خۆرئاوا حکومەتی دروستکرد و لە برسیشدا نەمرد! پەیامێک بۆ سەرکردەکانی باشوور. .. ئاسۆ بیارەیی

یەکێک لە ڕایەڵە سەرەکییەکانی ژیان و مانەوەی مرۆڤ بروا بوون بە خۆیە و کۆششە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو . گەلی کورد لە باشووری کوردستان لەوەتی حکومەتی عیراقی عەرەبی دروستبووە، دوچاری هه‌موو ستەم و ‌قڕان و ڕەشە کوژییەک بوەتەوە، دواییانیان بایکۆتی سێ لایەنی ئابوری لە نیوان ساڵی ١٩٩١ و تاکو ٢٠٠٣، بەڵام لە برسیشدا نەمرد. بە پێچەوانەی بۆچونی سەرکردەکانەوە، کە هه‌ردەم تاکی کوردیان وا ڕاهێناوە، ئەگەر لەسەر مافەکانی پێ داگری بکا، چونکە دەوری کورد بەداگیرکەران چنراوە و لە دەریاوە دوورە و لەبرساندا دەمرێ.

 

ئەوە شەڕێکی دەروونیە کە سەرکردەکانی باشووری بە گشتی و پارتی بە تایبەتی، کردوویەتی ئامرازێک بۆ دامرکاندنەوەی گیانی ئازادی و خەونی سەربەخۆیی تاکی کورد. دوو هه‌لی مێژووی کە کەوتەنە دەست کورد، بۆ جاڕی سەربەخۆیی، ساڵی ١٩٩١ و ساڵی ٢٠٠٣ بوو کە تەواو ڕژێمی داگیرکەری عیراق تێکشابوو. لەبەر ئەوەی تاکی کورد بۆ ئەوە ئامادە بەکرابوو، ئەو هه‌لانەش لەدەست چوون.

بەروارد لەگەل سەرکردەکانی باشووردا، سەرکردەکانی باکور و خۆرئاوا، هه‌میشە هه‌وڵی ئەوەیان داوە کە گیانی سەرەخۆبوونی تاك بەهیزبکەن و و ئەگەر ڕۆژێک لەرۆژان سەرکردەکانیشتان گیران و نەمان، هه‌ر ئەندام و لایەنگریک وەک ڕابەرێک بتوانێ پێشەوایی گەل بکا. ئێمە وێنەکانی ئەنفالمان هه‌یە، هه‌ر کە گوندەکانی لە خەڵک چۆڵکران، ئیدی بزوتنەوەکەش بڵاوەی پێکرا، تاق و تەرا مەفرەزەی یەکێتی و حزبی شیوعی نەبێ، ئیدی ناوچەکانی پێشوی پێشمەرگەی هه‌مووی چۆڵ بوون و سوپای عێراق دوا خاڵی سنووری گرتەوە کە سێ گوشەی ناوچەی هه‌کاری بوو. هه‌ر چەندە ئەگەر پارتەکان بەرنەمای پێش وەختیان هه‌بوایە، دەیانتوانی بەشی گەورەی هێزەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکان بهێڵنەوە. نموونەی پێچەوانە هه‌یە، گەریلاکان لەبەر ئەوەی لەروی بروا بەخۆبوون و رێکخستنەوە باشتر سازمان دراون، هه‌رچەندە لە باکوری کوردستان و بگرە قەندیلیش ئەوەندە گوند و ژیانی تیا نەماوە، بەلام چەندان سالە توانیویان درێژە بە خەباتی پارتیزانی خۆیان بدەن و گورز لە داگیراکەران بدەن. بگرە بەبێ ئەوانیش بریار ئاشتی سەرکەوتوو نابێ.

 

دوو سالە زیاتر کوردی خۆرئاوا بە رابەری پەیەدە شەڕی بەرگری دەکا و توانیویەتی بە بروا بوون بەخۆ، پتر لەسەدا ٩٠ی خاکی خۆر ئاوای کوردستان ئازاد بکا و لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا جاری حکومەتی کاتی بدا، ئەوەش سەرباری دژایەتی کردنی تۆرانیەکان وهاوپەیمانەکانیان، لە عەرەب و تیرۆریستانی ناوچە و هەندێ هێزی هه‌رێم.

 

لەوەتی هێزەکانی باشوور هەیە هه‌ر ئەویان چرپاندوە بە گوێی تاکی کورددا، کە ئێمە هچیمان پێ ناکرێ، هێزمان نیە، لاوازین، نیزیک دەریا نین، ئەگەر داگیرکەران سنوورەکان دابخەن لەبرساندا دەمرین. . هتد. . ئەگەر لە بزوتنەوەی ئەیلولەوە سەیربکەین،  خاوەنی سەدهەزار پێشمەرگە بوو، جگە لە هەزارەها پارچە چەکی قورس و سووک، بەڵام لەبەر ئەوەی گیانی بروانەبوونی فێری تێکڕای ئەندام و لایەنگرای بزوتنەوەکە نەکرد،  ڕابەرێکی سەربەخۆی نەبوو بەو جۆرە بیربکاتەوە، لە ماوەی بیست و چوار سەعاتدا، ئاواتی هه‌موو کوردستانیان ئاشبەتاڵ پێکرد.

کەواتە بروابوون بە خود هۆکاری سەرەکی هه‌موو کارێکە و گەیشتنتە بە ئامانج، سەرکەوتنی خۆرئاوا، بەدەر لەوەی کە هاوکاری دەکرێن، بەلام لەبەر ئەوەی پتر سەربەخۆییانە بیر دەکەنەوە، وا پارچەیەکی کوردستانیان لە ماوەیەکی کورتدا خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، چەند قۆناغێک سەربەخۆییان نیزیک کردەوە و لەبرسیشدا نەمردن، هەروەک لە باشووری کوردستان باوە. چونکە لەگەمەی ئازادیدا هه‌رگیز داگیرکەران پێمان ناڵێن فەرموو ئەوە ئازادییە!


ئاسۆ بیارەیی

ماستەر لەدەروونناسی کۆمەڵگە

١٥-١١-٢٠١٣ سوێد

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر