بێته هۆی خه‌فه‌كردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا له‌وه ناچێت چاره‌سه‌رییه‌كی سیحریی وبنه‌ڕه‌تیی سه‌رانسه‌ری ناكۆكییه‌كان بكات، دره‌نگ یان زوو ناكۆكییه‌كان به‌شێوه‌ی جیاواز سه‌رهه‌ڵده‌نه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر به‌پێوانه‌ی دیالكتیك، یان كراوه‌یی بۆ ئازادییه‌كان سه‌یری ئه‌م دیارده‌یه بكه‌ین، ئه‌و جۆره ناكۆكییانه له‌چغزی دیاریكراوی خۆیدا دیارده‌یه‌كی ته‌ندرووسته، به‌مه‌رجێ نه‌گاته رادده‌ی ته‌قینه‌وه‌و لێكترازان كه‌زۆرجاران ئیدی بواری ململانێی ته‌ندرووست نادا، به‌ڵام به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریی به‌سه‌ركرده‌كانیشییه‌وه هێشتا پێی ئاشنانه‌بوونه. به‌شێكی ئه‌ركی باشیی ئاماده‌كاریی كۆنگره ده‌كه‌وێته سه‌رشانی ئه‌و لێژنانه‌ی بۆ ئاماده‌كردنی كۆنگره درووستكراوه، كه‌پێویست ده‌كا به‌هۆشێكی كراوه‌و گرێنه‌دراو به‌گیانی ته‌كه‌تول، به‌ئاقاری چاكسازیی پۆزه‌تیڤ وپێكه‌وه كاركردن وله‌یه‌كگه‌یشتن راپۆرته‌كانیان ئاماده بكه‌ن. بۆ نموونه هه‌قه لێگه‌ڕێن هه‌موو كادێرانی تێكڕای كوتله‌كان ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌حوكمی فه‌رامۆشكردنیان دراوه له‌به‌ر كه‌یف به‌چاره نه‌هاتن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێكه‌وه، هه‌تا ئه‌وانه‌ی ره‌وتی ره‌گ و كه‌سانی تریش، بابێنه ناو كۆنگره، ده‌با قسه‌ی خۆیان بكه‌ن. به‌ڵام له‌ئه‌گه‌ری نه‌بوونی ئاماده‌كاریی پێویست بۆ كۆنگره، پێموانییه ره‌چاوی ئه‌نجامێكی باش له‌كۆنگره‌ی سێ بكرێت، بگره زیانیش به‌یه‌كێتی ده‌گه‌یه‌نێ، واته هیچ كوتله‌و مینبه‌رێك قازانج ناكا، به‌كورتی یه‌كێتی لاواز ده‌بێ، پێموایه ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك هه‌ست به‌و مه‌ترسییه بكه‌ن.
ستیڤان:ئایا كۆنگره‌ی سێی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، ده‌توانێت ببێته فاكتۆرێكی سه‌ره‌كیی گۆڕان و ئاڵوگۆڕ له‌په‌یكه‌ری سیاسیی ئه‌مڕۆی ئه‌و پارته‌دا، یاخود كۆنگره ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌بێت گۆڕانێكی ریشه‌یی و واقیعی به‌سه‌ر هێڵی ئه‌مێستای یه‌كێتیدا بهێنێت وریزه‌كانی ئه‌و پارته له‌گه‌نده‌ڵی وگه‌نده‌ڵكاران پاك بكاته‌وه؟ ئایا ئومێد هه‌یه كۆنگره‌ی یه‌كێتی له‌په‌نا یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوماڵی حیزبه‌كه، ده‌ستبه‌رێت بۆ هه‌ندێ گۆڕانی چاره‌نووسساز و هیوابه‌خش بۆ كرانه‌وه‌ی زیاتر یه‌كێتی وسیستمه سیاسیی وكارگێڕییه‌كه‌ی؟.
سدیق ره‌نجبه‌ر:بێگومان بایه‌خی هه‌ر كۆنگره‌یه‌ك له‌وه‌دایه كه‌ده‌توانرێ بڕیار له‌سه‌ر گۆڕانه بنه‌ڕه‌تییه‌كان بدرێ، له‌وانه پیاچوونه‌وه‌ی په‌یڕه‌و وپڕۆگرام، ئۆرگانه رێكخراوه‌ییه‌كان، مه‌كته‌به‌كان، هه‌ڵسه‌نگاندنی خاڵه به‌هێزو لاوازه‌كان، پێشكه‌وتن وپاشه‌كشه‌كان، پلان بۆ چاره‌سه‌رییه‌كان، چۆنێتی به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان، هه‌روه‌ها به‌حیساب كۆنگره ده‌بێ له‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئازاده‌وه توانای هه‌بێ ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه بگۆڕێ به‌كه‌سی یه‌كه‌میشه‌وه. كێشه‌ی یه‌كێتی وگه‌لێك له‌حیزبه‌كانی تری سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان ئه‌وه نییه كه‌به‌رنامه‌ی خراپیان هه‌یه، به‌ڵكه زۆرتر كێشه‌كه له‌وه‌دایه حیزبه‌كانی ئێمه به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری راسته‌قینه‌ی بیروباوه‌ڕه‌كه بن، ده‌چن وه‌ك لاساییكردنه‌وه، به‌رنامه‌ی ئه‌وروپی ووڵاتانی پێشكه‌وتوو، بۆ ئارایشت و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ دنیا‌و ده‌وروبه‌ر هه‌ڵده‌گرن وده‌ینووسنه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌وتۆی له‌واقیعی پراكتیكیدا لێ جێبه‌جێ بكه‌ن. بۆ نموونه كه‌ماركسیزم باوبوو، له‌كوردستاندا راست وچه‌پ ببوون به‌ماركسیی، ئه‌مڕۆكه‌ش راست وچه‌پ بوونه‌ته سۆسیال- دیموكرات. مه‌سه‌له‌یه‌كی تریش هه‌یه نابێ په‌نجه‌ی بۆ رانه‌كێشرێ، كه‌رێگره له‌جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی سۆسیال دیموكرات ویه‌كێتی وه‌ها خۆی پێناسه كردووه، ئه‌ویش یه‌كێتی وه‌ك حیزبه رۆژهه‌ڵاتییه‌كان هێشتا دیلی كولتوور وپه‌روه‌رده‌ی دواكه‌وتووی قه‌تیسماوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، هه‌ربۆیه‌ش وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه ئه‌و به‌رنامه درووسته‌ی بۆ دادی كۆمه‌ڵایه‌تی داڕێژراوه، بۆ نموونه له‌كاتی حوكمی ئیداره‌ی سلێمانی به‌بێ پارتی ویان له‌گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یمانیدا، جێبه‌جێ بكات، یان به‌لای كه‌می جێپه‌نجه‌ی دیاربێت له‌ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا. له‌ئه‌نجامی زاڵبوونی گیانی ته‌كه‌تول وپه‌یڕه‌وكردنی وه‌لا بۆ سه‌ركرده، كه‌زۆرتر خێڵه‌كێتی وناوچه‌گه‌ریی تێدا ئاشكرایه، هه‌روه‌ها نامه‌سئولانه ره‌فتاركردن له‌ناو هه‌ندێ له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی، وه‌های كردووه زۆرێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ئه‌م بێدادییه وه‌ك نه‌ریتێكی چه‌سپاو له‌ناو ریزه‌كانی كادێرو پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندام ولایه‌نگره‌كانی خۆشی‌دا په‌یڕه‌و بكا، كه‌ته‌واو پێشێلی پره‌نسیپی كه‌سی گونجاو له‌شوێنی گونجاو ده‌كات، چ له‌ناو حیزب و چ له‌ناو حكومه‌ت، كه‌بێگومان رێگریی سه‌ره‌كیی پێشكه‌وتنی هه‌ر حیزبێكه.
ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌م په‌رته‌وازییه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ یه‌كێتی تیایا ده‌ژی وبه‌گوێره‌ی ئه‌زموونی كۆنگره‌و كۆنفرانس وپلینۆمه‌كان وبه‌گوێره‌ی بیركردنه‌وه‌ی پێكهاته‌ی ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌یری كۆنگره‌ی به‌هاری ساڵی داهاتوو بكرێ، له‌وه‌ناچێ جگه له‌چه‌ند گۆڕینێكی كه‌م ورووكه‌ش، چ گۆڕانكارییه‌كی چاره‌نووسسازو ریشه‌یی له‌پرۆگرام وپه‌یڕه‌و ولایه‌نه‌كانی تری ژیانی رێكخراوه‌یی یه‌كێتیدا بكرێ، جگه له‌رۆیشتن وهاتنی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیاریكراو نه‌بێت، چونكه رێی تێناچێ سه‌ركردایه‌تییه كۆنه‌كه كه‌ماوه‌یه‌كی زۆر درێژه ده‌سه‌ڵاتیان له‌به‌رده‌سته، جێگه چۆڵ بكه‌ن بۆ ده‌سته‌یه‌كی نوێی سه‌ركردایه‌تی، چونكه ئه‌زموونه‌كانی پێشتر ده‌ڵێن كه‌هێندێكیان ته‌نانه‌ت ناوچه‌گه‌ریی وعه‌شیره‌تگه‌ریی وهه‌ڵڕشتنی پاره‌و واده‌ی پله‌وپایه به‌كاردێنن بۆ ده‌نگ كۆكردنه‌وه له‌كۆنفرانس وكۆنگره‌كاندا بۆ گه‌یشتن به‌سه‌ركردایه‌تی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی زه‌قه وه‌ك نه‌ریتێك وتا ئێستا له‌ناو یه‌كێتیدا باوه، ئه‌ویش كه‌زۆرترین گۆڕان، كادێرو ئه‌ندامانی خوار سه‌ركردایه‌تی ده‌گرێته‌وه، هه‌ر ئه‌وانیشن زۆربه‌ی جاران ده‌بنه سووته‌مه‌نی وقوربانی ته‌كه‌تول وناكۆكیی نێوان ئه‌م سه‌ركردانه، بۆیه باوه‌ڕ ناكه‌م گۆڕانێكی دراماتیكی به‌دیبكرێ. هه‌رچه‌نده جارێ زووه پێشبینی ئه‌وه‌بكرێ كه‌هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی چۆن ده‌بێ، به‌ڵام له‌وه ده‌چێ هه‌ردوو كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كیی ناو یه‌كێتی، مام جه‌لال ونه‌وشیروان، دیسان به‌ته‌زكیه ببنه‌وه كه‌سایه‌تی یه‌كه‌م ودووه‌می لوتكه‌ی هه‌ڕه‌م "ئه‌گه‌ر متمانه‌و ئاماده‌كاریی هه‌بێ"، ئه‌مه‌و به‌دوور نازانرێ كه‌سایه‌تی تریش به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ته‌زكیه‌ی بۆ بكرێت. هه‌روه‌ك وتم ئێمه له‌ناوچه‌یه‌كی داخراوی رۆژهه‌ڵاتی دواكه‌وتوو ده‌ژین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك مام جه‌لال بۆ نموونه خۆی مه‌به‌ستی بێت وئه‌وه‌نده خۆی به‌كاروباری ئێراقه‌وه مه‌شغوڵ نه‌كات، توانای خۆی بخاته گه‌ڕ، بێگومان كاریگه‌ریی كولتووری دواكه‌وتووی رۆژهه‌ڵاتیی كه‌مترین شوێنه‌واری ده‌بێ له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی چ له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانداو چ له‌كاتی جێبه‌جێكردنی په‌یڕه‌و وپڕۆگرامیشدا له‌دوای كۆنگره. مرۆ كه‌ئه‌م گیانه به‌تینه‌ی ته‌كه‌تولكاریی ده‌بینێ له‌ناخی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیدا وپاشان شۆڕبۆته‌وه ناو كادێر وئه‌ندامه‌كان، وامان لێده‌كا، چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌بین كه‌گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی ریشه‌یی له‌په‌یڕه‌و وپرۆِگرام وله‌مه‌كته‌بی سیاسی وده‌سته‌ی كارگێڕییه‌كه‌ی وسه‌ركردایه‌تی وئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی ئه‌نجام بدرێ. ده‌رباره‌ی گه‌نده‌ڵیی مالیی وئیدارییش كه‌له‌ناو ریزه‌كانی حیزبی وحكومیدا بڵاوبۆته‌وه، ده‌بێ ئه‌وه بڵێین كه‌ئه‌م دیارده‌یه ته‌نیا له‌ناو یه‌كێتیدا نییه‌و ده‌بێ ئه‌و هه‌قه بده‌ینه یه‌كێتی كه‌له‌حكومه‌تدا له‌گه‌ڵ پارتی پێكه‌وه‌ن، بۆیه دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی به‌هه‌مان ئه‌ندازه پارتیش ده‌گرێته‌وه، ئه‌گه‌ر زۆرتریش نه‌بێ. لێره‌دا دیسان مام جه‌لال وه‌ك سكرتێری گشتیی یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر خۆی بۆ ته‌رخان بكات، ده‌توانێ رۆڵی گه‌وره‌و پۆزه‌تیڤی ببێ هه‌ر له‌خاوكردنه‌وه‌و ئیداره‌كردنی ناكۆكییه‌كانی ناو ریزه‌كانی یه‌كێتییه‌وه بگره هه‌تا هه‌نگاونانی به‌كرده‌وه به‌ره‌و چاكسازیی وه‌ك: به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌شی یه‌كێتی ودوورخستنه‌وه‌ی فایلداران وكۆنه به‌عسییه‌كان له‌شوێنی گرنگی حیزبیی وحكومیی، هێنانه پێشه‌وه‌ی ژنان بۆ سه‌ركردایه‌تی، .. هتد. ده‌كرێ به‌كورتییه‌كه‌ی بڵێین كه‌به‌ڵێ گۆڕانكاریی له‌هه‌موو روویه‌كی ژیانی رێكخراوه‌یی وبه‌رنامه‌و په‌یڕه‌و وپڕۆگرام وهه‌تا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش ده‌كرێ، به‌ڵام جه‌وهه‌ریی و بنه‌ڕه‌تیی نابێ، زۆرتر رووكه‌ش وجوانكاریی ده‌بێ، چاره‌سه‌رییه‌كی كاتی كێشه ناوخۆییه‌كان ده‌بێ، كه‌بێگومان هه‌ندێ جۆش وخرۆش درووستده‌كاته‌وه، كه‌پاشان دیسان كێشه‌كان په‌یدا ده‌بنه‌وه.
سدیق ره‌نجبه‌ر
*سدیق ساڵح عه‌زیز"سدیق ره‌نجبه‌ر" له‌دایكبووی ساڵی 1954، گوندی گۆمه‌گڕووی قوشته‌په.
* له‌سه‌ره‌تای ئه‌ڵقه رۆشنبیرییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران به‌شداربووه‌و 1974 به‌شداربووه له‌شۆڕشی ئه‌یلوول.
*له‌نێوان ساڵانی 1975- 1980 وتاكاتی گیرانی له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه وه‌ك مامۆستا كاریكردووه.
*ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه بووه تاگیرانی له1980، دوای چه‌ند مانگێك زیندانی به‌ره‌و شاخ هه‌ڵهاتووه‌و بووه به‌پێشمه‌رگه.
*بۆماوه‌ی ساڵێك له‌رادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان له‌گوندی تۆژه‌ڵه كاریكردووه.
*1982 بۆته لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه له‌ده‌شتی هه‌ولێرو 1984 بووه به‌لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی رواندز.
* 1991 له‌راپه‌ڕین به‌شداربووه‌و له‌هه‌مان كاتدا لێپرسراوی كۆمیته‌ی شه‌هید جه‌میل ره‌نجبه‌ری یه‌كێتی بووه.
*دوای كۆڕه‌و له‌كاری حیزبایه‌تی دووركه‌وتۆته‌وه‌و ساڵی 1992 دیسان درێژه‌ی داوه‌ته‌وه به‌خوێندن.
*ساڵی 1996 به‌شی زمان وئه‌ده‌بی ئینگلیزیی له‌زانكۆی سه‌لاحه‌دین ته‌واوكردووه.
*له‌ساڵی 1996 كوردستانی به‌جێهێشتووه‌و ئێستا له‌وڵاتی هۆڵه‌ندا نیشته‌جێیه.
ئه‌و نووسینانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
