
به‌راورده‌كان، وێناكردنی نمونه‌كان زۆرجار خۆیان به‌رجه‌سته‌ی واقیع ده‌كه‌ن. هه‌ندێك جاریش ئه‌ندێشه‌كان سه‌یرو سه‌مه‌رانه تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌بن و نمونه‌كانیش ده‌بنه پردی گواستنه‌وه‌ی جیهانه‌كان بۆ به‌راوردكردن.
دواتر وێنه‌یه‌كی جوان له ئه‌ندێشه‌كان ده‌نه‌خشێ و ده‌بێته به‌رهه‌م. وێنه‌ی نمونه‌كان له دونیای گوفتارو خه‌یاڵ و فه‌نتازیا چیتر جوان نین! با نمونه‌كان وانه‌ی ڕه‌فتارو هه‌قیقه‌ت و واقیع بن ئینجا ئاوێزانی یه‌كتربن. ئه‌وساكه له‌مانای جوانی و وێنه‌و نمونه‌و ڕه‌نگ و ریتمی یاسا‌و سوده‌كانی تێده‌گه‌ین.
ڕۆژی 19/12/2011 بانگ هێشتكراین بۆ ئاماده‌بوون له نمایشی ئۆركێسترای "بیلكێنتی توركی" له‌زانكۆی بیلكێنت، تیایدا كۆنسرتۆی پیانۆی ژماره (3)ی ڕێ ماینه‌ر (OP. 30) ڕه‌حمانینۆف له‌لایه‌ن پیانست (Emre Elivar ) پێشكه‌شكرا. دواتر سیمفۆنیای ژماره (5)ی می ماینه‌ر (OP. 46)ی چایكۆفسكی نمایشكرا، كه به‌هه‌قه‌ت نمایشێكی قه‌شه‌نگی ئۆركێسترالی جیهانییان پێشكه‌ش به‌ئاماده‌بووان كرد. وێرای كۆمه‌ڵێك تێبینی په‌یوه‌ست به كوێگران و ئه‌ته‌كێتی ئاماده‌بووانی نمایشه‌كان، وه‌ك: جوله جول و ده‌نگه ده‌نگ و زه‌نگی مۆبایل و پسته پستی قسان و جیڕه جیڕی ده‌رگای هۆڵ و، چركه چركی كامێرا‌و سرته‌سرتی ته‌سبیحی هه‌ندێك له‌ئاماده‌بووان! به‌تایبه‌ت ئێمه‌ی كۆمه‌ڵه میوزیكزانێكی كورد كه له ریزه‌كانی دوواوه‌ی هۆڵه‌كه‌دا دانیشتبووین زۆر دڵگیرو نیگه‌ران بووین، هه‌ڵبه‌ته گوێگرانی شاره‌زاو خاوه‌ن ئه‌زموون له‌هۆڵی ئۆركێستراكاندا هه‌میشه له ریزه‌كانی دوواوه داده‌نیشن به‌پێچه‌وانه‌ی نمایشه وه‌رزشییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی چرپه‌چرپی كه‌وانه‌كانی ئامێره وه‌ته‌رییه‌كان و فیكه‌فیكی ئامێره فوداره‌كان گوێ بیست نه‌بن به‌ڵكو رۆحی مۆسیقاكه به پاكی و بێ خه‌وش له‌دوواوه زۆر ناوازو ناسكانه ده‌بیسرێ. هاوكات له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌م تێبینیانه به‌گشتی بۆ یه‌كه‌م جار ئیحساسی ئه‌وه‌م لا دروست بوو كه هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان سیمایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیبوونی به‌خۆوه نه‌خشاندووه‌و موقه‌ویماته‌كانی به‌ده‌وڵه‌تبوونی پێوه دیاره گه‌ر زێده‌ڕۆییم نه‌گوتبێ له كاتی ئۆركێسترایه‌كی سه‌مفۆنی پرۆفیشنال كه نمایشی خۆی له‌ئاستێكی وا به‌رزی هونه‌ریی و پڕ له داهێنان پێشكه‌ش ده‌كات. به سه‌رنجدان، بیرم له‌ئاستی به‌هێزی ته‌نسیق و دێنامێكییه‌تی یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك ریزی ته‌واوی موزیكزانه‌كانی ئۆركێسترا ده‌كرده‌وه كه ژماره‌یان (60) كه‌س ده‌بوو، به‌هه‌موو گروپه‌كانییه‌وه منیان خستبووه قووڵایی جیهانێكی ئه‌فسوناوی چ ژێداره‌كان و چ فوداره‌كانییانه‌وه هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌رزكردنه‌وه‌ی مایسترۆ، هێمای مه‌ددو جه‌زری جوله‌ی ته‌واوی ئه‌ندامه‌كان، نه‌فس و رۆح و جوله‌ی له‌رینه‌وه‌كانیانی یه‌كخستبوو! هه‌موو گروپه‌كانی ئامێره‌كان 100% ئه‌رك و توانستی خۆیان ئه‌دا ده‌كردو زۆر سه‌ركه‌وتووانه ئاكام و به‌رهه‌می پڕ داهێنانیان فه‌زایه‌كی ئارام و رۆحانی و پڕ له‌چێژی به‌خشی بووه ئاماده‌بووان و ته‌واوی گوێگرانی نغرۆی جیهانێكی فه‌نتازی، ئه‌فسوناوی، ئه‌سپایی خۆشنوودانه كردبوو. هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌كۆتا هاتنی نمایشه‌كه‌و وه‌ستانی جوله‌ی مایسترۆ، تێكڕای جه‌ماوه‌ر به چه‌پڵه ڕێزان و حه‌ماسه‌تێكی زۆره‌وه، سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشكه‌ش كرد. بۆیه به سه‌رنجدان و وردبوونه‌وه له ئه‌دای سه‌رسورهێنه‌ری ئۆركێستراو ڕێكی له نه‌زم و ریتم و نه‌غم و ئنجا عامیلی (كات و كاركردن وه‌ك یه‌ك تیم) وه‌ك شه‌پۆلی ده‌ریا له هه‌ڵبه‌زو نشێویدا بیرم له ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌م و میلله‌تی كورد به‌تێكڕاو حكومه‌تی ئاینده‌ی كوردستان ده‌كرده‌وه وه‌ك وێكچوواندنێك له‌نێوان جیهانی پڕ جوانی و ڕێكوپێكی ئه‌دای مایسترۆو یه‌كریزی تیمه‌كه‌و سه‌روه‌ری ئۆركێسترا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئێستا‌و ئاینده‌ی كوردستان كه له‌م دۆخه‌دا چه‌نده پێویستیمان به حكومه‌تێكه به‌هه‌مان ریتم و ستایل و تیمه جیاجیاكانی ئۆركێسترا بكه‌وێته سه‌ر سیكه‌ی كار. گشت چین و توێژ‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كان به شێوازێكی هارمۆنی له‌ژێر باڵی "كۆندێكته‌رێكدا" دڵ و ده‌روونیان یه‌كخه‌ن و كۆك بن. ته‌واوی توانست و لێهاتوویی و شاره‌زایی خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ له‌گه‌ڵ رێبه‌رێتی مایسترۆیه‌كی غه‌مخورو جوانه مه‌ردو میهره‌بان و كارامه له حكومه‌ت، ووزه‌و تواناكانیان یه‌كخه‌ن هه‌ر یه‌كه به‌ته‌واوی له ئاست به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌دا ئه‌رك واجباته‌كانی به دڵسۆزی و كارامه‌یی ئه‌دا بكات. به‌مجۆره ده‌توانین ئاینده‌یه‌كی گه‌ش و پڕ له‌پێشكه‌وتن بۆ گه‌ل و نیشتیمانمان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین. ئه‌وسا جه‌ماوه‌ر خۆی به‌خاوه‌ن خاك و خۆڵی نیشتیمان ده‌زانێت و ده‌ستبارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بێت و سوپاس و پێزانینی بێ سنوریشی پێشكه‌ش به حكومه‌تی ئاینده‌ی سیستماتیك و فره لایه‌ن و بنكه فراوان و ته‌باو عادیلانه ده‌كات. هه‌ر تیم و گروپێكیش خۆی ببورێ له ڕێگه‌ی ئاقڵمه‌ندان و ڕێبازی گه‌ل و بیری په‌رته‌وازه‌یی و جیاكاری له‌سه‌ر ئه‌ساسی ته‌عه‌سوب و ڕه‌گه‌زپه‌رستی فه‌راهه‌م بێنێت یان خۆی جیابكاته‌وه‌و دڵ و ده‌روون و توانستی خۆی یه‌ك نه‌خا له‌پێناو ئاینده‌ی گه‌ل و ووڵاته‌كه‌ی دڵنیابن نه‌شاز ده‌رده‌چێت!
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە