نووسەرەناسراوەکان

مێژوو دەگێڕینەوە ... هوشیار ئیبراهیم – بەشی شەشەم

لە شەڕێكی هەواڵگریدا ئێمە بردمانەوە.  .  

پارتی لەڕێگەی کەسێک بە ناوی "داود باغستانی"، لە هەوڵی کۆکردنەوەی مەعلومات بوو لە سەر ئێمە، ئێمە کێبووین؟

لە قەندیل-ین و ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڤاڵانی باشوور، حزبێکی تایبەت بە باشوری کوردستانمان دامەزراندووە، بۆیە هەردوو حزبە فیفتی بە فیفتیەکەی دەسەڵاتی هەرێم، بە هەموو شێوازێک بە دوای کۆکردنەوەی هەواڵ و زانیاری بوون لە سەر ئێمە.  

داود باغستانی کەسێکی ناسراوە لە نێو حزبەكان و چاودێرانی سیاسیدا، ئەو پیاوە بە سروشت وا خولقاوە جاسوسێكی لێهاتووبێت و لە یەك كاتدا لە سەر چەندین پەت یاری بكات، نێوانی لەگەڵ "فەرهاد"عوسمان ئۆجالان زۆر خۆشبوو، لە ژێر ناوی نزیككردنەوەی پارتی و پەكەكە، زوو زوو سەردانی فەرهادی دەكرد، لەگەڵ یەكتر خۆشوبێش بوون.  

لە پشت گوندی مارەدۆ بووم، نامەیەكی فەرهادمان پێگەیشت كە نووسیبوی؛

( داود باغستانی وەعدی پێداوین كە "پارتی چارەسەری" بە یاسایی بكات و دەڵێت لە سەر ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەو قسەیە دەكەم، بۆیە داوای لیستی ناوی نهێنی و ناوی راستەقینەی سیانی و شوێنی لە دایكبوون و مەوالیدی ئەندامانی سەركردایەتی و دەستەی كارگێڕی پەچەدەكە دەكات، ئەمشەو سەعات 12 دێتە فلان شوێن و بڕۆ بیبینە و لیستەكەی تەسلیم بكە).  

بەڕاستی ساویلكەییش تا ئەم ئاستە نابێت، ئاخر ئەو هەموو زانیارییە چۆن بدەین بە كەسێكی ڕاسپێردراو كە دڵنیایین جاسوسیی نەك هەر بۆ حزبەكان، تەنانەت بۆ دەوڵەتانیش دەكات.  

ئێمە خۆمان لە دەستەی كارگێڕیش لیستێكی بەو وردەكارییەمان نەبوو، كەچی فەرهاد دەیەوێت لیستێكی وا ئامادەبكەین و پێشكەشی دەزگا هەواڵگریەكانی بكەین كە گومانی تێدانییە بۆ پارتی دەبات و كۆپیەكی لێدەداتە توركیا و شوێنی دیكەش.  

لەگەڵ هەڤاڵ "هە" بە پەلە بەرەو ئەو شوێنە بەڕێكەوتین كە فەرهادی لێیە، چوومە لای و پێمگوت، من باوەڕم بەو پیاوە نییە، خۆشت دەزانی لە سەر چەند پەتێك یاریدەكات، پێمباش نییە ئەو هەموو زانیاریە هەستیارەی پێبدەین، گوتی تۆ هێشتا فێری تاكتيكی سیاسیی نەبووی، بڕۆن لیستەكەی بدەنێ و پەچەدەكە قازانج دەكات، لەگەڵ هەڤاڵ "ب"یش قسەمان لە سەر ئەو بابەتە كردووە و ئەویش پێیباشبوو.  

ئیدی كەوتینە ژێر جۆرێك لە فشار، گوتم باشە و ڕۆیشتین، لەگەڵ هەڤاڵ "هە" دانیشتین و لە ماوەی نیو سەعاتدا لیستێكمان ئامادەكرد كە یەك زانیاری ڕاستیشمان تێدا نەنووسی، بە دەستنووس كۆپیەكیشمان لای خۆمان هێشتەوە، بەڕێكەوتین و لە كاتی دیاریكراو گەیشتینە ئەو شوێنەی داود چاوەڕێی دەكردین، دوو سێ حیمایەی پارتیشی لەگەڵدابوو، دوای چاك و چۆنی گوتی كوا ئەمانەتەكە، منیش پێمگوت جارێ وەرە تێمانبگەیەنە كە بەرنامەت چییە، گوتی ئۆوهۆ هەڤاڵ ئەوە نیوەشەوە و درەنگە، من هەموو شتێكم بە فەرهاد گوتووە، ئێوە ناتانەوێت حزبەكەتان مۆڵەتی یاسایی پێبدرێت؟ گوتم زۆر نا، هەڵوەستەیەكی كرد و گوتی هەڤاڵ ئێستا ئەوەی داوامانكردووە هێناوتە یان نا؟ لەگەڵ "هە" سەیرێكی یەكترمان كرد و لیستەكەم دایە دەستی، ئیدی وەك هەنگوینی لە داردا دۆزیبێتەوە، بە پەلە لە سەیارەكەی سواربوو و رۆیشتن.  

ئەو ڕۆیشت ئێمەش تێر تێر پێكەنیین، بە ساویلكەیی فەرهاد و دڵخۆشیەكەی داود باغستانی و لیستە عاجباتیەكەی خۆمان، پێكەنیین.  

 

Related Articles