ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

(عەلی توڵابی)، سەفیرە نوێیەکەی ھونەری کوردی بناسن... ھەڵۆ بەرزنجەیی

 

١٢/٦/٢٠٢٢

دوای ئەوەی یەک دوو ڤیدیۆی ئەم دەنگە ڕەسەنەی کورد و لوڕستانم بینی و بیست، ئەم بەیانییە١-٢ کاتژمێرم بە گوێگرتن بەدیار تەواوی بەرھەمەکانییەوە بەسەر برد...بێ دەسەڵات و بێ ئاگا لەخۆم چاوەکانم جۆگەلەی فرمێسکیان بەست ( فرمێسک و گریانی خۆشی)...ئای لەو خەڵات و پاداشتە ڕۆحییە بەنرخ و بەرزە!..

ئەم ھەڵکەوتووە، (عەلی توڵابی) لە ئیستاوە لێی دیارە سەفیریی گۆڕانی کوردی داھاتوومان دەبێت...

دەنگێکی ئاوریشمی و دڵفڕین و کاریگەر، جوڵە و ڕەفتاری تژی لەکەسایەتی و پێشکەشکردن..شارەزا و باڵادەست لە ھونەرەکەیدا و رۆح شیرین و خۆشەویست لە رووخساردا...

«» بنۆڕن..لۆڕستان چۆناوچۆنی پێشوازی لە رۆڵەکەی دەکات!...

«» بنۆڕن..ئەو خەڵکە چەند تینوویی ژیان و ھونەرە!

«» بنۆڕن..دەبێت ئاوا کەسایەتی کوردی دروست بکرێ...

بەڵێ فەرشی سوور بۆ کاکە عەلی توڵابی داخەن و گوڵی گوڵزارەکان بچنن و بچنە پێشوازی ئەم ڕۆڵە ھەڵکەوتووەی کورد و ھەموو دڵخۆش بن بە بوونی ئەم دەنگە ڕەسەن و ھونەرمەندە بەتوانایە و بیکەنە قارەمانی ھونەریی کوردیی...

ئەم دەنگە ئەفسووناوییە، ئەم جریکە زێڕینە ڕەسەنە، لەرەی ژێ و قوڕگە پڕ لرفە و شەپۆلەی دەنگ و ئاواز، نوێنەری ھونەر و کەلتوورێکی باڵای دەوڵەمەندی کوردییە..

توڵابی ھونەری نەتەوەی کورد پێشکەش دەکات و خزمەتی دەکات، دەبا ئێمە شیعر و گۆرانی بڵێین، بۆ ئەم نەمانە تازە پێگەیشتووەی خۆمان! تا دەبێتە پیرە دارگوێز و ڕەگ لە دڵی نیشتماندا دادەکوتێ، ڕەگوڕیشەیەک، بە زوڵم و زۆرداری ھەزاران داگیرکەر و دوژمن ھەڵنەکەندرێ و نەبڕێتەوە...

دەبا جۆشوخرۆشی زیاتری بە پشتیوانی و خۆشەویستی و ڕێزلێنان بخەینە خزمەتەوە..ئەو ئایندەیەکی گەشی دەبێت، گەر دەست و ھێز و نەخشەیەکی دڵسۆزانە و کارامە و ھۆشیار و خەمخۆر پاڵپشتی بێت.

دە با بنۆڕینە نەتەوە زیندووەکانی ئەم جیھانە پانوبەرین و پێشکەوتووە و لێیانەوە فێربین، ئەوان چییان کردووە و چ دەکەن؟؟!! بۆ ھەڵکەوتوو و بەھرەمەندەکانیان...

+سڵاو لەو دایک و باوکەی ئەم ھونەرمەندەیان ھێناوەتە ژیانەوە و رێگەیان داوە ئەم ڕێچکەیە بگرێتە بەر...

+ سڵاو لە مامۆستا و ھاوکارانی...

** خۆشەویستان بچنە سەر یوتوب لەوێ دەتوانن زۆربەی گۆڕانییەکان گوێ لێ بگرن...من لینکی چەند نموونەکم لەخوارەوە بۆ راگوێزاون.

ئەو فرمێسکەکانەی ھەڵیدەڕێژم ھی خۆشین و وشک نابنەوە و تا ئێستا ھەڵدەوەرن...ئاخر کوردستان لانکی ھەزاران بەھرەمەندی ترە، ڕێیان لێ گیراوە، چونکە نیشتمانیان داگیر و پارچەپارچەکراوە.کورد خاوەنی دەیان و سەدان وزە و پۆتەنسیالی زۆری ترە، لێ کۆت و بەند کراون، دەنا حەز و خۆشەویستی بۆ ژیان و ھونەر زۆر بەھێزە و لە چڵەپۆپەدایە....

بەھیوای (کوردستانێکی ئازادی و سەربەخۆ) و ژیانێکی پڕ لە شادی و مرۆڤدۆستی...

https://www.basnews.com/so/garan/عەلی+توڵابی

https://www.youtube.com/watch?v=tMogPV-KbZA

https://www.youtube.com/watch?v=xZEedSDdHDo