نووسەرەناسراوەکان

لە فەیسبووکەوە؛ پەیامی رکابەرە تورکەکانی ئەردۆغان بۆ کورد ... ئارام ڕەفعەت

 
شەش حیزبی تورکی، کە رکابەری ئەردۆغانن، بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە سیستەمی سەرۆکایەتی و گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک و نەخشەکاری هاوبەش دەکەن.
رکابەرە تورکەکانی ئەردۆغان ئامادە نەبوون هەدەپە، واتە کورد، بانگهێشتی ناو هاوپەیمانێتیەکەیان بکەن.
لەکاتێکدا هەدەپە سەرسەختترین رکابەری رژێمەکەی ئەردۆغان و سیستەمی سەرۆکایەتییە لەتورکیا.
پەیامی شەش حیزبەکە ئەوەیە، دیموکراسییەتی تورک تەنها بۆ تورکە.
لەهەقیقەتیشدا هەروابووە.
هەرکام لەم شەش حیزبە تورکیانە کە خۆیان بەرکابەری ئەردۆغان دەزانن، لەهەموو کردە پرۆسەیەکی دژە کوردیدا، پشتیوانی ئەردۆغان بوون.
ئەوان بەشێک بوون لە داگیرکردنی عەفرین.
ئەوان بەشێک بوون لە داگیرکردنی سەرێکانیێ و گرێ سپی.
ئەوان بەشێک بوون لە هێرشە بەردەوامەکانی تورک بۆ سەر باشور.
ئەوان بەشێک بوون لە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە.
کەدەڵێم بەشێک بوون، هەم لە پەرلەمان دەنگیان بۆ ئەو دژایەتی و داگیرکارییە داوە، وەهەم لە راگەیاندنەکانییاندا شەرعییەتیان پێداوە.
کورد لە تورکیا کەوتۆتە نێوان دوو بەرداشی فاشیزمی دەسەڵات و فاشیزمی ئۆپۆزسیۆنی تورکی.
وانەیەکی سادە لێرەدا ئەوەیە،
شەش حیزبە رکابەرەکەی تورک ئەگەر تا سەر ئێسقانیش دژی رژێمەکەی ئەردۆغان بن، لە دژایەتی کردنی کورد هاوپەیمان و هاوکاری ئەردۆغانن.
وانەیەکی تر ئەوەیە،
هەرگیز تورک بۆ پشتشکاندنی یەکتری ئامادە نین بچوکترین تەنازول بۆ کورد بکەن و وەک هاوپەیمان قەبوڵی بکەن.
دوا وانەش ئەوەیە،
گرنگ ئەوە نییە تۆ چۆن دەڕوانیتە داگیرکەر... هەقیقەتە تاڵەکە ئەوەیە داگیرکەر هەردەم وەک ژێردەستە و دوژمن دەڕوانێتە تۆ...
ئەمە لە ئێڕان و عێڕاق و سوریاش راستە.

Related Articles