خه‌ڵکان و لایه‌نێکی زۆر له‌سه‌ر تیرۆری " کاوه گه‌رمیانی " نوسیوییانه و ھاوڕێیانی سەكۆی ئەناركیسته‌کانی کوردستان بە وتارێکی چڕ‌وپڕ له ژێر ناوی "نا بۆ تیرۆر، هه‌نگاو به‌ره‌و ئازادی" بەشداری ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری كرد، بێجگە له‌مه‌ش هه‌ندێک له هاوڕێیان له تۆڕی فه‌یسبووکدا وه‌کو بۆچوونی که‌سیی خۆیان، دیسانه‌وه له بەرامبەر ئەو کاره‌ساته جه‌رگبڕه‌دا، ھەڵوێستیان وه‌رگرتووە . . .
ئه‌وه‌ی که ماوه‌ته‌وه لێره‌دا من بیڵێم ده‌رککردنه به‌و ڕاستییه مێژووییه، که کار و کرداری تیرۆریستیانه به هه‌موو چه‌شنه‌کانییه‌وه له‌و کاته‌وه دروستبووه، که کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی هاتۆته کایه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێک له چینه‌کان یاخود توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ڕێگەی پارتێکی ڕامیارییه‌وه، جه‌نڕاڵێکی سەربازییه‌وه، سه‌رۆكخێڵ و ناودارێکی ناوچه‌ییه‌وه، یا کابرایه‌کی ئایینییه‌وه، ده‌سه‌ڵاتدار بووه یا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی گرتۆته ده‌ست، که هه‌موو ئه‌مانه‌ش له پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا : ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، ئابووری، ئایینیی، که پلانی ئه‌وان و کێشمه‌کێشی نێوانیان له سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌کان، به ڕق و به ته‌ماحی ده‌سه‌ڵات، تیرۆری چ له‌سه‌ر ئاستی تاک، به کۆمه‌ڵکوژی، چ به هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ، ئافراندووه.
چاوگێڕانه‌وه‌یه‌ك به مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، نه‌ك هه‌ر له وڵاتی ئێمه‌دا، به‌ڵکو له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، ئه‌م ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت و قوربانییه‌کانیشیان، بۆ به‌دبه‌ختی، ئه‌وه‌نده گه‌وره و زۆر بوون، له ئه‌ژماره نایه‌ن. هه‌ر له کوردستاندا به ته‌نها ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێی له چه‌رخی ڕابوردوو، ئه‌وه ده‌بینرێت کە له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه چۆن ده‌وڵه‌تی بریتانی تیرۆری دژی خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که‌ی کوردستانی ئه‌و ده‌مه، کردووه، دواتر له ساڵه‌کانی 30یه‌کاندا له خۆپیشاندانی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانیی چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ی تیادا تیرۆرکراوه، که ناوداره‌کانیان، عه‌وله سیس و خاتوو ئه‌خته‌ر بوون.
له دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی کوردیشه‌وه، له ململانێی نێوانی پارته‌کاندا، ده‌رده‌که‌وێت که چۆن پارتی دیمۆکراتی کوردستان به هه‌ر دوو به‌شه‌که‌یه‌وه لەو بوارەدا داهێنانیان کردووه و هه‌نگاوی زیاتریان ناوه، ده‌ستێکی ڕه‌ش و چه‌په‌ڵیان له کوشتن و پاکتاوکردنی ئه‌ندامه چالاکه‌کانی حیزبی شیوعی عێراقی هه‌بوو و هه‌روه‌ها له نێوانی خۆشیاندا و دروستکردنی به‌ندیخانه‌ی ترسناکی وه‌کو ڕایات و خه‌لان و ماوه‌ت و سیخناخکردنیان له خه‌ڵکانی کۆمۆنیست و ناڕه‌زاییکاران، له‌وه‌ش زیاتر تیرۆرکردنی براده‌رانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش .
هه‌ر له دروستکردنه‌وه‌ی بزووتنەوەی چەكداریی نوێشدا له شاخ و دواتریش که ده‌سه‌ڵاتیشیان گرته ده‌ست له شاره‌کاندا، بره‌ویان به چالاکی تیرۆرکردن له نێو ژنان دا و به‌رپاکردنی شه‌ڕی کۆنه‌قین سه‌ده‌های تریشیان له خه‌ڵکانێك که گوێی بۆ شلنه‌کردبێتن و نه‌یاریان بووبێت و چۆکی بۆ دانه‌دابێتن هه‌ر له تیرۆری وریا و نوری حه‌مه‌عه‌لی، صەد‌یقه فه‌نی، خاڵه حه‌مه (هه‌ڤاڵ جووجه‌ڵه) ڕەوئوف كامیل، نەزیر عومەر، حه‌مه‌حه‌لاق و سەلاح ھۆرامی، فەرھاد فەرەج، شاپوور عەبدولقادر، قابیل، ئه‌بوبه‌کر عه‌لی و چه‌ند هاوڕێیه‌کی حیزبی کۆمۆنیستی کارگه‌ری و عەبدولستار تاھیر، سۆران مامەحەمە و سەردەشت عوسمان تاکو کاوه گه‌رمیانی، تیرۆریان کردوون. ئه‌م لیسته ده‌توانرێت بۆ سه‌ده‌ها که‌سی بێ‌تاوان درێژبکرێته‌وه، که ته‌نها خەتایان ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییان بووه له سیساسه‌ته‌کانیان، یاخود نه‌یاریان بوون.
ئه‌مانه‌ی که باسمکردن ته‌نها مشتێکن لە خه‌روارێك و نامه‌وێت لەوە زیاتر خوێنه‌ر به زه‌مه‌ن و لیستی تیرۆرکروان توشی خەمۆكی بكەم. ئه‌وه‌ی که گرنگه بیری خۆێنه‌ری کورد و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بهێنمه‌وه، چه‌ند خاڵێکن، که یه‌که‌میان: تیرۆر به ته‌نها تایبه‌تمه‌ند یا په‌یوه‌ست به پارتی و یه‌کێتی یا ئیسلامی و گۆڕان یا هه‌ر پارتێکی دیكەی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌وه، نییه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش ده‌ڵێم تیرۆر مه‌یلی پارتایه‌تی یا پارتییانه نییه، به‌ڵکو سروشتی پارت و ڕێکخراوی سیساسییه. دووهه‌م: ئه‌وه‌ی که ئه‌و سروشتی تیرۆر و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و توندوتیژییه‌ی له سه‌رجه‌می ئه‌م پارتیانه‌دا دروستکردووە، ده‌سه‌ڵاتخواستنیانه، خوازیارییانه بۆ هه‌یمه‌نکردن و پاوانکردن . له کاتێکدا که ئێمه سه‌رجه‌می هه‌موو ئه‌م پارتانەمان نه‌ک هه‌ر له کوردستاندا، به‌ڵکو له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌که و جیهانیشدا بینیوون و ده‌بینین، که کێشه‌ی ئه‌وان و هه‌وڵی سه‌ره‌کی و جددیان، بۆ پاوانخوازی و بە ده‌سه‌ڵاتگەییشتنە، ئیدی هیچکام له‌مانه ده‌ربه‌ستی گیانی دۆسته‌کانی ئه‌وانی دیكەیان یا هاوڵاتیانی ناڕه‌زا، نه‌بوون و نایه‌ن، پێشینان وته‌نی کاتێك " ده‌گاته تیینیان" لێره‌وه پرۆسه‌ی پاکتاوکردن ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت و ڕه‌واییشیی، نه‌ک هه‌ر له لایه‌ن حیزبی بکه‌ری تیرۆره‌وه، به‌ڵکو به‌شێێکی کۆمه‌ڵگه‌شه‌وه، پێده‌درێت. سێهه‌م: ئه‌و دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که بڵێین ده‌سه‌ڵات، خوازیاری هه‌موو چه‌شنه‌کانی ده‌سه‌ڵات، له شانه‌یه‌کی بچوکی کۆمه‌ڵگه‌وه که له خێزانه‌وه ده‌ستپێده‌کات تاکو کۆتایی که دەگاتە ده‌وڵه‌ت، هه‌وێنی دروستبوونی تیرۆر، تووندوتیژی هه‌تا كێشمەكێش و جه‌نگیشه. چوارهه‌م : نابێت بڕوا به هێچ پارت و ڕێکخراوێکی سیساسی ده‌سه‌ڵاتخواز، یا ڕۆشنبیره لیبراڵه‌کان بكەین، که به‌سه‌ر پارته سیاسییه‌کاندا دابه‌شبوون، که له‌م کاته ناسك و خه‌مناکه‌دا فرمێسکی تیمساحیانه بۆ تیرۆری کاوه گه‌رمیانی و خێزانی کاوه ده‌ڕێژن، نابێت بڕوابکه‌ین، هه‌ر ئه‌مانه‌ن له ڕابوردوو و له ئێستادا که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن تیرۆی فکری و ڕه‌وشتی و که‌سایه‌تی نه‌یاره‌کانیان کردووه و ده‌که‌ن و که چووشنه ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه، تیرۆری جه‌سته‌ییان، ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ی که له ڕاستیدا دژایه‌تی تیرۆرده‌کات و تیرۆری بۆ هیچ که‌سێک ناوێت، ئازادیخوازه‌کانن، سۆشیالیسته دژەده‌سه‌ڵاتە‌کانن، چونکه ئه‌مان ھیچ چاوچنۆكیی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وندی شه‌خسی و حیزبیییان نییە و به‌و ئاراسته‌یه‌ش خه‌باتناکه‌ن.
18/12/2013
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
