نووسەرەناسراوەکان

تێکستی ژمارە- پێنج (بکوژ) ... قوبادی جەلیزادە

من بکوژە قەیناکە،
بەڵام هێلانەی ئەو کۆترە شینکەیە مەڕووخێنە، کە بەتەمای هێلکە کردنە.
من بکوژە،
بەڵام تەشقەڵە بەو پەلکەزێڕینە مەکە ، کە بووە بە ملوانکە بە گەردنی قەرسیلەوە.
من بکوژە،
بەڵام ڕێ بەو ڕووبارە مەگرە، کە چەپکەگوڵ، بەسەر ئەمبەرو ئەوبەری قەراخەکانیدا، دابەش دەکات.
من بکوژە قەیناکا،
لێ دەست لەو کۆرپە چاوڕەشانە هەڵگرە، کە بەدەستەیەک قەڵەمی ڕەنگەوە، روودەکەنە باخچەی منداڵان.
من بکوژە،
بەڵام واز لەو پۆلە کارمامزە بێنە، کە هاتونەتە سەر کانیلەیەک، تا بە قومێک ئاوی زوڵاڵ، گەروویان تەڕ کەن.
من بکوژە،
وەلی بەرد لەو بۆقانە مەگرە کە بۆ کڕینی کراسێکی کەسک، هاتونەتە لای گیاوگۆڵی قوماشفرۆش.
من بکوژە،
بەڵام ئەو درەختە قەسریوە مەبڕەوە، کە سینگ و مەمکی داوەتە بەر رێژنەی هەتاو .
من بکوژە،
بەڵام لەو موزیکژەنە بگەڕێ، کە بۆ پۆلێک مێروولە ، خولێکی کردۆتەوە بۆ فێربوونی گۆرانی.
من بکوژە،
بەڵام شەڕ بەمانگ مەفرۆشە، کە دوای جووت بوون لە گەڵ ئەستێرەدا، دێ لەناو کانیدا ،غوسڵ لەخۆی دەربکات.
بۆ حەز دەکەی هەموومان بەیەکەوە بکوژی،
بۆۆۆۆۆۆ!؟
------
سارا گیان چرکاندوویەتی
Vertaling weergeven
 
 
 

Related Articles