*(هەتاو) و (شەفەق)، ئەو دوو گۆڤارە كوردییەی عەبدولكەریم قاسم-یان گوڵباران كرد!

* ئەو نووسەرە دیارانە كامانەن بوون، كە پشتگیریی (شۆڕش)یان كرد ؟!

مەریوان مەسعود

وا ئەمساڵ 64 ساڵ تێدەپەڕێت، بەسەر نەمانی حوكمی (مەلەكی) لە عیراق و هاتنە دەسەڵاتی (كۆماری) و تا ئێستا ئەو جەدەلە بەردەوامە ئایا ئەوەی لە 14ی تەمموزی 1958 روویدا، شۆڕش بوو یان كودەتا ؟!.

كردەوەكە چۆن کراو دەچێتە خانەی شۆڕشەوە یان كودەتا؟… ئەمانە ئەو پرسیارانەن هەر كەسەو بە پێی بۆچوون و بەرژەوەندیی خۆی لێی دەڕوانێت… هەیانە سەرەتا بە شۆڕشی زانیوە، دواتر پەشیمان بۆتەوەو وتویەتی ئەمە كودەتا بووە، ئەم جۆرەیان ئێجگار زۆرە لە هەموو نەتەوەكانی عیراق.

رووخاندنی حوكمی مەلەكی چۆن روویدا؟

كاتێك مەرسومێكی مەلەكی دەرچوو، بۆ ئەوەی لیوای 20ی عەسكەریی كە عەقید عەبدولسەلام عارف فەرماندەی بوو، بچێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتی ئوردن كە ئەو كات ئیسرائیل هەڕەشەی لێدەكرد، و عیراق و ئوردنیش هاوپەیمانی (وحدەی هاشمیی)یان هەبوو. ئەمەش بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی نهێنیی ئەفسەرەكانی عیراق رێكبخرێنەوەو ئەوەی دژی بیرۆكەی (شۆڕش- كودەتا) بوو لەلایەن ئەم گروپەوە لادەبران كە بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم بوو.

دیارە عەبدولسەلام عارف وەكو فەرماندەی لیوای 20 و عەبدولكەریم قاسم وەكو فەرماندەی لیوای 19، بە تەواوی تەنیسیقیان كردبوو بۆ ئەم شۆڕشە یان كودەتایە، بەڵام لەبەر ئەوەی لیواكەی عەبدولسەلام عارف جوڵەی پێكرابوو و پڕ چەك تر كرابوو، بەحیساب بۆ ئوردن دەڕوا، كەچی لە بەرەبەیانی رۆژی 14ی تەمموز، لیواكەی بەرەو باشوری بەغدا جوڵەی پێكراو لەوێوە دەستی بە گرتن و لەناوبردنی ئەو ئەفسەرو پلەدارانە كرد كە ئاگایان لە كودەتاكە نەبوو، پاشان، هاتنە ناو بەغداو بەسەر چوار میحوەردا دابەشبوون، میحوەری یەكەم كۆنترۆڵی كۆشكی پاشایی كرد، میحوەری دووەم كۆنترۆڵی ئیزاعەو تەلەفزیۆنی كرد، میحوەری سێیەم كۆشكی نوری سەعیدی سەرۆك وەزیران و میحوەری چوارەم بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەغدای كۆنترۆڵ كرد.

بەمشێوەیە، هەموو خێزانی پاشایەتی قەتلو عام كران كە لەنێویاندا مەلیك فەیسەڵی دووەم و عەبدولئیلاهی جێگرەوەی لەناو بران، تەنیا شازادە عالیە لەم كوشتارگەیە رزگاری بوو.

دیارە، ئەم هەموو هەڵایە روویدا لە بەغدا هێشتا عەبدولكەریم قاسم لە مەعسكەرەكەی خۆی لە دیالە جوڵەی نەكردبوو، تا بەیاننامەی (شۆڕش و راگەیاندنی كۆماریی) لەلایەن عەبدولسەلام عارف لە تەلەفزیۆنی رەسمیی خوێندرایەوە، ئینجا زەعیم قاسم هاتە بەغداو هەموو دەسەڵاتەكانی وەرگرت. دیارە ئەمەش خاڵی ناكۆكیی نێوان عەبدولسەلام عارف و عەبدولكەریم قاسم بوو، چونكە ئەوەی یەكەمیان پێی وابوو ئەو هەموو جوهدەكانی كردووەو قاسم هاتۆتە سەر حازری، بۆیە كوردەواریی خۆمان گوتەنی (لەناو پاروویەكی گەرم بۆی هەڵگرتبوو) تا لە ساڵی 1963 كودەتای بەسەر عەبدولكەریم قاسم كردو لەناوی بردو خۆی هاتە سەر حوكم.

بێگومان، كودەتا یان شۆڕشەكەی 14ی تەمموز، چەندین كتێب و نووسینی لەسەر نووسراوە، بۆیە من بەم كورتەیەی باسم كرد دەوەستم و دێمە سەر ئەسڵی مەخسەد، ئەویش كاریگەریی 14ی تەمموزە بەسەر رۆژنامەگەری كوردیی لەو كاتانەدا.

لاتان، سەیر نەبێت كە گۆڤارێكی ئەدەبیی وەكو (هەتاو) كە گیو موكریانی خاوەنی ئیمیتاز و هەڵسوڕێنەری بووەو لە هەولێر دەرچووە، لە ژمارە 154 ی ساڵی 6، ی 1959 وێنەیەكی گەورەی زەعیم عەبدولكەریم قاسمی لە بەرگی یەكەمی گۆڤارەكە داوەو لە ژێری نووسیویەتی:

سەبارەت بە گەڕانەوەی برا بارزانییەكانمان هەموو كوردستان سوپاسی پێشەوای تاقانەو مەزن كاك عەبدولكەریم قاسمی دەكات.

لەلاپەڕەی دووەمی هەمان ژمارەی گۆڤارەكە، هەواڵێك بەم ناونیشان و ناوەڕۆكە بڵاوكراوەتەوە:

«خەتەنەكردنی 200 منداڵی هەژار بە هۆی پیرۆزی جێژنەی 14ی تەموز (200) منداڵی‌ هەژار لە 15/7/1959 دا سونەت كران دوای تراش و بردنە حەمام و خاوێن كردنەوەیان و هەریەكەی سابونێك و كراسێك و جوتە قۆندەرەیەك و سەد فلسیان لەگەڵ كیسە چوكلێتێكی درایە لەسەر ئەركی شارەوانی هەولێر».

ئەگەر دیقەت لەو دوو هەواڵە بدەیت، بایەخ و خۆشحاڵیی كوردەكانت لەو سەردەمە بۆ دەردەكەوێت كە چەندە خۆشحاڵبوونە بە هاتنە سەر حوكمی عەبدولكەریم قاسم و نەمانی مەلیكایەتی. ئەوەتا لە هەولێر سوپاسی زەعیم دەكرێت كە رێگەی بە گەڕانەوەی بارزانییەكان داوە بگەڕێنەوە كوردستان و هەروەها شارەوانی هەولێر مەراسیمی (خەتەنەكردنی هەژاران)ی رێكخستووەو چەندین بۆنەی تریش رێكخراوە.

لەلایەكی ترەوە، گۆڤاری (شەفەق) كە گۆڤارێكی نیو مانگی ئەدەبی و زانستی و كۆمەڵایەتیی بووەو بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی لە شاری كەركوك دەرچووە، لە ژمارە (7)ی خۆیدا كە لە تەموزی 1958 دەرچووە، واتە هەمان ئەو مانگەی (14ی تەمموز) تێیدا روویداوە، نووسەرێكی گەورەی وەكو مامۆستا جەمال خەزنەدار بە مانشێتی سەرەكی وتارێك بۆ (شۆڕشەكە) دەنووسێت لەژێر ناونیشانی:

گەلی كورد لەناو جەرگەی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە جمهوریەتە خۆشەویستەكەی ئەكا

لەناوەڕۆكی وتارەكەدا هاتووە:

سڵاو بۆ رۆژی 14ی تەموز…

سڵاو بۆ جمهوریەتی عیراق. .

سڵاو بۆ ئازاد خواهان…

سڵاو بۆ ئازادی…

سڵاو بۆ عبدالكریم قاسمی پاڵەوان…

سڵاو بۆ ئەو شەهیدانەی لە پێناوی ئەم میللەتە خۆیان بەخت كرد…

گۆ گرە ئازادەكان.

عیراق بە كورد و عەرەبەوە دەمك بوو لەژێر باری قورسی ئیستعمار و نۆكەرەكانی ئەتلایەوە، سێ ساڵی رەبەقە ئەم عیراقە ئازار ئەچێژێ. رۆژی 14ی تەمووز رۆژێكی پیرۆزە. سوپا میللەتی لە دەست ئمپریالیزم و نۆكەرەكانی ئازاد كردین. .

بۆ یەكەم جار لە رۆژی 14ی تەمووز هەناسەی

ئازادیمان مژی…

چاومان روون بوەوە. .

دڵمان گەشایەوە…

خۆشیمان لێ نیشت…

جەژنە پیرۆزەمان لەگەڵ یەكتر كرد. .

ئاسایش كەوتە ناومان. .

گۆگرە ئازادەكان:

ئەم شۆڕشە پیرۆزە ئازایانە تێكوشینی سێ ساڵی رەبەقە. . ئەمڕۆ بەری ئەم هەوڵ و تێكۆشینەمان دیت. . گەیشتین بە ئامانج. . بوین بە ئەندام لە جیهانی ئاسایش. .

ئەم شۆڕشە پیرۆزە، شۆرشی هەموو عیراقی یەكە، شۆڕشی گەلی عیراقە بە كورد و عەرەبەوە. . شۆڕشی هەموو برا عەرەبەكانمانە. . هەروەها شۆڕشی هەموو برا كوردەكانمانە. . پێویستە بە دڵ و گیان خۆمانی پێشكەش بكەین. . قۆڵمانی لێ هەڵكەین. . شان بە شانی یەكتر بۆی بچینە مەیدان. پێویستە ئەم شۆڕشە پیرۆزە بپارێزین، بەهێزی كەین، هەوڵی بۆ بدەین بۆ ئەوەی لەژێر باڵی بحەسێینەوە، لەژێر باڵی جمهوریەتە خۆشەویستەكەمان…

ئەم وتارە دوورو درێژە پڕ لە ستایشەی گۆڤاری شەفەق، لە كۆتاییەكەی نووسراوە : «ئەم وتارە رۆژی هەینی 18ی تەموز لە ئیستگەی بێ‌ تەلی جمهوریەتی عیراق بەشی كوردی خوێندرایەوە».

هەر لەم ژمارەیەی (شەفەق) دا، دوو بروسكەی پیرۆزبایی بۆ (شۆڕشەكەی 14ی تەمموز) بڵاوكراوەتەوە، یەكێكیان بەناوی گۆڤاری شەفەقە و ئەوەی تریشیان بە ناوی نووسەرانی سلێمانییەوەیە، ئەمەش دەقی هەر دوو بروسكەكەیە:

بروسكەی پیرۆزبایی

دەستەی نووسەران و بەڕێوەبەرانی گۆڤاری شەفەق پڕ بە دڵ پیرۆزبایی دامەزراندنی جمهوریەتە خۆشەویستەكەیان ئەكەن. . بەری تێكۆشان بە سایەی سپاوە با ئامانج گەیشت.

عبدالقادر برزنجی. ابراهیم احمد. معروف خزنەدار. معروف برزنجی. حسین برزنجی. عمر عارف. علی باپیر ئاغا. جمال خزنەدار.

ئەدیبەكانی سلێمانی لە ناو جەرگەی كوردستانەوە پیرۆزبایتان لێ ئەكەن بەبۆنەی ئەم راپەڕینەی سپای نەبەردی عیراقەوە، پەیمان ئەدەن بە بەخشینی قەڵەم و گیانیان لەپێناوی ئازادی كورد و عەرەبا.

ئەحمەد زرنگ، مستەفا صالح كریم، محرم محمد امین، محمد صالح دیلان، معروف خزنەدار. ابوبكر جلال. رمزی معروف. محمود خزنەدار.

ئەوەی لە مێژووی ئەو كاتەی رۆژنامەو نووسەرەكانی كورد دەخوێنیتەوە، هەموویان بە شانازییەوە 14ی تەمموزیان بە شۆڕش ناوبردووەو ئەوەندەی من خوێندبێتمەوە لە هیچ سەردەمێكدا نووسەران و رووناكبیرانی كورد وا بە شانازیی و ئاشكرا ناوی خۆیان نەنووسیوە بۆ پیرۆزبایی لە سەركردەیەكی عیراق… بۆیە بە فیعلیی نوخبەی رووناكبیریی كورد لەبەر ئەوەی زۆرینەیان چەپ بوون، بۆیە پشتگیریی قاسم و شۆڕشەكەیان دەكرد، لەبەرامبەر مەلیك و ئەوانەی لە پشت مەلیكەوە بوون، لە پێش هەموویانەوە بەریتانیای عوزما… بۆیە دەستەواژەی ئیستعمار و ئیمپریالیزم و زۆری لەو بابەتە ئەو سەردەمە پەیدابوون، بۆ لێدان لە حوكمی مەلەكی و ستایشی كۆمارییەكان لە عیراق.

{gallery}14itemuz{/gallery}