ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

چۆن ماڵمان بەقوڕ گیرا ... ئامانج نەقشبەندی

 
سەرەتای نەهامەتی ئەم میللەتە ئەو کات و ساتە دەستی پێکرد کە دەسەڵاتی کوردی کلتورە سەقەتەکەی بەعسی کۆپی کرد و کەڕەتی (١٠٠و ١٠٠٠) ی کرد ، ئەو کلتورەی دەبوو حزب بڕیاردەر بێت کێ و لە کوێ و کەی و بە کام پێوەر کەسێک لە پێگە و کورسیەک دانیشێت ...
ئەو کاتە ڕابردوی نزیک و ئێستا و داهاتووی ئەم میللەتە خزێنرایە تونێلێکی تاریکەوە کە ئەوسەری تروسکایی تێدا بەدی نەدەکرا ... کە تاک لەبری ئەوەی بە بڕوانامە و ئەزمونێکەوە بخرێتە سەر کورسی و پێگە و لێپرسراوێتیەک لە بری ئەوەی خزمەتی خەڵک و خاک بکات ، تەنها خزمەتی بەرژەوەندی حزب و گیرفانی خۆی بکات ...
لە ڕێگەی حەسانەی پەرلەمانی و بوون بە وەزیر و بریکار و بوون بە مودیر عامەوە لەبری ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و خەمی هاووڵاتیان ، تەنها و تەنها خەمی خۆی و گیرفانی خۆی بێت ، دەستکەوت و مووچە و ڤێللا و باخ یەکەی نیشتەجێ لەفڵان بەرزایی و فیسار گوند و سیتی وانێک ... بۆچی نا .. ئیقامە و جەوازێکی باوەڕپێکراوی نێو دەوڵەتی ، بێگومان منداڵەکانی پێچەوانەی مناڵی میللەتی بەش مەینەت لە کۆلێژی ئەهلی ئەمریکی و بەریتانی و لوبنانی دەخوێنن و بەوپەڕی پۆز و تڕ و منەتەوە بە سەیارەی ڕانج و جی کڵاسەوە دێن و دەچن ...
ئەوکاتە ئەم میللەتە (ماڵی بەقوڕ گیرا) کە حزب خەڵکی خۆی بەشێوەیەک ڕاهێنا کە لە پێناو دەستکەوت و پلە و سەرە گوریسێکدا ببێتە کۆیلە و مەسینە هەڵگر و ماستاوچی ، بێ سێ و دوو چاڵ بۆ ئەم وئەو و ئەوی دیکە هەڵکەنێ دروشمی ببێتە ( انا و بعدی الطوفان) .