نووسەرەناسراوەکان

بەدەم سەفەری شارانەوە ... شیعر: ستیڤان شەمزینی

پاریس

بە شانزێ ئەلیزێ دا ئەڕۆیشتم

ژێر هەموو هەنگاوەکانم تەڕ بوون!

شیعرێکی رووخۆشی "ئاراگۆن"م بینی

وەک باران ئەباری

****

جنێف

لە سیمای هەر کاتژمێرێک ورد ئەبوومەوە

جان جاک رۆسۆ

بە رێزەوە سڵاوی لێ ئەکردم

وام ئەزانی دڵی ئەوە

لە جەستەی زەمەندا لێ ئەدات

****

دیمەشق

لەسەری هەر کوچەیەکدا

پۆلێک لە پیاوانی پۆلیس و

ژنانی لەشفرۆش وەستابوون

"ئەدۆنیس"م بینی

بە خۆی و دەفتەرێکی رەساسی شیعرەوە

سەر بەرەو ژوور هەڵدەهات

****

ئیستامبۆڵ

گۆرانییەکی ئەحمەد کایا و

شیعرێکی "نازم حیکمەت"م بینی

هەردووکیان ببوونە

دەستە خوشکی ناو زیندان

ئۆرهان پاموک

پرچی هەردووکیانی دائەهێنا

****

بەرلین

ئاگام لێ بوو نیوە شەوێک

برێخت لەسەر مێزێکی سوورباو

نامەیەکی بۆ مارکس ئەنووسی

لە نامەکەدا نوسیبووی

هاوڕێ ناکامەکەم

تارماییەکەت هێشتا

ئاسمانی ئەوروپای دانەپۆشیوە

****

تاران

بە بەرچاوی سوهرابەوە

ئاوەکان لێڵ لێڵ کران

شاملۆ شیعری بیر چوو بووەوە و

لەسەر خیابانەکان

دەرۆزەی ئەکرد بۆ لەتێک نان

****

بەغداد

لە ئەبونەواس، جەواهیری

بە گوێی "رەسافی"دا ئەچرپاند

ئیدی بۆ لەمەولا ئەبێت

شیعرەکانمان عەمامە لەسەر بکەن

هادی عەلەوی

لەولاوە دایە پڕمەی گریان

****

رۆما

مێژوویەکم بینی

پەیکەر ئەیگێڕایەوە

فڵچەکەی "داڤینشی"یش

سڵاوی لە موسافیرەکان ئەکرد

لە نازی هەر کچێکدا

خەندەیەکی مۆنالیزایی ئەدرەوشایەوە

****

ئەمستردام

سندووقێکی پرتەقاڵیم دۆزییەوە

گوێیە بڕاوەکانی ڤان کوخی تیا بوو

لەگەڵ نامەیەکی پڕ فرمێسک

بۆ تیۆی برای

****

کۆڵن

نیتچە لە کەنار رووباری راین

گوێی لە موزیکی ڤاگنەر ئەگرت

بەدەم جگەرەکێشانەوە ئەیووت

"تف بە ئاڕاستەی بادا مەکەن" -1-

ئینجا بردیان بۆ شێتخانە

****

کۆپنهاگن

"نیلس هاو"م بینی

بە بەلەم ئەپەڕییەوە بۆ مالمۆ

گوێم لێ بوو

شیعری بۆ دەریا ئەخوێندەوە و

بە ماسییەکانی ئەوت

"شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە" -2-

****

ستۆکهۆڵم

ستریندبێرگ خەریکی

نووسینی شانۆنامە بوو

جانتایەکی بەدەستەوە بوو

بەرەو پاریس خۆی کۆکردبووەوە

لەوێ کەوتە دۆزەخەوە -3-

****

قاهیرە

میقداد بەدرخان

لە مۆزەخانەکاندا بەدوای خۆیدا ئەگەڕا

تەنیا هەر ئەو بەشەی لە خۆی دەست کەوتەوە

کە ناوی رۆژنامەی کوردستان بوو

****

نیویۆرک

هێشتا رێم نەکەوتۆتە ئەوێ

ئەگەر کاتم هەبوو بچم

لە تەنیشت پەیکەری ئازادییەوە

پەڕۆیەکی سپی

بۆ ئابڕووی ئەمەریکا هەڵدەکەم

****

هەولێر

دێوانەیەکم بینی لای مەچکۆوە

پێموابوو سوکراتە و رێی بزر کردووە

وەختێک لێی چوومە پێشەوە

وتم ئەو شێتە جوانەم دیوە

وا بزانم ناوی فەرهاد پیرباڵە

****

ئەڵمانیا - بیلەفێڵد

17-9-2017

------

*باس لەو شارانەیە کە رۆژێک لە رۆژان رێم تێیان کەوتووە، جگە لە نیویۆرک کە هێشتا ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە بۆی بچم.

پەڕاوێز:

1- ئەو دێرەی ناوی کەوانەکە وتەی نیتچە خۆیەتی.

2- ناونیشانی کتێبێکی شاعیری دانیمارکی نیلس هاوە.

3- ستریندبێرگ رۆژانی ژیانی لە پاریس بە دۆزەخ پێناسە کردووە، کە دواتر لە توێی رۆمانێکدا هەر بە ناوی "دۆزەخ" ئەو رۆژانەی یادداشت کرد

Related Articles