نووسەرەناسراوەکان

بڕيارەکەی دادگای فيدرالی و غازی کوردستان ... ڕەنج نەوزاد

 
لە ئێستادا غازی سروشتی گرنگييەکی گەورەی هەیە و لە ئايندەدا گرنگييەکەی زیاتريش دەبێت، لەبەر چەن هۆکارێک: غازی سروشتی بڕەکەی لە نەوت زیاترە لە جيهاندا ودەکرێت تا سەردەمی دوای نەوت، سەردەمی غازی سروشتی هەر بەردەوام بێت. کەمتر زیانی هەیە بۆ ژينگە بە براورد بە نەوت. بە هۆی پرسی ڕووسيا و لاوازکردنی ڕووسيا لە لایەن ڕۆژئاواوە، دەکرێت پرسی غاز زیاتر بە سياسی بکرێت، غازی ناوچەکانی ئەفريقيا و ئوستراليا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ناوياندا غازی کوردستان گرنگی زیاتر پەيدا دەکەن. بۆ ئەوەی ببنە بەديلی غازی ڕووسی بۆ ئەوروپا. ئەمريکا مەبەستيەتی ناچاری غازی ئێران نەبێت بۆ پلانی دۆزينەوەی بەديلی غازی ڕووسی بۆ ئەورپا. ئەگەر سەرچاوەی تر نەبێت، ئەوا ئەمريکا دەکرێت نا چارانە بە پەيوەندييەکانی خۆی و ئێران بچێتەوە لە پێناو بەکارهێنانی غازی ئێران بۆ ئەوروپا، بە تايبەت کە ئێران دووەم وڵاتی جيهانە لە یەدەگی غازی سروشتی لە پاش ڕووسيا. لە ئەگەری توندبوونی ململانێی ڕووسيا و ڕۆژئاوا، ئەوا ئەمريکا دەکرێت پەنا بۆ غازی ئێرانی ببات. ئاشکرایە، لای ئەمريکا، ڕووسيا نەيارێکی بەهێزتر و ترسناکترە نەک ئێران، بۆیە دەکرێت لە پێناو لاوازکردنی ڕووسيا، ئێران بەهێز بکرێتەوە وسزاکانی لەسەر لاببرێت. چونکە ئەگەر ئێران ڕازی بێت غازی سروشتی خۆی بکاتە بەديلی ڕووسی، ئەوا مەرج و داواکاری گەورەی هەیە لە ئەمريکا، یەکێک لەوانە لابردنی هەموو سزا ئابووری و سياسيەکانی سەر ئێران. ئاخوندەکانی زۆر مەستيانە ئەو هەلە بقۆزنەوە و ئەوە پيشانبدەن کە ئەمريکا ناتوانێت بەردەوام ئێران پشتگوێ بخات و گەمارۆی بدات.
هەر بۆیە ئەمريکا هەوڵدەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفريقيا سەرچاوەی نوێ و بەهێزی غاز بدۆزێتەوە تا ناچار نەبێت سازش بۆ ئێران بکات. لێرەوەیە ئێران زۆر مەبەستيەتی کە ‌غازی سروشتی کوردستان لە لایەن کوردەوە نەفڕۆشرێت و وەبەرهێنانی تێدا نەکرێت. چونکە غازی سروشتی کوردستان دەشێت لە گرنگی غازی ئێران کەم بکاتەوە. بە تايبەت کە غازی کوردستان بە بۆڕی دەگوازرێتەوە بۆ تورکيا، لە ئايندەدا دەکرێت لە تورکياوە بگوازرێتەوە بۆ ئەوروپا، لە کاتێکد چەندين ساڵە ئێران بۆری غازی ناردوەتە ناو تورکيا، دەکرێت ئەو پڕۆژەیە گەورەتر بکرێت و لە تورکياوە بینێرێتە ئەوروپا بە بۆڕی یاخود بە درووستکردنی ژێرخان بۆ پڕۆسەی بە شلکردنەوەی غاز لە تورکيا وپاشان ناردنی بە کەشتی. واتە هەر یەک لە کوردستان و ئێران گازەکانيان لە ڕێگەی بۆريەوە دەفڕۆشرێت، نەک بە شێوەی غازی شلکراو، هەردووکيان لە ڕێگەی تورکياوە پێويستە غازەکانيان بفڕۆشن. ئەمەش کێبرکێکە زیاتر دەکات لە نێوان غازی کوردستان و غازی ئێران. جگە لەوەی ئێران نايەوێت کورد ببێتە خاوەن کارتێکی بەهێز، وەک کارتی غازی سروشتی کە بە پێی پێدراوەکان، ئەو کارتە لە ئايندەدا گرنگی گەورەی دەبێت. تورکيا کە ڕازییە کورد ببێتە خاوەن ئەو کارتە، چونکە پێی وایە ئەو کارتە پشت بە خاکی تورکيا دەبەستێت و دەتوانێت لە کاتی هەستيار و مەترسيدا بيسووتێنێت.
ئامانجێکی تری ئێران ئەوەیە کە دەيەوێت هەميشە کارتی فشاری هەبێت دژ بە تورکيا بەکاری بهێنێت. لە غازی سروشتی و نەوتدا، تورکيا بە ئەندازەیەکی گەورە پشت بە ئێران دەبەستێت. ئەوە کارتێکی بەهێزی ئێرانە دژ بە تورکيا. ئێران و تورکيا بە درێژایی مێژوو، بەگشتی پەيوەندييەکی ئاڵۆز و پڕ لە جەنگ و کێبرکێان هەبووە و هەیە. مانەوەی ئەو کارتە بەهێزە بە دەست ئێرانەوە دژ بە تورکيا، لای ئێران ئامانجێکی سەرەکييە. غازی کوردستان دەکرێت گرنگی غازی ئێران کەمتر بکات لای تورکيا.
ئەوەی باسکرا، هۆکاری سەرەکی بڕيارەکەی ئەو دەزگا گەندەڵ و بێ ئيرادە و قێزەونەیە کە پێی دەڵێن دادگای باڵای فيدرالی عيراق، کە پێويستە هەرێمی کوردستان هيچ نرخێک دانەنێت بۆ ئەو بڕيارەی سوپای قودس کە بە ناوی دادگای فيدراليەوە دەرکراوە. یەکێ لە کێشە هەرە گەورەکانی هەرێمی کوردستان کە لاوازە لەم پرسانەدا، ئەو هەقيقەتەیە کە داهاتی وزەی کوردستان ئەوەندەی لە لایەن دوو حيزبە سەرەکيەکەوە دەدزرێت، چارەگێکی ئەوە بۆ کوردستان و هاووڵاتيان سەرف ناکرێت. ئەمەش وای کردوە کە حکومەتی هەرێم پشتگيری ناخۆی زۆر لاواز بێت لەو جۆرە کێشانەدا، لاوازی پشتگيری ناوخۆ، ترسناکترين خاڵە بۆ هەر حکومەتێک. لەگەڵ ئەوەشدا پێويستە کورد ئەوە بزانێت، ئەم نەوت و غازە بۆ نەوەکانی ئايندەیە، پارتی و یەکێتی وگەندەڵەکان دەڕۆن و نامێنن، بەڵام کوردستان و وزەی کوردستان هەر دەمێنێت. لەبەر ئەوە، زۆر گرنگە وزەی کوردستان، بە دەست کوردەوە بمێنێتەوە. پاشان وزەی کورستان ئەگەر لە ژێر دەسەڵاتی کورد نەبێت، خۆ ناچێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سويسرا، بەڵکو گەندەڵترين و شکستخواردووترين حکومەتی جيهان ئەو وزەیە بەڕێوە دەبات، کە عيراقە. حکومەتی عيراق چەنێ داهاتی وزە بۆ ئاواداکردنەوە و خۆشگوزەرانی موسڵ و زيقار و بەسرە وئەنبار و بەغدا سەرف دەکات، ئەو پەڕی هەر ئەوەندەش بۆ کوردستان خەرج دەکات.

Related Articles