Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە
  • WhatsApp -Viber - 00964770768123
  • Contact - kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz

ئازاد به‌کر

کۆمۆنیزم ژیان و ئاییندەیە، نەک لیبرالیزم و مەزهەب! ... ئازاد بەکر

ئازاد به‌کر 29 May 2013

لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە، جیاوازی بنەڕەتی لەنێوان کۆمۆنیزم و مەزهەبدا هەیە. کاتێ ئیسلام لە کۆمەڵگادا باڵادەست دەبێت، بەزەخت و زۆر و تیرۆر بیرباوەڕی ئایینی خۆی بەسەر هەموو تاکەکاندا دەسەپێنێت. ئاکامی هەڵگیرساندنی شەڕەکانی ئیسلام لەمێژووی کۆن و نوێدا، ژمارەیەکی خەیاڵی لەمرۆڤەکان بەناوی خوداو یاساکانی ئایینەوە کوژراون و ئاوەرەبوون. بەڵام هێشتا مرۆڤ لەپێناو ئازادی و مافەکانی خۆیدا بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبووە مل بە پەیڕەو و یاسای کۆنەپەرستان بدات و هەمیشە ڕەتیکردۆتەوە، چونکە ئایین کۆت و بەندی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان و هەموو جۆرە ڕەگەز و ڕەنگێکی مرۆڤ بووە. پێچەوانەی ئایین، کۆمۆنیزم خاوەنی فەلسەفەی ماتریالیزمە و لەبەرانبەر فەلسەفەی میتافیزیکی ئایینداریدا وەستاوەتەوە. کۆمۆنیزم، ئایینی وەک ڕەنگدانەوەی ژێرخانی ئابووری چینە دارا و خاوەن دەسەڵاتەکان ناساندووە، واتە بەنەهێشتنی ئابووری چەوسێنەرانەی سەرمایەداری، ئایینیش بەرەو پوکانەوە دەڕوات. هەرچەندە کۆمۆنیزم باوەڕی بەئازادی کەسێتی ئاییندارەکان هەیە لەپەیڕەوکردنی ئایینی خۆیاندا، بەڵام باوەڕی تەواویشی بە جیاکردنەوەی دەسەڵات و یاساکانی ئایین هەیە لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی هاوچەرخ و مۆدێرندا. ئەزموونی دەوڵەتی بەلشەفی پاش لینین و شکستی تاک و حیزبەکانی لە ڕێبازی لینین و مارکس دوورکەوتنەوە، ناکرێ وەک سەرمایەدارانی مەزهەبی و لیبرالی و بۆرژواکانی دوژمنانی کۆمۆنیزم، دەسەڵاتی دیکتاتۆری ستالین و ئەوانەی دوای خۆی و ڕیفۆرمی ئابووری پرستوریکا و ڕەوتە ڕیڤیژینستەکان، بەنموونەی کۆمۆنیزم لێکبدرێنەوە. بەڵام هێشتا دەسکەوتەکانی ئەو دەوڵەتە لەبواری پەروەردە و تەندروستی و کارکردن و بەرهەمهێنان و دۆخی ژناندا زۆر لەووڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری ڕۆژئاوایی لەپێشتر بووە.

مێژوو بە خۆ ویستی و ئیرادەی فیکری کەسەکان ناگۆڕێت، بەڵکو بارودۆخی بابەتی و کاریگەری هاوپەیمانی نێوان هێزە سیاسیەکان دەبێتە ئاوێنەی بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و ئامانجە هاوبەشەکانی چینەکان لەدیاریکردنی میژوودا. هەر ئەمەشە ئیسلامی سیاسی کردووە بە هاوپەیمانی سەرمایەدارانی ناوخۆ و ووڵاتانی زلهێز، تا هەموویان پێکەوە لەدژی کۆمۆنیزم بجەنگن. ئیتر ئەوەی کە بۆرژوا لیبرالەکان دەڵێن گوایە ئەوان سکۆلار و مۆدێرن و پۆست مۆدێرنن و جیاوازی لەنێوان ئیسلام و کۆمۆنیزمدا ناکەن، شتێک نییە جگە لەبوختان هەڵبەستن بۆ خزمەتکردنی زیاتری سیستەمی سەرمایەداری. جیهان بینی ئایینی و جیهان بینی کۆمۆنیزم دووشتی لێک جودان، ئایین بۆ سەلماندنی ئایدیاکانی پشت بەستووە بە غەیب و خورافە، بەپێچەوانەشەوە بنەمای ئایدیاکانی کۆمۆنیزم لۆژیک و زانستە. ئەوانەش باس لەشکستی کۆمۆنیزم دەکەن، یان پڕوپاگەندەی لیبرال و مەزهەبیەکانن یان دۆکۆمینتە دروستکراوەکانی هەواڵگریەکانی ووڵاتانی ئیمپریالی و کۆنەپەرستانی هاوکاریانن. ئەگینا تەنها بە کۆمۆنیزم دنیا دەگۆڕێ و تەنها کۆمۆنیزمە ئیرادە بە مرۆڤەکان دەدات بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە، نەک ئەڵتەرناتیڤی نالۆژیکی پەنابردنە بەر ئایینی خودا و بەهەشتی خەیاڵی. ئەمڕۆش پاش زیاتر قوڵبونەوەی قەیرانەکانی ئابووری سەرمایەداری، جارێکی تریش تارمایی کۆمۆنیزم گەڕاوەتەوە ناو کۆمەڵگاکان. چینی کرێکارانی جیهان بۆ بەدەستهێنانی یەک لەدوای یەکی خواست و دەسکەوتەکانیان لەدژی مەزهەبگەرایی و لیبرالیزم و هاوشێوەکانی بۆرژوازی، ئاڵای سووری کۆمۆنیزم بەرز رادەگرن.

سۆسیالیزمیش قۆناغی ئامادەکارییە بەرەو قۆناغی باڵاتر کە کۆمۆنیزمە. لە قۆناغی سۆسیالیزمدا دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی چینی کرێکار دادەمەزرێ بۆ نەهێشتنی یەکجاری موڵکایەتی تایبەت و گەرانەوەی ئیرادەی مرۆڤەکان بۆ خۆیان بەبێ جیاوازی ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە و ئایین. بەرنامەی سۆسیالیزم لە بواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا ئاستی ژیانی مرۆڤەکان دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی بەرزی بێ چەوسانەوە و ستەم کەشایستەی مرۆڤ بێت. بەپێچەوانەی گڵۆباڵیزمی ئابووری و سیستەمی بازاڕی ئازادی سەرمایەدارانەوە کەپڕیەتی لەناکۆکی و نایەکسانی بۆ کرێکاران و توێژە شەکەت و ماندووەکان. مەزهەبی و لیبرالەکانی هاوچینیان بروایان بەململانێ و کێشەی چینەکانی ناو کۆمەڵگاکان نیەو تاسەر ئێسقان خاوەنداریتی تایبەت بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەپەرستن. پێچەوانەی دەسەڵاتی ڕەهایی دیکتاتۆری و کۆماری و پاشایەتی و پەرلەمانی بۆرژواکان و خەلیفەکانی مەزهەب کەمەگەر مردن لەدەسەڵات هەڵیانکەنێت، شوراکانی هەڵبژێردراوی ئازادانەی خەڵک دەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست و لەهەر گوند و شارۆچکە و شارێکدا بەیەکسانی بێ جیاوازی کۆمەڵگە بەڕیوەببەن. هەرچەندە ووڵاتانی بلۆکی ڕۆژ هەڵات بەناو سۆسیالیستی بوون، بەڵام کۆمۆنیزم مژدەی دەسەڵاتداری بەتاک و گروپ نادات، بەڵکو هەرکەس بەپێی کار و پێویستی ژیانی خۆی سوودمەند دەبێت، سۆسیالیزمیش تەنیا قۆناغێکی گواستنەوەیە بەرەو کۆمۆنیزم. کۆمۆنیزم وەک جەمسەری سیستەمێکی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ لەسەر ویستی تایبەتی بیرمەندەکان نەهاتۆتە کایەوە، بەڵکو ئەنجامی حەتمی گەشەی بابەتیانەی کۆمەڵگای سەرمایەداری خۆیەتی.

گرنگترین شتێک کە ئێمە لە ووڵاتانی سەرمایەداریدا بەدیدەکەین دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە، لەم دەستی بۆرژوازیەوە بۆ دەستەکەی تری بۆرژوازی. بۆ ئەم پرۆسەیە کرێکاران و توێژە بێبەشەکان دەبەنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و هەر بۆرژواکان بۆ قۆناغی داهاتوو هەڵدەبژێرنەوە تا زیاتر بیان چەوسێننەوە. ئەمە ئەگەر ووڵاتەکە میلیشیایی و دیکتاتۆری نەبوو، بۆرژواکان لەم ڕێییەوە دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕپێدەکەن، ئەگینا لەهەندێک ووڵاتانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەڵاتداران بەکودەتا و شەڕ و خوێنڕشتن و مەرگ نەبێت لەدەسەڵات دوورناکەونەوە. بەڵام کۆمۆنیزم وەک مەزهەبی و لیبرالە بۆرژواکانی کۆمەڵگەی چینایەتی دەسەڵاتی چەوسێنەرانە پیادە ناکات. بەڵکو دەرگا لەبەردەم چینی کرێکاردا ئاوەڵا دەکات بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و جێبەجێکردنی بەرنامەی ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤەکان کە ڕەنگدانەوەی خواست و ئاواتەکانی بێبەشان و چەوساوەکان بێت. سەیرە لیبرال و مەزهەبیەکان کوشتوبڕی سەرمایەدارانەی خۆیان بخەنە پاڵ کۆمۆنیزم. بەدرێژایی میژوو، ڕەوت و ڕژێمە لیبرال و ئایینی و قەومیەکان هۆکاری تاوانی شەڕ و ماڵوێرانی و کوشتنی دەیان ملیۆن خەڵکی چەوساوەی ئەم سەر زەویە بوون. بۆیە گەر تیۆری کۆمۆنیزم زانسیانە لەسەر کۆمەڵگاکان جێبەجێبکرێت، نەک وەک سروشی ئایینی و لیبرالیانەی نێوان شوان و مەڕ، ئەوا هەرچی نەهامەتیەکانی سەرمایەداریی تووشی مرۆڤەکانی کردووە، لادەبرێت و شارستانیەکی نوێی مرۆڤانە و پێشکەوتنخوازانە دێتە کایەوە.

بۆچوونی گشت ئایینەکان لە یاساکانی میتافیزیکەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمەش ڕۆڵی لەسروشت و شێوەی مامەڵەی سیستەمی مەزهەبی لەگەڵ واقعدا قورسکردووە. بەڵام مانفێستی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگلز پشت ئەستورە بە لێکۆڵینەوەی قوڵ و گشتگیر لەواقع و مێژوو، کە بە میتۆدی دیالکتیک ناسراوە و نیشانەی دیاری ناسینەوەی کۆمۆنیزمە و زۆر ئاسان جیاوازی بنەڕەتی نێوان کۆمۆنیزم و مەزهەب دەردەخات. ڕژێمە مەزهەبیەکان بەهۆکاری جیاواز شەڕ و داگیرکاری میللەتانی تریان کردووە، بەبەڵگەی ئەوەی کە فەرمانی خودا جێبەجێدەکەن وەک لە قورئاندا هاتووە. بەڵام شەڕی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار لەگەڵ سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان بەپێی شیکردنەوە لە ململانێی نێوان چینەکان بووە لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. شەڕی سەرمایەداران بە مەزهەبی و قەومی و دینیانەوە لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەداراندا بووە، وەک شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان و ووڵاتانی تر کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەناوی ئازادی و دیموکراسیەوە هەڵیانگیرساندووە. بۆچی تیۆری کۆمۆنیزم چقڵی چاوی سەرمایەدارانە؟ چونکە کۆمۆنیزم پەیوەستە بەچینی کرێکار، کرێکاران لێیەوە فێردەبن کە چۆن بە ماف و ئامانجە مرۆیەکانی خۆیان بگەن. هەربۆیە سەرمایەداران و دەسەڵاتەکانیان لەناوی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار سڵدەکەنەوە و بۆ دژایەتی کۆمۆنیزم و هەڵخڵەتاندنی کرێکاران خەریکی دانانی هەزاران پلان و تیۆری لیبرالیانە و ئایینین تا سەرئێشەی کۆمۆنیزمیان لەکۆڵبێتەوە.

سیستەمی سەرمایەداری لەزۆربەی ووڵاتانی جیهاندا نوقمی قەیرانی قووڵ بووە، دەسەڵاتی بۆرژوازی جیهانی ڕوو لە شکستە و ناتوانێ چارەسەی گرفت و ناکۆکیەکانی هەناوی خۆی بکات، جونکە لەسایەی یاساو دەستوور و بەرهەمهێنانی سەرمایداریدا ئەو ناکۆکیانە بنەبڕناکرێن. بەڵکو بەڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری و نەمانی ئایدیۆلۆژیا ئایینی و قەومی و لیبرالیەکانی سەر شانی کۆمەڵگە، ژیانی مرۆڤەکان پێشدەکەوێ. نە فەزای پیرۆزی ئایینەکان و نە لیبرالیزمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناتوانن خۆشی هێنەربن بۆ چەوساوان و مافخوراوان. ئەوە کۆمۆنیزمی مارکس و لینین و مەنسوری حیکمەتە کەهێزی خۆی لە چینی کرێکارەوە وەردەگرێ. لەم جیهانەدا کەشی ئازادی بۆ زۆربەی میدیا و کەناڵ و نووسراوە ڕوو زەردەکانی بۆرژوازی کراوەیە، ئەوە تەنها کۆمۆنیستەکانن لە دیموکراسیترین ووڵاتدا ڕاودەنرێن و زیندانی دەکرێن. هاوارو ناڵە و گۆشەگیری لەسایەی ئەم بارودۆخەدا مێژووی مرۆڤایەتی ناباتە پێشەوە، کەواتە یان دەبێ بە بەربەریەتی سەرمایەداران و ڕەوتە لیبرالی و ئایینی و دەوڵەتەکانیان ڕازیبین، یان ئەوەتا دەبێ لەپێناو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵگەدا دەست بە کۆمۆنیزمەوە بگرین. کۆمۆنیستەکان بڕوایان بە دیکتاتۆری کرێکاران هەیە دژی دیکتاتۆری بۆرژوا و سەرمایەداران ئەوەش دیکتاتۆریەتی مافخوراوان و چەوساوەکانە دژی دیکتاتۆریەتی چەوسێنەران. کۆمۆنیستەکان بڕوایان بە ئازادی هەیە دژی ئەو دیموکراسیەتەی نێوان بۆرژواکان، کەتەنیا خۆیان لێی سوودمەندن و ڕوویەکی تری دیکتاتۆرییانە دژی چینی کرێکار و سەرجەم توێژە بێبەشەکان. هەموو دیموکراسیەکەشیان ئەوەیە چوار ساڵ جارێک خەڵکی چەوساوە دەبەن بۆ دەنگدان تا لە قۆناغی داهاتووی زەماوەندی هەڵبژاردندا بۆ چەوسانەوەیان بۆرژوازیەکی تر بۆ خۆیان بخولقێنن.

دەبێ لیبرالەکانیش دواکەس بن باسی مرۆڤایەتی بکەن، چونکە مێژوو بەخوێنی ئەو کەسانە نوسراوەتەوە قوربانی شەڕو ماڵوێرانی و چەوسانەوە و ستەمی سەرمایەداران بوون. ئیتر مرۆڤ ناتوانێ ئەو هەموو تاوانە نەبینێ کەسیستەمی چاوچنۆکانەی سەرمایەداری لەپێناوی قازانجدا بەسەر کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەدا هێناونی، کەوابوو لیبرالیزم و دیموکراسیەکەی قێزەونترین سیستەمی سیاسی ئەم سەردەمەن. هەرچەندە دیموکراسی و لیبرالیزمی ووڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا باشترین نموونەی رژیمی سیاسی سەرمایەدارین. بەڵام گومانی تێدانیە هەر ئەوانیش سەرەڕای قەیران و کەموکوڕیەکانی ناوخۆیان سەرچاوەی کارەسات و تاوان و نەهامەتیەکانی سەر ئەم گۆی زەویەن و ناکرێ لەگەڵ سۆسیالیزمدا بەراورد بکرێن. لیبرالیزم هەموو هەست و تواناکانی لەپێناوی بەرهەمهێنانی کاڵا و فرۆشتنیدا دەخاتەگەڕ تابڕە پارەی بانکی زیاتر کەڵەکە بێ و موڵکەکانی زیاتر بکات. بەڵام کرێکاران و بەشخوراوان خاوەنی سەرمایە و بانک و کارگە و موڵکنین، سۆسیالیزمیان هەڵبژاردووە، چونکە لانی کەم لە سۆسیالیزمدا دەتوانن سوود لەو بەرهەمانە ببینن کە خۆیان دروستیانکردووە و ئێستاکە لەلایەن سەرمایەدارانی خاوەن کارگە و بانک و موڵکەوە دەدزرێن. بۆ گۆڕانی جیهان لەچەوسانەوەی سەرمایەداران و ڕزگارکردنی وەستانی چوونەپێشەوەی ڕەوڕەوەی مێژوو، دەبێ دەست بەکۆمۆنیزمەوە بگرین. چونکە کۆمۆنیزم وەک تیۆرێکی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەیەکی سیاسی هەوڵدەدات چارەنووسی کۆمەڵگە بەرەو خۆشگوزەرانی بەرێ و بەرژەوەندی تاکەکانی لە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریدا مسۆگەر بکات، کەواتە ئاییندە هەر بۆ کۆمۆنیزمە.  

 

28. 05. 2013

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

مارکسیزم دێوەزمەیە یان یۆتۆپیای فۆکۆیامای ڕۆشنبیر بۆرژوازی! ...ئازاد بەکر

ئازاد به‌کر 14 May 2013

مارکسیزم دێوەزمەیە یان یۆتۆپیای فۆکۆیامای ڕۆشنبیر بۆرژوازی! ...ئازاد بەکر

بەهای ئایدیۆلۆژیایی مارکسیزم بۆ مرۆڤایەتی بە فۆکۆیاما و قوتابیەکانی ناشوێندرێ.ماوەیەکە ڕۆشنبیرە ووردە بۆرژواکانی کوردستان، خەریکی ڕەتکردنەوە و نادروست نیشاندانی ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفەی مارکسیزمن.بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی چەواشەبکەن، هاتوون ساوێلکانە و بەئارەزووی خۆیان مێژوو دەشێونن.بۆ ئەم مەبەستەش پەنایان بردۆتە بەر بالۆرە کۆنەکە و کۆپیکردنەوەی لێکدانەوەکانی فۆکۆیاما و هاوشێوەکانی بۆرژوازی و خواستە بۆرژوایەکانی خۆیان لەکتێبی(کۆتایی مێژوو) دا دەبیننەوە.واتە دەیانەوێ ڕووی ڕەشی سیستەمی سەرمایەداری سپی بکەنەوە و ئەم سیستەمە دڕندە و نامرۆڤانەیە بەنەمری بهێڵنەوە.تا مێژوو لەڕێڕەوە زانستیەکەی خۆی لابدەن، بەشێوازێکی دوور لەزانستی و خزمەت بەبەرژەوەندیەکانی بۆرژوازی مێژوو دەنوسنەوە و قسەی لەسەردەکەن.ئەگینا لەمێژە زانا و بیرمەندەکانی بۆرژوازی دەیانەوێ کاریگەری خۆیان لەسەر بیروڕای جیهان بەگشتی دابنێن و کوشتوبڕ و تاوانەکانی دیکتاتۆریەت و فاشیزمی بۆرژوازی بدەنە پاڵ سۆسیالیزم.یەکێ لە ڕۆشنبیرەکانی ئەم ڕێبازە دژی سۆسیالیستی و کۆمۆنیزمیییە، بەڕێز سیروان عەبدولە، کە لەگفتوگۆیەکی ماڵپەڕی ده‌نگه‌کاندا، سه‌باره‌ت به‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی مارکسیزم و ڕۆڵی له‌ کوردستانی عێراقدا، بەم ڕستەیە دەسپێدەکات: (هاتوچۆی دێوه‌زمه‌یه‌ک به‌ خاکی کورداندا).بەڕاستی جێی داخە کەسێک خۆی بەڕۆشنبیر بزانێت و وائاسان خۆی لەڕاستیەکانی مێژوو بدزێتەوە.ئەوەش یان بەهۆی هەژاری و ناشارەزایی لەسەر مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای مارکسیزمە یان وەک هەر بۆرژوازیەکی تر مەبەستی دژایەتیکردن و خۆشباوەڕی پەیداکردنە بەبۆچوونە باوەکانی بۆرژوازی، هەوڵدان بۆ هێنانی تێڕوانینێکی پێچەوانەی مارکسیزم بۆ هەڵسەنگاندنی مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

لەگەڵ دەرکەوتنی سەرمایەداری و سەرهەڵدانی چینی کرێکار لەم ناوچەیەدا بیری مارکسیزم هاتۆتە ناو بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەریەوە.ساڵانێکی دوورودرێژە کۆمەڵگای کوردستان، وەک هەموو کۆمەڵگاکانی تری جیهان کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیەی لەسەر بووە.هەر بۆیەشە بیرمەند و ڕابەری شۆڕشی مەزنی ڕوسیە لینین یەکەم ئەرک و کاری شۆڕشگێڕی خۆی ڕابەرایەتیکردن و ئاسۆدانی سۆسیالیستی بووە بەتەواوی کرێکاران و مافخوراوانی جیهان لەهەر کوێ بووبن.مێژوو پێمان دەڵێت کە خەبات بۆ ڕزگاربوونی چینی کرێکار لەستەمی زاڵمانەی سیستەمی سەرمایەداری، بەرز ڕاگرتنی ئاڵای سۆسیالیزمە.چەند دەیەشە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان وەک تەواوی کرێکارانی تری جیهان، بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوە و بەدەستهێنانی مافە ئابووری و سیاسی و مرۆیەکانی لەم خەباتەدا بەهەموو کەموکوڕی و لادانەکانی ڕەوتە سیاسیەکان بەناوی مارکسیزمەوە، هێشتا کۆمۆنیزم تەنیا ڕێگاو چارەسەرە بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوە و گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.ئەگەر کۆمنیزم تاکە ڕێبازی زانستی بێت بۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و هەڵاواردنی نێوان مرۆڤەکان، بەچ پێوەرێک کراوەتە دێوەزمە، بەمەرجێک فەیلەسوف و زانایەکی وەک مارکس کەخاوەنی تیۆری سۆسیالیزمی زانستی (کۆمۆنیزم) لەسەر بنچینەی زانستی کۆمەڵایەتی و ئابووری سیاسی و فەلسەفە بێت.ڕەخنەگرانی بۆرژوازی بۆ ئەوەی لە بنەڕەتی زانستی کۆمۆنیزم، کەبە لۆژیکی دیالکتیک و ئامڕازی شۆڕشگێڕانە دەنەخشێنرێت، وە لەحەتمی بوونی تیۆری گەشەسەندنی مرۆڤایەتی سۆسیالیزم کەمبکەنەوە، دەبێت هەر بەشان و باڵی ئەم لیبراڵ دیموکراسە گڵۆباڵەدا هەڵبدەن و لەبازنەی بازاڕی ئازادی سەرمایەداران و (کۆتایی مێژوو)ی فۆکۆیامای مامۆستایاندا بخولێنەوە.

خۆزگە ئەو برادەرە تۆزێک خۆی ماندوو دەکرد و هێندێک پێناسەی زانستیانەی لەبارەی مارکسیزمەوە دەخوێندەوە، ئەگەر بیویستایە.ئەگینا ناکرێ وا بەئاسانی هەموو دیالکتیک و ماتریالیزمی مێژووی مرۆڤایەتی کەساڵانێکی زۆرە مرۆڤەکان خەباتیان بۆ کردووە، بخەیتە ژێر پرسیار بەبێ ئەوەی هیچ ئەلتەرناتیڤ و تیۆرێکی زانستیت پێ بێت، جگە لەجوینەوەی ڕا سواوەکانی بۆرژوازی خۆی.ئەم فەرهەنگەش بازدانە بەسەر مێژووی مرۆڤایەتیدا کەپێت وابێت، تەنیا دەوڵەتی لیبرال دیموکراسی بۆرژوازی کۆتایی مێژوو بێت و ئەم سیستەمی لیبرال دیموکراسی یە ڕزگارکەری مرۆڤایەتی بێت.بەمەرجێک هەر ئەم سیستەمی سەرمایەدارییە لەتەواوی جیهاندا خۆی لەقەیران و پاشەکشی و هەرەس و تێکشکاندابێت.ئایا پێمان ناڵێن بەدرێژایی نزیکەی دوو سەدە دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداری بەسەر جیهاندا جگەلە هەژاری و برسیتی و بێمافی و شەڕ و وێرانکاری چیتری بەخشیوە بە مرۆڤایەتی؟ زەمەنێ فۆکۆیاما بانگێهێشتی کۆتایی مێژووی کرد، تەفسیری ئەو بۆ هەلومەرجەکە نەگونجاو پێچەوانەی باردۆخەکە دەرچوو.ئەوەش سەلمێنرا، کەشکستی دەوڵەتی شورەوی ساڵی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩١، شکستی سۆسیالیزم نەبوو، بەڵکو شکستی جۆرێک لە سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی بوو لەبەرانبەر بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری ڕۆژئاوای سەردەمی تاتشەر و ڕیگندا.بێگومان ئەوە مارکسیزم نەبوو کەنەیتوانی درێژە بەتەمەنی دەسەڵاتی خۆی بدات لەشورەویدا، بەڵکو دیکتاتۆریەتی بۆرژوازی بوو لە شێوازێکی تردا.ئەگینا بەرنامەو پەیڕەو و میتۆدی مارکسیزم بۆ ئازادی و خۆشبەختی مرۆڤەکانە نەک دەستدانە سەرکوت و چەوسانەوە و برەودان بەستەم جارێکی تر.

کاک سیروان و هاوڕاکانی گەشکە دەیانگرێ کاتێک دەنوسن، کۆمۆنیزم شکستی ‌هێنا و لیبرال دیموکراسەکانی بازاڕی چەوسانەوەی مرۆڤەکان سەرکەوتنیان تۆمارکرد، وە دەیانەوێ بەم پاگەندەیەیان شکست و ڕسوایی ئەم سیستەمە چەوسینەر و نادادپەروەرەی سەرمایەداری بشارنەوە.چونکە وەک مامۆستا فۆکۆیاما پێیانوایە کە ئازادی مرۆڤەکان بە ماتریالیزمی مێژوویی مارکس لە نەمانی چینەکانی کۆمەڵگادا نایەتەدی و هەتا هەتایە سەرمایەداری دەمێنێ و جیاوازی چینایەتیش لەخۆیەوە لەناو هەمان ئەم سیستەمەدا ئەپوکێتەوە.بۆ دروستی تیۆرەکەشیان ئەمانیش وەک بۆرژواکانی ڕۆژئاوا بە هاوئاهەنگی نێوانیان دەیانەوێ بەزۆر مەرگی شورەوی بخەنە پاڵ کۆمۆنیزم.نازانن کەئەمە سەروەری نییە بۆ سەرمایەداری بەڵکو سەرەتایی شکستی سەرتاپای سەرمایەدارییە لەجیهاندا.بەچ بەڵگەیەک کۆتایی مێژووی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە هەردەبێت وەک فۆکۆیاما دەڵێت لەسیستەمی سەرمایەداری ئەم سەردەمی گڵۆباڵیزم و بازاڕی ئازادەی لیبرال دیموکراتەکاندا بێت.لەهەمووی گرنگتر ئەم فۆکۆیامایە کەخۆیشی هاوڵاتیەکی ئەمریکی بەڕەچەڵەک یابانی یە، ئێستا ڕەخنە لە دیموکراتیەتی ئەمریکا دەگرێ،  وە لەزۆرێک لەبۆچوونەکانی پێشووتری پاشگەزبۆتەوە.من پرسیار لە کاک سیروان دەکەم بۆ دەبێت ئەم هەموو تاوانە ئاشکرایەی سەرمایەداری لەسەرتاسەری جیهاندا لەپێناوی بەرژوەندی ئابووری و پێگەی سەربازیدا ڕۆژانە ئەنجامی دەدا بەڕەوابزانێت و ئەلتەرناتیڤی ئەم سیستەمە مرۆڤ کوژە هەر سەرمایەداری خۆی بێت واتە نابێت بگۆڕدرێت؟ ئەی کێ ئەم تاوانانە ئەنجام دەدات؟

ئێستاش پێچەوانەی بیروبۆچوونەکانی فۆکۆیامای بۆرژوازی تەواوی بزووتنەوە شۆڕشگێڕ و کرێکاری و کۆمۆنیستی و چەپەکان لەژێر کاریگەری تیۆرەکانی مارکسدا لەسەرهەڵدان و بەهێزبووندان و لەپێناو نەمانی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە لەسایەی سیستەمی سەرمایەداریدا خەبات دەکەن.ئەوە خەیاڵە کەپێت وابێت کۆتایی مێژوو سەرمایداری بێت و کۆمەڵگای بێ چین لەم سیستەمەدا بێتە کایەوە.گەر مێژوو لەپرۆسەی گەشەی پیشەسازی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دروستبێت کەواتە گەشەی ماتریالی مێژوو مرۆڤەکان خۆیانن و بزوینەری مێژووش ململانێی نێوان چینەکانە.لەهەموو ئەدەبیاتی مارکسیزمدا ئەو بوختانە نییە کەئەمان هەڵیانبەستووە، لەوەی مارکسیزم تەنیامانفێستی ناڕازیبوونبیت لەوەزعی مەوجود، بەڵکو بەپیچەوانەوە مارکسیزم مانفێستی گۆڕانکارییە لەڕووی ئابووری وسیاسی و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی سەرتاپای جیهان.ئەم تێگەیشتنە وەک تێڕوانینە بۆ شێر لەجەنگەڵدا، چونکە شێر خاوەنی هێزە هەردەبێت خۆی پاشا و بڕیاردەر و ببڕو بکوژبێت، ئیتر قسەیەک لەسەر بێمافی و چەوسانەوە بایەخی نامێنێت.کێ هێزی هەبوو دەبێ دەسەڵاتیشی هەبێت، لەپێناوی مانەوەشدا هەموو بژاردە نامرۆیەکان دەبێ پیادەبکرێت بەدەسەڵاتی رەهاشەوە، ئەوەش تایبەتمەندی مرۆڤە بێ ویژدان و چەوسێنەرە سەرمایەدارەکانن کەئەم برادەرانە بەرگری لەخۆیان و مانفێستەکانیان دەکەن.لەوانەیە قسە لەسەر ئەم باسانە زیاتر هەڵبگرێت، بەڵام ناکرێت تیۆری کۆتایی مێژووی فۆکۆیاما خۆی ئێکسپایەربووە لێرەدا زیاتری لەسەر بووترێت.بیرۆکەی فۆکۆیاما لەگۆڕانی بزووتنی ڕەوڕەوەی مێژوودا، ململانێی چینەکان نییە وەک مارکس ئاماژەی پێدابوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە بزوێنەرێکی ترە کە ئامڕازەکەی زانستە سروشتییەکانە لەوەی ململانێکە لای مرۆڤەکان کورتبکرێتەوە لەپیناو داننان بەخودی مرۆڤ خۆیدا.ئەم بیرۆکەیەش پشتبەستووە بەو گریمانانەی کە هەرگیز ناتوانن لە خاڵێکی دیاریکراودا پێناسەی لەپڕ لەکارکەوتنی جوڵەی خۆیانمان بۆ بکەن، تائەو کاتەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سیستەمی کۆمەڵایەتیەکە لە ڕیشەوە دەرنەکێشرێن.ئەگەر ئەم بزوێنەرەی فۆکۆیاما ڕاست بوایە ئەوا مێژوو ڕەوڕەوەکەی بەهێڵێکی ڕێک و بێوەستاندا دەڕۆشت.ئەوکات مێژوو قۆناغ قۆناغ نەدەکراو بەوپێیەش هەر لەقۆناغی کۆیلەیەتیەوە تا دەگات بەدەرەبەگایەتی و پاشان سەرمایەداری ئەو ماوە زۆرەی تێنەدەپەڕاند.بەڵام بەپێچەوانەی ئەم بیرکردنە بۆرژوازیانەوە لەهەموو سەردەم و قۆناغێکدا تاڕادەیەک دوو چینی جیاواز هەبوون، چینی باڵای دەسەڵاتدار و خاوەن سامان و چینی هەژار و چەوساوە و بێدەرەتان.

گەر زانستە سروشتیەکان بنچینەی گەشە بوایە وەک فۆکۆیاما دەڵێت، ئەوا مێژوو لە کاروانی بەردەوامی خۆیدا دووچاری ئەم هەموو قەیرانە نەدەبوو، چونکە پێشکەوتنی زانست ڕەنگدانەوەی هیچ جۆرە شێوازێک لەم قەیرانانە نییە.لەهەلومەرجێکی وادا ڕوخانی ئیمپراتۆرە دێرینەکان ڕووینەدەداو ئەوسا جیهانیش لەسێبەری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی یان ئەوانی پێشتردا وەک فارسی و ئاشوری دەمایەوە.فەیلەسوفەکانی پۆست مۆدێرن لەدژایەتییکردنی مارکس و ڕەتکردنەوەی فەلسەفەی (ماتریالیزمی دیالەکتیک و ماتریالیزمی مێژوودا) زۆر خۆیان ماندووکردووە، هێندێکیان بەپەنابردنیان بۆ زانست کە بزوێنەری مێژوو بێت، وەک فۆکۆیاما لەزانستی سروشتی نوێدا باسی دەکات.هاوەڵە ئابووریناسەکانی فۆکۆیاما کە کاریگەریان لەسەر زانستی ئابووری سیاسی بۆرژوازی هەیە دەڵێن، زانست تاکە فاکتەری بەهای بەرهەمە نەک مارکس ووتەنی فاکتەری کار.واتە مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکی ئابووری نییە، بەڵکو پێش هەموو شتێک ئەم بوونەوەرە هۆشیاری بە خۆی دەدا تا خۆبەزلزان بێت و دەسەڵات بەسەر چواردەورەکەیدا بگرێت.ئەمان لەبیریان چووە کە لەنێوان بەرهەمهێنان و زانستدا پەیوەندیەکی دیالکتیکی هەیە، لەبنەڕەتدا گەر بەرهەمهێنان نەبێت هەرگیز زانست بوونی نابێت و گەشە و پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت، مەگەر لە کاتی پەرسەندن و پێشکەوتنی بەرهەمهێناندا ئەویش گەشەبکات.میتافیزیکیەتی فۆکۆیاما لە تیۆری کۆتایی مێژووەکەیدا بەهەموو شێوەیەک بەختی سەرکەوتن لەدەستدەدات، کاتێک مرۆڤناسان و شوێنەوارناسان ڕێکەوتبن لەسەر ئەوەی بوونەوەرە هاوشێوەکانی مرۆڤ ملیۆنان ساڵ لەسەر ئەم زەویە ژیانیانکردووە، پێش ئەوەی هەستی هۆشیاریان وەک ئێستا گەشەیکردبێت.

   ئەگەر بەبیرکردنەوەی میتافیزیکیانە بوایە، مرۆڤ لەگەڵ دروستبوونیدا بەتەواوی ئاگایی و هۆشیاریەوە دەهاتە باشترین ژیانەوە، ئێستا مێژوو بەرەودوا دەگەڕایەوە و لەپێشکەوتنی ئامڕازەکانی بەرهێنانەوە رۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو پاش هەنگاوی دەنا.بەڵام بەرجەستەبوونی ئاگایی، مرۆڤ دەباتە دەرەوەی خودی خۆی و ئەو شتانە دەبینێ و لێیان ووردەبێتەوە کەلە چواردەوریدا بوونیان هەیە و بۆ بەردەوامی ژیان پێویستن و لەپێناوی بەرهەمهێنانەوەی ژیاندا گرنگیان پێدەدات.بەپراکتیزەکردنی میتۆدی مارکس فاکتی ڕکەبەری نیوان سەرمایەداران لەپێناوی قۆرخکردنی دەسەڵات و سەرمایە دەردەکەوێت، ئەم میتۆدەش لە میانەی ململانێی چینایەتیدا، هەرچینە هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی بەخۆی هەیە و ڕکەبەری لەسەر بازاڕ و نرخ شەڕی وێرانکەری تووشی مرۆڤایەتی کردووە.سەرەڕای ئەوەی کۆمۆنیزم دەیەوێ ناکۆکی نێوان مرۆڤەکان لەناو ببات، بەڵام هێشتا مارکس نەیووت کۆمۆنیزم کۆتایی مێژووە.بەڵام فۆکۆیاما و تەکنۆکراتەکانی بەپێچەوانەی مارکسەوە جاڕی کۆتایی مێژوویاندا و سیستەمی سەرمایەداریان لە خەیاڵی خۆیاندا بەنەمری هێشتۆتەوە.

مێژوو دەڵێت هەقیقەت هەموو کات شۆڕشگێڕانەیەو کرێکاریش بە درێژایی پێشکەوتن و پەرەسەندنی بەرهەمهێنان، پشکی شێری هەبووە لەومێژووەدا و هەرخۆشی دروستکەری مێژوو و ئاییندەیە.کەواتە ئەم جیهانە موڵکی ئەوانەن کەتێیدا ماندوو بوون و قوربانیان بۆداوە.نەک موڵکی سەرمایەداران کە بەئارەزووی خۆیان سەوداو مامەڵە بەژیانی مرۆڤەکانی ئەم جیهانەوە دەکەن.گەر کرێکارانی جیهان یەکگرتووبن، ئەوا دەتوانن دەسەڵات بەدەستبهێنن.ئەوسا موڵکایەتی تایبەت ناهێڵرێت و جیهان دەبێتە موڵکی هەموان.کەس بۆی نابێ وا بەئاسانی قۆرخی بازار و سەرمایە بکات.ئەو کات دەکرێ تاوانبارانی شەڕی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری لەسەر تاوانەکانیان سزاو زیندانی بکرێن، لەسەر جینۆسایدی مرۆڤەکان، لەسەر دروستکردنی قەیرانی ئابووری و بێکار و بێلانەکردنی خەڵک.کەوابوو ئەم گڵۆباڵیزمە جگە نەهامەتی شکستی ئابووری و مرۆیی چ خزمەتیکی بە مرۆڤایەتی کرد تا ئێمەش بەشان و باڵیدا هەڵبدەین، جگەلەوانەی کە قازانجیان لە ئاوکردن بەم ئاشەدایە.

١٤.٠٥.٢٠١٣

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئاماره‌کان ده‌ڵێن، ساڵانه له‌عێراقدا، هه‌زاران مرۆڤ تیرۆر ده‌کرێن! ...ئازاد به‌کر

ئازاد به‌کر 21 March 2013

ئاماره‌کان ده‌ڵێن، ساڵانه له‌عێراقدا، هه‌زاران مرۆڤ تیرۆر ده‌کرێن! ...ئازاد به‌کر

ئاماری ده‌ ساڵی کرده‌وه‌ توندوتیژیه‌کان له‌ عێراقی مه‌رگدا، پاش داگیرکاری له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ به‌سه‌ر ئه‌م ووڵاته‌دا، واته‌ (له‌ ماوه‌ی مارسی 2003 وه تا مارسی 2013 )ه‌، تیرۆرکردنی نزیکه‌ی‌ 112 هه‌زار خه‌ڵکی سڤیل بووه‌.ئه‌مه‌ش به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (IBC)ی به‌ریتانی که‌ تا مارسی (2013)ه سه‌رژمێری ته‌رمی کوژراوه‌کانی کردووه‌، وه‌ ڕاپۆرته‌که‌ش زیاتر باسی توندوتیژیه‌کانی ساڵی 2012 ی کردووه‌.یه‌که‌م قوربانی ئه‌و توندوتیژیانه‌ خه‌ڵکی سڤیل بوون، که‌ هه‌میشه‌ به‌ده‌ست نه‌بوونی ئاسایش و ئارامیه‌وه‌ ناڵاندویانه‌، چونکه‌ ڕۆژانه‌ که‌وتونه‌ته‌‌ به‌رهێرش و په‌لاماری بانده‌ تیرۆریسته‌کان و به‌هۆکاری ئایینی و تایفی و قه‌ومی پاکتاوی جه‌سته‌یی کراون.ده‌ساڵ به‌سه‌ر ڕوخانی ڕژێمی به‌عسدا تێده‌په‌ڕێ و هێشتا ئاستی توندوتیژی و تیرۆر له‌به‌ر‌زبوونه‌وه‌دایه.ئه‌مه‌ جگه له ‌به‌هه‌ڕه‌مه‌کی ‌گرتن و ڕاونان و ئه‌شکه‌نجه‌دان و له‌سێداره‌دان له‌زیندانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا.له‌ڕاستیدا لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ داد و یاسا له‌ ترۆپکی لاوازیدایه، خه‌ڵکی قوربانیده‌ر له‌و دۆخه‌ ناهه‌موار ‌و ده‌سه‌ڵاته شکستخواردووه‌ بیزارن.

تاوانی کوشتن له‌م ووڵاته‌دا کچان و ژنانیشی گرتۆته‌وه‌، ڕۆژانه‌ ژنان و کچان به‌تاوانی ناموسپه‌رستی ده‌ستدرێژیان ده‌کرێته‌ سه‌ر و ده‌کوژرێن و ئه‌تک ده‌کرێن.مایه‌ی نه‌نگی و نیگه‌رانیه‌ له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا،  هۆشیاری و ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵگه‌ بۆ ئه‌و ئاسته‌ له‌نه‌ریت و کلتوری دواکه‌وتوانه‌ و نامرۆڤانه‌ دابه‌زیبێت، مرۆڤه‌کانی مافی ژیان و ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزیان نه‌مێنێت و ئازادی که‌سێتیان له‌قاڵب درابێت.له‌وه‌ش شه‌رمهێنه‌رتر به‌نده‌کانی یاسای تاوانی عێراقییه‌ که‌ به‌رگری له‌ژن کوژان ده‌کات، واته‌ ده‌سه‌ڵات یه‌که‌م به‌رپرسه‌ له‌بره‌ودان به‌ کلتورو فه‌رهه‌نگی توندوتیژی و ژێرپێنانی مافه‌کانی به‌ژنان.

به‌رده‌وام بوونی هه‌ژاری و بێکاری له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، سستی دۆخی ئابووری و ژینگه‌یه‌کی ئاڵۆز و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌کان، کاریگه‌ری توندی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ داناوه‌.هه‌ربۆیه‌ خواستی خه‌ڵکی بۆژیانێکی باشتر هه‌مووکات ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی لێکه‌وتۆته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانیش له‌جیاتی وه‌ڵام دانه‌وه‌ به‌خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ر سه‌ره‌ڕای ئاشتی بوونی ناره‌زایه‌تیه‌کان، سه‌رکوتیان کردووه‌.

هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئه‌مریکا و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاته‌ میلیشیاکانی حیزبه‌کان له‌عێراقدا شه‌ڕ و پشێوی و ئاژاوه‌ و توندوتیژی ڕووی له‌دانیشتوانی ئه‌م ووڵاته‌کرد.به‌هه‌زاران که‌س که‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی ڕفاندن و کوشتن و ڕاوه‌دونان و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان، له‌ئاکامی کێشه‌ و ململانێی میلیشیاکانی ئیسلامی شیعه‌ و سونه‌ و قاعیده‌ و پاشماوه‌کانی به‌عس له‌ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ‌ده‌سه‌ڵات، سوپای داگیرکه‌ری ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی ژیانی خه‌ڵکیان کرده‌ دۆزه‌خ و به‌هۆی کاره‌ساتی کوشتن و بڕینه‌وه‌، سه‌دان هه‌زار که‌س له‌ترسی مه‌رگی خۆیان ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ربوون.له‌گه‌ڵ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکاش، هێشتا به‌ڵگه‌کان وای پیشان ئه‌ده‌ن که‌ئه‌م ووڵاته‌ له‌دۆخی شه‌ڕدابێت، که‌سه‌یری پرۆسه‌کانی توندوتیژی ده‌که‌ین ده‌بینین هێشتا ئاستی کوشتن له‌وپه‌ڕی دڕنده‌یدایه‌‌.

کوردستانیش له‌م توندوتیژیانه‌ بێبه‌ش نه‌بووه‌ و سنوره‌کانی هه‌میشه‌ له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی بوردومانی تۆپ و ته‌یاره‌ و هێرشی‌ حکومه‌ته‌کانی ئێران و تورکیادا بووه.ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای هێرشی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ سه‌ر ئازادیه‌کانی خه‌ڵک و بردنی موڵک و سامانی سه‌رزه‌وی و ژێر زه‌وی بۆخۆیان و بنه‌ماڵه‌کانیان.وه‌ قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری، پشتکردنه‌‌ خواست و داواکاریه‌کانی خه‌ڵک و سه‌رکوتکردنی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌کان به‌هێزی چه‌ک، هه‌رده‌م ئازادی ڕاده‌ربرین و ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ مه‌ترسیدا بووه‌‌.ماف و ئازادی ژنان و مناڵان له‌ کوردستاندا ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ بۆته‌وه‌، ڕۆژانه‌ له‌ میدیاکانه‌وه‌ کوژران و سوتاندنی ژنان و خه‌ته‌نه‌کردنی مێینه‌ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ ده‌بیسترێن، بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی هیچ گوێ به‌م ڕه‌وشه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ بدات و به‌یاسا سنورێک بۆ ئه‌م تاوانانه‌ دابنێت.

به‌پێی ڕاپۆرتی نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان(یونامی)، له‌پاش نه‌مانی سه‌دامی دیکتاتۆره‌وه‌ تائێستا مافی مرۆڤ له‌عێراقدا له‌بارێکی گه‌لێک ‌خراپدایه‌، نێردراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێ: "زیادبوونی ئاستی توندوتیژی و نه‌بوونی سه‌روه‌ری یاسا و په‌یڕه‌ونه‌کردنی داد و لێپرسینه‌وه‌ له‌په‌یوه‌ند پێشێلکاری مافی مرۆڤ و دژی پێوه‌ره‌ مرۆڤایه‌تیه‌کان چه‌ند ساڵه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.جێبه‌جیکردنی سزای له‌سێداره‌دان و بێڕێزی به‌مافی ژن و مناڵ و گه‌نده‌ڵی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ حکومیه‌کان و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری بنه‌ڕه‌تی و سه‌رکوتی ئازادی ڕاده‌ربڕین و گردبونه‌وه‌ و خۆپیشاندان مایه‌ی نیگه‌رانی یه"‌.

به‌گوێره‌ی ئاماری رێکخراوی (IBC)ی به‌ریتانی ساڵانه‌ به‌هۆی کاره‌ توندوتیژیه‌کانه‌وه‌ پێنج هه‌زار که‌س ده‌بنه‌ قوربانی، وه ‌ته‌نها له‌ماوه‌ی ده‌ ساڵی دوای ڕوخانی سه‌دامدا، نزیکه‌ی 112 هه‌زار بۆ 122 هه‌زار خه‌ڵکی سڤیل له‌عێراقدا کوژراون.کۆی ژماره‌ی کوژراوانی شه‌ڕکه‌ر و سوپا نزیکه‌ی 170 هه‌زار که‌سن، له‌گه‌ڵ کوژرانی نزیکه‌ی پێنج هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی.ڕێکخراوه‌که ئه‌م داتایانه‌ی‌ له‌ 31 هه‌زار سه‌رچاوه‌ی جیاوازه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.هه‌رچه‌نده‌ ئاماری ووردی قوربانیه‌کان له‌به‌رده‌ستدا نیه‌، به‌ڵام زوربه‌یان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌که‌ن که‌ له‌ 100 هه‌زار زیاتره‌، هێندێ ڕاپۆرتی تریش ده‌ڵێ له‌م ژماره‌یه‌‌ زۆر زیاتره‌ و ملیۆنێکی تێپه‌ڕاندووه‌.به‌ڵام گۆڤاری لانسیتی ته‌ندروستی له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا که‌ له‌ساڵی 2006 دا کردویه‌تی، ده‌ڵێ: قوربانیه‌کانی شه‌ڕ، له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ ساڵه‌دا زیاتر له‌ 600 هه‌زار که‌سه‌.رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانیش ئاماژە بەوە دەکات کە تەنها لەماوەی دو مانگ و نیوی ڕابردودا بەهۆی تەقینەوە و توندوتیژییەکانی عێراقەوە زیاتر لە سێ هەزار و (869) کەس بونەتە قوربانی.له‌کاتی نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا له‌به‌غدا و شاره‌کانی تری عێراقدا 20 ته‌قینه‌وه‌ رویداوه‌ و 65 کوژراو و 195 که‌س بریندار بوون.ئه‌مڕۆ ووڵاتی عێراق‌ له‌گێژاوێکی سیاسیدایه‌، له ‌نائارامی ‌سه‌ر شه‌قامه‌کانیدا‌ خوێن جۆگه‌له‌ی به‌ستووه‌‌.

بان کی مۆنی سکرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌کۆتایی ساڵی 2012 ده‌ڵێت" ژینگه‌ی ئارام له‌عێراقدا هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه‌‌ و پێشبینی ڕاست له‌و ماوه‌ درێژه‌ی ڕاپۆرته‌که‌‌ ناکرێت چونکه‌‌ بارگرژی سیاسی و تایفی له‌گه‌ڕدایه‌.گروپه‌ چه‌کدار و تیرۆریسته‌ ڕێکخراوه‌کان، کرده‌وه‌ و هێرشه‌کانیان له‌گه‌ڵ شێواز و هه‌ڵکه‌وتنی شوێنه‌که‌دا گونجاندووه، ته‌نیا له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی 2012 وه‌ تا کۆتایی کانونی دووه‌می 2013 ه‌ 741 خه‌ڵکی سڤیل کوژراو و 2285 که‌س برینداربوون، هه‌ر له‌هه‌مان ماوه‌دا 311 که‌س له‌هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقی کوژرا و 532 برینداربوون".

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ساڵی2012 دا 302 مناڵی کوڕ و کچ و 13 ژن به‌پێی یاسای چواری تیرۆر خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌، له‌هه‌مان کاتدا 53 حاڵه‌تی کوشتن و خۆکوژی جگه‌ له‌ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر ژنان و کوژرانی 50 مناڵ له‌ کرده‌وه‌ توندوتیژیه‌کاندا ڕویداوه‌.ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌عێراقدا هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی تێکه‌ڵ له‌ تایفی و قه‌ومی میلیشیایی دواکه‌وتوو و گرێدراو به‌ووڵاتانی کۆنه‌په‌رستی ناوچه‌که‌ و ئه‌مریکاوه‌یه‌.کێشه‌ و ململانێکانی نێوانیان گه‌یشتۆته‌ ڕاده‌یه‌ک له‌دڕنده‌یی و توندوتیژی ڕۆژانه‌ ده‌یان هاوڵاتی ده‌که‌نه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ نامرۆڤانه‌کانیان.سه‌رچاوه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی و که‌سایه‌تیه‌کی سیاسی باڵا ڕایگه‌یاند که‌ پیلانگێڕانی سیاسیه‌کانی عێراق گه‌یشته‌ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ‌ڕاستی مافی مرۆڤی له‌عێراقدا ده‌رخسبوو، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ووتی نزیکه‌ی 30 ملیۆن دۆلاریان به‌رتیل بۆ گۆڕینی کۆپله‌ر دابوو.سکرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێ: (له‌نێوان تشرینی دووه‌م و مانگی ئازاری ئه‌مساڵدا کرده‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان به‌رده‌وامه‌ و ژنان له‌سه‌ر تاوانی شه‌ره‌ف ده‌کوژرێن، ئه‌مه‌ جگه‌له‌ خۆکوشتن و خۆسوتاندنی ژنان، به‌تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی کوردستان، له‌ ماوه‌ی دوومانگی تشرینی دووه‌م و کانونی یه‌که‌مدا 20 حاڵه‌تی کوشتن و 33 حاڵه‌تی خۆسوتاندن و 634 سکاڵا دژی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژنان تۆمارکراوه‌.).

زۆر‌ی کرده‌وه‌ی خۆکوشتنه‌کان له‌لایه‌ن توێژی گه‌نجانی هه‌ژار و نه‌داره‌وه‌یه‌، زۆربه‌ی ئاماره‌کان پیمان ده‌ڵێن، ژماره‌ی خۆکوژان ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌زیادبوندایه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناله‌باری دۆخی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌نجه‌کان، ئه‌مه‌ش هۆکارێکه‌ که‌ پاڵ به‌گه‌نجانه‌وه‌ ده‌نێ بۆ تاوانکردن و په‌نابردنه‌ به‌ر مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان.به‌ملیۆنان له‌ خه‌ڵکی عێراق له‌ژیر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و له‌ولاشه‌وه‌ به‌ هه‌زاران سه‌رمایه‌داری خاوه‌ن ملێۆن و ملیار له‌سه‌ر ماندوو بوون و ڕه‌نجی کرێکاران وه‌ک دومه‌ڵان هه‌ڵتۆقیون.وته‌بێژی یه‌کێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی کوردستان ده‌ڵێ "له‌هه‌رێم ده‌هه‌زار و هه‌شتسه‌د ملیۆنه‌ر هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ سه‌رمایه‌داره ‌گه‌ورانه‌دا‌ هه‌زاران خێزان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌خوار هێڵی‌ هه‌ژاریه‌وه‌ ده‌ژین" ‌.

ئه‌م تاوانانه‌ش ئاکامی باڵاده‌ستی سیستمی سه‌رمایه‌دارییه‌ و ساڵانه‌ مرۆڤه‌کان وه‌ به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش ده‌که‌نه‌ قوربانی بره‌ودان به‌سیاسه‌تی شه‌ڕه‌نگێزی نامرۆڤانه‌، له‌پێناوی که‌ڵه‌که‌ی زیاتری سه‌رمایه‌ و فراوانکردنی پێگه‌ی ئابوری و سه‌ربازیاندا له‌سه‌ر گوی زه‌وی.ته‌نیا‌ چاره‌ش بۆ ڕزگاربوون له‌ده‌ستی ئه‌م سیستمه، به‌رپاکردنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی کریکاران و توێژه‌ بێبه‌شه‌کان و دامه‌زراندنی سۆسیالیزمه‌.

20.03.2013

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 317 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە