• واتساپ و فایبەر
  • 00964770768123
  • kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz
  • کوردستان نێت نێتی هەمووانە
Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە

ئاریتما موحەممەدی

ئاڵای کوردستان ڕەمزی هەرمانی نەتەوەی کوردە! ... ئاریتما موحەممەدی

ئاریتما موحەممەدی 18 December 2013

ڕۆژی 26ی سەرماوەزی ساڵی 2645ی کوردی ئاڵای کوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستانەوە هەڵکرا، ئەمڕۆ 26ی سەرماوەز ڕۆژی فەرمی ئاڵای کوردستانە لە هەرێمی باشووری کوردستان و هاوکات ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەو مەبەستەش لەلایەن خۆمەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مەزنە لە هەموو گەلی کورد، بەتاییبەتی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم!.

ئاڵا ڕەمزێکی مەزن و بنەڕەتی هەر نەتەوە و خەڵک و کۆمەڵگایەکە، نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەکانی دیکە ئەو مافەی هەیە کە ئاڵای تاییبەت بەخۆی هەبێت، و لە بۆنە تاییبەتییەکانیدا وەک هێمای نەتەوەیی و هەرمانی کورد کەڵکی لێوەر بگرێت، ئاڵا لەلایەن حوکوومەت، دەسەڵاتی وڵاتەوە یان خود لەلایەن پارت و ڕێکخراوگەلێکی تاییبەتەوە وەک هێما و ڕەمزی نەتەوەیی دیاری دەکرێ و پێناسەی دەکەن و هەڵ دەکرێت. تا ئەوەندەی کە من ئاگادار بم تاکوو ئیستا لە هیچ قوژبنێکی جیهان ئاڵا لەلایەن گەلەوە دەنگی پێنەدراوە و دیاری نەکراوە، بەڵکوو لەلایەن لیژنەی تاییبەتەوە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن پارلەمانی وڵاتەوە سەرپەڕەشتی کراوە، بۆ پێشنیار کردنی چەند ڕەمز و ئاڵا، دواتر پارلەمانی وڵات دەنگی لەسەر داوە و زۆر جاریش پێش ئەوە کە ئاڵا لەلایەن پارلەمانەوە دیاری بکرێ و لیژنەی تاییبەتی بۆ ڕێکبخرێ، وەک هێما و سیمبوولی نەتەوەیی لەناو گەلدا جێکەوتووە، ئاڵای چوار ڕەنگی کوردستان، سوور، سپی، زەرد و سەوز لەو ئاڵانەیە کە پێش درووست بوونی حوکوومەت و پارلەمانی کوردستان، بەپێی دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کوردستان و بەپێی ئەو بارودۆخە کە شۆڕشەکانی کورد و ڕاپەڕیینەکانی ئەم نەتەوەیە تێپەڕیان کردووە، پێک هاتووە و وەک هێمای مەزنی کوردستان گەشاوەتەوە، هاوکات دووژمنانی کوردستان ئەو ئاڵایە بە ڕەمزی نەتەوە کورد پێناسە دەکەن و وەک هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسیی و لەت لەت بوونی وڵاتەکەیان پێناسەیان کردووە. وڵاتێک کە لە داگیر کردنی خاکی نەتەوەی کورد پێکهاتووە.

مێژووی ئاڵا؛
مێژووی درووست بوونی ئاڵا بۆ دەیان هەزار ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە و کاتێک کە مڕۆڤە سەرەتاییەکان بۆ ناساندی دۆست و دووژمنی خۆیان لە پێستی حەویوان کەڵکیان وەر گرتووە و وەک ڕەمز و ڕەنگ و هێمای خۆیان پێناسەیان کردووە. لە مێژووی میسر، ی کۆندا هاتووە کە ئەوان لە دارێکی درێژ کە پەیکەرێکی ئاسنینی بەسەرەوە بەسترابووە، وەک هێما و ڕەمزی نەتەوەیی خۆیان کەڵکیان لێوەر گرتووە و پێناسەیان کردووە. بەڵام ئەگەر باس لە مێژووی ئاڵا لە پەڕۆ یان پارچە بکەین، ئەوا دەبێ بڵەیین کە چینی، یەکان و هیندی، یەکان یەکەمین خەڵک بوونە کە ئاڵایان لە پەڕۆ و پارچە ساز کردووە. لە یەکێ لە سەرچاوە مێژووییەکاندا هاتووە کە 1100-1200 ساڵ پێش لەدایک بوونی مەسیح، چینی، یەکان لە ئاڵای پەڕۆ و پارچە کەڵکیان وەر گرتووە. دواتر یوونان، ییەکان و ڕوومییەکان ئاڵای پەڕۆ و پارچەیان بەکار بردووە، بەتاییبەت لە کاتی ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتیدا وەک هێمای سەرکەوتن بەکاریان هێناوە.

مێژووی ئاڵا لە کوردستان؛
ئەگەر باس لە مێژووی ئاڵا لە کوردستان و زاگرۆس بکەین، ئەوا بوونی ئاڵا بۆ هەزاران ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە، ئاگر وەک ڕەمزی سەرکەوتن و خۆشی و شادی لە کوردستان کەڵکی لێوەر گیراوە، بۆ نمونە لە جێژنی ماد، ەکان و سوومێری، یەکان ئاگر ڕەمزی سەرکەوتن و خۆشی و شادی بووە. هەروەها لەکاتی ڕوودانی ڕووداوێکی ناخۆش یا خود لە بەرامبەر هێڕشی دەرەکی بۆ ئاگادار کردنەوەی هەموو سپا و حوکوومەت و ناردنی پەیام بۆ ناوچەکانی دیکە لە کردنەوەی ئاگر کەڵکیان وەرگرتووە. دواتر ئاگر و خۆر وەک هێما و سیمبوولی نەتەوەیی مادەکان و زەڕدەشتییەکان جێکەوتووە و هەردەم لە بۆنە ئایینی و تاییبەتییەکانیاندا وەک بەشێکی گرینگ و پڕ باییخی کولتووریان پێناسە کراوە. ئەو بەشە لە کولتووری ماد، ەکان لە پاش تێپەڕبوونی سەدان قۆناغی گرینگ و پڕ باییخ لە جیهان و ناوچەکە، ئیستاش لە کوردستان ماوە و لە جێژنی نەورۆز لە ئاگر وەک ڕەمزی نەتەوەیی و مێژوویی کەڵک وەردەگرن و هەمیشە لە بۆنە خۆشی و شادییەکان بەشێکی دیاری ئەو ڕێوڕەسمانەی پێکهێناوە. مێژووی ئاڵا لە ئەورووپا زۆر دوورودرێژ نییە، کۆنترین ئاڵا لە ئەورووپا ئاڵای وڵاتی دانمارک بووە کە مێژووەکەی بۆ 794 ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە. ئەو ئاڵایە پارچەیەکی سوور بووە کە هێمای لە خاچدانی مەسیحی لەسەر بووە.

گرینگی و باییخی ئاڵا؛
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان هەر بنەماڵەیەکی دەولەمەند یا ئاغا و فیۆدال، یان خود هەر کاروانێکی بازرگانی ئاڵای تاییبەت بەخۆی هەبووە و هەمیشە لە کاتی سەفەر بۆ ناسینەوەی ئەو کاروانە کە هی چی وڵات و ناوچەیەکە و لە کوێوە هاتووە، ئاڵایان بەکار هێناوە و کەڵکیان لە ئاڵا وەر گرتووە. ئەوەش بەو مانایە دێت کە ئاڵا ڕەمزی هەرمانی هەر نەتەوە و وڵاتێکە، بوونی ئاڵا پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە و بۆ ئەوە کە نەتەوەیەک کیانێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، دەبێت پێش ڕاگەیاندنی ئەو کیانە سەربەخۆیە ئاڵا و سروودی نەتەوەیی هەبێت، یان خود کارئاسانی کردبێت بۆ یەکخستنی گوتاری هاوبەش بەمەبەستی وەگەڕ خستن و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەو قۆناغانەی بڕیبێت و کۆمەڵێک ڕێکاری نوێی خستبێتە گەڕ بۆ ئەوە کە هەستی نەتەوەیی و هێمای گەل بەئارەستەیەکی دیاری کراوی هاوبەش ببات و هەنگاوی پێ بنێت.

ئاڵا کۆمەڵێک ڕەنگوبۆی تاییبەت بە وڵات و کۆمەڵگا جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت و پێک دێنێت کە بەپێی سرووشتی ئەو ناوچە و دابونەریتی ئەو کۆمەڵاگانە لە ڕەمز و سیمبوولیان ڕەنگ دەداتەوە و هاوکات واتای جیاوازی هەیە، بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان ئاڵا یان خود ڕەمزی چەنگیز خانی مەغوول لە کلکی 9 ئەسپ پێکهاتبووە، لەبەر ئەوە کە سەرکردەیەکی مەزن بووە و هەمیشە لە شەڕدا ئەسپی بەکار هێناوە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە لە کلکی ئەسپ ڕەمزی وەر گرتووە، ئەسپیش لەو سەردەمەدا تاکە کەرەستەی گرینگی شەڕەکان و هەروەها خێرایی بووە، هەر وڵات و هۆزێک ئەسپی باشی هەبوایە ئەوا سەرکەوتنی مەزنی بەدەست دەهێنا.

ڕەنگەکان بەواتای مانای جیاوازن؛
ئاڵای وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆمەڵێک ڕەنگوبۆ کە تا ئاستێک لەیەک نزیکن، پێک دێت، بەڵام لە واتا و مانادا زۆر لەیەک جیاوازن، بۆ نموونە ڕەنگی سەوز لە وڵاتە ئیسلامییەکان بەواتای موسووڵمان – ئیسلام بوونی ئەو وڵاتەیە، بەڵام ڕەنگی سەوز لە ئاڵای کوردستان بەواتای سەرسەوزی، سرووشتی جوان و دارستان و دەوڵەمەندبوونی خاک و ئاوی کوردستانە، ڕەنگی سوور لە ئاڵای کوردستان بەواتای خەبات و تێکۆشان لە پێناو سەربەخۆیی و ڕزگاری نەتەوەیی کورد لەژێر دەستی و خوێنبازی و لەخۆ بردووییە، ڕەنگی سپی بەواتای ئاشتی و ئارامی و هەوڵدان بۆ ژیانێکی بەختەوەر و کامەرانیی و بەرابەرییە، ڕەنگی زەردیش بەواتای مانەوەی شارستانییەت و تەمەدوونی بەردەوام لە کوردستان و گرینگ بوونی خۆر بۆ خاکی کوردستانە، چونکوو وڵاتێکە کە بۆ کشتوکاڵ گونجاو و لەبارە، هەروەها خۆر لە ئایینی کۆنی کوردان بە هێمایەکی پاک و پیرۆز پێناسە کراوە و هەمیشە جێگای باییخ و ڕێزی مادەکان و باوباپیرانی ڕابردوومان بووە.

هۆکاری گۆڕانکاری لە ئاڵا؛
ئاڵای بەشێک لە وڵاتان بەپێی بارودۆخ و پێشکەوتنی شێوەی ژیان و ڕۆخان و هاتنە سەرکاری حوکوومەت و سیستم و دەسەڵاتی نوێ، ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و ڕەمز و هێماکانیش بەپێی هەمان بارودۆخ گۆڕانکاری تێدا کراوە، بۆ نموونە ئاڵای کۆماری کوردستان کە ئاڵای فەرمی کۆمار بووە لەگەڵ ئاڵای ئیستای کوردستان جیاوازە، ئاڵای کۆمار لەهەمان چوار ڕەنگی ئیستا ئاڵای کوردستان پێکهاتبوو، بەڵام چەند هێمای جیاوازی لەخۆ گرتبوو، ئەو ئاڵوگۆڕەش بەواتای پێکهاتنی گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگای کوردستان.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ئیستراتیژی نەرم دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر ئاڵۆز دەکات! ... ئاریتما موحەممەدی

ئاریتما موحەممەدی 12 December 2013

هەنووکە هەموو دەسەڵاتداران و پلان دانەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سیستمی وەلایەتی فەقی لە بیری ئەوەدان کە چۆن دۆخی سیاسیی و پێگەی کۆمەڵایەتیی ڕژیم جێگیر بکەنەوەو لە هەوڵی ئاشت کردنەوەی ڕژیم لەگەڵ خەڵک دان، هاتنە سەرکاری حەسەن ڕۆحانی لە پێناو ئەوە دایە کە کێشەکان بڕەوێنێتەوەو دەورو ڕۆڵی خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشووتری کۆماری ئیسلامی ئێران بگێڕێت، تاکوو ئیستاش هەوڵە سەرەتاییەکانی سەرکەوتوو بووە، بەڵام لەو لاشەوە کاتی ئەوە گەییشتووە کە لایەنە کوردییەکان لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ یەکتر هەڵبدەنەوەو چاوێک بەدۆخی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بخشێنن.

ئەو هەڵەش دەبێت پڕۆژەی گرینگ و پێویستی پێ بێت و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دابنێت. لەو کاتەوە کە کێشەی نێوان پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات پەرەی گرتووە، گوشارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ سەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان زێتر بووە، بێ هیوا بوونی خەڵک لە پارتە کوردییەکان، ملکەچ بوونی کۆمەڵگا لەهەمبەر سیاسەتەکانی ڕژیم دێنێتە کایەوە، لە یەک دەیەی ڕابردوو کە هێزە کوردییەکان بەرەو لاوازی ڕۆییشتوون، ئاستی خزمەتکردنی و پێڕاگەییشتن و نۆژەن کردنەوەی ناوەندە گرینگەکانی وەک قووتابخانەو نەخۆشخانەکانیش دابەزیوەو گرینگی و باییخی پێ نادرێت. دەبێت هێزە کوردییەکان ئەوەندە بەهێزو یەکگرتوو بن کە کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک کۆماری توورکییەی فاشیست هەست بەمەترسی بکات و ناچار بێت کە چاوێک بەدۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و قەیرانە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بخشێنێتەوە.

ئیستراتیژی نەرم لەپێناو ئامانجێکی هاوبەش؛

ئەم قۆناغەی ئیستا کە گرتنەبەری دیپلۆماسی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و دەسپێکردنی وتووێژو کرانەوەی سیاسیی بەڕووی دوونیای دەرەوەدا هێناوەتە گۆڕێ، تەنیا بەمەبەستی ڕزگار کردن و خۆدەرباز کردنی ڕژیمی وەلایەتی فەقی لەو دۆخە دژوارەیە کە تووشی بووەو تێی کەوتووە. هەوڵەکانی ڕۆحانی سەرەتای ئەو ئیستراتیژییە سیاسییەیە کە ڕژیم لە پێشی گرتووەو دەستی پێکردووە، هەروەک ئاماژەی پێکرا ئەو کرانەوەیە تەنیا لە بازنەی سیاسەتی دەرەوەدا هاتووەتە گۆڕێ و سیاسەتی نێوخۆیی لەخۆ ناگرێت. دەبێت چاوەڕیی ئەوە بین کە ڕژیم گوشاری پتر بۆ سەر کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بهێنێت و زێتر هەوڵی سەپاندنی سیاسەتی فاشیستی و شۆردنەوەی ناسنامە بەسەر نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بخاتە گەڕ.

لەسەر دەمی دەسەڵاتدارێتی ڕۆحانیدا کۆمەڵێکی زۆر لە چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنی و کرێکاری دەکەونە بەندیخانەو گیانی زۆر لەو تێکۆشەرانەش دەکەوێتە مەترسی و لەوانەیە زۆربەیان لە سێدارە بدرێن یان خود بەدەیان ساڵ بەندکردن سزا بدرێن. ئامانجی سیستمی وەلایەتی فەقی ئەو ڕۆڵە هێمن و ئارامەیە کە لە پێوەندی بەڕۆژئاوا بینوێنێت و ڕووخسارێکی نوێترو نەرمتر لە جاران پێشانی دەرەوە بدات. کۆماری ئیسلامی ئێران بەو دەرئەنجامە گەییشتووە کە دەبێت ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی خۆی لە پێوەندی بەکێشەکانی سیاسیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە پێش بگرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ئاڵوگۆڕەش بەڕوواڵەت و کاتیش بێت بۆ گەییشتن بە کۆمەڵێک دەستکەوتی سیاسیی و ئابووری کە بتوانێ دۆخی ڕژیم بەرەو باشی ببات و بەشێک لە کێشەکانی پێ چارەسەر بکات. بەڵام ئەزموونی سی و پەنج ساڵی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە کە هەر کات ڕژیم ویستبێتی سیماو ڕووخسارێکی نوێ لەخۆی پێشان بدات، کوشتاری بەندە سیاسیی و مەدەنییەکان و هەروەها دەستبەسەر کردنی ڕووناکبیرانی ناوخۆی لێکەوتووەتەوەو بەدوادا هاتووە.

سیاسەتی بەڕوواڵەت نەرم لە سەردەمی خاتەمیدا کوشتاری گیراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکات ئەو سیاسەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر خەڵکی ئێران بەگشتی و بەتاییبەتی کوردستان دانا، چونکوو بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ئیستاشی لەگەڵ بێت، سەردەمی خاتەمی بەباشترین قۆناغی سیاسیی لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێناسە دەکەن. هەنووکە هەمان سیاسەت و ئیستراتیژییە کە ڕۆحانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کاری بۆ دەکات، ئەو ڕایە زۆر ڕاستە کە پێی وایە کە سەرۆک کۆمارە نوێکان بەگشتی خزمەتی نەتەوەی باڵا دەست دەکەن و لە پێناو بەرژەوەندی ئەواندا هەنگاو هەڵدەنێنەوە، عەقڵییەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەلایەتی فەقی لە پێوەندی بەنەتەوە بندەستەکانی ئێران یەک سیاسەت و یەک هەڵوێستەو ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتووەو نایەت. لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و وەلایەتی فەقیدا، بیرو بۆچوونی تێکەڕای لایەنەکانی ناو ئەو سیستمە لە پێوەندی بەپرس و کێشەی کورد یەکەو هەمووان وەک یەک بیر دەکەنەوە، بەواتایەکی دیکە هەموو لایەنەکانی ڕێفۆرمخواز، تووندڕەو ئیفراتییەکان لەیەک چاوێلکەوە چاو لە پرسی کورد دەکەن. کێشەی ئێمە تەنیا لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە، بەڵکوو ئەو کێشەیە بەرفەراوانەو تەنانەت کەسایەتییە ئێرانی و پانئێرانی و کۆماریی خوازەکانیش لەدەرەوەی وڵات لەخۆ دەگرێت.

خەباتی مەدەنی و بنەما ئیدۆلۆژییەکانی ڕژیم؛

هاوکات لەبەر ئەوەش کە ڕژیم سیاسەتێکی ئەرێنی و مرۆڤ دۆستانەی سەبارەت بەنەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نییە، ئیتر ناشتوانێت دەنگی دژبەرو ڕەخنە ئامێزانەی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنی کورد لەو بەشەی کوردستان ڕچاو بکات و گرینگی و باییخی پێ بدات، بەڵکوو هەموو ئەو ڕەخنەو پێشنیارو هەوڵانە بەمەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی نەتەوەی باڵادەست و چوارچێوەی جوگرافیایی ئێران پێناسە دەکات و بەئەژمار دێنێت. لەو پێناوە دایە کە دەنگی خەڵک و خەباتی مەدەنی و نافەرمانی مەدەنیش کاریگەری ئەرێنی لەسەر داخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانانێت، هەروەک لەسەرەوە باسکراو ئاماژەم پێدا کە ڕژیم بنەماکانی لەسەر عەقڵ و زانست و خزمەتکردن دانەمەزراوە، بەڵکوو پێوەرەکانی ڕژیم بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئازادی و هزرو بیری نوێ و نوێگەرایی، بەندیخانەو سەرکووت و لەدار دانە.

بەدەر لەو پێوەرانە، بنەماکانی سیاسیی و هێڵە گشتییەکانی ڕژیم، ئیدۆلۆژییە سیاسیی و ئایینی و تووتالیتەرییەکان پێکی دەهێنن، بۆیە خەباتی مەدەنی بڕناکات و ئامانجی بنەڕەتی خۆی ناپێکێت و ئاکامەکەی پوچ دەردەچێت. لەلایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی باوەڕی بەئەنجامی وتووێژ لەگەڵ نەتەوەی کورد نییە. هەروەها پێم وایە کە ئاکامی وتووێژەکانی نێوان ڕژیم و ڕۆژئاوا بەهەمان شێوە کۆتایی پێ دێت و دەرئەنجامی کۆتایی ڕێکەوتنی کاتیی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ئەنجامێکی باشی لێناکەوێتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە کۆماری ئیسلامی کەمێک کاتی زیاتر بۆ خۆی دەستبەر دەکات و ڕۆژئاواش بەو ئەنجامە دەگات کە لە ڕێی دانوستان و وتووێژەوە پرسی بەرنامە ناوەکییەکەی ڕژیمی ئێران چارەسەر ناکرێت و پێویست بەوە دەکات کە هەنگاوی دیکە هەڵنێن و قوڵتر لە پرسەکە بڕوانن.

گرینگیی خەباتی چەکداری؛

بەهەمان ئارەستە خەباتی مەدەنی و نافەرمانی مەدەنیش لە سێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ سەمەرو قازانجێکی بۆ کورد پێ نابێت و تەنیا کێشەی کورد و مافی چارەی خۆنووسین دژوارترو ئاڵۆزتر دەکات. تاکە ڕێگە بۆ سەپاندنی هێزو دەستبەر کردنی ماف و ویست و داخوازی گەل، زیندوو کردنەوەی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. خەباتی چەکداری بنەمای هەموو ئاڵوگۆڕێکی پێویست و هەنووکەییە، بەتاییبەت لەو وڵاتانە کە دیکتاتۆری و فاشیزم تێدا حوکوومەت دەکات و وڵات بەڕێوە دەبەن.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا دیکتاتۆرو فاشیست و بە ژێرپێنانی مافەکانی مرۆڤ تاوەنبار نییە، بەڵکوو وڵاتێکی داگیرکەرە کە بەشێک لە نیشتیمانی کوردانی داگیر کردووە، لە پێناو ئەوە دایە کە خەباتی چەکداری پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرەو هاوکات مافی ڕەوای نەتەوەی کوردە کە مافی پارێزگاری کردن لە ماف و ویست و داخوازی و ناسنامەی دەیان هەزار ساڵەی خۆی هەبێت. ئەزموونی خەباتی چەکداری چ لە کوردستان و چ لە جیهان ئەوەی سەلماندووە کە لەو وڵاتانە کە خەباتی مەدەنی بەیاسا ڕێکنەخراوەو ئەزموونێکی سەرکەوتووی دیموکراسی و جێگیربوونی کولتووری دیموکراتیان نییە، ئەزموونێکی سەرکەوتوو و هاوکات پڕ دەستکەوت بووە. کرانەوەی سیاسیی هێناوەتە گۆڕێ و ڕژیمە دیکتاتۆرییەکانی هەژاندووەو لە هەموو گرینگتر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی یەکخستووەو لەژێر چەترێکدا پێکەوە گرێی داون و دەستکەوتی مەزنی بۆ گەل بەدەست هێناوە.

هەڵوەشاندنی خەباتی چەکداری؛

ئەگەر خەباتی چەکداری لەهەر وڵاتێک لە گۆڕێدا بێت، بە واتای هەبوونی کێشەی قووڵی سیاسیی و چارەسەر نەکراو پێناسە دەکرێت، ئەوەش سرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و کێشەکە دەکاتە پرسێکی نێودەوڵەتی، بەهەمان مەبەستەوە داگیرکەرانی کوردستان بەتێکەڕا لە هەوڵی ئەوەدان کە کێشەی خەباتی چەکداری لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەشێوەیەک لە شێوەکان و بەبێ دانی هیچ باج و مافێک کۆتایی پێ بهێنن و بۆ هەمیشە بنبڕی بکەن، ئەو هەوڵەش تاکوو هەنووکە بەباشی و لە قازانجی داگیرکەران بەتاییبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە چووە!. هەنووکە توورکییەش بەهەمان ئامانجەوە لە بیری ئەوە دایە کە کێشەی خەباتی چەکداری لە باکووری کوردستان بەکەمترین باج چارەسەر بکات و هەڵی وەشێنێتەوە!.

ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان پتر سیستمی ئاسیمیلاسیۆنی بەسەردا سەپاوەو تێدا جێبەجێ کراوەو ئەو هەوڵەش لە ڕێڕەوی دەیان ساڵەی دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی ئەسەد بەسەر خۆرئاوای کوردستان بەئەنجام گەییشتووە، بەڵام لەبەر ئەوە کە هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا خەباتی چەکدارییان بەڕێوە نەبردووە، کێشەکانی کەمتر بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناسێنراوەو کەوتوونەتە ڕۆژەڤەوە، کاریگەرییەکانی خەباتی چەکداری گەلێک قووڵن و زوو خۆ دەنوێنن و سرنجی دەرەوە ڕادەکێشن و پرسەکە دەخاتە ڕۆژەڤی ڕۆژنامەو گۆڤارە گرینگەکانی جیهانەوە، بەدەر لەو خاڵە ئەرێنییانەی کە ئاماژەی پێکرا، هەنگاوێک گەل لە بەدەست هێنانی مافی چارەی خۆنووسین نزیک دەکاتەوەو کاریگەری ئەرێنی و باش لەسەر دەروونی کۆمەڵگا دادەنێت و خەڵک بەداهاتووێکی گەش و بەختەوەر هیوادار دەکات.

خەباتی چەکداری باشترین ئەلترناتیڤە بۆ بەدەست هێنانی مافی چارەنووس، ئازادی و جێگرکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتانە کە دیکتاتۆر تێدا حوکوومەت بەڕێوە دەبات، یان خود فاشیزم زاڵە بەسەر سیستمی سیاسیی و پەروەردەی گشتیی وڵات، لەو وڵاتانە دیالۆگ، وتووێژو خەباتی مەدەنی بڕ ناکات و گرینگی و باییخی پێ نادرێت و کێشەی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەچارەسەر نەکراوەیی دەمێننەوەو قەیرانی مەزنتر بەدوایاندا دێت. هاوکات بە سەپاندنی ئابڵۆقەو گمارۆی ئابووری لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەسەر ئەو وڵاتانە، حوکوومەتەکەیان ناڕۆخێت و پتر دۆخی ژیانی خەڵک دەشڵەژێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانیان دادەنێت.

کۆی وتار؛

بەپێویستی دەزانم کە لە کۆی ئەم وتاردا بەکورتی ئاماژە بەچەند لەو هۆکارانە بکەم کە بە لەمپەری بنەڕەتی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکرێت، دوو بەرەکی و چەند بەرەکی، کێشەی سیاسیی و دەسەڵاتخوازی نێوان لایەنەکان و هاوکات هاتنە خوارەوە لەشاخ و سەرقاڵ بوون بەهندێک پرسی لاوەکی و ناپێوەندیدار، سڕبوون و ساردە بوونەوە لە خەبات و تێکۆشان، لەتبوون و جیابوونەوەکان، دوور کەوتنە لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەری و تەوژمی هزری ئێرانی لەسەر پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و لاواز بوونی بیرۆکەی شۆڕشگێڕی لەناو ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو هۆکارە گرینگانەن کە بەلەمپەری بنەڕەتی شۆڕش و خەباتی چەکداریی لە ڕۆژهەڵات پێناسە دەکرێت.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نیلسون ماندێلا کێ بوو، چۆن ژیا! ...ئاریتما موحەممەدی

ئاریتما موحەممەدی 07 December 2013

بەشێک لە مرۆڤە مەزن و کاریگەرەکان قۆناغ و دۆخی تاییبەت هەڵیان دەخەن و پێناسەی بەشێکی دیکەش ڕۆڵ و هەوڵ و تێکۆشانی خۆیانە کە لە پێناو ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، هەوڵدان و خەبات کردن بۆ ڕزگاری نەتەوە بندەستەکانیان دەستیان پێکردووە.ئەو مرۆڤە مەزنانە هەمیشە لە پێناو دابین کردنی کەسایەتییەکی سەربەست و ئازاد بۆ گەلان خەبات دەکەن، بۆ بەدەست هێنانی کەرامەت و گەورەیی مرۆڤ بوون لە هیچ ڕەشە باو کلورەیەکی بەفرو باران سڵ ناکەن، هەر لەکاتی دەسپێکردن و هەنگاونان بەرەو پێشەوە ئاسۆی ڕوونی ئازادی و سەربەستی و دابین کردنی مافەکانی مرۆڤ و بەختیاری کۆمەڵ و سەرکەتن دەبینن و لەو پێناوەدا بەورەن و ئازاو لەسەرخۆن، پشوو درێژو ماندوو نەناسن، لەهەر قۆناغێکدا خەباتی ئەو قۆناغە دەکەن و بەپێی دۆخ و هەلومەرجی ئەو قۆناغە چاوەڕێی دەستکەوت دەبن و بەدەستی دەهێنن، لە قۆناغە دژوارو پڕ لە هەورازونشیوەکانەوە دەستپێ دەکەن و لە ئەو پەڕی هێمنی و ئارامیدا دەستکەوتی مەزن دەستبەر دەکەن و ڕێگای دژوار بەرەو سەربەستی و ئاسۆی ڕوون دەپێون و پێش دەکەون و بەرەو پێش دەچن تاکوو ئامانجی یەکەم قۆناغ و یەکەم دەسپێک و یەکەم هەنگاو بەدەست دێنن، ئەو کات گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکەن، چونکوو خۆیان بەبەرهەمی قۆناغ و دۆخ و هەلومەرجێکی دژوار ناو دەبەن و پێناسە دەکەن، هاوکات خەباتیان بەبەرهەمی ئەو قۆناغە قەیراناوییانە دەزانن کە تێدا ژیاون و لە پێناویدا تێکۆشاون و ڕێکیخستوون، بۆیە قەد خۆیان هەڵناواسن بەشۆڕە داری دەسەڵات و سەرمایە، کاتێک ئامانجیان دەستبەر بوو ئیتر لە دەسەڵات و سەرمایەو سیاسەت دوور دەکەونەوەو گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکەن بۆ نەوەی نوێ، بۆ هزرو بیرو پێنووسی نوێ.

دوێنێ پەنجشەمە سەرلە ئێوارە نیلسون ماندێلا یەکەمین سەرۆک کۆماری دیموکراتی ئەفریقای باشوور بەهۆی نەخۆشیی و پیرییەوە کۆچی دوایی کرد.نیلسون ماندێلا لە ڕۆژی ١٨ی ژووئێنی ساڵی ١٩١٨ی زایینی لە بنەماڵەی تەمبۆ لە گوندی موزۆ لە ناوچەی مەتاتا سەربە ویلایەتی کیپ لە ئەفریقای باشوور لە دایک بووە، ئەمڕۆ ٥ی دیسامبری ٢٠١٣ی زایینی بەرابەر بە ١٤ی سەرماوەزی ٢٧١٣ی کوردی لە ئەفریقای باشوور لە تەمەنی ٩٥ ساڵی بەهۆی نەخۆشی و زۆری تەمەن کۆچی دوایی کرد.نیلسون ماندێلا یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەفریقا بوو کە بەشێوەی دیموکراتی و لە ڕێگای دەنگی خەڵکەوە بەدەسەڵات گەییشت.

ناوبراو سەرۆکی کونگرەی نەتەوەیی ئەفریقا بوو، هاوکات یەکێ لەو کەسانە بوو کە لەدژی فاشیزم و جیاوازی دانان لەنێوان نیژادەکان و نەتەوەکان خەباتی دەکرد.نیلسون ماندێلا لەبەر هۆی ئەوە کە کاتی خۆی لە خەباتی چەکداری و چریکیدا لە دژی فاشیزم و ”ئاپارتایید” بەشداری کردبوو، ماوەی ٢٧ ساڵ تەمەنی لە بەندیخانە تێپەڕ کرد.

ماندیلا یەکێ لەو کەسانە بوو کە هەموو ژیانی تەرخان کرد بۆ ئازادی و یەکسانی و مافی بەرابەر بۆ هەموو نەتەوەکانی ئەفریقای باشوور.لەو کاتەدا کە خەباتی بۆ گەلانی ئەفریقا دەکرد، لەلایەن دژبەرەکانیەوە بەکۆمونیست و تیروریست دەناسێنرا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو تەنیا بۆ ئازادی و مافی یەکسان بۆ هەموو گەلانی ئەفریقا خەباتی دەکرد.

نیلسون ماندیلا لەپاش ئازاد بوونی لە بەندیخانە پەرەی بەخەباتی ئاشتیخوازانە دا، ئەوە بووە هۆی ئەوە کە ئەفریقای باشوور ڕووبە دیموکراسی پێش بچێت و گەشە بکات، کە لە ئاکامدا بووە هۆی ئەوە کە دیموکراسی لەو وڵاتە جێگیر بکرێت و کۆتایی بەفاشیزم و ”ئاپارتایید” جیاوازی نێوان نەتەوەکان بێت.ئەوەش بەیەکێ لە کارە هەرە مەزنەکانی ناوبراو پێناسە دەکرێت.

نیلسون ماندێلا لەماوەی ژیانیدا دەیان قۆناغی پر لە هەورازونشیوی تێپەڕاند، بەڵام تاکوو گەییشتن بەئامانجە مرۆڤایەتییەکانی دەستی لە خەبات و تێکۆشان هەڵنەگرت، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە ناوبراو لە جیهاندا ناوبانگ دەربکات و بناسرێت و ڕێزێکی زۆری لێ بگیردرێت و دەیان خەڵاتی ئاشتی لەپێناو هەوڵەکانی بەدەست بهێنیت.

ماندێلا لەبەر فاشیست بوونی ڕژیمی توورکییەو هەروەها سەرکوت کردنی گەلی کورد لەلایەن ئەو وڵاتەوە خەڵاتی ئاتاتوورکی وەرنەگرت و وتی کە تاکوو مافی نەتەوەی کورد لەو وڵاتە دەستبەر نەکرێت سەردانی توورکییە ناکات و ئەو خەڵاتە هیچ گرینگی و باییخێکی نییە لە کاتێکدا کە نەتەوەیەک لەو وڵاتە دەچەوسێنرێتەوەو مافەکانی نکۆڵی لێدەکرێت و کولتوورەکەی ئاسیمیلە دەکرێت.

نیلسون ماندێلا لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک کە لە ڕۆژی ٢٧ی ئاوریلی ساڵی ١٩٩٤ی زایینی بەڕێوەچوو بووبە سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوورو تاکوو ساڵی ١٩٩٩ی زایینی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە بوو، ناوبراو یەکەمین جار لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا بەشداری هەڵبژاردنی کردووەو دەنگی داوە.

ماندێلا هەردەم لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو بۆ ئەوە کە ئاشتی نەتەوەیی لە وڵاتەکەی دابین بکات، ئەو بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لە بوارەکانی وەرزش و سیاسەت، نیژادە ڕەش و سپییەکانی ئەفریقای باشووری پێکەوە ئاشت کردەوەو یەکێتی نێوانیانی گرێ داو ئاشتی نەتەوەیی ڕاگەیاندو ئابووری ئەو وڵاتەی بووژاندەوەو لەچارەسەر کردن و دابەزاندنی تووش بوون بە HIV نەخۆشی لاواز کردنی بەرگری لەش لەو وڵاتە هەنگاوی گرینگی هەڵنا.

نیلسون ماندێلا سێ جار ژیانی هاوسەرێتی پێک هێناوەو دوو لە هاوسەرەکانی لەبەر هۆی سیاسیی و شۆڕشگێڕی ناوبراوو هاوکات مانەوە لە بەندیخانە لێی جیابوونەتەوەو لە ژنی یەکەمی دوو کوڕو دوو کچی هەیە کە یەکێ لەوانە هەر لە ساواییدا گیانی لەدەست داوەو مردووە، ماندێلا جارێکی دیکە لە تەمەنی ٨٠ساڵیدا ژیانی هاوسەرێتی پێک هێناوەتەوە.ماندێلا تاکوو کۆتایی ساڵی یەکەمی زانکۆ لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان درێژەی بەخوێندن داوە، دواتر بەهۆی بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەک کە خوێندکاران لە پێوەندی بەسیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە بەڕێوە بردیان بۆ هەمیشە لە خوێندن دوور خرایەوە.بەڵام پاش ئەوە کە لەو زانکۆیە دوور خرایەوە، وازی لە خوێندن نەهێناو لە زانکۆیەکی دیکە بەناوی ویتواترسەرەند بەشی یاساو مافی تەواو کرد.

ماندێلا لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا دەستی لە کارو باری سیاسیی کێشایەوەو بڕیاریدا کە پتر کات بۆ ژیان لە گەڵ بنەماڵەکەی دابنێت.هەر لەو کاتەدا کە دەستی لە کاری سیاسیی کێشایەوە پتر باییخ و گرینگی بەپرسە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکەی داو لەدەیان کۆنفرانسی گرینگی جهیانی لەپێوەندی بەبنبڕ کردنی HIV نەخۆشی لاواز کردنی بەرگری لەش بەشداری کردو هاوکات گرینگی و باییخی بەئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە هەموو جیهان دەدا.

ماندێلا وەک خۆی دەڵێت، مرۆڤ زۆر گەورەو مەزنە، چونکوو ئەو یەکەمین ناسناوی نەشیاوی پێوە بەستراو تۆمەتی تیرورست و کۆمونیست بوونی وەپاڵ درا، بەڵام لە دوای دەیان ساڵ توانی ئەو ناسناوە نەک هەر بشواتەوە بەڵکوو لەجێی ئەوەدا ناسناوی باڵوێزی ئاشتی و تێکۆشەری مافەکانی مرۆڤ بۆ خۆی مسۆگەر بکات و ببێتە نمونەیەکی سەرکەوتوو بۆ هەموو گەلان و تێکۆشەرانی ڕێی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و باییخە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان لە جیهان.

هەنووکە نیلسون ماندێلا بەسیمبولی ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و هیوا بەرزەکانی مرۆڤ پێناسە دەکرێت.ماندێلا لە ژیانی سیاسییدا کۆمەڵێک خەڵاتی بەدەست هێناوە کە بەشێک لەو خەڵاتانە بریتین لە؛ خەڵاتی ئاشتی نۆبێڵ لەساڵی ١٩٩٣ی زایینی، خەڵاتی ئاشتی لنین لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینی، خەڵاتی لێبووردەی نێونەتەوەیی لەژێر ناوی خەڵاتی باڵوێزی ئاشتی و ویژدان لەساڵی ٢٠٠٦ی زایینی و هەروەها چەندین خەڵاتی گرینگی دیکەی بەدەست هێناوە.

ماندێلا بەدەر لەوە کە لە ژیانیدا چریک و پارتیزانێکی مەزن، تێکۆشەرو چالاک و سیاسەتمەدارێکی ئەکتیڤ و کارامە بووە، هاوکات دەیان وتارو بابەتی گرینگ و پڕ باییخی لە پێوەندی بەپرسە جیاوازەکانی کۆمەڵگاوە نووسیەوەو یەکێ لە کتێبەکانی لەژێر ناوی ڕێی پڕ هەورازونشیوی ئازادی و هەروەها یەکێکی دیکەی کتێبەکانی بەناوی ژیانی شاراوەی من یان خود نهێنییەکانی ژیانم نووسیوەو بڵاو کردووەتەوە، هەروەها لەلایەن نووسەرە جیاوازەکانەوە لە هەموو جیهان چەندین کتێبی لەبارەوە نووسراوە.

سەرچاوە؛ ڕاپۆرتێکی کاناڵی NRKی نۆروێژ.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

لە ڕۆژی ئایدزەوە تاکوو هۆکارو چارەسەری! ...«دەیان کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگری ئەو نەخۆشییەن، بەڵام لێی ئاگادار نین» ...ئاریتما موحەممەدی

ئاریتما موحەممەدی 01 December 2013

ئەمڕۆ یەکشەمە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧١٣ی کوردی ڕۆژی جیهانی ئایدزە لە هەموو جیهان.ئایدز نەخۆشییەکی کوشندەیە کە کار دەکاتە سەر بەرگری لەش و ڕێگە ئاسان دەکات بۆ ئەوە کە لەش بەرگری خۆی لە دەست بدات و تووشی دەیان نەخۆشی کوشندە بێت کە لە ئاکامدا گیانی نەخۆشەکە دەگرێت و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت.تاکوو ئیستا لە جیهان دەیان ملیۆن کەس بەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن و چەندین ملیۆنیش بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لە دەست داوەو ساڵانە سەدان هەزار کەس لەهەموو جیهان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن و دەمرن.

نەخۆشینی ئایدز لە ڕیگەی پێوەندی سێکسی، گواستنەوەی خوێن لەڕێگای دەرزی و لە سەرتاشخانەکان و هەروەها لەکاتی دەرهێنان یان خود پڕ کردنەوەی ددان تووشی مرۆڤ دەبێت و گیانی دەخاتە مەترسی و ژیانی دەهەژێنێت.

تاکوو هەنووکە هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو نەخۆشینە کوشندەیە نەدۆزراوەتەوە، هەر چەند لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هندێک دەواو دەرمان بەرهەم هێنراون کە ئەگەر نەخۆش لەکاتی خۆیدا هەست بەهەڵگرتنی ڤیرووسەکە بکات و سەردانی پزیشک بکات، دەکرێ چالاکبوونی ئەو ڤیرووسە لەناو لەشیدا دوا بخرێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر لەشی نەخۆشەکە کەمتر بکرێتەوە.

نەخۆشی ئایدز کۆمەڵێک نیشانەی هەیە کە ئەو نیشانانە بەواتای هەڵگرتنی ئەو ڤیرووسە نییە، چونکوو هەر وەک باسکرا ئەو نیشانانە لە نەخۆشینەکانی دیکەشدا بەدی دەکرێت.

بەشێک لەو نیشانانە بریتین لە؛ تاو یان خود گەرمبوونی لەش، سەرەئێشە، هارەق کردن لەکاتی خەودا بەڕێژەیەک کە جلەکانت تەڕ بکات، ئێشی جمگەکانی لەش، کۆخە، بێتاقەتی زۆر و دابەزینی کێشی لەش بە بەڕێژەی ١٠کیلۆ لەماوەی یەک مانگ یان خود کەمتر لە مانگێک، سەرهەڵدانی جۆرە جۆشێکی چڵکدار لەسەر لەش، سەرماخواردنی کوتوپڕ کە بەشێوەیەک هەڵگری ڤیرووسەکە نەتوانێ هەستیتە سەرپێ و هەروەها خورانی لەشی.

زۆربەی ئەو کەسانە کە تووشی ئەو نەخۆشینە دەبن، ئەم نیشانانە یەک لەدوای یەک لەسەر لەشیان دیار دەکەون، پێش هەموو شتێک تووشی نەخۆشینی سەرماخواردن دەبێت و لەشی دەکەوێتە خوران، سەرەئێشە دەگرێت و ئاستی گەرمی لەشی بەرز دەبێتەوە، جمگەکانی دەکەوێتە ئێش و لەشی جۆش هەڵدەدات و شەوانە لەکاتی خەودا لەشی بەڕێژەیەکی بەرچاو هارەق دەکات.بەتاییبەت ئەگەر هاتوو نەخۆش بۆ کەم کردنەوەی سەرەئێشەو گەرمی لەشی لە قورس یان خود تابلێت کەڵکی وەرگرت، بەڵام لەپاش ئەوە کە قورسی بەکار هێنا و لەشی پێویستی بەڕێژەیەکی ئاو کردو تینوی بێت و ناو دەمی وشک بوو و نەخۆشی قۆڵۆنی نەبوو بێت، بەواتای هەبوونی ئەو فیرووسە لەناو لەشی دایە، هەر چەند ئەوە سەد لە سەد نییە، بەڵام دەکرێ زۆر مەترسیدار بێت.

ئەو کەسانەی کە سەردانی ناوەندەکانی ددان کێشان یان خود پڕکردنەوەی ددان دەکەن، یان مەکینەی سەرتاشخانەکان بەکار دێنن.یان لەکاتی بەکار هێنانی دەرزی و یان خود برینداربوون بەشێوەی نائاسایی و بەستنی پێوەندی سێکسی لەگەڵ کەسانی نەناسراو، دەبێت سەردانی پزیشک بکەن، ئەگەر هاتوو دوو یان خود سێ لەو نیشانانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا لە ماوەی یەک مانگدا لە لەشیان دەرکەوت و مایەوە.دوای ئەوە کە ئەو نیشانانە لە لەشی هەڵگری ڤیرووسەکە دەرکەوت، لەپاش یەک مانگ هەموو نیشانەکان ون دەبنەوەو نەخۆش چاک دەبێتەوە.

بەڵام لەکاتی سەردانکردنی پزیشک پێویستە لەسەر نەخۆش بەوردی بۆ دوکتۆرەکە شی بکاتەوە کە لەماوەی دوو حەوتووی ڕابردوو چی کارێکی ئەنجام داوە، لەگەڵ کێ بووەو سەردانی کوێی کردووە، چونکوو هندێک جار ئەو نیشانانە پێوەندیان بە نەخۆشینەکانی دیکەوە هەیەو پێوسیتە بۆ پزیشکەکە باس بکرێت کە دەتهەوێت لەو دڵنیا بیتەوە کە تووشی HIV” یان خود نەخۆشی لاوازی بەرگی لەش” نەهاتوویت.

زۆرجار کەسی تووشبوو هیچکام لەو نیشانانە لەسەر لەشی دیار ناکەوێت، ئەگەر هاتوو ئەڵکوهوڵ یان خود مادە سڕکەرەکان بەکار نەهێنێت و جگەرە نەکێشێت و خواردنی باشی وەک ماسی و سەوزەو میوە بخوات و هەموو ویتامینەکانی لەشی دابین بکات.

ئەو ڤیرووسە لە ماوەی دوو حەوتوو بۆ چوار حەوتوو لە لەشی مرۆڤ بەدیار دەکەوێت، بۆیە دەبێت لە دوای ئەو ماوەیە بە بەمەبەستی خوێن گرتن و تاقیکاری سەردانی لای پزیشک بکەیت، زۆرجار لەدوای ئەوە کە ئەو نیشانانە لەسەر لەشی هەڵگری ڤیرووسەکە یان خود لەناو لەشی بەدیار کەوت، لەناو خوێنیدا بەدیار ناکەوێت و تاکوو ماوەیەک بەشاراوەیی دەمێنێتەوە.

بۆیە ئەرکە لەسەر نەخۆش بۆ ئەوە لەگومانی هەڵگرتن یان خود هەڵنەگرتنی ڤیرووسەکە دڵنیا بێت، پێویستە بەبەردەوام سەردانی پزیشک بکات بۆ گرتنی خوێن و تاقیکاری تاییبەت یان خود بۆ هەڵسەنگاندنی دژکردەوە بەHIV” نەخۆشی لاوازی بەرگری لەش” لەناو خوێنی دا.

ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بنرێن بۆ دڵنیابوون لەوە کە هەڵگری ئەو ڤیرووسە نەبیت؛ یەکەم جار تاقیکاری و گرتنی خوێن لە دوای دوو حەوتوو، دووەم جار لەپاش یەک مانگ، سێیەم جار لەپاش سێ مانگ، چوارەم جار لەپاش شەش مانگ، پێنجەم جار لەپاش ساڵێک، شەشەم جار لەپاش ساڵێک و شەش مانگ و حەوتەم جار لەپاش دوو ساڵ.ئەگەر لەماوەی دوو ساڵدا ئەو ڤیرووسە لەناو لەشی کەسی گوماندار بەدەر نەکەوت بەواتای ئەوەیە کە ئەو کەسە سەد لەسەد تووشی HIV” یان خود نەخۆشی لاوازی بەرگری لەش” نەهاتووە.

v       

ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێ لەو وڵاتانەیە کە بەهۆی دواکەوتوویی کولتووری و نەبوونی زانیاری پێویست لەسەر نەخۆشینە ڤیرووسی و هرێپسییە کوشندەکان کە بەهۆی پێوەندی سێکسی و لەڕێگای دەرزی و سەرتاشخانەو ناوەندەکانی پڕکردنەوەو کێشانی ددان تووشی مرۆڤ دەبێت، لە پێوەندی بەو نەخۆشیانە بێ زانیارین و ئاستی خۆپاراستن لەو پێوەندییەدا کزو لاوازە.هەروەها دابین نەکردنی کەرەستەو ناوەندی ئاگادار کردنەوەو توندووتۆڵ نەگرتنی ناوەندە گشتییە پزیشکییەکان لە هەمبەر ئەو نەخۆشیانە بووتە هۆی ئەوە کە ئەو ڤیرووسە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پتر پەرە بگرێت و بڵاو بێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنقەست پێشگیری لەبڵاو بوونەوەی ئەو نەخۆشینە کوشندانە ناگرێت و بەدابین نەکردنی کەرەستەی تاییبەت بە پێشگیری و دانەنانی ناوەندە تاییبەتییەکانی ئاگادار کردنەوە لە پێوەندی بەو نەخۆشینانە ڕێی ئاواڵە کردووە بۆ ئەوە کە ئەو ڤیرووسە بڵاو بێتەوەو ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دابەزاندووە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێکاری و نەبوونی ئاساییش و ئازادی و پەروەردەی پێوست و زانستی، زۆربەی لاوەکان بەلای مادە سڕکەرەکانەوە ڕۆییشتوون، بەکار هێنانی درزی بە مەبەستی ”تەزریق” کردن یەکێ لە هۆکارە هەر مەزنەکانی بڵاو بوونەوەی ڤیرووسیHIV” یان خود نەخۆشی لاوازی بەرگری لەش” لەو بەشەی کوردستانە.ئەو ئامارانەی کە تاکوو ئیستا بڵاو بوونەتەوە لە پێوەندی بەڕێژەی تووشبووان بەو نەخۆشینە ڕاست نین و تەنیا هەڵسەنگاندنێک لە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو ڤیرووسەن ئەنجام دراوە، تەنانەت ئەگەر ئاماری فەرمی و بەدواوەچوون بۆ ئەو پرسە لەناو کۆمەڵگادا بکرێت، ناکرێ بە ئامارێکی تەواو و ڕێک و پێک چاوی لێبکرێ، چونکە کۆمەڵێک کێشە لەو پێوەندییەدا زەق دەبنەوە کە لە خوارەوە پتر باسی لەسەر دەکرێت.

شارەکانی سنەو بەتاییبەت کرماشان لەشارە هەر بەربڵاوەکانی بڵاو بوونەوەی ڤیرووسی ئایدز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.بەداخەوە تاکوو هەنووکە هیچ ئامارێک لەو پێوەندییەدا نەهاتووەتە ئاراوە، هەروەک باسکرا لەبەر نەبوونی زانیاری پێویست لەسەر ئەو ڤیرووس و نەخۆشینە کوشندەیە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە هەڵگری ئەو ڤیرووسەن ئاگاداری ئەوە نین کە تووشی ئەو نەخۆشینە بوون، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەو ڤیرووسە پتر بڵاو بێتەوە و گیانی کەسانی زیاتر بخاتە مەترسی و یان خود چالاکبوونی ئەو ڤیروسە لەناو لەشیان بەدوا بخەن.

هۆکارێکی دیکە کە بووەتە هۆی ئەوە کە ڕێژەی تووشبووانی ئەو نەخۆشینە ڕوون نەبێت ئەوەیە کە کەسانی هەڵگری ئەو ڤیرووسە لەبەر دابونەریتی کۆمەڵگاوە حەز بەوە ناکەن کە خزم و کەسە نزیکەکانیان هەست بەوە بکەن کە بەو نەخۆشینەوە گیرۆدە بوون.بەڵام هەروەک لە سەرەوە باسی لەسەر کرا ئەو نەخۆشینە تەنیا لەڕێگای پێوەندی سێکسییەوە بڵاو نابێتەوە، بەڵکوو لەچەند ڕێگەیەکی دیکەشەوە وەک سەرتاشخانە، ناوەندە پزیشکییەکانی ددان کێشان و ددان پڕکردنەوەو لەکاتی خوێن گرتن و خوێندان و بەکارهێنانی دەرزی...هتد بڵاو دەبێتەوە.

ڕێگەکانی چارەسەری؛ لە ڕاستیدا تاکوو هەنووکە هیچ ڕێگەیەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە بۆ چارەسەر کردنی ئەو نەخۆشینە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە وڵاتی ئاڵمان کەسێک کە هەڵگری ئەو ڤیرووسە بوو توانی لەڕێگای پزیشکێکەوە چارەسەری بۆ بکرێت، بەڵام ئەو کەسە پێش ئەوە کە ڤیرووسەکە لەناو لەشیدا جێی خۆی بکاتەوە و چالاک بێت چارەسەری بۆ کرا، ئەوەش لە دوای چەند عەمەلیاتێکی تاییبەت و بەگمەن کە بەو مەبەستە پێکهات بوو.

ڕێگەکانی چارەسەری ئەو نەخۆشینە تەنیا خۆپاراستنە لە تووشبوون بەو ڤیرووسە، دەبێت لە بەستنی پێوەندی سێکسی لەگەڵ ئەو کەسانە کە هەڵگری ئەو ڤیرووسەن خۆببوێری یان خود بەبەکار هێنانی کاندۆم و بەلە بەرچاو گرتنی وتەی پزیشک ئەو کارە ئەنجام بدرێت، بەڵام نەبەستنی پێوەندی سێکسی لەگەڵ کەسانی نەناسراو پێشنیار دەکرێ و دەبێت زانیاری تەواوت لەبارەی ئەو کەسانەوە پێ بێت کە دەتهەوێت لێیان نزیک ببیتەوە.

بەکار نەهێنانی ئەو دەرزییانە کە لەلایەن کەسانی دیکەوە بەکار هاتووە، ئەوە پتر لە وڵاتانی جیهانی سێوم ڕوو دەدات و بەتاییبەت ئەو کەسانەی کە بەکارهێنەری مادە سڕکەرەکانن.نابێت لەکاتی سەرچاککردن لە سەرتاشخانەکان مەکینەی تیژ بۆ چاککردنی پشتی مل کەڵک وەر بگیرێت، چونکوو یەکێ لەو ڕێگانەیە کە نەخۆشینە ڤیرووسی و هرێپسییەکان پێی دەگوازرێنەوە.بەکار نەهێنانی شتومەکی گشتیی و تاکەکەسیی و بێگانە.ئاگادار کردنەوەی پزیشک لەکاتی ددان کێشان یان خود پڕکردنەوەی ددان بۆ پاک و خاوێن کردنەوەی کەرەستەکانی بەکارهێنەر.

تێبینی: لەڕێگەی دیکەو بەشێوەی جیاواز مرۆڤ تووشی ئەو ڤیرووسە دەبێت، بەڵام گرینگترین هۆکارەکان ئەوانە بوون کە باس کران، هۆکارگەلی دیکە ڕێژەی تووش کردنی مرۆڤ بەو نەخۆشینە کەمە.

سەرچاوە؛ بڵاو کراوە زانستییەکانی پێشگیری و چارەسەری ئەو ڤیرووس و نەخۆشینە بەپێی زانستی ستانداردی نەخۆشخانەکانی وڵاتی نۆروێژ.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ڕۆژئاوای کوردستان و حوکوومەتی کاتیی! ... ئاریتما موحەممەدی

ئاریتما موحەممەدی 18 November 2013

"پێکەوە گونجان و پێکەوە هەوڵدان هەوێنی هەموو دەستکەوتێکی سیاسی، نەتەوەیی و نیشتیمانییە، ئاریتما موحەممەدی"

ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو ٢١ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٣ی کوردی حوکوومەتی کاتیی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەێنرا، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆم ئارەستەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم و هیوادارم کە دەستکەوتی گەورەتر و مەزنتر لەو بەشەی کوردستان بەدەست بێت. بێگومان سەرکەوتنی هەر بەشێک لە بەشەکانی کوردستان کاریگەری ئەرێنی و ڕاستەوخۆی لە سەر بەشەکانی دیکە دادەنێت و هەموو گەلی کورد لە هەموو جیهان پێی خۆشحاڵ دەبن.

هەر لەو پێوەندییەدا دەستخۆشی لە هەموو ئەو پارت و ڕێکخراوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم کە لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە ئەو دەسەڵاتە خۆماڵییە لەوێ پێک بێت و ئەو بەشەش لە کوردستان ئامانجی بنەڕەتی خۆی بپێکێت و دەسەڵاتی کوردی گەشە بکات و باڵ بە سەر هەموو ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوادا بگرێت.

هاوکات هەر وەک چۆن دەستخۆشی دەکەم، بەو شێوەش ڕەخنە لەو پارت و لایەنانە دەگرم کە لایەنەکانی دیکە وەلا دەنێن و هەوڵ بۆ پەراێز خستنی یەکتر دەدەن، ئەمن کولتووری پلۆرالیسم و فرەگەری، فرە ڕەنگی و فرە چەشنی بە بنەمای پێشکەوتن و مانەوەی کولتوور و زمان و ناسنامەی هەزاران ساڵەی گەلەکەمان دەزانم کە لە شارستانییەتی ئەم نەتەوەیەدا ڕەنگی داوەتەوە و هاوکات بە بەشێکی بنەڕەتی و جڤاکی و هەرەوەزی لە سیستمی خۆبەڕێوەبەری و بووژاندنەوەی ئابووری و کولتووری ئەم نەتەوەیە پێناسە دەکرێت.

داواکارم لە ئەو حوکوومەتە کاتییە کە لە ڕۆژئاوا پێک هاتووە بە بەردەوام پێوەندی لە گەڵ لایەنەکانی دیکە بگرێت و هەوڵ بۆ ئەوە بدات کە ئەو لایەنانەش کە پەراوێز خراون بێنە ناو حوکوومەتەوە. بێگومان لەو وەها هەلومەرج و دۆخێکدا کە نەتەوەکەمان لەو بەشەی کوردستان پێدا تێپەڕ دەبێت، یەکێتی و یەکڕیزی بە بنەمای سەرکەوتن و گەشەی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری پێناسە دەکرێت. مێژووی نەتەوەکەمان ئەوەی سەلماندووە کە ڕێگای سەرکەوتن و زاڵ بوون بە سەر هەوراز و نشیوە سیاسییەکان لە ڕێی یەکێتی و یەکڕیزی و پاڵ بەیەکەوەنان تێپەڕ دەبێت.

ئەزموونی سەرکەوتووی شارستانییەتی گەلەکەمان لە ناو قوڵایی مێژوو لەو هەوڵ و پاڵ بەیەکەوەنان و پێکەوە گونجان و هێڵانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بوونەتە بنەمای کولتووری، سیاسیی و هزریی ئەم نەتەوەیە، پێکەوە گونجان و پێکەوە هەوڵدان هەوێنی هەموو دەستکەوتێکی سیاسی، نەتەوەیی و نیشتیمانییە، ئەزموونی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لە باشوور لەو ڕۆژانەوە دەست پێدەکات کە هەموو لایەنە بەهێز و کاریگەرەکانی ئەو هەرێمە پێکەوە یەکێتی و ڕەوتێکی سیاسیی نوێیان ساز کرد و بیری نوێخوازی گەشە پێدا و بەرنامە و پلانیان بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ بەدەست هاتوون داڕشت، هەر چەند هەمووی ئەو هەوڵانە بێ ڕەخنە نین، بەڵام بە هەوێنی دەستکەوتی ئەم قۆناغە پێناسە دەکرێت.

هەنووکە ئەو حوکوومەتە نوێیە لە ڕۆژئاوای کوردستان ٢٢ لایەنی سیاسیی و مەدەنی لەخۆ دەگرێت و پێویستە کە هیچ لایەنێکی دیکەش وەلا نەنرێت. بۆچوونی من لە گەڵ هیچکام لەو ڕوانگانەدا نییە کە پێیان وایە پێکهاتنی ئەو هەرێم و حوکوومەتە نوێیە لەو بەشەی کوردستان کێشەکانی نێوان لایەنەکان قولتر دەکاتەوە، بەڵکوو لە سەر ئەو بڕوایەم کە دەبێت وەک سەرەتای دەستپێکی سەرکەوتن و قۆناغێکی مەزن و گرینگ سەیر بکرێت.

هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە و تەنانەت حوکوومەتی لاوازی ئەو وڵاتەش داخوازیی و مافەکانی نەتەوەکەمان لەو بەشە ڕچاو ناکەن و دانی پێدا نانێن، ئەوەش وەک مەترسی گەورە بۆ سەر نەتەوەکەمان سەیر دەکرێت، بۆیە دەسەڵاتێکی بەهێز و سپایەکی مەزنی نیشتیمانی پێویستییەکی ئەمڕۆییە کە دەبێت لە زووترین کاتدا پێک بێت، ئامانج لە پێکهاتنی ئەو سپا نیشتیمانییە ئەوەیە کە پارێزگاری لەو دەستکەوتە مەزنانە بکات کە تاکوو ئیستا بە دەست هاتوون، بێگومان ئەوە هەلێکی مەزنە کە دەبێت لە دەست نەچێت و بە باشترین شێوە کەڵکی لێوەر بگرن. ئەو هێزەش دەبێت هێزێکی نەتەوەیی بێت و هەڵواسراوی هیچ پارت و ڕێکخراوێک نەبێت، بۆ ئەوە کە ئامانجی مەزن و گرینگ بپێکێت.

خاڵێکی دیکە کە جێگای سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە تاکوو هەنووکە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ئەمریکا، تورکییە و بەشێکی دیکە لە هێزە ناوچەییەکان دانیان بەو دەستکەوتانەی کورد نەناوە کە لە ڕۆژئاوا بەدەست هاتوون، بێگومان وەک مەترسی بۆ سەر داخوازی و بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان لە ناوچەکە سەیری دەکەن. ئەوەش کێشەیەکی دیکەیە کە ڕووبەڕووی حوکوومەتی کاتیی ڕۆژئاوای کوردستان دەبێتەوە کە لەوانەیە تووشی قەیرانی بکات. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد کە تاکە ڕێگە بۆ سەپاندنی هێز و خۆبەڕێوەبەری کاتیی لەو بەشەی کوردستان ئەوەیە کە هەموو هێزەکان پێکەوە لەو حوکوومەتە نوێیەدا کە پێکهاتووە، بەشدار بن. ئەوە دەتوانێت قەیران و کێشەکانی بەردەم ئەو حوکوومەتە چارەسەر بکات و کاریگەری ئەرێنی لە سەر بیر و ڕای گشتیی کۆمەڵگای خۆرئاوای کوردستان دابنێت.

PYD وەک ئەرک بەرپرسیارە لەوە کە دەبێت ڕێگە ئاواڵە بکات بۆ ئەو لایەنانە کە وەلانراون و بەشداریان پێبکرێت لە حوکوومەت و دەسەڵاتی سیاسیی و خۆبەڕێوەبەری کاتیی لە ڕۆژئاوای کوردستان. یەکێ لەو هۆکارانەی کە تاکوو هەنووکە هیچ پارچەیەکی کوردستان نەیتوانیوە سەرکەوتنی یەکجاری مسۆگەر بکات، ئەوە بووە کە لە هەر لایەکەوە بەسترا بووەتەوە بە پارچەیەکی دیکەی کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەردا بووە، ئەوەش ڕێگری لەوە کردووە کە یەکێ لە بەشە داگیر کراوەکانی کوردستان سەرکەوتن بەدەست بێنێت. بەڵام هەنووکە بەشێک لە باشووری کوردستان لە دۆخ و هەلومەرجێکی تاییبەتدا ڕزگاری بووە و دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆیی پێک هێناوە کە ڕۆڵی کارا و گرینگ لە ناوچەکە دەگێڕێت، ئەوە هەلێکی گرینگ و مێژووییە بۆ خۆرئاوا کە دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و پێوەندی لە گەل هەڕێمی باشووری کوردستان ساز بکات. دیارە لەو پێوەندییەدا هەر دوولا قازانج و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە کە دەبێت بیپارێزن و ڕچاوی بکەن و ڕێز لە داخوازی و سەروەری یەکتر بگرن. بۆیە پێم وایە کە دەبێت ئیتر PYD و لایەنەکانی دیکەی خۆرئاوا و حوکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئیستراتیژی سیاسیی خۆیان بگۆڕن و پتر باییخ بە بەرژەوەندی گشتیی و نەتەوەیی بدەن و دەست نەخەنە ناو کار و باری یەکتر و یەکتر تۆمەتبار و تاوەنبار نەکەن.

ئەو هەوڵانەی کە لە لایەن هندێک هێزی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە دەدرێت بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسیی خۆیان بە سەر گەلی ڕۆژئاوا هەڵەیە و دەبێت ڕێز لە ئیرادە و بەرژەوەندی سیاسیی کۆمەڵگای خۆرئاوا و داخوازییەکانی گەلی کورد بگرن. لەو پێناوەدا PYDش ئەرکی مەزنی دەکەوێتە ئەستۆ کە وەک مەزنترین هێزی سیاسیی کە حوکوومەتی کاتیی پێک هێناوە، دەبێ بۆ لێک نزیک کردنەوە و ڕواندنەوەی کێشەی نێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوا هەنگاوی گرینگ هەڵنێت. هەر دوولا واتا PYD و لایەنە وەلانراوەکانیش پێویستە کە هەژموونی سیاسیی لایەنەکانی دیکە پەراوێز بخەن و گرینگی و باییخی پێنەدەن و بەرژەوەندی سیاسیی، ئابووری، نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕۆژئاوا ڕچاو بکەن.

ئەو یەکگرتووییە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد و بە گرینگم پێناسە کرد، دەبێتە هۆی ئەوەش کە لە کونگرەی ٢ی ژنێف دەنگ و قورسایی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، کاریگەری پتری لە سەر هێزە جیهانی و ناوچەییەکانی بەشداری ئەو کونگرە هەبێت و داخوازییەکانی کورد جێی گرینگی و باییخی هەموو لایەک بن. خاڵێکی دیکە کە لە لای من جێی باییخە و پێم وایە کە پێگەی کورد لەو کونگرەیەدا بەهێزتر دەکات ئەوەیە کە حوکوومەتی کاتیی ڕۆژئاوای کوردستان یان خود چڤاکی نەتەوەیی کوردەکانی ڕۆژئاوا وەک هێزێکی جیا و لە دەرەوەی “ئیتلافی نەتەوەیی سوریە” بەشداری کونگرەی ٢ی ژنێف بکەن.

ئەوەی کە لە کۆی گشتیی و کۆتایی ئەم وتارەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە ئیستا جێگای دڵخۆشییە کە هەنووکە بەشێک لە هێزە جیهانیی و ناوچەییەکانیش لە هەمبەر حوکوومەت و دەسەڵاتی کاتیی ڕۆژئاوای کوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە و دژایەتی ناکەن، ئەوەش بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پێوەندی بە ڕوانگەی ئەو وڵاتانە لەمەڕ ڕۆژئاوای کوردستان پێناسە دەکرێت، کە جێی باییخە. لە لایەکی دیکەوە سەرکەوتنی هێزە چەکدارەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە سەر هێزە ئیسلامی و تیرورستییەکان، حوکوومەتی کاتیی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمریکا و ئەورووپا دەخاتە یەک بەرەوە کە ئەوەش بە بەرەی دژبە تیروریزم پێناسە دەکرێت. شیمانەی ئەوەش دەکرێت کە بێدەنگ بوونی ڕۆژئاوا لە پێوەندی بە ڕاگەیاندنی حوکوومەتی کاتیی لەو پێناوەدا بوو بێت.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.


 

  1. لەسێدارەدان بەواتای هەبوونی ترس لەدوێنی، ئەمڕۆو داهاتووە! ... ئاریتما موحەممەدی
  2. چۆڵکردنی ڕۆژئاوا کێشەی نەتەوەی کورد چارەسەر ناکات! ... ئاریتما موحەممەدی
  3. دۆخی ئەمڕۆی ڕژیم بۆخەباتی چەکداری لەڕۆژهەڵات لەبارە! ... ئاریتما موحەممەدی
  4. دیموکراسی یان جڤاکی گەل! ... ئاریتما موحەممەدی

Page 1 of 2

  • 1
  • 2
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 332 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە