نووسەرەناسراوەکان

نەوەی هەشتاکان.. نەوەیەک لە ڕەنگی پەلکەزێڕینە ! ... بەرزان هەستیار

 
ئێمە نەوەیەک بووین لەوە دەچوو بەر نەفرەتی خواوەندەکان کەوتبین. خواوەندی عیشق و دڵتەنگیی و شەڕ و نەهامەتیەکان، نەفرەتی تەنیایی و شەراب و شەوگریان .
نەوەیەک بووین هەتا دەمانتوانیی شیعرمان بۆ یەک دەخوێندەوە و فرمێسکی یەکمان دەسڕی و یەکترمان لە نێو دووكەڵی جگەرەدا ون دەکرد و لە خوێنی یەکدا خۆمان دەدۆزییەوە.
شەوانە لە ژووری نسرمی ماڵی یەکێکماندا ئەوەندە مەست دەبووین تا هەموو دەم و چاوەکانمان دەبوون بە هی یەک، من دەبووم بە جەمال غەمبار و جەمال دەبوو بە یاسینی فەقێ سەعیدو یاسین دەبوو بە حەمە عەلی خان و حەمە عەلیش دەبوو بە "کەریم عوسمان " و کەریمیش دەبوو بە شەماڵ عومەر و شەماڵیش بە ئارامی حەمە بچکۆل و ئارامیش دەبووە تۆپەڵێک خەمی ڕەشداگەڕاو و لەو شەوەدا بەرەو پێدەشتی عیشق گلۆر دەبوەوە.
ئێمە نەوەیەکی بەختەوەر بووین چونکە کەسمان غەدرمان لە حەسرەت و فرمێسک و شێتیی یەک نەدەکرد .. کەسمان پێمان بە دەستو پای خەمی کەسماندا نەدەنا.
ئێمە گۆرانیی کۆی کردبووینەوە.. شیعر تانو پۆی چنیبووین و هونەر ناوکی بڕیبووین ،ئازار سایەی خۆی بەسەرماندا بە یەکسانیی پەخش کردبوو.. ئەو شەوەی مەست دەبووین لە هەموو ساتەکانی تر زیاتر خوێ دەکرا بە برینەکانی دڵمانەوە و هەمان کات دەشبووینە تەسەللا بۆڕۆحی یەکتر.
دەبێ ئێمە ناو بنرێێن نەوەکانی شەو.. نەوەی ئەو مانگەشەوەی کە هێندە لەسەر دەستی حەمە عەلی خان گریام نازانم بۆ لە خۆیەوە بە عەرەبی پێی وتم " لقد بللت یدی بالدموع یا صدیقی".. نەوەی ئەو شەوە بەفراوییانەی کە ماڵی خۆمان تژی بوو بوو لە هەڵاوی بۆنخۆشی هەناسەی هاوڕێکانم و کزەباش لەودیو پەنجەرەکانەوە بە حەسرەتەوە تەماشای دەکردین و دەمی پڕ بووبوو لە تامی قسە خۆشەکانمان. بەفرەکەش هەر بە ئانقەست خۆی دەکێشا بە شووشەی پەنجەرەکەدا بۆ ئەوەی پێمان بڵێت منیش هەم، ئەوە بۆ دەرگام لێ ناکەنەوەکافر بابینە !؟
ئێمە دەبێ ناوبنرێین نەوەی بێداریی و گێنگڵدان و شێتیی..ئێمە ئەو نەوەیە بووین غەدرمان لە خۆشییەکانی خۆمان دەکرد وڕۆحمان دەکردە بەیداخی سەر هەنگاوە شەکەتەکانی یەکتر.. لە تابلۆکانی وەهبی ڕەسوڵ و مەریوان جەلال و شیروان تۆفیق و کاروان بەرخییەوە دەپەڕینەوە بۆ شیعرە پەژمووردەکانی خۆم و لەوێوە بۆ سەر تەختەی شانۆ بۆ لای حەسەن عەلی ساڵح و ڕزگار باهیر و نیاز لەتیف و بەکر فەرەج و هاوڕێ عەزیز ...نازانم ..نا.. هێندە دەزانم کوێمان بویستایە بە چاوترووکانێک پێی دەگەیشتین.
ئێمە نەوەیەک بووین نە لە کەس دەچووین و نە کەسیش لە ئێمە دەچوو ، ئێمە لە حوزندا لە شیعرەکانی حەمەعومەر عوسمان و لە شادییدا لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک دەچووین، نەوەیەک بووین لە ڕەنگی پەلکە زێڕینە ، لە ئاراس عەزیز عەبدوڵڵاوە ڕەنگمان دەگرت هەتا هیدایەتی عەبدوڵڵا حەیران و سەڵاح محەممەد و عوسمان شەیدا و حەمە حسێن هەڵەبجەیی و دڵشاد کاکی و عەباس ساڵح و میدیا بێگەرد و نیگار حەسیب و کەژاڵ ئەحمەد و خاڵە بەکر و هاودەم ساڵح و نەوزاد باراوی و عومەر ڕەسوڵ و گەنجەی ڕەوف زوهدی و زاهیری عەبەڕەش و شیروان تۆفیق و ئازا حەسیب قەرەداخی و ئاسۆ عومەر سوارە و بەڵێن ئەحمەد و سەردار فەتاح و ئازاد بەرزنجی و دلاوەر قەرەداخی و هیوا قادر و ئەحمەد ڕەزا و کاوە جووتیار و خالید ڕەسوڵ و کامیل فەخرەدین و دانا ڕەوف و ئاکۆ غەریب و عەدنان کەریم و غەمگین فەرەج و خەرمان هیرانی و فرمێسک مستەفا.. ئیمە هەمیشە ڕەنگمان لێ دەباری ، لە ڕەنگی حوزنەوە تا ڕەنگی زەردەخەنە و قا..قا .
نەوەیەکین وەک پەڕەی گوڵاڵە لێمان هەڵوەریوە و چەشنی فرمێسکیش هەمیشە دەبریسکێینەوە .
--
بەرزان هەستیار
یانوەری 2022
ئەلمانیا/کۆلن

Related Articles