پارتە کوردیەکان و قەیرانی ئایدۆلۆژی! ... هێمن حەسەن- سوید

سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ بوو لەگەڵ هاوڕێیەکی سویدی لەشوێنی کارەکەم باسی ئایدۆلۆژیای حیزبەکانی سویدمان ئەکرد. ئەو هاوڕێ سویدیەم کە ئەندازیار بوو لە کارخانەی ئۆتۆمۆبیل سازی ڤۆڵڤۆ هەردوکمان لە یەکەیەکدا کارمان ئەکرد من وەک تەکنیک کارێک و ئەویش وەک ئەندازیارێک. بەویژدانەوە ئەڵێم ماوەی ساڵێک زیاتر بوو کەڕۆژانە بەیەکەوە کارمان ئەکرد نەمزانی بو ئەو بەڕێزە ئەندامێکی چالاک و پایە   بڵندی حیزبی سۆسیسال دیموکراتەکانی سویدە و هاوکات بەرپرسی خاچی سوری ئەو شارەشە.

هەرچەندە ئەو بەڕێزە هەرگیز ڕۆژێک لەڕۆژان داوای لێنەکردم کە ببم بە ئەندامی حیزبەکەی بەڵام وەک پێشتر ئیشارەم پێدا جاروبار باسمان لە ئایدۆلۆژیا و پێکهاتەی حیزبەکانی ئەو ووڵاتە ئەکرد. ڕۆژێکیان زۆر ڕاشکاوانە پێم ووت من   زۆر نیگەرانم لەکاری سیاسی و باوەڕم بە هیچ حیزبێک نیە چونکە هیچ حیزبێک نیە کە لەڕوانگەی ئایدۆلۆژیاکەیەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەندامەکانی خۆی بکات تا بگات بەخەڵکی ئاسایی.  

ئەم قسەیەی منی زۆر بەلاوە سەیر بوو، بۆیە حەزی کرد بزانێ بۆ من ئاوا لە حیزبایەتی گەشتوم؟ پێم ووت من نزیکەی بیست ساڵ ئەندامی حیزبێک بوم بەڵام تا ئێستا ئەو حیزبە ڕۆژێک لەڕۆژان گوێی لە ڕاو بۆچون و پێشنیار و سەرنجەکانی من و هاوڕێکانم نەگرتوە و حازریش نیە گوێ بگرێ! دەیان ساڵ خەبات لەژیانی مرۆڤێکدا ئەبێتە قوربانی نەبونی مورای سیاسی سیستەمی حیزبێک!

ئەو بەڕێزەش لەوەڵامدا گوتی تۆ ناتوانی ئەو بڕیارە بەسەر هەموو حیزبێکدا بسەپێنی. منیش ووتم باشە ئەبم بە ئەندامی حیزبەکەتان و کارتان لەگەڵ ئەکەم تا بزانم باوەڕی پتەوی تۆ بەحیزبەکەت دەئەنجامی خوێندنەوەیەکی واقیعیە یا سۆزداریە؟

بەکورتی من ئێستا کە نزیکەی هەشت ساڵە ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکراتی سویدم بەڕاستی ئێستا پەشیمانم لەو قسەیەم، چونکە بۆم دەرکەوت کە من هەڵەبوم. ئەوە بۆمن ئاشکرا بوو کە بەرنامەو پرنسیپی حیزبی لێرە زۆر جیاوازترە لە حیزبەکانی ئێمە، ئەمان لەسەر بنەمای باوەڕ بونی تەواو بە ئایدۆلۆژیای حیزبەکەیان مامەڵە لەگەڵ خەڵک و ئەندامەکانیان ئەکەن. بۆیە گەشەکردن و پێش کەوتنی ئەندامانی حیزب تەنها پەیوەستە بە تواناو لێهاتویی خودی تاکەکان نەک لەسەر بنەمای نیپۆتیزم و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بنیات نرابێ. کە ئەمەش دواتر کاریگەری جدی ئەبێ لە ناساندنی ئایدۆلۆژیاو سیمای حیزب بە دەوروبەر.

لەڕوانگەی ئەم حیزبەوە ئەندامەکانی هەمویان یەکسانن لە ئەرک و مافدا. لە ماوەی هەشت ساڵی کارکردنم لەگەڵ ئەم حیزبەدا دەیان ڕێوشوێنی کاری حیزبی فێربوم کە حیزبەکانی ئێمە نەک هەر کاری پێناکەن بەڵکو بیریشی لێناکەنەوە، بە یەکێتی نیشتمانیشەوە کە هەڵگری ئایدۆلۆژی سۆسیال دیموکراتە تا بگات بە حیزبەکانی تر.

لەووڵاتی سوید کاری حیزبی خۆبەخشانە و بێ بەرانبەرە، لە هەموو ئاستەکاندا، بێجگە لەسەرۆکی حیزب. ئەو خەڵکانەی کاری حیزبی ئەکەن پێویستە بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان لە ڕێگەی کارکردنەوە دابین بکەن. واتە حیزب سەرچاوەی بژێوی نیە بەڵکو کارکردنێکی ئارەزومەندانەیە لەپێناو بیروباوەڕێکدا کەتاکەکان خۆیانی تێدا ئەبینەوە تا لەوێوە کار بۆ بەرژەوەندیە گشتیەکان بکەن کە دواتر تاکەکانیش تێیدا سودمەند ئەبن.

لێرە ئەندامان بەشێک لە کاتی ئازادی خۆیان بۆ کاری حیزبی تەرخان ئەکەن. ئەمەش تەنها لەڕوانگەی باوەڕبونیانە بەئایدۆلۆژیای حیزبەکەیان.

ئەندامانی هەڵبژێردراوی حیزب ئەنجومەنی شارەوانیەکان و لیژنەکانی بەڕێوەبردنی شارەوانی پێک ئەهێنن. هیچ کام لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و لیژنەکان موچەیان پێ نادرێ تەنها لەکاتی ئامادە بون لە کۆبونەوەکاندا قەرەبوی لەدەستدانی کارەکانیان بۆ ئەکرێتەوە لەگەڵ پێدانی بڕێک پارەی کەم وەک خەرجی ڕۆژانە (ئارڤودە). لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامانی حیزب هەرگیز ناڕەزایی لەبەرامبەر حیزبەکەیان دەرنابڕن. بەڵکو بەپێچەوانەوە بەرگری لە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی حیزبەکەیان ئەکەن لەبەرانبەر نەیارەکانیاندا.

ئەشێ بۆ زۆر کەس ئاسان نەبێت باوەڕ بەم ڕاستیانە بهێنێ! لەوانەیە بپرسن کەسێک لە پێناوی چیدا ئەوەندە لەکات و ژیانی خۆی تەرخان ئەکات بۆ حیزبێک بەبێ هیچ بەرانبەرێک؟

وەڵامەکە ئاسانە! حیزب پێکهاتەی ئەندامەکانیەتی، واتە ئەندامان بەشدارن لە بڕیارو هەڵوێست وەرگرتندا لە پلان ونەخشە داناندا، لە چارەسەر کردنی کێشەکاندا. هەر ئەندامێک سەنگ و قورسایی خۆی هەیە. گوێ لە پێشنیارو داواکانیان ئەگیرێ ڕێز لە ڕاوبۆچونیان ئەنرێ. داخوازی و پێشنایارو بۆچونی هیچ ئەندامێک بێ وەڵام نامێنێتەوە. کەواتە ئەندامەکان خۆیان بەخاوەنی حیزب ئەزانن، تا ئەو کاتەی حیزب پارێزەری بیرو باوەڕ و ئایدیای ئەوان بێت.

ئەندامانی هەر حیزبێک پێکدێن لە دوبەش. بەشێکیان ئەندامی چالاکن، ئەمانە کارو باری حیزب ئەبەن بەڕێوە. بەشەکەی تریان ئەندامانی ئابونەدەرن، ئەم کەسانە وەک ئەندامێکی حیزب ئەگەر بیانەوێ ئارەزومەندانە بەشداری چالاکی و ئاهەنگەکانی حیزب ئەکەن. دواتریش خەڵکانێک هەن کە تەنها دەنگدەرن بێ ئەوەی بەشداری لە هیچ کارو چالاکیەکی حیزبیدا بکەن.

سنورو چوارچیوەی پەیوەندی نێوان بەرپرسان و ئەندامانی حیزب دیاری نەکراوە. هەر ئەندامێک ئەتوانێ لەگەڵ بەرزترین ئۆرگان لەگەڵ باڵاترین دەسەڵاتی حیزبی تابگات بەسەرۆکی حیزبیش پەیوەندی بگرێت و بیروڕا بگۆڕێتەوە. ئەمەش کارێکی زۆر سادە و مافی هەر ئەندامێکە بێ جیاوازی.

 بۆیە دەرگای حیزبیش ئاوەڵایە بۆ هەموان. بەڵام لە بەرئەوەی لە هیچ کام لە دام ودەزگا حیزبی وحکومیەکاندا مافی خەڵک و ئەندامان پێشێل ناکرێ، ئیتر ئەم جۆرە پەیوەندیانەش بێ مانا ئەمێنەوە.

ئەمەیە پرنسیپی ڕاستەقینەی حیزبایەتی، ئاوا ئەتوانرێ قەیرانە ناوخۆیەکانی هەرحیزب چارەسەر بکرێ.

لەکاتێکدا ئەمە تەواو بەپێچەوانەی پرنسیپی زۆربەی حیزبە کوردستانیەکانە (کوردستانی باشور) کە نەک هەر مافی ئەندامان دەستەبەر ناکرێ بەڵکو ئەوانەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانان بەهێز نیە مافیشیان ئەخورێ، . گوێ لە پێشنیارو ڕەخنەو بۆچونەکانت ناگیرێ، ئەگەر نزیک نەبی لە کەسایەتیە دەسەڵاتدارەکانەوە. خۆ بۆ چاو پێکەوتن و پەوەندی کردن بە بەرپرسانی باڵای حیزبەوە ئەوە هەر بڤەیە ئەگەر خزمی کاکێک یا خوشکێک نەبی.

بە دامەزراوەیی کردنی حیزب لەکوردستان زەرورەتێکی حەتمیە هەرکاتێک حیزب هەنگاوی نا بەرەو دامەزراوەیی، هەرکاتێک بەرپرسانی حیزب بێجیاوازی گوێیان لە کادرو ئەندامان گرت، هەرکاتێک مافەکان بێ جیاوازی دەستەبەر کران، هەرکاتێک ئەندامان خۆیان بەخاوەنی حیزب زانی ئەوا ئەوکات قەیرانە ناوخۆیەکانیش بەرەو پوکانەوە ئەچن.

لەوانەیە بڵێن ئێمە کوا قەیرانمان هەیە؟ بەڵی قەیرانمان زۆرە بەڵام ئەوە بودجە و دارایی حیزبەکانە کە ناهێڵێ قەیرانەکان بتەقنەوە. خەڵک هەیە بە پارەی حیزب لاف وگەزاف لێیئەدات کەچی نەک هەر بەرگری لە بیروباوەڕ و ئایدیای حیزبەکەی ناکات، بەڵکو لەپشتەوە خەنجەری ژەهراویشی لێ ئەدات. ئەگەر ئەمە قەیرانی ئایدۆلۆژی نەبێ ئەی بەچی ئەووترێ قەیران؟

 

Hemen7@gmail. com


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.