
کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە شاری لیسەبۆن، بە هێزوتینێکی زۆرەوە ستراتیژی نوێی داڕشت. بەڵام گرنگرتین پرسیاری بە کراوەیی جێهێشت : لەداهاتوودا چۆن هاوپەیمانی ناتۆ لەگەڵ رووسیا هەڵسووکەوت دەکات/ وە چەکە ئەتۆمیەکانی چیان لێ بەسەر دێت؟
باوەڕبوونێکی نوێی، بەهێزترین هاوپەیمانی سەربازی لە جیهاندا، لە کەشێکی گەشتیاری و لەژێر ڕووناکی خۆری باشووردا دروستبوو. بۆ ماوەی چەندین رۆژ Anders Fogh Rasmussen ( سکرتێری گشتی هاوپەیمانی سەربازی ناتۆNATO یە، پێشتر سەرۆک وەزیری وڵاتی دەنیمارک بوو، ، ، ، ، ، وەرگێڕ) لە یەکێک لە کۆشکە گەشتیارەکان لە باشووری فەرەنسا خۆی پەراوێزخستبوو، بۆ ئەوەی بەباشی بیربکاتەوەو، خاڵی گرنگ و ئامانج و نەخشەی ناتۆ، بۆماوەی چەند ساڵی داهاتوو دابرێژێت. لەکۆتاییدا سکرتێری گشتی ناتۆ، لە هەوایەکی پاکی بەلکۆنەکەیدا، توانی نەخشەیەکی ئێجگار نهێنی دابرێژێت، کە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هاوپەیمانی ناتۆ، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە شاری لیسەبۆن لەسەری ڕێکەوتن. لەیەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا Anders Fogh Rasmussen ووتی " دەموویست هەموو پەڕەکان بخمە ژێر دەستم " پاشان ووتی " تەنها بەم شێوەیە دەتوانرا تێکستێکی کوورت و ڕوونمان دەستبکەوێت" . دیارە پێش کۆبوونەوەکە لەم جۆرە قسانە نەدەکرا. چەمکی ستراتیژی نوێی ناتۆ، بەو شێوەیەی کە بەفەرمی ئاشكرا کراوە، هیچ تایبەتیەکی درێژی پێوە دیارنییه . بەڵام ئەوە دەردەخات کە، گرنگ نییه گەر تێکستێکی بچووک، مانایەکی تەوا ببەخشێت.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کەپلانی پرۆژەی گشتی کۆبوونەوەکە، لەلایەن Rasmussen وە ئامادەکرابوو، بەڵام ئاساییە پاشان لەلایەن دەوڵەتانی ئەندامەوە پەسەندبکرێت . دیارە ئەم نەخشەیە پێشتر لەلایەن گرووپێکی پسپۆروشارەزاوە، کە وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا Madeleine Albright وە سەرپەرشتیدەکرد، پێشنیار و پلانەکان کاریان لەسەر کراوە. پاشان Rasmussen نەخشەکەی پیشانی حکومەتەکان دابوون و گفتووگۆی لەگەڵ کردبوون، بەڵام لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی، هیچ یەکبوون و نزیکبوونەویەک نەبوو. خاڵی گرنگ کەهەموو لەسەری کۆکبوون ئەوەبوو، کە ناتۆ پێویستی بە نەخشەیەکی ستراتیژی نوێ هەیە. ئەو بەرنامەیە ی کە ئێستا ناتۆ لەسەری دەڕوات، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999.( واتە بەرنامەیەکی کۆنە، ، وەرگێر). لەوکاتەشەوە چەند ڕووداوێکی گرنگ ڕوویانداوە، پەلامارە تیرۆریستیەکانی 11 سێپتمبەری 2001 بۆ سەر World Trade Center لە نیۆرک، ترس و هەڕەشە کە لە هێرشی ئینتەرنێتەوە دەکرێت، هێرش و پەلاماری گرووپە ئیسلامیەکان لە ئەوروپا و لە جیهاندا، جەنگی ئەفگانستان، ئەمانە هەموویان جیهانیان گۆڕی. هەربۆیە گرنگە کە ناتۆ خۆی باش ئامادەبکات، لەسەر ئەم خاڵەش هەموویان کۆکن.
کێ بەڕاستی دوژمنمانە؟
بەڵام ئایا رۆڵی ئەم هاوپەیمانیە سەربازیە چۆن دەبێت لە کاتێکدا کە دوژمنەکانمان، لە جیاتی مووشەکی ئەتۆمی، پشتێنی بۆمبرێژراو لە سکیان دەبەستن و خۆیان دەتەقێننەوە ؟ هەروەها بەتایبەتی دەمانەوێت بزانین دوژمنی راستەقینەی ناتۆیە کێیە؟ دیارە گفتووگۆکردن دەربارەی ئەم باسە زۆر دژاوربوو. هەروا بەئاسانی کۆتایی ئەم باسە نایەت، لەبەر ئەوە زەحمەتە کە نەخشەیەکی ستراتیژی نوێ دابرێژرێت و لەسەری ڕێکبکەون. دەربارەی چۆنێتی هەڵسووکەوت لەگەڵ رووسیادا، Jiri Schneider جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتی چیک، کە نوێنەری حکومەتی چیکی بووە لە کۆبوونەوەی داڕشتنی پلانی ستراتیژی نوێی ناتۆ، ڕایگەیاند ( ئێمە دوژمنی رووسیا نین، بگرە لەگەڵ دۆستایەتی و هاوکاریداین، بەڵام پێویستیشە کە رووسیا خۆشی هەوڵی نزیک بوونەوە و دۆستایەتی بدات). ئەم قسانەش دەنگێکی جیاوازتری هەبوو، لەو قسانەی کە لە پایتەختەکانی رۆژائاواوە دەکران، کە زیاتر لە قاڵبێکی گەشبینیانە وە دەربارەی دۆستایەتی رووسیاوە دەکرا.
لە بەرلین وپاریس واشنتنیش بەتایبەت پاش ئەوەی کە باراک ئۆباما بوو بە سەرۆک، رووسەکان وەکوو هاوپەیمان سەیر دەکرێن، چونکە کۆمەڵێک بەرژەوەندی گرنگ پێکەوەیان دەبەستێتەوە. لەوانە: جەنگ دژی گرووپە ئیسلامیە تیرۆریستیەکان، دژی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان ( تلیاک و حەشیش و هیرۆین، ، ، وەرگێر)، دژی هەوڵی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی . لە ئەڵمانیا سیاسەتێکی گرنگی دەرەکی هەیە، بۆ نموونە وەزیری بەرگری پێشوو Volker Rühe، بەئەندامان بوونی مۆسکۆ لە هاوپەیمانی ناتۆ، بە ئەگەرێکی چاوەروانکراو دانا.
دەربارەی هەڵسووکەوت لەگەڵ رووسیا جیاوازی زۆر هەیە
لە کۆشکی Palais Czernin لە پراگ، کە شوێنی کاری Jiri Schneider، ئەو جۆرە بۆچوونانە ( مەبەست لە ئەندام بوونی رووسیا لە هاوپەیمانی ناتۆ، ، ، وەرگێر)، بە بیرێکی سیاسی چەوتی دادەنێت. بە گشتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەم شێوەیە بیر لە رووسیا دەکەنەوە. ئەمان بە ووردی چاودێری رووسیا دەکەن، بۆ نموونە لەم چەند ساڵەی دواییدا، رووسیا گەورەترین مانۆری سەربازی ئەنجام داوە، کە زیاتر لە 12.500 سەرباز بەشداربوون تێیدا، ئامانجی سەرەکی ئەم کارەش، چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی هێرشی چاوەڕوانکراوی ناتۆیە بۆ سەر رووسیا. دیارە ئەمەش گەورەترین مانۆری سەربازی بوو، کەرووسیا لە پاش کۆتایی جەنگی ساردەوە ئەنجامی داوە. هەروەها پەلاماردانی وڵاتی جۆرجیا لەلایەن رووسیاوە( جێگای ئاماژەیە جۆرجیا بە پشتگیری ئەمەریکاو ئەوروپا، وویستی رووسیا ئیستیفزاز بکات . هەربۆیە رووسیاش وەڵامی توندی جۆرجیای دایەوە، ، ، وەرگێر). هەروەها پەلاماردانی هێرشی کۆپیووتەری Cyberattacken بۆ سەر تۆری ئینتەرنێتی وڵاتی ئێستلاند، کەزیاتر گوومان لە رووسیا دەکرێت، کەئەم هێرشەی کردبێت .
وەزیری دەرەوەی لۆکسۆمبۆرگ Jean Asselborn ووتی : " ووڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، (کەئەندامی ناتۆن، ، ، ، وەرگێر) رووسیا وەکوو هەرەشەیەک دادەنێن، بەڵام ئەندامانی تر ( مەبەستی وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپایە، بەتایبەت ئەڵمانیا و فەرەنسا، ، ، وەرگێڕ) رووسیا وەکوو هاوپەیمانێکی ستراتیژی دادەنێن" پاشان ووتی " پێویستیمان بەکاتێکی باش هەیە، تا ناکۆکیەکان کۆتایی پێبێت". هەتاوەکوو لیسەبۆن هیچ هیوایەکی رێکەوتن نەبوو. پەیوەندیەکی باشی دیبلۆماسی، نەیتەوانی کێشەکانی چەمکی ستراتیژی نوێ نەهێڵێت . زۆرجار مۆسکۆ وەکوو شەریکێک ( هاوپەیمانێک) وەسف دەکرێت و هیوای هەلی کارکردنی هاوبەشیش زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت. بەگشتی دەنگ( تۆن.Ton ) ی رۆژئاوا دەربارەی مۆسکۆ دۆستایەتی پێوەدیارە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکانی پلانی نوێی ناتۆدا، بە فشاری زۆری ئەوروپیە رۆژهەڵاتیەکان ( مەبەست وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپایە، ، ، وەرگێڕ)، ئارتیکلی ژمارە 5 ڕێکەوتنامەی ناتۆ، کرا بە بنەمای سەرەکی کاری ناتۆ. لەم ئارتیکلەدا دەڵێت " لە کاتێکدا کە ئەندامێکی هاوپەیمانی تووشی پەلاماردانی دەرەکی بێتەوە، پێویستە هەموو ئەندامانی هاوپەیمانیەکە دژی ئەم پەلاماردانە بوەستنەوە" . هەروەها ئەندامانی نوێ دڵنیاکرانەوە، کە پلانێکی سەربازی هەیە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی سەربازی چاوەڕواننەکراو. دیارە ناوی هیچ ووڵاتێک بە هێرش بەر نەننرا، بەڵام مەبەستی سەرەکیان وڵاتی رووسیایە.
مەسەلەیەکی گرنگی تر کەلەم کۆبوونەوەدا جێگای باس بوو، پرسیاری چەکی ئەتۆمی بوو. وەزیری دەرەوە Guido Westerwelle ( ئەڵمانیا) دەیویست مەسەلەی چەک داماڵین لە پلانەکەدا بچەسپێنێت و بەتایبەت مەسەلەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە کیشوەری ئەوروپادا، بکاتە خاڵی بنەرەتی کۆبوونەوەکە. هەروەک ڕایگەیاندا " مەسەلەی چەک داماڵین، دەبێت ببێت بە کرۆکی کاری سیاسیمان" . لەبەرامبەردا فەرەنساو بەریتانیا دژی ئەم کارە بوون، ڕازی نەبوون لەبەر گرنگی سیاسی خۆیان، واز لە چەکە ئەتۆمیەکانیان بهێنن. لەبەر ئەوە ئەم باسەش هەر بە چارەسەرنەکراوەیی مایەوە. بۆ مەسەلەی چەکی ئەتۆمی، لەکۆتایی بەیاننەمەکدا بە شێوەیەک فۆرمالیرە کرا، کەهەردوو لا خۆیان بە سەرکەوتوو بزانن.
Guido Westerwelle دەتوانێت خۆی بەسەرکەوتوو دابنێت، چونکە لەناو بەیاننامەی کۆتاییدا، چەندین جار باسی ووشەی ( چەک داماڵین، کۆنترۆڵکردنی چەکداری، بەکارنەهێنانی چەکی ئەتۆمی و جیهانێکی بێ چەکی ئەتۆمی ) باسی لێوەکراوە. بەڵام لەهەمانکاتیشدا نووسراوە، کە هاوپەیمانی ناتۆ، هاوپەیمانییەکی ئەتۆمی دەمێنێت. هەتا ئەوکاتەی کە چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا هەبێت، هاوپەیمانی ناتۆ، ناتوانێت واز لە چەکی ئەتۆمی بهێنێت. هەربۆیە ئەوەی جێگای پرسیارە، کە ئایا بە راستی مەسەلەی چەک داماڵین جێگای باس بووە ؟ . بەڕێوبەری دەزگای دەرەکی ( ئەڵمانیا)، Ruprecht Polenz ڕایگەیاند: ( بەشێوەی فەرمی پرسی چەکی ئەتۆمی یەکێک بووە لە باسەکانی ستراتیژی نوێی ناتۆ. بەڵام هەموومان دەزانینن دەبێت پێشتر رووسیا و ئەمەریکا لەسەر ئەم بابەتە ڕێکبکەون).
چۆن سیستەمی بەرگری مووشەکی جێبەجێدەکرێت؟
Guido Westerwelle لەیەکێک لەخاڵە گرنگەکانی تر کشایە دواوە. وەزیری دەرەوەی بەرلین، دەیویست بەهەر شێوەیەک بووە، لە ناو پلانە نوێکەدا، پرسی چەک داماڵین و پلانی سیستەمی نوێی مووشەکی، پێکەوگرێ بدات. هەتا کۆتایی کۆبوونەوەکە، ئەمە هیوای ئەو بوو. بەڵام لەمەشدا سەرنەکەوت. بوونی پلانێکی سیستەمی نوێی مووشەکی ناتۆ، کە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاوە ( جۆرج دەبلی بۆش) دارێژرابوو، کە دەیوویست پلانێکی تەواو ئەمەریکی بێت، دەتوانین بە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی یەکێتی ئەوروپای دابنێین. بەمەش کەوانەیەکی نوێ بۆ ناتۆ دادەنرێت و، بەم شێوەیەش ئەمەریکا باشتر بە یەکێتی ئەوروپاوە دەبەسترێنەوە. هەروەها دەعوەتی رووسەکانیش بۆ ئەم پرۆژەیە کراوە. بەڵام هەتاوەکوو ئێستا نازانرێت چۆن ئەم پلانە جێبەجێدەکرێت. لەناو پلانە نوێکەدا وا باسکراوە، کە دەبێت هەموویان یەک سیستەمی بەرگری پێکەوە دروستبکەن. دەربارەی تێچوونی ئەم سیستەمە، Rasmussen رایگەیاندا کە نزیکەی 200 ملیارد ئویرۆی تێدەچێت. ئەم سیستەمە نوێیە، هەروەک ووتەبێژی رەسمی وەزارەتی دەرەوە
Rainer Stinner ڕایگەیاندا( ئەم سیستەمە وەکوو بەرگێکی ئاسمانی وایە). ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە سیستەمی بەرگری نیشتمانی تێکەڵ دەکرێت، تاڕادەیەکیش رۆڵی جارانی نامێنێت.
جەنگی نوێ Cyberattacken
خاڵێکی گرنگی تر کە باسی لێوەکرا، مەسەلەی چۆنێتی بەرەنگاربوونەوە ی جەنگی ئینتەرنێت، یان ئەوەی کەبە Cyberattacken ناسراوە. ( بۆ یەکەمجار لەساڵی 1993، ئەم ووشەیە لەلایەن هەردوو زانای ئەمەریکی John Arquilla، David Ronfeldt بەکارهات. مەبەستیش لەم ووشەیە، جەنگی ئینتەرنێتیە، کەلە رێگای کۆمپیووتەرەوە دژی دەولەتانی تر دەکرێت. جێگای ئاماژەیە لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئەم جەنگە زۆر تیژتربۆتەوە. بۆ زانیاری زیاتر سەیری سایتی www.Wikipedia.org بکە، ، ، ، ، وەرگێر). هەندێک ئەندامی ناتۆ دەیانەوێت، ئەم جەنگی ئینتەرنێتیە بخەنە قاڵبی ئارتیکلی 5 وە. بەڵام ئێستا ئەم دیاردە نوێیە بە پێی ئارتیکلی 4 هەڵسووکەوتی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە زیاتر دەچێتە قاڵبی ئەو ئارتیکلەوە. هەرچەندە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وەڵامێکی تری بۆئەم بابەتە هەبوو، ئەو پێی وایە کە جەنگی Cyberattacken ناچێتە قاڵبی ئارتیکلی 5، چونکە مەبەست لەم ئارتیکلە، پەلاماری سەربازی و هێزی چەکداری دەگرێتەوە. لەهەمانکاتیشدا پێدەچێت کێشەی دەستووریش بێتە کایەوە، چونکە گەر بێت و ئارتیکلی ژمارە 5 گۆڕانی بەسەردابکرێت، ئەوا دەبێت پەرلەمانی ووڵاتان دەنگی لەسەر بددەن، ئەمەش کارێکی ئاڵۆزە. . لەبەرامبەردا Rasmussen لە پایتەختەکانی وڵاتانی ئەنداماندا، بۆچوونێکی تری هەبوو. ئەو پێی وابوو، کە هێرشی ئینتەرنێتی بۆ سەر بەشەکانی ووزەو سووتەمەنی( بۆ نموونە کارگەکانی دروستکردنی ووزەی کارەبا، وێزگە ئەتۆمیەکان، ئەمانە هەموویان سیستەمی کۆمپیووتەری بەکاردەهێنن، ، ، ، وەرگێڕ)، بەمانای پەلاماردان دێت . ئەم بۆچوونە لە ئەڵمانیاش هەواداری هەیە، بۆ نموونە
Volker Perthes کە بەڕێوبەری دەزگای زانست و سیاستە دەڵێت ( چی ڕوودەدات کاتێک لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە پەلاماری سیستەمی کۆمپیووتەری، یەکێک لە ئامێرەکانی ساردکردنەوەی وێزگەیەکی ئەتۆمی بدرێت؟ . بە بڕوای من ئەمە دەچێتە قاڵبی ئارتیکلی ژمارە 5 وە).
لەکۆتاییدا دەبێت ئەوەبڵێین کە چەمکی ستراتیژی نوێی ناتۆ، هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ بەرنامەی سیاسی پارتەکاندا نییه. بڕیاری تەواو ئەوەیە، کە گرنگ نییە چی لەسەر کاغەزەکە نووسرابێت، بەڵکە گرنگ ئەوەیە چۆن ئەم خاڵانە جێبەجێدەکرێن . هەروەک Jiri Schneider چیکی ووتی : ( خاڵی کۆنکرێتی چەمکە نوێکە لەوەدایە، کە ئێمە بە چرووپڕی گفتووگۆمان لەگەڵ یەکتری کرد و دەریشمان خست کە چیمان دەوێت).
ئەو خاڵە گرنگانەی کەلە چەمکی ستراتیژی نوێی ناتۆدا ئامادەکراون
- بەرگری هاوبەش
خاڵی بنەڕەتی هەر ئەو خاڵەیە کەلەساڵی 1949 لە بەرنامەی سەرەکی هاوپەیمانیدا هاتووە، بەرگری هاوبەش (لەکاتێکدا هەر ئەندامێکی ناتۆ تووشی پەلامارێکی دەرەکی بێت، پێویستە هەموو ئەندامانی ناتۆ بەدەنگیەوە بچن و پارێزگاری لێبکەن.) جگە لە مەسەلەی پڕچەکداری و سەربازی، پێویستە دەوڵەتانی ئەندام، کاری هاوبەش لە ڕووی پلانی چەکداری و مانۆری سەربازی و مەشق و نەخشەی بەرەنگاربوونەوە، ئەنجام بددەن.
- تیرۆری جیهانی
بۆئەوەی بەرەنگاری دوژمنی نوێ ببنەوە، وەکوو ( ترسی پەلاماردانی تیرۆریستی)، لە ستراتیژی نوێدا هاتووە، کە ناتۆ بۆی هەیە لەدەرەوەی سنووری خۆی ( واتە سنووری دەوڵەتانی ئەندام، ، ، وەرگێر) کاری سەربازی ئەنجام بددات. هەرچەندە لە بەرنامە نوێکەدا هاتووە، لەداهاتوودا هاوپەیمانی ناتۆ خۆی بە ( پۆلیسی جیهان) دانانێت، بەڵکە ڕێکخراوێکی ناوچەییە کە سنووری دیاریکراوی خۆی هەیە.
- ئەفگانستان
ئاسایش و ئارامی ئەفگانستان، بەیەکێک لە خاڵەگرنگەکان بۆ سەر ئاسایشی هەموو ئەندامانی ناتۆ دەژمێرێت . هاوپەیمانی ناتۆ لەم جەنگەدا فێربوو، کە تەنها ڕێگای سەربازی چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکە پێویستی بە تۆرێکی پتەوی خەڵکی سیڤیل و شارەزای دەبێت. لەو دەرسانەی لەم جەنگەدا فێریبوون، دامەزراندنی کۆمیتەی سەرکردایەتی سەربازی هاوبەشی باش، دانانی نەخشەی گوونجاو، دانانی دەستەیەکی گونجاو بۆ هەڵسووکەوت لەگەڵ میدیاکان، هەروەها هەوڵبدرێت کاری سەربازی و سیڤیلی ئاوێتەی یەکتربکرێن.
- رووسیا
ئامانجی ستراتیژی ناتۆ ئەوەیە، کەلە داهاتوودا لەگەڵ رووسیا پێکەوە کاری هاوبەش بکەن و چەندی دەتوانرێت هەوڵی دروستبوونی ئاسایش و ئارامی بدرێت. هەموو دەوڵەتانی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، دووپاتیان کردەوە، کە رووسیا وەکوو دوژمن سەیر ناکرێت. هەندێک پسپۆری ناتۆ، پێشنیاری ئەوەیان کردووە، کەهەوڵی جددی بدرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ رووسیا کاری هاوبەش بکرێت، بەتایبەت لە بواری چەکداری لە جیهاندا، سیستەمی بەرگری مووشەکی، دژایەتیکردنی چەتەی دەریایی و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان.
- سیستەمی بەرگری مووشەکی
ترس لە بوونی هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی مووشەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، پسپۆرەکان پێشنیاری ئەوەیان کردووە، کە پێویستە سیستەمێکی بەرگری مووشەکی جیهانی دروستبکرێت. ئەم سیستەمەش دەبێت لەلایەن دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆوە جێبەجێبکرێت. هەر لەسەر ئەم خاڵەش، پێشنیاری ئەوەکراوە، کە رووسیاش بۆ ناو بەلەمی ئەم پلانە ڕابکێشرێت.
- جەنگی ئەلکترۆنی
پێویستە ناتۆ پلانێکی پتەو و گونجاو، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەلاماری کۆمپیووتەری و سیستەمی پەیوەندی، یان پەلاماری وێزگەکانی ووزە دابرێژێت . هەروەها پێویستە ڕێگاچارەی گونجا بدۆزێتەوە. کەمترین چارەسەر کە لەلایەن پسپۆرەکانەوە پێشنیارکراوە، باشترین سیستەمی بەرەنگاری بۆ دەوڵەتانی ناتۆ دابنرێت، هەروەها بڕیاڕی ئەوەدراوە، کە مۆدێرنترین سیستەمی بەرەنگاربوونەوە( رادع) بۆ دژایەتی هێرشی کۆمپیووتەری دابنرێت.
تێبینی/
ئەم ووتارە لە کۆواری واتە ژمارە 4 بڵاوکراوەتەوە
سەرچاوە:
سایتی گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانی . 18.11.2010
Ralf Neukirch und Ulrike Demmer، Nato sucht Gegner. www.Spiegel.de
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
