کێن ئه‌وانه‌ی دژی پارتین، دژایه‌تی کردنیان له‌پێناو چئدایه؟. نه‌جمه‌دین شێخ بزینی ... (به‌شی سێهه‌م) - سوید

له‌کۆتایی به‌شی دوهه‌مدا ئاماژه‌مان به‌وه کرد، ئه‌م به‌شه له‌دوای١٩٥٨وه، واته له‌سه‌ره‌‌تای ده‌ست پێکردنی ده‌سه‌ڵاتی کۆماریه‌وه ئه‌چینه‌وه سه‌ر بابه‌ته‌که‌، بۆیه لێره‌دا به پێویستی ئه‌زانم ئاماژه به‌وه بکه‌م، ئه‌گه‌ر زانیاری ئه‌و خاڵانه‌ی له به‌شی یه‌که‌م و دوهه‌مدا ئاماژه‌م پێکردووه، له‌سه‌ر ڕۆشنایی و دۆکۆمێنتی مێژویی بوبێت وه‌ک سه‌رچاوه، ئه‌وه لێره به‌دوواوه، وه‌ک بینه‌ر و به‌شداربوی ڕاسته‌وخۆ، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی پارتی و ڕوداوه‌کان شرۆڤه‌ی خاڵه‌کان ئه‌که‌م و خۆم به‌رپرسی ڕاسته‌وخۆم، له ڕاستی و دروستیان.

ئه‌مه‌ویت ئه‌وه‌ش ڕابگه‌یه‌نم، به‌ڵێن به خوێنه‌رانی به‌ڕیز ئه‌ده‌م، وه‌ک چۆن له‌به‌شه‌کانی تردا، نه‌ک ته‌نها زیاده ڕۆییم نه‌کرد له شرۆڤه کردنی خاڵه‌کان، به‌ڵکو وه‌ک پۆش له کا بژار کردنێک بو، له‌ناوه‌ڕۆکی ڕوداو و به‌سه‌رهاته‌کانی مسته‌فا بارزانی و بنه‌ماڵه بارزانیه‌کان، به‌پێی سه‌رچاوه دۆکۆمێنتیه‌کان، نه‌ک سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی، جێگه‌ی گومانی تێدا بمێنێته‌وه. لێره‌ش به‌دواوه ڕێگه به‌خۆم نا‌ده‌م، وه‌ک ئه‌ندام و دڵسۆزێکی پارتی، هه‌ستی لایه‌نیداریه‌تی به‌سه‌رمدا زاڵ بێت، به‌جۆرێک گوزارشت له ڕوداوه‌کان بکه‌م، هیچ به‌ڕێزێک نه‌توانی بیسه‌لمێنێت زیاده ڕۆییم تێدا کردبێت، به‌ڵکو خۆ پارێزیش ئه‌که‌م له‌هه‌ندێ بابه‌ت!.

پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ١٤ده‌ی ته‌موزی ١٩٥٨، ئاشکرایه ئازادیه‌کی سیاسی له‌سه‌رانسه‌ری ئێراقدا هاته کایه‌وه، ڕێکخراو و پارته سیاسیه نیشتمان په‌روه‌ره‌کان، په‌رده‌ی ڕیخستنی نهێنیان هه‌ڵماڵی و ئاشکرا بونی خۆیان ڕاگه‌یاند. دیاره هه‌ر پارته‌و باره‌گای خۆی کرده‌وه‌و، به‌پێی تووانای خۆی هه‌وڵی به‌ره‌وپێش بردن و فراوانکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی ئه‌دا، ئاشکرایه له‌وسه‌رده‌مه‌شدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، تاکه ڕێکخستنی کوردستانی بو، له‌سه‌ر گٶڕه‌پانی شانۆی ڕامیاری له ئێراقدا، به‌هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه، داکۆکی له‌مافی ڕه‌وای کورد و نیشتمانیکوردستان بکات!.

له‌دووای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی له‌ڕوسیا، تاکه پارتی سیاسی که زۆر نزیک بێت له‌پارتیه‌وه، حیزبی شیوعی ئێراق بو، ئه‌وه‌ش هۆکاره‌که‌ی ئاشکرابو، که مانه‌وه‌ی سه‌رۆکی پارتی بو له ووڵاتی سۆفیه‌ت، به بۆچونی خۆیان، بیرۆکه‌ی کۆمۆنیستی کاریگه‌ری دروست کردوه له‌سه‌ری و وه‌ک پێویست، هه‌ستی پیرۆزی نه‌ته‌وایه‌تی له ناخیدا نه‌ماوه‌و، بیرۆکه‌ی ڕه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌خاته په‌راوێزه‌وه، به‌ڵام، که بۆیان ئاشکرابو بارزانی خاوه‌نی هه‌مان بیرۆکه‌و ڕێبازی نه‌ته‌وایه‌تیه، که ژیانی نه‌ک ته‌نها خۆیو خانه‌واده به‌ڕیزه‌‌که‌ی، به‌ڵکو گشت هۆزی بارزانی خسته مه‌تسی و گیان به‌خت کردنه‌وه، له‌پێناوی مافی ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا، بۆ گه‌لی کورد و کوردستان، هه‌ستیان به‌نائومێدی و به‌‌هه‌ڵدا چونی خۆیان کرد و سارد بونه‌وه!.

له‌سه‌ره‌تادا حیزبی شیوعی هه‌رچی تووانای خۆی هه‌بو خستیه‌ کار له پشتگیری کردنی عه‌بدولکریم قاسم، به‌جۆرێک هه‌مو که‌سێکی ساده وای هه‌ست ئه‌کرد، که عه‌بدولکریم شیوعی بیت، که‌له‌ڕاستیدا شیوعی نه‌بو، به‌ڵام به‌جۆرێک ئابڵۆقه‌یان دابو، هه‌ڵویست و کاره‌کانی مۆرکی ئه‌وانی پێوه دیار بو، هه‌ربۆیه ڕاسته‌وخۆ، که‌وتنه دژایه‌تی کردن و به‌ربه‌ره‌کانی کردنی سیاسیانه‌ی پارتی، ته‌نانه‌ت له ‌هه‌رێمی کوردستانیشدا، زۆر بێشه‌رمانه به به‌کرێ گیراوی ئه‌مریکا ناویان ئه‌برد، جگه له‌‌وه‌ی له‌ناو چینی جوتیار و کرێکار و کاسبکار، به حزبی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رمایه‌داری و دوواکه‌وتویی(رجعی) ناو زه‌ندیان ئه‌کرد، ته‌نانه‌ت زۆر ووشه‌ی نه‌شیاو و ناڕاستیان له‌دژی خودی سه‌رۆک بارزانی هه‌ڵ ئه‌به‌ستاو به‌ڵاویان ئه‌کرده‌وه، به دوواکه‌وتو ناویان ئه‌برد، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده ساڵه له‌سۆفیه‌ت بووه‌و، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌گۆڕاوه!.

دیاره ئه‌وهه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌ی ئه‌وان، پارتی ناچارکرد ڕویان لێوه‌ر بگێڕێت و په‌ره‌ به‌چالاکی بزوتنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی بدات، ئه‌وه بووه هۆی سه‌رکه‌وتنێکی زۆر مه‌زنی پارتی له‌ناو چێن و توێژه‌کانی گه‌لی کوردستان و به‌تایبه‌تی ڕۆڵه‌کانی به ڕچه‌ڵه‌ک کورد، کار گه‌یشته ئاستێ لاوازبونی حیزبی شیوعی به‌جۆری ڕویدا، قه‌ت خۆیان به‌بیریاندا نه‌ئه‌هات، له‌کاتێکدا ئه‌وان تاکه‌ حێزبی سیاسی جه‌ماوه‌ردار بون له‌وه‌پێش، که‌چی به‌ چه‌ند پله دابه‌زینه خووار پارتیه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ڕێکخراوه جه‌‌ماوه‌ریه‌کانی تریشدا، به‌تایبه‌تیش وه‌ک: یه‌کیه‌تی قوتابیان و لاوان و ئافره‌تانی کوردستان!.

لێره‌دا به پێویستی ئه‌زانم ئاماژه به‌وه بکه‌م، من پارێزگای که‌رکوک به‌گشتی، که‌ سنوری له‌وسه‌رده‌مه‌دا، له پردێوه هه‌تاکو خانه‌قین بو، به‌قه‌زای چه‌مچه‌ماڵیشه‌وه، ئه‌که‌م به پێوه‌ر، بۆ بارودۆخی سیاسی ئه‌وکاته، به‌تایبه‌تی ناوه‌ندی پارێزگا، که شاری که‌رکوک بو، دانیشتوانیشی به‌ڕچه‌ڵه‌ک ته‌نها کورد نه‌بون، تورکمان و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌نی و کلدانی و جۆله‌که‌و سابیئه‌شی تێدا بو، بۆیه وائه‌زانم ئه‌و سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنه‌ی پارتی له‌و سنوره‌دا به‌ده‌ستی ‌هێنا، ئه‌تواندرێت بکرێت به‌پێوه‌رێک و زیاتر له‌به‌ر چاوبگیرێت، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ شاره‌کانی تری کوردستان به‌تایبه‌تی و ئێراق به‌گشتی!.

له‌سه‌ره‌تای ساڵی/١٩٥٩دا، من ته‌مه‌نم(١٤) ساڵان بو، بۆ ڕێکخستنه‌کانی ناو پارتی وه‌رناگیرام، به‌ڵام وه‌کو قوتابیه‌‌ک له‌یه‌کیه‌تی قوتابیانی کوردستان و وه‌ک لاوێکیش، له‌یه‌کیه‌تی لاوانی دیموکراتی کوردستان، خۆم ناساندبو چالاکانه تێ ئه‌کۆشام، دیاره له‌وسه‌رده‌مه‌دا، بۆ ڕیشه‌کیش کردنی لاوان و قوتابیان و ئافره‌تانی کورد، له‌ڕێزه‌کانی( اتحادطلبة العراق‌، اتحاد نساءالعراق، اتحاد شه‌بیبة العراق)بۆیه به‌عه‌ره‌بی نوسیانم، چونکه ئه‌وان به‌کوردی نه‌یان ئه‌نوسی، بڤه‌بو له‌لایان! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌حیزبی شیوعی ئێراق بون، جا بۆیه پارتیش، زۆر بایه‌خی به‌ڕێکخستنه‌کانی، یه‌کیه‌تی قوتابیان و لاوان و ئافره‌تانی کوردستان ئه‌دا. که به‌هه‌مان ڕێچکه‌ی پارتیدا ئه‌ڕۆیشتن و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و کوردایه‌تیان له‌ناو چینه‌کانی خۆیاندا به‌ڵاو ئه‌کرده‌وه، له‌سه‌ر ڕۆشنای و ئامۆژگاری کردنی پارتی، له‌ڕاستیشدا بوبون به پاڵپشتێکی به‌ڕچاو و به‌هیزی پارتی، له‌‌به‌رانبه‌ر لایه‌نه‌کانی تردا، به‌تایبه‌تیش حیزبی شیوعی، چونکه تاکه ڕێکخستن بو له‌کوردستاندا خه‌ڵکی هه‌بێت و هه‌وڵی ململانێ کردن بدات له‌گه‌ڵ پارتیدا.

پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی پارتی مسته‌فا بارزانی هه‌میشه زیندو، گه‌ڕایه‌وه ووڵات و پارتی باڵی ڕاکیشا به‌سه‌ر کوردستاندا، گڕوتێنێکی هه‌ند به‌هێزی به خۆوه بینی، به‌ڕاستی جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بو، به‌تایبه‌تیش دووای پیلان گێڕیه‌که‌ی تۆرانیه‌کان، بۆ له‌‌ناودانی سه‌رۆک بارزانی، کاتێک سه‌ردانی که‌رکوکی کرد، بووه هۆکاری به‌رزبونه‌وه‌ی گڕی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ناوجه‌رگه‌ی که‌رکوکدا، هه‌رله‌ناو ئینزیبات خانه‌یسه‌ربازی، له ڕێگه‌ی ئامر ئینزیباته‌وه که تۆرانیه‌کی ڕه‌گه‌ز په‌رست بو، بۆمبێکی بۆداڕێژرابو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه بارزانی به‌ر له‌ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌که ده‌رچو و ڕزگاری بو، جا ئامر ئینزیباتیش، هه‌ر کوتوپڕ، دڵی وه‌ستاو له ‌داخاندا گیانی ده‌رچو، ئه‌وه ئێستاش له‌لایه‌ن به‌ره‌ی تورکمانیه‌وه هه‌ر له‌وشوێنه‌دا په‌یکه‌ری بۆ دروست کراوه!!.

هه‌ردووا به‌دوای ئه‌وه‌ش، پیلان گێڕیه‌که‌ی حیزبی شیوعی له‌ساڵی١٩٥٩دا، بۆ ناکۆکی خستنه نێوان کورد و تورکمانه‌کانه‌وه ئه‌نجامیانداو، چه‌ند که‌سێکیان له تورکومانه‌کان کوشت و به شێوه‌یه‌کی نامرۆڤایه‌تیش، په‌تیان خسته ملیان و ڕایانکێشان(سحل) به‌ناو شه‌قامه‌کاندا، له‌ئه‌نجامیشدا خستیانه مل لایه‌نی کوردی، به‌‌و ‌مه‌به‌سته‌ی ڕوی لایه‌نی کوردی ناشیرین بکه‌ن، به‌ڵکو سود له‌جه‌ماوه‌ری تورکمان وه‌ربگرن. هه‌رچه‌نده بۆ مایه‌کیش سه‌رکه‌وتو بون، تورکمانه‌کان بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه، توانیان حه‌مه‌ده‌مین شه‌ربه‌تچی بکوژن، که که‌سێکی ناسراوبو به‌کورد په‌روه‌ری، کاری شه‌ربه‌تخانه‌که‌ی له جوت قاوه‌خانه بو، هه‌میشه به جلو به‌رگێ کوردانه‌ی کولتوریه‌وه خۆی نیشان ئه‌دا. هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ش توانیان به پاڵ پشتی به‌عسیه‌کان و قه‌ومیه عه‌ره‌به‌کانه‌وه(٢٩) که‌سایه‌تی تری کورد له‌سێداره بده‌ن، به‌یانیانێکی زور زۆۆ له‌شه‌قامه‌کانی ده‌وروبه‌ری چایخانه‌ی ئه‌حمه‌د ئاغا له قۆریه، به‌عاموده‌کانه‌وه هه‌ڵ بوواسن، که یه‌کێک له‌وانه، شێخ مارف به‌رزنجی بو، دیاره له‌ڕاستیشدا ئه‌وانه، ئه‌ندامانی چالاک و دیاری ناو حیزبی شیوعی بون، به‌ڵام چونکه به‌ڕچه‌ڵه‌ک کوردبون و نکۆڵی له کورد بونیان نه‌ ئه‌کرا. له‌سه‌ر کورد ژمێردران!!.

به‌جۆرێ ئه‌و پیلانگێڕیه کاریگه‌ری کرده سه‌ر پێوه‌ندی کورد و تورکمانه‌وه، له ‌گه‌ڕه‌که‌کانیشدا له یه‌کتری دور ئه‌که‌وتنه‌وه به ‌ئاشکرا. به‌ڵام ژیری و هۆشیاری پارتی و سه‌رکردایه‌تیه مه‌زنه‌که‌ی، نه‌یان هێشت ئه‌و پیلانه داڕێژراوه‌ زۆر بخایه‌نێت و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، تووانیان ڕاستی ڕوداوه‌که ئاشکرا بکه‌ن و بیخه‌نه‌وه سه‌ر ئه‌ستۆی حیزبی شیوعی و له‌ئه‌ستۆی لایه‌نی کوردی دور بخه‌نه‌وه‌و بارودۆخی نێوان کورد و تورکمانه‌کان ئاسایی بکه‌نه‌وه‌‌.

په‌ندێکی پێشینان هه‌یه ئه‌ڵێت: کابرا چوو بۆ ڕیش، سمێڵیشی له‌سه‌ر دانا. حییزبی شیوعی به‌و پیلانگێڕیه هه‌مو سه‌نگێکی خۆی له‌ده‌ستدا، له‌ناو جه‌ماوه‌ری گه‌لی کوردی سته‌م دیده‌دا، ئیتر له‌وه‌ به‌دواوه، پۆل پۆل، لاوان و قوتابیان و ئافره‌تان و که‌سانی کوردی شیوعی، پشتیان کرده ئه‌وحیزبه‌و، ڕویان کرده ناو ڕیزه‌کانی پارتی و ڕێکخراوه‌ کوردستانیه‌کانی سه‌ر به به‌پارتی به‌جۆرێ، بارودۆخه‌که پێجه‌وانه‌ی جاران بوه‌وه. پێشا ئه‌وان گێچه‌ڵیان به‌‌دڵسۆزانی لایه‌نی پارتی ئه‌کرد و توانجیان لێ ئه‌داین، ته‌نها بۆنمونه: ئێمه وه‌ک لاوانی کورد، جلی کوردیمان ئه‌کرده‌به‌ر و که‌ڵاوی سیمدار هه‌بو ئه‌مان کرده سه‌ر به‌بێ مێزه‌ر، که‌ ئه‌مانیان بینی، پی ئه‌که‌نین و ئه‌یانووت، بیبیسی کۆلاکان هاتن، گاڵته‌یان به‌جل و به‌رگ و که‌ڵاوه‌که‌مان ئه‌هات!.

گومان له‌وه‌دا نیه، به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆک بارزانیه‌وه له‌هه‌نده‌ڕان، جۆش وخروشێکی ئه‌وتۆ که‌وته ناو ڕیزه‌کانی پارتیه‌وه‌و گه‌شه‌ی کرد، به‌عسیه‌کان و قه‌ومیه‌کان، که ده‌رکه‌وت دیاری ترین که‌سیان عه‌بدوسه‌لام محه‌مه‌د عارف بو، که‌وتنه جۆڵه له‌دژی کورد، هه‌روه‌ها، حیزبی شیوعیش چووه پاڵیان و پشتگیریان له وان ئه‌کرد. له‌ئه‌نجامدا پارتی بڕیاریدا، مه‌کته‌بی سیاسی بگه‌ڕێته‌وه کوردستان و له سنوری پاڕیزگای سلێمانی له‌ناوچه‌ی ماوت بمێنێته‌وه، هه‌روه‌ها سه‌رۆک بارزانیش بگه‌ڕێته‌وه ده‌ڤه‌‌ری بارزان!.

لێره‌دا، کۆتایی به‌م به‌شه‌ش ئه‌هێنین، هیوادارین چاوه‌ڕوانی به‌شی چوواره‌م بن، که به ململانێی پارتی و لایه‌نه سیاسیه‌کانی تری سه‌ر گۆڕه‌پانی ئێراق و ڕژێمی به‌غدا ده‌ست پێ ئه‌کات!.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر