زۆر حه‌ز ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی
سانیحه محمه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ: تا ئێستا هیچ لێپرسراوێك لێی نه‌پرسیومه‌ته‌وه‌و گله‌ییشیان لێناكه‌م
دیمانه: كاوان ئه‌بوبه‌كر، به‌یروت
كاتێك د. ژاڵه‌ی كچی سانیحه خانی كچی محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ مه‌وعدی بۆ داناین كه دایكی ببینین، جه‌ختی زۆر له‌وه كرده‌وه كه ناتوانین له ده بۆ پانزه ده‌قیقه زیاتر بیبینین، به‌ڵام كاتێك بینیمان‌و قسه‌مان له‌گه‌ڵ كرد‌و له‌به‌ر ده‌ربڕینی خۆشحاڵی، كاته‌كه زۆرتری خایاند، ئه‌گه‌رچی له‌به‌ر ته‌مه‌نه‌كه‌ی نه‌یده‌توانی زۆر قسه بكات‌و وه‌ك خۆی ئه‌یوت پیریی‌و هه‌زار عه‌یب، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌كوردییه‌كی پاراوی شێوه‌زاری سلێمانی قسه ده‌كات‌و كورد سه‌ردانی ماڵه‌كه‌ی كردووه، زۆری پێخوشبوو قسه بكات.
هاوڕێیه‌تی حه‌پسه خانی نه‌قیب
خاتوو سانیحه كچی مێژوونوسی به‌ناوبانگی كورد محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ، له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌شاری به‌یروت باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردین كه ئه‌و منداڵ بووه كاتێك له‌گه‌ڵ باوكی‌دا سه‌ردانی سلێمانی كردووه، له‌وباره‌یه‌وه وتی: (زۆر به‌باشی له‌بیرم نه‌ماوه ساڵی چه‌ند بوو، به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم له‌نێوان ساڵی 1930 بۆ 1932 بوو كه ئه‌و كات ته‌مه‌نم حه‌وت یان هه‌شت ساڵ بوو، كاتێك باوكم كه وه‌زیری به‌رگری بوو له‌گه‌ڵ خۆیدا منی برد بۆ سلێمانی، دوای چه‌ند ساڵێك حه‌پسه خانی نه‌قیب كه زۆر هاوڕێ بووین‌و یه‌كتریمان خۆش ده‌ویست ده‌عوه‌تی كردم بۆ سلێمانی‌و پانزه رۆژ له‌سلێمانی مامه‌وه)، سانیحه خان كه ئێستا ته‌مه‌نی له (90) ساڵ نزیك ده‌بێته‌وه‌و دایكی كچ‌و كوڕێكه به‌ناوه‌كانی (ژاڵه‌و حه‌سه‌ن)، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ئه‌و له‌سلێمانی زۆر نه‌ژیاوه، چونكه باوكی له‌به‌غداد هه‌میشه سه‌رقاڵی ئیش بووه، بۆیه زۆر كه‌س له‌سلێمانی ناناسێت، ته‌نها ئه‌و كوردانه باش ده‌ناسێت كه سه‌ردانی به‌غدادیان ده‌كرد‌و له‌ماڵی ئه‌واندا ده‌مانه‌وه، هه‌روه‌ك باسی له‌وه‌شكرد كه جگه له‌حه‌پسه خانی نه‌قیب هه‌ریه‌ك له (شێخ مه‌حمود‌و پێره‌مێردی شاعیر‌و حه‌لاوه خانی كچی بابه عه‌لی‌و ناهده سه‌لام‌و كه‌مال مه‌زهه‌ر‌و چه‌ندین كه‌سایه‌تی تری كوردی بینیوه) .
خانزاد‌و پێره‌مێردی شاعیر
خاتوو سانیحه له‌باره‌ی ناوه‌كه‌ی خۆیه‌وه وتی: (ئه‌و ناوه باوكم لێی ناوم، خۆم حه‌زم لێی نییه‌و ویستم بیگۆڕم به‌ناوی خانزاد، چونكه زۆرم حه‌ز له‌و ناوه بوو، به‌ڵام باوكم پێی خۆش نه‌بوو بیگۆڕم)، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد كه پیره‌مێردی شاعیر له‌گه‌ڵ باوكی‌دا هاوته‌مه‌ن بوون‌و زۆر هاوڕێش بوون، له‌وباره‌یه‌وه وتی: (پیره‌مێردی شاعیر زۆر منی خۆشده‌ویست منیش به‌هه‌مان شێوه، ته‌نانه‌ت شیعرێكی بۆ نوسی بووم‌و دابووی به‌باوكم، له‌گه‌ڵ باوكمدا زۆر هاوڕێ بوون‌و له‌لای یه‌كیشه‌وه نێژراون له‌گردی سه‌یوان له‌سلێمانی) .
ساته هه‌ره خۆشه‌كانی ژیانی
خاتوو سانیحه سه‌رده‌می زێڕینی خۆی‌و ساته هه‌ره خۆشه‌كانی ژیانی خۆی بۆ ئه‌و كاتانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه له‌گه‌ڵ باوكی‌دا بووه، بۆیه هه‌ر كاتێك باسی باوكی ده‌كرد جگه له‌وه‌ی خه‌مبار ده‌بوو، زوو زوو له‌قسه‌كردن راده‌وه‌ستا، له‌باره‌ی باوكییه‌وه وتی: (من كچه تاقانه‌ی بووم‌و سێ برام هه‌بوو، زۆری من خۆشده‌ویست به‌شێوه‌یه‌ك له‌ژیانمدا لێم توڕه نه‌بووه‌و هه‌رگیز رێگر نه‌بووه له‌به‌رده‌مدا ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه سانه‌ویم ته‌واو كرد حه‌زم ده‌كرد له‌ئه‌وروپا بخوێنم، به‌ڵام نه‌یهێشت‌و وتی ناتوانم بێ تۆ ئیداره بكه‌م‌و به‌ته‌نها ئه‌مێنمه‌وه، هه‌میشه بۆ هه‌موو شتێكی باش هانده‌رم بووه‌و ئامۆژگاری زۆری كردووم، منیش به‌شێوه‌یه‌ك خۆشمده‌ویست كه دڵم نه‌ده‌هات به‌جێی بهێڵم، زۆرجار بیرم له‌وه‌ده‌كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر باوكم وه‌فات بكات له‌ده‌ستم ئه‌چێت‌و نایبینمه‌وه، زۆر ئه‌ترسام وه‌فات بكات، كاتێكیش وه‌فاتی كرد ئێمه له‌ئه‌وروپا بووین، به‌سێ رۆژ گه‌ڕاینه‌وه به‌غداد‌و له‌وێوه له‌گه‌ڵ دایكم هاتین بۆ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی له‌سلێمانی، دواتر جارێكی تر له‌گه‌ڵ حه‌پسه‌خانی نه‌قیبدا چومه‌وه بۆ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی) .
حه‌زم ده‌كرد شوو به‌كورد بكه‌م
له‌باره‌ی ژیانی هاوسه‌رییه‌وه خاتوو سانیحه وتی: باوكی منداڵه‌كانم كه خزمی دایكم بوو، هاوته‌مه‌نم بوو دوانزه ساڵ بووین یه‌كتریمان ناسی‌و یه‌كتریمان به‌دڵ بوو، ئه‌گه‌ر به‌دڵم نه‌بوایه باوكم رازی نه‌ده‌بوو، چونكه به‌زۆر به‌شوودان لای ئێمه نه‌بوو، راسته عه‌ره‌ب بوو كوردیشی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام له‌ئێمه زیاتر كوردی خۆشده‌ویست، له‌راستیدا من حه‌زم ده‌كرد شوو به‌كوردێك بكه‌م (به‌پێكه‌نینه‌وه) بۆشی گه‌ڕام ده‌ستم نه‌كه‌وت، ئیتر نسیب بوو، هیچ ئاڵتونیشم پێ نه‌كرد، چونكه خۆم ئاڵتونم زۆر هه‌بوو) .
یه‌ك لێپرسراو سه‌ردانی نه‌كردووم
سانیحه خان له‌بارودۆخی ئێستای كوردستان زۆر ئاگادار نه‌بوو، كاتێك پێمانوت په‌یكه‌رێك بۆ حه‌پسه خانی نه‌قیب درووستكراوه به‌خۆشحاڵییه‌وه وتی: (زۆرم پێ خۆشه ئه‌و كارانه ده‌كرێت‌و ئه‌و كه‌سایه‌تییانه له‌بیر ناكه‌ن)، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تا چه‌ند لێپرسراو‌و لایه‌ن‌و كه‌سایه‌تییه كورده‌كان، به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ناسێت‌و سه‌ردانیان كردووه، خاتوو سانیحه وتی: (كه‌سیان ناناسم‌و هیچ لێپرسراوێكیش نه به‌ته‌له‌فۆن‌و نه به‌نامه‌یه‌ك لێی نه‌پرسیومه‌ته‌وه‌و سه‌ردانی نه‌كردووم‌و گله‌ییش له‌كه‌س ناكه‌م، چونكه ئه‌زانم ئێستا ئیشوكاریان زۆره، به‌ڵام زۆر خۆش ده‌بوو به‌سه‌ریان بكردمایه‌ته‌وه‌و هه‌واڵیان پرسیمایه، مام جه‌لال من ده‌ناسێت‌و مه‌لا مسته‌فاش كه بۆ یه‌كه‌مجار هاته به‌غداد له‌ئوتێل بوو هه‌واڵی پرسی بووم) .
حه‌ز ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه كوردستان، به‌ڵام...
خاتوو سانیحه كه به‌درێژایی چاوپێكه‌وتنه‌كه له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتبوو جار جاره د. ژاڵه چای ده‌كرد به‌ده‌مییه‌وه وتی: (ساڵی 1990و كاتی شه‌ڕی یه‌كه‌می كه‌نداو به‌ته‌واوه‌تی من‌و ژاڵه عێراقمان به‌جیهێشت‌و حه‌سه‌نیش بۆ ته‌واوكردنی خوێندن له‌ئه‌مریكا بوو)، هه‌روه‌ها نه‌یتوانی ئه‌وه‌ش بشارێته‌وه كه زۆر حه‌ز ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه سلێمانی، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: (ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌م زۆر قورسه، چونكه پیر بووم‌و بواری ته‌ندروستیم رێگه نادات سه‌فه‌ر بكه‌م)، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆ پێشتر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كوردستان، خاتوو سانیحه وتی: (لێره نه‌مده‌توانی منداڵه‌كان به‌جێبهێڵم) .
ئه‌گه‌رچی له‌م ماڵه‌دا به‌توركی قسه ده‌كرێت، به‌ڵام خاتوو سانیحه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه: (ئێمه هه‌ر كوردین‌و هه‌تا له‌ژیاندا بمێنم ئه‌م ماڵه ماڵێكی كوردییه) .
