په‌ندی پێشینان، لقێكی گرنگه له ئه‌ده‌به و، به‌شێكی گه‌وره و به‌نرخه له فۆلكلۆر و كه‌له‌پووری ره‌سه‌نی نه‌ته‌وایه‌تی و، گه‌نجینه‌یه‌كی له‌بنه‌هاتووی ڕۆشنبیرییه و، فه‌رهه‌نگێكی فره ده‌وڵه‌مه‌ندی زمان و وشه و، پڕ له زانست و زانیای و تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موو بواره‌كانی ژیانی گه‌له . . ئاوێنه‌یه‌كه راده‌ی شارستانی و رۆشنبیری و ژیری و لێهاتوویی هه‌ر گه‌لێك ده‌خاته روو . . په‌ندێكی ئینگلیزی ده‌ڵێت : « په‌نده‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك په‌رتووكێكی گه‌وره‌یه، كه به ئاسانی ره‌وشتیانی تێدا ده‌خوێنینه‌وه . . »
په‌ندی پێشینان، فه‌لسه‌فه‌ی ژیانه و، به‌ری ره‌نج و تاقیكردنه‌وه و ژیری و بلیمه‌تی و ره‌وانبێژی ره‌وانبێژانه. ئه‌م په‌ندانه له چه‌ندین قۆناخی جیا جیادا، به درێژایی ساڵه‌های ساڵ وتراون و له باو و باپیرانمانه‌وه، ده‌ماوده‌م بۆمان ماونه‌ته‌وه، به‌شێكی زۆریان تا ئه‌مڕۆش بایه‌خ و تام و چێژیان ماونه‌ته‌وه و، له ژیانی رۆژانه‌ماندا له كات و شوێنی خۆیاندا به كاریان ده‌هێنین و، سوودیان لێ وه‌رده‌گرین . . بڕواشم وایه، نه‌وه له دوای نه‌وه‌ی ئێمه‌ش به كاریان ده‌هێنن. . ره‌نگه به‌شێكیش له وته و تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێمه‌ش، ببنه په‌ند و قسه‌ی نه‌سته‌ق و چیرۆك و سه‌رگوزشته بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوومان.
په‌ندی پێشینان، له ناوه‌ڕۆكدا په‌خشانه و، بریتییه له رسته و وته‌یه‌كی كورت و چڕ و پڕ، كه روویه‌كی لۆژیكی هه‌یه ( مه‌به‌ستداره)، مانا و مه‌به‌ستێكی فراوان و قووڵی هه‌یه . . به‌شێكیان ساده‌ن و، به زۆریش لۆژیكی و توێكڵدارن و مه‌به‌ستێكی تر ده‌پێكن . . ده‌شڵێن په‌ندی پێشینان ده‌رد و ده‌رمانیشی دیاری كردووه. . هه‌ندێ په‌ندی كوردیمان له شێوه‌ی دێڕه هۆنراوه‌دا هاتوون و نیوه دێڕه‌كانیان، سه‌روایان هه‌یه بۆ نموونه :
« كه‌مه‌ره و لووله هاڕه‌ی دێ ـــ سك له برسا قۆره‌ی دێ » یان :
« حه‌وتی بمرێ له باوان ـــ كلی نابڕێ له چاوان »
له هه‌ندێ په‌ندی تری كوردیماندا جۆره ترپه‌یه‌ك هه‌یه، كه ئاواز و ئاسانییان به رسته‌كان داوه بۆ نموونه : « بخۆ خۆڵه كه‌وێ، شوو مه‌كه سه‌ر به هه‌وێ » یان:
«قسه هه‌زاره، دووانی به‌كاره » یان : «پیاوی دوو ژنه، جه‌رگی كون كونه »
په‌ندی پێشینان، هه‌مه‌موو بواره‌كانی ژیان و، هه‌موو چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تتیه‌كان ده‌گرێته‌وه. . هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناخێكیش ره‌نگدانه‌وه و كاریگه‌ریان له په‌نده‌كاندا هه‌یه.
په‌ندی پێشینان، به چاك و خراپیه‌وه، ره‌وشت و خووی سروشتی و ژیری و داب و نه‌ریت و هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتاری گه‌ل ده‌خاته روو. . هه‌ر گه‌لیش به خاوه‌نی په‌ندی پێشینان ده‌زانرێت .
په‌ندی پێشینان و قسه‌ی نه‌سته‌ق، دوو شتی جیاوازان، ئه‌گه‌رچی له هه‌ندی رووه‌وه له‌یه‌كده‌چن و، چه‌ند خاڵێكی هاوبه‌ش له نێوانیاندا هه‌یه . . قسه‌ی نه‌سته‌ق خاوه‌نه‌كه‌ی ناسراوه، به‌ڵام په‌ندی پێشینان گه‌ل خاوه‌نێتی . . له چه‌ند كتێبێكی كوردیدا، كه په‌ندی پێشینان یا قسه‌ی ناودارانیان تێدا نووسیوه، كۆمه‌ڵێك په‌ند و قسه‌ی نه‌سته‌قیان تێكه‌ڵ كردووه، هه‌ندێ له وته‌ی ناودارانیان به په‌ند نووسیوه، یان به پێچه‌وانه‌وه.
په‌ندی پێشینان، بابه‌تێك نییه بۆ سوعبه‌ت و خۆشی، یا بیكه‌ین به شه‌وچه‌ره‌ی شه‌واره‌ی شه‌وانی درێژ و تاریكی زستان و كاتی پێ به‌سه‌ر به‌رین. به‌ڵكو بایه‌خێكی ره‌وشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری گرنگی هه‌یه، كه بیرتیژی و فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤ درده‌خات، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه گه‌لان به پیرۆزی و رێزه‌وه ده‌ڕواننه په‌ندی پێشینان. . گه‌لێ له لقه‌كانی تری ئه‌ده‌ب سوودیان له په‌ندی پێشینان وه‌رگرتووه. . ته‌نانه‌ت له گه‌لێ له كتێبه ئایینیه‌كانیشدا، په‌ندی پێشینان یان هاوشێوه‌یان به‌كارهێناوه.
بێگوومان هه‌ر گه‌لێك په‌ندی خۆی هه‌یه، كه گوزارشت له تایبه‌تمه‌ندی و داب و نه‌ریت و ژیان و گوزه‌ران و ژینگه و سروشت و زیدی ئه‌و گه‌له ده‌كات. . بۆ نموونه ئه‌م په‌ندانه تایبه‌تین به گه‌لی كوردمانه‌وه و، شه‌قڵ و تایبه‌تمه‌ندی كوردیان پێوه دیاره :
« كه‌و زمانی خۆی دوژمنێتی ». . « زاوا نییه‌تی دانۆك ـــ بووك ده‌یه‌وێ گۆبه‌رۆك ». .
« خوا كڵاوی بۆ به‌روو كردووه » . . « كه‌شك برای دۆیه ». . « له هه‌ولێر كۆنتره »
« تاكێ كه‌وش و تاكێ كڵاش ـــ ماندوو نه‌بی مام ته‌ڕه‌ماش » « خه‌نجه‌ر له‌كا ده‌دا »
« ده‌ڵێی دركی مه‌م و زینه ». . « تا شه‌رواڵه‌كه‌ی نه‌كه‌وێته بن پێی هه‌ڵیناكێشێ »
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێكی زۆری په‌ندی پێشینان هه‌ن، هه‌ر گه‌لێك خۆێ كردووه به خاوه‌نیان و به په‌ندی خۆیانی ده‌زانن. . ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی پێكه‌وه ژیان و تێكه‌ڵ بوون و هاوشارستانی و هاوسێتی و كۆچكردن و فێربوونی زمانی یه‌كتر و تاقیكردنه‌وه و تێپه‌ڕبوونیان به قۆناخه هاوشێوه‌كانی مێژوو و لێكچوونی ژیانیان . وای كردووبێت كه به‌شێكی زۆری په‌ندی گه‌ڵان هاوده‌ق و هاومانا و هاومه‌به‌ست و هاوناوه‌ڕۆك بن. . ده‌شێ به جیاوازییه‌كی كه‌م و، به شێواێكی تر داڕێژرابن . ده‌توانین ئه‌م په‌ندانه به په‌ندی جیهانی « گڵوباڵیزم په‌ند » ناو به‌رین . . نموونه‌ی ئه‌م په‌ندانه‌شم لا زۆرن .
په‌ندی پێشینانی كوردی، به‌ری تاقیكردنه‌وه و ره‌نج و دنیادیده‌یی و فه‌لسه‌فه و ره‌وانبێژیی ره‌وانبێژانی گه‌لی كوردمانه. . كه هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كورده‌واریمانی به باش و خراپیه‌وه، به شیرین و تاڵیه‌وه، به شێنه‌یی و ته‌نگانه‌یه‌وه. . . هتد. له‌خۆ گرتووه. . به‌شی هه‌ره زۆری په‌نده‌كانمان، سیما و ره‌سه‌نایه‌تی گه‌لی كوردمانیان پێوه دیارن. . گه‌لی كورد یه‌كێكه له گه‌له هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی جیهان له په‌ندی پێشینان و فۆلكلۆردا. رۆژهه‌ڵاتناسه‌كان گه‌واهی ئه‌م راستیه‌ن و له نووسینه‌كانیاندا باسیان كردووه.
ئه‌گه‌رچی تا ئێستا نزیكه‌ی بیست هه‌زار په‌ندی پێشینانی كوردیمان نووسراونه‌ته‌وه و بڵاوكراونه‌ته‌وه. . به‌ڵام به هه‌زاران په‌ندی تریشمان هه‌یه، له هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستاندا، به چه‌ند شێوه‌زارێكی زمانی كوردیمان به تایبه‌تیش له سه‌ر زاری به ته‌مه‌نه‌كانمان، كه تا ئه‌مرۆش نه‌نوسراونه‌ته‌وه. . هیوادام خه‌مخۆران و په‌ندناسانی كوردمان، سه‌ردانی هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان بكه‌ن و، په‌ند و به‌یت و گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كانمان له تیاچوون رزگار بكه‌ن . . به‌مه‌ش خزمه‌تێكی گه‌وه‌ره به فولكلۆر و كه‌له‌پووری ره‌سه‌نی گه‌له‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نن و، له لای تامه‌زرۆیانی په‌ندی پێشینانیش خۆیان شیرین ده‌كه‌ن. . چونكه تا راده‌یه‌ك فۆلكلۆر ناسنامه‌ی گه‌له، ئه‌گه‌ر داگیركه‌رانی كوردستان له هه‌ندێ رووه‌وه، زه‌فه‌ریان پێ بردووین، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یان توانیوه، فۆلكلۆر و كه‌له‌پووری ره‌سه‌نی گه‌له‌مان كاڵ بكه‌نه‌وه. . ئه‌گه‌رچی دزیان لێ كردووین .
په‌ندی پێشینان ده‌ریایه‌كه، مه‌له‌وانزانی شاره‌زا و لێهاتوو نه‌بێت، ناتوانێ مه‌له له‌م ده‌ریایه قووڵه‌دا بكات. . بۆیه ئێمه لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی زانیاری و، درێژه‌دان به‌م باس و خواسه بۆ پسپۆران و شاره‌زایان و په‌ندناسانی دڵسۆزی گه‌له‌كه‌مان به‌جێ ده‌هێڵین.
تا ئیستاش كۆمه‌ڵێك له نووسه‌ر و ئه‌دیبانی كوردمان كۆمه‌ڵێكی باشی په‌ندی پێشینانیان كوردیمانیان به شێوه‌زاری كرمانجی باكوور و باشووری كوردستان كۆكردۆته‌وه، به كتێب بڵاویان كردوونه‌ته‌وه . . ئه‌مه‌ش ناوی ئه‌و كتێب و كۆكه‌ره‌وانانه‌ن كه ناوه‌كانیانم زانیووه . . داوای لێبووردنیش له‌و نووسه‌رانه ده‌كه‌م كه كتێبیان هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته و به‌رچاوی من نه‌كه‌وتوون، تا لێره‌دا ناویان به‌رم . . ئه‌مه ناوی كتێبه‌كانن:
١ ـ قسه‌ی پێشینان ـ ئیسماعیل حه‌قی شاوه‌یس ـ به‌غدا ـ ١٩٣٣
٢ ـ هه‌زا بێژ و په‌ند ـ كۆكردنه‌وه‌ی ـ مه‌عروف جیاووك ـ به‌غدا ـ ١٩٥٧
٣ ـ گوتنا پێشینا ـ جگه‌ر خوێن ـ شام ـ ١٩٥٧
٤ ـ په‌ندی پێشینان ـ شێخ محه‌مه‌دی خاڵ ـ به‌غدا ـ ١٩٥٧
٥ ـ امثال كردیه ـ جه‌میل كه‌نه ـ حه‌له‌ب ـ ١٩٥٧
٦ ـ مشتا خاچیا ژ گوتنین پێشا ـ مه‌لا مه‌حموودی دێرشه‌وی ـ ١٩٨٠
٧ـ په‌ندی كوردی ـ عومه‌ر شێخوڵڵا ـ ١٩٧٢
٨ـ په‌ندی پێشینانی كورد ـ عه‌لی مه‌عروف شاره‌زووری ـ به‌غدا ـ ١٩٨١
٩ ـ په‌ندی به‌راوردكاری ـ لێكۆڵینه‌وه‌ی ـ كه‌ریم شاره‌زا ـ ١٩٨٢
١٠ ـ ئه‌ده‌بی فۆلكۆری كوردی ـ د. عه‌زه‌دین مسته‌فا ره‌سۆل ـ به‌غدا ـ ١٩٧٠
١١ ـ له په‌نده‌كانی پیره‌مێرد ـ پێنج به‌رگ ـ سلێمانی ـ
١٢ ـ گوتنێن پێشیان ـ عه‌بدولقادر بنگۆل ـ ئه‌سته‌مبۆڵ ـ ٢٠٠٥
١٣ ـ ( ١٠٠١) په‌ندی پێشینان ـ سوره‌یا میكائیلی ـ ستۆكهۆڵم ـ ٢٠٠٧
١٤ ـ گۆڵبژێرێك له په‌ندی كوردی ــ هۆشیار نوری ـ سلێمانی ـ ٢٠١١
١٥ ـ گۆڵبژێرێك له په‌ندی پێشینانی كورد و گه‌لانی جیهان ـ خالید كه‌ریمی ـ ٢٠٠٦
١٦ـ وته‌كانی ژیان ـ محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان زه‌نگه‌نه ـ هه‌ولێر ـ ٢٠٠٧
١٧ ـ من الفلكلور الكوردی ـ قصص غنائیه، حكم وامثال ـ اعداد وترجمه ـ د. محمد عبدالنجاری ـ بیروت ـ١٩٨٢
١٨ ـ په‌نده باوه‌كان ـ ئاماده‌كردنی ـ كاروان عوسمان ـ سلێمانی ـ ٢٠١٠
١٩ ـ هه‌ریه‌كه‌ش له‌م دكتۆر و پرۆفیسۆره فۆلكلۆرناسه كوردانه‌مان له رووسیا و له هه‌ندێ وڵاتانی تردا، كۆمه‌ڵێكی باشی په‌ندی پێشینانی كوردیان گۆڕیوه‌ته سه‌ر زمانی رووسی و چاپیان كردوون، له‌وانه : جاسمی جه‌لیلی، حاجی جوندی، قه‌ناتی كوردۆ.
٢٠ ـ مامۆستا عه‌لائه‌دین سوجادیش، له ژماره‌كانی گۆڤاری گه‌لاوێژ و، له كتێبی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا، كۆمه‌ڵێك په‌ندی پێشینانی كوردی ی بڵاوكردۆته‌وه .
دكتۆره شوكریه ره‌سوڵێش لێكۆڵێنه‌وه‌یه‌كی ده‌رباره‌ی په‌ندی پێشینان هه‌یه و جێپه‌نجه‌ی خزمه‌تكردنی له‌م بواره‌دا دیاره .
ئه‌و كورته باسه‌ی سه‌ره‌وه‌م به پێویست زانی، بۆ ئه‌وه‌ی كه بێمه سه‌ر ناونیشانی باسه‌كه‌مان« كچان و ژنان له په‌ندی پێشینانی كوردی و گه‌لاندا ». بۆ ئه‌وه‌ی زۆر كات له خوێنه‌رانی ئازیزمان داگیر نه‌كه‌م، به ـ دوو به‌ش ـ په‌نده‌كان بڵاوده‌كه‌مه‌وه ( به‌شی یه‌كه‌م ـ كچان و ژنان ـ له په‌ندی پێشینانی كوردیدا ) و ( به‌شی دووه‌م ـ كچان و ژنان ـ له په‌ندی پێشینانی گه‌لاندا ).
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم، كۆمه‌ڵێك په‌ندی زه‌ق و ره‌ق و ناشیرین، به ناڕه‌وا ده‌رباره‌ی ژنان وتراون. . من به ناڕه‌وایان ده‌زانم. . ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زه‌قی پیاوسالاری و كۆمه‌ڵ سالاریین، كه ئافره‌تیان ده‌چه‌وسانه‌وه و، به چاوێكی كه‌متر له ئافره‌تیان ده‌ڕوانی و تا راده‌یه‌ك، په‌راوێزیان كردبوون. . به‌ڵام كه په‌ندی پێشینانی گه‌لانی ترم خوێنده‌وه، په‌ندی زۆر زه‌قتر و ره‌قتر و ناشیرینترم ده‌رباره‌ی ئافره‌تانیان خوێنده‌وه . . كه كورد له چاوی ئه‌وانه‌وه به حه‌وت ئاو شۆراوه‌ته‌وه . . به‌ڵام به گه‌واهی رۆژهه‌ڵاتناسان و كوردناسانی بیانی، كورد رێز له ئافره‌ت ده‌گرێ و رۆڵی به‌رز ده‌نرخێنێ . ئافره‌تانی كورد له ئافره‌تانی وڵاته دراوسێكانمان واته له ( ژنانی تورك و فارس و عه‌ره‌ب) سه‌رفرازتر و كراوه‌ترن.
من له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌نده زه‌ق و ناڕه‌وایانه‌دا نیم، كه ده‌رهه‌ق به ژنانی كوردمان وتراون.
به‌شی یه‌كه‌م ـ ( كچان و ژنان له په‌ندی پێشینانی كوردیدا ) :
(*) كچ قه‌ڵایه، ناگیرێ .
(*) كچ دارگوێزه، هه‌رچی به لایدا تێپه‌ڕێ، په‌لاری خۆی تێ ده‌گرێ .
(*) كچ سێوه سووره‌یه به‌داره‌وه، هه‌ركه‌س گۆپاڵی خۆی تێده‌گرێ، كه‌س نازانێ به نیسیبی كێ ده‌بێ.
(*) كچێك حه‌وت كوڕ دێنێ .
(*) دایك ببینه و، دوێته « كچه » بخوازه .
(*) كچی خۆم ناكه‌م به قوربانی كوڕی خه‌ڵكی .
(*) كیژ، ته‌شی دایكی ده‌ڕێسێ .
(*) كچه قه‌ره‌ج، نابێت به خاتوون .
(*) ئه‌گه‌ر كچ بیه‌وێ كوڕ بلاوێنێ ـــ گۆزه هه‌ڵده‌گرێ و ئاو له دوور دێنێ .
(*) جوانی كچ، له قژه‌كه‌ی دایه .
(*) باوكی كچان سۆڵتانه .
(*) كچ پردێكه، هه‌موو كه‌س به سه‌ریدا تێ ده‌په‌ڕێ .
(*) كچێ دایكی هه‌ڵیبنێ، ده‌بێ خاڵۆزای بیخوازێ .
(*) حه‌وت كچی كۆێری هه‌بێ، به رۆژێك به شوویان ده‌دا.
(*) كچێكی كوێر، له كوڕێكی بێكه‌ڵك باشتره .
(*) دوێته بخوازه، تا نه‌كه‌وتۆته وڵنگه‌وازه. « وڵنگه‌وازه:چاوبڕكێ و هه‌وه‌س بازی»
(*) كچم به‌خێوكردن كوڕی خه‌ڵك بردی، كوڕم به خێوكرد كچی خه‌ڵك بردی .
(*) گه‌وره كچ تا دانیشێ، به‌ختی باشتر ده‌بێ .
(*) هه‌نگ له ماكی، كچ له داكی .
(*) ده‌ڵێی كچه جافیان بۆ دابه‌زاندووه .
(*) خوا بدا مرازم، كچێك بۆ كوڕه‌كه‌م بخوازم .
(*) كیژی به دایك، مه‌نجه‌ڵی به سه‌رپۆشه.
(*) ره‌شه وه‌ك تاوه، ئه‌تخوازن به ناوی باوه.
(*) ئه‌گه‌ر ره‌شبم وه‌ك موو، ده‌وڵه‌تی باوكم ده‌مدا به شوو .
(*) كیژ له ماڵی خه‌ڵكینه، كوڕ كوڕی زێڕینه.
(*) مه‌ڕوانه سه‌ری ئاس، بڕوانه به‌ختی خاس .
(*) كوڕه‌كه‌م كوڕمه تا ژن دێنێ، به‌ڵام كچكه‌م تا له‌ته‌مه‌ندا كچمه.
(*) هه‌ر كه‌زی زه‌ردێ، سمێڵ سوورێكی هه‌یه .
(*) دایكی كراس ره‌ش نه‌مردووه.
(*) كیژ مێردی ده‌كرد، بێوه‌ژنان سه‌مایان ده‌كرد.
(*) هه‌ی ناز هه‌ی ناز، دایك ببینه و دوێته بخواز.
(*) ئه‌گه‌ر دایك و كچ یه‌كبن، كه‌س ناتوانێت لێكیان بكا .
(*) به‌ختی دایك، حیجازی كچانه.
(*) دایكی كچ بگره، كچه به ده‌ست خۆته.
(*) كچ و ماسی نابێت بمێننه‌وه، چونكه بۆنیان تێده‌كه‌وێت .
(*) كچ میوانه .
(*) كیژم بوو، هه‌وێیه‌كم بوو .
(*) كۆڵی گرانی كنگره، خه‌می گه‌وره‌ی خدره .
(*) كچ ده‌م له قووچ .
(*) كچ هه‌تا كچه مێردی ده‌وێ، كه شووی كرد هه‌موو شتی ده‌وێت .
(*) ده‌زگیرانی كه‌س ناشیرین نییه .
(*) شێر له بێشه ده‌رپه‌ڕێ، چ نێربێ و چ مێ .
(*) خۆی ڕشتووه.
(*) بووك به دڵی زاوایه .
(*) بووكی خاڵه، به‌رخی ناوماڵه .
(*) بووكی خاڵت، هه‌ر رۆژ له سه‌یران و داوه‌ته .
(*) بووكی پوور، جێگای له‌سه‌ر ته‌نوور .
(*) بووك له‌سه‌ر زینیش بێ، كه‌س نازانێ به نسیبی كێ ده‌بێ .
(*) بووك له‌سه‌ر ئه‌سپه، جڵه‌و له ده‌ستی مستێ یه، كه‌س نازانێ نسیبی كێیه.
(*) بووكێ نازت، به‌قه‌ی جیازت .
(*) هه‌ر بووكی ماڵی بابێتی .
(*) بووك نییه‌تی شیوی شه‌وێ، ئه‌نگوستیله‌ی زێڕی ده‌وێ .
(*) بووكه‌كه‌مان زۆر جوانه، بالووكه‌یه‌كیشی له لێوانه.
(*) بووكه‌كه‌ی په‌نا دیواریت، رۆژ هه‌موو رۆژ به تاڵیت، به شه‌و ناوماڵ ده‌ماڵیت.
(*) بووكێكمان هێنا بێ بارگه و بنه، كوته‌ك هه‌ڵده‌گرێ ده‌ڵێ نوره‌ی منه .
(*) بووكێ له‌گه‌ڵ تۆمه، خه‌سوو گوێت لێ بێ .
(*) بووكه‌كه‌ی ماڵی مه‌تی، سه‌ری سووره و پێی په‌تی .
(*) زاوا نییه‌تی دانۆك، بووك ده‌یه‌وێ گۆبه‌رۆك .
(*) بووكێ زمانی نییه، خه‌سووش ئیمانی نییه .
(*) شه‌ممه كار و شه‌ممه بار، هه‌ر بووكی تیا مه‌كه سوار .
(*) خۆزگه خه‌سوو نه‌بوایه، بووك به دڵی خۆی بژیایه، قرچ قرچ بنێشتی بجوایه.
(*) كێ بووك بێ، ئه‌و به‌ربووكه .
(*) ده‌ڵێی بووكیان بۆ دابه‌زاندووه.
(*) بووكی نزیك باوان، به كه‌ڵكی چی دێ .
(*) دایكی بمرێ گوڵیشان، هیچی نه‌خوارد بردیشیان .
(*) خه‌سوو له بیرچوو، كه خۆشی بووك بوو .
(*) ئه‌گه‌ر بووك و خسوو یه‌كبن، كوێره‌كه به په‌یژه‌دا سه‌رده‌كه‌وێ .
(*) هه‌سانه سوور، له مێرگه‌سوور، پلكم خه‌سوو .
(*) خه‌سوو، به‌ردی بن په‌راسوو .
(*) خه‌سووی پیره ورچێ، ئاگرت به‌ربێته پرچێ .
(*) نه خه‌سووی هه‌یه نه خه‌زوور، دێته ده‌رێ گوڵه‌سوور .
(*) خه‌سوو ببێ به پرد، بووك به سه‌ریدا ناپه‌ڕێته‌وه .
(*) ژن كۆڵه‌كه‌ی ماڵه . (*) ژن و ماڵیان وتووه.
(*)سه‌رمایه‌ی ژیان، ژن و ددانه .
(*) ژن نان پینه ده‌كات .
(*) ژنیش هه‌یه، ژانیش هه‌یه .
(*) ژیانی بێ ژن، وه‌ك ماڵی بێ چه‌قۆ وایه .
(*) ژنێ مێردی كردی سه‌نگی، عاله‌م هه‌ڵێ نایكا له‌نگی .
(*) ژن هه‌یه ماڵ وێران ده‌كا، ژنیش هه‌یه ماڵ ئاوا ده‌كا .
(*) میرم با لاو بێ، كراسم با جا‌و بێ .
(*) ژن دیواری ماڵه . یا ( ژن دیواری مێرده ) .
(*) مێرد كراسی ژنه .
(*) پیاوی دوو ژنه، جه‌رگی كون كونه .
(*) بخۆ خۆڵه كه‌وێ، شوو مه‌كه سه‌ر به هه‌وێ .
(*) شیر له شام، خه‌نجه‌ر له مام، ژن له پسمام .
(*) ئاو له كانی بخۆره‌وه، ژنیش له ره‌سه‌ن زاده بخوازه .
(*) پیاو و ژن له خۆڵ دروست كراون .
(*) ژن هه‌سانی مێردیه .
(*) ژن بێ باوه‌ڕیشه و، خۆش باوه‌ڕیشه .
(*) كه‌مه‌ره و لووله هاڕه‌ی دێ، سك له برسا قۆڕه‌ی دێ .
(*) حه‌وتی بمرێ له باوان، كلی نابڕێ له چاوان .
(*) ئه‌وه‌ی به بێوه‌ژنی ده‌یكه‌یت، به كچێنی بت كردایه .
(*) شه‌ڕی ژن و مێردان، تا ماڵ نوستنان .
(*) ژن به مێردی گه‌وره ده‌بێ .
(*) ژن بیه‌وێ، پیاو ده‌كا به پیاو .
(*) پیاو بمرێ ژن هاره‌بێ، ژن بمرێ پیاو هه‌ژاره‌بێ .
(*) كاروباری ماڵ، به ده‌ستی ژنه .
(*) ژنه باوه‌ڕی نه ده‌كرد كه شوو بكا، كه شووی كرد داوای ماره‌یی و هه‌شتێكی ده‌كرد.
(*) ژن به‌بێ پیاو، كێڵگه‌یه‌كه به‌بێ تۆوه .
(*) پیاو ڕووباره، ژن ده‌ریایه .
(*) خانوویه‌ك ژن ئاوای بكات، كه‌س ناتوانێ تێكی بدات .
(*) شه‌یتان مامۆستای پیاوه و، قوتابی ژنه .
(*) جوانی ئاسمان له ئه‌ستێره‌كاندایه، جوانی ژنیش له پرچه‌كه‌ی دایه .
(*) به‌هێترین چه‌كی ئافره‌ت، فرمێسكه‌كانێتی .
(*) ماڵ به ژنه‌وه ئاوه‌دانه .
(*) هیچ خۆشییه‌ك ناگاته خۆشی ئه‌م سێ شته : باخ، په‌ز، ژن .
(*) جوانی ماڵ و خێزان به ژنه‌وه‌یه .
(*) ژن هه‌یه و، ژنۆكه‌ش هه‌یه .
(*) ژنی چاك ژیانه، ژنی خراپ ژانه .
(*) ژنێكم ده‌وێ ژنانه، پێسته بكا به هه‌مانه .
(*) گه‌نم له ژن بكڕه و، رۆنیش له پیاو بكڕه .
(*) ژن ژنی مێردان بێ، با له بنی به‌ردان بێ .
(*) مایین له عه‌ره‌ب بكڕه، ژن له تیله‌كۆ بخوازه .
(*) ژن ده‌ڵێ : كراسم ئاورێشمییه. . خوادرنم ژاری ماره .
(*) دایك و باوك له قازییه، منداڵ له وازییه .
(*) ژن كه تووڕه بوو، ئه‌و گۆزه‌یه‌ی پڕه له نهێنی ده‌یشكێنێ .
(*) ژن په‌یژه‌ی پیاوه .
(*) مێرد سه‌رپۆشی ژنه .
(*) ماڵی فره ژنان، ئاو نییه له كونان . « كونان : كۆی كونده‌ی ئاوه »
(*) ژن به تۆران سووك ده‌بێ .
(*) ئیشی ژنان بیست و چوارن، هه‌ر نان و هه‌ویر دیارن .
(*) ژنی ژنانه، داینێ له دیوه‌خانه .
(*) ژنی خراپ، منداڵی ره‌سه‌نی لێ ناكه‌وێته‌وه .
(*) نه سێ مایین له دۆڵێ، نه سێ ژن له‌سه‌ر كه‌مۆڵێ .
(*) خزمی ژنان به‌ره به به‌ره، خزمی پیاوان ده‌ربه‌ده‌ره .
(*) ماڵ لۆ مێردانه، عه‌زاب لۆ ژنانه .
(*) ژنی به‌د ژانه، گه‌ر خۆتی لێ ده‌یت ماڵت وێرانه .
(*) پیاو كه له ژن به بیانوو بوو، ده‌ڵێ : ئارد ده‌بێژی بۆ خۆت ده‌له‌قێنی .
(*) ژنێكم ده‌وێ زمان دلێر، باوان و خه‌زوور به یه‌كه‌وه نێر .
(*) ژنی پیاوی كوێر، ئارایشی ناوێ .
(*) پیاو ده‌ره‌قه‌تی مه‌كری ژن نایه‌ت .
(*) ژنی جوان ده‌ردی بێ ده‌رمانه، نه لێدان و نه ته‌ڵاق دانه .
(*) ژن له رێوی فێڵبازتره .
(*) ژن بده به ژن مردوو، گا بده به گا مردوو.
(*) وتیان : "ماڵت له كوێیه ؟ " وتم : " هێشتا ژنم نه‌هێناوه " .
(*) وت وته‌ی ژنان، كوژ كوژه‌ی پیاوان .
(*) مێوژه ره‌شه بخوات، له گه‌ردنیا دیاره .
(*) ناوچه‌وانی قیرینه، به‌ڵام به‌ختی شیرینه .
(*) سه‌ر به قوڕین، ده‌هێنێته پێكه‌نین .
(*) پیاویش له ژنه .
(*) ژنی گه‌وران گرانه، حه‌وانه‌وه‌ی ئاسانه .
(*) ژن كراسی پیاوه .
(*) ژن ژنی به‌سه‌رهات، شه‌رتی هه‌ڵات .
(*) مار بۆ ژنی سك پڕ ده‌ڕشێته‌وه .
(*) ژنان چوونه هه‌وران، پیاوان چوونه گه‌وه‌ڕان .
(*) ئاگری مێردم، نه‌ك به‌هه‌شتی دایك و باوكم .
(*) له ماڵه باوان كاره‌كه‌رم، له ماڵی مێردم شاژنم .
(*) هه‌موو ژنێك ژن نییه .
(*) ژن له مشك ده‌ترسێ، پیاویش له ژن ده‌ترسێ .
(*) برا باشه، به‌ڵام مێرد باشتره .
(*) ئه‌گه‌ر بۆ تۆ هه‌بێ له‌چك به سه‌رێ، بۆ منیش ده‌بێ كڵاو به سه‌رێ .
له په‌نده‌كانی « پیره‌مێرد »ی نه‌مر :
(*) كه ژن مل كه‌چ بوو به نانی شوانی ـــ بۆچی لێی ئه‌ده‌ی به كوڵه گۆچانی
(*) كه‌وتویه‌نه‌ته ده‌ورێ جوان پیری ناوێ ـــ ئه‌و ده‌وره گوزه‌شت چوار ژن بۆ پیاوێ
(*) چه‌ندم پێخۆشه له سای ده‌وه‌نێ ــ دانیشم و ژن، مه‌شكه بژه‌نێ
(*) كچ به نابه‌دڵ بۆ پیر چوو به بووك ـــ مێرد بێزار ئه‌كا شه‌و به نووكه نووك
(*) له ئاده‌مه‌وه تا ئه‌م زه‌مانه ــ رێگای خێر و شه‌ڕ به‌ده‌ست ژنانه
(*) بووی به خه‌زووری پیاوی شه‌ڕانی ـــ ئه‌بێ كچه‌كه‌ت لای خۆت بزانی
یا پیاو ده‌كوژێ یاخود ئه‌یكوژن ـــ كه وابێ كچی تۆ نابێ به ژن
(*) مه‌ڵێن كه ئاده‌م حه‌وا ته‌فره‌ی دا ـــ خۆی وا نه‌بوایه چی ده‌كرد حه‌وا
(*) دیم بووكیان هێنا بۆ ماڵی زاوا ـــ له‌سه‌ر ماره‌یی بردیانه دواوه
په‌ندۆستانی هێژا و ئازیز : (*)بێگومان به ده‌یان په‌ندی پێشینانی كوردی تریشمان هه‌یه به ـ باش و خراپ ـ ه‌وه ده‌رباره‌ی كچان و ژنان . له‌وانه‌یه په‌نده‌كان، گشت نه‌گرێته‌وه و ته‌نها له گۆشه‌نیگای په‌ندبێژه‌وه‌یه، مه‌به‌ستی له‌و ئافره‌تانه بێت، كه ئه‌و وه‌سفانه ده‌یان گرێته‌وه.
(*) مه‌به‌ستمان له نووسینی ئه‌و په‌نده زه‌ق و ڕه‌قانه، هه‌ست روشاندی خوشكانمان نییه . . له ئه‌مڕۆشدا ئافره‌تی خراپ و پیاوی خراپیش هه‌یه . . خۆ به ده‌یان په‌ندی پێشینانیشمان هه‌یه ـ په‌ندی جوان و په‌ندی ره‌ق ـ ده‌رباره‌ی كوڕان و پیاوان وتراون. . ئه‌و په‌ندانه‌شتان بۆ ئاماده كردون له ده‌رفه‌تێكدا بڵاویان ده‌كه‌ینه‌وه.
(* ) به‌شی زۆری ئه‌م په‌ندانه، له‌و سه‌رچاوه ناوبراوانه‌ی سه‌روه، بۆم گوڵبژێر كردوون.
(*) چاوه‌ڕێی به‌شی دووه‌م بن ( كچان و ژنان ـ له په‌ندی پێشینانی گه‌لاندا) .
نه‌رویج : ٧/ ١/ ٢٠١٢
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە