هاتنه كوشتنی مرۆڤێك رووداوێكی دڵته‌زێنه. ئه‌گه‌ر قوتابییه‌كی زانكۆ بێ رووداوه‌كه دڵته‌زێنتره. ئه‌و مرۆڤه سه‌باره‌ت به‌وتار نووسینه‌وه هاتبێته كوشتن، رووداوێكی مه‌ترسیداره. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كاره‌كه‌ی به‌ئه‌نجام دابێ، یان له‌ژێر لووتی ئه‌ودا هاتبێته ئه‌نجامدان، زایه‌ڵه‌ی زه‌نگوڵێكی به‌مه‌ترسییه و ده‌بێ له‌سه‌ری بووه‌ستین، نه‌شهێڵین جارێكی تر دووباره ببێته‌وه.
ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌كی نیگه‌ران كردووه، ئه‌وه‌یه داووده‌زگای پێوه‌ندیدار تا ئێسته هیچ شتێكیان له‌باره‌ی كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه رانه‌گه‌یاندووه. لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا پێشینه‌ی پڕ شانازییان كه‌مه و زۆربه‌ی جار هیچیان لێ شین نه‌بووه. وا ئه‌مڕۆ 10 رۆژ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا راده‌بوورێ و ده‌سكه‌وتنی هیچ سه‌ره‌داوێك له‌باره‌ی ئه‌و كاره تیرۆرییه‌وه له‌لایه‌ن داووده‌زگایێلی ته‌ناهییه‌وه نه‌هاتووه‌ته راگه‌یاندن.
هاتنه كوشتنی سه‌رده‌شت پێشی بیست ساڵ بوایه كه‌س په‌كی له‌سه‌ر نه‌ده‌كه‌وت، سه‌رده‌م سه‌رده‌می دیكتاتۆرییه‌تی سه‌دام بوو. پێشی ده ساڵیش رووی بدایه تێگه‌یشتنی فره ئاڵۆز نه‌بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی له شه‌ڕی ناوه‌خۆدا زۆر له لاوان هاتنه كوشتن یان بێ سه‌روشوێن رۆیشتن، خوێنیشیان ئاوه‌وئاو چوو. پرسه‌كه ئه‌وه‌یه سه‌رده‌م بووه به‌سه‌رده‌می دیموكراسی، ئازادیی ده‌ربڕین بووه‌ته ته‌وژمێك به‌ری لێ نایه‌ته گرتن.
كوردستان وا پێی ناوه‌ته سه‌رده‌می دیموكراسییه‌وه، هێزی ئۆپۆزسیۆن و به‌رهه‌ڵستی په‌یدا بووه له وڵاته‌كه‌ماندا. ئه‌مه مایه‌ی دڵخۆشییه و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه جڤاكی ئێمه‌ش كه‌وتووه‌ته سه‌ر شاڕێی ژیانی خۆی، هه‌رچه‌ندیشه كه ئۆپۆزسیۆنی كوردستان ئۆپۆزسیۆنێكی كاڵ و هه‌رزه‌یه. ده‌یه‌وێ هه‌موو شت به‌باری به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا ببا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سوور بزانێ ئه‌وه‌ی ده‌یكا چه‌وت و چه‌واشه‌یه و هیچی لێ نایه‌ته به‌رهه‌م. ده‌بوو وانه‌بێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سبه‌ی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه، شتێكی جیا له‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌یڵێ، له كوشتنی سه‌رده‌شت عوسماندا خسته ڕوو، ده‌بێ ئه‌و ده‌مه ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه چ وه‌ڵامێكی هه‌بێ بیداته‌وه به‌خه‌ڵكێك كه دوێنێ سه‌ری لێ شێواندبوون. به‌ڵام ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئه‌وه‌نده بازرگانیكه‌ره به‌هه‌موو دۆخێكه‌وه، گوێی له‌وه نییه رای گشتی له كوردستان چیی تر سه‌ری به‌پووش نه‌گیراوه.
ئه‌وه‌ی باره‌كه‌ی به‌لای ئۆپۆزسیۆندا لار كردووه، هه‌بوونی "ئه‌رته‌شێك"ه له رۆشنبیر و رۆژنامه‌وانانی چه‌قه‌نه‌لێده‌ر. زۆربه‌ی ئه‌مانه‌ش سه‌ر به‌ئۆپۆزسیۆنه كاڵ و هه‌رزه‌كه خۆین و به‌فیتی ئه‌و هه‌رگاڤ بیه‌وێ ده‌كه‌ونه ژه‌نین. بۆ نموونه له‌م رووداوه‌ی كوشتنی سه‌رده‌شتدا، سه‌ره‌تا ویستیان به‌ئاراسته‌ی كه‌سێكی تری‌دا ببه‌ن گوایه دۆڕانی یه‌كێتی له هه‌ولێر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا ئه‌و كه‌سه لێی به‌رپرسیاره، پاشان بایان دایه‌وه سه‌ر پارتی.
ئاشكرایه، هێشتا هیچ شتێك له نهێنیگه‌لی پشت ئه‌م رووداوه روون نییه بۆمان. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره له په‌نای پارتییه‌وه هاتبێته به‌ئه‌نجامدان، بێگومان به‌كه‌س نایه‌ته شاردنه‌وه. پارتی نیوه‌ی ده‌سه‌ڵات پێك ده‌هێنێ نه‌ك هه‌مووی. نیوه‌كه‌ی تر بۆی داناپۆشێ ئه‌گه‌ر پارتی كاری وای كردبێ. ئه‌وه‌تا هێشتا هیچ روون نه‌بووه‌ته‌وه، نیوه‌كه‌ی تر كه‌وتووه‌ته پێشی خۆپێشانده‌ران.
پێش ده‌رچوونی راگه‌یاندنێكی ئاشكرا و بێ پێچ و په‌نا له‌باره‌ی به‌ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستییه له‌لایه‌ن داووده‌زگای ته‌ناهیی كوردستانه‌وه، مرۆڤ ناتوانێ په‌نجه بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك درێژ بكا با گومانیشی هه‌بێ لێیان. ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین زوو یان دره‌نگ بۆمان روون بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه پاڵه‌په‌ستۆ نه‌خه‌ینه سه‌ر داووده‌زگای ته‌ناهی كه‌وا زیاتر په‌له بكه‌ن له دۆزینه‌وه‌ی كریار و بكه‌ری كرده‌وه تیرۆرییه‌كه. ده‌شلوێ بۆمان، به‌مه‌زه‌نده و خه‌یاڵی خۆمان بیر بكه‌ینه‌وه ئاخۆ كێ بێ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌بێ له‌م جۆره كرده‌وانه له هه‌رێمی كوردستاندا، به‌تایبه‌تی له شاری هه‌ولێری پایه‌ته‌خت:
یه‌كه‌م: له دیرۆكی بزاوی سیاسیی كوردیدا، ئه‌وه پارتی نییه كه خاوه‌ن و هه‌ڵگری كولتووری تیرۆر و توندوتیژی بێ. ته‌نانه‌ت له كاتی ململانه‌ی ناوه‌خۆشدا له هه‌شتایێل و له شه‌ڕی ناوه‌خۆی 94یش به‌دواوه پارتی تیرۆریست یان به‌كارهێنی توندوتیژی نه‌بوو. خاوه‌نی ئه‌م كولتووره پڕ له شانازییه "واته كولتووری ناتوندوتیژی" له ته‌ڤگه‌ری رزگاریخوازیی كوردیدا، مسته‌فا بارزانی خۆی بووه. سه‌رۆك بارزانیش دوای ئه‌و، درێژه‌ده‌ری هه‌مان كولتوور بووه، ئه‌مڕۆش دۆزی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌ییی له‌به‌رده‌مدایه كه خه‌یاڵ و هزری ئه‌وه‌یان گرتووه. دووه‌م: پارتی تا ئه‌و په‌ڕی سنوور، شانازی به‌هێمنی و ته‌ناهیی ناوچه‌یلی ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه ده‌كا و له هیچ شت كه‌مته‌رخه‌می ناكا بۆ پاراستنی ئه‌و ته‌ناهییه. له‌به‌رئه‌وه، بێگومان پارتی نییه به‌رژه‌وه‌ندی هه‌بێ له شێواندنی باری ته‌ناهیی هه‌ولێردا. بخوێنی به‌ڕێز لێم ببوورێ زۆر ناوی پارتی ده‌هێم، ده‌بوو باسی حكوومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دابینكه‌ری هێمنی و ئاسایشه له هه‌ولێر له پایزی 1996ه‌وه، به‌ڵام وتاری ئه‌و راگه‌یاندنه چه‌قه‌نه‌لێده‌ره ناچارت ده‌كا ناوی پارتی بهێنی. ئه‌و به‌مه‌به‌ست و بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ حكوومه‌تی هه‌رێم له ئارادا نییه، پارتی به‌ده‌سه‌ڵات داده‌نێ. پارتی ده‌سه‌ڵات نییه، حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاته، خۆ ئه‌گه‌ر بێ‌و پارتیش به‌ده‌سه‌ڵات دابنێن ئه‌وا بێده‌نگی و ته‌ناهیی هه‌ولێر به‌لای پارتییه‌وه شتێكه به‌هیچ شتی تر نایه‌ته گۆڕینه‌وه و به‌راوردكردن. سێیه‌م: بێده‌نگیی پارتی له سه‌ره‌تای رووداوی كوشتنی سه‌رده‌شته‌وه نابێ به‌واتای ئه‌وه بێته وه‌رگرتن كه‌وا خۆی كریاری كاره‌كه‌یه بۆیه وا مات و بێده‌نگه. نه‌خێر وا نییه و ئه‌مه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێ به‌به‌ڵگه. پارتی حزبێكی توندوتۆڵه و ناوه‌ندایه‌تی تێیدا به‌هێزه. له رووداوێكی وا هه‌ستیاردا داووده‌زگای راگه‌یاندنی پارتی بێده‌نگ ده‌بن تا روونكردنه‌وه‌یه‌كی بنه‌بڕ ده‌رده‌چێ. نابێ پارتی له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌لاوژه‌ی لایه‌نی تردا بێته به‌راوردكردن.
ده‌بێ بزانین كه‌وا ئه‌وانه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌لاوژه‌یان له‌باره‌ی كوشتنی سه‌رده‌شته‌وه له راگه‌یاندندا هێناوه‌ته كایه، له رووی ره‌وشتییه‌وه زیاتر نین له بكوژه‌كانی. ئه‌مانه مامه‌ڵه به‌خوێنی وشه‌وه ده‌كه‌ن، تا ئێسته وتار به‌ناوی سه‌رده‌شته‌وه ده‌نووسن و ده‌یانه‌وێ زۆرترین سوودی لێ وه‌رگرن. سوودی لێ وه‌ربگرن و بارزگانیی پێوه بكه‌ن. بێگومان ئۆپۆزسیۆنی كوردی به‌دوای ئه‌وه‌دا ناگه‌ڕێ په‌رده له‌ڕووی شت‌دا هه‌ڵبماڵێ. ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه باییی ئه‌وه‌نده له چاره‌نووسی خۆی بێ‌باك و وێرا نییه، هه‌نگاوی وا نه‌ترسانه بنێ. كار بێته سه‌ر په‌رده هه‌ڵماڵین و په‌ڕ هه‌ڵدانه‌وه، خۆی ده‌زانێ چۆنی لێ ده‌قه‌ومێ. ئه‌و ده‌یه‌وێ په‌رده دابداته‌وه نه‌ك هه‌ڵی بداته‌وه. په‌رده دابداته‌وه به‌سه‌ر تاوانی له‌داردانی لاوه شۆڕشگێڕه‌كانی كوردستانی رۆهه‌ڵات، كه ده‌بوو لافاوی خۆپێشاندانی قوتابییان و لاوانی هه‌ولێر و سلێمانی بۆ ئه‌وان بوایه. من زۆر له‌وه ده‌ترسم ئۆپۆزسیۆنی كوردی له بناوانه‌وه ئۆپۆزسیۆن نه‌بێ. "حووسی"یه‌ك بێ له كوردستان و بۆ ته‌نگه‌تاوكردنی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی له‌دایك بووبێ نه‌ك له‌پێناو په‌ره‌پێدانی بزاوی دیموكراسی.
به‌نه‌ختی و پوختی بڵێم: تیرۆركردنی سه‌رده‌شت كرده‌وه‌یه‌كی كرێته و كێی له‌داواوه بێ، ده‌بێ ئاشكرا ببێ و سزای مێژوو بچێژێ. به‌ڵام ئه‌م بازرگانیكردنه پێوه‌ی، كرێتتره "به‌داخه‌وه" له كوشتنه‌كه‌ی. ئۆپۆزسیۆن به‌م كرێتییه‌ی خۆی و راگه‌یاندنه چه‌قه‌نه‌لێده‌ره‌كه‌ی، هیچ ناكا ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ خوێنی سه‌رده‌شت ون ده‌كا. هه‌ی به‌نه‌فره‌تی وشه‌ی بوێر و ئازا بێ.
هه‌ولێر 14/5/2010
