كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی "زۆرم به‌زه‌یی به سلێمانیدا دێته‌وه"و "ئه‌م شاره بۆ وا بێ ناز و وێرانه‌یه"، هه‌میشه له‌و میوانانه ده‌بیستی كه بۆ ساتێ دێنه شاری سلێمانی.
به‌رله‌وه‌ی بێن له خه‌یاڵدانی خۆیاندا هێنده‌یان ده‌رباره‌ی پاڵه‌وانێتی و مێژووی زێڕینی ئه‌م شاره بیستووه، به ئاواته‌وه‌ن سه‌ردانی بكه‌ن. . . به‌ڵام كاتێ دێن، به‌ڵێ شاره‌كه مێژوویه‌كی پڕشانازی هه‌یه، به‌ڵام هه‌میشه باجی (هه‌ڵوێست) ی دانیشتوانه‌كه‌یو (كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسان به‌تایبه‌ت شاره‌وانی) داوه، هه‌ربۆیه‌شه ساڵ له‌دوای ساڵ سیمای جوانی تیایدا كه‌متر ده‌بێته‌وه.
لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر شاره‌وانییه كه به (14) ناپاڵمی كه‌مته‌رخه‌می شاره‌كه‌ی ئاوایی بێكه‌سه بردووه، به‌و ئومێده‌م به‌رپرسانی وه‌ئاگا بێنه‌وه و له‌ڕووی دڵسۆزیی یان به‌زه‌یی یا له‌به‌ر لۆمه و گله‌یی خه‌ڵك، به‌دواداچوونی بۆ ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌و كه‌مته‌رخه‌می و كه‌موكوڕییانه‌ش بریتین له:
1-ناوچه گه‌شتیارییه‌كان گرنگترین شوێنن بۆ ڕاكێشانی گه‌شتیار و بێگانه و سه‌رچاوه‌ی گرنگی داهاتن بۆ شاره‌كه، به‌ڵام شاره‌وانییه‌كه‌ی بێ منه‌تانه ته‌نها ئه‌ركی باج و خه‌راجی له ئه‌ستۆدایه و له خزمه‌تگوزاریی بێده‌نگه، به ویژدانی كێ ڕه‌وایه شه‌قامی سه‌ره‌كی سه‌رچنار كه هه‌روه‌ك هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی ده‌بێژێ (وشكه سۆفی دێنێته گۆرانی) به‌ڵام به‌هۆی ڕه‌گله و چاڵه‌وه ئۆتۆمبێلی تیادا وێران ببێ؟ ئه‌ملاولای شه‌قامه‌كه‌شی له‌بری سه‌وزایی و دار‌و دره‌خت، پڕ له دڕك و پوش بێ؟.
2-رۆژبه‌رۆژ ئاوهه‌وای شاره‌كه به‌هۆی چه‌ند كارگه‌یه‌ك و زۆری ئۆتۆمبێله‌وه پیستر ده‌بێ، شاره‌وانی له‌نێو سه‌دان داری سه‌وز و جوان كه له‌گه‌ڵ ئاووهه‌وای كوردستاندا ده‌گونجێ، داری واشنتۆنیان چاندووه كه نه‌ك به‌رگه‌ی ڕه‌شه‌بای شاره‌كه ناگرێت به‌ڵكو به‌چه‌ند حه‌بلێ به‌ستویانه‌ته‌وه تا نه‌كه‌وێ، زۆربه‌شی سه‌وز نه‌بووه. پاشان ئه‌وه چ زه‌وقێكه له‌و شاره‌وانییه‌دا كه حه‌ز به چاندنی دارێك بكات له دارخورما بچێ و گه‌شتیاری بێگانه وابزانێ ئێره‌ش عه‌ره‌بستانه؟.
3-چه‌ندین نمونه‌ی داگیركردنی باخ و دارستانمان له شاری سلێمانیدا هه‌یه، كه‌سیش به شاره‌وانییه‌كه‌یه‌وه غیره‌تی ستاندنه‌وه‌ی ئه‌و موڵكه گشتیانه‌ی نه‌بووه و نییه.
4-ده‌یان كۆمپانیای ئاو به‌رهه‌مه‌كانیان له سلێمانیدا ده‌فرۆشرێن، شاره‌وانی و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی نه‌یانتوانیوه لایه‌نی كه‌م بڕیارێكیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن كه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ته‌نه‌كه‌ی زبڵ بده‌نه فرۆشیاره‌كانیان، ته‌نانه‌ت ئه‌م شاره‌وانییه نه‌یتوانیوه كارگه‌یه‌كی تواندنه‌وه‌ی لایلۆن بهێنێته شاره‌كه تا هه‌م به‌كاربهێنرێنه‌وه و هه‌م بژێوی كۆمه‌ڵێ خه‌ڵكی هه‌ژاریشی بكه‌وێته‌سه‌ر، بۆیه ده‌به و لایلۆن سیمای شاره‌كه‌ی ناشرین كردووه.
5-پرۆسه‌ی قیرتاو و پینه‌وپه‌ڕۆی شه‌قامه‌كان هێنده سیسته كه شۆفێران به دوامۆدیلی ئۆتۆمبێله‌وه، هه‌ر ده‌بێ به‌دوای فیته‌ره‌وه بن، بۆچی؟ چونكه زۆرینه‌ی به‌رپرسه باڵاكانی شاره‌وانی به ئۆتۆمبێلی شاره‌وانییه‌وه ته‌راتێنیانه و هه‌ست به خه‌می خه‌ڵك ناكه‌ن.
لێره‌دا نهێنییه‌ك ده‌خه‌مه‌ڕوو، له پسپۆڕێكی ڕێگاوبانی وڵاتێكی دراوسێم پرسی، لێره ئه‌م ئۆتۆمبێله كۆنانه له‌ساتی ئیستپۆپدا له‌جێگای خۆی ڕاده‌وه‌ستێ به‌ڵام له كوردستان دوامۆدیلی ئۆتۆمبێل ئیستۆپ ده‌گرێ و چه‌ند مه‌ترێ له‌ولاتر كاره‌ساتێ ده‌خوڵقێنێ، نهێنییه‌كه‌ی له‌چیدایه؟ وتی قیره‌كه‌تان كوالیتی نییه!. كه‌واته كاره‌ساته‌كانی ئۆتۆمبێلیش، هه‌ر له ئه‌ستۆی به‌رپرسانی قیری سلێمانیدایه.
6-گرانتركردنی زه‌وی: هه‌زاران ماڵ له‌م شاره‌دا كرێَچین و به‌ده‌ست كێشه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌ناڵێنن، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و شاره‌وانی سلێمانی، پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وییان ڕاگرت، به‌مه‌ش بۆ نمونه زه‌وییه‌ك له گه‌ڕه‌كی چوارچرا نرخه‌كه‌ی له (20. 000$-25. 000$) ه‌وه گه‌یشته سه‌روو (10. 000$) واتا بۆ چوار هێنده!. ئه‌مه‌ش هاوڵاتیانی ناچار كرد كه په‌نا بۆ كڕینی شوقه ببه‌ن، كام شوقه؟
7-كۆمه‌ڵێ كۆمپانیا له‌لایه‌ن شاره‌وانی و هه‌ندێ لایه‌نیتری حكومه‌ت، زه‌وییان پێدرا و كارئاسانیان بۆ كراوه تا شوقه دروست بكه‌ن، به‌ڵێ كارێكی ئاقڵانه بوو چونكه زۆرترین خێزان له كه‌مترین شوێندا كۆده‌كرانه‌وه، به‌ڵام به‌ویژدانی كێ ڕه‌وایه زۆربه‌ی شوقه‌كان له (20-30) ملیۆن دینار زیاتری تێناچێ كه ته‌نها پاره‌ی سلفه‌ی عه‌قاره‌كه‌یه، به‌ڵام نرخه‌كه‌یان له سه‌روو (50) ملیۆن دیناره‌وه‌یه! كوا یاسا و بڕِیارێ بۆ پشتیوانی له مافی هاوڵاتیان و به‌كاربه‌ر؟.
8-به‌شێك له كۆمپانیاكانی دروستكردنی شوقه (وێنه و نمونه‌مان له‌به‌رده‌ستدایه) به‌ڵێنی باغ و سه‌وزایی و چه‌ندین خزمه‌تگوزارییان به هاوڵاتیان داوه، به‌ڵام له واقیعدا هیچ شتێكی ئه‌وتۆیان به‌جێنه‌هێناوه چونكه له خه‌ڵك بێمه‌نتن و حكومه‌تیش لێپرسینه‌وه‌ی نییه.
9-شاره‌وانی هیچ به‌رنامه‌یه‌كی نییه بۆ هاندانی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت بینا حكومییه‌كانیش بۆ سه‌وزكردنی شار، ئایا ڕه‌وایه فه‌رمانگه‌یه‌كی وه‌ك باج و زه‌ریبه كه داهاته‌كه‌ی ملیاره‌ها دیناره، ده‌وروبه‌ری بیناكه له‌بری دار و دره‌خت، دڕك و داڵ له ده‌وروبه‌ری ڕوواوه؟.
10-سه‌رشۆسته‌كان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێ فرۆشیار كه هه‌ندێكیان عه‌ره‌بن، داگیركراوه. بۆنمونه كاتێك ده‌چیته ناوبازاڕی سه‌ره‌كی سلێمانی، هه‌ندێ دووكاندار و ده‌ستفرۆش به‌جۆرێ شه‌قامه‌كه‌یان داگیركردووه كه ڕێگایان بۆ پیاده‌ڕۆ نه‌هێشتۆته‌وه.
11-زۆرینه‌ی دووكانداران (به‌تایبه‌ت له بازاڕی سه‌ره‌كی، بازاڕه‌كانی سه‌رچنار و ئاشتی و سه‌رشه‌قامی سی مه‌تری) هیچ چاودێرییه‌كیان به‌سه‌ره‌وه نییه تا پاشماوه‌كانیان فڕێ بده‌نه زبڵدان نه‌ك له‌به‌رده‌م دووكانه‌كه‌دا كه‌ڵه‌كه‌ی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش دیمه‌نێكی شاره‌كه‌ی دزێو كردووه.
12-هاوڵاتیان ئه‌مڕۆ كێشه‌ی گۆڕستانیان هه‌یه، به ویژدانی كێ ڕه‌وایه هه‌ر به‌رپرسێك ده‌مرێت (نمونه‌مان لایه) لایه‌ك له گۆڕستانێ داگیر ده‌كات و شاره‌وانیش به‌تابلۆ نوسیویه‌تی كه‌س بۆی نییه له قه‌برێك زیاتر داگیربكات، به‌ڵام شاره‌وانیش چاودێری جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی خۆی ناكات.
13-ماوه‌ی (13) ساڵه هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی نه‌كراوه، هه‌روا سه‌رۆك شاره‌وانی له سلێمانی به‌بێ ده‌نگ و پرس به خه‌ڵك ده‌گۆڕدرێن، كه‌س نازانێ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك داده‌نرێن و دواتر بۆچی لاده‌برێن؟.
14- شاره‌وانی بێ گوێدانه جوانكاری، نێوان شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی له‌بری داری سه‌وز، به ئاسن جیاكردۆته‌وه، ئه‌مه‌ش هێنده‌یتر هاوینی گه‌رمتر و زستانی ساردتر كردووه، ته‌نانه‌ت له‌كاتی شه‌ویشدا ئه‌و په‌رژینانه‌ی به‌ئاسن كراون ده‌ڵێی هیته‌رن!.
لێره‌وه چه‌ند پێشنیازێ ده‌خه‌مه به‌رده‌م شاره‌وانی سلێمانی:
-سه‌پاندنی بڕیارێك به‌سه‌ر كۆمپانیاكانی شوقه بۆ دیاریكردنی نرخی گونجاو بۆ شوقه‌كان نه‌ك به‌چه‌ندین هێنده به‌خه‌ڵكی بفرۆشنه‌وه، چونكه به‌رژه‌وه‌ندی هه‌زاران خێزان له گیرفانی چه‌ند بازرگانێ گرنگتره.
-گوشارهێنان بۆسه‌ر كۆمپانیاكانی شوقه بۆ به‌جێهێنانی به‌ڵێنی سه‌وزایی و باخچه‌ی منداڵان و قوتابخانه كه پێشتر به هاوڵاتیانیان داوه.
-لیژنه‌ی لێپرسینه‌وه له چاندنی (داری واشنتۆن) پێكبهێنرێ كه پرۆسه‌ی سه‌وزكردنی شاره‌كه‌ی دواخست، لایه‌نی كه‌م ملیۆنه‌ها دۆلاریش به‌فیڕۆ درا و زۆربه‌ی سه‌وز نه‌بوون.
-چاندنی دار له‌بری په‌رژینی ئاسن له‌نێوان شه‌قام و ڕێگاكان.
-هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی حكومی تا ده‌گاته ماڵه‌كان، به بڕیارێ چاندنی دار و خزمه‌تكردنی داره‌كه‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ. هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌تی چاندنی نه‌مام به خودی كارمه‌ندان و خوێندكارانی قوتابخانه و فه‌رمانگه گشتییه‌كان ئه‌نجام بدرێت، چونكه زۆربه‌ی قوتابخانه و بینا حكومییه‌كان بڕی سه‌وزاییان تیادا زۆر كه‌مه.
-لیژنه‌ی تایبه‌ت به قیرتاو و كۆنكرێتی شاره‌كه پێكبهێنرێ به‌تایبه‌ت بۆ چاكسازی و پینه‌وپه‌ڕۆی شه‌قامه‌كان بۆ نمونه شه‌قامی سه‌ره‌كی سه‌رچنار.
-هێنانی كارگه‌ی تواندنه‌وه‌ی لایلۆن و شوشه بۆ شاری سلێمانی.
-سزادانی دووكانداران و فرۆشیاران كه ڕه‌چاوی خاوێنی ناكه‌ن.
-قه‌ده‌غه‌كردنی دانانی عه‌ره‌بانه‌ی ده‌ستفرۆش له‌سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌به‌رده‌م باخی گشتی.
-ڕێكخستنی بازاڕی سه‌ره‌كی سلێمانی و كۆنتڕۆڵی ئه‌و بێسه‌روبه‌ره‌ییه‌ی له‌به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره و هه‌ندێ شوێنی دیكه‌دا هه‌یه.
- له‌ڕووی سه‌وزاییه‌وه، بایه‌خی زیاتر به ده‌روازه‌كانی شاری سلێمانی بدرێت.
دواجار به (سه‌رۆكی شاره‌وانی) و لێپرسراوه‌كانیتری سلێمانی ده‌ڵێم، ئه‌م شاره هیچیتر ته‌حه‌ممولی كه‌مته‌رخه‌می و نابه‌رپرسیارێتی ئێوه‌ی نه‌ماوه، چیتر ئه‌م شاره به‌هۆی گران كردنی زه‌وی و كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌وزایی و پیسوپۆخه‌ڵی و تاسه و چاڵی شه‌قامه‌كانی و پیسبوونی ژینگه‌كه‌یه‌وه كاول و وێران مه‌كه‌ن، چونكه دانیشتوانه‌كه‌ی له حیزبی به‌عسی قبوڵ نه‌كرد، له ئێوه‌شی قبوڵ ناكات!.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.


