
١
ناوێکی تایبەتیان نەبوو، پێیان دەگوتن ؛
پوولەکە بریقەدارەکانی ئاسمان.
لە ئێوارەوە دەیان جریوان.
شەوێک ،
بەر لەوەی ئاسمان شین هەڵگەری.
ژنێکی لادێیی کە مژوولی مەشکەی ژەنین بوو
ناوی نان؛
- ئەستێرە
٢
تڕێی ڕەنگاو ڕەنگی دەگرت .
لێیان دەکردەوەو دەیان خوارد
گۆزەیان لێ پڕ دەکرد لە شەراب
ناوێكی تایبەتی نەبوو
پیرەمێردێکی سەرخۆش بەدەم هێشوو ڕنینەوە،
ناوی نا؛
-مێو
٣
سەرەتا پێیان دەگوت، کولێرە زیوینەکە
ساڵدانە ساڵدانە، بە درێژو پانی ئاسماندا ،پیاسەی دەکرد.
ئەستێرە برسییەکان لێیان دەخوارد و دەبوو بە نیوە
دەبوو بە دەمە داس
جار جار هیچی نەدمایەوە.
ژنێکی دەوارنشین بەرلەوەی مەنجەڵە ماستەکەی هەوێن کا
سەری بۆ ئاسمان هەڵبڕیو ناوی نا؛
- مانگ
٤
پێیان دەگوت برینی زەوی.
بەردەوام خوێنی لەبەردەڕۆیی
لێ؛
خوێنێکی بێڕەنگ
دەمو چاویان پێ دەشوشت
دەیان خواردەوە،
کچێکی شۆخ، بەر لەوەی گۆزەکەی لێ پڕکات
ناوی لێنا؛
-کانی.
٥
بۆ پەرستنی ئەو ،
ئاتەشگەو
کەنیس و
کڵێساو
مزگەتیان دروست کرد.
لێی دەترسان، کڕنوشیان بۆ دەبرد.
پێیان دەگوت؛ "هێزە ڕەهاکە"
کە هەموو گەردوون ،لەناو لەپیدا خڕببوەوە
زەردەشت،
یەکەم پێغەمبەر لە ئاڤێستا پیرۆزەکەیدا،
ناوی نا؛
-خودا