بۆ هەموو ئەوانەی خۆیان بە "رۆژنامەنووس" دەزانن ...كارزان محەمەد (ماستەر لە یاسای رۆژنامەگەری)
ماوەیەكە راپۆرت دەربارەی پێشێلی مافی رۆژنامەنووسان لە كوردستان بڵاودەكرێنەوە كە جێگەی نیگەرانین !
بەڵام ئایا رۆژنامەنووسانیش فریشتەن؟
كەم نین ئەو رۆژنامەنووسانەی مافی كۆمەڵگا و خەڵك پێشێل دەكەن، هەندێكیان بەهۆی كەمتەرخەمی و هەندێكیشیان بە نەشارەزایی، چونكە بەشێكی زۆریان ئەلفوبێی یاسا و ئەخلاقی راگەیاندنیان نەخوێندوە و نازانن سنورەكانی ئازادی رادەربڕین تا كوێیە.
لەم وڵاتەدا دووكانی فلافل بكەیتەوە، دەبێ مۆڵەت وەربگری و چاودێری تەندروستی زوو زوو سەردانت دەكات، بەڵام بابای وامان هەیە لەپڕدا بۆتە رۆژنامەنووس و نازانێ جیاوازی رەخنە و ناوزڕاندن چییە؟ یان تاوانەكانی میدیا چین؟
كەواتە رۆژنامەنووسانیش هەروەك دەسەڵات لەكاتی بەزاندنی سنوردا جێگەی رەخنە و سزان.نە هەموو بەرپرسێ دێوەزمە و پێشێلكارە، نە سەرجەم رۆژنامەنووسانیش فریشتەن.بڵاوكردنەوەی داتا و ئاماریش سەبارەت بە پێشێلی مافی رۆژنامەنووسان بەس نییە، بەڵكو پێویستمان بە ڕێگاچارە هەیە.
لێرەوە لەپێناو كەمكردنەوەی تاوانی رۆژنامەگەری و باشتركردنی كاری راگەیاندن، پێشنیاز (بەتایبەت بۆ سەنتەری میترۆ و سەندیكای رۆژنامەنووسان) دەكەم :
-1هەر رۆژنامەنووسێ تا خولێكی چڕوپڕی یاسایی و ئەخلاقی رۆژنامەگەری نەبینێ، مۆڵەتی كاری رۆژنامەگەری لە هیچ دەزگایەكی راگەیاندن نەدرێتێ، تا بەهۆی كاری ناشیانەی چەند كەسێ، مەیدانەكە نەبێتە گەڕەلاوژە.
-2مۆڵەتی سەرنوسەرێتی بەكەس نەدرێ بەبێ تاقیكردنەوەیەك لەسەر یاسا و ئەخلاقی راگەیاندن، هەروەكچۆن لەسەر وەختێكدا لە عیراق مەرجی (پارێزەرێتی بۆ سەرنوسەر دانرابوو، بەڵام ئێستا دەشێ شارەزایی بێت.
-3داواكاری گشتی ئەكتیڤ بكرێت بۆ لێپرسینەوە لەو تاوانە رۆژنامەگەرییانەی مافی گشتی هاوڵاتیان و كۆمەڵگا پێشێل دەكەن.
-4مەرجەكانی مۆڵەت بەخشین بەئەكادیمیتر و یاساییانەتر بكرێ، تا كەسانی نەشیاو و نەشارەزا بە ئاسانی نەتوانن مۆڵەت وەربگرن، بەتایبەت لە ساڵانی رابردوو بینیمان كە بەهۆی ئاسانی مۆڵەتەوە، جۆرێ لە شێواوی لە رۆژنامەگەریی كوردیدا هاتەئاراوە.
-5دامەزراندنی لیژنەیەكی تایبەت بە دادگایی رۆژنامەنووسان، تا رۆژنامەنووس لەگەڵ بكوژ یاخود دزێكدا نەچنە یەك قەفەزی تاوان.
-6تەنها كار بە یاسای رۆژنامەگەری بكرێت نەك یاسای سزادانی عیراقی، چونكە بنەمایەكی گشتی یاسایی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە (تایبەت كۆتوبەند دەخاتە سەرگشت) واتا هەر بوارێك یاسای خۆی هەبوو، ناشێ دادوەر پەنا بۆ یاسایەكی گشتی ببات كە چەند ماددەیەكی لەسەر رۆژنامەگەرییە.
7-ئەو بەرپرس و دەزگایانەی مافی رۆژنامەنووسان پێشێل دەكەن، دەبێ لەسەر ئەو بنەما یاساییە بدرێنە دادگا كە
هەروەك لە بڕگەی (پێنجەم)ی ماددەی (حەوتەم)ی بەشی (چوارەم)ی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە (35)ی ساڵی (2007)دا هاتووە:" هەر كەسێكێك بەهۆی كارەكەیەوە سووكایەتی بە رۆژنامەنووس بكا، یان دەستدرێژیی بكاتە سەر ئەوا هەمان ئەو سزا یە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەرێك لە كاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە"
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
