
له هه‌ر جێیه‌ك جه‌ماوه‌ر ترسیان له ده‌سه‌ڵات هه‌بێت ئه‌و جێیه چه‌وسانه‌وه فه‌رمانڕه‌وایه و سته‌مكاره، ئه‌و جێیه‌ی ده‌سه‌ڵات له خه‌ڵكی بترسێت دیاره ئازادی تێدا به‌رقه‌راره، ئه‌شكه‌نجه‌دانی ویژدان، به سوێتره له مردنی نێو بیابان، له سینه‌ی پاك بڵێسه‌یه‌كی ئاسمانی هه‌یه ویژدانه، راستی ژیان پێكهاته‌ی پێكه‌نین و گریانه.
مرۆڤ ئاوێته‌ی نێوان خه‌نده‌ی خۆشی و فرمێسكه، سه‌ره‌ئه‌نجام ده‌ڕزێ له ژێر خاكا ئه‌و خوێن و گۆشت و هێسكه، گرینگ نییه له كوێیه‌وه هاتووی به‌س دوایی بۆ كوێ ده‌ڕۆی، بۆیه به سه‌ربه‌رزی بژی تا هه‌ی و له‌سه‌رخۆی، چ سوود گوڵێك بۆنی نه‌بێ، هه‌ورێك بارانی نه‌بێ، مرۆڤێك ویژدانی نه‌بێ، ژیان و ئازادی زه‌مانی نه‌بێ.
نابینا له مانای تاریكی ناگات، رێز و خۆشه‌ویستی له چاوه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات ، هه‌ر به هه‌مان چاو كۆتایی دێت به فرمێسك و كاره‌سات، راستی و دروستی، یه‌كه‌م به‌شه له خۆشه‌ویستی، باشترین میرات باوك بۆ رۆڵه‌كانی، په‌روه‌رده‌ی جوانه به رێز و میهره‌بانی، نه‌ك پاره و سامان و كۆشك و ته‌لار، مرۆڤ شاكاری نه‌بی ناگاته سه‌ر لوتكه و سه‌ردار، شه‌ره‌ف له پاره به بایه‌ختره، مرۆڤی شه‌ره‌فمه‌ند به به‌ختتره، پاره ده‌م و زمانی نییه، رۆح ویژدانی نییه، كه‌چی ده‌می زۆر كه‌سی داخستووه، هه‌یه دڵ و ده‌روونی بۆڕاخستووه.
گه‌وره‌یی ئه‌وه‌یه به پێی خۆت به‌ره‌و لوتكه و به‌رزایی بچی، نه‌ك له سه‌ر شانی خه‌ڵك بیكا به پێپیلكه به ملكه‌چی، لاوه‌كان خۆیان هه‌ڵده‌كێشن به داهاتوویانه‌وه، پیره‌كانیش به خۆیان ده‌نازن به یادگاری كۆن و رابردوویانه‌وه، ژیان و مردن، یه‌ك شتن وه‌ك ده‌ریا و رووبار، هه‌ر له زگی دایكه‌وه بگره تا ده‌گاته گۆڕی ته‌نگ و تار، نرخی ته‌ندروستی نازاندرێ، تا له ده‌ستی نه‌ده‌ی، نابێ زیاده‌ڕه‌وی بكه‌ی بۆ ناو قورگ و گه‌ده‌ی.
هه‌موو دایكێك و باوكێك له ناخ و ناوه‌رۆك، حه‌زده‌كه‌ن رۆڵه‌كانیان ببن به سه‌رۆك، ناوبانگیان باش و دیار بن، وه‌ك ئه‌ستێره‌ی پڕشه‌نگدار بن، ئه‌رده‌ڵانه سووری مامۆستا ئه‌نوه‌ری، په‌روه‌رده كرابوو به نیشتمانی و كورد په‌روه‌ری، ئه‌رده‌ڵان به‌ناوی میرنشینی ئه‌رده‌ڵانه‌وه ناو نراوه، ماه شه‌ره‌فخانم (مه‌ستووره) یه‌كه‌م ژنه مێژوونووسی كورده بایه‌خی به مێژووی ئه‌رده‌ڵانییه‌كانی داوه، مه‌ستووره خانمی سنه‌یی له شاری سلێمانی نێژراوه، ئه‌رده‌ڵانییه‌كان ئه‌رده‌شێرن بوونه‌ته والی كوردستان، فه‌رمانڕه‌واییان كردووه هه‌ر له موسڵ هه‌تا هه‌مه‌دان!
ئه‌رده‌ڵان ئه‌و گه‌نجه جوان و چاو هه‌ڵۆیه له 1/2/1968 له دایكبووه له شاری كۆیه، باوكی ئه‌رده‌ڵان مامۆستا بووه له قوتابخانه، رۆڵه‌كانی گۆشكردبوو به گیانی كوردانه، په‌روه‌رده‌ی كردبوون وه‌ك كوردێ:
پیره‌مێردێ
چووه قوتابخانه‌ی گوندێ
له حه‌وشه دا راوه‌ستا
ده‌وریان لێدا مامۆستا
ها خاڵه گیان چیت گه‌ره‌كه
پیره‌مێردی به‌سته‌زمان
لاواز بوو بوو وه‌ك گۆچان
وه‌تی توخوا مامۆستا گیان فێرم ناكه‌ی چۆن بنووسم كوردستان
له زه‌مانی به‌عس و سێداره، له‌و رۆژگاره سه‌خت و پڕ مه‌ترسیداره، له هه‌ر كوچه و كۆڵان و گوزه‌ر و بازاڕ و له زۆر كون و كه‌له‌به‌ران رایه‌ڵه‌ی رێكخستن هه‌ڵچنرابوون، دڵ و ده‌روون و سۆزی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ شۆڕش و پێشمه‌رگه له ده‌وری چرای چیا بوون، ئه‌وێ رۆژێ دار و دیوار و به‌رد له ناخه‌وه، په‌یوه‌ندی رۆحیان هه‌بوو به شۆڕشگێڕانی شاخه‌وه، ئه‌رده‌ڵانی مامۆستا ئه‌نوه‌ر عومه‌ر، وه‌ك كورد په‌روه‌رێكی دڵسۆز و تێكۆشه‌ر، له ساڵی 1982 له ریزه‌كانی ی.ن.ك په‌یوه‌ندی به رێكخستنی (ی.ش.ك)ه‌وه هه‌بوو، شۆڕشگێڕان بوو، له خه‌باتی نهێنی له گه‌رمه‌ی تێكۆشان بوو.
ساڵی 1984 به‌شداری كۆنفڕانسی شۆڕشگێڕانی كرد له ده‌مزێی گوندی مه‌لا زیادی، له دوژمن نه‌ده‌ترسا به په‌رۆش بوو بۆ سه‌رفرازی و ئازادی ، له هه‌ر جێیه‌ك ئازادی لێ بوایه نیشتمانی ئه‌و بوو، پاك و چالاك و بڕوا پۆڵاین و پته‌و بوو، ئاسمانێكی ده‌ویست تێیدا بفڕێ، زه‌مینێكی ده‌ویست تێیدا هه‌ڵپه‌ڕێ، بریا هه‌ندێ مرۆڤ وه‌كو باڵنده بوونایه، نرخی ئازادییان بزانیبایه، نان و دان و ئاویان له به‌رده‌م دابنایه، نه‌یان خواردبایه و هه‌ڵفڕینایه، په‌سه‌ندایه‌تی به‌ندایه‌تییان نه‌كرادایه.
ئه‌رده‌ڵان له كووره‌ی رێكخستنی وه‌ك پووره هه‌نگ، له جووڵه و چالاكی دابوو بێ ده‌نگ، به‌ڵام مخابن به هۆی خۆفرۆش و خائینان گیران، له به‌رده‌م دادگای بێدادی به‌عس ئاشكرا كران، له بێ ده‌نگی، ده‌نگی خوا دێته گوێ، برینه‌كان ده‌كوڵێنه‌وه دێنه‌وه سوێ، له بێ ده‌نگیدا، دڵ سه‌د زمانی هه‌یه، وه‌رام و لێكدانه‌وه‌ی جوانی هه‌یه، ئه‌و هه‌موو جوان و گه‌نجه، خرانه ناو زیندان و لێدان و ژێر ئه‌شكه‌نجه، له ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دان شه‌هید هه‌ڵۆ باقی گیانی له ده‌ستدا، ئه‌رده‌ڵان و هاوڕێیه‌كانی خۆیان راگرت و ورته‌یان نه‌كرد و و وره‌یان به‌رنه‌دا، ئه‌رده‌ڵان به‌و ته‌مه‌نه گه‌نجی و جوانییه، كه نموونه‌ی قاره‌مانییه، پاڵه‌وانی به‌ندیخانه بوو، باكی به لێدان و سزا نه‌بوو، دڵ و زمان دوو ئه‌ندامی گچكه‌ی جه‌سته‌ن، به‌ڵام گه‌وره‌یی مرۆڤ ئاشكرا ده‌كه‌ن، سه‌ره‌نجام مامۆستا سه‌لیم حه‌نا و مامۆستا قادر سه‌مه‌د له سێداره‌دران و شه‌هید كران، ئه‌رده‌ڵان و هاوڕێیه‌كانی حوكمی هه‌تا هه‌تایی دران، له‌گه‌ڵ (عیماد غه‌فووری، دڵدار نادر كاره‌باچی، شێروان حه‌سه‌ن قولی، دیار خدر، فه‌ره‌یدون ستار ته‌مه‌ر، كه‌یفی عه‌بدوڵڵا به‌ناز، هاوار حاجی، رۆسته‌می مسه‌ویر، حه‌سه‌ن كاكه، سه‌باح حه‌نا هه‌رمۆته‌یی، جه‌بار ئیلینجاغی، ئاكۆكه‌مال نه‌جاڕ، كه‌ریم عه‌بدوڵڵا، ئاراس ئیسماعیل ساڵحی).
ساڵێك و نۆ مانگ و 24 رۆژ گیران و له به‌ندیخانه مانه‌وه، دوایی به لێبوردنی گشتی كه‌وتن و ئازادكران بۆ جێی خۆیان گه‌ڕانه‌وه ، ئه‌رده‌ڵان له رێكخستن دانه‌بڕا، به‌رده‌وام بوو په‌یوه‌ندی نه‌پچڕا.
هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه لالۆ ڕه‌نجده‌ر، له پێشمه‌رگایه‌تیی له شاخ و هه‌وراز و ده‌شت و ده‌ر، سروودی ئه‌ی به‌ندیخانه ده‌چڕی ده‌ینه‌ڕاند وه‌ك شێری نه‌ڕ، بۆ وره به‌رزی خه‌باتی نهێنی
ئه‌ی به‌ندیخانه تاكه‌ی ده‌مێنی
لاوانی گه‌لمان ناو خۆت ده‌چێنی
وابووی به ژووری قووڵ و ته‌نگ نه‌فه‌س
له بۆ میلله‌تی هه‌ژار و بێكه‌س
دیواره‌كانت هه‌روه‌ك پۆڵایه
ژووره‌كه‌ت تاریك وا بێ چرایه
لێدانی قامچی نانی شه‌ومانه
په‌تی سێداره له گه‌ردنمانه
كه‌له‌پچه و زنجیر له ده‌ست خراوه
ده‌رگای زیندانمان لێ داخراوه
ئێش و ئازاری برینداری به‌ند
هه‌ڵده‌گیرسێنێ راپه‌ڕین و جه‌نگ
راپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه
بۆنه‌هێشتنی ئه‌و فاشیستانه
بێ شك بزانه ئه‌ی به‌ندیخانه
ده‌تكه‌ینه جێگای گوڵ و ڕێحانه
تێكده‌ده‌ین ده‌رگا و دیواره‌كانت
په‌ت ده‌خه‌ینه مل جه‌لاده‌كانت
هه‌رواش ده‌رچوو، رژێمی به‌عس به‌سه‌رچوو، هیوا و گه‌شبینی و رووناكیه‌كی دیاره، له تاریكایی و شه‌وه زه‌نگ پڕشنگداره، مرۆڤ تا لاپه‌ڕه‌ی ژیانی هه‌ڵنه‌ده‌یته‌وه نایناسی، ئه‌رده‌ڵان تێكۆشه‌رێكی خۆڕاگر بوو زیندانی سیاسی ، خۆشه‌ویست و خانه‌دان، خزم دۆست و به میوان، رووخۆش و شارستانی، خۆش ئاشنا به دۆستانی، به‌شووره و دیوار خۆی نه ده‌پاراست، هاوڕێیه‌كانی شووره و قه‌ڵابوون دڵسۆز و سه‌رڕاست، براده‌ری كه‌م و ده‌گمه‌ن بوو، به‌ڵام ناسیاوی زۆر و زه‌به‌ن بوو، كه‌سایه‌تی بوو بێ فیز و ناز، خێرخواز و به‌سۆز و ساز، كه پێده‌كه‌نی وه‌ك گوڵ ده‌گه‌شایه‌وه ، پیاوه‌تی و چاكه‌ی زۆر لێ ده‌وه‌شایه‌وه، رق و دوژمنی كه‌س نه‌بوو، پیاوێك بوو هاوكار و هه‌بوو، بازرگان و كاسبكار ، هاوڕێی گیانی به گیانی بوو له رێگای سه‌خت و دژوار، به ئه‌مه‌ك و وه‌فادار، خوێن شیرین و گیانی شیله‌ی هه‌نگوین بوو، دڵ و ده‌روونی باخچه‌یه‌كی ره‌نگین بوو، ده‌گه‌ڕا به دوای نانی حه‌ڵاڵ و كامه‌رانی و كار، بۆ ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه و به‌ختیار، ته‌مه‌ن لاقی نییه ده‌ڕوا ناگه‌ڕێته‌وه، رۆژ به رۆژ سات به سات كه‌م ده‌بێته‌وه، نازانی ژیان كوو ده‌بڕێته‌وه، له مردن ناگه‌ی و ده‌زانی و نازانی، مشت‌ومڕ هه‌ڵناگرێ نیه گومانی، مه‌رگ به یه‌ك چاو له هه‌موان ده‌ڕوانێ، هه‌ر كه‌س بێ شا و گه‌دا و ده‌سه‌ڵات دار نازانێ.
مردن گه‌وره‌ترین نهێنییه بۆته مه‌ته‌ڵ و ئه‌فسانه، به نۆره و وه‌خت و ته‌مه‌ن نییه به‌ڵام بۆ هه‌مووان یه‌كسانه، كه‌س ده‌روه‌ستی مردن نایه، چه‌رخ و فه‌له‌كه ئه‌و پیره دونیایه ، ئه‌رده‌ڵانه سووری مامۆستا ئه‌نوه‌ری، له 15/11/2021 به ته‌مه‌نی 53 ساڵی گوڵی ته‌مه‌نی هه‌ڵوه‌ری، به شه‌كره و كپ داگه‌ڕان، ته‌خت و به‌ختی وه‌رگه‌ڕان، هێشتا زوو بوو زوو، هی مردن نه‌بوو، حه‌یفه كوڕێكی وا چاك و خاكی و چه‌له‌نگ ، ئه‌و شێوه جوانه‌ی بزر بێ له ژێر خاك و گۆڕی ته‌نگ، چۆن بڕزێ رومه‌تی به‌فر و خوێن بوو، پارچه‌یه‌ك زێڕ و پرچی زێڕین بوو، خۆزگه وه‌ك مانگ ده‌بوو كه ئاوا ده‌بوو هه‌ڵبهاتایه‌وه، گه‌شتێكی هه‌میشه‌یی نه‌با و به‌گه‌ڕابایه‌وه، هه‌رچه‌ند هاوڕێی ڕاسته‌قینه ده‌رناچێ له دڵ ، له به‌رچاویش بزر بێ و بخرێته ژێر گڵ، مایبوو نه‌گه‌یشته ترۆپكی ته‌مه‌ن، رۆیی و له‌ده‌ست چوو به جه‌سته و دیمه‌ن، نه‌ژیا به ته‌مه‌نێكی تێر و درێژ، به جێی هێشت (سه‌رمه‌د و سایه و سه‌دا و سارێژ)، چنارۆك خامۆش به بێ ئه‌رده‌ڵان، هه‌واری خاڵی و پڕ له به‌رده‌ڵان، ئه‌رده‌ڵانه سوور، ئه‌رده‌ڵان كۆیی، به روسووری و گه‌شمرده‌یی رۆیی.