تیشکێک بۆسەر کاروبەرهەمەکانی رۆمانووس و بیرمەندی مەزنی رۆژهەڵات نەجیب مەحفوز ... ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئاشنابوونی من بە کارو بەرهەمەکانی ئەدیب و رۆمانوونسی بەناوبانگی میسری نەجیب مەحفوز، بۆ ئەوکاتانە دەگەڕێتەوە،  کەلە زانکۆی هەولێر خوێندکاربووم. لەوکاتەدا برادەرێکم هەبوو زۆر هەواداری نووسین و بەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز بوو. راستیەکەی منیش لەژێرکاریگەری ئەودا بەدوای بەرهەمەکانی مەحفوزدا گەڕام. ساڵی 2002 لەگەڵ کۆمەڵێک برادەر بڕیارمان دا سەردانی پێشنگای نێودەوڵەتی فرانکفۆرتی کتێب بکەین. ئێمە یەکسەر چووین بۆ شوێنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ووتمان بەڵکو کوردیشی تێدابێت. وەلێ مەخابن بەشی کوردیمان نەدۆزیەوە، بەڵام پاشتر بەشی عەرەبیمان دۆزیەوە. دیارە پاش ئەم سەفەرەم، پرۆژەی بەشداریکردنی کورد لەم پێشانگایە هات بە بیرمداو، لەگەڵ کۆمەڵێک برادەر هەوڵمان بۆ دا. دیارە پاشتر ئەم پرۆژەیە جێبەجێکراو، ئێستا هەموو ساڵێک کورد بەشداری ئەم پێشانگایە دەکات. بەهەرحاڵ، هەر لەبەشی عەرەبیدا چووم بۆلای بەشی وڵاتی میسر. لەوێ بەشی زۆری کتێبەکانی نەجیب مەحفوز دانرابوون. هەر لەوێ بەشێکی زۆری رۆمانەکانیم دەست کەوت. ئەو کاتە خەریکی رۆمانی ( ئازادی یان مەرگ) کازانتزاکی بووم، لە ئێوارەیەکی ساردو تەماویدا رۆمانەکەم تەواوکرد. زۆر دڵگران بووم، چیرۆک و پاڵەوانەکانی رۆمانەکە، کوردستان و تاوانە قێزەونەکانی توورکم بیردەکەوتەوە. چونکە بەشێکی زۆری ئەو دیمەنانەی لەو رۆمانەدا هەبوون، لەکوردستانیش هەتا ئێستا بەردەوامە. بەهەرحال، ئەو رۆژە دڵگرانبووم . پاشان سەیری کتێبەکانی نەجیب مەحفوزم، دەستم بۆ رۆمانی ( السراب) برد. کاتێک دەستم بە رۆمانەکە کرد، زۆر بەلامەوە خۆش بوو، بەتەواوی هێمنی وئارامی پێ بەخشیم . ئەمەش سەرەتای چوونە ناو گێتی نەجیب مەحفوز بوو لای من .

لێرەدا حەز دەکەم بە چەند دێرێک، بۆچوونی خۆم و چەند ڕەخنەگرێکی جیهانی و عەرەبی لەسەر ئەم نووسەرە ناودارەی عەرەب بنووسم. هەرچەندە نووسین لەسەر نەجیب مەحفوز، پێویستی بە چەندین کتێب و لێکۆڵینەوە هەیە.

سەرەتای ژیانی مەحفوز

لە 11 دیدسەمبەری 1911 لە گەرەکی جەمیلیە، کە یەکێکە لە گەرەکە کۆنەکانی قاهیرەی پایتەختی میسر، مەحفوز چاوی بە جیهان هەڵهێناوە. باوکی مووچەخۆرێکی بچووک بووە، بەڵام پاشان واز لە حکومەت دەهێنێت و کاری بازرگانی دەکات. پاشان بە قۆناغەکانی خوێندندا تێدەپەڕێت و تاساڵی 1934 لە زانکۆی مەلیک فوئادی یەکەم، کۆلیژی ئاداب بەشی فەلسەفە تەواو دەکات. سەرەتای کارکردنی لە ساڵی 1934 وە دەست پێدەکات، کاتێک وەکوو ( کاتب) لە کارگێری زانکۆ دایدەمەزرێنن. پاشان ساڵی 1939 دەبێتە سکرتێری وەزیری ئەوقاف بۆ کارووباری پەرلەمان . پاشتر بە ڕێگاباریەکەکانی بیرۆکراتی دەوڵەتی میسردا تێدەپەڕیت، تا ساڵی 1955 دەکرێتە بەڕێوەبەری هونەری، پاشان ساڵی 1959 دەکرێتە بەڕێوبەری چاودێری هونەری لە وەزارەتی رۆشنبیری . ساڵی 1966 پلە ئیداریەکەی بەرزدەکرێتەوە بۆ بەرێوبەری ئیداری دەزگای سینەما . تا دواجار ساڵی 1968 دەکرێتە ڕاوێژکار لە وەزارەتی رۆشنبیری میسری.لە ئۆکتۆبەری 1995 هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت. وەلێ خۆشبەختانە نامرێت و لاپەڕەی ژیانی بەردەوام دەبێت. لە 30 ئۆگستی 2006، پاش 20 شەو لە نەخۆشخانی قاهیرە کۆچی دوایی دەکات1.

کاروبەرهەمەکانی

نەجیب مەحفوز نووسەرێکی فرە ڕەهەندبووە. لە زۆربەی ژانرەکانی ئەدەب دا، دەست ڕەنگینی نواندووە. ئەو سەرەتا بە وەرگێران دەستیپێکرد و چووە ناو جیهانی نووسینەوە. پاشان لەناو جیهانی رۆمان و چیرۆک و شانۆ و کورتە چیرۆکدا، گەورەترین داهێنان و نوێبوونەوەی سازکرد. هەروەها لە سەرەتدا لەبواری رۆژنامەگەریشدا، هەوڵی خۆی داوە، بەتایبەت لە بواری نووسینی فەلسەفیدا، لەگەڵ گۆڤاری ( المجلة الجدیدة)، چەندین ووتاری فکری و سیاسی نووسیوە. نەجیب مەحفوز، توانی لە ئەدەبی عەرەبیدا، باڵەخانەی خۆی دروستبکات. توانی بەردی بناغەی کۆشکی رۆمانی عەرەبی دابنێت. هەربۆیە بەشێکی زۆری نووسەرانی و رەخنەگرانی ئەدەبی، نەجیب مەحفوز بە ( عمید) ی رۆمانی عەرەبی دادەنێن. دیارە جگە لەم کارانە، پاش ئەوەی سینەما لە میسر پێشکەوت، چووە ناو گێتی سینەماو لەوێشدا داهێنانی خۆی کرد. مەحفوز چەندین سیناریۆی و درامای پێشکەشی سینەمای عەرەبی کردووە. لەوکاتانەی کەلە سینەمادا کاری دەکرد، کۆمەڵێک کاری سینەمایی گرنگی پێشکەش کرد.

لێرەدا بە کورتی باسی هەندێک لە کارو بەرهەمانی دەکەین.

وەرگێران/

  1. مصر القدیمة. 1932.

کورتە چیرۆک /

 

 

رۆمان/

 

  1. بين القصرين (1956

2.قصر الشوق (1957

3.السكرية (1957)

 

سیناریۆ و درامای تەلەفزیۆنی

زیاتر لە 100فیلم و 12 درامای زنجیرەی تەلەفزیۆنی نووسیوە. سەرەتا یەکەم کاری سینەمایی، سیناریۆی فیلمی ( مغامرات عنترو عبلة). کە ساڵی 1945 نووسی . ئەمەش سەرەتایەک بوو، بۆ چوونە ژوورەوەی گێتی سینەما. پاشان ئەم بەرهەمانەی تری نووسی و کۆمەڵێک چیرۆک و رۆمانی خۆی کرانە فیلم.

ئەو فیلمانەی کەلە بەرهەمی نەجیب مەحفوزن:

'الوحش 1954'، 'فتوات الحسينية 1954'، 'درب المهابيل 1955'، 'بين السماء والارض 1959'، 'بداية ونهاية 1960'، 'اللص والكلاب 1962'، 'زقاق المدق 1963'، 'الطريق 1964'، 'بين القصرين 1964'، 'القاهرة 30 1966'، 'خان الخليلي 1966'، 'السمان والخريف 1967'، 'قصر الشوق 1967'، 'ثلاث قصص 1968'، 'ميرامار 1969'، 'السراب 1970'، 'الاختيار 1971'، 'ثرثرة فوق النيل 1971'، 'صور ممنوعة 1972'، 'السكرية 1973'، 'الشحات 1973'، 'الحب تحت المطر 1975'، 'الكرنك 1975'، 'المذنبون 1976'، 'المجرم 1978'، 'الشريدة 1980'، 'الشيطان يعظ 1981'، 'أهل القمة 1981'، 'فتوات بولاق 1980'، 'وكالة البلح 1982'، 'الخادمة 1984'، 'ايوب 1984'، 'المطارد 1985'، 'دنيا الله 1985'، 'شهد الملكة 1985'، 'التوت والنبوت 1986'، 'الحب فوق هضبة الهرم 1986'، 'عصر الحب 1986'، 'الحرافيش 1986'، 'الجوع 1986'، 'وصمة عار 1986'، 'اصدقاء الشيطان 1988'، 'قلب الليل 1989'، 'ليل وخونة 1990'، 'نور العيون 1991'، 'سمارة الأمير 1992' .2.

ووتار و لێکۆڵینەوە

نەجیب مەحفوز لەسەرەتاکانی ژیانی نووسینیدا، کۆمەڵێک ووتاری فکری و فەلسەفی نووسیوە. زیاتر لە هەردوو گۆڤاری ( المجلة الجدیدة، المعرفة) . ووتارەکانی بڵاوکردۆتەوە. بەپێی سایتی تایبەتی نەجیب مەحفوز، زیاتر لە 28 ووتار و لێکۆڵینەوەی فکری و فەلسەفی نووسیوە3. لێرەدا هەندێکیان باس دەکەین.

  1. احتضار معتقدات و تولد معتقدات. ( المجلة الجدیدة. العدد.12. السنة الاولی. اکتوبر.1930.
  2. تطویر فلسفة الی ماقبل عهد سقراط.( المعرفن. الجزء الرابع. السنة الاولی . اول اغسطس. 1931.)
  3. فلسفة سقراط. ( المعرفة. الجزء السادس. اول اکتوبر.1931. )
  4. افلاطون وفلسفة ( المعرفة. الجزء السابع. السنة الاولی. اول نوفمبر. 1931.)
  5. الحب والغریزة. ( المجلة الجدیدة. العدد. 8 السنة الثالثة. اغسطس.1934.)
  6. الشعور. ( المجلة الجدیدة. العدد7. السنة الرابعة.یونیو.1935.)
  7. الله. ( المجلة الجدیدة.العدد.1. السنة الخامسة. ینایر.1936.)
  8. فکرة الله فی فلسفة. ( المجلة الجدیدة. العدد3. السنة الخامسة. مارس.1936.)
  9. کتاب التصویر الفنی فی القران. ( الرسالة. العدد. 616.السنة الثانیة عشر. 23. ابریل.1945)

10.  القصة عند العقاد. ( الرسالة. العدد. 635. السنة الثالثة عشر. 3 سبتمبر.1945.).

شانۆ /

دیارە نەجیب مەحفوز زیاتر وەکو رۆمانووسێک ناسراوە . بەڵام جگە لە رۆمان و کورتە چیرۆک و سیناریۆ نوووسین، لە بواری شانۆگەریشدا دەستڕەنگینی خۆی نواندووە. جێگای ئاماژەیە، مەحفوز هەتا پاش ساڵی 1967، خۆی لە بواری شانۆ نەداوە، بەڵام پاشترکۆمەڵێک شانۆگەری دەنووسێت. ئەوانیش ئەمانەن :

  1. الجبل
  2. الشیطان یعظ
  3. یحی و یمیت
  4. الترکة.
  5. النجاة
  6. مشروع للمناقشة
  7. المهمة.

ئەم شانۆیانەشی لە هەر سێ کۆمەڵە چیرۆکی ( تحت المظلة 1969. الجریمة. 1973. الشیطان یعظ.1979 ) بڵاوکردۆتەوە4.

ئەوەی جێگای سەرنجە کە نەجیب مەحفوظ پاش ساڵی 1967 دەست دەکات بە نووسینی شانۆ . واتە پاش هەرەسی عەرەبی لە جەنگی 1967 بەرامبەر بە ئیسرائیل. بەشی زۆری شانۆگەریەکانی نەجیب مەحفوزیش تەنها یەک بەشن (فصل) ئەمەش تایبەمەتمەندیەکی تری ئەم کارە شانۆیانەیەتی. بەگشتی شانۆکانی نەجیب مەحفوج خۆیان لە قووتابخانەی ( نامۆ بوون) دەبیننەوە. ئەم جۆرەی شانۆش لە چلەکانی سەدەی پێشوودا لە ئەوروپا سەریهەڵدا. کاتێک لە نەجیب مەحفوظ دەپرسن، بۆچی دەستی بۆ نووسینی شانۆ بردووە.، لە وەڵامدا دەڵێت: ( لە شانۆدا هەلی دیالۆگ و شرۆڤەکردنی باس و خواستەکان، لە رۆمان و چیرۆک زیاترە .5). نەجیب مەحفوز لە ڕووی شانۆیەوە زۆر هۆگری بەرهەمەکانی (ئونسکۆ و ساموئیل بیکی) بووە. لەبەشێکی زۆریی شانۆکانیدا، پاڵەوانەکان ناوی تایبەتییان نییه . لەهەمان کاتیشدا، شوێن و کات وپاڵەوانەکان هەموویان لە خزمەتی دروستکردنی ( ڕووداو) دان . ئەم جۆرە شێوازەش ئونسکۆ پەیڕەوی لێدەکرد. دیارە جگە لەمان، هۆگری کارەکانی هەردوو نووسەری میسری ناودار ( توفیق الحکیم، یوسف ادریس) بووە. هەروەها لە دوا کاری شانۆگەریشیدا، بەتایبەت شانۆگەری ( المهة) کە زیاتر دەچنە قاڵبی ( شانۆی مۆڕاڵی . MORALTY PLAY ). ئەمەش لە سەدەکانی 16 ئەوروپادا باوی هەبوو، کە زیاتر قاڵبێکی سحری و پەروەردەیی بەخۆوە دەبینێت. 6.

مامۆستاکانی نەجیب مەحفوز

هەروەک هەموو نووسەرێک، سەرەتا کۆمەڵێک نووسەرو ڕووناکبیری پێش خۆی، بوونە مامۆستاو ڕێپیشاندەری مەحفوز. ئالەوکاتەدا لە میسر کۆمەڵێک ڕووناکبیری مەزن، خۆیان بەسەر گۆڕەپانی سیاسی و فکری میسرو گێتی عەرەبیدا سەپاندبوو. لەوانە ( سلامه موسی. طه حسین. عباس محمود عقاد) . ئەو لەوکاتەدا زیاتر هۆگری بیروبۆچوونەکانی سلامه موسی بوو. هەروەک خۆی دەڵێت :

( سلامه موسی ئەو مامۆستا وچاودێر و یارمەتیدەری ئەدەبیم بوو. هێشتا لە دواناوەندی بووم، یارمەتیدام بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی ووتارەکانم. پاشان کاتێک چوومە زانکۆ، یارمەتی زیاتری دام و کتێبێکم وەرگێرا زۆر یارمەتی دام بۆ لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی. ئەو مامۆستایەکی گەورەم بوو.) . پاشان دەڵێت : ( زۆر هەواداری بیروبۆچوونەکانی بووم و لە ڕووی فکریەوە زۆر کاریگەریەکی تێکردم . ئەو دوو رێگای گرنگی پی نیشان دام . یەکەمیان زانست (علم) . دووەمیان. سۆشیالیزم .7)

لە ڕووی جیهانیشەوە زیاتر هۆگری فەلسەفەی یۆنانی و ئەوروپی بووە. هەروەها بیرمەندە کۆمۆنیستەکان ( مارکس. ئەنجلس، لینین.) زۆر کاریان تێکردووە. لە ڕووی ئەدەبیشەوە زۆر هۆگری ئەدەبی فەرەنسی و رووسی بووە. بەتایبەت بەلزاک و زۆلا و دوما، دیستۆفسکی.

ژیانی منداڵی و کاریگەری بەسەر نەجیب مەحفوزدا

دیارە هەمووکاتێک مرۆڤ ژیانی منداڵی و دەوروپشتەکەی کاریگەری زۆری لەسەر کەسایەتی دادەنێت. لەڕووی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، ناکرێت ژیانی منداڵی و کاریگەری دەوروپشت لەبیربکەین . هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بە بێ نۆستالۆژیا بژی . دیارە ئاستی کاریگەری دەورووبەرو ژیانی منداڵی، لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. هەیە بە رێژەیەکی زۆر کاری تێدەکات، وەکوو ئەم نووسەرە . هەشە کەمتر کاری تێدەکات. ئەوەی کە زۆر ڕوونەو، چەندینجاریش نەجیب مەحفوز دانی پێدا ناوە، کە ژیانی منداڵی و گەرەک و و دایکی، کاریگەری زۆریان بەسەر ژیانی داهاتووی هەبووە. نەجیب مەحفوز لە گەڕەکە کۆنەکانی قاهیرە، لە گەرەکی جەمالییه، کە گەرەکێک بووە، زیاتر قاڵبێکی شەعبی پێوە دیاربووە. زیاتر خەڵکی چینە هەژارەکانی ئەوکاتی میسر لەوێندەر ژیاون . لەم گەرەکەدا، کە خزمەتگووزاریی باشی نەبووە، بەتایبەت کارەبا نەبووە، ئەمەش خەونێکی خەڵکی ئەو گەرەکە بووە. هەمووکات خەونیان بە گەرەکە دەوڵەمەندەکانی وەکوو ( زمالک) دەبینی، چونکە ئەم گەرەکانە هەمووکاتێک ئاوو کارەبای باش و پاکو خاوێنی هەبووە. نەجیب مەحفوز لە رۆمانی ( زقاق مدق) کەیەکێکە لە رۆمانە باشەکانی نووسەر، کاریگەری ئەم گەرەکە دەبینینن. بگرە بەشێک لەناوەکانیش لەم گەرەکەوە دایناوون 8.

ڕۆڵی دایکی /

بەحوکمی ئەوەی دایک پەیوەندیەکی ئێجگار تووندوتۆڵ و بەردەوامی بەمنداڵەکەیەوە هەیە، کاریگەری زۆر لەسەر کەسایەتی مرۆڤ دادەنێت. ڕاستە باوکیش کاریگەری خۆی بەسەر کەسایەتی منداڵەکانیەوە دادەنێت، وەلێ هیچ کاتێک هێندەی دایک ناتوانێت، کاریگەری بۆ سەر کەسایەتی و ڕەوشتی منداڵەوە هەبێت. دیسانەوە ڕۆڵی دایکیش لە کەسێکەوە بۆکەسێکی تر دەگۆڕێت. نەجیب مەحفوز وەکوو هەمووکاتێک دانی پێداناوە، کە دایکی کاریگەری زۆری هەبووە بەسەر ژیانیەوە. ئەمەش لەبەشێکی زۆری بەرهەمەکانیدا دەردەکەوێت، بەتایبەت لە رۆمانی ( السراب) دا.

نەجیب مەحفوز دەربارەی کاریگەری دایکی دەڵیت :

( پەیوەندیەکی بەهێزم بەدایکمەوە هەبوو. دایکم وەکوو پەنچەرەیک وابوو، کە جیهانی پیشان دام. دایکم ژنێکی ئیماندار بوو، هەموو هەفتەیەک دەیبردم بۆ مەرقەدی ( ئیمام حوسێن). هەرچەندە ژنێکی نەخوێندەوار بوو، بەڵام زۆرجاریش سەردانی مۆزەخانەی میسری کۆنمان دەکرد.9) . دیارە ئەم پەیوەندیە هەر بەردەوام بوو، کاتێک ساڵی 1954 کە ژنی هێنا، دایکی برد بۆ لای خۆی . هەرچەندە باوکی دایکی شیخێکی ئەزهەری بوو، بەڵام عاشقی گۆرانی و مۆسیقا بوو، بەتایبەت گۆرانیەکانی سید درویش. لێرەشەوە جوانی هونەرو مۆسیقای، لە گیانی نەجیب مەحفوزدا چاندووە.

ڕۆڵی گەرەک /

گەڕەک کاریگەری زۆری بەسەر بەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز داناوە. بەتیابەت گەرەکە کۆنەکانی ( جەماییله، حلمیه، حی عباسین)، لەزۆر چیرۆک و رۆماندا، سوودی لەژیانی ئەوکاتەی کردووە، بە تایبەت لە ڕووی ( پاڵەوان یان کەسایەتی، چیرۆک و ڕووداوەکان)، ئەمانە بەگشتی لە زۆربەی رۆمانەکانیدا دیارە. بۆنموونە کۆمەڵێک رۆمانی بەناوی گەرەکەوە ناو ناوە. ( خان خلیلی، حکایات حارتنا، اولاد حارتنا، السکریة، قصر الشوق، ). هەروەها لە رۆمانی ( الحرافیش) یشدا بە ڕوونی باسی دیاردەی ( الفتوة، شەقاوە) لەگەرەکە کۆنەکانی میسر دەکات . هەتاوەکوو ئیستاش هیچ نووسەرێکم نەدیووە هێندەی مەحفوز، کاریگەری گەرەکی پێوە دیاربێت.

تایبەتمەندەیەکانی بەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز

نەجیب مەحفوز خاوەنی ڕێچکەی خۆی بووە لە بواری رۆمان و چیرۆکدا. هەروەها توانیویشیەتی، داهێنان و نوێبوونەوە لەکارەکانیدا بەرهەم بهێنێت . من لێرەدا هەوڵ دەدەم، بەکورتی هەندێک لەو سیما و تایبەتمەندیانە دیاری بکەم .

/ شوێن

هەمووکاتێک شوێن بە بەردی بناغەی هەموو کارێکی ئەدەبی دادەنرێت . رەگەزی شوێنیش لای نەجیب مەحفوز زۆر گرنگ بووە. دیارە ئەوەی کە زۆر ئاشکرایە و بەشێکی زۆری رەخنەگرانی بواری ئەدەبی هاوڕان لەسەری، کە نەجیب مەحفوز نووسەرێک بووە خۆی لە کۆڵان و گەرەکە کۆنەکانی قاهیرەدا بینیوەتەوە. ئەویش زیاتر وەکو چۆن ( بلزاک و زۆلا، خۆیان لە پاریس بینیوەتەوە، یان دیستۆفسکی پیترۆگرادمەنزڵگەی بووە) . بەهەمان شێوەش قاهیرە، بنەکەی سەرەکی بیروهۆشی نەجیب مەحفوز بووە. دیارە ڕاستە لەچەند بەرهەمێک دا لە قاهیرە دەردەچێت، بۆ نموونە لە رۆمانی ( میرامار) کەباسی پێنسیۆنێک دەکات، کە ژنێکی پیری یۆنانی خاوەنیەتی، ئەم پێنسیۆنەش دەکەوێتە شاری ئەلکسەندریەوە. (میرامار) یش یەکێکە لە کارە باشەکانی نەجیب مەحفوز . بەڵام تەواوی بەرهەمەکانی تری، ڕووداو پاڵەوانەکانی، خۆیان لە گەرەکە کۆنەکان، شەقام، قاوەخانە، مەلها، بەندیخانە، بارەکان، بازاڕەکانی قاهیرەدا دەبیننەوە.

کات /

نەجیب مەحفوز خۆی لەکۆمەڵێک ( کات) دەبینێتەوە. سەردەمی پێش شۆرشی 1919، بەسەرۆکایەتی حیزبی وەفد، سەردەمی پاش شۆرش و حوکمڕانی حیزبی وەفد. سەردەمی کودەتای 1952، کەلە میسر بە شۆرشی یونیۆی ناو دەبەن. سەردەمی دیکتاتۆری و حوکمی عەسکەری جەمال عبدول ناسر. سەردەمی سادات. وە دواهەمین سەردەمیش وەکو خۆی ناوی لێناوە ( عصر النقاهة) . کە دوا ساتەکانی ژیانیەتی .

لەسێ شاکارە مەزنەکانیدا ( بین قصرین، قصر الشوق، السکریة) . باسی سەردەمەکانی میسر پێش ساڵی 1952 دەکات. دیارە ئەو سەردەمانە، بەلای نەجیب مەحفوزەوە، سەردەمی زێرینی نووسەر بوون. سەردەمێک کە گەنجی و چالاکی ژیانی تێدا بەسەر بردووە. هەمووکەسێکیش، سەردەمی گەنجی و لاوێتی، لەسەردەمە زێرینەکانی خۆی دادەنێت. هەربۆیە ئەم سێ شاکارەش، بەیەکێک لە کارە پر بەرهەم و مەزنەکانی نووسەر دەژمێرێت. دەبێت ئەوەش بڵێم کە نووسەر لەپاش هاتنە سەرکاری حکومی عەسکەری، هەلی ئازادی نووسین بەگشتی لەمیسر هەر نەمابوو، هەربۆیە ئەویش وەکوو هەموو نووسەرێکی تری میسری، کێشەی گەورەی لەگەڵ نەبوونی ئازادی ڕادەڕبڕین هەبووە. لە سەردەمی حوکمی دیکتاتۆری ناسردا، میسریەکان بەگشتی بەدەست حوکمی ترس و تۆقاندنی عەسکەری دەیانناڵاند. بە هەزاران کەس خرانە ناو بەندیخانە تۆقێنەرەکانی میسر. نەبوونی ئازادیش، بۆ نووسەر بە یەکێک لە کێشە گەورەکانی نووسین دادەنرێت. هەربۆیە نووسەر ناتوانێت، بە ڕاشکاوانە بیروبۆچوونی خۆی بڵێت و بنووسێت.

زمان/

بەگشتی ئەو زمانەی کە نەجیب مەحفوز بەکاریدەهێنا، زمانێکی خۆش و سادە بووە. زمانێک کە زۆر لە خەڵکیەوە نزیک بووە. بە واتایەکی تر، نووسەر هەوڵی داوە پەیامەکانی بە شێوەیەک بێت، کە هەموو خەڵکی لێی تێبگات. واتە نووسەرێک نەبووە، کە بۆ نوخبە بنووسێت، هەوڵی نەداوە خۆی بخاتە ژێر رکێفی زمانی قوورسی فەلسەفی و دەستەواژەی زانستی و ئەکادیمی . هەر ئەم زمانە خۆش و ئاسانەشی، وایکردووە کە خەڵکانێکی زۆر هۆگری بن و بە دوای کتێبەکانیدا بگەڕێن . ئەو زمانەی نەجیب مەحفوز، هەر ئەو زمانەیە کە خەڵکی ئاسایی میسری لە ژیانی رۆژانەیاندا بەکاری دەهێنن. لەهەمانکاتیشدا لە زۆر شوێندا دیالێکتی میسریشی بەکارهێناوە. هەرچەندە بەشێک لە عەرەبە ناسیۆنالیستەکان، ئەمە بەکارێکی باشی دانانێن. بەڵام بەرهەمە شانۆکانی، هەوڵی داوە بە زمانی عەرەبی فصیح بنووسێت . زمانێک لە ڕووی زمانەوانیەوە زۆر بەرز و فصیح بێت . دیارە لەمەشدا هەوڵی داوە لاسایی شکسپیر بکاتەوە، چونکە بەرهەمەکانی شکسپیر، بە زمانێکی ئێجگار بەرزی ئەدەبی و زمانەوانی نووسراون.

پاڵەوان و کەسایەتیەکان/

پاڵەوان و کەسایتیەکانی نەجیب مەحفوز، ئەو کەسانەن کەلە شەقام و گەڕەک و کۆڵان و بازاڕوچایخانەو بارو مەلهاکانی قاهیرەدا دەیانبینین. نووسەر هەوڵی داوە، ئەو کەسایەتیانە بکاتە قارەمان و پاڵەوانی ناو چیرۆک و رۆمانەکانی . ( دز، دەست پاک، پیاو کوژ و تاوانبار، ژنی لەشفرۆش، ژنی سەرجادە و ناو بار، ژنی ئیماندار و خانەدان، هەژار و دەوڵەمەند، مووچە خۆر، بەڕێوبەر، مەلا و شێخی تەریقی، کۆمۆنیست و مرۆڤی بێ باوەڕ، سیاسی درۆزن و شۆرشگێر، ، هتد) هەموو ئەمانە میوانی بەردەوامی نووسینەکانی مەحفوزن. نەجیب مەحفوز وەکو فەرهەنگێکی کۆمەڵایەتی وایە، هەموو جۆرە کەسایەتیەکی تێدایە . بەرهەمەکانی زیاتر بە کەشتی نوح دەچێت، چونکە هیچ کەسێک نابینیت، جێگای لە بەرهەمەکانی نەجیب مەحفوزدا نەبێتەوە. لێ ئەوەی جێگای سەرنجم بوو، کە لە زۆرشوێندا باسی ژیان و گووزەرانی توێژی مووچەخۆرانی میسری کردووە. دیارە ئەم توێژەش زۆرینەی کۆمەڵگای میسری پێکدەهێنێت. لەهەمانکاتیشدا نەجیب مەحفوز خۆی سەردەمانێکی زۆری ژیانی لە دائیرەحکومیەکان بەسەر بردووە. لە رۆمانی ( حضرة المحترم) دا، زۆر بە جوانی وەسفی خەیاڵ و خەون و ئاوات و کەسایەتی مووچەخۆرانی میسری کردووە10. لەڕێگای ( عثمان بیومی) پاڵەوانی رۆمانەکە، دەرگای جیهانی مووچەخۆران و کارمەندانی حکومەتمان پێ پیشان دەدات. دەتوانێم بڵێم وەسفێکی گشتیە، بۆ هەموو مووچەخۆرانی رۆژهەڵات، چونکە هیچ جیاوازیەکی وا لەنێوان مووچەخۆرێکی میسری و کوردی و عێراقیەکدا ناکەیت.

ژن/

ژن لە بەرهەمەکانی نەجیب مەحفوزدا، پانتایەکی ئێجگار گەورەی داگیرکردووە. هەندێک لە نەیارانی ئەمەش وەکوو خاڵێکی نێگەتیف دادەنێن، بەتایبەت ئیسلامیە توندڕەوەکان. ژن لە بەرهەمەکانی مەحفوزدا بەهەموو شێوەکانی دیارە . ( دایکێکی میهرەبان و خۆشەویست وەکو لە رۆمانی سەراب دا دیارە، ژنێکی بێ دەسەڵات و خانەدانی ماڵەوە، کەهەمووکاتێک لە مێردەکەی دەترسێت، وەکوو ئامینەی ژنی حاجی عبدالجواد، لە سێ شاکارە مەزنەکەی ( بین القصرین، قصر الشوق، السکریة)، یان وەکو ژنێکی شەهوانی و لەشفرۆش، کەلە کەسایەتی حەمید ە لە رۆمانی " زقاق المدق" دا دیارە). دەبێت ئەوە بڵێم کە کاریگەری دایکی زۆربوە لەسەری، بەتایبەت من لە رۆمانی ( السراب) دا، هەستم دەکرد باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەکات. بە بڕوای من ژن بە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کاروبەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز دادەنرێت . ئەو توانیوویەتی پێناسەیەکی تەواوی ژیانی ژنانی رۆژهەڵاتمان بۆ بکات. لە ڕێگای چیرۆک و رۆمانەکانی ئەم نووسەرە وە، دەتوانین( چەوساندنەوەی ژنان و ژیانی ناخۆشی و نایەکسانی ژنان) بە روونی و بێ پەردە ببینین. بۆ نموونە لە کورتە چیرۆکی ( الصورة. لە کۆمەڵە چیرۆکی "غمارة القط الاسود. 11) هەروەها لە کورتە چیرۆکی ( تحت السمع والبصر. لە کۆمەڵە چیرۆکی التنظیم السری. 12). کابرایەک بەدیار چاوی خەڵکیەوە ژنەکەی دەکوژێت . لەم چیرۆکەدا نووسەر هەوڵی داوە، مەلی هزری خوێنەر بۆ لای ئەوە ڕابکێشێت، کە چەندە ئاسانە تاوانی کوشتنی ژنان. لەزاری یەکێک لە پاڵەوانەکانی دەڵێت :

( الرجال ظالمون بالفطرة ). واتە پیاوان لە بنەرەتەوە زاڵمن. دیارە نووسەر لێرەدا هەوڵی داوە، نایەکسانی و وەحشیەتی هەندێکی پیاوی رۆژهەڵاتی دەربخات. لەرۆمانی ( اولاد حارتنا، لاپەڕە 362 دەڵێت: النساء نصف کیان حارتنا، ومن عجب ان حارتنا لا تحترم النساء، لاکنها ستحترمهن یوم تحترم معانی العدالة و الرحمة. 13)

سیاسەت /

خەڵکانێکی زۆر ڕەخنەی ئەوە لە نەجیب مەحفوز دەگرن، کە گوایە کەسێک بووە هیچ کاتێک نەیوێراوە هەڵوێست لە سیاسەتی دەوڵەت یان بە واتایەکی تر دژی رژێمەکانی میسر هەڵوێستی نەبووە. دیارە ئەم قسەیە راست نییە. چونکە نەجیب مەحفوز جۆرێکی تایبەت بە خۆی هەڵوێست و هەروەها کاتێکی گونجاو تایبەت بە خۆی، هەڵویستی خۆی نواندووە. ڕاستە ئەو وەکوو نووسەرانی تری میسر، نەچووە ناو زیندان، کەئەمەش یەکێک بوو لە نهێنیەکانی رژێمی ناسر، چونکە هەرچی نووسەری گەورەی میسرە، بۆماوەیەک میوانی بەندیخانەکانی میسر بووە. بەڵام ئەو هەتاکۆتایی ژیانی، یەک دەققە زیندانی نەبینی. نەجیب مەحفوز، لەو جۆرە نووسەرانە نییە، کە بێتە شەقام و گۆرەپانەکان، بە دەنگی بەرز هاواربکات و هووتافات دژی رژێم بڵێت. ئەو لەو جۆرە نووسەرانە نەبوو، لە قەرەباڵخی و لەناو خەڵکدا، هەڵوێستە سیاسیەکانی خۆی دەربخات. بەڵکە ئەو زیاتر بە شێوازی خۆی ، واتە لە ڕێگای چیرۆک و رۆمانەکانەوە، هەڵویستی خۆی دەنواند.

لەڕووی سیاسیەوە نەجیب مەحفوز هۆگری بۆچوونەکانی بیرمەندی گەورەی میسری ( سلامە موسی) بووە. هەر لە ڕێگای ئەویشەوە بۆتە هۆگری بیری چەپ و کۆمۆنیستی . نەجیب مەحفوز کەسێکی ناسیۆنالیستی عەرەبی نەبووە، بەڵکە ئەو زیاتر باوەڕی بە نیشتمان پەروەری میسری بووە. نەتەوە لای ئەو میسر بووە. هێندە خۆی بە بیری ناسیۆنالیستی عەرەبیەوە خەریک نەکردووە. ئەو نیشتمان و خەونەکانی، لە میسردا بووە. بازی گەورەی بۆ هەموو دەوڵەتانی عەرەبی نەهاویشتووە.

لەلایەکی ترەوە بیری چەپ لە زۆر شوێندا، پانتایی خۆی بە سەر بەرهەمەکانیدا سەپاندووە. بۆ نموونە لە رۆمانی ( قلب الیل، لاپەڕە 124. دەڵێت " فی اللیبرالیة حریة و قیم و حقوق الانسان .، ، استغل ذالک کله لخدمة طبقة معینة. ولکن فی الشیوعیة عدالة کاملة، نجد المذاهب البشریة فی مناخها تفتحها و ازدهارها.14) . لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنە لە گرووپە چەپەکانیش دەگرێت، بەتایبەت لە چیرۆکی ( التنظیم السری) زۆر بە جوانی ڕەخنەی خۆی ئاڕاستە کردووەن. ئەم چیرۆکە باسی کەسێک دەکات، کە شۆرشگێرو چەپە. زۆرجار شانس رۆڵی هەیە لە نەگیرانی، دەنا زۆر کەسێکی ئازاو چالاکە. سەیر لەوەیە ئەم گرووپە بەدەستی حکومەت ناگیرێن، بەڵکە کۆتاییەکی ئێجگار تراژیدی بۆ دروستکردوون . کاتێک گرووپەکە کۆدەبێتەوە، نیقاشێکی زۆر توند لەگەڵ یەکتری دەکەن، لەپاشاندا دەبێتە شەڕ لە نێوان خۆیاندا15. لەمەشدا زیاتر رەخنە لە دیدوبۆچوونی رێکخراوەیی گرووپە چەپەکانی میسر دەگرێت. هەرچەندە ئەم دیاردەیە بەسەر هەموو گرووپە چەپەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست زاڵە.

جیهانبینی/

هەروەک پێشتریش باسمانکرد، کە نەجیب مەحفوز زیاتر خۆی لە گەرەک و کۆڵانەکانی قاهیرە دەبینێتەوە. زیاتر باسی کێشەوگرفت و داستانەکانی ئەو شارەی کردووە. زۆر کەم پەلی بۆ جیهانی دەرەوەی قاهیرەو میسر هاوویشتوە. ئەو زیاتر لە پەنچەرەی قاهیرەوە، جیهانی بینیوە. بەڵام لە چەند بەرهەمێکدا، هەوڵیداوە کەمێک باسی گرفت و کێشەکانی جیهانیش بکات. بۆ نموونە لە چیرۆکی ( فنجان شای)، کورتە چیرۆکێکە لە کۆمەڵە چیرۆکی ( شهرالعسل) ساڵی 1971 چاپیکردوون. لەم چیرۆکەدا کۆلارەی هزری بۆ کێشەکانی ئەوکاتی جیهان هاویشتووە. لە چیرۆکی (فنجان شای)، کۆمەڵێک کەسایەتی جۆراجۆر( ڤێتنامی، ئەمەریکی، عەرەبی شۆرشگێر، ئەڵمانی، رووس) لە بنیاتنانی کۆشکی ئەم چیرۆکەدا بەشدارن . لەم چیرۆکەدا باسەکانی ( جەنگی ڤێتنام، فەلەستین، جەنگی سارد، مەسەلەی پێشکەوتنی زانستی خەتەرناک وەکوو بۆمبی ئەتۆمی) میوانی ئەم بەرهەمەن. لەهەمان کاتیشدا باسی راسیزم کە دژی رەشپێستە ئەفریقیەکان دەکرێت، ئالەوکاتەدا خەبات لەدژی راسیزمی ئەوروپی هەموو ئەمەریکاو ئەوروپاو ئەفەریقای گرتبوەوە. هەر لەوکاتانەدا شۆرشەکەی ( مارتن لۆتەر کینگ لە ئەمریکا) هەموو جیهانی گرتبوەوە. خەباتی گەلانی ( رۆدیسیا و باشووری ئەفەریکا، لە دژی حکومەتی راسیزمی ئەوروپی ) قسەوباسی سەردەمی ئەوکات بوون .

( سپی پێستەکان لە ئەمەریکا لەبەرئەوەی زۆرینەنن، کەمینەی ڕەشپێست دەچەوسێننەوە. لەئەفەریقاش لەبەرئەوەی کەمینەن، زۆرینەی رەش پێستەکان دەچەوسێننەوە...ص88) پاشان دەڵێت :( پیاوی سپی لەهەر شوێنێک بێت، خەڵکی دەچەوسێنێتەوە..16) . ئەمەش زیاتر گشتگیریەکی خراپەو، زیاتر بێ ئومێدی و بێ باوەڕی بە هەستی مرۆڤ بوونی پیاوی سپیەوە دیارە. چونکە لە خەبات لەدژی راسیزمی ئەوروپی، بەشێکی زۆری ئەوروپیەکان ( بەتایبەت چەپەکان)، لەسەنگەری خەڵکی ئەفەریقیدا بوون و دژی حوکمی رەگەزپەرستی ئەوروپیەکان دەجەنگان.

رۆمانی الکرنک

رۆمانی "الکرنک" بەیەکێک لە بەرهەمە مەزنەکانی نەجیب مەحفوز دادەنرێت. لەم بەرهەمەیدا، کەساڵی 1974 نووسیویەتی، نووسەر بە کامێرای خەیاڵی، وەسفێکی جوان و دوورودرشتی، قۆناغی عەسکەرتاری و دیکتاتۆری رژێمی ناسری کردووە. نەجیب مەحفوز هەر لەسەرەتاوە کێشەی لەگەڵ رژێمی عەسکەری ناسر هەبوو. مەحفوز کەسێکی چەپ و لیبڕال و میسری بوو، بەهیچ شێوەیەک باوەڕی بە رژێمی عەسکەری و ناسیۆنالیستی عەرەبی تووندڕەو نەبوو. ئەو زیاتر خۆی بە کەسێکی سەر بە حیزبی وەفد دەزانی. ئەم رۆمانە باسی چایخانەی یان وەکوو میسریەکان دەڵێن (قهوة) "الکرنک" دەکات . هەر ئەم چایخانەیەش دەبێتە گۆڕەپانی سەرەکی رۆمانەکەو، بەشی زۆری ڕووداو پاڵەوانکان لەم چایخانەدا دەبن. لەم رۆمانەیدا نەجیب هانای بۆ شێوازی تەنزئامێزو گاڵتەجاری بردووە. لەزاری یەکێک لە کەسایتیەکانی ناو چایخانەکە، باسی شێوازی تۆقاندن و نامرۆڤانەی زیندانەکانی میسر دەکات . )لا تحقيق ولا دفاع... لا يوجد قانون أصلا) . پاشان بە شێوازێکی گاڵتەجاری باسی رژێمەکەی ناسر دەکات .

( حقا أن حياتنا تزخر بالآلام والسلبيات لكنها في جملتها ليست إلا النفايات الضرورية التي يلفظها ذلك البناء الضخم في شموخه... ألا يستحق إنشاء دولتنا العلمية الأشتراكية الصناعية التي تملك أكبر قوة في الشرق الأوسط.. ألا تستحق أن نتحمل فی سبیلها تلک الالام؟ 17.). دیارە لەم رۆمانەدا کاریگەری نووسەری بەناوبانگی ئینگلیزی جۆرج ئۆریل دیارە، بەتایبەت رۆمانی (1984) . کاریگەری ئەم رۆمانە، لە زۆر شوێندا هەستی پێدەکەیت. هەر لەوەسفی رژێم، پاڵەوانەکان، دیالۆگ و ڕووداوەکان. هەروەک چۆن ئۆریل بەشێوازێكی ئەدەبی و گاڵتەئامێز، رژێمی ستالین دەخاتە بە ڕێژنەی فیشەکی ڕەخنەوە، نەجیب مەحفوزیش لەم رۆمانەیدا هەوڵی داوە، رژێمی ناسر بخاتە ژێر چەتری رەخنەوە.

دیارە جگە لەم رۆمانەی، لە رۆمانەکانی ( ثرثرة فوق النیل، زۆر بە توندی دژی رژێمی ناسر دەوەستێتەوە. ) لەسەر ئەم رۆمانەشی خەریک بوو بیگرن . وەلێ دۆستی دێرینی ( محمد حسنین هیکل) نەیهێشت بیگرن. هەروەها لە رۆمانی ( میرامار) یش ڕەخنەی توند لە رژێمی ناسر دەگرێت. لە رۆمانی ( یوم مقتل الزعیم) یش، لەم بەرهەمەیدا رژێمی سادات دەکاتە نیشانەو، هێرشی توند دەکاتە سەر دامودەزگا پۆلیسیەکانی. بەڵام هەتا دواساتەکانی ژیانی، هیچ بەرهەمێکی لەدژی رژێمی موبارەک نەنووسی. ئەمەش دەتوانینن بە یەکێک لە خەوشەکانی ئەم نووسەرە مەزنەی دابنێین.

رۆمانی السراب  

 

یەکەمین بەرهەمی نەجیب نەحفوز کەدەستم بە خوێندنەوەی کرد، رۆمانی سراب بوو. ئەم رۆمانە هەروەک نەجیب مەحفوز خۆشی دەڵێت،  رۆمانێکی ( پەروەردەیی و دەروونیه). دیارە ئەم رۆمانە بە یەکێک لە رۆمانە باشەکانی نووسەر دەژمێرێت. ئەم رۆمانەی ساڵی 1948 نووسیویەتی، واتە هێشتا نە سێ شاکارە مەزنەکە و نە رۆمانی اولادحارتنای نەنووسیبوو. واتە لەسەرەتای دەستپێکی نووسیندا بووە. ئەم رۆمانە سێ تەوەری سەرەکی لەخۆ گرتووە. یەکەم مەسەلەی ژیانی ( بێوەژن) لەرۆژهەڵات. دووەمیان مەسەلەی ( پەروەردەی منداڵان ) . سێهەمیان مەسەلەی ( دەروونی، نفسی).

ژنێک لەپاش ئەوەی لە مێردەکەی جیادەبێتەوە، تەنها کوڕێکی لادەمێنێتەوە. هەموو خەون و ژیان و ئامانجی دەبێتە ئەم کوڕەی . لەزاری کامیل وە دەڵێت :

( اظل الدهر فی حجرها کاننی عضو من اعضاء جسدها... )

یان دایکی دەڵێت

اذا کنت تحبنی حقا فلا تفارقنی...

لم یبق لی فی الدنیا سواک، و ها انت تود فراقی، سامحک الله... ص10)

ئەم ژنە هەموو ژیانی خۆی دەکاتە قووربانی کوڕەکەی . چەند جارێک پیاوی باش دێنە خوازبێنی، وەلێ ئەو لەبەر کوڕەکەی شوو ناکاتەوە.

لەزاری کامیلەوە دەڵێت :

(شلت عبارة " یتزوج من امک" مسامعی و انفجرت فی دماغی، و اتسعت عینای دهشة و رعبا و تفزازا...

لەزاری دایکیەوە دەڵێت:

( لن افارقک ما حییت.. ص17)..

خۆشەویستی دایک بۆ کوڕەکەی لە سنووری خۆشەویستی ئاسایی تێدەپەڕێت. دایکی ناهێڵێت بە هیچ شێوەیەک تێکەڵاوی لەگەڵ منداڵانی گەرەک بکات. بەو پەڕی نازەوە پەروەردە دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کورەکە لە ڕووی دەروونیەوە تووشی کێشە بێت . لەنێوان جیهانی ماڵەوە، کە هەمووی خۆشەویستیە، لەگەڵ جیهانی دەرەوەی، کە پڕیەتی لە منداڵی زیرەک و چەتوون و هاروهاج، مامۆستای دڵ ڕەق، کوڕە لە نێوان ئەم دوو جیهانەدا تێکد ەچێت . هەروەک لەزاری کامیلەوە دەڵێت:

( کنت ملکا مستبدا فی بیتی و عبدا ذلیلا فی مدرستی. و طالما تحیرت بین الحب الذی یغمرنی فی البیت و بین عصا المعلم و سخریة التلامیذ ...ص17 ).

ئەم کورە وایلێدێت بەجارێک ژیانی تووشی کۆمەڵێک گرێی دەروونی دەبێت . وای لێدێت کە ناتوانێت قۆناغەکانی ژیانی بەسەرکەوتووی ببڕێت. نەجیب مەحفوز لە ڕێگای (کامیل) وە، دەیەوێت کلیلی دەرگای پەروەردەو خوێندن بکاتەوە. دەیەوێت لە ڕیگای ئەم رۆمانەوە، گرنگی و بایەخی پەروەردەمان پیشان بدات. لەهەمانکاتیشدا، باسی ژیانی بێوەژنەکانی رۆژهەڵاتمان بۆ بکات. چۆن کاتێک ژنێک مێردەکەی لەدەست دەدات، دەبێتە قووربانی ماڵ و منداڵ و کۆمەڵگا.

کاریگەری دیستۆفسکی و برایانی کارامازۆف لەسەر ئەم رۆمانە

نووسەری مەزنی رووسی، لە شاکارە مەزنەکەی ( برایانی کارامازۆ) دا، بەشێکی تایبەتی بۆ ژیانی منداڵان تەرخان کردووە. لە کاتێکی تردا بە درێژی لەسەر ئەم رۆمانەو دیستۆفسکی دەدوێین . دیستۆفسکی کاتێک باسی کەسایەتی کوولیا کراسووتکین دەکات، کە ژنێکی گەنج تەمەنی 18 ساڵی پاش مردنی پیاوەکەی، هەموو ژیانی بۆ کوڕە نازدارەکەی(کوولیا کراسووتکین) تەرخان دەکات . خۆشی ژیان هیچ مانایەکی پیرۆز لای ئەو ژنە دروست ناکات. ئەو تەنها کولیینی کوڕی دەکاتە کەعبەیەک، هەموو ساتێک ڕووی لێدەکات. دیستتۆفسکی ئاوا باسی ژیانی کوولیاو دایکی دەکات :

( ئەوکاتە مێردەکەی مرد، هەژدە ساڵی تەمەن بوو، ساڵێک بوو شووی پێکردبوو، کوڕێکی لێی هەبوو. لەدوای مەرگی مێردەکەی، هەموو گیان و ژیانی خۆی بۆ پەردەوەردەکردن و عامڵاندنی ئەو ڕۆلە خۆشەویستەی دانابوو.، ، ، ، ، ، کاتێک کوولیا چوو بۆ قووتابخانە، دایکیشی هەموو کاتی خۆی بۆ متاڵای زانستی گشی تەخانکرد بۆئەوەی لەخوێندنەکەیدا یارمەتی بدات.، ، ، ، ، لەگەڵ هەموو مامۆستاوهاوپۆلەکانیشی خۆی ڕێکخست و مەرایی لەبەر دەکردن، بۆ ئەوەی کوولیا ئازار نەدەن و شەڕی لەگەڵ نەکەن ... منداڵان دەستیان کرد بە گاڵتەپێکردن و ناونیتکە لێ هەڵدانی کوولیا، پێیان دەگووت " نازداری دایە.، ، ، لاپەڕە 843/844) .

کاتێک ئەم دێرانەی دیستۆفسکیم دەخوێندەوە، یەکسەر رۆمانەکەی ( سراب) نەجیب مەحفوزن هاتەوە یاد18. لەڕووی چیرۆک و پاڵەوان و تەنانەت ڕووداویش . بۆ نموونە لە کوولیا کراسوتکین پاش ئەوەی کەمێک گەورە دەبێت، لەگەڵ دایکیدا دەچن بۆ شارێکی تر، لەوێ ڕووداوێکی گەورە دەقەومێت لاپەڕە 845. بەهەمان شێوەش لە ( سراب) دا، پاش ئەوەی کامیل گەورە دەبێت، لەگەڵ دایکی و باپیرەیدا سەفەرێکی بۆ شاری ( بنها) دەکەن . 19.

دیارە من ناتوانم ناوی ( دزی ئەدەبی) لی بنێم، وەلێ کاریگەریەکی ئێجگار زۆر، ئاوێتەبوونی زۆر پتەو لە نێوان هەردوو رۆمانەکەدا دەبینم. ئەوەشمان لە یاد نەچیت، کە نەجیب مەحفوز زۆرجار دانی پێداناوە، کەزۆر هۆگری بەرهەمەکانی دیستوفسکی بووە.

رۆمانی زقاق المدق/

 

یەکێکە لە رۆمانە ناودارەکانی نەجیب مەحفوز، بۆ زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزی وەرگێراوە. مەحفوز ئەم رۆمانەی ساڵی 1947 نووسیوە، بەندە ساڵی 2008 بەردەستم کەوت و خوێندمەوە. واتە پاش 61 ساڵ دوای نووسینی. من کاتێک ئەو رۆمانەم خوێندەوە، هیچ هەستم بە کۆنی یان بڵێم ئەو بابەتە هیچ پەیوەندی بەژیانی ئەمڕۆمان نییه نەکرد. بەڵکە بە پێچەوانەوە، چێژێکی ئێجگار زۆرم لە خوێندنەوەی ئەم رۆمانەی کرد.

بابەتەکانی ئەم رۆمانە:

نووسەر لەم رۆمانەیدا کلیلی چەندین دەرگای کردۆتەوە. بۆیەکەمجار لەم رۆمانەدا جیاوازی چینایەتی کۆمەڵگای میسری دەردەخات . ژیانی هەژاران و زەحمە‌تکێشانی میسر لە گەرەکە کۆن و پیس و بێ کارەباکەی (المدق) باس دەکات. لەبەرامبەر ژیانی خۆش و ئاسوودەکەی گەرەکی ( زمالک) . کەهەموو کاتێک پاکوخاوێن و کارەباو ئاویی هەیە. بۆیەکەمجار نەجیب مەحفوز پەل بۆ ژیانی سۆزانی یان لەشفرۆشەکان دەبات. لەم رۆمانەدا نووسەر دەیەوێت راستی ژیانی ئەو ژنانە دەربخات، کە چۆن چەرخی گەردوون، کردوونیە قووربانی کۆمەڵگاو پیاوە دەبەنگ و ملهووڕەکان. لە ڕێگای ( حمیده)وە پێمان دەڵێت، ئەو ژنانەی کەلەشیان دەفرۆشن، ژنانێکن وەکو هەموو کەسێکی تر، خەونی نان و خۆشگووزەرانی و پارە، وایان لێدەکات جەستەی ناسکی خۆیان بفرۆشن20.

مەحفوز لە زاری حمیدەوە دەڵێت :

( انی ارید الحیاة غیر هذه الحیاة، ان کثیرین من زملائی یقطنون فی بیوت فیها الکهرباء، ، ، ص 97)

بابەتێکی تری سەرنج ڕاکێش ئەوەیە، کەبۆیەکەمینجار، باسی بابەتێکی حەساس و تابوو دەکات، ئەویش مەسەلەی ( منداڵ بازی). لە ڕێگای (معلم کرشه ) وە، خۆێنەر دەخاتە ناو جیهانی پڕ چەوسانەوەو نامرۆڤانەی ( منداڵبازیەوە). معلم کرشە، کابرایەکە خاوەنی چایخانەیەکە، هەموو ژیانی خۆی کردۆتە قووربانی تێرکردنی ئارەزوو و غەریزەجنسیەکانی . کاری ئەم پیاوە ئەوەیە، بەدوای منداڵان بکەوێت و لەڕووی جنسیەوە ئەتکیان بکات. لێرەدا نووسەر هەوڵی داوە، سەرنجی خوێنەر بەرامبەر ( معلم کرشه) بۆ بێزلێهاتنەوەو ڕق لێبوون رابکێشێت . لەهەمانکاتیشدا زۆر گرینگە کە تۆ وەکووو نووسەرێک، بێیت وەسفی هەموو خاڵە پۆزەتیف و نێگەتیڤەکانی کۆمەڵگاکەت بکەیت. هەربۆیە بۆمن نەجیب مەحفوز، جوانترین و باشترین وێنەکێشی کۆمەڵگای میسریە. ئەو دێت وێنەیەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای میسریت پێ پیشان دەدات. جگە لەم بابەتانەش، کۆمەڵێک باسی گرینگی تر دەبنە میوانی ئەم بەرهەمەی نەجیب مەحفوز لەوانە ( هەژاری، مەسەلەی ژن و چەوساندنەوەی ژنان، دواکەوتوویی، کۆچ، جاشایەتی و خۆبەکەم زانینن بۆ ئینگلیزو داگیرکەران بەگشتی) . دیسانەوە گۆڕەپانی سەرەکی ئەم رۆمانەشمان هەر یەکێکە لە گەرەکە کۆنەکانی قاهیرە. کاتیش هەمان سەردەمی داگیرکردنی میسرە لەلایەن ئینگلیزەوە. هەربۆیە لەم رۆمانەیدا باسی ( خۆفرۆشی و جاشایەتی بۆ بێگانە دەووروژێنێت).

نەجیب مەحفوز لە رێگای ئەم رۆمانەوە وەسفێکی جوانی ساڵانی سی و چلەکانی شاری قاهیرەی بۆ کردووین . مەحفوز یەکەمین نووسەری عەرەبی بووە، کەزۆر نەترسانە باسی ژیانی ژنە لەشفرۆشەکانی بۆکردووین . ژیانی هەژارو کەم درامەتەکانی کردۆتە بە یەکێک لە شاکارە مەزنەکانی ئەدەبی عەرەبی. رۆمانێک کە هەتاوەکوو ئەمرۆش چاپدەکرێت و بڵاودەکرێتەوە.

سێ شاکارە مەزنەکە ( بین القصرین، قصر الشوق، السکریة)

      

دەتوانم بڵێم سێ شاکارە مەزنەکەی جیهان، ئەم سێ رۆمانە جیهانین بەهەموو واتایەک . جیهانین لەبەر ئەوەی ئەو باسانەی کە تێیدا هاتوون، باسێکی مرۆڤایەتین . دەتوانم بڵێم نەجیب مەحفوز لەدوای ئەم سێ رۆمانەوە، بەتەواوی شۆرەتی دەرکردوو سنووری قەتیسماوەی قاهیرەو میسری بەزاند. لەم سێ رۆمانەدا، نووسەر چاوی بە جیهانی دەرەکی کەوتووەو جیهانیش پێی شارەزابوون.

کات/

کات لەم رۆمانەدا یەکێکە لەکاتە خۆشەویستەکانی نووسەر، واتە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم . پێش شۆڕشی میسری 1919 و جەنگی یەکەمی جیهانی . پاشان سەردەمی دوای شۆرش، پاشتریش باسی حوکمی وەفدیەکان دەکات، واتە هاتنە سەرکاری حیزبی وەفد و چوونە ناو دەسەڵات. بە واتایەکی تر، سەرەتای جەنگی دووەمی جیهانی و تا کۆتایی جەنگەکە. ئەم سەردەمانەش، سەردەمی زێرینی نووسەر بوون . لەم کاتانەدا، نووسەر چرۆی ژیانی خۆی کردۆتەوە. هەربۆیە نووسەر لەم سێ رۆمانەدا زۆر سەرکەوتووبووە.

 

شوێن/

گەرەکە کۆنەکانی سەردەمی منداڵی، کاریگەری زۆری بەسەر ئەم رۆمانانەوە هەیە. نووسەر لەم رۆمانانەدا، کۆلارەی هزری بە ناو کۆڵان و گەرەکە کۆنەکانی قاهیرەدا شلکردووەو خوێنەریش بەناچاری کۆڵان بەکۆڵان بەدوای ڕووداو پاڵەوان و حکایەتەکانی نووسەر کەوتووە. ئەم رۆمانە زیاتر وەکو نۆستالۆژیایەکی نووسەر وایە. هەوڵی داوە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وفکری ئەو کاتی قاهیرە تۆمار بکات.

پاڵەوانەکان/

دیسانەوە پاڵەوانانی هەر سێ شاکارە مەزنەکە، بریتین لە کەسانی ئاسایی ناو کوچەوکۆڵانەکانی قاهیرە. خەڵکانێک کە کۆمەڵگای میسری پێکدەهێنن. ( دەوڵەمەند و هەژار، دوکاندارو موشتەری، ژنی ماڵەوەو لەشفرۆش و سەماکەر، خوێندکارو مامۆستا، شێخ ومەلاو، کەسانی بێ باوەرو علمانی، کرێکارو دەستگێرو بارمان و حەمال، ، ، هتد) پاڵەوانی سەرەکی ئەم رۆمانانەن. ئەوەی کە جێگای سەرنجە، لەم رۆمانەدا منداڵ پانتایەکی ئێجگار بەرینی داگیرکردووە. نەجیب مەحفوز بە جیهانی منداڵان شۆربۆتەوەو وەسفێکی ژیانی منداڵان دەکات . هەروەها گەنج و مێرد منداڵانیش، بەتایبەت چۆنێتی تێروانینیان بۆ ژیان و سیاسەت، بە روونی دیارە.

بابەتە سەرەکیەکانی ئەم سێ شاکارە

خێزانی ( احمدعبدالجواد) کە بازرگانێکی گەورەی قاهیرەیە، خاوەنی ناوبانگێکی زۆرە. چ لە بازاڕ یان لە گەرەک، خەڵکی ڕێزێکی گەورەی بۆ دادەنێت. ڕووداو چیرۆکەکانی هەرسێ شاکارە مەزنەکە لە حەوش و ماڵەکەی حاجی احمد عبدالجواد ڕوودەدات. ئەم کابرایە خاوەنی خێزانێکی نیمچە گەورەیە سێ کوڕ، ( کە یەکێکیان لە ژنێکی ترە، پێش ژنی دووەمی تەلاقی داوە.) لەگەڵ دووکچ و ئامینەی ژنی.

ئەمە سەرەتای بەشی یەکەمی رۆمانی (بین القصرین) تەنها باسی ژیانی ئەم بنەماڵەیە دەکات، هەتا کچەکانی شوو دەکەن و یاسینی کوڕیشی ژنێک دەهێنێت، وەلێ پاش ماوەیەک تەلاقی دەدات. لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی بیست، کورێکی لە خۆپیشاندانەکەدا شەهید دەبێت . ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر کار لەهەموو بنەماڵەکە دەکات، بەتایبەت لە حاجی جواد.

سەرەتای رۆمانی ( بین قصرین) دیسانەوە لە حەوشەکەی حاجی عبدالجواد دەست پێدەکات و هەر لەوێش کۆتایی بەرۆمانەکە دەهێنێت. لەم بەشەدا کوڕو کچەکانی، منداڵیان دەبێت ئەوانیش دەبنە ئەندامی بەردەوامی رۆمانەکە . لێرەدا نووسەر هەوڵی داوە قۆناغێکی نوێتر لەژیانی میسریەکان باس بکات. لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکانی حاجی عبدالجواد دا، نووسەر خوێنەر لەگەڵ خۆی بۆ قۆناغێکی نوێی ژیانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی میسری دەگوێزێتەوە.

دواقۆناغ بە رۆمانی ( السکریة) تەواو دەبێت . لێرەدا حاجی جواد دەگاتە پاییزی تەمەنی و ئامینەی خێزانیشی بەهەمان شێوە. لەم رۆمانەدا ڕۆڵی کورە بچووکەکەی ( کمال) دەردەکەوێت . نووسەر لە ڕێگای ( کمال) وە، کۆمەڵێک گفتووگۆی فەلسەفی و سیاسی گەورە دەووروژێنێت. لەم بەشەدا، فکری برجنسون مارکس باس دەکات. کۆتایی ئەم رۆمانەش، بە کۆچی دوایی حاجی جواد و ئامیینەی خێزانی دەبێت. لەم قۆناغەدا دوکان و مەخزا گەورەکەی حاجی جواد نامێنێت و چونکە کوڕەکانی ژیانێکی تر بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن.

باوکێکی ملهوور و تووڕە/

حاجی عبدالجواد، وێنەی باوکێکی توورەو ملهوورە، کەهەمووکاتێک لە ژێر چاوەتۆقێنەرەکانیدا، منداڵەکانی دەترسێنێت. لەم رۆمانەدا، نووسەر هەوڵی داوە رەخنەی توند ئاراستەی ئەو جۆرە باوکانە بکات، کە دەیانەوێت لە ڕێگای ترس و تۆقاندن و سڵەمینەوە، منداڵەکانیان بەخێوبکەن. بوونی ئەم جۆرە باوکانە، کەزیاتر بە باوکێکی رۆژهەڵاتی دادەنرێت. باوکێک کە پێی عەیب بێت یان نەیدەوێت، پەیوەندیەکی ئاسایی و دۆستانە لەگەل منداڵەکانی هەبێت. ئەم جۆرە باوکانە لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتی وئیسلامیەکاندا زۆر هەیە. من کاتێک ئەم رۆمانەم خوێندەوە، هیچ هەستم بە نامۆبوون و دووری نەدەکرد. بەڵکە بە پێچەوانەوە، زۆر هەستم دەکرد کە ئەو پاڵەوان و کەسانە دەناسم یان لە ژیانی رۆژانەمدا دیوومن و ئاشانم پێیان.

مێردێکی خۆپەرست و ملهوور/

حاجی جواد نموونەی ئەو پیاوانەیە، کەهیچ ڕیزو خۆشەویستیەک بۆ ژن و منداڵەکانی دانانێت. کابرایەک کەژنەکەی تا ڕادەی پەرستن دەیپەرستێت، وەلێ ئەو بە شێوازێکی نامرۆڤانەو دڵڕەقانە هەڵسووکەوتی لەگەل دەکات. ئامیینە هەموو شەوێک دەبێت دابنیشێت، تا تەشریفیان دوای رابواردن و شەوانی سووری، بە نیوە شەو دەگەڕێتەوە ماڵەوە. هەر کە گەیشتە بەردەرگا، یەکسەر دەمووچاوی خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە کەسێکی تر. ئامینەش دەبێت بە پەلە لە خەوهەڵسێت و تابەردەرگای دەرەوە ڕابکات وبە دەم پێکەنین ( سی سید، سی سید) چرایەک بگرێت بەدەستیەوە بۆئەوەی ڕێگای بۆ رووناک بکاتەوە. پاشان دەبێت جلەکانی دابکەنێت و جوان هەڵیانبگرێت. ئینجا تەشتێک بهێنێت، قاچەکانی بۆ بشوات و بیانشێلێت. ئەوجا ئەگەر شتێکی بیەوێت دەبێت ڕاست بۆی ئامادە بکات. وەلێ کاتێک ئامیینە داوایەکی هەبێت، ئەوژنە بەستەزمانە، دەبێت چەند رۆژێک لەگەڵ خۆیی و کچەکانی تەکبیری لێبکات و کام ووشە زۆر جوانە بەکاریبهێنێت، کام دەستەواژە مانادارو گەورەیی دەبەخشێت بەزمانیدا بێت، بۆئەوەی حاجی جواد توورەنەبێت و بەڵکە دڵی ساف بێت داواکەی بۆ جێبەجێبکات. قووربەسەر ئامیینەی داماو ئەگەر حاجی توورە بێت، ئەوکاتە وا تێکدەچێت، کەخۆشی نازانێت چ بکات. هەزارجار خۆی بە گوناحبار و تاوانبار دەزانێت.

دووفاقی کەسایەتی/

حاجی عبدالجواد کەپاڵەوانی سەرەکی هەر سێ رۆمانەکەیە، نموونەی ئەو کەسانەیە کە خاوەنی دوو جۆرە کەسایەتین . کەسایەتیەک لە ماڵەوە، کەسایەتیەک لەدەرەوەی ماڵ و خێزان . حاجی جواد لە ماڵەوە نموونەی باوکێکی دیکتاتۆرو ملهوور، مێردێک کەهیچ جۆرە خۆشەویستیەکی بۆ ژنەکەی نییە، تەنها لە ڕێگای ترس و چاوەترسناکەکانیەوە، هەڵسووکەوت لەگەڵ ژن و منداڵەکانی دەکات. کەسێک کە پێکەنین و قسەی خۆش نابێت هیچ کاتێک لەبەردەمیدا بکرێت. هەمووکاتێک دەبێت ژن و منداڵەکانی بەتەواوی گوێڕایەڵ و ملکەچی فەرمانەکانی بن. بەڵام کاتێک کە لەدەرگای ماڵەوە چووە دەرەوە، ئیتر ئەو حاجی جوادە نامێنێت و، دەبێتە کەسێکی ڕووخۆش و میهرەبان و خۆش مەجلیس. لەناوبازارو گەرەک، بەوپەڕی ڕێزوخۆشەویستیەوە هەڵسووکەوت لەگەڵ خەڵکی دەکات، هەربۆیە هەمووکاتێک جێگای ڕێزوخۆشەویستیە لای هەمووان. شەوانیش لەگەڵ کۆمەڵێک برادەری خۆیدا، لەلای ژنە سەماکەرێک و گرووپەکەی ( جلیلة، زبدة، زنوبة) بەزم و رەزمی شەوان ڕێک دەخەن . بە واتایەکی تر دەبێتە کەسێکی تر . لێرەدا مەبەست لەنەخۆشی ( شیزۆڤرینا ) نییە، چونکە کابرا لە ڕووی دەروونیەوە زۆر ساخە . وەلێ ئەم جۆرە کەسایەتیانە، لەناو رۆژهەڵاتدا زۆرن. ڕووناکبیری مەزنی عێراقی ( علی الوردی) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا( سروشتی کۆمەڵگای عێراق) دا، بە کێشەی ( کەسایەتی دووفاقی عێراقی) ناوی دەبات. ئەو پێی واییە لەناو کەسایەتی تاکی عێراقی، جۆرە شەرێک لەنێوان قۆناغی شارستانی و بەربەریەت دا هەیە. هەرئەمەشە وا لەخەڵکی عێراق دەکات، کەتووشی ئەم جۆرە کەسایەتیانه ببن. بەڵام نەجیب مەحفوز لەڕێگای ئەم رۆمانە مەزنەوە، بەتایبەت لە بەشی یەکەمی رۆمانەکەیدا، ( بین قصرین) باسی دووفاقی کەسایەتی پیاوی رۆژهەڵاتی دەکات. هەروەک پێشتریش ووتم، کە ئەمە کێشەیەکی دەروونی نییە، بەڵکە زیاتر کێشەیەکی سۆسیۆسایکۆلۆژی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتە. بەداخەوە هەتاوەکوو ئەمڕۆش، ئەم کێشەیە هەرماوە.

جەنگی نەوەکان/

ئەم سێ شاکرە مەزنە باسی سێ نەوەی میسری دەکات. لەم رۆمانەدا بەشێوەیەەکی گشتی، نووسەر هەوڵی داوە، چۆنێتی ڕووبەروبوونەوە و جیاوازیەکانی ئەم سێ نەوەیە دیاری بکات. بۆ نموونە لە رۆمانی ( قصرالشوق) دا، کاتێک کمالی کوڕی حاجی احمد عبدالجواد قۆناغی ئامادەیی تەواو دەکات، دەیەوێت بچێت بۆ ( دارالمعلمین)، بەڵام باوکی زۆر دژی دەوەستێتەوە.و باوکی دەیەوێت بچێت بۆ کۆلیژی ( حقوق) بەوپەڕی دڵ ڕەقیەوە پێی دەڵێت ( معلم مهنه حقیرة...ص49). پاشان پێیدەڵێت، ماڵە خانەدانەکانی میسری، ژن نادەن بە مامۆستا چونکە مامۆستایی پیشەیەکی ‌هیچ و چرووکە. بەڵام لای کمال پیشەی مامۆستایەتی زۆر گرنگەو دژی باوکی دەوەستێتەوە.

العلم فوق الجاه والمال یا بابا، ، ، ، ص50

ان علم اعز من المال، ، ، ، ص57

پاشان بە باوکی دەڵێت من دەمەوێت وەکوو ( منفلوطی) بم . باوکیشی وەڵامی دەداتەوە:

( انت تعیش فی الحیاة لا فی کتب منفلوطی، ، ، ص57). 21

لەگەڵ پەیدابوونی منداڵی نوێ، نەجیب مەحفوز هەوڵی داوە، بۆهەر قۆناغەوە جۆرە کەسایەتیەک دابنێت، کە جیاوازبێت لە نەوەکانی پێشووی. لەڕێگای ئەو دیالۆگە تووندەی نێوان کمال و باوکی، بۆچوونی دوو نەوەی دژ بەیەکمان پێ پیشان دەدات. بە بڕوای من لەمەشدا نووسەر سەر کەوتوانە کارەکەی ئەنجام داوە.

رۆمانە بفەکەی اولادحارتنا ( کوڕانی گەڕەک)

 

بۆیەکەمینجار لەسەدەی نوێدا، بەرهەمێکی ئەدەبی دەکەوێتە ژێرحکومی ترس و یاساخکردن . هەرەشەی مەرگ و فەوتاندنیش لە بنووسی بەرهەمەکە دەکرێت. لە ساڵی 1959 دا نەجیب مەحفوز دەستیکرد بە نووسینی رۆمانی ( اولادحارتنا). بۆیەکەمجار لە رۆژنامەی ( اهرام) بەشێوەیەکی رۆژانە بڵاودەکرایەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەم رۆمانە، یەکسەر دەنگی دوواکەوتوویی و ناحەزانی ووشەی جوانی ئەدەب بەرزبوویەوە. پاش ماوەیەک لەژێرفشاری ( ازهر) دا، دەرگای بڵآوکردنەوە لە

رۆژنامەی ( اهرام) داخرا. پاشانیش بەتەواوی لە وڵاتی میسر قەدەغەکرا و نەیانهێشت چاپ و بڵآوبکرێتەوە. پاشان بۆیەکەمجار لە چاپخانەی ( دارالاداب) لە ساڵی 1967 لە وڵاتی لوبنان چاپکرا. 22.

سیما سەرەکیەکانی ئەم رۆمانە/

هێما/

یەکێک لەو شێوازانەی کە نووسەر لەم رۆمانەیدا پیادەیکردووە، بەکارهێنانی شێوازی (هێما) یە. نووسەر لەڕێگای ( هێما) وە، هەوڵی داوە دەرگا داخراوبفەکانی کۆمەڵگا بکاتەوەو، خوێنەر لەگەڵ خۆیدا، بۆ گەشتێکی دوورودرێژی مێژووی ئایینەئاسمانیەکان ڕاپێچبکات. دیارە نەجیب مەحفوز لەبەکارهێنانی شێوازی (هێما) دا زۆرسەرکەوتووبوە. ئەم میتۆدەی لەچەند رۆمانێکی تردا بەکارهێناوە لەوانە ( ثرثرة فوق النیل) کەساڵی 1966 نووسیویەتی. دیارە لەوکاتەی کە ئازادی بەرقەرارنەبێت، نووسەر ناچارە پەنا بۆ میتۆدی ( هێما) بەرێت، بۆ ئەوەی قسەی خۆی دەربارەی باسەکانی ژیان بکات. نووسەر لە ڕێگای (هێما) وە، باس لە شوێن و بابەت و پرسی سەرەکی رۆمانەکە دەکات.23

شوێن/

(گەرەک، کۆشک) کە هەموویان هێمان بۆ مەبەستێکی دیاریکراوە. نووسەر لە ڕێگای گەرەک، کە هێمایەکە بۆ جیهان . دەیەوێت لە گۆرەپانی (گەرەک) دا، پاڵەوانەکانی گەمەی ژیان بکەن، گەرەک بکاتە شانۆیەکی گەورە تا نمایشی دەقەکەی تێدا سازبکات.

زمان/

هیچ جۆرە زمانێکی تایبەتی بەکارنەهێناوە، کە جیاوازبێت لە زمانی رۆمانەکانی تری. بەڵکە هەوڵی داوە بە زمانێکی ئاسایی و سادە، دیالۆگ وبابەتەکان باس بکات. تەنها ئەوە نەبێت کە زمانی رۆمانەکە، پڕیەتی لە (هێما)، خوێنەر گەر شارەزایەکی باشی لە زانستی ئایینە ئاسمانیەکان نەبێت، پێم وایە باش لە مەبەست و پەیامی نووسەر ناگات.

بابەتە سەرکیەکانی ئەم رۆمانە/

نەجیب مەحفوز لە ڕێگای ئەم رۆمانەوە، هەوڵی داوە چیرۆکی ژیانی پێخەمبەرەکان ( ئادەم، مووسا، عیسی، محمد) بکاتە بابەتی رۆمانێکی گەورە. لەهەمانکاتیشدا بوونی خوداش، بکاتە ناو رۆمانەکەوە. ئەم رۆمانە هەوڵێکی نەجیب مەحفوزە، بۆ چوونە ناو زانستی ئایینی و تەقە دان لە دەرگای بوونی خوداو پێخەمبەرەکان . ئەمەش بەیەکێک لەدەرگا داخراو بفەکانی کۆمەڵگای میسری و عەرەبی دەژمێرێت. بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەدەبی عەرەبیدا، نووسەرێک، مێژووی ئایینەکان دەکاتە کەرەستەیەکی خاوو، رۆمانێکی مەزنی لێدروست دەکات. بۆیەکمجار خودا و پێخەمبەرەکانی دەکرێنە، کەسانی ئاسایی و دەخرێنە ژیانێکی رۆژانەوە. نووسەر لەم رۆمانەیدا، وویستویەتی بۆچوونێکی تایبەت بەخۆی بەرامبەر هەرسێ ئایینە ئاسامانیەکان ( جوولەکە، کریستی، ئیسلام) قسەی خۆی بکات. لەهەمانکاتیشدا باسی ( خودا و شەیتان، ئادەم و حەوا ) بکات . لە کۆتایی رۆمانەکەشیدا، بۆچوونی خۆی دەربارەی ئایین دەربڕیوە، بەتایبەت لە حکایەتی ( عرفة) . ئەم رۆمانە لە پێنچ حەکایەت پێکدێت . دیارە جگە لەبابەتی ئایینی، مەسەلەکانی ( ئاشتی وشەر، خۆشەویستی، شٶرشگێڕی و ترسنۆکی، دادپەروەری ودیاردەی فتوة"شەقاوە") باسکراوە.

ماڵی الجبلاوی /

جبلاوی کابرایەکی دەوڵەمەندی گەورەیە، خاوەنی کۆشکێکی مەزن و جوان و دڵرفێنە. لەم کۆشکەیدا ژیانێکی شاهانە لەگەڵ منداڵەکانی (ادهم، ادریس، جلیل، عباس)بەسەر دەبات . ادهم لە ژنێکی تریەتی، کوڕێکی ڕەشپێستەو لە ادریس بچووکترە. جبلاوی دەیەوێت پاش مەرگی ادهم بکاتە چینشینی خۆی . بەڵام ادریس ڕازینابێت، چونکە ئەو کوڕی گەورەی ماڵە . لەگەڵ باوکیدا دەبێت بە ناخۆشیان، پاشان باوکی دەریدەکاتە دەرەوەی کۆشک. ادریس زۆر کەسێکی خراپ و ناحەزو دڵ پیس دەبێت . هەمووکاتێک هەوڵ دەدات، لە ڕێگای فێڵ و ساختەچێتیەوە، هەڵسووکەوت لەگەڵ خەڵکی بکات. بەپێچەوانەی ادهم، کە کەسێکی دڵ ساف و مرۆڤ دۆست و دوورە لەخراپەو ساختەچێتی . ادهم زۆری پێناخۆش دەبێت، کاتێک باوکی ادریس دەردەکات، زۆر هەوڵ دەدات کە بیگەڕێنێتەوە، بەڵام باوکی ڕازی نابێت. ادهم پاشتر (امیمة) دەهێنێت. ادریس هەر لەهەوڵی خراپە و پلانە دژی ادهم، بۆئەوەی لە کۆشکی باوکی دەریبکات. تا بەفێڵێک ادهم هەڵدەخەڵەتێنێت، داوای لێدەکات، کەبچێت لە ژوورەکەی باوکیدا، سندوقە تایبەتیەکەی باوکی بکاتەوە، بزانێت باوکی لە میرات بێبەشیکردووە یان ناء. (ادهم)یش، ئەم کارە دەکات . باوکی دەیگرێت و زۆری پێناخۆش دەبێت و پاشان ادهم و امیمة ی خێزانی دەردەکات. دیارە ئەمەش هێمایەکە بۆ حکایەتی ئادەم و حەواو چۆنێتی دەرکردنیان لە بەهەشت، پاش ئەوەی سێوەکە دەخۆن. بە بڕوای رەخنەگرێکی عەرەب، پێی واییە، نەجیب مەحفوز بۆیە ناوی جبلاوی هەڵبژاردووە، چونکە پیتی یەکەم (ج) کە ئاماژەیە بۆ( جل جلاله). پاشان ووشەی جبلاوی لە ( جبل) وە هاتووە واتە ( شاخ ) . شاخیش هێمای بەرزی و بڵندی و گەورەیی دەنوێنێت24. ئیدریس هێمایە بۆ شەیتان، ادهم بۆ ئادەم.

جبل/

دووەم حکایەتی ناو رۆمانەکە، بریتیە لە گێرانەوەی چیرۆکی ( جبل). لەم بەشەدا (جبل) کە کوڕێکی هەتییوە لە ماڵی (الافندی ) گەورە دەبێت. الافندی جێگری ماڵی (جبلاوی) یە، هەموو موڵک و سامانی جبلاوی، دەکەوێتە لای الا فندی. ئەم پیاوە لەڕێگای یەکێک لە شەقاوەکان( زقلط)، کە فتوة ی گەرەکە. حوکمی نادادپەروەرانەی خۆی بەسەر گەرەکەدا دەسەپێنێت و، خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش دەچەوسێنێتەوەو ئازاریان دەدات. لەبەرامبەر ماڵی ( الافندی)، خانەوادەی ( حمدان) هەن، کەدژی حوکمی چەوساندنەوەی ماڵی (الافندی و پیاوەکانی) دەوەستنەوە. جبل خۆی زیاتر سەر بە ماڵی حمدان دادەنێت. هەربۆیە دژی حوکمی چەوساندنەوەی الافندی دەوەستێتەوە. پاشان مال بەجێدەهێڵێت . پاش چەند ساڵێکی تر دەچێت خۆی فێری (سیحر )دەکات و پاشان دەگەرێتەوە بۆ گەرەکەی خۆی و لەگەڵ خەڵکی گەرەک دژی الالفندی و پیاوەکانی دەوەستنەوە و شۆرشێک بەرپادەکەن . بەم شێوەیەش کۆتایی بە حوکمی الافندی دەهێنن و موڵک و ماڵی الافندی بە یەکسانی بەسەر خەڵکیدا دابەشدەکات.

ئەم حکایەتەش زیاتر هێمایەکە بۆ ژیانی مووسای پێخەمبەر دەکات، کە چۆن دژی فیرعەون وەستایەوەو شۆرشی لەدژیان کرد.

رفاعة/

سێهەمین حکایەتی ئەم رۆمانە، باسی ژیانی (رفاعة) دەکات. (عم شافعی) دارتاشە کوڕێکی جوانکیلەو ژیری بەناوی ( رفاعة) دەبێت. هەمووکاتێک (عم شافعی) بەرامبەر زوڵمی (زنفل) دەوەستێتەوە. هەربۆیە بەناچاری لەگەرەکە دەریدەکەن . (بیومی) کە فتوة / شەقاوەی گەرەکە، یەکێکە لە پیاوەکانی زنفل، بە شێوازێکی دڕندانە و نامرۆڤانە، هەڵسووکەوت لەگەڵ خەڵکی گەرەک دەکەن. هەرکەس داوای یەکسانی و دادپەروەری بکات، یەکسەر لەناودەبرێت. لەناو ئەم گەرەکەدا ( عم جوادشاعر) هەیە، کە سێکی رۆشنبیرە و کاریگەری زۆریشی لەسەر (رفاعة) دەبێت. رفاعة دەچێت یاسمین دەخوازێت، کە ژنێکە زۆر خوورەوشتی باش نییه. پاشان ئەم ژنە لەگەڵ بیومی شەقاوەدا دەست تێکەڵ دەکات و خیانەت لە رفاعة دەکات . رفاعة هەمووکاتێک باسی خۆشەویستی وبرایەتی و دڵپاکی مرۆڤ دەکات . دژی حکومی نادادپەروەری و چەوساندنەوەی خەڵکی دەوەستێتەوە. هەربۆیە بڕیاری کوشتنی دەدەن و پاش ماوەیەک کۆتایی بەژیانی دەهێنن. بەڵام کوشتنەکەی رفاعة، دەنگێکی زۆر گەورە دەداتەوەو بڵێسەی شٶرش و ئازایەتی لەناخی هەموو خەڵکی گەرەک دەڕوێنێت . هەربۆیە شۆرشێکی گەورە ئەنجام دەدەن و کۆتایی بە حوکمی بیومی دەهێنن.

ئەم حکایەتە هێمایە بۆ ژیانی ( عیسا) ی پێخەمبەر، لێرەدا نووسەر هەوڵیداوە قسەی خۆی لەسەر مەسیح و پەیامەکەی بکات.

قاسم/

لەم بەشەدا نووسەر دەیەوێت تیشك بخاتە سەر ژیانی ( محمدی) پێخەمبەری ئیسلام. لە ڕ ێگای کەسایەتی قاسم، باسی ژیانی پێخەمبەرمان بۆ دەکات. قاسم کورێکی هەتیوە لەماڵی مامی ( عم زکریا) دەژی . لەوێ شوانی ماڵەکە دەبێت. پاش ماوەیەک لەڕێگای (صادق) کوڕە مامی، بێوەژنێکی دەوڵەمەند بە ناوی (قمر) دەناسێت. ئەم ژنە بێوەژنێکی دەوڵەمەندە، کەخەریکی بازرگانییه. پاش ماوەیەک دەیخوازێت.( هێمایە بۆ خەدیجەی ژنی پێخەمبەر) لەو ماوەیدا دزیەک روودەدات، خەریکە شەرێکی گەورە لەناو گەرەکدا پەیداببێت. هەرکەسەو لایەنێک تۆمەتبار دەکات. پاشان قاسم دێت و چارەسەرێکی مەعقلول دەدۆزێتەوە. شەو هەموو ماڵەکان دەرگاکان دادەخەن پاشان کیفی پارەیەک لەناوەراستی شەقامەکە دەدۆزرێتەوە. لەپاش ئەم ڕووداوە، هەموو ئەهلی گەرەک رێزوخۆشەویستی زۆر بۆ قاسم دادەنێنن. ( ئەمەش هێمایە بۆ کێشەی کەعبە، کە پێش ئەوەی محمد ببێتە پێخەمبەر، لەپاش ئەم رووداوە ناوبانگی دەرکرد) .پاشان لەگەڵ کۆمەڵێک هەواداری گەرەک بەجێدە‌ێڵن و کۆچ بۆ شوێنێکی تر دەکەن. لەوێ یانەیەکی وەرزشی دروست دەکات ( کە هێمایە بۆ مزگەوت) . پاشان قاسم گەورە دەبێت و ژنی تر دەخوازێت . بدویة کە تەمەنی 12 ساڵ دەبێت، هێشتا منداڵە دەخوازێت. ( ئەمەش هێمایە بۆ عائیشەی ژنی پێخەمبەر). لەپاش مردنی قاسم، لەنێوان ( صادق وحسن) ی ئامۆزای، لەسەر جێگری قاسم دەبێتە شەڕیان . ئەمەش زیاتر هێمایە بۆ شەری شیعەو سوننە.

عرفة/

عرفة دواهەمین حکایەتی ئەم رۆمانەیە، باسی کابرایەک دەکات کە پاش چەندین ساڵ دەگەڕیتەوە بۆ گەرەکەکەی خۆی. عرفة ساحرێکی گەورە دەبێت، جۆرە چەکێکی دروستکردووە، بەجارێک کۆمەڵێک خەڵک دەکووژێت. هەر لە ڕێگای ئەم چەکە کوشندەیەوە، خۆی بەسەر گەرەکدا دەسەپێنێت.

بەپێی سایتی ویکیپێدیا، ناوی (عرفة) هێمایەکە بۆ ووشەی عەرەبی ( المعرفة).25. منیش هەمان بۆچوونم هەیە. نەجیب مەحفوز لە دواهەمین حکایەتیدا، دەیەوێت پەیامی خۆی بە خوێنەرو جیهان ڕابگەیەنێت. بڵێت : ( ئێستا سەدەی نوێیە، باوی ئایین نەماوە . بەڵکە باوی زانست و تەکنەلۆژیایە). من لەو باوەرەدام، کەئەمە پەیامی سەرەکی نەجیب مەحفوزە لەم رۆمانەیدا.

پەیامی رۆمانەکە/

نووسەر دەیەوێت لەلایەک سەرنجی خەڵکی بۆلای مێژووی ئایین ڕابکێشێت، لەلایەکی تریشەوە پێیان ڕابگەیەنێت، کەچیتر باوی ئایین و مەزهەب نەماوە، بەڵکە خۆتان وەکوو (عرفة) بەچەکی زانست و تەکنەلۆژیا پرچەک بکەن، چونکە تەنها ئەو چەکەدەتوانێت رزگارمان بکات. بە بڕوای من ئەمەش یەکێک بووە لەهۆی تووڕەبوونی باڵە ئیسلامی و توندڕەوەکانی میسری وجیهانی. چونکە ووتنی ئەم پەیامە، خۆە لەخۆیدا جۆرە رادیکالیزمێکی فکری پێوە دیارە.

لەساڵی 1995 ئیسلامیە توندڕەوەکان پەلاماری نەجیب مەحفوزیان داو برینداریانکرد. کاتێک لەوکەسەی کە هەوڵی تیرۆرکردنی نەجیب مەحفوزی دابوو پرسی ( ئایا تۆ خۆت رۆمانەکەت خوێندۆتەوە ؟. لە وەڵامدا ووتی نەخێر!!) .

دەربارەی نەجیب مەفوز چی دەڵێن:

دیارە کۆمەڵێک نووسەرو بیرمەندی جیهانی، خوێنەرو رەخنەگری بەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز بوون. من لێرەدا هەوڵ دەدەم، چەند بۆچوونێکی جیاواز دەربارەی نەجیب مەحفوز بنووسم.

نووسەری ئەڵمانی کارستن شیفەر دەڵێت:

( نەجیب مەحفوز بە باوکی رۆمانی عەرەبی دادەنرێت. ئەو نووسەرێک بوو، داوای تۆلەرانتی (تسامح) ی ئایینی و ئازادی و یەکسانی دەکرد. 26)

شاعیری فەلەستینی ناودار محمود درویش دەڵێت :

( ئێمە ناتوانین پێش نەجیب مەحفوز،  بە شێوەیەکی جددی باسی رۆمانی عەرەبی بکەین . دیارە هەندێک هەوڵ و سەرەتای باش هەبوون. بەڵام مەحفوز دامەزرێنەری سەرەکی رۆمانی عەرەبیه بە شێوازی نوێ. لەهەمانکاتیشدا ڕۆڵی لە پێشخستن و نوێبوونەوەشیدا بینی، ، ، 27)

بەڵام بە نیسبەت نووسەر ئیسلامیەکانەوە، نەجیب مەحفوز نووسەرێکی ( کافرو دژ بە ئایینی ئیسلامە) هەموو پاڵەوانەکانی بریتین لەکەسانی دزو ساختەچی و ژنی لەشفرۆش. بەرهەمەکانیشی زەرەریان بۆ کۆمەڵگای ئیسلامی هەیە، ، 28

مێژوونوس و رۆژنامەنووسی ناوداری میسری، محمد حسنین هیکل دەڵێت:

نەجیب مەحفوز ئەو نووسەرەیە، کەتوانی بەشێوەیەکی هونەری بەرز، وێنەی ژیانی عەرەبیمان بۆ بکێشێت. هەربۆیە چیرۆکەکانی ڕووداوێکی گرنگی ئەدەبین لە مێژووی فکری عەرەبیدا، ، 29

دوا ووشە/

دیارە قسەکردن لەسەر کاروبەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز، پێویستی بە چەندین کتێب ولێکۆڵینەوەی زۆر هەیە. بەدڵنیایەوە بۆئەوەی لە جیهانی نەجیب مەحفوز شارەزابین، پێویستیمان بە لاپەرەیەکی زۆر دەبێت. نەجیب مەحفوز نووسەرێک بووە، کەلە زۆر بواری ئەدەب دا دەستڕەنگینی خۆی نواندووە. نووسەرێک بووە، کەلە ( رۆمان، چیرۆک، کورتە چیرۆک، شانۆگەری، سیناریۆ، ووتارو لێکۆڵینەوە) دا، داهێنان و نوێبوونەوەی کردووە. لەهەمانکاتیشدا نووسەرێک بووە، کە خاوەنی کەسایەتیەکی ئێجگار تایبەتمەند بووە. ئەو لەوجۆرە نووسەرانەی عەرەب نییه، کە خۆی یان لەناو کۆشکی سەرۆکەکان، یان لە زیندان ببینێتەوە. ئەو نەخۆی خستۆتە بەر قوماری ئۆپۆزسیۆن، نە مێزی شەوانی دەسەڵاتدارانیشی ڕازاندۆتەوە. بۆ ئێمە زۆر گرینگە نەجیب مەحفوز بخوێنینەوە. بۆئەوەی زیاتر لە ژیانی رۆژهەڵات بگەین، زیاتر چێژ لە جیهانی ئەدەب بکەین . ئەو مامۆستایەکی بەتوانای ( رۆمان وکورتە چیرۆکی عەرەبیە). بە دڵنیاییەوە، ئێمە سوودێکی گەورە لە بەرهەم و کارەکانی وەردەگرین.

تێبینی/

ئەم ووتارە لە گۆڤاری ئاییندە ژمارە 94 بڵاوکراوەتەوە

 سەرچاوەکان:

1. نجیب محفوظ. www.Wikipedia.org.arabic.

2.عزت اندرواس. //www.coptichistory.org

3.سایتی تایبەتی نجیب محفوظ. naguibmahfouz.shorouk.com www

4. .. حسن ناجي. نجيب محفوظ مسرحيا.. أعمال طليعية تحتفي ب «العبث». www.sahafi.jo. 08.09.2006

5. هەمان سەرچاوە.

6. می ابو زید. نقاد ومسرحيون: أعمال نجيب محفوظ المسرحية أقل من الروائية ... بشهادته. www.alraimedia.com.

7. اسماعيل بدر. مسرحيات نجيب محفوظ.. امتداد لإبداعه السردي . www.al-khashaba.com

    8. سليمان الخراشي، 31.08.208. islamway.com www.

    9. عزت اندرواس. www.coptichistory.org

  

    10. نجیب محفوظ. حضرة المحترم. دار الشروق. 2006. قاهرة . مصر

11. نجیب محفوظ. غمارة القط الاسود. طبعة السابعة. 1985. دار المصر للطباعة والنشر. القاهرة. مصر.

12. نجیب المحفوظ . التنظیم السری. دار الشروق.2006.. القاهرة. مصر.

13. نجیب محفوظ . اولاد حارتنا. دار الاداب. الطبعة السادسة. بیروت . لبنان.

14 نجیب محفوظ. قلب الیل. دار المصر للطباعة. 1975.

15. نجیب المحفوظ . التنظیم السری. دار المصر للطباعة والنشر. القاهرة. مصر.

16. نجیب محفوظ. شهرالعسل. دار القلم. الطبعة الاولی . شباط( فبراییر) 1972. بیروت. لبنان.

17. نجیب المحفوظ . الکرنک. دار الشروق. 2006. القاهرة. مصر.

18. فیۆدۆر داستایێفسکی. برایانی کارامازۆف. وەرگێرانی ئەمین گەردیگلانی . چاپی یەکەم . دەزگاوپەخشی موکریان هەولێر . 2008.

19. . نجیب المحفوظ . السراب. دار الشروق. 2006. القاهرة. مصر.

20. نجیب محفوظ. زقاق المدق. الطبعة الاولی. دار القلم . بیروت .لبنان 1972.

21. نجیب محفوظ. قصرالشوق. دار القلم.کانون الاولی. دیدسمبر.1972. بیروت.لبنان.

22. اولادحارتنا. www.Wikipedia.org.arabic

23. نجیب محفوظ. اولاد حارتنا. دار الاداب . الطبعة السادسة. بیروت. لبنان.

24. نعمان إسماعيل عبد القادر. قراءة في رواية "أولاد حارتنا". 6. ایلول.2006. www.diwanalarab.com.

25. اولادحارتنا. www.Wikipedia.org.arabic

26. Carsten Schiefer. Zum Tod eines weltbewanderten Reiseunlustigen.www. dkp. Online.de.. 06.09.2006

27. ذكرى ميلاد نجيب محفوظ الأديب المصري.  " الجريدة الشاملة " الأخبـــار اللحظيـــة و اليـوميـــة بتاريخ : 12-11-2009. www.borsaegypt.com

28. سليمان الخراشي، 31.08.208. islamway.com www.

29. ذكرى ميلاد نجيب محفوظ الأديب المصري.  " الجريدة الشاملة " الأخبـــار اللحظيـــة و اليـوميـــة بتاريخ : 12-11-2009. www.borsaegypt.com

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.