
هه‌ر كه پێبنێیته بازاڕی ئیسكان له‌هه‌ولێر، یه‌كه‌م شت گوێبیستی ده‌نگی ئوم كه‌لسوم ده‌بیت، چه‌ندین وێنه‌ی ئوم كه‌لسوم له‌كاتی گۆرانیگوتن و دانیشتنه تایبه‌تییه‌كانی تێدا هه‌ڵواسراوه، ئوم كه‌لسوم نازناوی هونه‌ریی هه‌ساره‌ی رۆژهه‌ڵات بوو، له‌چه‌ندین وڵات ناوه‌كه‌ی بۆ گازینۆ و چایخانه‌كان هۆڵی هونه‌ری به‌كارهاتووه، له‌هه‌ولێریش به‌هه‌مان ناو گازینۆ هه‌یه، كه هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانان شه‌وانه لێی كۆده‌بنه‌وه، جارجاره‌ش كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان دێن، میوانه عه‌ره‌به‌كانی به‌غدا و موسڵ ده‌ڵێن "كه له‌قاوه‌خانه‌ی ئوم كه‌لسوم داده‌نیشین هه‌ست ده‌كه‌ین له‌شاره‌كه‌ی خۆمانین". خاوه‌نی چایخانه‌كه ده‌ڵێت "له‌به‌غدا و موسڵ چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم هه‌یه، بۆیه حه‌زمكرد له‌هه‌ولێریش هه‌بێت".
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود ته‌مه‌ن 50 ساڵ، راهێنه‌ری پێشووی یانه‌ی بروسك زۆربه‌ی شه‌وان دێته چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم و له‌وێ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه وه‌رزشوانه‌كانی كۆده‌بێته‌وه. عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت "هه‌موو شه‌وێك دێم بۆ چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گۆرانیه‌كانی ئوم كه‌لسوم یادگاریمان هه‌یه". ئه‌و راهێنه‌ره ته‌نیا چایخانه‌ی ئوم كه‌لسومه‌كه‌ی هه‌ولێری نه‌بینیووه، به‌ڵكو چایخانه‌ی ئوم كه‌لسومی به‌غدادیشی بینیووه و له‌وێشه‌وه ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كانی ئوم كه‌لسوم دروستكردووه‌و ده‌ڵێت "نزیكه‌ی 40 ساڵ پێش ئێستا برایه‌كم له‌به‌غدا ده‌یخوێند، عه‌شقی ئوم كه‌لسوم بوو، كه ده‌چووم بۆ سه‌ردانی براكه‌م له‌به‌غدا هه‌مووجارێك له‌گازینۆی ئوم كه‌لسوم یه‌كترمان ده‌بینی، له‌وێوه عه‌شقی ئوم كه‌لسوم بووم".
موشته‌رییه‌كانی چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم له‌پێنج ستاف پێكهاتوون "وه‌رزشوانان، هونه‌رمه‌ندان، كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان، گه‌نجان، پارێزه‌ران". هه‌ریه‌ك له‌وانه له‌چه‌ند كه‌سێك پێكهاتوون و له‌كاتی دیاریكراو له‌چایخانه‌كه كۆده‌بنه‌وه، سه‌ره‌تای ئێواران هونه‌رمه‌ندان و گه‌نجان به‌تایبه‌ت قوتابیانی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان و وه‌رزشی، پاشان وه‌رزشوانان، دواتر پارێزه‌ران، رۆژی وا هه‌یه هه‌موو ستافه‌كان پێكه‌وه له‌چایخانه‌كه كۆده‌بنه‌وه، ئه‌وه قه‌ره‌باڵغترین رۆژی چایخانه‌كه‌یه. میوانانی عه‌ره‌ب به‌رده‌رگای چایخانه‌كه‌یان پێخۆشه، چونكه له‌وێدا زۆرتر گوێبیستی گۆرانییه‌كانی ئوم كه‌لسوم ده‌بن و نێرگه‌له و قاوه‌یه‌كی عه‌ره‌بی تاڵ داوا ده‌كه‌ن، چایخانه‌كه تا كاتژمێر 2ی دوای نیوه‌شه‌و جمه‌ی دێت.
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود ده‌ڵێت "ئێمه كۆمه‌ڵه وه‌رزشوانێكین رۆژانه له‌چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم یه‌كتر ده‌بینین، پێش ئێمه‌ش كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌ندێك دێن، دوای ئه‌ویش كۆمه‌ڵه كه‌سێك دێن بۆ نێرگه‌له‌كێشان كه گه‌نجه‌كانن، هه‌ر سه‌عاتێك كۆمه‌ڵه كه‌سێك دێن".
داروین ئه‌حمه‌دی، ته‌مه‌ن 23 ساڵ، گه‌نجێكی شانۆكاره به‌هۆی ئیشوكاری هونه‌ری زوو زوو دێته هه‌ولێر و وه‌ك خۆشی باسی ده‌كات هه‌ر جارێك بێته ئیسكان سه‌ره‌تا چایه‌ك له‌چایخانه‌كه‌ی ئوم كه‌لسوم ده‌خواته‌وه، هه‌ر له‌وێش مه‌وعید ده‌داته هاوڕێكانی. داروین ده‌ڵێت "كه له‌چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم داده‌نیشم دڵم ده‌كرێته‌وه، شوێنێكی زۆر شه‌عبی و خۆشه، ئه‌وه جوانییه‌كه بۆ شاری هه‌ولێر، له‌سلێمانیش چایخانه‌ی شه‌عب هه‌یه، هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران لێی كۆده‌بنه‌وه، به‌ڵام پێم خۆشه له‌سلێمانی چایخانه‌یه‌ك به‌ناوی مه‌رزییه فه‌ریقی هه‌بووایه، له‌داهاتوودا ئه‌وه یه‌كێكه له‌پڕۆژه‌كانم".
ساڵی 2011 چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم دامه‌زراوه، خاڵه شاهین خاوه‌ن قاوه‌خانه‌ی ئوم كه‌لسوم، باس له‌هۆكاری دامه‌زراندنی چایخانه‌كه‌ی به‌و ناوه ده‌كات و ده‌ڵێت "هه‌ر له‌سه‌ره‌تای گه‌نجیم موعجه‌ب بووم به ئوم كه‌لسوم، چونكه دیراسه‌ی خوێندنمان عه‌ره‌بی بوو، زۆر به‌باشی له‌گۆرانییه‌كانی تێده‌گه‌یشتم، هه‌ر گۆرانییه‌كی ئه‌و چیرۆكێكی تێدایه، هه‌ركه‌سێك لێی تێبگات خه‌یاڵ ده‌یباته‌وه بۆ دنیایه‌كی تر، ئاواز و شیعره‌كانی له‌وپه‌ری به‌هێزیدان، ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی تاكه، هه‌روه‌ها ژنێكی رۆشنبیر و نموونه‌ی ئه‌خلاقی به‌رز بوو". خاڵه شاهین ده‌شڵێت "له‌به‌غدا و موسڵ چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم هه‌یه، حه‌زمكرد له‌هه‌ولێریش هه‌بێت، ساڵێكه چایخانه‌كه‌م دامه‌زراندووه، به‌ڵام ئێستاش زۆرترین كه‌س روو له‌چایخانه‌كه‌م ده‌كات، به‌تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كانی به‌غدا و موسڵ، كاتێك ده‌ڕۆن پاره‌كه ده‌ده‌ن پێمده‌ڵێن ده‌ستخۆش، واهه‌ست ده‌كه‌ین له‌شاره‌كه‌ی خۆمانین". ناوبراو ده‌ڵی ئه‌گه‌ر منیش بمرم داوامكردووه ئه‌م چایخانه هه‌ر بمێنی، "ئوم كه‌لسوم شووی نه‌ده‌كرد، له‌به‌ر قسه‌ی خه‌ڵك شوویكرد، ئه‌وه‌نده كه‌سایه‌تی به‌رز بووه".
له‌چایخانه‌كه چه‌ندین وێنه‌ی دانسقه و نایابی ئوم كه‌لسوم هه‌ڵواسراوه، كه له‌كاتی كۆنسێرت و دانیشتنه تایبه‌تییه‌كانی گیراوه، ئه‌م وێنانه له‌هیچ شوێنێكی دیكه نییه، نزیكه‌ی 15 وێنه ده‌بێت، ئه‌وه وایكردووه له‌چایخانه‌یه‌كی ئاسایی نه‌چێت، وه‌ك زیاتر له‌هۆڵێكی هونه‌ریی ده‌چێت، له‌وباره‌یه‌وه خاڵه شاهین ده‌ڵێت "براده‌ری زۆر باشم هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌چینی رۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندانن، زۆربه‌ی وێنه‌كان ئه‌وان به‌دیاری بۆم دێنن، جگه له‌وێنه، له‌میسر و سوریا سێدی گۆرانییه‌كانی ئوم كه‌لسومم بۆ دێنن". خاڵه شاهین چه‌ند جارێك ویستوویه‌تی سه‌ردانی میسر بكات، به‌ڵام بۆی رێكنه‌كه‌وتووه، ئه‌مساڵ به‌نیازه بچێته میسر وێنه‌یه‌كی نایاب ببینێته‌وه‌و دیارییه‌كیش به‌ناوی كورد بداته ئوم كه‌لسوم، "ده‌چم بۆ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی ئوم كه‌لسوم و وێنه‌یه‌كی گۆڕه‌كه‌ی ده‌گرم له‌چایخانه‌كه‌م هه‌ڵیده‌واسم، به‌ناوی هه‌موو كورد گوڵێك له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی داده‌نێم".
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه له‌چایخانه‌كه‌ی خاڵه شاهین هیچ جۆره یارییه‌كی وه‌ك دۆمینه و تاوڵه‌ی تێدا ناكری، كه‌چی یه‌كێكه له‌چایخانه قه‌ره‌باڵغه‌كانی هه‌ولێر، خاڵه شاهین بۆ ئه‌وه ده‌ڵێت "نامه‌وی ئوم كه‌لسوم گۆرانی بڵێت خه‌ڵك یاری بكات، ئه‌و قاوه‌خانه‌یه‌م كردۆته‌وه بۆئه‌وه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵك بۆ ئوم كه‌لسوم راكێشم". خاڵه شاهین خاوه‌ن چایخانه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌دات له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌نجانی ئه‌مڕۆ زۆر باش له‌زمانی عه‌ره‌بی تێناگه‌ن، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌كی وایداناوه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌كان له‌گۆرانییه‌كانی ئوم كه‌لسوم تێبگه‌ن، باسی به‌رنامه‌كه ده‌كات و ده‌ڵێت "هه‌ر ماوه‌یه‌ك سی گۆرانی زۆر دووباره ده‌كه‌مه‌وه، بۆئه‌وه‌ی ته‌واو وشه‌كان له‌به‌ر بكه‌ن و فێری بن، به‌تایبه‌ت ئێستا گه‌نجه‌كان زۆر باش له‌گۆرانی (انت عمری) و (بعید عنك) تێده‌گه‌ن و له‌گۆرانییه‌كانی تر تێناگه‌ن، وایلێهاتووه گه‌نجه‌كان پرسیارم لێده‌كه‌ن ئه‌و گۆرانییه باسی چی ده‌كات و ئاوازدانه‌ر و شاعیره‌كانی كێن، ناوی ئه‌سڵی و ساڵی له‌دایكبوون و مردنی ئوم كه‌لسومم لێده‌پرسن".
هه‌ڤاڵ غازی 13 ساڵه چایچیه و له‌زۆربه‌ی چایخاكان ئیشی كردووه، ئێستا سه‌رپه‌رشتی چایخانه‌ی ئوم كه‌لسومه، ده‌ڵێت "چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم له‌هه‌موویان خۆشتر و دڵكراوه‌تره، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی دێت دیار و رۆشنبیرن، له‌جێگایه‌كی هونه‌ری خۆش ده‌چێت، بۆیه نه من و نه‌موشته‌ریه‌كانیش قه‌ت لێی بێزار نابین".
جاسم عه‌بدوڵڵا، ته‌مه‌ن 31 ساڵ، خه‌ڵكی موسڵه و دوو ساڵه له‌سه‌مونخانه‌یه‌كی هه‌ولێر ئیش ده‌كات ده‌ڵێت "هه‌موو شه‌وێك دوو سه‌عات له‌چایخانه‌ی ئوم كه‌لسوم ده‌مێنمه‌وه، نێرگه‌له‌كه‌ی خۆش نییه، به‌ڵام شوێنێكی نایابه، له‌چایخانه‌كه‌ی خۆمان ده‌چێت، دوای ماندووبوونی رۆژانه‌م لێره ده‌حه‌سێمه‌وه".
خاڵه شاهین خاوه‌ن چایخانه‌كه ده‌ڵێت "زۆرجار سه‌یرم كردووه ئه‌وه‌ی دێته ئیسكان گوێبیستی ده‌نگی ئوم كه‌لسوم ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نه‌یه‌ته چایخانه‌كه‌ش راده‌وستی، سه‌یری چایخانه‌كه ده‌كات ئینجا ده‌ڕوات".

سه‌رچاوه: سڤیل
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە