هەر ڕۆژتان نەورۆز نەورۆزتان پیرۆز! ...ئاریتما موحەممەدی

هەر ڕۆژتان نەورۆز نەورۆزتان پیرۆز! ...ئاریتما موحەممەدی

کە نەورۆز و بەهار هات من و بولبول سەر لە کوێستان دەنێین، لە پێدەشتی هەر شاخێک ماڵێک لە گوڵ ساز دەکەین.

نەورۆز وەک جێژنێکی نەتەوەیی و کوردی دەمێکە بووەتە ڕەمزی خەباتی نوێ لە جوانترین و ڕازاوەترین وەرزی ساڵ، لە دەسپێکی ئەم وەرزە نوێیەدا هەم ساڵ نوێ دەبێتەوە هەم شاخوداخەکانی کوردستان سروشت و سیمایەکی جوان بە خۆیان دەبەخشن، دارستانەکانی کوردستان جوانترین بەرگی نوێی ساڵ و سروشت لە بەر دەکەن و گەش بونەوەی چیاکانیش کۆتایی ئەم دەسپێکە جوانەی وەرز نییە، ئەو وریا بونەوەی سروشت، پەل ڕادەکێشێت بۆ ناو پاڵندەو پەلەورەکانیش و وەخۆ دەکەون بۆ ئەوە کە لە دەسپێکی ئەم وەرزەدا ماڵ و هێلانەیەکی نوێ لە گژ و گیان بۆ خۆیان ساز بکەن.

نەورۆز و بەهار و وەرزی نوێ، تەنیا بەواتای جوانی و ڕازاوەی سروشت و لە بەر کردنی بەرگی ڕازاوەی دارستان نییە، بەڵکو ئامێتەیەک دەبێت لە دەنگی بەسۆز و موسیقای سروشت و جیکەجیکی باڵندە عاشقەکانی ناو سروشتیش.

لە لایەکی دیکەوە، نەورۆز و وەرزی بەهار و سروشت بە واتای سەرکەوتنی ڕوناکی و گەرما بە سەر سەرماو سۆڵەی زستان و بەفر و چەقێنی وەرزی تاریکی بووە.

وەرزی نوێی بەهار و نەورۆز هەمیشە ورەی بە نەوەی نوێ بەخشیوە و بە گەرم بونی هەوا و وەزینی تیشکی پڕ لە گەرمی ڕۆژ و خۆرەتاو، خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد بڵێسەی سەندووە و هەنگاوی مەزنی بۆ هەڵهێنراوەتەوە.

زۆربەی هەرە زۆری بزوتنەوە کوردییەکانی نەتەوەی کورد لە میژوی پڕ لە چەرمەسەری ئەم نەتەوە چەوساوەیەدا لە نەورۆز و وەرزی نوێی بەهار و دەسپێکی ئەم وەرزە جوانە هەستانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و سروشت یارمەتیدەری بووە بۆ ئەوە کە لە خەبات و تێکۆشاندا پێویستی بە هیچ نەبێت.

ئەگەر بە شێوەی جیاواز چاو لە بەهار و ئەم وەرزە ڕازاوە بکەین، ئەوا دەبینین کە چ لە باری ئابوری و خۆراک و خۆ پۆشت کردنەوە، ئەم وەرزە، بە وەرزی مانەوە و ژیانەوەی نەتەوەی کورد لە کوێستانەکانی کوردستان دەناسرێت و گەورەترین هۆکاری مانەوەی کورد، بە کورد و کوردی بووە.

بەهار، ئەو وەرزە بووە کە خۆڕاگری و ورەی بەرزی بە نەتەوەی کورد بەخشیوە و بووەتە هۆی ئەوە کە ئەم نەتەوەیە پێویستی بە خۆراک و خواردەمەنی دەرەکی نەبێت و دەستی بێگانەی بە ڕاگەیشتن بە کوردستان کورت بکاتەوە.

تا پێش گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە کوردستان و ناوچەکە، نەتەوەی کورد خۆی بەڕیوەبەرایەتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناڤینی گەوروەو بچوکی کردووە.هەروەها لە پاش هاتن و جێگیر بونی ئەو ئایینەش، کورد دواتر دەسەڵاتی بە دەست گرتووەتەوە و تا ئەو کاتەی کە ئیمپراتوری عوسمانی ڕۆخاوە دەسەڵاتی بە سەر کوردستان هەبووە، بەڵام لە ژیر سێبەری وڵاتانی زلهێزی وەک بریتانیا، فەانسە، یەکێتی سۆڤییەتی پێشو و ئەمریکا، دابەشکرا بە سەر ئەم وڵاتانەی تورکیە، عێراق، سوریە و ئێران.

هێنانەوەی ئەو فاکتانە لە بەر ئەوە بو کە پەیامی نەورۆز و وەرزی نوێ لە مێژوی نەتەوەی کورد بگەیەنم و نەورۆز و بەهار وەک کاریگەرترین هۆکاری مانەوەی کورد لە خەبات و تێکۆشان بخەمە بەر باس.

هەر بۆیە نەتەوەی کورد هەمیشە لە دەسپێکی وەرزی بەهار و نەورۆزی نوێ لە لایەن داگیرکەرانیەوە هەوڵی قڕ کردن و لە ناو بردنی دەدرێت و بە هەمو شێوەیەک پلان بۆ تێکدانی نەورۆزی کوردی دادەڕێژن.

ئەم ساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو لە دەسپێکی ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەواری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێکی زۆر لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی دەست بەسەر کران و ڕەوانەی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کران.

کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیە دەیهەوێت پێش بە چالاکی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێت و بیری نەورۆزی و بەهاری کورد لەو بەشەی کوردستان کز و لاواز بکات، ئەوەی لە بیر چووە کە بە دەست بە سەرکردنی لاوانی کورد، ورەی بەرزی نەتەوەی کورد بڵێسە دەکات و ڕق و تینی لاوانی نیشتمانی کورد بەهێزتر و بە هیمەتر دەبێت و بەئەمەکتر بۆ هیوای بەرزی کورد تێدەکۆشن.

نەتەوەی کورد لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەستی بەوە کرد کە ئەو ڕژیمە دژی کورد و هیوای کوردە، هەر بۆیە پشتی پێنەبەست و پێچەوانە لە دژی ڕاوەستا و خەبات و تێکۆشانی دەست پێکرد.

ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە سەنگەری بەرخۆدانی مەزنی لاوان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کورد، کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانێت نەتەوەی کورد ملکەچی ویست و داخوازییەکانی خۆی بکات و لە ژێر تێغی سیاسەتەکانیدا نەتەوەی کورد بتوێنێتەوە.

نەتەوەی کورد ئامانج و هیوا و ئاواتی دیاریکراوی خۆی هەیە و لەو پێناوەدا پەرە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیی دەدات، نەورۆز و وەرزی بەهاریش سیمبولی تێکۆشانی نەپسای کوردە.

 هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی و داگیرکەرانی کوردستان، ناتوانن نەورۆزی کوردی تێکبدەن و ئاسۆی کورد بشێوێنن.نەتەوەی کورد لە مێژوی سیاسی خۆیدا ئەوەی سەلماندووە کە بە " شیمایی" باران کردن، ئەنفال، قڕ کردن، لە سێدارەدانی ٥٩ لاوەی مەهاباد و ژینۆسائید کردنی کورد لە باکور و ڕۆژئاوا و دەیان و سەدان هەوڵی لە ناو بردنی کورد بە چۆکدا نایەت و نەورۆزی کوردی بەردەوام دەبێت و بەهاری کوردی هەر چەند پوشپەڕان و خەزانی پاییز و سەرمای زستانی بەدواوە بێت پیگەی تاییبەتی خۆیی هەیە، گەرمی و جوانی و ڕازاوەیی ئەو، کاریگەری لە سەر هەمو وەرزەکانی ساڵ دادەنێت.

لە کۆتاییدا پیرۆزبای خۆم ئارەستەی ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرانەی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم و هیوای نەورۆزێکی پڕ لە دەسکەوت بۆ کورد و نەتەوەی کورد دەخوازم.بەو هیوایە کورد لە ساڵی ٢٧١٣ی کوردی بە ئامانجی مەزنی خۆی بگات.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر