
ئەمرۆ پێنج شەممە 6ی ئایار تەرمی سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنوس و خۆێندکاری کۆلێژی بەشی زمانی ئینگلیزی لەزانکۆی سەلاحەدین گەیشتەوە شاری هەولێر. سەردەشت سەرلەبەیانی ڕۆژی 4ی ئایار لەبەردەم کۆلیژدا، لەلایەن چەند چەکدارێکەوەو بەبەرچاوی پاسەوان و خوێندکارانەوە، بەزۆر سواری ئۆتۆمبێلێک دەکرێ و بۆ شوێنێکی نادیار دەفڕێنرێت و پاش دوو ڕۆژ تەرمەکەی بە کوژراوی لەشاری موسڵ دەدۆزرێتەوە!
تاوانی سەردەشت عوسمان تەنها ئەوە بووە بە قەڵەمەکەی پەردەی لەسەر کارنامەی دزێوی بەرپرسیارانی گەندەڵو دەسەڵاتە میلیشیاییەکەی بزوتنەوەی کوردایەتی هەڵداوەتەوە. بەڵام ئەوەی کەسەردەشت بەبەرچاوی خەڵکو لە زانکۆدا دەفڕێنرێت و لەسەرو بازگەو پیاوانی ئاسایشی هەولێرەوە تەرمەکەی بەکوژراوی لەشاری موسڵ فڕێ دەدرێ، بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ کردەوەیەکی ئینساندزین و تیرۆریزمێکی کویرانە. کە ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتیەکەی دەکەوێتە ئەستۆی پارتی و دەسەڵاتەکەیەوە. لەلایەکی تریشەوە ئەم تاوانە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کەئازادی و هەڵسورانی سیاسی نەیار بە دەسەلاتدارانی ئێستا نەک هەر لەژێر چەتری دیموکراسیەک کە بۆرژوازی کورد ڕۆژانە بانگەشەی بۆدەکات، جێگای نابێتەوە بەڵکو بەکوشتن و فڕاندن وەڵام وەردەگرێتەوە. کارنامەی 19 ساڵی دەسەڵاتی حزبە میلیشیاییە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کورد و لە پێشیانەوە پارتی ویەکیتی، کە پڕە لەتاوان و ئیسنانکوژی و تیرۆر بەڵگەی ئەم ڕاستیەن و تیرۆری سەردەشت عوسمانیش ئەلقەیەکی تر لە زنجیرەی ئەم تاوانکاریانەی دەسەڵات دەخاتە ڕوو، کە ڕاستەوخۆ بەمەبەستی توندکردنەوەی فەزای ترس و تۆقاندن و سەرکوتگەری دەستی بۆبراوە، تا دەم و دەستی هەر ئینسانیکی ناڕازی و ئازادیخواز ببەستێت.
ڕووداوی تیرۆری سەردەشت لەکاتێکدایە کە گروپە ئیسلامیەکان و مەلای مزگەوتەکان لەپێناو داسەپاندنی فەزای کۆنەپەرستی و بەرتەسککردنەوەی ئازادی بیروڕا، شمشیری فتواو کوشتنی نوسەران و ڕۆشنبیرانیان هەڵکێشاوە وبە پشتیوانی بەرپرسیارانی ئەمڕۆی کوردستان دەیانەوێت ووشەی ئازادی سەرببڕن و دەمی ڕەخنە و بیروڕای جیاواز ببەستن وبەشانازییەوە لە پێش پێی دەسەڵاتداراندا دایبنێن.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، لەپێشیانەوە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران، خویندکاران و لاوان و ژنان و ڕۆشنبیران، تەنها هێزی دەستکۆتا کردنی تیرۆرو ئینسان کوژی و دانانی سنورە بۆ هەرجۆرە کارنامەیەکی سەرکوتگەری، بۆیە دەبێ هیزی جەماوەری لەیەک بزوتنەوەی بەکردەوەدا یەخەی دەسەڵاتداران بگرێ و لەمەیداندا بێت بۆ زامنکردنی ئازادیەکان. تەجروبەی چەند ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە نە پەرلمان و نە دیموکراسی حزبە میلیشیاییەکان، نە ئۆپۆزسیۆن و نەچاوتێبڕین بۆ مەرحەمەتی یاسایی دەسەڵاتداران.. هەموو ئەمانە نەک هەر ناتوانن و نایانەوێت ئازادی و ئارامی کۆمەڵگا لەبەردەم هاوڵاتیاندا بەرقەرارکەن، بەڵکو ڕاگرتنی فەزای ترس و سەرکوت بەسەر کۆمەڵگادا پایەیەکی مانەوە و بەدیهێنانی بەرژەوەندیەکانیانە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وێرای ئیدانەکردنی تاوانی تیرۆری سەردەشت عوسمان، هاوکات بەرپرسیارێتی ئەم کردەوە چەپەڵ وئینسان کوژییە، دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارێتی پارتییەوە. ئاشکراکردنی تاوانبارانیش لەبەردەم ڕای گشتیدا تەنها هەنگاوێکە بۆدەربازبوونی پارتی ودەسەڵاتەکەی لە ڕقو بێزاری ئازادیخوازانی کوردستان.
ئێمە لێرەدا جگە لەوەی سەرخۆشی وهاوغەمی خۆمان بۆکەسوکار و دوستانی سەردەشت عوسمان ڕادەگەیەنین ولەکەناریاندا ڕا دەوەستین، هاوکات بە تەواوی تواناوە بۆ دوزینەوەی تاوانباران وپەردەهەڵماڵین لەسەر ئەم تاوانکاریە تێدەکۆشین. ئێمە سەرجەم خەڵکی کوردستان بانگەواز دەکەین بۆ خەباتێک کە کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئەحزابی ملیشیایی و هێنانەدی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ڕێکخراو لەلایەن شوراکانی خەڵکەوە کردۆتە ئامانجی خۆی. ئامانجێک کە نە تەنها دەستی تیرۆرو ئینسان کوژی وسەرکوتگەری بەسەر کۆمەڵگاوە، کۆتا دەکات، بەڵکو ژیانێکی ئازاد و یەکسان وخوشگوزەران دەخاتە بەرپێی هاوڵاتیانەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
6/5/2010
