
له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌واڵی دڵته‌زێن هاته پێشه‌وه‌و له‌شاری هه‌ولێرو سلێمانی ڕووداو گه‌لێكی نامۆ‌و سامناك به‌سه‌ر دوو گه‌نجی خوێندكار داهات و سومعه‌ی وڵاته‌كه‌مانیان له‌كه‌داركرد! هه‌موومانیان تووشی شۆك كرد!، ڕفاندن و پاشان كوشتنی قوتابی كۆلێژ (سه‌رده‌شت عوسمان) و پاشانیش به‌ڕۆژێك دواتر هه‌واڵی ڕفاندن (كه‌به‌چه‌ند ڕۆژێك له‌پێشدا) و كوشتنی كوڕه‌زاكه‌ی شێخ عبدالقادر چوێسه به ناوی (موحه‌مه‌د تاهیر) كه خوێندكاره‌و دوای ئه‌وه‌ی كه پاره‌كی خه‌یاڵیشیان له بنه‌ماڵه‌كه‌ی وه‌رگرتووه له‌بری ئازاد كردنی كه‌چی له ئێواره‌ی 7-5-2010م ته‌رمه‌كه‌ی به نیوه گیانی له‌پشت سوپه‌ر ماركێتێك له‌شاری سلێمانی ده‌دۆزرێته‌وه‌و پاشان له نه‌خۆشخانه گیان له‌ده‌ست ده‌دات!
به‌ڕاستی ئه‌م هه‌واڵه دڵته‌زێنانه وێڕای ئیدانه‌كردن و ناونانی به‌كارێكی ترسنۆكانه‌و نا مرۆڤانه!، سه‌ره‌خۆشی خۆشم ئاراسته‌ی هه‌ردوو بنه‌ماڵه ده‌كه‌م و داواكارم له[خوا]ی گه‌وره كه سه‌بوری كه‌س و كار‌و هاوپۆل و ڕه‌فیقانیان بدات و وه‌هه‌ر له[خوا] داواكارم كه هه‌رچی زووه تاوانباران ئاشكرا بكات و ڕیسوای دونیا‌و دوواڕۆژیان بكات، وه جارێكی تر (پشتیوان به‌خوای گه‌وره) ئه‌م كاره قێزه‌وه‌ن و نامرۆڤانه له‌ناومان دووباره نه‌بێته‌وه،
لێره‌شدا به‌پێویستی ده‌زانم ڕووبكه‌مه حكومه‌تی خۆمان و پۆلیس و ئاساییش كه (وه‌كو ده‌وتری) : چاوێكیان بكه‌نه چوارچاوو بازگه‌كان چالاكتر بكات و پارێزی له‌گیانی هاوڵاتیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان له گیان و ماڵ و ڕۆڵه‌ی خۆیان ئه‌مین وپشت به‌ست بن،
هه‌روه‌ها داوا له‌مامۆستایانی ئاینی ده‌كه‌م كه له وتاری هه‌ینی تیشك بخه‌نه سه‌ر ئه‌و دوو ڕووداوه دڵته‌زێنانه‌و هاوشێوه‌كانی كه‌له‌ڕووی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی پیرۆزه‌وه تاوانی كوشتنی به‌ناحه‌ق چه‌نده گه‌وره‌و قوڕسه.. بۆ خه‌ڵكی ڕوونی بكه‌نه‌وه‌و هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ش بیده‌ینه به‌ر گوێچكه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان وجیهان.
