پێشی چوار ساڵ راپه‌ڕین له سووریه هه‌ڵایسا. وێ گاوێ نه‌مانده‌زانی كێ له پشتی په‌رده‌وه هانده‌ر و ههڵایسێنیهتی. ته‌نیا وه‌ك لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی راپه‌ڕینی گه‌لانی تری عه‌ره‌ب ده‌هاته دیتن. هه‌ر واش بوو تا دواتر هاته به‌لاڕێدا بردن و پاشی چه‌ند مانگێك له ده‌سپێك، ره‌جه‌ب ئه‌ردۆغان بوو به خاوه‌نی. ئه‌سته‌نبۆڵ بووه مه‌كۆی به‌رهه‌ڵستیی سیاسی و سه‌ربازیی سووریه و لێره‌وه دیمه‌نه‌كه روون بووه‌وه.
تورك ویستیان به به‌ردێك دوو نیشان بپێكن، یه‌كه‌م سووریه له ده‌ستی كۆماری ئیسلامی ده‌ربێنن، دووه‌م ئیخوان بگه‌ینن به ده‌سه‌ڵات. ئاكه‌په‌ی ئه‌ردۆغان چه‌ند ساڵێكه جێگه‌ی حزبی شیوعیی سۆڤیه‌تی گرتووه‌ته‌وه. هۆنینه‌وه‌ی برایه‌ل له هه‌ر كوێیه‌ك بن، له ئاكه‌په‌وه رێنوێنی وه‌رده‌گرن. تا وێرێ مایه‌ی تێگهیینه، به دواوه لێڵی باڵی خۆی كێشێ. هۆنینه‌وه‌ی تیرۆریستی بوون به لایه‌نی هه‌ره دیاری گۆڕه‌پانه‌كه. به‌رهه‌ڵستیی سووریه هۆی ئه‌م جۆره هۆنینهوانهی دایه پاڵ رێژیم، ئه‌ویش دایه‌وه پاڵ به‌رهه‌ڵستی. له كۆنگره‌ی جنێڤ دوودا كه‌س تێ نه‌گه‌یی كامهیانن سه‌رچاوه‌ی پاڵپشتییه‌كه. دواتر روون بووه ههردوویانن. تۆ بڵێ توركیه و ئێران.
ته‌مووزی 2013 دوو هه‌زار گرتووی داعش له ئه‌بوغرێب و تاجی، ده‌رگه‌ی هه‌ڵاتنیان له به‌غدا بۆ كه‌وته سه‌رپشت. حوزه‌یرانی 2014 چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌كی مشه‌یان له موسڵه‌وه تا تكریت كه‌وته ده‌ست. پاشتر له په‌لامار بۆ هه‌ولێر و گرتنی شنگالدا، ده‌ركه‌وت كۆماری ئیسلامی و كۆماری تورك لێی بێ ئاگا نه‌بوون. لێبه‌لێ هاتنه ناوه‌وه‌ی دوور له چاوه‌ڕوانیی ئه‌مه‌ریكه، گشت به‌رنامه‌ی ئه‌و دوو وڵاته‌ی واژوو كرده‌وه. ئامانجی كۆمار: هه‌رێمی كوردستان له به‌ین بچێ و ئامانجی توركیه: ناوچه‌ی ئازادكردووی به‌شی رۆئاوا به ده‌ستی كورده‌وه نه‌مێنێ. هاتنی ئه‌مه‌ریكه به فریای كورده‌وه، وه‌ك گوتمان باره‌كه‌ی هه‌ڵگێڕایه‌وه. ئێسته له گوێنه كوردی رۆئاوا ببن به بارێكی داسه‌پاو (امر واقع) وه‌ك باشووری ساڵی 91. وێوهتریش، یه‌كگرتنی باشوور و رۆئاوا وه‌ك تارمایییه‌ك له ئاسۆوه دێته دیتن. ئه‌مه مۆته‌كه‌یه‌كه، ئێرانی و تورك ناڵه‌یان دێ به ده‌ستیه‌وه.
له‌م سهرگهیهوه، پێش مانگێك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات كۆوه‌بوون بۆ وه‌دۆزینی چاره‌سه‌رێك بۆ سووریه. ئه‌ویش به‌لایانه‌وه: رێژیمه‌كه ته‌واو نه‌گۆڕێ، ته‌نیا به‌شار ئه‌سه‌دی لێ بچێته ده‌ره‌وه. لێره‌وه، مۆسكۆ بانگهێشتنی بۆ به‌رهه‌ڵستیی سووریه راهێڵا بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌ك له نێوان به‌رهه‌ڵستی و ده‌سه‌ڵاتدا. دیمه‌نه‌كه وا به‌ره‌و روونبوونه‌وه‌ی ته‌واو ده‌چێ. به‌شێك له‌وانه‌ی له رێژیمی به‌شار هه‌ڵگه‌ڕابوونه‌وه، دێنه‌وه ناو ده‌سه‌ڵاته‌كه. ئاو بێنه و ده‌ستان بشۆ، وه‌ك ده‌ڵێن.
به‌ڵام لایه‌نی سێیه‌می كێشه‌ی سووریه دیار نییه، كه سعوودی عه‌ره‌بییه‌یه. له ماوه‌ی مانگی رابردوودا ئه‌گه‌ر یه‌كێك به وردی چاودێریی بهڵاوۆكی دهنگوباسی نۆینهیلی نێزیك به سعوودیه‌ی كردبێ، هه‌ستی كردووه له نادیاردا چی ده‌گه‌ڕێ. سعوودیه كه‌وتووه‌ته پشتیوانیی به‌ره‌ی نوسره له سووریه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كسانی بكاته‌وه به داعش. ئه‌گه‌ر بشزانین نوسره له دیوی سووریه‌دا، له ناوچه‌یلی ته‌ریبی سنووری لبنانه‌وه خه‌بات ده‌كا، تێ ده‌گه‌ین گه‌یاندنی باربووی له سعوودیه‌وه هاتوو، له باكوری لبنانه‌وه چه‌ند ئاسانه. وێ ده‌چێ ململانه‌ی نێوان داعش و نوسره‌ی ئامێری ده‌ستی توركیه و سعوودیه، تا یهكلاوهبوونی پرسی به‌شار، زیاتر گه‌شه بستێنێ.
وه‌ك به‌شێك له ململانه‌ی نێوانیان، سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئێران و توركیه و سعوودیه، هه‌ریه‌كه‌یان كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه‌ی بۆ دووه‌كه‌ی تر ناوه‌ته‌وه. لیسته‌كه درێژه و ئاماژه ته‌نیا به حووسی له یه‌مه‌ن ده‌كه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی داوا له حوسی بكا دابمركێنهوه، ده‌بێ سعوودیه ده‌ست له سووریه وهكێشێ واته له باربووی نوسره.
بۆ كوردی خۆشمان، وه‌ك چاوه‌ڕوانییه، دوای دامركاندنه‌وه‌ی ته‌نگژه‌ی سووریه، كۆماری ئیسلامی و توركیه ده‌ست به گردهوهكۆیی بكه‌ن بۆ وێك هێنانه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ی له باشوور و رۆئاوی كوردستاندا پێ گه‌ییوه. كۆمار پاڵپشتی له په‌یه‌ده بگرێته‌وه و ئه‌ردۆغان كوردی باشوور ته‌نگه‌تاو بكا به بیانووێكه‌وه. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، كه دیار نییه ئاخۆ ئه‌مه‌ریكه، دوای ته‌واوبوونی ته‌نگژه‌ی سووریه، پێوه‌ندیی به كورده‌وه چۆن ده‌مێنێ، منیش ناتوانم خه‌یاڵێك بۆ ئه‌و ده‌مه بوێنم (ره‌سم بكه‌م) . به‌لای زۆره‌وه ئه‌مه‌ریكه جارێكی تر رۆڵی خۆی له ناوچه‌كه‌دا ده‌پووكێنێته‌وه وه‌ك كۆتای ساڵی 2010.
به‌ڵام داعش چیی به‌سه‌ر دێ؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێك پرسیار بكا. وا تێ ده‌گه‌م گۆنگه‌ر ده‌كه‌وێته باكوری ئهفریقه. ئه‌ردۆغان له باری میسر و تونس پڕه. لیبیهش باوهشگهیهكه میناكی نییه بۆ له‌وێوه كاولكردنی ئه‌و دوو وڵاته. خه‌ونی ئه‌ردۆغانه برایه‌لی موسڵمان له په‌نجه‌ره‌وه بباته‌وه ده‌سه‌ڵات دوای ئه‌وه‌ی له ده‌رگه‌وه لێی چوونه ده‌ره‌وه. نهشگهنهوه، خه‌ون له چاوی ژیان بتۆرێنن. له به‌رامبه‌ری ئه‌و پشكه گه‌وره‌یه‌شدا، كه توركیه پێی ده‌بڕێ بۆ ئاژاوه، كۆماری ئیسلامی ده‌ستی ببێته‌وه له عێراق و سووریه‌دا. خه‌م ته‌نیا كورده‌كه‌یه، كه بێ به‌ره‌یه‌كی ناوه‌كیی به‌هێز، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مهترسییهلی هاتوو، دژواره بۆی. به‌ره‌ی یه‌كگرتوو برابه‌شیی نێوان لایه‌نه‌یلی سیاسی نییه وه‌ك لای ئێمه بووه‌ته باو. ئه‌وه‌یه جڤاكی كوردی به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه و داعشی خۆماڵی نه‌یكا به دوو له‌ت، كه پێ ده‌چێ باش پێ گهییبێ بۆ ئه‌و ئامانجه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.