سازدانی: ڕابه‌ر فاریق- هه‌ولێر
به درێژایی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، مه‌گه‌ر تاك تاك، ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی وه‌كوو ڕه‌خنه‌گر ناسراون، به هیچ كڵۆجێك داوای كۆمه‌كیان له میتۆده ڕه‌خنه‌یی- زانستییه‌كان نه‌كردووه، به‌ڵكوو ته‌نها بۆچوونیان ده‌ربڕیوه (بۆچوونی ساكار) ، ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌ی تا ئێسته میتۆده‌كان به ڕێژه‌یه‌كی دڵخۆشكار نه‌ناسراون و ڕاڤه‌یان بۆ نه‌كراوه، به تێڕوانینی تۆ، ئه‌و هۆكارانه كامانه‌ن كه بوونه‌ته هۆی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م جۆره ڕه‌خنانه؟
كه‌ریم ده‌شتی: یه‌كێك له گرفته زۆر ئاڵۆزه‌كانی ڕه‌خنه و پرۆسێسی ڕه‌خنه له نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا (به‌گشتی) ، ئه‌مه‌یه: هه‌میشه ئه‌و ده‌قانه
ده‌كه‌ن به جێكاری خۆیان كه هێزی ئه‌وه‌یان تێدا نییه بۆ ڕه‌خنه‌گر ببن به مایه‌ی جوڵاندنی هزر و زه‌ین، ده‌خوازم بڵێم: ڕه‌خنه‌گر ئه‌و ده‌قه هه‌ڵده‌بژێرێ كه توانای ئه‌وه‌ی نییه ناچاری بكا تا بچێته‌وه سه‌ر ئاستی میتۆده به‌هێزه‌كانی ڕه‌خنه، به‌و مانایه‌ی كه ئه‌و جۆره ده‌قانه هه‌ڵگری ئه‌و خوێنه نین كه مه‌عریفه بۆ ڕه‌خنه‌گر به‌رهه‌مبهێنن، مه‌به‌ستم له خودی مه‌عریفه بۆ ڕه‌خنه‌گر له نێو گوتاره به‌هێزه‌كانی نووسینی سه‌رده‌مه كه خوێنه‌ر له نێو كۆمه‌ڵێك بابه‌تدا مه‌ست ده‌كه‌ن كه هه‌ر هه‌موویان مایه‌ی قسه‌كردن بن. مه‌رج نییه ڕه‌خنه‌گر پابه‌ندی میتۆدێك بێ و به‌رده‌وام ئیشی له‌سه‌ر بكا، چونكه ڕه‌خنه‌گری زیره‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه میتۆدی تایبه‌تی هه‌بێ و به پرانسیپه‌كانی بۆچوونی خۆی كار له نێو ده‌قدا بكا. له ئێسته‌ی ئه‌ده‌بیاتی خۆماندا پێویستیمان به بیرۆكه‌ی به‌هێز و هاوچه‌رخی ڕه‌خنه‌یی هه‌یه، ئه‌ویش كاتێك دێته كایه‌وه كه ڕه‌خنه‌گره‌كانمان واز بهێنن له هێزی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق و بچنه ناوه‌وه‌ی ده‌قه‌كان و به‌دوای ئه‌و ده‌قانه‌دا بگه‌ڕێن كه شه‌خته‌ی زه‌ین هه‌ڵده‌ته‌كێنن و گوتاری به‌هێز دروست ده‌كه‌ن، نه‌ك ئه‌و ده‌قانه‌ی كه ته‌نها و ته‌نها چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی په‌خشان ئامێز ده‌خوڵقێنن، نموونه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه به‌هێزانه‌مان له ئه‌ده‌بی جیهانیدا زۆره كه ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كی زۆریشیان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام تا ئێسته سه‌رچاوه و مه‌رجه‌عی ڕۆشنبیریین، لێكدانه‌وه‌یان بۆ ده‌كرێ و قه‌ده‌رێكی زۆر له فه‌لسه‌فه و مه‌عریفه و ڕۆشنبیرییه‌كی جیددی‌یان به‌رهه‌مهێناوه، بۆ نموونه: بۆچوونه‌كانی (ت. س. ئیلیۆت) له‌باره‌ی شیعری میتافیزیكی و كتێبه‌كه‌ی (واقعیه بلاڤفاف) ی ڕۆجی گارودی و ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی سه‌باره‌ت به ڕۆمانه‌كانی (دۆستۆیڤسكی) و (ستانداڵ) و دۆن‌كیشۆت- ی (سێرڤانتیس) نووسراون، خوێنه‌ر كاتێك ئه‌و نووسینانه ده‌خوێنیته‌وه بابه‌تی تازه‌ی له‌كن گه‌ڵاڵه ده‌بێ، یاخود ئه‌و كتێبه شیكاریی و ڕه‌خنه‌ییانه‌ی بۆ شیعره‌كانی (جه‌لاله‌دینی ڕۆمی) كراون، ئه‌وانه هه‌موویان ده‌ربڕی ئه‌وانه‌ن كه ڕه‌خنه‌گر ده‌توانێ له‌سه‌ر ده‌قه زیندووه‌كاندا، ده‌قێكی زیندووی ڕه‌خنه‌یی دروست بكا، ئافه‌تی ڕه‌خنه‌ی كوردی له‌مه‌ر ئه‌ده‌بیات په‌خشان نووسینه، كه ده‌بن به جۆرێك له ساده‌گۆیی بێ بنه‌ما و مردوو، هاوكات هیچ ئیزافه‌یه‌ك ناكه‌نه سه‌ر كولتووری نه‌ته‌وه‌یی كه كاریگه‌رێتیی خۆیان هه‌بێ، بۆیه له‌لای ئێمه‌دا هه‌ست به پرۆسیسێكی ڕه‌خنه‌ییی كاریگه‌ر ناكرێ، ڕاسته هه‌ندێك جار و هه‌ندێك نووسه‌ر ئه‌و هێزانه‌یان هه‌یه كه ده‌قێكی ڕه‌خنه‌یی جوان و هاوچه‌رخ فڕێ بده‌ن و مایه‌ی دڵخۆشیی بن، به‌ڵام كه‌من، ئیدی له نێو ژاوه ژاوی ڕه‌خنه بێسه‌ر و به‌ره‌كاندا ون ده‌بن. له‌ڕاستیدا، ده‌بێ ڕه‌خنه هێزێكی كاریگه‌ر بۆ خۆی دروست بكا و له ژێره‌وه هه‌موو خاوه‌ن ده‌قه‌كان بخاته دڵه‌ڕاوكێی كه‌شف كردنیان، هه‌ر له‌به‌ر نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی به‌هێزیشه له‌سه‌ر ده‌ق، شانی ئه‌ده‌بی كوردی شكاوه. ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێ من باسی بكه‌م مه‌سه‌له‌ی زمانه كه زۆر له ده‌قه ڕه‌خنه‌ییه‌كان ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه، واته: كاتێك ڕه‌خنه‌گرێك دێته سه‌ر باسی ڕۆمانێكی گه‌وره، له‌باتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵی ئه‌وه بدا كه‌شفه‌كانی خۆی به خوێنه‌ر بناسێنێ، به‌ڵكوو هه‌وڵ ده‌دا هه‌ڵه زمانییه‌كانی ڕۆمانه‌كه و نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه به خوێنه‌ر بناسێنێ، ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه مه‌به‌ستی ده‌ق نییه، به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی كه مه‌به‌ستی دیلكردنی نووسه‌ره‌كه‌یه، له هه‌مانكاتیشدا هه‌وڵی كوشتنی ئه‌و نووسه‌رانه‌ن له دیدی خوێنه‌راندا. ناكرێ چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی و چه‌ند شێوازێك له بونیادی ڕسته بكه‌ین به پێوه‌ری ئه‌وه‌ی كه ده‌قه‌كه مردووه، ڕاسته داهێنان له‌سه‌ر كه‌ره‌سته‌كانی بونیادی زمان ده‌وستێ و زمان زۆر گرنگه له ده‌قدا، به‌ڵام ئه‌وه ناگرێته‌وه كه ئێمه باس له هه‌ڵه‌ی ڕێَزمانی بكه‌ین و ده‌قه‌كه زه‌ربی سفر بكه‌ین. كه‌واته: ڕه‌خنه‌گر ده‌بێ بچێته نێو بابه‌ته گرنگه‌كانی زمانی ده‌ق، هه‌ر له سینتاكس و شوفره و ده‌لاله‌ته‌كانه‌وه بگره تا ده‌گاته نێو ته‌قینه‌وه گه‌وره‌كانی ئه‌و زمانه، چونكه زانستی زمان كار له نێو پێوه‌ندییه‌كان ده‌كا و باس له سیسته‌مه‌كانی زمان ده‌كا، ئه‌وه‌نده به‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانه‌وه ناوه‌ستێ. نووسه‌ر و داهێنه‌ری زۆر گه‌وره هه‌ن كه زمانێكی باویان هه‌بووه و تا ڕاده‌یه‌كیش بێبه‌ش نه‌بوون له هه‌ڵه‌ی ڕێنووس، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ده‌قه‌كانیان گه‌لێك گه‌وره‌ن. پیشه‌ی ڕه‌خنه‌گر ئه‌وه نییه ببێه مامۆستای ڕێزمانی ده‌قه‌كه، به‌ڵكوو پیشه‌ی ئه‌و كاركردنه له نێو مانا دیار و شاراوه‌كانی ده‌ق و كه‌شفكردنی جیهانبینیی خاوه‌ن ده‌ق كه بۆ خوێنه‌ر به ده‌ری بخا ئه‌و ده‌قه تا چه‌ند له نێو ئاسۆیه‌كی هیومانیزمیی ماناداردا مه‌له ده‌كا و هه‌ڵگری چ بنه‌ما و فه‌لسه‌فه و ڕۆشنبیرییێكه. ئایا هه‌بوونی هه‌زار هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی چ له (دۆن‌كیشۆت) یاخود (برایانی كارامازۆف) و (جه‌نگ و ئاشتی) و (كۆمێدیای خواوه‌ندی) ی دانتی كه‌م ده‌كاه‌وه كه خودی دانتی به زمانێكی لۆكاڵی نووسیویه‌تی؟ ڕه‌خنه‌گر ده‌بێ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی له‌به‌ر چاو بێ كه داهێنان حاڵه‌تێكی جنونی و منداڵانه‌یه، هه‌ڵچوونی داهێنه‌ره كه هه‌موو شته‌كان تێكه‌ڵ به قوڕی جوانی ده‌كا و په‌یكه‌ری نوور دروست ده‌كا، بۆیه ده‌بێ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی له زه‌یندا بێ كه چۆن له‌و ده‌قه ڕاڤه بكا كه ده‌خوازێ كاری له‌سه‌ر بكا. تۆ كه ده‌قێكی وه‌كو (هاملێت) ی شێكسپیر ده‌كه‌ی به بابه‌تی ڕه‌خنه‌ییی خۆت، ده‌بێ ئاگادار بی له مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی دانیماركی و بزانی هاملێت له نێو چ ده‌روونێكی خنكاوی ترادیسیۆنی ئه‌وان سه‌رده‌ماندا نووسراوه، تا بتوانی په‌ی به نهێنیی ده‌قه‌كه ببه‌ی. له نێو ڕه‌خنه‌دا، ڕه‌خنه‌گر نابێ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ كه ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئارگیومێنتیی هه‌بێ، ده‌كرێ ئه‌مه له بابه‌تێكی زانستیدا حیسابی بۆ بكرێ، چونكه هه‌ندێك جار گوتاری ڕه‌خنه‌یی هه‌موو ئارگیومێنته‌كان ورد و خاش ده‌كا و كه‌شفی پووچیی ئه‌وان ده‌كا. سنوور له‌به‌رده‌م ڕه‌خنه‌گردا ڕه‌هایه تا ده‌گاته قووڵاییی ئاسمان، بابه‌تی هه‌یه و ده‌توانێ كاریان له‌سه‌ر بكا، هه‌موو ئه‌و له‌مپه‌ر و به‌ربه‌ستانه‌یش به‌شێكن له بۆچوون كه ڕه‌خنه‌گر پابه‌ند ده‌كه‌ن و له نێو جغزێكی بچو‌وكدا زیندانیی ده‌كه‌ن كه ڕه‌خنه‌ی هاوچه‌رخ ئه‌مه ڕه‌ت ده‌كاه‌وه.
*: له ئه‌مڕۆدا شیعرییه‌ت و قسه‌ی ئاسایی تێكچڕژانێكی ڕیشه‌یییان به‌خۆوه گرتووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م جۆره‌ی ده‌قنووسین له ئه‌وروپادا ئه‌زموونكراوه، به‌ڵام شاعیرانی ئێمه‌یش سوودیان لێی وه‌رگرتووه - ئه‌مه له‌م ده‌قگه‌لانه‌ی دواییی تۆیشدا ده‌ركه‌وتووه -، ئه‌م تێكه‌ڵاوبوون و سوود وه‌رگرتنه تا چ ئاستێك له خزمه‌تی ئه‌ده‌بی كوردیدا بووه؟
كه‌ریم ده‌شتی: كه بچینه نێو شیعر، ئیدی زه‌مه‌نی كپی ته‌واو ده‌بێ و ژاوه ژاو ده‌ست پێده‌كا، ئه‌وه‌ی خه‌ریكی شیعر بێ ده‌ستبه‌رداری ژیانێكی ئاسووده و ڕۆحێكی حه‌ساوه ده‌بێ، ئاسووده‌یی و ڕۆحێكی حه‌ساوه له نێو ماڵی شیعردا جێگه‌یان نابێه‌وه، چونكه شیعر خودای پرسیاره‌كانه، ئه‌و پرسیارانه‌ی كه هه‌رگیر وه‌ڵامیان نییه، به‌ڵام شیعر بێهووده وه‌ڵامی وه‌همی ئه‌وان ده‌داته‌وه، كه هه‌تا وه‌ڵامدانه‌وه‌كانیشی بریتین له جۆره پرسیارگه‌لێكی دیكه. شیعر كۆژیتۆی پرسیاره یه‌ك له نێو یه‌كه‌كانه، قه‌باره‌یه‌كی كه‌وره‌ی هه‌یه له دنیای وه‌همدا، به‌ڵام وه‌همێكی جوان، جوانییه‌ك جیاواز له جوانییه‌كانی دیكه، وه‌ك ئه‌وه‌ی (تۆماس مان) له (مه‌رگ له ڤینسیا) و (وایتمان) له (چڵه‌گیا) و (ئیلیوت) له (خنكان له ئاودا) دا به‌دوایدا ده‌گه‌ڕان، نموونه‌مان زۆرن سه‌باره‌ت به‌و وه‌همه جوانانه‌ی كۆمه‌ڵێك ڕۆحی كۆمه‌ڵێك گه‌ڕیده باسیان كردوون، له ئه‌ده‌بی كوردیشدا زۆرن، بۆ نموونه (شێركۆ بێكه‌س) له (ده‌ربه‌ندی په‌پوله) دا گه‌وره‌ترین وه‌همی جوانی خوڵقاندووه، له‌و پرسیاره قووڵانه‌ی له خۆی ده‌كا، سه‌باره‌ت به‌و كچه‌ی له باڕه‌كه‌دا له‌باره‌ی باوكییه‌وه كردبوونی، شێركۆ له ڕامانی خۆیدا، خودی خۆی داده‌ڕێژێته‌وه، سه‌باره‌ت به هه‌مان پرسیار، له‌باره‌ی كچی خۆی، پرسیارێكه كتێبێك هه‌ڵده‌گرێ، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به پرسیاره‌كانی (دڵشاد عه‌بدوڵڵا) له دیوانی (شه‌وی دووه‌م) دا، له نێو ڕه‌حمی سروشتێكی جووڵه‌به‌خشدا پرسیاره‌كانی دڵشاد ده‌چنه نێو پێستی ڕامانه قووڵه‌كان، به ڕاده‌یه‌ك قسه له‌گه‌ڵ به‌رد ده‌كه‌ن و هه‌ڵوژه ده‌دوێنن، گه‌لێك نموونه‌ی دیكه‌شمان هه‌ن كه شایانی ئه‌وه‌ن ڕه‌خنه‌گره‌كان بۆیان بچن. به‌م جۆره من به دڕێژایی چه‌ندین ساڵه خه‌ون به وه‌هم و پرسیار ده‌چنمه‌وه، جوانییه‌ك نه‌ماوه وه‌همێكی لی دروست نه‌كه‌م، به‌ڵام كه‌ی شاعیر له به‌رانبه‌ر قووڵاییی كه‌وندا ده‌توانێت په‌ی به جوانیی ببات، بۆیه شیعر عومری ده‌وێ و داوای فه‌نابوونی خۆتت لێده‌كا، منیش قبووڵم كردووه، بۆیه شیعر له ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كان ده‌ژیێت، ئه‌شقییاێكی عه‌جیبه، ناتوانێت له نێو تاقه مێرگێكدا بژیێت، ناتوانێت له ئاوێك بخواته‌وه، بۆیه شاعیری ڕاسته‌قینه هه‌میشه تایبه‌تمه‌ندییه‌كان په‌رش و بڵاو ده‌كا و له یه‌ككاتدا له نێو هه‌زاران دێری دژ به یه‌كتریی ده‌ژیێت و زه‌ینی خۆی تژی هه‌را ده‌كا، هه‌رایه‌ك تا ئه‌به‌د مه‌ستانه. له مه‌زامیره‌كانی داود دا، مه‌غزایه‌ك هه‌یه، ئه‌نگیزه‌یه‌ك هه‌یه بۆ مردن، به‌ڵام به وردی بۆی بچین هه‌موو ئه‌نگیزه‌كانی مردن بۆ به‌تاڵكردنی چنگی مه‌رگه، به‌وه‌ی: ئاو له‌به‌رانبه‌ریدا بووه‌ستێت. من وه‌كوو خۆم، تا ئێستا نه‌متوانیوه بڵێم: بۆچی شیعر ده‌نووسم؟، هاوكات نه‌مخوێندووه‌ته‌وه كه‌سێك گوتبێی بۆ شیعر ده‌نووسم، ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێ ڕازیی نه‌كردووم، شیعر وه‌كوو ئه‌و ئاوه وایه كه له هه‌ندێك كه‌لێنی به‌ردیندا دێته خواره‌وه، سه‌رچاوه‌كه‌شی دیار نییه. ده‌كرێ تا ڕاده‌ی مه‌رگ شیعر هه‌ڵگری گه‌مه جوانه‌كانی منداڵیی بێ، هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك هه‌وڵ بێ بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سه‌ره‌تایه‌ك كه هێشتا وجود و سیما و ڕووخساری دیار نه‌بووبێ، نووسینی شیعر ته‌نیا ورد و خاشكردنی به‌رانه‌ته. وه‌ك گوتم: شیعر مه‌به‌ستێك نییه دایبڕێژین، كه كه‌وته سه‌ر كاغه‌ز هوڵامیه‌تێك ده‌خوڵقێنێ، به‌ره‌و منداڵیت ده‌باته‌وه، به‌ڵام تۆ له بازاڕه‌كانی گه‌وره‌ییدا ڕۆحی خۆت به‌سه‌ر باخچكه‌كانه‌وه ده‌بینیت، چه‌شنی سێ‌و سوور ده‌چێته‌وه، بۆشاییێكی گه‌وره ده‌كه‌وێته میانی شیعر و منداڵێتیی، جه‌سته و ڕۆح. شیعر له نێو هه‌مان ئه‌و بۆشاییه‌دا جوانی ده‌خوڵقێنێ. (ئیلیه‌ت) له كتێبی (سوودی شیعر و سوودی ڕه‌خنه) دا شیعر نانووسێ، به‌ڵام ته‌واو وه‌ڵامی سه‌رسامییه‌كانی ده‌داته‌وه، هێشتاش جێگه‌ی گومانه وه‌ڵام بێ. شاعیر بوون دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانیی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرێ و هه‌رگیز لێیان جودا نابێه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز ئاوڕیشیان لێ ناداته‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌یره، وه‌كوو ئه‌وه‌یه كه باس له دڵه‌ڕاوكێ بكات، به‌ڵام ته‌ماشای نێوه‌ڕۆكی دڵه‌ڕاوكێیه‌كانی خۆی ده‌كا، چونكه شاعیر ئه‌گه‌ر بزانێت دڵه‌ڕاوكێ چییه، پێویست به‌وه ناكات بینووسێته‌وه، جوانیی شیعر له نادیاریی سیماكانیه‌وه‌یه، له بێ سه‌رچاوه‌یییه‌وه‌یه، له‌مه‌دا كه هه‌موو ستایله‌كانی ئه‌ده‌ب یه‌كێكن، بۆ نموونه كه (گابرێل گاریسیا ماركیز) ڕۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) ی نووسی، به‌سه‌ره قه‌ڵه‌مێكی بچووك ده‌ستی پێكرد كه نه‌یزانی ئه‌م سه‌ره قه‌ڵه‌مه چ هه‌رایه‌كی نایه‌وه، له نێو ڕۆمانه‌كه‌یدا (سلیونه) له (شاره نادیاره‌كانی) دا وه‌همگه‌لێكی كه‌سێكی ده‌نووسییه‌وه، پاشان ده‌ركه‌وت هه‌موو ئه‌و وه‌همانه‌ی له نێویاندا قووڵ بووه‌ته‌وه، ه‌ی خودی خۆی بوون. (پاپلۆ نیرۆدا) شیعری ده‌نووسی، به‌ڵام شیعره‌كانی خاڵی بوون له وه‌هم و دڵه‌ڕاوكێ، (سه‌عدی یوسف) شیعر ده‌نووسێ، به‌ڵام شیعری خاڵییه له وهم، هه‌روه‌ها (عه‌بدوڵڵا په‌شێو) یش شیعر ده‌نووسێ، به‌ڵام دیسان شیعری ئه‌ویش خاڵییه له وه‌هم. ئه‌مان به جۆره گوتارێكی دیكه له شیعر نزیكت ده‌كه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ گوتاری ڕه‌خنه‌دا دیواریكی ته‌نكیان له میانه، له به‌رداشی كۆتاییدا وه‌هم و به‌رائه‌تی منداڵی یه‌كێكن، واته: دوو ده‌سته خوشكی خونچه‌ی نه‌كراوه‌ی شیعرن. كه گوتمان شیعر یانی خۆ داماڵین له هه‌موو شڕوشیتاڵی واقیع، ده‌رباز بوون له شووشه‌ی واقیع، ورد و خاشكردنی واقیع، واته: هه‌لی خوڵقاندنی ده‌قێكی ئیبداعیی ڕه‌خساوه. لای ئێمه ته‌وژمی سه‌له‌فیی گوتاری ڕه‌خنه له‌وه دایه له ناواقیع بژی و لای ئه‌وان پیرۆزه، هیچ واقیعێكی شیعر پیرۆز نییه، هه‌موو واقعیه‌تێكی شیعریی، زیندانێكی گه‌وره‌یه، بۆ هه‌موو ئه‌و موفره‌داتانه‌ی شیعری نایاب ده‌خوڵقێنن. دواكه‌وتنی شاكاری كه‌وره له شیعری كوردیدا له‌سه‌ر ئه‌وه هات كه چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك شیعری واقیعی نووسرایه‌وه و پێمان وابوو به‌و دروشمانه ده‌توانین نه‌وه‌یه‌ك ڕزگار بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بوایه بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه جوانترین ڕزگاركاری نه‌وه، ئه‌و شیعره‌یه كه‌وا له نێو نه‌قاوه‌تی وشه‌دا ئاسۆكان ڕوون بكاته‌وه، ئاستی داهێنان به‌ده‌ر بخات، هه‌ر كاتێك توانیمان له پڕۆسێسی داهێناندا له‌مپه‌ری واقیعه‌كان ببه‌زێنین، سنووری داهێنان به دیار ده‌خه‌ین و هه‌مان ئه‌و ئیرڤانایه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت كه من به (الێفا و المگلق) تێی ده‌گه‌م، دروست ده‌بێ. واقیع، ژاوه ژاوێكی گه‌وره‌یه، مرۆڤایه‌تیی هه‌بات ده‌كا له‌و ژاوه ژاوه ڕزگاری بێ، چۆن ده‌بێ ئێمه له نێو شیعردا مردن زیندوو بكه‌ینه‌وه؟. ئیرڤانا خه‌سڵه‌تی سۆفیگه‌رانه‌یه، بۆیه له واقیع ڕایان ده‌كرد و ده‌چوونه نێو خه‌ڵوه‌ته‌وه، به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به خودا كه هێمنییێَكی ڕۆحییان پێ ببه‌خشێ.
*: شیعری ئێسته، به شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان ڕووی له خه‌مه بچووكه خودییه‌كان- شاعیر، كردووه، به پێچه‌وانه‌ی شیعری پێشوو- مه‌به‌ستم ئه‌زموونی شاعیرانی پێش ئێوه‌یه- كه گرنگییان ده‌دا به خه‌مه جڤاتی/ كۆ-كان، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ی كه ئێسته له بوونیادی ده‌قه (هاوچه‌رخ) ه‌كانه‌وه هه‌ستی پی ده‌كردرێت، تا چه‌ند خزمه‌ت به ده‌قی ئیبداعیی ده‌كا؟
كه‌ریم ده‌شتی: هه‌ر كه‌سێك بزانێ نهێنیی ده‌قی زیندوو له چی دایه، هه‌رگیز ناكه‌وێته سه‌ر شیعر نووسین، وه‌ك گوتم: شیعر به‌وه مرۆڤ ده‌هه‌ژێنێ و تا دوا ساته‌كانی ژیان خه‌ریكی ده‌كا كه ناتوانێ بهێنییه‌كانی بدۆزێته‌وه، شیعر ته‌لسمێكه كه كردته‌وه، چه‌مكه‌كانی به‌تاڵ ده‌بن، (نالی) ده‌زانێ هه‌وری ئاسمان چییه، پێوه‌ندیی نێوان هه‌ور و خه‌مناكیی چییه، كه هاتووه كه‌شفی ئه‌مانه بكات، به‌ڵام جۆرێك ته‌جه‌لیات ده‌به‌خشێ و ده‌یانكاته شتێكی دیكه، وه‌ختێك كه ده‌ڵی:
(ئاسمان هه‌ورین ده‌بێ، ئێمه‌ش به غه‌مگینی ده‌ڵێین:
ئه‌ی خودا چ بكه‌ین له نێو ئه‌م كاوله‌ی كه‌س نه‌ماو؟)
ئه‌م دوو دێره پرسیارێكی ئه‌زه‌لیی ئینسانێكه له هه‌ور و ئاسمان و غه‌مگینیی.
كولتووری نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ڵگری بابه‌تگه‌لێكی زۆره هه‌ر له خو و ڕه‌وشتی تاك تا ده‌گات به دوا به‌رهه‌مه‌كانی زانستیی و سۆسیۆلۆژیی و مێژووییی، هه‌موو ئه‌و شتانه پێیان ده‌گوترێ (كولتووری نه‌ته‌وه) . شیعر به چاك و خراپیه‌وه ده‌بێ به به‌شێك له كولتووری نه‌ته‌وه، له نێو كولتووردا هه‌موو به‌رهه‌مه‌كان یه‌كسانن، پێوه‌ری چاك و خراپییان، ڕۆڵی كاریگه‌رییان، به‌رزی و نزمییان، ده‌چنه نێو گوتاری ڕه‌خنه، كه ئه‌وه‌ش به‌شێكی كولتووری نه‌ته‌وه‌یه، ناتوانین (ئه‌رستۆڤانیس) له نێو كولتووری گرێكدا جودا بكه‌ینه‌وه له (سۆفۆكلیس) ، هاوكات ناتوانین له نێو كولتووری نه‌ته‌وه‌ی كوردیدا (حه‌ریق) جودا بكه‌ینه‌وه له (جه‌زیری) ، ئه‌مانه هه‌موویان كولتووری نه‌ته‌وه‌ن، ده‌ستنیشان كردنی شوێن و پایه‌ی ئه‌مانه ئه‌ركی گوتاری ڕه‌خنه‌یه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له نێو كه‌وانه‌ی كولتووری نه‌ته‌وه‌ییدا شوێنێك له شوێنێكی دی به‌رزتر نییه، هه‌موویان پێكهاته‌ی كولتوورن، به‌ڵام جودا به‌ند كردنی ئه‌مه ئه‌ركێكی دیكه‌ی به‌شێكی دیكه‌ی كولتووره، بۆیه، شیعر به ته‌نیا كولتووری نه‌ته‌وه دروست ناكات، به‌ڵكوو هه‌موو بابه‌ته‌كانی دیكه به یه‌كه‌وه كولتوور دروست ده‌كه‌ن. هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یه‌ك، وه‌ك ئه‌وه وایه باس له ده‌ریا بكه‌یت كه به هه‌زاران هه‌زار ڕووبار و جۆگه‌له‌ی لی بووه‌ته‌وه، بۆیه ته‌قیم كردنی به‌رهه‌می نه‌وه‌یه‌ك كارێكی ئاسان نییه، چونكه له پشتی خۆیانه‌وه كۆمه‌ڵێك هۆكار و ده‌ره‌نجامیان هه‌ڵگرتووه، به كۆمه‌ڵێك داوی مێژوویی دووراونه‌ته‌وه، به كۆمه‌ڵێك ته‌قه‌ڵی سیاسیی تان و پۆ بوون، دێره‌كانیان هه‌ڵگری ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوون، فۆڕمه‌كانیان له دایكبووی ناچاری بوون، به گشتی، شیعری نه‌وه‌ی من، شیعری دوای شكستێكی ڕۆحیی گه‌وره بوو، كه هه‌موو بنه‌ماكانی ژیانی ورد و خاش كردبوو. ناكرێ نه‌وه‌یه‌ك هه‌بووبێ شتێكی بۆ پێش خۆی نه‌كربێ، بۆیه هه‌موو كاتێك من پێم وایه هه‌موو نه‌وه‌یه‌كی تازه داهێنانێكی زیاده‌ی هه‌بووه له نه‌وه‌ی پێش خۆی چ له ڕووی تێڕامان و چ له ڕووی فۆڕمه‌وه، چونكه ئیقاعی ژیان ده‌گۆڕێ كه نه‌وه‌یه‌ك ده‌ڕوا و نه‌وه‌یه‌كی دیكه دێته پێشه‌وه. سه‌باره‌ت به‌م باسه ده‌بێ جیاوازیی بكه‌ین له میانی قۆناغی شیعر و ڕه‌وتی ڕه‌خنه‌دا، به‌رهه‌می شیعریی نابێ به سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه بگه‌ڕێیته‌وه سه‌ری و سوودی لێ وه‌ربگریت، ته‌نیا بۆ خوێندنه‌وه و چێژ لێ وه‌رگرتنه، به‌ڵام ده‌كرێت مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ته‌نزیری ڕه‌خنه‌یی و سوود له لێكدانه‌وه‌كانی وه‌ربگرێت، به‌داخه‌وه، ئێمه‌ی كورد به‌رهه‌مێكی ئه‌وتۆی گوتاری ڕه‌خنه‌یه‌یی- شیعرمانده‌ست ناكه‌وێت له نێو كولتووری خۆماندا تا وه‌كوو سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆی بگه‌ڕێینه‌وه و له‌گه‌ڵ ئێسته‌ی گوتاره‌كاندا لێكی بده‌ینه‌وه و به‌راوردیان بكه‌ین و بایه‌خیان پێ بده‌ین، ئه‌مه‌یان ده‌گمه‌نه، به‌ڵام من خۆم، نه‌ك گه‌لێك جارا، به‌ڵكوو هه‌میشه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر به‌رهه‌مه شیعرییه كلاسیكییه‌كان و ده‌یانخوێنمه‌وه. ڕه‌نگه له نێو داوه دووره‌كانی زه‌یندا كاریگه‌رییان بمێنێ و بێ ئیراده تێكه‌ڵ به به‌رهه‌می شیعری تازه‌ی خۆمیان بكه‌م، به‌ڵام سه‌رچاوه نین. شیعر نیشتمانێكی تایبه‌تی شاعیره، زۆر شاعیری بێ نیشتمان له نێو نیشتمانی تایبه‌تی شیعری خۆیاندا ژیان و مردن، به‌ڵام هه‌میشه نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌ی شاعیر خاكه‌كه‌یه‌تی كه بۆن و به‌رامه‌ی ده‌چێته‌وه نێو ڕه‌گی شیعره‌كانیه‌وه، هه‌موو شیعره‌كانیشی گۆرانی بۆ نیشتمان ده‌چڕن، به‌ڵام به شێواز و نێوه‌ڕۆكی جۆراو جۆر، من كه به‌سه‌ر ته‌ونی به‌ڕێكه‌وه ڕامانێك بۆ جوانی ده‌چنم، نیشتمانی خۆم ده‌دوێنم، كه باس له وه‌رگه‌ڕانی ڕۆحی مڕۆڤێك ده‌كه‌م، گوزارشت له باخێكی نیشتمان ده‌كه‌م، هه‌ر خۆی چنینه‌وه‌ی داهێنان و پێشكێشكردنی شاكارێكی شیعرییه، جا به‌سه‌ر لێواری نه‌رسۆسیه‌تیش بێ هه‌ر گه‌وره‌ترین ڕۆحی نیشتمانییه. (لۆرانس) كه (ژنانی عاشق) ده‌نووسێت، پێوه‌ندیی به گۆرانی گوتن نییه به نیشتمان، به‌ڵام گه‌وره‌ترین نیشتمانپه‌روه‌رێتیی موماره‌سه كردووه، به‌وه‌ی، ئه‌و داهێنانه گه‌وره‌یه‌ی داوه‌ته وڵاتی خۆی، هه‌روه‌ها (دانتی) له شاكاره‌كانی خۆیدا، كازانزاكی (زۆربا) ی نووسی، به‌ڵام نیشتمانی خۆی زیندوو ڕاگرت به‌و به‌رهه‌مه، نیشتمانپه‌روه‌ری شاعیران و ئه‌دیبان له‌وه دایه شاگاری گه‌وره گه‌وره بۆ نه‌ته‌وه‌كان جێبهێڵن، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم: داهێنان كارێكه بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی، تایبه‌ت نییه به جوگرافیایێكی ده‌ست نیشان كراوه وه، كه‌واته: ناكرێ بڵێین ئه‌ركی زمان له شیعردا چییه، چونكه شیعر واته زمان، زمان له شیعر داببڕێ شتێك نامێنێته‌وه وه‌كوو شیعر خۆی بنوێنێت. پێم وایه، هه‌ندێك جار به زمانێكی ساده شاكارێكی گه‌وره‌ی شیعری دروست ده‌بێ، هه‌ندێك جاریش به زمانێكی قورس و تۆكمه جۆره شاكارێكی دیكه‌ی شیعر خه‌ڵق ده‌بێ، زمانی (سه‌عدوڵڵا په‌رۆش) و (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) و (عه‌بدوڵڵا په‌شێو) زمانی ساده‌ن، به‌ڵام شیعری نایابیان خوڵقاند، هه‌روه‌ها زمانی (شێركۆ بێكه‌س) و (ڕه‌فیق سابیر) و (ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د) زمانگه‌لێكی قورسن، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌گه‌لی نایابیشیان خوڵقاندووه. زمان بۆ شیعر و خوڵقاندنی كاریگه‌ریی چ ساده و چ قورس وه‌ستایی و كارامه‌یی ده‌وێت، زمان پێویستی به شێلانێكی عه‌جیب هه‌یه له نێو شیعردا، واته: گه‌مه‌كردن به زمان، دروستكردنی مانا قووڵه‌كان به وشه، ئه‌تككردنی كاریگه‌رێتیی له ڕێگه‌ی موفرداته‌وه، پێویستیی به ئه‌شق و ڕۆشنبیرییه‌كی فره لایه‌ن هه‌یه.
*: ئه‌و ڕێگایانه كامانه‌ن كه ده‌بن به پردی پێوه‌ندیی قووڵی نێوان (نووسه‌ر- وه‌رگر) ؟ بۆ ئه‌وه‌ی سیحرێكی ئاگاییانه بچه‌سپێنین له فیكری خوێنه‌ردا تا تێكه‌ڵبوون و هاومه‌ستییه‌كی ڕه‌گئاژۆیی بخوڵقێنین، ئه‌و خاڵه سه‌ره‌كییانه چین كه له‌وه‌ها كاتێكدا كۆمه‌كمان پی ده‌به‌خشن و له ماهیه‌تی شیعر نزیكمان ده‌كه‌نه‌وه؟
كه‌ریم ده‌شتی: پێم باشه بڵێم: شیعر له ئه‌مڕۆ دا زیاتر ڕۆچوونه نێو مانا گرنگه‌كانه، ئه‌و مانایه‌نه‌ی كه خۆیان له شوێنه قایمه‌كان حه‌شار داوه، ئه‌و مانایانه‌ی هه‌موو كه‌سێك په‌ییان پێ نابات، واته: شیعر ده‌بێ شۆڕ ببێه‌وه بۆ نێو ئه‌و كه‌لێن و شه‌قارانه‌ی كه كۆدی مانا به‌رزه‌كانیان تێدا ون بووه، ئه‌مڕۆ شیعر ئه‌گه‌ر وێڵی واته نهێنییه‌كان و واته دامه‌زرێنه‌ره‌كان نه‌بێ هه‌رگیز ناتوانێت له نێو دنیای پڕ له پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیادا هاوشان له‌گه‌ڵ داهێنانه‌كانیدا بژیێت، بۆیه شیعر له ڕۆژی ئه‌مرۆدا جیاوازه له‌گه‌ڵ شیعری ڕابردوو، شاعیرانی ئه‌مڕۆ ڕێگه به خۆیان ناده‌ن هه‌موو شتێك كه هاته پێش قه‌ڵه‌میان بینووسنه‌وه، به‌ڵكوو ئه‌و شتانه ده‌نووسنه‌وه كه هه‌ندێك جار قه‌ڵه‌م ده‌شكێنن. زمه‌نی ئه‌وه به‌سه‌رچوو له نێو ئایدیای شیعردا یاری به قژ و چاو بكه‌یت، به‌ڵكوو زه‌مه‌نی ئه‌وه هاتووه تۆ قژێكی جوانتر دروست بكه‌یت، په‌یكه‌ری دابتاشی و ڕۆحی وه‌به‌ر بێنی، ئه‌مڕۆ شیعر ده‌چێته نێو هاوكێشه فه‌لسه‌فییه‌كان، به‌ڵام فه‌لسه‌فه نانووسێته‌وه، ڕه‌نگه فه‌یله‌سوفه‌كان بۆ نووسینی فه‌لسه‌فه‌ی خۆیان سوود وه‌ربگرن له‌و جۆره شیعرانه‌ی كه من گوزارشتیان لێده‌كه‌م و له باره‌یانه‌وه ده‌دوێم، به‌ڵام شیعر ناتوانێت فه‌لسه‌فه بكات به سه‌رچاوه بۆ خۆی، چونكه شیعر له ده‌ره‌وه‌ی دیواره‌كانی فه‌لسه‌فه و حه‌قیقه‌ته فه‌رز كراوه‌كاندا ده‌وه‌سـتێ و مانایه‌ك بۆ ژیان و بوون دروست ده‌كا. هه‌موو ژانره‌كانی فه‌لسه‌فه له پێناو ئیقناعكردنی به‌رانبه‌ر دا كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام شیعر له پێناو دروستكردنی واهیمه‌یه‌ك كار ده‌كا كه مانایه‌ك بدات به ژیان، هاوكاتیش مرۆڤ له هه‌ڵدێره‌كانی پرسیاری ترسناك ڕزگار بكات. شیعری ئه‌مڕۆ هۆیێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له ڕاڕه‌وه‌كانی بێهووده‌یی و نائومێدی له‌م سه‌ر زه‌وییه نه‌جات بدات و بتوانێت به سورای پشتی گه‌ڵایێك گه‌وره‌ترین حووتی وه‌ڕسی و بێزاری ڕاو بكات. ئه‌گه‌ر ڕابردووی شیعری كوردی هه‌تا ئێسته‌ش له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌وه ته‌ماشای مانگی ده‌كرد و ڕایده‌كێشایه سه‌ر زه‌وی، ئێسته شیعر له‌سه‌ر زه‌وییه‌وه ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مانگێكی جوان دروست ده‌كا، مانگێك به هه‌زاران پارچه‌ی مانا خۆی شووشتبێ، به كورتی: شیعر ده‌بێ پارسه‌نگی مانه‌وه بێ و جه‌دوایێك بۆ ڕۆژانه‌مان دروست بكات و نه‌هێڵێت بخنكێین. ئه‌وه دیارده‌ی هه‌موو چاخه‌كانه كه خوێندنه‌وه له بڕگه‌یه‌ك له بڕگه‌كانی مێژوو دا كز ده‌بێ، مێژوو هه‌میشه هه‌ڵگری خاڵه پۆزه‌تیڤه‌كان نییه، چونكه تژی خۆكاری جودا جودایه. خوێندنه‌وه كارێكی دژواره بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌زانن بخوێننه‌وه، خوێنه‌ر ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی قووڵ و بڕشت ئامێزی هه‌بێ و دیقه‌تدار بێ بۆ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی داهێنان و كه‌ره‌سته‌كانی گواستنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كان بۆ نێو هزر و زه‌ین و تێڕامان، خوێندنه‌وه پڕۆسێسێكی مه‌عریفیی گه‌وره‌یه و ده‌ستووری دژواری خۆی هه‌یه، من له شوێنی تر دا باسم كردووه. خوێندنه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی من باسی ده‌كه‌م، بریتی نییه له كردنه‌وه‌ی كتێب و به‌س، به‌ڵكوو بریتییه له وه‌رگرتن و گه‌مه‌ی واتاكان، په‌یبردن به هه‌زمكردنی چه‌مكه‌كان و ئاشكرا كردنی كۆده‌كانیان، بێ ئه‌و هاوكێشه‌یه خوێندنه‌وه ده‌بێ به ڕه‌وتی نێو پۆله‌كان، له‌م ڕووه‌وه ته‌ماشای خوێندنه‌وه‌كانی (ئه‌دۆنیس) بكه بۆ كولتووری ئه‌ده‌بی و شیعری عه‌ره‌ب له (التابت والمتحول) دا، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌كانی (ئیدوارد سه‌عید) بۆ كاری ڕۆژهه‌ڵاتناسی و خوێندنه‌وه‌ی (ێادق جلال) بۆ كولتووری ئایینی و خوێندنه‌وه‌ی (ت. س. ئه‌لیوت) بۆ ڕه‌خنه‌ی میتافزیكی. كه ده‌ڵێم: شیعر پارسه‌نگی ژیانه، من بۆ ئه‌وانه قسه ده‌كه‌م كه‌وا له‌و نێوه‌نده دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، شاعیر، له پشت نووسینی شیعره‌كانی خۆیه‌وه، هیچ هیوایێكی دیكه‌ی نییه، جگه له‌وه‌ی كه ببێ به سه‌لوا بۆ ڕۆحی خۆی، ببێ به وه‌ڵام بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌وا له نێو ڕۆحی‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. شاعیر، هه‌میشه له گێژاوێك ده‌ژیێت كه خودی كتێب و قه‌ڵه‌م و نووسین بۆیان دروست كردووه. خۆ ئه‌گه‌ر شاعیر خۆی نه‌چووبایه نێو ئه‌م جۆره ژیانه‌وه، ئه‌وا ئه‌ویش وه‌كوو ئه‌وانی دیكه ده‌ژیا، خولیایێكی نه‌ده‌بوو بۆ پرسیار كردن. هه‌میشه قه‌ڵه‌م و كتێب مرۆڤ ده‌خه‌نه داوی گیرۆده‌یی و بیركدنه‌وه، وا له مرۆڤی شاعیر ده‌كه‌ن كه هه‌میشه به دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی باشتری ژیانی فیكریدا بگه‌ڕێ، وه‌های لێ ده‌كه‌ن شۆڕ ببێه‌وه بۆ نێو قووڵاییه‌كانی بیركردنه‌وه، به كورتی: كتێب له ئه‌نجامدا وا له شاعیر ده‌كا كه مرۆڤێكی دیكه بێ، گیانێكی جیاواز بێ، به دیدێكی دیكه‌ی جیاواز له ده‌وروبه‌ری، ته‌ماشای دیارده‌كانی ژیانی ڕۆحی بكات. به‌م جۆره شیعر بۆ شاعیر پارسه‌نگێكی به‌هێزی ژیانه. ئه‌گه‌ر به وردی ته‌ماشای ئه‌و شاعیره گه‌ورانه‌ی بواری سۆفیگه‌رێتیی بكه‌ین، بۆمان ڕوون ده‌بێه‌وه كه شیعر چۆن پارسه‌نگێكی ژیانی ئه‌وان بووه، هه‌ندێك جار بویه‌ری شیعری ئه‌وانی ڕاپێچ داوه كه خاك و نیشتمانی خۆیان جێ بهێڵن و له نێو ده‌قی شیعره‌كانیاندا خاك و زێدی خۆیان دروست بكه‌ن، یاخود، هه‌ندێك جار شیعر وای لێكردوون خاك و نیشتمانی خۆیان له نێو شه‌هاده‌تدا، له پێناو ده‌قێكی شیعریی جاویداندا، دروست بكه‌ن، لێره‌وه‌یه من ده‌ڵێم: شیعری ڕاسته‌قینه، شیعرێك كه به هه‌ڵكفانی خوێن ده‌نووسرێت، چاره‌نووسی شاعیر ده‌گۆڕێت و له ته‌واوی مرۆڤه‌كانی سه‌ر زه‌ویی جودا ده‌كاه‌وه و ڕووه‌و پاكییێكی جاویدان و عه‌شقێكی ئه‌به‌دیی ده‌بات، تا وه‌های لێ ده‌كا له ترۆپكی سۆزدا بوونی جه‌سته‌یی نامێنێ و ده‌كه‌وێته نێو حاڵه‌تێكی هولامیی و به‌رجه‌سته نابێ. له كاتی خوێندنه‌وه‌كانی خۆمدا، جیاوازی ناكه‌م له به‌رهه‌مه‌كاندا، هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه له یه‌كه‌م دێره‌وه ڕامده‌كێشن تا دوا بڕستی خۆم له گه‌ڵیان ده‌بم، هه‌ندێك به‌رهه‌م به ڕاده‌یه‌ك سه‌رسامم ده‌كه‌ن حه‌یفه دیقه‌تی خۆمیان پێ نه‌به‌خشم، هه‌ندێك به‌رهه‌میش هه‌ر له یه‌كه‌م دێره‌وه پێم ده‌ڵێن: ئێمه خۆراكی ڕۆحی تۆ نیین. له بیرم دێت كه‌وا یه‌كه‌م جار شیعری (بۆدلێر) م خوێنده‌وه، زۆر كاری لی نه‌كردم، ئه‌و كاته‌ی كه خوێندمه‌وه هێنده نه‌چووبوومه نێو دنیای ئه‌و شاعیره نێودارانه‌وه، به‌ڵام دواجار كه گه‌ڕامه‌وه سه‌ر شیعره‌كانی (بۆدلێر) ، تێگه‌یشتم: گه‌وره‌ترین شاعیرێكه كه‌وا له نێو ئافه‌تێكی ده‌روونیی دژوار‌دا كاری كردووه، شاعیرێك بوو ژیانی ڕۆژانه و شیعره‌كانی به ڕاده‌یه‌ك تێكه‌ڵ به یه‌كتریی بوو بوون، له‌یه‌كتر جودا ناكرێنه‌وه، بۆدلێر كه به شاعیره نه‌فره‌ت لێكراوه‌كه- نێوزه‌د كراوه، گوناهێكه مێژووی ڕه‌خنه له‌كردار ده‌كا، شاعیرێك هه‌موو ژیانی بۆ میهره‌بانی و سۆز و خۆشه‌ویستی و بینینی به‌رانبه‌ر ته‌رخان كردبێ و ده‌قه‌كانی به‌و ئاراسته‌یه‌دا بردبن، حه‌یفه نه‌فره‌تلێكراوێك بێ، به‌ڵام زۆر جار مرۆڤـ ده‌بێ به قوربانیی بۆچوونه‌كانی كۆمه‌ڵگه، كه‌م بووه له شاعیر گه‌یشتبن، (بۆدلێر) ده‌ڵێ: (عه‌بقه‌ریه‌ت ئه‌و منداڵێتیه‌یه كه به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست زیندووی ده‌كه‌ینه‌وه. ) ئه‌و هه‌میشه هه‌وڵی ده‌دا له شیعره‌كانیدا مناڵ بێ و به‌رائه‌تی منداڵیی بكات به پێوانه بۆ ژیان.
*: ئێستێتیكا چییه و له كوێی نووسیندا تێكه‌ڵ به‌جواننووسیی ده‌بێ؟
كه‌ریم ده‌شتی: ئه‌ده‌ب یانی ئێستێتیكا، له‌وه زیاتر هیچ پێناسه‌یه‌ك بۆ ئه‌ده‌ب خاڵی نییه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب، هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بیی زیندوو جوانی لی ده‌تكێته‌وه، واته: ئێمه ناتوانین جوانی له ئه‌ده‌ب جودا بكه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌بێ، ئیدی ئه‌ده‌ب ده‌بێ به قسه‌ی ڕۆژانه، ئێستێتیكا هه‌ر به ته‌نیا له‌وه‌دا نییه جوانی وه‌به‌ر ده‌قدا بكه‌یت، له هه‌ندێك كاتدا ناشیرین پۆشیی جوانترین ده‌قت بۆ ده‌ڕسكێنێ. لای زۆران وه‌ها باوه كه ئێستێتیكا یانی جوانی، به‌ڵام وه‌ها نییه، ڕه‌نگه لای یه‌كێك گوڵێكی سیس كاریگه‌ریی زیاتری هه‌بێ له گوڵێكی گه‌ش، جۆبارێكی وشك جوانتر بێ له دیمه‌نی جۆگه‌یه‌كی پڕ له خوره‌ی ئاو. ئێستێتیكا هه‌نده‌سه‌ی ڕۆحه له ده‌قدا، تۆ وه‌ره ڕۆمانی (الحارس فی حقل الشوفان) ی (سالنجر) بخوێنه‌وه، هیچ جوانییه‌ك له‌و ڕۆمانه‌دا نییه، به‌و مانایه‌ی كه‌وا له ئێستێتیكا گه‌یشتووین، نه جوانی تێدایه، نه باسی جوانی ده‌كا، به‌ڵام نووسه‌ر وه‌ك ئه‌ندازیارێك هێنده تۆكمه ئه‌و ڕۆمانه‌ی داڕشتووه، هێنده جوان په‌یه‌وه‌ندییه‌كان یه‌كاڵا ده‌كا، هێنده جوان سیسته‌مه‌كانی ئاماژه‌دار كردوه، ئیدی خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌كا كه‌وا له نێو جوانیی ده‌قێكدا خه‌ریكه ده‌خنكێت، یاخود له ڕۆمانی (میاه الربیع) ی (تۆرگینۆف) دا، ئه‌ی ئه‌گه‌ر بچینه‌وه سه‌ر ڕۆمانی (الغرانیق المبكره) ی ئیتماتۆف، ئه‌وسا ده‌زانین ئێستێتیكا ئه‌و هێزه‌یه كه ئه‌ده‌ب به‌بێ بوونی ئه‌و، مه‌حاڵه جاویدانی به‌ده‌ست بهێنێ.
هه‌ردی- ی شاعیر ده‌ڵێ:
(ژیان و ئه‌ركی ناخۆشی په‌پووله‌ی ئاره‌زووی كوشتم)
یاخود هێمن ده‌ڵێ:
(هه‌موو عومری ئه‌به‌د تێیدا نییه خۆشی.. ده‌مێك مه‌ستی)
ئه‌مانه باس له جوانیی ناكه‌ن، به‌ڵام هێزێكی گه‌وره بۆ جوانیی ده‌خوڵقێنن، مه‌به‌ستم له‌و نموونانه ئه‌مه‌یه: ئێستێتیكا ئه‌و جوانییه نییه كه چه‌مكه‌كه‌ی لای ئێمه ناسراوه، ئێستێتیكا شتێكی دیكه‌یه، مانایه‌كی دیكه‌یه، ڕۆحی ڕێكخستنه‌وه‌ی شته‌كانه، یاخود په‌رش و بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره به‌نێو (با) دا.
*: گه‌لێك ساڵه ده‌نووسیت و هه‌میشه تێڕوانینه‌كانت جیاوازن، هاوكات زمانێكی تایبه‌ت به خۆیشت هه‌یه، به‌ڵام دوا به‌دوای ئه‌م كۆئه‌زموونه فره و كراوه‌یه، چۆن باس له به‌جێهێشتنی (خودی باو- گشتی باو) و (بوونی خود) و ئه‌فراندن و له‌حزه‌ی خوڵقاندنی ده‌قێكی جیاواز ده‌كه‌یت؟
كه‌ریم ده‌شتی: هه‌میشه تاك و گروپی (باو) ده‌كه‌ونه په‌راوێزه‌وه. به‌رده‌وام بوون و مه‌له‌كردن له نێو (باو) دا هیچ ئیزافه‌یه‌ك ناكاته سه‌ر به‌رهه‌می شاعیر، بۆیه شاعیر ده‌بێ هه‌میشه ڕاست بڕوات و ئاوڕ نه‌داته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك جار ئه‌و ڕاست ڕۆیشتن و ئاوڕ نه‌دانه‌وه‌یه، هه‌ندێك گه‌وهه‌ری شیعریی جوانمان له‌كیس ده‌دات، بۆیه ده‌بێ زۆر به وردیی به‌رده‌وامی به‌و سه‌فه‌ره بده‌ین. خودی شاعیر ده‌بێ خودێكی كراوه و وه‌رگرێكی تازه‌ش بێ. بۆ ئه‌وه‌ی خودی شیعر هه‌ڵگری گه‌وره‌ترین سیحر و جاویدانی بێ، به‌بێ په‌ره پێدانی خودی شاعیر و ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی خود به مه‌عریفه‌ی تازه و ئێستێتیكای جیاواز و بیركردنه‌وه‌ی قووڵ، هه‌موو خوده شیعرییه‌كان دووباره ده‌چنه‌وه نێو ئه‌و (باو) ه‌ی كه تۆ باسی ده‌كه‌یت. ئه‌ده‌بی كوردی زۆر دره‌نگ پێی له‌سه‌ر (باو) هه‌ڵده‌گڕێت و زۆر دره‌نگ فریای هه‌نگاوی (تازه) و (نوێبوونه‌وه) ده‌كه‌وێت، هۆیه‌كه‌شی ئه‌مه‌یه: هه‌موو ئه‌و (باو) انه به چه‌ندین دیواری موقه‌دده‌س ئابڵۆقه دراون، بۆیه لێره دا، شاعیر و ڕۆماننووس پێداویستییان به زات و جورئه‌تێكی زۆر هه‌یه تا ئه‌و (باو) ێتییه ورد و خاش بكه‌ن و شمه‌كی (هاوچه‌رخ) ی له‌به‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تاكه شاعیری كورد له نێو نه‌مرییدا بژیێت و هه‌میشه تیشك بهاوێژێت. كولتوورێكی زۆر و زه‌وه‌ندی (باو) مان هه‌یه، ئیدی پێویستمان به بوونی خودێكی (خه‌للاق) هه‌یه، تا (باو) ه‌كان ڕه‌ت بكاته‌وه و شتی تازه بهێنێته كایه‌وه. پڕۆسێسی هه‌ڵته‌كاندنی شه‌خته‌ی باو، پڕۆسێسی جیاوازبوونه، ده‌قی جیاواز، ئه‌و ده‌قه‌یه كه دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌قڵ و زه‌ینی خوێنه‌ر دا بكات و به‌ره‌و به‌رزییه‌كانی داهێنان و بیركردنه‌وه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و هه‌ڵته‌كاندنی ببات، هه‌ڵگری قه‌ده‌رێكی زۆر له وه‌هم و سیحر و جوانی و كاریگه‌رێتیی بێ.
*: كه‌سانێك هه‌ن زۆر به داخراویی و سانایی پێكهاته و لایه‌نه‌كانی مه‌جازیی ده‌ق هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، به واته‌یه‌كی تر: ته‌نها ده‌ڵێن: (ئه‌م ده‌قه جوانه) و (ئه‌م ده‌قه ناشیرینه) ، به بی ئه‌وه‌ی جارێك بپرسن: بۆچی جوانه؟ بۆچی ناشیرینه؟ هۆكاری تووڕهه‌ڵدانی ئه‌م جۆره ڕسته بێگیانانه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
كه‌ریم ده‌شتی: ئێمه نابێ ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر ئه‌و قسانه بووه‌ستین، له هه‌موو چاخ و زه‌مانێك ئه‌م جۆره بێ موبالاتیه هه‌ر هه‌بووه، شاعیری ڕاسته‌قینه، ده‌بێ ڕێگه بۆ ئه‌م جۆره قسانه بكاته‌وه و نه‌خرێته ژێر باری بێ بنه‌مایی و زۆرگۆیی. ڕه‌خنه‌گری زیره‌ك خۆی له‌م قسانه به دوور ده‌گرێ، چونكه ئه‌و كه‌ره‌سه‌ی خۆی هه‌یه بۆ به‌تاڵكردنی ده‌قێك له نێوه‌ڕۆكه‌كه‌ی. هه‌ر ده‌قێك ئه‌گه‌ر هه‌ڵكری جوانیی بێ، هه‌موو ناهه‌قییه‌كان دیلی سیحری خۆی ده‌كا، ئه‌م حاڵه‌ته زۆر ئاسایییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌قی ئیبداعی حوكمی زه‌وقی هه‌موو خوێنه‌رێك ناكا. هه‌ندێك ده‌ق به جوانی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین، ڕه‌نگه هه‌ندێك ده‌قیش به ناشیرین بشوبهێنین، مه‌سه‌له‌یه‌كی ڕێژه‌یییه و له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دی ده‌گۆڕێ، له خوێنه‌رێكه‌وه بۆ خوێنه‌رێكی دی ده‌گۆڕێ، زۆر ده‌قی گه‌وره هه‌بوون، له دنیادا گه‌لێكۆییی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر كراوه كه لاوازن، هاوكاتیش نێوه‌ڕۆكگه‌لی ناشیرینیان هه‌بووه، به‌ڵام به ڕابردنی زه‌مانه ده‌ركه‌وتووه كه ده‌قێگه‌لێكی جاویدان بوون. هه‌ندێك جار تێنه‌گه‌یشتن له ده‌ق وه‌ها ده‌كا چه‌مكه‌كان نه‌گه‌ن به زه‌ینی خوێنه‌ر یاخود ڕه‌خنه‌گر، بۆیه هه‌ڵوێستی له به‌رانبه‌ر وه‌رده‌گرن. زۆربه‌ی ده‌قه زیندووه‌كانیش به ئاسانی خۆیان ناده‌ن به ده‌سته‌وه، ده‌قی زیندوو و پڕ له داهێنان، جا ئه‌م ده‌قه چ ساده بێ، چ ئاڵۆز، هێنده شتی له ناخ و دواوه‌ی خۆی هه‌ڵگرتووه، خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گری هۆشیار به دوایاندا ده‌گه‌ڕێن تا بیاندۆزنه‌وه. كاری ئه‌ده‌ب و نووسین و خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه، كارگه‌لێكی گرنگ و قورسن، بۆ هه‌موو كه‌سێكیش ده‌سته‌به‌ر نابن.
*: گه‌لێك له‌و كه‌سانه‌ی وه‌كوو شاعیر و هزرڤانی (پێشه‌نگ) ناسراون له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا، وابه‌سته‌ن به ئه‌وانیدیكه (ئه‌وروپییه‌كان) ، ئه‌م وابه‌سته‌بوونه‌یش بووه‌ته هۆی ده‌ركه‌وتنی تارماییه‌ك به‌سه‌ر ده‌قه‌كانیانه‌وه، هاوكات ده‌خوازن داهاتوویه‌كی مسۆگه‌ر له ئێسته‌دا ئاماده‌ییی هه‌بێ، كه‌چی ته‌نیا جارێك به چاوێكی قووڵه‌وه ته‌ماشای ڕابردوو ناكه‌ن و هه‌وڵدناده‌ن بیگوازنه‌وه بۆ نێو ئێسته... ئه‌م جۆره‌ی (ونبوونی خود) ه، هاوكاتیش نیشته‌جێبوون له (زمانی ئه‌وانیدیكه) و باڵاكردنی ئه‌م نائاگایییه ڕیشئاژۆییه له‌چییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه؟
كه‌ریم ده‌شتی: ئه‌ده‌بی هیچ میلله‌تێك به‌بێ ئه‌ده‌بی ئه‌وانی دیكه ته‌كامول ناكا، هه‌موو ئه‌ده‌به‌كان به جیاوازی بیر و بۆچوونه‌كانیان پێویستیان به ئه‌ده‌بی ئه‌وانی دیكه‌یه، هه‌موو ئه‌و ئه‌ده‌بانه له‌سه‌ر یه‌كتریی ئه‌زموونی ژیانی ده‌قه‌كانی خۆیان به‌رێوه ده‌به‌ن. من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه ئه‌دیبی كورد كه‌وتبێه ژێر كاریگه‌ریی ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی، پاساویشم بۆ ئه‌مه، ئه‌مه‌یه: ئه‌گه‌ر وه‌ها بووایه ئێسته ده‌بوو زۆر شتی باشمان هه‌بووایه و زۆر شاكاری گه‌وره‌ی ڕۆمان و شیعرمان هه‌بووایه، له هه‌مانكاتدا زۆربه‌ی ئه‌دیبانی كورد زمانی ئه‌وروپی نازانن، ته‌نها له ڕێگه‌ی زمانی عه‌ره‌بییه‌وه شاره‌زاییان په‌یدا كردووه، له هه‌مانكاتدا كه‌وتنه ژێر كاریگه‌رێتیی ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی وه‌ها ناكات ئه‌ده‌به‌كه‌یان له‌كه‌دار بكا، به پێچه‌وانه‌وه، ڕه‌نگه ئه‌و كاریگه‌رێتییه ببێ به هێزێك بۆ ڕه‌نگاو ڕه‌نگكردنی ئه‌ده‌به‌كه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له (ونبوونی خود) یش ئه‌وه بێ كه ئه‌دیبان كه‌وتبنه ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی و خۆیان ونكردبێ، ئه‌وا من وه‌های نابینم، ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ستت له‌وه بێ كه ئه‌دیبی كورد تووشی حاڵه‌ێك له ده‌ره‌وه‌نووسیی بووه و ناخی خۆی نانووسێته‌وه، ئه‌وه‌یان تا ڕاده‌یه‌ك دیاره، یه‌كێك له ئیشكالیه‌تی ده‌قی ئه‌ده‌بی ئه‌مه‌یه: هه‌میشه كار له نێو ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا ده‌كا و شته ڕووكه‌ش و ساده‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنێ، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت كه گوزارشت له ناخی خۆیان بكه‌ن وه‌كوو تاكێكی پڕ له موعانات، چونكه له ڕاستیدا ئه‌ده‌ب كارێكی زاتییه و هیچ هۆكارێكی ده‌ره‌كیی نابێ به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌به‌كه به‌هێز بكا له كاتی گوزارشتكردندا، له‌م ڕووه‌وه خۆرئاوا سه‌نگێكی به‌هێزی هه‌یه له كۆنتڕۆڵكردنی جیهان، نه‌ك هه‌ر له ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرییدا، به‌ڵكوو له هه‌موو مه‌وداكانی ژیاندا. خۆرئاوا هه‌وڵده‌دات له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و ته‌كنیكیدا وه‌ك سێنتڕاڵێك خۆی سه‌قامگیر بكا و ڕۆژهه‌ڵات بخاته په‌راوێزی خۆیه‌وه، ئه‌مه‌شیان له ڕێگه‌ی به‌هێزكردنی ئابووری خۆی ده‌بێ و له ڕێگه‌ی كۆنتڕۆڵ كردنی سه‌رچاوه ئابووریه‌كانه‌وه‌یه كه هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو شوێنێكی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه بكا به بازاڕی ئازادی خۆی. خۆرئاواییه‌كان له ژێر هه‌ر چه‌ترێكدا ده‌سه‌ڵاتی خۆیان دابڕێژن هه‌ڵگری جۆرێك له لیبڕاڵیه‌تێكی پره‌گماتیكین، ده‌یانه‌وێ هه‌م ئازادیی بازاڕ و هه‌م ئازادیی هه‌ڵسواڕانی جیهان به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌مه‌یه كه جیهانگیریی به‌رهه‌م ده‌هێنێ. ڕۆژهه‌ڵات پابه‌ندی كولتووری خۆیه‌تی، به‌ڵام نه‌یتوانیوه به‌رهه‌م هێنه‌ری ته‌كنیكی بێ، تا ئێسته‌ش له نێو مه‌عریفه‌ی ڕۆحانییدا ده‌ژیێت. ته‌ماشاكه، له ڕۆژهه‌ڵاتدا، دڵ كاریگه‌رتره له ئه‌قڵ، نووشته به‌هێزتره له نه‌شته‌رگه‌ریی، بۆیه خۆرئاوا هه‌میشه باڵاده‌سته، چونكه به خه‌یاڵی سه‌رزه‌وی ده‌ژیێ، له كاتێكدا ڕۆژهه‌ڵات به خه‌یاڵی یۆتۆپیایه‌كی غه‌یبیی ده‌ژیێ، ئه‌وان هه‌میشه له ئێسته‌دا ده‌ژین، له نێو ئێسته دا كار ده‌كه‌ن، ئاوڕ بۆ دواوه ناده‌نه‌وه و باوه‌ڕییان به پاڵه‌وان نییه، ئه‌مه‌ش وای كردووه ڕۆژئاوا دوور بكه‌وێته‌وه له ئه‌فسانه و بێ سیمبۆڵ بژیێت. سیمبۆڵ دۆستی لای ئه‌وان كۆتاییی هاتووه، ئێسته‌ش ژین گرنگه له لای ئه‌وان، به‌ڵام ڕۆژهه‌ڵات وه‌ها نییه، له یه‌ككاتدا پابه‌ندی هه‌زاران هه‌زار سمبۆڵ و پیرۆزییه كه ئه‌م پیرۆزكردنه وای كردووه ئه‌قڵ له نێو سوباتێكی ئه‌فسانه ژینیی درێژخایه‌ندا بژیێ و بواری به‌رهه‌مهێنانی لی ببڕێ، جیهانگیریی پڕیه‌تی له شتی جوان، به‌ڵام بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی نازانن پێشوازی لێ بكه‌ن و نازانن چۆن به‌كاری بهێنن ده‌بێ به شمشێرێكی دوو تیغیی، تیغێكیان ئه‌مه‌یه: ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وانه، به تایبه‌ت نه‌ته‌وه په‌راوێز كراوه‌كان و نه‌ته‌وه په‌رش و بڵاوه‌كان كه نازانن به‌كاری بهێنن، به زووترین كات جیهانگیریی هێنده‌ی دی په‌راوێزیان ده‌كا و له به‌رداشی كۆتاییدا له نێو یان ده‌بات، تیغه‌كه‌ی دیكه‌ش: بۆ ئه‌وانه‌ی پێشوازییه‌كی زانستیانه‌ی لی ده‌كه‌ن ده‌بێ به به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌خته‌وه‌ریی. دواجار، هه‌میشه و به درێژاییی مێژوو به‌خته‌وه‌رییه‌كان دێن، به‌ڵام نه‌زانه‌كان ورد و خاشی ده‌كه‌ن. هیرمان هیسه، یه‌كێكه له شاكار نووسه‌كانی ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانی، له‌م باره‌یه‌وه به‌شدارییه‌كی ئێجگار فراوانی كردووه و ڕۆمانی (لعبه الكریات الزجاجیه) گه‌وره‌ترین شاكاری ئه‌و ڕۆماننووسه‌یه كه له هه‌مان ئه‌و ڕۆمانه‌شدا به دوای ئاوی حه‌یاتدا ده‌گه‌ڕێ. هیرمان هیسه هه‌ڵگری جۆرێكی تایبه‌تی سۆفیگه‌رێتییه، به تایبه‌ت له ڕۆمانی (سیزارتا) دا، سه‌رچاوه‌ی نووسینه‌كانی (هیرمان هیسه) له نێو ستوونه‌كانی بودایی و مه‌سیحییه‌ت و ڕۆژهه‌ڵاته، ڕۆمانی (سه‌فه‌رێك بۆ ڕۆژهه‌ڵات) هه‌وڵی باندێكه له چه‌ند كه‌سێك كه نیازی هه‌ریه‌كه‌ی به ئامانجێكه‌وه شه‌ته‌ك داوه و پاڵه‌وانه‌كانیش ڕێگه‌ی خۆیان ده‌گرنه‌به‌ر، به‌ره‌و ئه‌و كانی شه‌وقه‌ی كه ئه‌وان پێیان وایه له ڕۆژهه‌ڵاتدا ده‌یدۆزنه‌وه، ڕۆمانه‌كه به شێوه‌یه‌كی سیحر ئامێز ڕه‌نگڕێژی كاری پاڵه‌وانه‌كانی خۆی ده‌كا. حه‌زی (هیرمان هیسه) بۆ ئه‌ڤینی ڕۆژهه‌ڵات و فاتیمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی له شێوه‌ی حه‌ج كردنێكه، به‌ڵام له نێو ته‌كنیكێكی ئه‌ندازه‌ییی به‌هێزدا، سه‌ره‌داوه‌كانی تان و پۆی ئه‌م ڕۆمانه زوو زوو ون ده‌بن و ده‌دۆزرێنه‌وه، له ڕاستیدا، من به عه‌شقی ئه‌مه‌وه ئه‌م ڕۆمانه‌م وه‌رگێڕاوه كه بزانن نووسه‌رانی دنیا به ئومێدی ئه‌وه‌ن كه ڕووه‌و سه‌چاوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڕێكه‌ون و بابه‌تی نووسینه‌كانی خۆیان بدۆزنه‌وه و به شاكار ده‌ریان ببڕن. له ڕاستیدا، هیرمان هیسه له زۆربه‌ی ڕۆمانه‌كانی به دوای ئه‌و (كاستالیایه) دا ده‌گه‌ڕێ كه‌وا له ڕۆمانی (گه‌مه‌ی كه‌لا شووشه‌كان) دا باسی ده‌كا. ئه‌و ڕۆمانه‌ی كه من وه‌رمگێڕاوه ڕۆمانێكی زۆر گرنگه، به‌داخه‌وه تیراژێكی كه‌می لێ چاپكراوه و زۆربه‌ی خوێنه‌ران نه‌یاندیوه، به‌ڵام ته‌مام وایه كه‌وا له داهاتوویه‌كی نزیكدا چاپی دووه‌می بكه‌مه‌وه.
*: ئه‌لبێر كامو له دیمانه‌یه‌كدا گوتوویه‌تی: (جه‌نگی نووسه‌ر بۆ گۆڕانی ژیان و ئازادییه) ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناڕۆشنه، ئه‌مه‌یه: چیی (ژیان) بگۆڕدێت و چۆن (ئازادیی) بخوڵقێنرێته‌وه، هاوكات، ئێمه وه‌كوو كورد چووینه‌ته نێو ئه‌م جه‌نگه‌وه؟
كه‌ریم ده‌شتی: له ڕاستیدا، من پێم وا نییه كه نووسه‌ر ئه‌و هێزه گرێندازه‌ره‌ی هه‌بێ تا بتوانێت له ڕێگه‌ی ده‌قه‌كانی خۆیه‌وه ژیانی مرۆڤایه‌تی بگۆڕێت، به‌ڵام ڕه‌نگه له هێزی ده‌قێكدا هه‌بێ ته‌واو كاریگه‌ر بێ به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی ئه‌و ژیانه، ئیدی نووسه‌ر ئه‌و هێزه‌ی هه‌یه كه بۆ ئازادی ئینسان گۆرانی بڵێ، ده‌قه‌كانی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و تێزه‌وه دابڕێژێ كه خۆی باوه‌ڕی پێیه‌تی و پێی وایه ده‌توانێ خوێنه‌ریش بخاته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه. نازانم (ئه‌لبێر كامو) له كوێدا ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه، به‌ڵام پێم وایه مه‌به‌ستی له‌وه‌یه كه نووسه‌ر له پێناوی گۆڕینی ژیان و جیهان كار ده‌كا و له هه‌مان كاتدا، له پێناوی ئازادیی ئینسانیشدا هزری خۆی هه‌ڵده‌ڕێژێ. هه‌موو نووسینه‌كانی (ئه‌لبێر كامو) نه‌یانتوانی ژیان بگۆڕن، به‌ڵام له ڕێگه‌ی ده‌قه‌كانی توانیی چه‌ندین مرۆڤ بخاته ژێر كۆنتڕۆڵی بیركردنه‌وه‌ی خۆیه‌وه و گه‌لێك كه‌س هه‌ر له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ستی قووڵی مرۆڤایه‌تیی و به‌رپرسیاریه‌تیی كامو- وه شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یان گۆڕا و مرۆڤگه‌لێكی وجودیه‌تیان لێ دروست بوو. ده‌توانم بڵێم ڕێبازی ئه‌گزیستانسیالیزم به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ی كامویه، هاوكاتیش هه‌ندانێكی دیكه‌یه كه‌وا له خه‌ڵقه‌نده‌ی ئه‌و پرسیاره‌یه: ئاخۆ جه‌دوای ژیان چییه؟ به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ، هێشتا مرۆڤایه‌تی نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی كامو بداته‌وه. نووسه‌ر هه‌میشه له جه‌نگدایه، جه‌نگ له‌گه‌ڵ ناخی خۆی، جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه، بۆیه (ژان پۆل سارته‌ر) به وردی ئه‌وه ده‌وروژێنێ كه ده‌ڵێ: (ئاخ له دۆزه‌خی ئه‌وانیدی) ، ئیدی ئه‌م ڕسته‌یه له مه‌وه ده‌رنابڕێ كه به‌رانبه‌ر به دوژمنان و دۆزه‌خی خۆی بزانێت، به‌ڵكوو له‌و پێودانگه‌وه‌یه كه تێنه‌گه‌یشتن و په‌ی پێ نه‌بردن هه‌یه له نێو ڕۆحی به‌رانبه‌ردا كه وه‌ها ده‌كا ببن به كۆسپ له ڕێگه‌ی پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام ئاخۆ نووسه‌ر چۆن ڕووبه‌ڕووی ئه‌م هه‌موو جه‌نگانه ده‌بێه‌وه؟ كامه كه‌ره‌سته‌ی زه‌ینی و فیكری یاخود مه‌عریفیی دادی نووسه‌ر ده‌ده‌ن بۆ سه‌ركه‌وتن له‌م جه‌نگه‌دا؟ ته‌واوی نووسه‌رانی ڕابردوو- ئێستا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ژیان جوان بكه‌ن و مرۆڤ له كۆت و پێوه‌ندی زه‌وی ڕزگار بكه‌ن تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامن، له‌م ڕووه‌ش كاریگه‌ریه‌تیی زۆریان هه‌بووه، به‌ڵام هه‌مدیس هێزی ناحه‌زی ژیان ئاواته‌كانی مرۆڤایه‌تی له ژێر گڵ ناوه. یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كیه‌یكانی هه‌موو نووسه‌ره ڕاسته‌قینه‌كانی دنیا ئه‌مه‌یه: ئازادی بۆ مرۆڤایه‌تی دابین بكه‌ن، ده‌قگه‌لێك هه‌ن نێوه‌ڕۆكه‌كانیان هه‌ر هه‌مووی له پێناوی سازدانی مرۆڤه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ی كه لێی سه‌ندراوه‌ته‌وه بۆی بگه‌ڕێته‌وه، له‌م ڕووه‌ش قوربانی زۆریان داوه. خودی (ئه‌لبێر كامو) له‌و كاته‌ی كه فه‌ره‌نسا وه‌كوو داگیركارێك له جه‌زائیر حوكمی ده‌كرد، ئه‌و ده‌قه‌كانی خۆی له دژی ئه‌وه داده‌ڕشت، هه‌موو كتێبه‌كانی باس له نه‌هێشتنی ناعه‌داله‌تی و هێنانه كایه‌ی فه‌زایه‌ك ده‌كه‌ن بۆ ئازادییه‌كی ڕه‌های ژێر سایه‌ی یاسا. (ئه‌لبێر كامو) له جه‌نگێكی پیرۆز دا بوو، چ له ده‌قه فه‌لسه‌فییه‌كانی، چ له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كانی، بۆیه ئه‌مڕۆ وه‌كوو نووسه‌رێكی زیندوو كار له نێو ده‌قه‌كانیدا ده‌كرێت، ئێمه پێویستیمان به‌و جۆره نووسه‌رانه هه‌یه كه نێوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كانیان پایه‌یه‌كی گرنگی مه‌عریفییان تێدا بێ، چونكه ئه‌وه ته‌نیا چه‌كی نووسه‌ره، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته نێو جه‌نگه‌كان و به‌سه‌ركه‌وتوویی بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گینا به شمشێری دارین ئه‌و جه‌نگانه ناكرێن، ئه‌گه‌ر كرایشن، مومكین نییه ئه‌نجامه‌كان له‌گه‌ڵ ویست و ئه‌قڵدا بگونجێن.
*: له دوای دیوانی (پیانۆی ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌وانی دیكه) وه ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین پانتایی له ساده‌یی ده‌بینه‌وه له شیعری كه‌ریم ده‌شتی- دا، له ئه‌مڕۆیشدا خوێنه‌رانمان ئه‌وه‌نده‌ی ئێستێتیكا و فه‌نتازیای شاعیران له ئه‌مجۆره ساده‌ییه‌دا ده‌دۆزنه‌وه، تا ئه‌و ئاسته له نێو ئه‌و ده‌قانه‌ی پێیان ده‌گوترێ (فۆڕمی گران) ، نادۆزنه‌وه، به حوكمی ئه‌وه‌ی (كه‌ریم ده‌شتی) له‌م نێوه‌نده‌دا نێوه‌ندێكی جیاوازتری هه‌یه له ئه‌وانیدیكه، هاوكات تا مانای قووڵ درێژ بووه‌ته‌وه، چۆن باس له‌م وێستگه‌یه ده‌كا كه له‌وێدا ساده‌یی و مانای قووڵ تێكده‌چڕژێن؟
كه‌ریم ده‌شتی: دیوانی (پیانۆی ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌وانی دی) به‌كتیبی تاقانه‌ی خۆم ده‌زانم، نه‌ك له ڕووی پیاهه‌ڵدانه‌وه، به‌ڵكوو له ڕووی هه‌ڵبژاردنی بابه‌تی شیعره‌كانی نێو ئه‌م دیوانه‌وه. زۆربه‌ی شیعره‌كانی ئه‌م دیوانه (ته‌ئه‌ممولین) واته: ڕامان ئامێزن، شاعیر له‌م دیوانه‌دا له ژێر كاریگارێتیی سروشه‌كانیدا كار ده‌كا و دوور دوور ده‌ڕوانێت، هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه‌ی كه خه‌ونی پێوه ده‌بینێ له شیعردا ساغی بكاته‌وه، داخی بۆ هه‌ڵبكێشێ. شیعر له‌م دیوانه دا ڕوخساری له ژێر ته‌پوتۆزی ڕۆژگار و غوربه‌تی شاعیر و نمایشی حاڵه‌ته‌كانی گریانی ناخه‌وه‌ی شاعیر ده‌شارێته‌وه، هه‌موو شیعره‌كانی نێو ئه‌م دیوانه به كه‌ره‌سته‌ی ڕۆح نووسراون، به‌و مانایه‌ی كه‌وا له‌سه‌ر زه‌ویی دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و له حاڵه‌تی فڕین دان، له‌وه‌دایه كه ئایا مرۆڤ چۆن له‌سه‌ر زه‌وییه‌ك هه‌ڵده‌كا كه هه‌موو حه‌سانه‌وه‌یه‌كی ڕۆحیی تێدا مه‌حاڵه؟ شیعر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له خۆی ده‌كا، به دوای یۆتۆپیاكاندا ده‌گه‌ڕێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌رگیز تیشكێك له وه‌ڵامی پێ نادۆزرێته‌وه، بۆیه هه‌میشه له حاڵه‌تی سووڕانه‌وه‌دایه. ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك بابه‌تی شه‌ڕانگێزین له شیعر دا، كۆمه‌ڵێك بابه‌تی پڕ له مه‌ترسین بۆ شاعیر، وه‌كوو ئه‌و ماسییه‌ی پێمان وایه نزیكه له پێستی سه‌ره‌وه‌ی ئاو، بۆیه ده‌ستی بۆ ده‌به‌ین تا بیگرین، به‌ڵام بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه زۆر دووره و ده‌خزێینه نێو قوڵاییی ئاوه‌كه، ئیدی ته‌ڕ ده‌بین و هیچمان بۆ ده‌ستگیر نابێ. شیعر هه‌وڵدان نییه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته، به قه‌د ئه‌وه‌ی به‌دیهێنانی غایه‌ته په‌نهانه‌كانه كه خودی شاعیریش نازانێ ئه‌و غایه‌تانه چیین كه وه‌ها ڕۆحی هه‌راسان ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه نێو گێژاوه قووڵه‌كانه‌وه، هه‌مان ئه‌و غایه‌ته كه شاعیره‌كه تووشی كه‌ڵگه‌ڵه‌ی گه‌ڕان و سووڕان ده‌كا بۆ كه‌شف كردنی ماهیه‌تی ئه‌و غایه‌ته‌ی كه شاعیری ڕاسته‌قینه به‌و پڕسیارانه قه‌ڵس ده‌بێ كه سه‌ده‌یه‌كه ده‌یانه‌وێ شاعیر بخه‌نه به‌ر مه‌حه‌كی دركاندنی سه‌رچاوه‌كانی شیعر. شیعر خاوه‌نی هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك نییه، ئاو له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك ناخواته‌وه، ڕۆحی شڵه‌ژاوی شاعیر نه‌بێ كه خۆشی نازانێ ئه‌م شڵه‌ژاوییه چ قه‌ده‌رێك دروستی كردووه، به‌ڵكوو هه‌میشه له نێو نادیارییه‌كی كوشنده دا ده‌سووڕێته‌وه كه شاعیری گه‌وره پێی وایه ئه‌گه‌ر له نێو ئه‌و نادیاری و مه‌جهولیه‌ته ده‌ریكێشێ ئه‌وه زینده به‌چاڵی خۆی ده‌كا، چونكه شیعر به‌و نادیارییه‌وه جوانه و هه‌ر به‌و نادیارییه‌شه‌وه ماوه‌ته‌وه و قسه له‌گه‌ڵ دنیادا ده‌كا، ئه‌وانه‌ش كه سه‌رچاوه خوازن قودره‌تی ئه‌وه‌یان نابێ جاویدانی ببه‌خشن به ده‌قه‌كانی خۆیان، بۆیه ئه‌و شیعرانه‌ی قه‌ده‌رێك له مانه‌وه هه‌ڵده‌گرن ه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌ن كه هیچ شوناسێكیان بۆ ماهیه‌تی شیعر پێ نییه، ئه‌وانه له بنارێَكی غه‌رق بوو و له ته‌مێكی خه‌ستی لێكدانه‌وه‌دا كار ده‌كه‌ن، پڕۆسه‌یه‌كی فیزیكی بۆ له نێو بردنی شیعر ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌ر به هه‌مان ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه كه ئه‌تراكتیفی شیعری زیندوو له‌وه‌دایه تۆ له كه‌ناره‌كانه‌وه چاوه‌ڕوانی بكه‌یت، له درزه‌كانی ڕۆحه‌وه بازرقه بكه‌یت. شیعر هه‌ڵگری شووناسێكی خودایییه، جاویدانییه، غه‌یبانییه، وه‌كوو شه‌وقێكی نادیار ده‌سوڕێته‌وه، كه‌م كه‌سن ئه‌وانه‌ی ئه‌و شه‌وقه له شیعردا دیل ده‌كه‌ن. گه‌لگامێش به‌وه زیندووه كه به‌دوای زینده‌گیدا ده‌گه‌ڕا كه گه‌ڕان بوو به‌دوای مه‌حاڵدا، ئه‌و جوانی له مه‌حاڵ بۆ ئێمه به‌جێ هێشت، بۆ بونیاتنانی زه‌ینییه‌تێكی گه‌وره بۆ شیعر، بۆ به‌غه‌یبانی كردنی شیعر كه خودی ئێستێتیكای شیعر له به‌غیبانی كردنیه‌تی، به‌و مانایه نا كه به‌رهه‌مهێنه‌ری لێكدانه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیی بێ، به‌ڵكوو به‌و چه‌مكه‌ی كه هاومانان له‌گه‌ڵ مه‌حاڵ. ئێمه له هه‌ر شوێنێك بگه‌ین به چه‌مكه جوانه‌كانی شیعر، له‌وێوه به ته‌نیا ده‌مێنینه‌وه، له هه‌ر شوێنێك ده‌ستمان له قژی بیرۆكه‌یه‌كی شیعریی جوان گیر بوو، له‌وێدا شاعیر ته‌نهاترینی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه وێڵن به‌دوای شیعر، به‌دوای مه‌حاڵ. ده‌ستگیر كردنی مه‌حاڵ غایه‌تی شیعره، بڕوانه هاوڕێیه‌كی گه‌وره هه‌بوو بۆ شیعر دوای سه‌رهه‌ڵگرتنی ڕامبۆ بۆ حه‌به‌شه و هه‌نده‌ران كه ئه‌و هه‌واڵه‌یدا به ڕامبۆ كه هه‌راو زه‌نایێكی زۆر هه‌یه له‌باره‌ی شیعره‌كانیه‌وه له فه‌ڕه‌نسا، به‌ڕامبۆی گوت: (بۆچی ناگه‌ڕێیته‌وه) ، ئه‌میش له وه‌ڵامدا گوتی: (ئه‌و كاته‌ی كه له فه‌ڕه‌نسا شیعرم ده‌نووسی، منداڵ بووم، هیچم نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ئێسته گه‌وره‌م و توانای نووسینی شیعرم نه‌ماوه) . ئه‌م گوزارشته له منداڵێتیی هونه‌ری شیعره‌وه‌یه، هاوكات گوزارشته له‌و مه‌حاڵه‌تی منداڵ و عه‌وداڵی به‌دیهێنانی مه‌حاڵ. بۆیه تا ئه‌به‌د شیعر ڕه‌نگی منداڵێتیی فڕێ نادات كه بۆ دواجاریش به‌ر له سه‌رهه‌ڵگرتنی و حێهێشتنی فه‌ڕه‌نسا (فرلین) ی له بارێكی خراپ‌دا بینی و بێ چه‌ند و چوون گوتی: (ده‌ستت بخه‌ره سه‌ر مێزێك) ، ئینجا ده‌ڕنافیسی له ده‌ستی دا و خوێنی (فرلین) بارزقه‌ی كرد، له‌وێوه ئاسۆی شیعری ڕامبۆ كوژایه‌وه، ئیدی ببڕای ببڕ نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ فه‌ڕه‌نسا و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌ڕان و سووڕان و سه‌فه‌ر جێی منداڵێتیی شیعریان گرته‌وه، پاراستنی جێی مه‌حاڵگێڕییان گرته‌وه. ڕامبۆ سنووری وڵاتانی بڕی و ڕۆحی پڕاوپڕ له شیعری خۆی به سه‌ركێشی و بێهووده‌یی گۆڕییه‌وه. (زه‌مه‌نی ئه‌وه به‌سه‌رچوو بتوانین به ته‌ئه‌موول شیعرێكی گه‌وره بنووسین، زه‌مه‌نی ئه‌وه هاتوووه به شیعر ته‌ئه‌ممولێكی گه‌وره خه‌ڵق بكه‌ین) له ته‌ئه‌ممولدا ئه‌ندێشه‌ی ده‌ستگیر كردنی وێنه‌یه‌ك، حه‌قیقه‌تێك، جه‌سته‌یه‌ك ده‌كه‌ین، كه هاته دی، ئیدی مه‌ودا بۆ شیعر نامێنێته‌وه، به‌ڵام له شیعردا ئه‌ندێشه‌ی ڕه‌ها بوون و مه‌حاڵ و غه‌یب ده‌كه‌ین كه هه‌رگیز بۆ شاعیر نایه‌نه دی و مه‌ودا بۆ شیعر به كراوه‌یی ده‌هێڵنه‌وه. به هه‌مه‌حاڵ، هێشتا نازانین كه‌وا ده‌ریا قووڵتره یاخود ڕۆحی مرۆڤ؟ شیعر تا چه‌ندی تر له نێو ئه‌م مه‌حاڵه دا ده‌ژیێت؟ شیعر به‌م مه‌حاڵه چاوی خۆی ده‌ڕێژی و هه‌ر به‌م مه‌حاڵه‌ش شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه دا ده‌كا كه به شمشێری سه‌رچاوه مه‌یدانه‌كه‌یان ته‌نیوه، دواجاریش ته‌نیا شاعیرانی مه‌حاڵ ده‌مێننه‌وه.
*: بۆ ئه‌وه‌ی ڕابردوو به‌ره‌و جاویدانبوون بچێت، ئه‌م جاویدان بوونه‌یش به كۆمه‌كی وشه ڕابپێچرێت بۆ نێو ده‌ق، گه‌ره‌كه تاكه‌كه‌س- نووسه‌ر چیی بكات؟
كه‌ریم ده‌شتی: هیچ بابه‌تێكی شیعریی، چ له ئێسته‌دا بێ، چ له ڕابردوودا، چ له ئاینده‌دا، هێزی ئه‌وه‌ی نییه جاویدان بێ، ئه‌گه‌ر له نێو ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا جاویدان نه‌كرێت، ئه‌و شاعیره یاخود چیرۆكنووسه یاخود ڕۆژنامه‌نووسه جاویدانی به‌و بابه‌ت و چه‌مكانه ده‌به‌خشێت كه‌وا له نێو ده‌قه‌كانیدا ڕۆحیان وه‌به‌ر ده‌كرێت و بۆ تا هه‌تا به زیندووییان ده‌هێڵێته‌وه، له نێو ڕابردوودا كه زه‌مه‌نێكی به‌سه‌رچووی وه‌ستاوه، گه‌وهه‌ر و خشڵ هه‌ن، به‌ڵام ده‌بێ له قوڕ و لیتاوی ڕابردوو پاك بكرێنه‌وه و بكرێن به بابه‌تێگه‌لێكی سه‌رنج ڕاكێش، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ده‌قێكی شیعریی جوانیان لی دروست بكه‌ین، واته: تۆ ده‌بێ هێزێكی بیركردنه‌وه‌ی شیعریی قووڵت هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌كان له ژێر په‌نجه‌تدا گه‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕابردووه‌دا بكه‌ن، وشه كاتێك ده‌توانێت هه‌ڵگری ئه‌و جاویدانی كردنه بێ كه له نێو زه‌ینی شاعیردا مه‌عریفه‌یه‌ك یاریی پێ ده‌كا و ماناكان ده‌دۆزێته‌وه. ناتوانین داوا له نووسه‌ر یاخود تاك بكه‌ین كه چیی بكات، تاكی شاعیر ده‌بێ له نێو هه‌موو ئه‌و ئه‌تمۆسفێرانه‌دا سه‌ركێشییه‌كانی خۆی بخاته ڕوو، بۆ ده‌ستگیریكردنی ڕسته‌ی داهێنان.
*: دواهه‌مین به‌رهه‌مت (به‌ره‌و منداڵی به جلی پاییزه‌وه) بوو، كه‌وا له نێوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا باس له زه‌مه‌نی منداڵی و ئه‌زموون و بوونیادی شیعر نووسین ده‌كه‌یت، له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه وه، گێڕانه‌وه‌یه‌كی جیاواز. پرسره‌كه لێره‌دا ئه‌مه‌یه: گێڕانه‌وه به چ شێوه‌یه‌ك ڕابردوو به‌ره‌و باڵاكردن و نه‌ویبوونه‌وه ده‌بات؟
كه‌ریم ده‌شتی: كتێبی: (به‌ره‌و منداڵی به جلی پاییزه‌وه) له نێو دوو سرووتدا كاری كردووه، یه‌كه‌م: سرووتی منداڵێتیی، دووه‌م: سرووتی ئه‌زموون. هه‌موو كه‌سێك له ژیانیدا بایی ئه‌وه‌نده منداڵێتیی هه‌یه بینووسێته‌وه، به‌ڵام كاتێك شاعیر به‌و كاره هه‌ڵده‌ستێت هه‌وڵ ده‌دات جیاوازییه‌كانی منداڵێتیی خۆی بنوێنێت، ده‌بێ له هێزی ده‌قدا بێ ئه‌و منداڵێتییه به ڕۆحێكی ئه‌ده‌بیی داهێنان ئامێز بگێڕێته‌وه، نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ت ئامێز. من هه‌وڵم داوه شیعرییه‌تێك له گێڕانه‌وه‌ی منداڵێتیی خۆمدا دروست بكه‌م، ئه‌مه‌ییش كه كردوومه له‌م باره‌یه‌وه به كه‌متر له ده‌قی شیعریی نازانم، من له پێشه‌كییه‌كه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا گوتوومه: (سه‌رچاوه‌ی عه‌شق به ڕابردوو، به منداڵێتیی، هێشتا وشكی نه‌كردووه. هه‌موو نووسه‌ره ناوداره‌كانی دنیا منداڵێتیی به به‌شێكی گرنگ ده‌زانن له ئه‌زموونی شیعریی یان چیرۆكی خۆیان، من پێم وایه ئه‌و ڕابردووه ئه‌م كاته به‌ره‌و باڵابوون هه‌ڵده‌كشێت كه شاعیر وه‌كوو ده‌قێكی شیعری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
*: ئه‌گه‌ر ڕابردوو وه‌كوو پێكهاته‌ی خود ته‌ماشا بكردرێت، ئه‌وا نووسه‌رانی كورد به‌شێك له‌و پێكهاته‌یه ده‌گوازنه‌وه بۆ نێو پڕۆسه‌ی نووسین، لێره‌دا ده‌پرسم: بۆچی ڕابردووی گه‌لێك نووسه‌ر به‌رجه‌سته‌یه له نووسینی ئێسته‌یاندا، هاوكات كه‌نگی سۆز بۆ نۆستالیژیا مه‌عریفه به‌رهه‌م ده‌هێنێت؟
كه‌ریم ده‌شتی: نۆستالژیا به‌رهه‌می دوای جه‌نگه گه‌وره‌كانی دنیایه، به‌رهه‌می حیكایه‌ته پڕ له نه‌هامه‌تییه‌كانی مرۆڤه، به‌رهه‌می ئه‌و ده‌روون بریندارانه‌یه كه‌وا له سه‌رده‌مه‌كانی پێشوودا بوونه‌ته قوربانیی، بۆیه زه‌حمه‌ته هیچ نووسه‌رێك بۆ ئه‌به‌د ده‌ستبه‌رداری ئه‌و گه‌ڕانه‌وه خه‌مگینانه بێ بۆ ڕابردوو. نۆستالژیا غه‌ریبی كردنی واقیعێكه كه مۆری خۆی له‌سه‌ر سینه‌ی شاعیردا به‌جێ هێشتووه. ئه‌ده‌ب توانای نییه مه‌عریفه به‌رهه‌م بهێنێت، چونكه ئه‌ده‌ب كار كردنه له نێو هه‌ست و نه‌ست و لێكدانه‌وه، به‌ڵام مه‌عریفه ده‌توانێ ئه‌ده‌بێكی چاك به‌رهه‌م بهێنێ. به هه‌رحاڵ، ئه‌ده‌بی نۆستالیژییش كاریگه‌رێتیی خۆی هه‌یه، ده‌قی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێناوه، من پێم وایه، ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی له نێو ئه‌ده‌بدا كار بكات و دڵسۆزی داهێنان بێ، ده‌بێ زه‌خیره‌یه‌كی باشی هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له هه‌موو ئه‌و بوارانه ده‌قی چاك به‌رهه‌م بهێنێت.
*: ئه‌گه‌ر نووسه‌ر به‌رده‌ستترین كه‌ره‌سته‌ی خاو بێ بۆ بنیادنانی ته‌لارێكی به‌رز به وشه، له ده‌قدا، خه‌یاڵی نووسه‌ر له كوێوه‌ی ته‌لاره به‌رزه‌كه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بی، وه‌كوو خۆی؟
كه‌ریم ده‌شتی: خه‌یاڵ، كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگی شاعیره، ئه‌گه‌ر هه‌موو كه‌ره‌سته‌ی شاعیر نه‌بێ. من ئه‌ندێشه‌ی هیچ شیعر و هیچ شاعیرێك ناكه‌م به‌نی خه‌یاڵ، خه‌یاڵ به‌م مانایه‌ی كه من باسی ده‌كه‌م بریتییه له پڕۆسێسی خه‌ڵق كردنی مانا له شیعر، كه خودی ئه‌و پڕۆسێسه به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی شاعیر و سه‌فه‌ری شاعیر به‌نێو كتێبدا ته‌واو نابێ، چونكه ته‌نیا له‌م دوو چه‌مكه‌دا مه‌عریفه‌یه‌ك له زه‌ینی خوێنه‌ردا دروست ده‌بێ كه میكانیزمی خه‌یاڵه، واته: مه‌عریفه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌و هێزه‌یه كه به‌رهه‌مهێنه‌ری خه‌یاڵی شاعیرانه‌یه و هه‌ر ئه‌میشه كه‌وا شیعرییه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت به ئاستی فه‌نتازیا كه ترۆپكی خه‌یاڵه، بۆ نموونه: (دانتی) به خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه (كۆمیدیای خواوه‌ندی) ی له هه‌رسێ به‌شی (دۆزه‌خ، فیرده‌وس، پاكستان) دا دۆزییه‌وه و داهێنا، هه‌روه‌ها (جۆن میلتۆن) له (فیرده‌وسی ون بوو) دا. كه‌واته: هێزی خه‌یاڵ، هێزێكی موقه‌دده‌سی شاعیره.
*: شیعر و نۆڤلێت و یاده‌وه‌رینامه- ت نووسیون، ئه‌مه به‌ده‌رله‌وه‌ی كه‌وا چه‌ند ڕۆمانێك و گه‌لێك گوتاری فیكری و ئه‌ده‌بیت وه‌رگێڕاونه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، به‌ڵام تا ئێسته (كه‌ریم ده‌شتی) ته‌نیا وه‌كوو شاعیر ناسراوه، ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌ی نه‌مبینیوه له نووسینێكدا ئێستێك بۆ وه‌رگێڕان بكه‌یت، ئیدی، به‌ده‌ر له‌و پێڕگه‌راییه‌ی ئه‌مڕۆی نێوه‌نده‌كه، به‌ربه‌سته‌كانی (نه‌خوێندنه‌وه‌ی تاك) له‌لایه‌ن (پێڕه ستایشكاره‌كان) ه‌وه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
كه‌ریم ده‌شتی: من بۆ كاری وه‌رگێران هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم: من وه‌رگێرانم نه‌كردووه به پیشه‌ی خۆم، ئه‌گه‌ر چه‌ند كارێكیشم كردبێ ته‌نیا بۆ زه‌وق و سه‌لیقه‌ی خۆم كردوومن، به كۆمه‌كی ئه‌وان خزمه‌تی شیعرییه‌تی خۆم كردووه، شیعر خولیای سه‌ره‌كیی منه، هه‌ر له پێناوی شیعره كه من له نێو باخچه‌ی ڕۆمان و فیكر و مه‌عریفه‌وه ده‌گه‌ڕێم، مه‌به‌ستم دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ره‌كانی شیعره. من، به پێچه‌وانه‌ی زۆران، به‌دوای ئه‌وه‌دا ناگه‌ڕێم نووسین و ستایشی ئه‌وانی دیكه به‌رزم بكه‌نه‌وه، به‌ڵكوو ده‌مه‌وێت له ڕێگه‌ی شیعره‌كانی خۆمه‌وه هه‌نگاو بۆ ئاسمان بهاوێژم. ئه‌وانه‌ی به‌ناهه‌ق به‌رز ده‌كرێنه‌وه، زۆر زوو ده‌كه‌ونه خواره‌وه، لای من ئه‌وه گرنگه كه باوه‌ڕ به هه‌موو لایه‌نه‌كان بهێنن كه له هێزی داهێنان داین و به‌داهێنانیش له بڕستماندا هه‌یه نه‌ته‌وه‌یه‌كی په‌رته‌واز زیندوو بكه‌ینه‌وه.
*: گه‌لێك شاعیر و نووسه‌ر باسیان له (له‌حزه‌ی نووسین) كردووه، به‌ڵام بۆچی كه‌س نه‌هاتووه باس له (سیعری نووسین) بكات؟ كه‌ریم ده‌شتی چۆن باس له‌مانه ده‌كا، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریشیان به‌سه‌ر یه‌كترییه‌وه؟
كه‌ریم ده‌شتی: من ته‌نیا باس له ساته‌كانی نووسینی شیعر ده‌كه‌م، كه بۆ من و ئه‌زموونی شیعریم گرنگن، هیچ شیعرێك له‌خۆوه ناڕسكێت، ئه‌گه‌ر هێزی بیرۆكه‌یه‌ك له ناخه‌وه‌ڕا شاعیر نه‌سووتێنێت، بۆیه فۆرمه‌ڵه كردنی چه‌مكێكی شیعریی پێویستی به شڵه‌ژانێكی گه‌وره‌ی زه‌ین و سینه‌وه هه‌یه، بۆ شیعر گرنگه كه تۆ له نێو مانایه‌كدا هه‌نگاوه‌كانی خۆت ده‌ست پێكه‌یت و فۆرَمێكی تێدا به‌رجه‌سته بكه‌یت. من زۆر جار تووشی له‌حزه‌ی نووسینی شیعر هاتووم، دوای ئه‌وه‌ی كه هه‌موو پێكهاته‌كانیم له ناخه‌وه‌ڕا مشت و ماڵ كردوون، به‌ڵام كه هاتوومه‌ته سه‌ر نووسینی ده‌سته پاچه بوویمه و نه‌متوانیوه بینووسم. هیچ ژانرێكی ئه‌ده‌بیی ئه‌وه‌نده‌ی نووسینی شیعر گران نییه، مه‌به‌ستم شیعری باشه، نه‌ك ڕیز كردنی وشه، چونكه شیعر له نێو وه‌هم و ئه‌ندێشه و سیحر و دروددا دێته كایه‌وه، نه‌ك له نێو ڕه‌حمی واقیع. هه‌ندێك شیعر به نێوی واقیعه‌وه ده‌نووسرێن، به‌ڵام جاویدانییان بۆ نییه، كه ده‌ڵێم سیحری نووسین مه‌به‌ستم له‌وه نییه كه‌وا وه‌كوو جارێكی تریش گوتوومه چوكلات بكه‌م به كۆتر، به‌ڵكوو مه‌به‌ستم له سیحری نووسین ئه‌ده‌به. تۆ چۆن ده‌قێك فرێ ده‌دیته نیۆه‌ندێك كه هه‌ڵگری قه‌ده‌رێكی زۆری سه‌رسامی و فره دیدی و جیهان و شووناس بێ، بتوانێت گه‌وره‌ترین كاریگه‌ریی به‌سه‌ر خوێنه‌ره‌وه به‌جێ بهێڵێت، خوێنه‌ر بخاته نێو كومه‌ڵێك لێكدانه‌وه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ. هه‌ندێك جار هه‌مان ئه‌و سیحره ده‌چێته نێو یارییه‌كانی زمان و ورد‌و خاشكردینه‌وه، به شێوه‌یه‌ك ده‌ق خۆی ده‌نوێنێ وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ له به‌رانبه‌ر ساختومانێكی چه‌ندین لایه‌نه‌دا بیت، هه‌ندێك جاریش ده‌چێته نێو نهێنییه‌كانی مانا و خوێنه‌ر به‌ره‌و قوڵایی ده‌بات.
*: شاعیر ده‌توانێت پێوه‌ندییه ڕۆحیه‌كانی بپچڕێنی له‌گه‌ڵ نۆستالیژیای؟ به‌ده‌ر له نۆستالیژیا، چیی دیكه ده‌توانێت كۆمه‌كی شاعیر بكات و پێوه‌ندییه‌كی پته‌وتر و قووڵتری له‌گه‌ڵدا بگرێت؟
كه‌ریم ده‌شتی: پچڕاندنی پێوه‌ندییه ڕۆحییه‌كان له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نی ڕابردوو كارێكی سانا نییه، هه‌روه‌ها دروست كردنی ئه‌م پێوه‌ندییه به ئاسانی ناكرێت، چونكه شاعیر كۆمه‌ڵێك ئاوێنه‌ی هه‌یه له نێو زه‌مه‌نه‌كانی ڕابردووی خۆیدا كه ده‌شی بڵێم له نێو په‌راوێزه‌كانی منداڵییدا ونی كردوون، هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات بیاندۆزێته‌وه، پڕۆسێسی دۆزینه‌وه‌ی ورده ئاوێنه‌كانی منداڵێتیی له نێو پانتایییه دووره‌كانی زه‌مه‌ن، پڕۆسێسێكی دژواره، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كایه هه‌ڵوه‌شاوانه دووباره دروست بكه‌یته‌وه به زمانێكی هاوچه‌رخ و شیعریی دایبڕێژی. ئه‌ده‌بی نۆستالیژیا له دوای جه‌نگه گه‌وره‌كان سه‌ری هه‌ڵدا، كاتێك خه‌ڵكی له نێو حاڵه‌تێكی ده‌روونی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی دژوار‌دا ده‌ژیان، هیچ ڕووناكییه‌ك له پێش چاویاندا نه‌مابوو، دنیا تاریك و ته‌نگ بوو بوو، بۆیه به ناچاری كه‌وتنه دوای ڕابردووه‌كانی خۆیان، سه‌لوای دڵی خۆیان به غه‌ریبی كردنی ڕابردوو ده‌دایه‌وه، هه‌وڵی به‌رجه‌سته كردنی یادگارییه‌كانی خۆیان ده‌دا و دایانده‌ڕشتنه‌وه، ئه‌مه‌ش وای كرد كه كولتوورێكی زۆری نۆستالیژیی سه‌رهه‌ڵبدات. (ئه‌لفریدی مۆس) گه‌وره‌ترین شاعیری نۆستالیژیی دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیی شیعره‌كانی گوزارشتیان له ڕابردوو كردبوو، نالی- یش له چامه درێژه‌كه‌یدا كه‌وا وه‌كوو نامه بۆ (سالم) ی نووسیوه، ئه‌ده‌بێكی نۆستالیژیی نووسیوه، غه‌ریبیی نیشتمانی خۆی ده‌كا، دوای نه‌فی بوونی، ئه‌مڕۆكه‌یش كه شیعره‌كانی (مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی ڕۆمی) بۆ زمانه‌كانی دنیا وه‌رده‌گێڕدرێن، گه‌وره‌ترین به‌شی خوێنه‌ران بۆ لای خۆیان ڕاده‌كێشن، ئیدی ئه‌و هه‌سته ئینسانییه گه‌وره‌یه كه باس له‌و نۆستالیژیایه ده‌كا،گوزارشت له غوربه‌ته‌كانی ناخی خۆی ده‌كا، دواجار، من كه‌متر شاعیرانی گه‌ره ده‌بینم كه له‌و حاڵه‌ته دابڕا بن.
*: چۆن ده‌ڕوانیت له پێوه‌ندیی نێوان شیعر و خه‌یاڵ، شاعیر و گومان، پێوه‌ندیی شاعیر له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه دا، پێوه‌ندیی نووسین له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی خوێنه‌ردا؟ ئه‌گه‌ر شیعر به‌تاڵ بێ له خه‌یاڵ، هاوكاتیش شاعیر گومان نه‌كات و پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌دا نه‌بێ و له‌پاڵیشیدا پرسیار نه‌خوڵقێنێ، شیعری قووڵ و شاعیری گشتبین دێنه وجود؟
كه‌ریم ده‌شتی: خه‌یاڵ بابه‌تی سه‌ره‌كیی هه‌موو داهێنانێكه به هه‌موو ژانه‌ره‌كانییه‌وه، به‌بێ خه‌یاڵ ئه‌ده‌ب له مانا مرۆییه‌كه‌ی خۆی ده‌چێته ده‌ره‌وه و پۆرترێتی مژادێكی وشك هه‌ڵده‌گرێ، هه‌ر ئه‌مه‌یشه كه ئه‌ده‌ب و داهێنان له باقیی بواره‌كانی دیكه جوایه‌ز ده‌كاه‌وه، خه‌یاڵه، خه‌یاڵ به‌و مانایه‌ی كه به‌رهه‌مهێنه‌ری بواره‌كانی فیكر و جوانیی بێ، بۆیه من زۆر جار گوتوومه: (ئه‌ده‌ب به گشتی، شیعر به تایبه‌تی، جگه له وه‌هم شتێكی دیكه نیین) ، ئیدی هه‌ر كاتێك شاعیر له خه‌یاڵ و وه‌هم داببڕێت، ئه‌وا ده‌قه‌كانی شێوه‌ی واقیعی مردوو وه‌رده‌گرن، له سنووره‌كانی داهێنان ده‌چنه ده‌ره‌وه، ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه من به ستوونی هه‌ره به‌هێزی شیعری داده‌نێم ده‌گات به ئاستی فه‌نتازیا كه هه‌ڕه‌می هه‌ره به‌رزی خه‌یاڵه، له‌وی شاعیر ده‌چێته‌وه نێو هه‌موو یارییه سیحراوییه‌كان، ئه‌و یارییانه‌ی (هیرمان هیسه) ڕۆمانی (گه‌مه‌ی كه‌لا شووشه‌كان) ی پێ نووسیوه و دانتی (كۆمیدیا) و ملتون (به‌هه‌شتی ون) ی پی نووسیوه. ئایا ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ له شیعره به‌نێوبانگه‌كه‌ی (ت. س. ئه‌لیوت) كه ناوی (وێرانه خاك) ه یاخود (ده‌شتایی نه‌هاتی) ییه داببڕێنی، هیچی تێدا ده‌مێنێته‌وه؟ هه‌روه‌ها له زۆربه‌ی شیعری كلاسیكیی كوردی و شیعری هاوچه‌رخ، بۆیه من ده‌ڵێم: خه‌یاڵ هه‌رێمێكه شاعیر یارییه جوانه‌كانی خۆی له‌وی ئه‌نجام ده‌دات. پێوه‌ندیی شاعیر له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌دا بوونی نییه، به‌ڵكوو شاعیر خۆی خوێنه‌رێكی به‌هێزه، دابڕان له‌و سیفه‌ته دابڕانه له جوانكردنی خه‌یاڵ و كوشتنی ئێستێتیكا. كاتێك باس له خه‌یاڵ ده‌كه‌ین، ده‌بێ بڵێین خه‌یاڵ ده‌رگه‌كانی گومان ده‌كاه‌وه، ئه‌و گومانی خوڵقێنه‌ری هه‌موو پرسیاره‌كانه، پرسیار له نهێنییه‌كان وكه‌ون و دروست بوونی مرۆڤ، پرسیار له سه‌رچاوه‌كانی جوانی (ئاشنباخ) له ڕۆمانی (مردن له ڤینیسیا) عه‌وداڵی هه‌مان ئه‌و جوانییه‌یه كه جۆرێك له وێرانی ڕۆحیی له ئاستیدا دروست ده‌كا، ئه‌و هێزی خه‌یاڵه ده‌درێت به گومان و هێزی گومانیش ده‌چێته نێو جه‌سته‌ی پرسیاره‌وه، كه‌واته ئه‌مه پڕۆسێسی ته‌ولیدی داهێنانه، هه‌ر ئه‌مه‌شه جیهانبینیی بۆ شاعیر دروست ده‌كا. بۆ وێناكردنی ڕیتواڵێكی شیعریی به‌رز و باڵا پێویستمان به ئه‌ندێشه و خه‌یاڵی باڵا هه‌یه، ئه‌گینا هه‌ر له نێو چوارچێوه‌ی بی نێوه‌ڕۆكیی ده‌مێنینه‌وه، هه‌ر كاتێك بیرۆكه‌یه‌كی شیعریی له هزر و زه‌ینی شاعیر دروست بوو، پێویستی به كۆمه‌ڵك كه‌ره‌سته‌ی گرنگ هه‌یه بۆ داڕشتنی ئه‌م بیرۆكه‌یه كه گرینگ‌ترینیان پڕۆسێسی خه‌یاڵكردنه سه‌باره‌ت به‌م بیرۆكه‌یه، ئه‌گینا بیرۆكه به ته‌نیا ناتوانێت ڕێگه بگرێت و بچێته نێو باخه پڕ له شه‌وقه‌كانی جوان داڕشتنی ده‌ق، ده‌بێ به جۆرێك له ته‌جرید و له هه‌موو ئه‌تراكتیفێك به‌تاڵ ده‌بێه‌وه.
*: زمان له به‌رانبه‌ر شاعیری باڵادا هیچی بۆ ده‌كرێت؟ شاعیر، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر زماندا زاڵبێ گه‌ره‌كه چیی بكات؟ ئه‌گه‌ر زمان بكه‌وێته سه‌رووی شاعیره‌وه، شاعیر تووشی شكستی گه‌وره‌ی به‌رهه‌م پووكێنه‌ره‌وه ده‌بێ؟
كه‌ریم ده‌شتی: ده‌كرێت بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، بڵێم: ئایا هیچ شاعیرێكی باڵا هه‌یه به‌بی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی زمانێكی باڵا بێ؟ ئایا شاعیری باڵا، جگه له زمانێكی تۆكمه‌ی باڵا چیی تره؟ زمانی مردوو، زیندانی مانای گه‌وره‌یه، واته: هه‌ر شاعیرێك ئه‌گه‌ر بیه‌وێت مانایه‌كی باڵا ببه‌خشی به شیعر به زمانێكی مردوو، ئه‌وه به‌و چه‌مكه دێت زیندانێك بۆ شیعر دروست ده‌كا و تیایدا بۆ تا هه‌تایه خورپه ڕۆحییه‌كان و هه‌ڵكفكفانی خوێنی شیعری تێدا به‌ندكراو ده‌بێ، جا بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر به‌سه‌ر زماندا زاڵبێ، سه‌ره‌تاییترینه‌هه‌نگاو ئه‌مه‌یه: ده‌بێ هه‌ڵگری ئه‌و باوه‌ڕ بێ كه زمان پێویستی به خۆ تازه‌كردنه‌وه هه‌یه، پێویستی به دووباره خه‌ڵق كردنه‌وه هه‌یه، زمان هێزی ڕاكێشكاری ده‌وروبه‌ره، چونكه هه‌موو جوانییه‌كانی شیعری تێیدا كۆ ده‌بێه‌وه، به‌م جۆره وه‌كوو چۆن (ڕیلكه) پێی وایه كه شاعیران لووله‌یه‌كی مووقه‌دده‌سن شه‌رابی ژیان و جاویدانی تێدا ده‌پاێزرێت، ئه‌وهاش زمان ئه‌و خوێنه پیرۆزه‌ی شیعره كه به‌رده‌وامی به شیعر و به شاعیران ده‌به‌خشێت. به‌داخه‌وه، له ئه‌مڕۆی شیعری كوردیدا به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه ئه‌زموونه‌كه‌یان تازه‌یه، هێنده بایه‌خ به زمانی شیعریی خۆیان ناده‌ن، بۆیه شیعره‌كانیان ناكه‌ونه به‌ر دڵان. زمان به‌و مانایه‌ی كه من باسی ده‌كه‌م كیمیای شیعره، پارسه‌نگه‌كانی شیعر بۆ بابه‌ته‌كان دروست ده‌كا، نه‌شاره‌زایی له زماندا هۆیه‌كه بۆ وردوخاش كردنی پارسه‌نگی بابه‌تی شیعر. نهێنیه‌كانی زمانی شیعری زۆرن، ده‌بێ پێوه‌ندییه‌كانی نێو سیستمی زمان له كاتی نووسینی شیعردا كه‌شف بكرێن، به‌بی ئه‌م كاره هه‌ر زوو نێوه‌ڕۆكی شیعر فۆڕمات ده‌كرێت و ئاسه‌واری نامێنێ. له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به زمانێكی خراپ شیعر ده‌نوسن هه‌ر زوو ده‌پووكێنه‌وه و دینامیكیه‌تیان نامێنێ، گه‌مه كردن له نێو زماندا به‌و واته- یه نایه‌ت كه بنه‌ما ئه‌ندازه‌ییه‌كانی زمان هه‌ڵته‌كێنی، به‌ڵكوو به‌و مانایه دێت كه ڕزگاری بكه‌یت له ده‌ست (باو) ، واته: له مانای ئاساییی خۆی ده‌ری بهێنیت. ده‌بێ زیاتر به‌ره‌و زمانێكی هاوچه‌رخ بچیت كه بتوانێت به‌رگه‌ی فره‌وان بوونی ماناكان بگرێت و ته‌قینه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجام بدات، ئه‌مڕۆ زمانی شیعر خه‌ریكه كاڵ ده‌بێه‌وه و خه‌ریكه شیعر بخوات و به‌هایه‌كی ئێستێتیكیی بۆ نه‌هێڵێت، بۆیه زمان پڕیه‌تی له نهێنیی، ئێمه ده‌بێ گه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی زمانی نووسین له نێو ئه‌م نهێنییانه ده‌ربهێنین، چونكه نووسینی ڕۆمانێكی گه‌وره به زمانێكی تۆكمه و باڵا به‌شداری كردنیه‌تی له به‌هێزكردنی جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه و كولتوور.
*: له پێشه‌كی دیوانه شیعرییه‌كه‌تدا، واته (پیانۆی ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌وانی دی) ، نووسیوته: (كاتێك قه‌ڵم هه‌ڵده‌گرم و ده‌چمه نێو ئاوایی شیعر... هتد) سه‌باره‌ت به‌م نیوه ڕسته‌یه پێتوایه شیعر ئاوایی (گوند) یی هه‌بێ؟ شیعری تۆ له كانیی ئاوایی‌دا هه‌ڵده‌قوڵێ؟ شیعر له گونده‌وه ده‌بێ به شار و نیشتمان؟
كه‌ریم ده‌شتی: من له‌م ڕسته‌یه‌دا مه‌به‌ستم نییه بابه‌تێكی وه‌ها له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شیعر بوروژێنم، باوه‌ڕیشم به‌وه نییه، من ته‌نیا باوه‌ڕم به شیعری ساغ و پته‌و هه‌یه، باوه‌ڕم به هیچی دیكه نییه له‌باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌وه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه له‌م دێره كه تۆ پرسیارێكی وه‌هات لێ دروست كردووه، ئه‌مه‌یه: كاتێك من ده‌مه‌وێت بچمه نێو دنیای شیعر، مه‌به‌ستم له وشه‌ی (ئاوایی) گوند یاخود شار نییه، ئه‌م چه‌مكه له نێو شیعری باش‌دا ده‌توێته‌وه، به‌ڵكوو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كاتێك ده‌چم بۆ نێو دنیای پڕ له خرۆشانی شیعر، دنیای پڕ له خه‌یاڵ و كه‌ف وكوڵی داهێنان، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و ڕووم هه‌ڵده‌كشێت، چونكه شیعر وه‌همێكی ئێجگار ئه‌فسوونه، ناتوانین به (ده‌شت) و (شار) بیبه‌ستینه‌وه، (یه‌سه‌نین) شاعیرێكی گونده‌واریی بوو، به‌ڵام هێزێك له شیعره‌كانیدا هه‌یه كه تا ئێسته‌یش سه‌رسامیی بۆ شار دروست كردووه، بۆیه شوێن له شیعردا جگه له چه‌مكی (جوانی) ی شتێكی دیكه نییه. من خۆم كوڕی شارم، به چه‌مكه‌كانی شار گه‌وره‌بوویمه، ڕه‌نگه بتوانین بۆ ئه‌م پرسیاره‌ی تۆ باس له كاریگه‌رێتیی شوێن بكه‌ین به‌سه‌ر شیعره‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕه‌نگه كتێبی (جوانیی شوێن) ی (باشڵار) باشترین لێكۆڵینه‌وه بێ له‌باره‌ی ئه‌و كاریگه‌رێتییه. نالی به‌و به‌لاغه‌ته‌وه له ده‌شتی شاره‌زوور، شارێكی گه‌وره‌ی بۆ شیعره‌كانی دروست كرد كه توحفه‌یه‌كه له گه‌مه كردن له نێو زانستی جوانییدا، هه‌روه‌ها (مه‌وله‌وی تاوه‌گۆزی) ی شاعیر له پشت نووسینی شیعره‌وه هیچ هیوایه‌كی دیكه‌ی نییه، جگه له‌وه‌ی كه ببێ به سه‌لوا بۆ ڕۆحی خۆی و ئه‌وانی دیكه، ببێ به وه‌ڵام بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی كه له ڕۆحی‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن.
*: له شیعری تۆدا ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به مانا و قوڵبوونه‌وه دراوه، تا ئه‌م ئاسته گرنگیی به موزیك و ڕیتمی دێره‌كان نه‌دراوه، به بۆچوونی تۆ، شیعر و قووڵبوونه‌وه، شیعر و مانا، شیعر و ئێستێتیكا، شیعر و فه‌نتازیا، كه‌نگێ و له كوێوه یه‌كتری ده‌گرنه‌وه؟ هاوكات ده‌شی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ ئه‌مانه دابندرێت؟
كه‌ریم ده‌شتی: شیعر، بۆ هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ی كه بۆ به‌هێز كردنی ئه‌زموونی خۆیان شیعر ده‌نووسن، بۆ ئه‌وه‌یه كه بچنه نێو مانا گه‌وره‌كان، مانا به‌هاداره‌كان، هه‌مان ئه‌و مانایانه‌ی كه به ئاسانی ڕاو ناكرێن و خۆیان له نێو پانتایییه قه‌به‌كان شاردووه‌ته‌وه، ئه‌و مانایانه‌ی كه ده‌ست هه‌موو كه‌س ناكه‌ون و هیلاكیی زۆری ده‌وێت بۆ ده‌ستگیر كردنیان، بۆیه هه‌میشه شاعیر له هه‌رێمه شاردراوه‌كاندا ده‌گه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی مانا به‌رزه‌كان بدۆزێته‌وه، شاعیر ئه‌گه‌ر وێڵی مانا دامه‌زرێنه‌ره‌كان نه‌بێ، ناتوانێت پارسه‌نگێك له نێوان په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆژیا و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ شیعردا دروست بكات، هه‌ر ئه‌مه‌یشه كه وه‌ها ده‌كا شاعیر جیاواز بێ، له پێگه‌كانی جیاوازییه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵبهێنێت، به‌ڵام بایه‌خدان به‌و مانا گرنگانه، نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بباته‌وه كه شیعر پێویستی به كۆمه‌ڵێك موتیفه‌ی دیكه هه‌یه، پێویستی به جوانكاریی هه‌یه، ئه‌و جوانكارییه‌ش خۆی له ڕیتم و موزیك و زماندا ده‌بینێته‌وه، به‌تایبه‌تی زمان كه ستوونێكی پته‌وی مانه‌وه‌ی شیعره، به‌بی زمانێكی به‌هێز و هاچه‌رخ ناتوانی مانا به شیعر ببه‌خشیت، به‌واته‌یه‌كی دیكه: شیعر به‌بی زمانێكی وه‌ها له هه‌موو ماناكاندا به‌تاڵ ده‌بێه‌وه. زمان جوانی ده‌به‌خشێت به شیعر و هه‌ڵگری مانا به‌هێزه‌كانه، بۆیه پێوه‌ندیی نێوان زمانی به‌هێز و مانای به‌هێز و جوانیی به‌هێز، پێوه‌ندیگه‌لێكی پته‌ون، به‌و مانایه ده‌ڵێم: زمانی لاواز ناتوانێت هه‌ڵگری مانای به‌هێز بێ، هه‌روه‌ها مانای به‌هێز له نێو زمانی به‌هێزدا جاویدانیی بۆ شیعر دروست ده‌كا، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه زمان گرنگه، وه‌ك چۆن ئه‌م پێوه‌ندییه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ مانادا، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ڕیتم و موزیك و جوانیشدا پێوه‌ندیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، پێوه‌ندییه‌ك كه‌وا هه‌میشه درێژ ده‌بێه‌وه.
ئه‌و نووسینانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیا نییه.
