لە ووڵاتانی دیموکراسیدا ڕەخنەو ناڕەزایەکانی خەڵک هۆکارێکی گرنگن بۆ بەدواداچون و چاسازی کردن لە سیستێمی بەڕێوەبردن وحوکمڕانیدا . سود وەرگرتن لە ڕەخنەو ناڕەزاییەکانی خەڵک و دواتر دەستنیشانکردنی کەموکورتیەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان ئەو دام ودەزگا سیستەماتیکیەی ئەمڕۆی دنیای ڕۆژئاوای دروست کردوە کە بوە بە مۆدێلێک و زۆربەی گەلانی دنیا خەونی پێوە ئەبینن.
سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەخنە لەناو خواست ویستی تاکەکانی کۆمەڵگەوە سەرچاوە ئەگرێ. پاشان دەنگ و ڕەنگی ڕۆژنامە و میدیا و ڕاگەیاندنەکان تێکەڵاوی خواست و داواکانی ئەوان ئەبن. ئەگەر تا ئەوکاتە چارەسەر بۆ کێشەکان نەدۆزرایەوە ئەوا دواهەنگاو هەژاندنی شەقام و شەپۆلی توندی ناڕەزایی جەماوەری لێ ئەکەوێتەوە. ئەوکاتە ئیتر کات بۆ بەدواداچون و چارەسەرکردنی کێشەکان بەسەرئەچێ، یانیش بەگران بۆ خەڵک و دەسەڵات تەواو ئەبێت.
هەربۆیە لەسیستێمە دیموکراتیەکاندا ڕەخنە و ناڕەزایەکانی خەڵک زۆر بەزویی بەهەند وەرئەگیرێن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچونی بۆ ئەکەن. پێش ئەوەی ڕەخنە و ناڕەزایەکانی کۆمەڵانی خەڵک بگۆڕدرێن بۆ هێزی فیزیکیی چارەسەریان بۆ ئەدۆزرێتەوە یا وەڵامیان ئەدرێنەوە. جا چ لە ڕێگەی وەڵام دانەوەی لۆژیکی بێت یا لەڕێگەی جاکسازی و گۆڕینی یاساو ڕێساکانەوە بەمەبەستی نەهێشتنی کەموکورتیەکان.
بەداخەوە تا ئەمکاتەش لە کلتوری دەسەڵاتی کوردیدا ئەوەی بایەخ وگرنگی پێنادرێ ڕەخنە و ناڕەزایی خەڵکە. بۆیە زۆر جار ڕەخنە و ناڕەزایەکانی خەڵک وەک نوکتەو گاڵتەجاری لەنیوان بەرپرساندا باس و خواسی لەسەر ئەکرێ نەک وەک بابەتێکی گرنگ و زیندو هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ. کەئەمەش یاری کردنە بە چارەنوسی دەسەڵاتی کورد لە باشوری کوردستان. ئەو دەسەڵاتەی کە مێژوویەکە گەلەکەمان خەونی پێوە ئەبینێ.
ڕەخنە بابەتێکی گرنگە پێویستە لایەنە پەیوەندی دارەکان خوێندنەوەی وردی لەسەر بکەن! بەپێچەوانەوە بەهەڵە تێگەیشتن لەم بابەتە مەترسیەکی گەورەیە کە ڕەنگە چارەنوسی هەموومانی پێوەبەند بێت و دواتر رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئەزمونی حکومڕانی کوردستان دابنێ. کەئەمەش دورە لە بنەماکانی پرۆسەی دیموکراسیەوە. ئەزمون وەرگرتن لە ڕواداوەکانی ئەم دواییەی وولاتانی عەرەبی دەوروبەر، خوێندنەوە و تێبینی ورد لەسەر ڕەخنە و ناڕەزایەکانی خەڵک ئەشێ بکرێت بەهەوێنێک بۆ پتەوکردنی ناوماڵی کوردی و بەرەوە پێش بردنی ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی لە باشوری کوردستان ئەکرێ وەک فاکتەرێکیش بۆ جەسپاندنی هەنگاوە سەرەتایەکانی پرۆسەی دیموکراسی سودی لێوەربگیرێ.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە