ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

سەگە بۆرە ... عەدنان وەلید

ئێوارە زستانێکی زۆر سارد و سۆڵ بوو ، 
ڕۆژ بەتەواوەتی کەوت بووە پەنا شاخەکان ، سەبر سەبر تاریکایی دەیویست باڵ بەسەر زەوی دا بکێشێ ، منیش بە هەڵکەوت بەلای مزگەوتی ناو دێیەکەماندا ، تێپەڕیم و لەپڕ گوێم لە چرپە چرپی چەند پیاوێکی ڕیش سپی بەساڵەوە چووی دونیا دیتە بوو ، وادیار بوو هەموویان ڕوویان بڕی بووە ، لای خۆر ئاوا و سەیری ئاسمانیان دەکرد و 
دەیان ووت : پێ دەچێ ئەو شەو شەوێکی زۆر تاریک و توش بێ !
منیش بە پەلە پەل ڕێگای ماڵەوەم گرت و لە ڕێگاوە لەبەر خۆمەوە 
دەمووت : بۆ دەبێ ئەو شەو شەوێکی توش بێ مانای چی ؟
کە نزیک بوومەوە لە ماڵەوە ، بینم دایکم چراکەی بە دەستەوەیە و
خەریکی داخستنی دەرگای مەڕو بزنەکان و قایم کردنی کولانەی 
 مریشکەکانە ، سەگە بۆرەکەشمان لەسەر پاشوەکانی گورج و گۆڵ ڕاوەستا بوو ، هەردوو گوێچکەکانی قیت کردبۆوەو دەم نا دەمیش سەری هەڵ دەبڕی و دەت ووت هەستی بە شتێک کردوە و ئیمەش نایزانین!
ڕووم لە دایکم کرد و  
ووتم : دایە گیان کەمێک لەمەوپێش لەبەر دەرگای مزگەوت تێپەریم و گوێم لە هەندێک ڕیش سپی بەساڵەوە چوو بوو ، دەیان ووت ئەو شەو پێ دەچێ شەوێکی تووش بێ ، بۆ دەبێ شەوێکی تووش بێ و چی دەقەومێ ؟!
دایکم ووتی : کوڕی شیرینم ، ئەو ڕیش سپیانەی کە دیوتە لەبەردەگای مزگەوت ئەوانە هەموو ڕیشیان لەو حالەوە سپی کردوە ، دەزانن چی دەبێ و چی نابێ ، خاوەن ئەزمونێکی دوور و درێژن ، لەوانەیە قسەکانیان ڕاست بێ و کارەساتێک ڕوو بدات ، من و دایکم لەو سەین و بەینەدابووین ، لە پڕ کرێوە و زریان دەستی پێکرد و چاو چاوی نەدەدیت ، هەر بەحاڵ خۆمان گەیاندە ژوورەوە و ، خێرا چەند قەدە دارێکی قەڵاشکەرمان ، خستە ناو سۆبەکەوە  و سۆبەکەمان تاودا و لەدەوروبەری سۆبەکە دانیشتین و خۆمان گەرم کردەوە ، پاش ماوەیەکی کەم لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەم کرد ، دیتم بەفر هەموو کوچە و کۆلانەکانی داپۆشیوە و ، دێیەکەمان بەتەواوەتی خامۆش و بێ دەنگە و لەناو گێژاوی خەودایە ، بەڵام ئەوەی لام زۆر سەیر بوو ، ئەویش ئەوە بوو ، سەگەکامان و سەگەکانی ئاوایش هەر هەموویان کڕ و مات و بێ دەنگ بوون ، بەڕاستی زۆر لام  سەیر ونامۆ بوو !
لەدڵی خۆمدا دەم ووت :
-کاتێ کڕێوە و زریان و بەفرە ، ڕۆژ ڕۆژی سەگ و دزە ! 
کەچی نە جوولەی سەگ و  باڵدارێ  ، نە هەست و خوستی ڕێبوارێ ، 
دڵم کەوتە لێدان و ترس ئەو دیمەنەم زۆر لا سەیر بوو !
هەر هەمویان هەست و خوستیان لێ بڕا بوو ، دونیایێکی بێ دەنگ و خامۆش ! پاش ماوەیەکی کەم ، پەنجەرەکەم داخست و لە نزیک دایکم دانیشتم و گوێم شلکرد بۆ بەسەرهات و قسەخۆشەکانی دایکم  ،ناوە ناوەش خەو دەیبردمەوە و لە پڕ بەئاگا دەهاتمەوە ،
دایکم ووتی :
-ڕۆڵە شیرینەکەم دەزانم زۆر هیلاکی و خەوت دێ ، هەستە بچۆ بخەوە ، لەو قسانەدا بووین ، لە پڕ گوێم لە جیڕە جیڕەی دەرگا تەنەکەکەی دەرەوەمان بوو ، کە سەیرم کرد ١٠ تا ١٢ کەس ، بە تاخمە و تفەنگەوە وا دێن بەرەو بەر هەیوانەکە و نیازی ژوورەوەیان هەیە ، 
سەگە بۆرەکەشمان کلکە سووتەی بوو ، لە پێشیان دەهات و دەچوو ، دەت ووت هەزار ساڵە دەیان ناسێ و لەگەڵیان ئاشنایە ! وەکوو بڵێی دەی ووت : فەرموون فەرموون ، منیش بە پەلەوە دەرگاکەم کردەوە و ، 
ووتم : فەرموون وەرنە ژوورەوە ،
ووتیان : میوانی ناوەخت ڕادەگرن ؟
ووتم : هێشتا دونیا ئەوهای لی نەهاتووە پشت لە مێوان کەین ،فەرموون فەرموون وەرنە ژوورەوە و مال ماڵی خۆتانە ، یەکێکیان کەمێک بەتەمەن بوو ، وادیار بوو فەرماندەیان بوو ، ڕووی لە چەکدارەکان کرد  و 
ووتی : دوو سێ کەستان بچنە سەری کۆڵانەکان و ئەوناوە بخەنە ژێر چاودێری و زۆر وریا بن ، لەدوایشدا جێگاتان دەگۆڕم  و دوو سێ کەسی تر دەنێرمە جێگاکەتان ، ئەوانی تریش یەکە یەکە هاتنە ژوورەوە ،
وادیار بوو لە شوێنێکی زۆر دوورەوە هاتبوون و زۆر شەکەت و ماندوو دیار بوون ، هەر دەست بەجێ ووتیان : ئەگەر دەکرێ نانێکی بە پەلەمان بۆ ئامادە بکەن  زۆر برسیمانە ،
دایکیشم هەر خێرا بڵێی یەک و دوو ساوارێکی بە تەماتەی لۆ ئامادەکردن و لە گەڵ هەندێک سەوزە و چەند نانێک و لە پێشیانی دانا ،
پاش نان خواردن و چا خواردنەوە و خۆ گەرم کردنەوە ، ووتم : 
-دەکرێ بزانم ئێوە کێن و لە کێوەهاتوونە و دەچنە کوێ ؟
ووتیان خۆت بڵێ و بزانە ئێمە کێین ؟
منیش لەدلی خۆمدا دەمووت : تۆ بڵێی ئەوانە پێشمەرگە بن ؟
جار جاریش دەمووت : نا نا لەوانەیە جاش بن و لەدوای پێشمەرگە بگەرێن ،
خۆ ئەگەر بڵێم پێشمەرگەنە و پێشمەرگەش نەبن ئەوە سەرم دەچیتە قوڕ و تووشی ڕۆژە ڕەشەکە دەبم و دەلێن وادیارە ، ئێوە شەو و ڕۆژ خەریکی خزمەتکردنی پێشمەرگەن !
لەخەیاڵی ئەوە دابووم ، کە ڕیش سپیەکانی ئێوارە دەیان ووت رۆژێکی تووشە ، نەم دەزانی چی بڵێم ،
لە پڕ سەگە بۆرەکەم کەوتەوە بیر ، کە چۆن بە پێشیان کەوتبوو، هەر وات دەزانی دەیان ناسێ و کەسانێکی خۆیین و بۆیە نەدەوەڕی و حەپە حەپی نەدەکرد !
ووتم: نەخێر هەبێ نەبێ ئەوانە پێشمەرگەنە ، 
ووتم : ئێوە پێشمەرگەنە ،
وتیان : چی چی ؟
ووتم : ئێوە پێشمەرگەنە ،
دەستیان بە قاقای پێکەنین کرد و 
ووتیان :
درێژەی هەیە