
بەرایی ئەو نوسینە هەستێکی یاخییە دەمێکە پەنگی خواردۆتەوە ،بە ئاوابوونی مانگی ماریا لە شارەکەم هەولێر تەقیەوە، داوای لێبوردن لە هاوڕێی شاعیر ئەکەم کە لەڕێی خوێندنەوەی ئەو تێکستەی ئەو هەستەم دەربڕی، داوای لێبوردنیش دووبارە لە خوێنەرەکان ئەکەم، ئەگەر سەلیقەی خوێندنەویان هەبوو ئەگەرنا من خۆم بەو نوسینە لەپڕبوونم لەو کۆمەڵگایەک خاڵیکردەوە ..
ببوورن لە درێژدادڕینم..
کارەسات هەرئەوە نیە کە رۆژانە چەند ژنێک لەلایەن چەند پیاوێک دەکوژرێن، بەلکو کارەساتی گەورە ئەوەیە کۆمەڵگایەکی نێری پیاوان کە ژنەکانی بە ژنکوشتن دڵخۆش دەبن لە پیاوەکانی ، روانینی کۆمەڵگا کە پاشەوپاش رۆیشت کوفری سەردەمی گۆڕان و پێشکەوتن دێتە گۆڕێ، گەنج هەمیشە گەنجینەی هەموو سەردەم و قۆناغێکن، کە ئەوانیش وەکو پیرەکان نابینا بوون و بیریان کردەوە یان بیناییان بەرامبەر رووداوەکان کزتر بێت لەوان، ئەوە مەرگەساتی نەتەوەیەکی دواکەوتوو لێرەوە دقستپێدەکات نەک لە ھەرەس و هەلەبجە و ئەنفال و مردنی بەکۆمەڵەکان ، ئەو نەتەوەیە رۆژانە بە رامانی زۆر کۆن و دواکەوتوو دەمرێت کە رووی شەبەنگەکان کزتر دەبینێت و گەڕانەوە بۆ دوورییە زۆر دوورەکانیش تیژر دەبینێتەوە، ئەوە ترسناکییە نەک ئاگر و نەبوونی کارەبا و بێ پارەیی و مووچەیی..
لەبەرئەوەی تۆ ئەگەر وەکو ئێستا بیرت نەکردەوە بە هزر و ئاوەزی خۆت دیاردە و شتەکانی دەوروبەری یەکاڵانەکردەوە تۆ تۆ ئەوە نابیت لە ئێستا بژیت، تۆ مردوویت و لەسر سفرەی مردووان نان دەخۆیت بێ ئەوەی پێبزانیت، لەو شوێنە ژیان رادەوەستێت ئاواییەکانی ئێرەیی بە مردن دەبەن نەک بە ژیانی باشتر و ئاسۆیەکی نوێتر، فیردەوسەکان بە دۆزەخ دەکرێن و دونیا بە قوربانی قیامەت و بەهەشت دەبێت مرۆڤە ئازادەکانیش لەپێناو قۆچی رووسپیبوونەوە دەکوژرێن، هەموومان ئەوە دەزانین ئەوەی خواناس و ئەوەی خوانەناسیش بێت، ئەوە خوا نیە دونیای تەنگ کردۆتەوە لە نوێننەرەکانی، بەڵام قسەکانی ئەو و ئایەتەکانی ئەو کە بە زارو زمان و ئاوەزی ئەو بڕیار دەدەن و بیردەکەنەوە و قسە دەکەن..
ئەوە نە ئێمە هەموومان و نە ئاژەڵەدڕەندەکان و نە باڵندەکانیشن سروشت ناشیرین دەکەن و وێرانی دەکەن بە جەنگەکانیان، بەلکو سوانەوەی نەریتی کۆن و قەوانەکۆنەکانن کاتێک کۆن ، کۆن و بێکەڵک نابێت و لە کەلک ناکەوێت و هەمیشە بە قسەیەکی ناڕاست و فێڵ و درۆیەکەوە فریوی کۆمەلگا دەدەن، ئێمە کە رازین بە کوشتن و بە گەڕانەوە بۆ دواوە و تا سەر تەفرە خواردن بە مێژوو و بە کتێبە درۆزن و هزرە نامرۆڤانیەکان و رقە کۆنەکان و فەرهەنگی دواکەوتوو، دەبێت رازیش بین بە هەبوونی بێ یاسایی و بێ دەولەتیی و بێ کارەبایی و بێ موچەیی و بێ دەرامەتی و ناتەندروستی هەموو بوارەکانی ژیانمان..
ئێمەی دواکەوتوو رۆژبەرۆژ تەفرە دەخۆین و فریو دەدرێین بە شەرەف و بە ناموس و پیاوەتی مام و خاڵ و بابەکامان، یان بە فەرموودە پیرۆزەکان ئەوانەی نەک هەر ئێمەیان وێران کردووە هەناسەی دونیایان سوارکردووە بە فەتوا و جیهاد و کوشتن، ئەوانە هەر هەموو دەبنە پشتیوانیەک ودەست لە پشتدانێک تا دەستمان بچێتە خوێنی یەکتر و ژنەکان بکوژین و شەڕی تەروادەی دژبە یەک جاڕبدەین..
کوشتنی ماریا و ئیمان لە کۆمەڵگای کوردی تازە نیە،بەڵام دەکرێت لەو دوو ناوە خاڵێکی وەرچەرخان ببیننەوە کە لە گەیشتنی دوو کۆمەڵگای نادژدا هەڵگەڕانەوە و وەرگەڕان و یاخیبوون دێنێتەکایەوە، ئەو دوو ناوەی کە یەک کەسە و لەناو دووکەس دا بەکوشتن یان بە هەڵگەڕانەوەیەکی ئایینی یەک کەس قەتیس نابێت، بەلکو ئەوەمان پێدەڵێت لە کۆمەلگایەکی بەرتەنگی داخراوی هەولێریش تاسەر ئایین ناتوانێت ژیانی مسۆگەر بکات و کۆمەڵگایەکی فرەجیاوازی ئەتنیکی بەیەک ئایینەوە ناتوانن پێکەوە بژین، هەروەها ناکرێت کۆمەڵگایەک تاسەر وەکو وشترمرخ سەر بخاتە ناو لم و بۆ رەگی درەخت کارەسات و مەینەتییەکانی خۆی بگێڕێتەوە، یان ئاوەز و مێشکمان بە بەفرخانەیەک بسپێرین و بە هزرو بیری مردوو و تەرمەکان بڕوانین و لە دەوروبەر و ژیان و ئاوەدانی و شارستانی بە دیدی ئەوانیش وردبینەوە..
کوشتنی ماریا پێمان دەڵێت هیچ دەقێکی مردوو و بێدەنگ و کۆن ناتوانێت تاسەر زمان و و دەنگ و ناسنامەی سەردەم بێت، لەبەرئەوەی مرۆڤ رۆبۆت نیە تاسەر بتوانین کۆنترۆلی بکەین بە هێزێکی ئاسمانی یان فەرهەنگێکی بەجێماو، ماریا هات و رۆیشت چەند پەیامێکی جیاوازی خوێندەوە بۆ ئێمە بەڵام ئێمەش هەریەکە بەگوێرەی گوێزی گیرفانی خۆمان قسەمان لەسەر کرد بێ ئەوەی بەدوای هۆکارەکانی گۆڕانی ئیمان بۆ ماریا بگەڕێین یان لە گۆڕانی برایەک بۆ ژنکوژ، بۆیە دیسان غەدرمان لێکردەوە کاتێک بڕیاری کوێرانە دەدەین..
کۆمەڵگایەک تەماشای زاری میدیای دەسەڵات و ئایین و پیاوەفێڵباز و پیاوکوژەکان دەکات لەو گوێزانەی لە ئاوەزی ئەوان هەیە زیاتر ناژمێرێت، نەگبەتیە ئێمە رازین بە مردن لەبەر قیامەت و دڵمان خۆش دەبێت بە کوشتنی ھاورەگەزەکانمان لەبەر نەریتێکی دواکەوتوو یان لەبەر شەڕانگێزی سەری کەسانی ناو ئایین..
نەهامەتیەکە بە کوشتن تەواو نابێت لەدوای رۆیشتنی ئەو کەسانەی لە ئێمە بە شەرەفتر و بە رەوشتتر بوون ناوو ناتۆرەی ناشیرنیش بە دوایان بڵاودەکەینەوە، لەبەرئەوە کێشەی رۆیشتنی ئەو ژنە ئازادانە لە کرانەوەییان بووە لە رووی بیرکردنەوە نەک جەستە، ئەوان بەرەڵا بە دەردی کۆمەڵ گا گۆتەنی، بەلکو وەکو ئێوە دیل و بەندەی نەرتی ومیراتە کۆمەڵایەتی و ئایینەکان نەبوو، ترس لە ئازادی هزر و لە گۆڕانی کۆمەڵێکی نوستوو بەرەو بەئاگاهاتنەوەیەکی دەستەجەمی لە بەرامبەر هۆشمەندیە تاریکەکانی کۆمەلگا ترسە گەورەکەیە، ئەوەندەی ترس لە ئازادی و کایەی رٶشنبیری تاکەکان هەیە تایبەتی لە هوشیاربوونەوەی رەگەزی مێ ئەوەندە لە گەندەلیەکانی دیکە و خۆفروشتنەکانی دیکە ترس نیە..
بەلای ئەو کۆمەڵگایەوە هەموو دەنگ و رەنگێکی نوێ و جیاواز ترسناکە و سۆزانی و مولحید و بێباوەڕییە لەبەرئەوەی جیاوازە، ، ئەگینا فرەژنی لە بەرەلایی جەستە ترسناکترە کە ئەو هەموو نەوە دژبەیەک و هاودژیی لە نێوان ژنەکان دێنێتە کایەوە یان چەند ماڵێک سەرگەردان دەکات، کاتێک پیاوێک لە نێوان چەند ژنێک ناتوانێت دادپەورەر بێت لە دانی چێژی سێکسی لە بەخشینەکانی دیکەش نادادپەروەر دەبێت تەنانەت منداڵەکانیش بە ناوی رەسەنبوون و زڕبوون نادادپەروەری و جیاوازی لە نێوان دەکات، کچێکی ١٣ ساڵی کاتێک بە زۆر بە مێرد دەدرێت با بە حەزی خۆیشی بێت کەی ئەوە قۆناغی تەمەنێکی ساغ و تەندروستە بۆ مێردکردن، لە رووی فسیۆلۆژی و بایەلۆژی و هزری ناتوانێت باش بیربکاتەوە..
ئەو بەمێرددانە چەند کارەساتێکی کۆمەڵایەتی دێنینە کایەوە کە بە یاخیبوون و هەڵگەڕانەوە و دواجاریش بە کوشتن دوایی دێت، تێکچوونی هەر شیرازەیەکی خێزانی هۆکارێکی دیارە بۆ روودانی هەر لەڕێ لادان و گەندەڵی و تاوانێکی گەورە، ماریا بەداخەوە کوژراو زیانێکی گەورەی بە خەباتی مێینەکان و کۆمەڵگای نوێی کوردی گەیاند، بەڵام نامە و هزرەجوانەکانی نەمرن و نامرن، ئەوەتا شاعیرێک کە هەمیشە رۆژانە بە تێکستەکانی بەئاگامان دەکاتەوە و پەردە لانەدراوەکان لادەداتەوە و لەسەر کارەساتەکانیش بوێرانە دەنوسێت، لە تێکستێکی نوێی دا شێست و هەشت ماریا دەڵێت :
سەرتاپای پەڕوباڵی تەڕە ، هاتۆتە بالکۆنەکەو لەسەر تەنافی جل هەڵنیشتووە
نا کۆتر نییە،
چۆلەکەیەکی داکانەیە.
حەز دەکەم هێندێ پرسیاری لێ بکەم، ئاخر چۆلەکە تەنیا لەزمانی شاعیر تێدەگا
لێی دەپرسم؛
شاعیر لێرەوە پرسیار پیتۆڵییەکانی دەوڕوژێنێت کاتێک لەڕێی باران و بەفرەوە دەمانباتەوە نێو چەڵەحانێی ئێرەیی بردن بە بەختەوەری نێوڤن نێرومێیەکانی باڵندەکانەوە، ئەو نوسینە بەراوردکاریەکە پڕە لە وێنەی ئیرۆتیکی ناسک لە پەنای ناوە راستەقینەکەی کە رەگەزێکی تازەکوژراوە و ناوەڕۆکێکی دیکە ھەیە بۆ یەکالاکردنەوەی ھۆی کوژرانەکە، بەڵام تەنیا ئەوەی پەیوەندی بە ناوەکەوە ھەیەە لە تێکستەکە من ئاماژەیان پێئەدەم نەک ھەموو پەیکەری تێکستەکە بێم باس بکەم.
شاعیر لە باڵندەکە دەپرسێت کە ئایا :
بەخۆشەویستیی مێرد دەکەن یان بەساوایی و بەزۆر بەشووتان دەدەن
ئەو بەرواردکاریە بە زمانی ئیرۆتیکی نێوان ئێمە وئەوان هەر وڕژانی چێژ نیە بەلکو وڕژانی راستیەکی لێلاوییە کە هەموو چێژەجیاوازەکانی کوشتووە کە پڕە لە ئێرەیی بردن بە باڵندە و ئاژەڵەکان کە وەکو ئێمە بڕیار نادەن و بیرناکەنەوە بۆیە لە باڵندەکان دەپرسێت :
ئایا خانەنشینانی ئێوەش تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە،
گوتی؛
نا هەموو سەری مانگێک مووچەیان بۆ دەچێتە ماڵەوە کە توورەکەیەک گەنمە!
ئەی سواڵکەرتان هەیە لەسەر شوستەکاندا و دەست لەبەر ڕێبوارانا، پان بکاتەوە
لای ئێوەش دەرمان وزەیت و نان و کارەبا، گران بووە،
گوتی؛
نا ئێمە بازرگانی شەڕمان تێدا نییە
یان کە دەڵێت :
ئێوەش سەرکردەی دزو جەردەتان هەن،
گوتی؛
نازانم دزو جەردە یانی چی بەڵام؛
هەموومان یەک جلمان لەبەردایەو لانەی هەموومان لە پووشەو باڵی هەموومان یەکسانە بۆ هەڵفڕین و بەیەک دەنووکیش دەخوێنین.
وەیان کە دەڵێت :
لای ئێوەش حزبی عەلمانی وئیسلامی وئەنتی دین و کارتۆنی هەن
ئایا لەبێئیشیا ناچار دەبن چەکیان بۆ هەڵگرن
ئێوە بەتۆبزی لەچک دەکەنە سەری کچە وردیلەکانتان
براکانی ئێوەش یەکتری دەکوژن
لەخۆنیشاندان و مانگرتنا، مرۆڤی رۆبۆتتان هەن، بە قژ کچی زانکۆ ڕابكێشێ و مامۆستا بداتە بەرشەق
ئەو گەران ئێرەیی بردن و بەراوردکارییە داهێنانێکی دیکەی شاعیرە کە ئامانجێکی ئەدەبیانە و رۆشنبیرانەی لە پشتە کە دەیەوێت لە پەنای یەک ناو و یەک شت هەزارویەک شتی نامۆو ونمان پێبدات، لەبەردەم یەک وێنەش هەموو ئاوێنەکان دەشکێنێت تا پێمان بڵێت هیچیان ئەو وێنەو ئاوێنە راستگۆیانە نین کە ئێمە و ئێوە دەیانبینین و شەڕی لەسەر دەکەن و یەکتری لەپێناو دەکوژین، لە کۆتاییش دەڵێت :
ئێمە تژین لە نیشتیمان فرۆش ، ئەی ئێوە چۆلەکەی لانەفرۆشتان هەیە
بیرتان لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم و شەڕی جیهانگیری سێیەم کردۆتەوە
پێرێ لای ئێمە'
ژنێکیان کوشت ناوی
(ماریا) بوو
دواپرسیاریش هەر هەمان پرسیاری سەرەتای تێکستەکەوە کە دووپاتکردنەوەکە هێزی تێکستەکە قورستر دەکاتەوە کە دەپرسێتەوە:
بابانەکانی ئێوەش دەستیان دەچێتە کوشتنی ژنەوە
سەرچاوە
تێکستی نوێ - شێست و هەشت –ماریا –فێیسبوک ١٠ مارتی ٢٠٢٢
قوبادی جەلیزادە