
زارا سێ داری لە دوورەوە دی
یەكەمیان سەوز، لێی نووسرابوو:
ژیان..
دووەمیان سەوز، لێی نووسرابوو:
كوردستان..
سێیەمیان سووتاو، لێی نووسرابوو:
زیندان..
گوتیان معلم زارا، لەبەر ژیانت
یەك هەڵبژێرە، فێر ببە و فێر بكە!
بێ ترس و دوودڵی، زارا گوتی:
كوردستان..
ئیدی،
(زارا)یان خستە كونجی زیندان
چونكە ناوی خودای بە كوردی،
لەو ڕۆژەوە، گەیاندە ئاسمان..
ئیدی زارا هەرێی داوە و،
هەر وانەی كوردی دەڵێتەوە:
دەچم دەبم بە گەردیلە،
لەنێو بسکی خۆرستان..
دەچم دەبم بە (ڕنوو)ە بەفر،
لە قۆپکەی شاخستان..
دەچم دەبم بە ئاونگ و شێ،
هۆگری بارانی زستان..
هەر دەچم و هەر دەچم،
ئاخر،
دەزانن چ (گفت)ێکم داوە!
دەچم دەبم بە خونچەگوڵی،
کوردستان..
” ٠٩ / ٠١ / ٢٠٢٢”
.………………………
*زارا موحەممەدی (مامۆستای زمانی كوردی لە شاری سنە) ئێستا ناوێکە، کە تێکەڵ بووە بە زمانی دایک. پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە، تەنیا بە تۆمەتی ئەوەی ویستوویەتی هاوزمانەکانی فێری زمانی دایکیان بکات