ئه‌وان داینه‌مۆی شۆڕشه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی کوردستان بوون، هێنده‌ی وه‌بیرمان بێته‌وه له تێکۆشان بۆ داهاتووی گه‌ل، هه‌ڵنه‌هاتن هاوسه‌نگه‌ر و هاو خه‌بات بوون.
له فۆڕمی سیاسی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی کوردستان دا زۆرینه‌ی ڕه‌های هێزه سیاسیه‌کان کۆکن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌نگاونان به‌ره‌و ههڵچهپاندنی کیانی سه‌ربه‌خۆی یه‌کجاره‌کی و بوونیادنانی ده‌وڵه‌تی کوردی، له‌م باره‌یه‌وه بۆچوونگه‌لی جودا و زۆر و زه‌وه‌ندمان گوێ لێده‌بێت، ئه‌وه‌ی گرنگه و نایببیستین چاره‌نووسی سه‌دان هه‌زار کورده که له ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌ژین، یانی له ناوچه عه‌ره‌بیه‌کانی ناوه‌راست و خوارووی عێراق، که پشکی شێریان کوردانی فه‌یلین!
به‌ڕاست ده‌وڵه‌تی کوردی داهاتوو، ته‌نها بۆ ئه‌و کوردانه ده‌بێت که له سنوری ئێستای هه‌رێمی کوردستان دا ده‌ژین؟ ئه‌دی ئه‌و کوردانه‌ی که له‌و په‌ڕی مایه پووچی و نائارامی ماددی و ئاسایشیدا ژیان ده‌گووزه‌رێنن؟
کورده فه‌یلیه‌کان قه‌ڵغانی کوردی عێراق بوون، که ئه‌ده‌بیاتی ته‌عریب له کوردستانی عێراق دا بیری لێکرایه‌وه، فه‌یلیه‌کان له بری هه‌موو کورد ئه‌و پرۆسه نا مرۆڤانهیهیان له‌سه‌ر تاقیکرایه‌وه که هه‌تا ئێستێش ئه‌وان له ژێر چه‌پۆکی ته‌عریب و کوشتن و ته‌عزیبدا ده‌رباز نه‌بوون!
ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ڵوێستێکی نیشتیمانی و مێژووییه، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جدیه له ژیانی کوردانی فه‌یلی، پێویسته حکومه‌تی هه‌رێم به‌بێ گوێدانه مه‌ترسی داهاتووی شیعه‌بوونی ئه‌وان و ئه‌گه‌ری به کارهێنانیان وه‌ک کارتێکی سیاسی له لایه‌ن ئێرانه‌وه، هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی قۆناغ به قۆناغیان بدات بۆ ژێر سنووری ده‌سڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، زۆر گرنگه حکومه‌ت ئه‌گه‌ر له یه‌کێک له ناوچه کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیشدا بێت، شارێکی نوێیان بۆ بوونیاد بنێت و هێدی هێدی بیان گوێزێته‌وه و ئاوێته‌ی ژیانی دانیشتوانی ئێستای هه‌رێمیان بکات، لایه‌نی که‌م ئه‌و هه‌موو هاوکاریه‌ی پێشکه‌شی عه‌ره‌به کۆنه سهددامیهکانمان کردووه له کوردستان، نیوه‌ی ئه‌وه‌یان بۆ بکه‌ین،
ئاخر هه‌مووان ده‌زانین له ئێستا‌و ئاینده‌شدا زۆر ئه‌سته‌مه ئه‌قڵیه‌تی عهربیانهی سه‌رانی حکومه‌تی عێراق قایلبن به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی، ئه‌گه‌ریش سهرزارهکیهن بۆ هه‌ر بهرژهوهندیهکیانبێت ڕازیبن، ئه‌گه‌رێکی زۆر چاوه‌ڕوانکراوه عێراقیه شۆڤێنیهکان قه‌تڵ و عامی کوردانی فه‌یلی بکه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ست به به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌ییمان بکه‌ین ده‌بێت لایه‌نی که‌م ئاوڕێک له ژیانی ئێستای ئه‌وان بده‌ینه‌وه، ئاخر پڕۆسه‌ی ئه‌نفال به شیوهیهکیتر له‌سه‌ر ئه‌وان هه‌ر به‌رده‌وامه.
وایده‌زانم هه‌مووان له شوێنی خۆمانه‌وه ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته بجوڵێنین، جێگای ده‌ستخۆشیه میدیا کار سه‌هین موفتی له تۆڕی ڕاگه‌یاندنی ڕووداو ماوه‌یه‌که هه‌ڵمه‌تێکی جدی له‌مه‌ڕ ژیانی کوردانی فه‌یلی ده‌ستپێکردووه و کاروانهوهی باشیشێ په‌یداکردووه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
