ماوەیەكە هێڵى رێبەر كویك لە شارى سلێمانى بە مەرامێكى سیاسى راگیراوەو ناحەقییەكى گەورە بەرانبەر بە حەفتاودوو هەزار بەشداربوى ئەو هێڵە دەكرێت. پارێزگارى سلێمانى ئەگەر دەیەوێت بە راستى خزمەتى خەڵكى شارى سلێمانى بكات و سیمایەكى رۆشنبیرى ببەخشێت بە شارەكە ئەوا دەبێت بەوپەڕى گیانى لە خۆبردوییەوە ئیش بۆ ئەو شارە بكات و بەبىَ هیچ فشارێكى سەرو خۆى كاری بكردایە. ئەو هەڵوێستەى پارێزگارى سلێمانى زۆر بە ئاشكرا دركى پێدەكرێت كە دەسەڵاتێك لە سەرو خۆیەوە فۆڕمولەى دەكات و داینەمۆى هەر تەنگژەیەكى تر دەبێت لە دواى یەكلانەكردنەوەى بە شێوەیەكى یاسایى. ئەگەر باسى لایەنى یاسایى بكەین دەبینین سەرەڕاى ئەوەى رێبەر كویك هەموو بەڵگەو مۆڵەتێكى یاسایى هەیە بەڵام پارێزگارو دەسەڵاتدارانى سلێمانى هەتاكو ئێستا خەریكى گێچەڵ گێڕانن بە كۆمپانیاى ئاڵاى نەورۆز تیلیكۆم كە خاوەنى هێڵى ئینتەرنێتى رێبەركویكەو لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە تاكو ئێستا خزمەتێكى باشى بە خەڵكى كەمدەرامەتى ئەم وڵاتە كردوە بەوەى كە لە رێگەى هێڵێكى هەرزانەوە (لە روى نرخ) زۆرترین گەنج و توێژى رۆشنبیرى ئەم وڵاتە سودیان لێوەرگرتوە. بەڕێز بەهرۆز قەشانى خۆى باش دەزانێت ئەو كارەى دەیكات نا یاساییەو مەرامێكى سیاسى لە پشتە چونكە لە ماوەى رابردودا لە رێى دادگاوە بڕیارى كردنەوەى هێڵەكە درا بەڵام پاش دوو كاتژمێر كاركردن سەرلەنوىَ هێڵەكە لەلایەن پارێزگارى سلێمانییەوە داخرایەوە بە بیانوى ئەوەى هێڵى ناوبراو كە سەر بە كۆمپانیاى نەورۆز تیلیكۆمە مۆڵەتى یاسایى نییە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هێڵى ئینتەرنێتى ناوبراو وا بۆ نزیكەى دوو ساڵە لە شارى سلێمانیدا كاردەكات، كەواتە پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بۆچى دوو ساڵە ئەو هێڵەتان را نەگرتوەو ئێستا لە سەروبەندى حكومەت گۆڕینەوەو دەستاودەستكردندا ئەو سەرئێشەیەتان بیركەوتۆتەوە؟. دواجار هەمو ئەمانە دەیسەلمێنێت كە كێشەى رێبەر كویك بە سیاسى كراوەو پێدەچێت تەنها بە بڕیارى بەڕێز سەرۆك كۆمار بكرێتەوە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە