بۆچى پارێزگارى سلێمانى رێبەر كویكى داخست؟ ... دلاوەر حامید

 رۆژ لە دواى رۆژ كێشەكانى نێوان پارێزگارى سلێمانى و كۆمپانیاى نەورۆز تیلیكۆم كە خاوەنى هێڵى ئینتەرنێتى رێبەر كویكە خەست دەبێتەوەو ئەگەر وا بڕوات ئەمە دەبێتە سەرەتایەك بۆ داخستنى كۆمەڵێك كۆمپانیاى ترى خزمەتگوزارى لەو شارەدا. هۆكارى سەرەكى داخستنى ئەو هێڵە بۆ چەند مەبەست و نیازێكى سیاسى دەگەڕێتەوە كە دیارترینیان بونى سیستمى دوو ئیدارەییە لە نێوان حزبەكانى دەسەڵاتدا چونكە وەك زانراوە یەكێتى كە خاوەنى هێڵى ئینتەرنێتى گۆران نێتە دەیەوێت لە شارەكانى هەولێرو دهۆك ئەو هێڵى خزمەتگوزارییەى ئینتەرنێت بخاتە كار بەڵام هەتاكو ئێستا ئیشكردنى ئەو هێڵە لەو دوو شارە دیار نیە لەبەرئەوە هاتوون هێڵى ئینتەرنێتى رێبەر كویك دەبڕن و كێشەى بۆ دروست دەكەن. بڕینى ئەو هێڵە سەرەڕاى ئەوەى هەموو بەشداربوانى نیگەران دەكات دەبێتە مایەى ئەوەى پرۆژەكانى وەبەرهێنان و خزمەتگوزارى لە شارى سلێمانیدا ڕوبەڕوى بەربەست و رێگریى ببێتەوەو هیچ بازرگان و سەرمایەدارێك متمانەى ئەوە نەكات بە پارێزگارى سلێمانى كە لەو شارەداو لە ژێر دەسەڵاتى بەڕێزیاندا پرۆژەكانیان جێبەجىَ بكەن. بەڕێز بەهرۆز قەشانى بەو كارە نایاساییە بە ئاشكرا پێشێلى یاسا دەكات و دەسەڵاتەكانى سەرجەم دادوەرانى دادگاى سلێمانى دەخاتە ژێر گومانەوەو ئەو شتەى كە هەمومان هەوڵى بۆ دەدەین و ناوى (یاسا لە سەروو هەموانەوەیە) كاڵ دەكاتەوەو جارێكى تر دەسەڵاتدارانى ئەو دەڤەرە دەخاتە ژێر گومانى ئەوەى كە رێگە بە هیچ كۆمپانیایەكى ترى فەرمى نەدەن چونكە ئێستا واى لێهاتوە كۆمپانیاكان ئەگەر مۆڵەتى فەرمیشیان هەبێت دەترسن لە داهاتودا بەزم و بالۆرەى نایاسایى بوون و نەبوونى مۆڵەتیان پىَ بگێڕن. هەندێك لە رۆژنامەنوسان و چاودێرانى سیاسى واى بۆ دەچن كە ئەو بڕیارەى پارێزگارى سلێمانى بڕیاررى خۆى نییەو كەسێك لە سەروى خۆیەوە ئەو بڕیارەى پێدەركردوەو هەموو ئەگەرەكانیش ئەو راستییە تۆخ دەكەنەوە كە ئەو پەڵپ و بیانو گرتنە بۆ ئەوە بێت كۆمپانیاكە بخەنە پاڵ حزبێكى دیاریكراو لە كاتێكدا كۆمپانیایەكى ئەهلیەو كەسێكى سەرمایەدار بەڕێوەى دەبات.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.