ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

ئەم شەھیدە گومناوە بناسن ... هیوا ڕەش

لەو دەمەدا جوامێران بە قامکی دەست دەژمێردران ، پێشمەرگایەتی مل لە چەقۆ سوین بو ، بەگژداچونەوەی بەعسیە عروبەچیە کەڵبەتیژەکان سانا نەبو ، لێ ئەو لەولاوە دڵگەرمانە کێبڕکێی گیان فیدایی و پێشمەرگایەتی دەکرد ، خۆزگە ئەو ڕێکەوتە نەسازایە کە ھەندێ ھاوڕێ بناسی ، چونکە دابڕانی ئەبەدی لێیان دەبێتە زامێکی بەسوێ و سەختی ساڕێژ نەبوی ئەبەدی .
لاوێکی ھێمن و پڕ فیکر ، تەژی لە مەعریفەت ، سیخناخ لە ڕۆشنبیری و لێوانلێو لە بەرخودان ، منی لاوی کەمئەزمون و پڕھەڵچونی نەتەوەپەروەری ، بەڕەنگار بونەوەی ستەمی عروبەم تێکەڵ بە چەوساندنەوەی چینایەتی کردبو ، بە ھەژمونێکی حەماسیەوە کەشکۆڵم ھەڵگرت و ملی ڕێم گرتە بەر و پێدەشتەکانم بڕی و ھەردە و تەلانەکانم خستە ژێر ھەنگاوەکانم و بەجۆشەوە ژیانی خۆشی شارم توڕ دا لە پێناوی ھەڵگرتنی چەکی شەرەفی بەڕەنگاری بەرەو دەم زێ و دەشتی کۆیە چوم ، تا وەکو ھەمو ئەو لاوە مێرخاسە یاخی بوانەی دی لە ستەم منیش ببم بە پێشمەرگە و پشکێ لە شکۆمەندیم بەرکەوێ .
ساڵی 1982 لە گوندی کڵێسە ژوانم لەگەڵ شەھید مولازم سیروانی پورزامدا ھەبو ، یەکانگیری ھێزێکی پێشمەرگەی حزبی شیوعی بوم ، ئەو ھاوڕێیانەی ئەو دەمەم نایەنەوە یاد ، بەڵام لە ڕێگەی شەھید مولازم سیروانەوە بە شەھید بورھان و شەھید ئارام و ھاوڕێ ئەسکەندەر ئاشنا بوم ، لە ڕۆژی دواییدا بە تایبەت لەگەڵ ئەو چوارەدا دانیشتنمان ساز کرد ، دوای چەند ڕۆژێ مانەوەم لە دانیشتنێکی دو بە دو لەگەڵ شەھید بورھاندا کەوتینە ڕاوێژ ، ئەو بە ناو حزبەوە قسەی دەکرد و منیش حزبم وەکو خوداوەندێکی خاوەن گشت ئیرادەم لا وێنا بو ، بڕیارەکەی پێمگەیاند و وتی : دەبێ بگەڕێیەوە ناو شار و ھەندێ ئەرکی حزبی ھەیە ڕایپەڕێنی ، بە شەرمێکەوە وتم دەتوانم بزانم ئەرکەکان چین ؟
وتی : ھەندێ بریندار و نەخۆشمان ھەن و ھەر جارەی یەکێکیان دەنێرینەوە ناو شار و دەبێ جێگە و ڕێگەیان بۆ دابین بکەیت و ببیتە چاوساغیان و چارەسەریان بکەی ... ئیتر من گفتوگۆ و چەلەحانێم نەکرد ، چونکە بڕیاری حزبم وەکو ئایەتی قوڕئانی موسڵمانان بە دەست لێ نەدراو و لاقە نەکراو و بڤە دەزانی و نەدەکرا سێودو لە جێبەجێ کردنی بکەم .
مانگی نەخایاندبو گەڕآبومەوە ناو شار ، بەوەش دێتەوە یادم کە وەرزی ھاوین بو چونکە ئەو دەمە لە سەربان خەوتبوم ، Tanya Muhammad ی خوشکە چکۆلانەم ھات و لە خەو ھەڵی ساندم و وتی : ئەو پیاوە ھاتوە بۆ لات دەڵێ برادەری تۆم .
وتم : کێیە ؟
وتی : نازانم ، بە چاوی خەواڵوەوە بە پلیکانەکاندا ھاتمە خوارێ و تەماشام کرد کەسێک لە حەوشەکەدا بەدەم چاوەڕوانیەوە لەگەڵ دایکمدا قسە دەکات و چاوی لە پلیکانەکانە ، تا بە تەواوی لێی نزیک نەبومەوە و گوێبیستی قسەی نەبوم نەمناسیەوە .
شەھید بورھان ھاتەوە ناو شار ، کادیرێکی لێھاتو ، لێھاتویەکی بەتوانا ، بەتوانایەکی بوێر ، بوێرێکی پڕبەرنامە ، پڕبەرنامەیەکی ئاوێتە بە کردەوەی شۆڕشگێڕانە ، جودا لە بەرگی شاخ بە بەرگی شارەوە ھاتبو بۆ لام تا خەباتی شاخ و شار پێکەوە گرێ بدا ، زیاد لە 10 مانگ لە ماڵی خۆمان شاردمەوە و شەوان چاوساغی بوم بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکە حزبیەکان ، بە چەند کەسێکی دۆستی باشم ناساند ، جیا لەوەی بە کارامەیی سەرکردایەتی دەکردین و دەرفەتی ڕۆشنبیر کردن و ئاشنا کردنی زیاتر بە مارکسیزم - لینینزم و ئابوری سیاسی و ماتریالیزمی دیالیکتیک منیشی گرتبوە ئەستۆ ، شارەزاییەکی چڕوپڕی لە ڕۆشنبیری گشتیدا ھەبو ، مامۆستا و ڕابەرم بو ، ڕێپیشاندەر و قیبلەنمام بو .
دایکمی زۆر خۆشدەویست و سەرسام بو بە بوێری و کەسایەتی ، دڵسۆزی و میھرەبانی دایکم ، بە ڕۆژ لە خزمەتیدا بو کام خواردنی بە دڵ بوایە بۆی ئامادە دەکرد و بە ھیچ کلۆجێ ماڵەکەی جێنەدەھێشت و وەکو پاسەوانێکی گوێڕایەڵ گوێ قوڵاغ دەبو لە پێناوی پاراستنی ژیانی بورھان بە چرکەش غافڵگیر نەدەبو ، بۆیە شەھید بورھان زۆر جار دەیوت : مەکسیم گۆرگی دایکتی بناسیبایە ڕۆمانێکی دیکە و شاکارێکی دیکەی بۆ دایکت دەنوسیەوە ، پێوەی دیار بو زۆر ھەستی بە ئارامی دەکرد .
مخابن ، بورھانی پاڵەوان ، ئەو لاوە دڵگەرمەی مەرگی خۆی لە پێناوی ئایندەی گەلەکەی خستبوە لاوە ، لە پلانێکی خیاناتاوی گڵاودا دەسگیر دەکرێ ، خۆی نەما تا بۆمان بگێڕێتەوە ، لێ زیندانیە سیاسیەکانی ھاوخەباتی لە جەللادخانەکانی عروبەدا دەگێڕنەوە : ھیچ ئەشکەنجەیەک نەما لە بەرامبەریدا ئەنجامی نەدەن ، ھیچ دڕندایەتیەک نەما دەرھەقی پیادەی نەکەن ، ھیچ جەلادێ نەما خۆی بە ئازاردانی تاقی نەکاتەوە ، ھیچ شێوازێکی لێکۆڵینەوە نەما لە دژی پەیڕەو نەکرێ ، بەڵام ھیچیان نەیانتوانی ھیچ ڕازێ ، ھیچ نھێنیەکی حزبی لێ دەربھێنن ، بۆیە لە ساڵی 1985 وێڕای ونجڕ ونجڕ کردنی جەستەی ، شیتاڵ شیتاڵ کردنی پێستی ، ئینجا فەرمانی سێدارەی بۆ دەردەکەن و جێبەجێی دەکەن ، شەهید بورهان دەگاتە ڕیزی کاروانی سوری خەبات و شەھید دەکرێ و بە دڵسۆزیەوە دەیسەلمێنێ :
*** شیوعیەت لە مردن بەھێز ترە و لە پەتی سێدارە بەرز ترە ***
لە ھەموی ناخۆشتر وێڕای شەھید بونی خۆی و قوربانیدانی خانەوادەکەی تا ئێستا یەک بابەت ، یەک پەرەگراف ، یەک کۆپلە ، یەک دێڕ ، یەک ڕستە ، یەک وشە و تەنانەت یەک پیت کە لە لایەن حزبی شیوعیەوە نوسرابێتەوە لە سەر ئەو شەھیدە خۆڕاگرە گیانبەخشەم نەخوێندۆتەوە ، تۆ بڵێی سەرکردە نەکردە بودەڵەکانی ئێستا بتوانن بە پاژنەی پێی بورھانەکان بگەن ؟ !
درود لە گیانی شەھیدی گومناو
کڕنوش بۆ گلکۆی
پیرۆزی بۆ ئارامگای
یاد و یادەوەریت بەخێر ھاوڕێ گومناوەکەم