يەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی گەلی کوردستان ئەوەبوو فڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانی کرانەوە. پێموايە ئەمە کوردستانی گەياندە قۆناغێکی نوێ.
ناچمە درێژەی ئەم باسەوە، تەنيا ئەوە دەڵێم بە کردنەوەی ئەم دوو فڕۆکەخانەيە ئاواتێکی دێرينی گەلی کوردستان هاتەدی کە هەموانی دڵخۆشکرد.
ئەم دوو فڕۆکەخانەيە کارێکی گەورە ئەنجامدەدەن بۆ سەردانی هاونيشتيمانانی کوردستانی و عراقی لەدەرەوە بۆ ناوەوەو بە پێچەوانەوە، بۆ پشتگيری و پێشخستنی گەشت و گوزار، بەتايبەتی لە کوردستانداو، پێشخستن و پەرەپێدانی سەرمايەگوزاری و، هاتوچۆی خێرای دەستەکانی نوێنەرايەتی و کۆنسۆڵەکانی دەوڵاتان و خوێندکاران و نەخۆشان و ئەوانێتر. . تاد.
بەڵام ئەوەی دەمەوێ راستەوخۆ بيخەمە بەرچاوی بەڕێزتان و، لەگەڵ کۆمەڵانی گەل چاوەڕوانی وەڵامێکتانين ئەمەيە: بۆچی تا ئێستا بەچاکی کاروباری هاتوچۆی فڕۆکەکان و کۆمپانيەکانی هێڵی هاتوچۆتان رێکنەخستووە؟
ئەم راستيە تاڵە دەخەمە بەرچاوتان کە ناکرێ ئاگاداريشی نەبن:
جاروبار کۆمپانيايەکی هێڵی هاتوچۆ دروستدەکرێ بەناوێکەوەو، هاتوچۆکاران بۆ سلێمانی و هەولێر دەگوێزنەوە کە هێڵی بەغداشی لەسەرە. خەڵک دڵخۆشدەبن و بليت دەکڕن. لەناکاوێکدا کۆمپانياکە نابووت دەکرێ و پارەی بليتی هەموو يان بەشێکی زۆری هاتوچۆکاران دەخورێت!!
هەر راستەوخۆ دوای ئەوە کۆمپانيەکیتر بەناوێکیترەوە دادەمەزرێت و ئەميش بۆ کاتێک کاردەکەت و لەناکاو ئەميش نابووت دەکرێت! هەروا ئەم زنجيرە شانۆگەرييە درێژەی هەيە.
لێرەدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە مەبەستی کۆمپانيە سەرمايەدارەکان خزمەتی جەماوەر نيە، ئەوەندەی مەبەستيان قازانج و پارە کۆکردنەوەيە.
لێرەشدا ئەم پرسيارانە دێنە کايەوە:
ئايا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا چی پێدەکرێت؟
ئايا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکارێ بەتەنيا يان بە هاوبەش لەگەڵ کۆمپانيايەکی باوەڕپێکراوی جيهانيدا کۆمپانيەکی هێڵی هەوايی کوردستان دابمەزرێنێت؟
ئايا حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێ کارێک بکات کە ئەو کۆمپانيايانە دوای نابوتبوونيشيان پارەی بليتی ئەو خەڵکە بگێڕنەوە؟
ئايا کۆمپانيەکانی ناوخۆ دەتوانن لەگەڵ کۆمپانياکانی دەرەوەی کوردستان هێڵی هەوايی دامەزرێنن، بەمەرجێک لەبەشێکی کارەکانياندا بکەونە بەر پەيڕەوکردنی ياسايەکانی ناو کوردستان؟
لە سويد ئەگەر هاوڵاتی بەهۆی کارتی قەرزی بانقەوە (kreditkort- کرێديت کارت) بليتی کڕيبێت بەپێی ياسا پارەکەی نافەوتێت.
لە کۆتايدا هيوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم بابەتە بە هەند وەربگرن و بيرێک لە چارەسەرێکی گونجاو بکەنەوە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە